په‌یكه‌ر چییه؟ فه‌زا چییه و شوێن چییه؟ زه‌مه‌ن له‌كوێی په‌یكه‌ردایه؟ ڕۆح (Geist – Spirt) له‌كوێدایه؟ جه‌سته‌ی په‌یكه‌ر له‌كوێدایه؟…هه‌موو ئه‌م پرسیارانه گه‌مارۆیاندام كاتێك به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ری (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق ) بوومه‌وه.
چاوێك به‌دووته‌وه‌یه
پێشتر ئه‌م په‌یكه‌ره‌م له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕی فه‌یسبووك بینی بوو، سه‌رێك به لاری، به‌شێوه‌یه‌كی میتافۆریك به‌لای ڕاستدا له‌سه‌ر كورسیه‌كی بچوك و قاچ خوار پاڵكه‌وتووه، كورسیه‌ك وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی زیندوو بێت…پاشان وورده وورده ڕه‌دووی دیواری تایبه‌تی فه‌یسبوكی هونه‌رمه‌ند (بالدین) كه‌وتم، ئیدی به‌ر زۆر كاره‌كانی كه‌وتم؛ سكێچی كورسیه‌كان، سكێچی كورسیه‌كی باڵدار، سكێچی سه‌ره ته‌نهاكه، سكێچی پاڵكه‌وتنی سه‌رێكی ته‌نها و فۆتۆی دانانی په‌یكه‌ره‌كه و زۆریتر…ئه‌مانه هه‌مووی به‌ریه‌كه‌وتنی منی ته‌ماشاكار بوو له په‌یكه‌ری سه‌ره ته‌نهاكه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق).
كه له ئاپریلی ٢٠١٧ گه‌ڕامه‌وه بۆ شاری سلێمانی یه‌كه‌م كارم سه‌ردانكردنی په‌یكه‌ره‌كه بوو، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕاسته جاده‌ی گردی ڕیعایه، كه به‌ره و پردی (خه‌سره‌و خاڵ) خۆی ئاڕاسته ده‌كات. له‌خوار دامێنی ئه‌م گرده كه ئێستا هۆتێلی (فاروق تاوه‌ر)ی له‌سه‌ر بیناكراوه كه به (شاری جوان) ناسراوه، له دیووی ڕۆژئاوادا په‌یكه‌ره‌كه له‌ژێر ناوی (په‌یكه‌ری ئه‌حمه‌دی ده‌لاك) دانراوه . سه‌یر له‌وه‌دایه له دیووه‌كه‌ی تردا، دیووی ڕۆژهه‌ڵات، له‌دامێنی هه‌مان گرد له‌به‌ره‌به‌یانی ڕاپه‌ڕینی ١٩٩١ هاوڕێی ئه‌زیزمان، شانۆكار (مه‌ریوانی عومه‌ر ده‌وڵه‌ت) شه‌هید بوو. ئاوه‌ها په‌یكه‌ری (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) له شوێنكدایه كه دروستكاری فه‌زایه‌كی تایبه‌ته، شوێنێك په‌یكه‌ره‌كه ده‌خاته كایه‌كی زه‌مه‌نی قووڵه‌وه كه من به( كایه‌ی مێژوویی) پێناسه‌ی ده‌كه‌م و دوایش له‌درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا دێمه‌وه سه‌ری.
لێره‌وه كایه‌كی تایبه‌ت ئاماده‌یه، كایه‌یه‌ك به په‌نچه سیحریه‌كانی هونه‌رمه‌ند (بالدین) خوڵقێنراوه، به‌جۆرێك بێئه‌وه‌ی به‌خۆت بزانیت، ده‌بیته به‌شێك له‌م كایه‌مێژووییه، ده‌چیته ناو فه‌زایه‌كی مێژوویی ئازارێك، كه په‌یكه‌ره‌كه نایه‌وێت له‌یادی بكه‌ین. په‌یكه‌رێك چاوه‌كانی به‌تیژییه‌وه سه‌یرمان ده‌كات، به‌میهره‌بانیه‌وه، ئیدی له‌هه‌ر كوێك بین هه‌ستده‌كه‌ین (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) به‌بزه و چاوه تیژه‌كانی به‌دوومانه‌وه‌یه.
لێردا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك ده‌كه‌م له‌به‌رده‌م سیحری ته‌ماشاكردنی كاری هونه‌ری گه‌وره، سیحری ووردبوونه‌وه له په‌یكه‌رێك كه له‌پشتیه‌وه په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ند و هه‌ناسه‌ی مێژوو تێدا تێكه‌ڵ ده‌بن. ڕاچه‌ڵكینێك دروستده‌كه‌ن، كه ده‌بێت به‌دووی كۆدی ئه‌و ڕاچڵه‌كینه‌دا بگه‌ڕێین، ده‌نا ئه‌و كاره ته‌نها بڕۆنزێكی بێ گیان ده‌مێنێته‌وه و هیچیتر. ئه‌و ڕاچڵه‌كینه ئه‌و ڕۆحه ده‌یهارووژێنێت كه چركه‌ساتی به‌ریه‌كه‌وتنی ته‌ماشایه له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه، چركه‌ساتێكه، تێدا هه‌ستده‌كه‌یت شته‌ڕه‌قه‌كان ڕۆحێكیان له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵگرتووه، ڕۆحێك به‌هێمنی بانگمانده‌كات و سه‌رساممان ده‌كات.
بێگومان له‌مێژووی هونه‌ر و لیتراتوردا چركه‌ساتی وه‌هامان زۆره، به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر چركه‌ساتی قه‌سیده‌یه‌كی (ماریا ڕیلكه) ده‌وه‌ستین كاتێك سه‌یری په‌یكه‌رێكی (ڕۆدان) ده‌كات. ئه‌مه ڕووداوی ڕوانینی په‌یكه‌رێك، بابڵێین تۆرسۆیه‌كه كه جه‌سته‌یه‌كی ناته‌واوه، بێگومان له‌لای ئێمه‌ش په‌یكه‌ره‌كه‌مان ناته‌واوه به‌ڵام تۆرسۆ نییه و ته‌نها سه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق ئاماده‌یه. به‌ڵام له‌لای (ماریا ڕیلكه) ی شاعیری ئه‌ڵمانی نه كه‌لله‌سه‌ر ئاماده‌یه و نه‌قۆڵه‌كان و نه‌قاچه‌كان، ئه‌م كاره به (تۆرسۆ – Torso) ناسراوه. ڕیلكه سه‌رسامه به‌م تۆرسۆیه، هه‌رچه‌نده نه سه‌ری هه‌یه و نه‌ده‌موچاو و نه كه‌لله‌سه‌ر، كه‌چی ئه‌و چاوه‌كانی ده‌بینێت، ئه‌و چاوانه‌ی (ڕۆدان) سه‌رێكی پێ نه‌به‌خشیوه، به‌ڵام ڕیلكه له‌ئاناتۆمی جه‌سته‌ی ناته‌واوه‌كه‌یدا هه‌ستده‌كات چاوه‌كان به‌دوویه‌وه‌ن و داوای گۆڕینی ژیانی لێده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا له‌قه‌سیده‌ی (سەرەتایەک بۆ تۆرسۆی ئاپۆڵۆ) ده‌ڵێت؛
ئەوەتا شوێنێک نییە تۆ لەڕوانینی ئەو هەڵبێیت
شوێنێک نییە خۆت لەڕوانینی بشارێتەوە
ئیدی پێویستە ژیانی خۆت بگۆڕیت…1
پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە (ماریا ڕیلکە) ی گەنج لەژێر کاریگەری هونەرمەندێکی وەک ( ئاوگۆست ڕۆدان Auguste René Rodin ئەو قەسیدەیەی نوسیبوو. ماریا ڕیلکە لەساڵی ١٩٠٢ دەچێت بۆ پاریس بۆئەوەی مۆنۆگرافییەک لەسەر کارەکانی ڕۆدان بنوسێت، جیاوازی تەمەنی نێوان ڕیلکەی گەنج و ڕۆدان سی وپێنچ ساڵ دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ژیانی پاریسی و فەڕەنسا بۆ ڕیلکە بەشێکە لەو ئەزمونانەی کە کاڵوکرچێتی و ڕیتمی ژیانی پێشووی قڵپدەکاتەوە بۆ سەرسوڕمان و تێڕامان لەدونیایەکی قەرەباڵغتر و نائارامتر.
پەیوەندی نێوان ڕیلکەی شاعیر و ڕۆدان وەک هەموو پەیوەندیەکی نێوان هونەرمەندان، بەڕۆتینی و سادەییدا تێپەڕ ناکات، پڕ گرفت و کێشە دەبێت. لەساڵی ١٩٠٦ ئەم پەیوەندیە تێکدەچێت، ساڵێك دوای ئەوە ١٩٠٧ بەتەواوەتی ئەم پەیوەندیە کۆتایی پێدێت. لەو ماوەیەی كه ڕیلكه له‌لای ڕۆدان كارده‌كات، نەک تەنها بەردەوام سەردانی ئاتێلێریه‌كه‌ی دەکرد و سەرسامبوو بە پەیکەر و کارە پلاستیکیەکانی ڕۆدان، بەڵکو لەڕێگەی هونەری پلاستیکی، ڕیلکە بەسەر دۆزینەوەی (هێزی شتە ڕەقەکاندا) دەکەوێت، ئەو چرکەساتانەی بەر هێز و دەسەڵاتخوازی پەیکەرەکان دەکەوێت و له كاره لیتیراتیه‌كانیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. بێگومان لەم قۆناغەدا کاریگەری مۆزەخانەکانی پاریس و هونەری پلاستیکی بەسەر ڕیلکەوە لەچەندە قەسیدەیەکدا دەردەکەوێت، وەک قەسیدەی (چەرخ و فەلەک ) و هه‌روه‌ها لە ساڵی ١٩١٠ له ڕۆمانێكی بڵاوكرده‌وه به‌ناوی چەند سکێچێک دەربارەی ژیانی ماڵتە لاوراد بریگه- Die Aufzeichnungen des Malte Laurids Brigge – كه پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە بەڕای زۆربەی ڕەخنەگرەکان ڕەنگدانەوه و كاردانه‌وه‌ی ئەو ئەزمونە پاریسیەی ڕیلکەیە.لێرەوە قۆناغێک لەلای ڕیلکە دەستپێدەکات، کەناوی قۆناغی (شته ڕه‌قه‌كانه – Das Ding ) و ڕۆحی شته ڕه‌قه‌كانه كه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی ) پیته‌ر سلۆته‌ردایك) له‌كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (پێویسته ژیانت بگۆڕیت) به‌درێژتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌یكاته به‌ردی بناغه‌ی كتێبه‌كه‌ی.
کتێبی (پێویستە ژیانی خۆت بگۆڕیت) ی پیتەر سلۆته‌ردایک، لەو چرکەساتە گرنگەی نێوان (خود و شتەکان) خۆی بینادەکات و له‌وێوه سلۆته‌ردایك یه‌كه‌مین بازهه‌ڵده‌دات بۆ چه‌مكی (گۆڕینی ژیان) كه ئەو چرکە ساتە چرکەساتی تێڕوانینی ڕیلکەیە لەپەیکەریکی بێ سەر و قۆڵ و قاچ، تێڕوانینە لە شتێکی ڕەقی ناتەواو، دۆزینه‌وه‌ی ڕۆحێكی تره له شته ڕه‌ق و ناته‌واوه‌كاندا. لەقەسیدەکەی ڕیلکەدا گرنگترین ڕستەی فه‌لسه‌فی تەعبیر لەخۆیدەکات، كه له‌قه‌سیده‌ی؛ سەرەتایەک بۆ تۆرسۆی ئاپۆڵۆ – Archaischer Torso Apollo – کە لە ساڵی ١٩٠٨ دا لەکتێبێکی شیعریدا لەژێر ناوی (شیعرە نوێیەکان ) دابڵاویکردۆتەوە، ئه‌وڕ ڕسته‌یه‌ش چه‌مكی ژیان گۆڕینه. لێره‌دا بۆ تێگه‌یشتن له‌م چركه ساته به‌باشی ده‌زانین به‌شێكی بخه‌ینه بخه‌ینه به‌رده‌م خوێنه‌ر؛ ؛
ئێمه مەزندە گەورەیی جەستەی ئەومان بۆ نەدەکرا،
تێدا چاوەکانی وەک دووسێو کامڵ دەبوون
بەڵام تۆرسۆی ئەو وەک چراخانێک دەگەشایەوە،
لەگەڵیدا تەماشا سوڕی دەخوارد، خۆی دەسوڕاند و بریسکەدار بوو.
دەنا چەمانەوەی سنگی ئەو نەیدەتوانی کوێرت بکات،
نەیدەتوانی لەگەڵ جوڵەی پەنهانی و سوڕانی حەوزی، بزەکەی بەرەو نێوەند و ناوەڕاست تێپەڕبکات ،
نێوەندێک بڕوابوونی لەخۆگرتووە.
ئاوەها ئەم بەردە، بەناڕێکی لەژێر شانیەوە بەربوونەوەیەکی شەفاف وەستاوە،
وەک فەرووی ئاژەڵیکی وەحشی لەهەموو لایەکەوە
بریسکەدەداتەوە
لەهەموو لێوارێکەوە،
وەک ئەستێرەیەک دڕ بەخۆی دەدات.
ئەوەتا شوێنێک نییە تۆ لەڕوانینی ئەو هەڵبێت،
شوێنیک نییە خۆت لەڕوانینی بشاریتەوە
ئیدی پێویستە ژیانی خۆت بگۆڕیت.1 .
ڕاسته تۆرسۆ په‌یكه‌رێكی ناته‌واوه، سه‌ری نییه و قاچه‌كانی له‌نیوه‌دا بڕاونه‌ته‌وه و قۆڵه‌كانیشی هه‌روه‌ها له‌نیوه‌دا بڕاون، له یه‌كه‌م ته‌ماشادا له‌و بڕوایه‌داین كه ئه‌م تۆرسۆیه، وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك، وه‌ك په‌یكه‌رێك ناته‌واوه، به‌ڵام لای (ڕیله‌كه) خاوه‌ن چاوێكی تیژه، چاوی سه‌رێكه وه‌ك بینراو بوونی نییه، به‌ڵام سیحری په‌نجه‌كانی (گوستاڤ ڕۆدان) وه‌هایكردووه هه‌ستبكه‌یت كه ئه‌م سه‌ره بوونی هه‌یه و چاوه‌كانی به‌دووته‌وه‌ن. سیحری په‌نجه‌كانی ڕۆدانی هونه‌رمه‌ند ئه‌م تۆرسۆیه، ئه‌م نیوجه‌سته په‌یكه‌ره‌ی كردووه به جه‌سته‌یه‌كی ته‌واو و چاوه‌كانی سه‌یرت ده‌كه‌ن، چاوێك هی سه‌رێكی نه‌بووه له‌نادیاردا، ئالێره‌دا چركه‌ساتی به‌ریه‌كه‌وتنی ته‌ماشا و په‌یكه‌ر و ڕۆح ده‌ستپێده‌كات…ئالێره‌وه جه‌سته‌ی ناته‌واوی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) هه‌مان له‌رزین و ڕاچه‌ڵكین ده‌هارووژێنێت. كۆی ئه‌م نوسینه هه‌وڵدانێكه بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕوانینه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) له‌و چاوانه‌ی به‌دوومانه‌وه‌یه، له‌و بزه‌یه‌ی له‌سه‌ر لێو ڕوومه‌ت و ڕوانیندا، له‌ناو فه‌زادا ده‌مانهێنێت و ده‌مانبات.
په‌یكه‌ری مرۆڤێكی بێ لاشه
ئاوه‌ها له‌دامێنی خۆرهه‌ڵاتی دیووی گردی شاری جوان مێژوویه‌كی نه‌بینراو و هه‌بوو له‌ناو یاده‌وه‌ریدا خۆی ڕاكێشاوه. له دیوویی ڕۆژهه‌ڵاتیدا و له‌دامێنی ئه‌م گرده‌دا مێژوویه‌ك له په‌یكه‌رێكدا خۆی به‌رجه‌سته كردووه، كه سه‌ری شه‌هید (ئه‌حمه‌د حه‌لاق)ه كه له كۆتایی شه‌سته‌كاندا زۆر ترسناك شه‌هید ده‌كرێت. په‌یكه‌ری سه‌رێكی هێمنه، بزه‌كه‌ی ته‌واوی ده‌موچاوی داپۆشیووه، چاوێكه به‌دوومانه‌یه‌وه و به‌میهره‌وه سه‌یرمان ده‌كات.
سه‌رێك وچانێكی داوه له‌سه‌ر كورسیه‌ك، له‌جیاتی ئازار، به‌خته‌وه‌ری و هێمنی لێ ده‌بارێت، بزه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێویتی و سه‌یرمان ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌و بزه و هێمنییه‌ی ئه‌و هه‌وره ڕه‌شانه له‌دڵمان ده‌ربكات كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق له‌ژیانیدا شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا كردوون. بێگومان تاوه‌كو ساڵی ١٩٦٩ دا حزبی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار به‌م بزه‌یه ناوێرێت، هه‌ر بۆیه جه‌لادێكی وه‌ك (نازم گوزار) ئه‌م بزه‌یه و كۆی ئه‌م جه‌سته‌یه له‌ناو حه‌وزی تێزابی (ئه‌سید) دا ده‌توێنێته‌وه…به‌عسی فاشی بۆئه‌وه‌ی له سیحری ئه‌م بزه پڕ ژیانه ڕابكات، ئه‌م بزه‌یه بێ جه‌سته‌ده‌كات، كه‌چی دوای زیاتر چل ساڵ، جارێكی‌تر ئه‌م بزه‌یه په‌یداده‌بێته‌وه، به‌هێمنی سه‌یرمان ده‌كات و دونیا پڕده‌كات له‌به‌خته‌وه‌ری.
ئا لێره‌دا كۆنسێپتی (شه‌هیدبوون) لای (بالدین) جیاوازه به‌وه‌ی بۆنه‌یه‌ك بێت بۆ غه‌مباری، به‌ڵكو بۆنه‌یه‌كه بۆ به‌خته‌وه‌ری و شه‌ڕی ژیان له‌دژی ڕه‌شبینی و مردن. لێره‌وه په‌یكه‌ر له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له ڕه‌مزه باوه‌كانه‌وه ته‌عبیر له‌خۆی بكات، دێت و فۆرمێكی دیكه بۆ كۆنسێپتێكی دیكه‌ی ژیان و مردن و شه‌هیدبوون نمایشده‌كات. له ڕه‌مزه باوه‌كانه‌وه ده‌چێت بۆ جه‌وهه‌ری شه‌هید بوون، به‌مانای شه‌هیدبوون له‌فۆرم و ڕه‌مزه كۆلێكتیڤه‌كانی ده‌ردهێنێت و به‌میتۆدێكی میتافۆریانه ده‌یكات به‌كرده‌یه‌كی ئیندیڤیدوالی، وه‌ك چۆن هه‌موو كه‌سێك ژیانی خۆی ده‌ژی، ئاوه‌ها هه‌موو كه‌س مردنی خۆی ده‌مرێت و هه‌موو كه‌سێك كوژرانی خۆی ده‌ژی، كوشتنی هه‌موو كه‌سێك تاقانه‌یه و له‌ویتر ناچێت…
ئاوه‌ها كه‌وتنی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) كه‌وتنێكی دانسقه و تایبه‌ته، جه‌سته‌یه‌كه پێشتر (نازم گوزار) ی جه‌لاد به‌ڕێوبه‌ڕی ئه‌منی عامی حكومه‌تی سه‌دام، چاوێكی ده‌رهێنابوو بۆئه‌وه‌ی خیانه‌ت له‌هاوڕێ كۆمه‌نیسته‌كانی بكات. به‌ڵام كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق ڕازی ده‌بێت دانبنێت به‌تاوانه‌كانیدا و خیانه‌ت بكات به‌مه‌زنده‌ی به‌عسیه‌كان، له‌ڕۆژی دانپێداناندا (نازم گوزار)ی به‌رێوبه‌ڕی گشتی ئاسایشی ئێراق و هه‌موو به‌عسیه خوێنڕێژه‌كان ئاماده‌بن، به یه‌ك چاوه‌وه و له‌سه‌ر كورسیه‌ك دایده‌نیشێنن و ئه‌ویش دوا دانپێدانانی ده‌ڵێت؛ من شیوعیم، من خه‌باتده‌كه‌م بۆ میلله‌تانی ژێرده‌سته و كرێكاران، هه‌ر شیوعی ده‌بم و هه‌ر وه‌ك كۆمه‌نستێك ژیاوم و وه‌ك كۆمه‌نیستێكیش ده‌مرم …چار نییه بۆ نوێنه‌رانی پان – عه‌ره‌بیزمی ڕه‌فتار فاشیست، نه‌ك ته‌نها چاوه‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌ربهێنن، به‌ڵكو كۆی جه‌سته‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موواندا به‌زیندوویی بخه‌نه تێزابه‌وه و له‌ناو تێزابدا بتوێته‌وه. به‌مشێوه‌یه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق مردنێكی تاقانه ده‌مرێت به‌وه‌ی جه‌سته‌ی نییه تاوه‌كو بینێژن، ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه له‌شێكه له‌ناو تێزابدا تواوه‌ته‌وه.
دوور له سمبوله ڕاسته‌وخۆكان
له‌م خاڵه‌وه (بالدین) نایه‌وێت ئه‌م تراژیدیایه وه‌ك خۆی نمایش بكات، نایه‌ت به‌ساده‌یی په‌یكه‌رێك له‌ناو حه‌وزێكدا دروستبكات و جه‌سته‌یه‌كی تێدا دابنێت. بالدین نایه‌ت كارێك بكات پڕ بێت له وێنه‌ی قوربانی و ڕه‌مزی شۆڕشگێڕی دیار. نه‌خێر، ئه‌و له‌جیاتی (حه‌وزی تێزاب) كورسیه‌ك داده‌نێت، كه كورسیه‌كی ئاسایی نییه، كورسیه‌كه وه‌ك جه‌سته وه‌هایه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؛ كورسیه‌كه وه‌ك جه‌سته خاوه‌نی ئاناتۆمی تایبه‌ته، خاوه‌نی گۆشت و ئێسقان و ده‌ماری خۆیه‌تی…
له‌به‌رامبه‌ر نمایشی تراژیدیادا كورسیه‌كه خاوه‌نی كۆنسێپتی خۆیه‌تی، خاوه‌نی ئاماده‌بوونی خۆیه‌تی. كورسیه‌كه، تایبه‌ت بۆ سه‌رێك كه جه‌سته‌كه‌ی له‌ناو تێزابدا ونبووه. سه‌رێك له‌نادیاره‌وه هاتووه نوێنه‌ری جه‌سته‌ی شۆڕشگێڕێكی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته و له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا له‌سه‌ر كورسیه‌كی یونیك و تاقانه ده‌حه‌وێته‌وه، نه‌ك به‌چاوی هه‌ڵكۆڵڕاوه‌وه وه‌ك چۆن له‌زینداندا ڕوویدا، به‌ڵكو به‌دووچاوی تیژه‌وه سه‌یرمانده‌كات، وه‌ك ڕیلكه ده‌ڵێت؛ شوێنێک نییە خۆت لەڕوانینی بشارێتەوە…سه‌یرتریش له‌وه‌دایه (بالدین) چاوه‌كانی پڕنه‌كردووه له‌غه‌مباری، به‌ڵكو ڕوانینی چاوه‌كانی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق له هه‌ركوێیه‌كه‌وه سه‌یری بكه‌یت، به‌میهره‌وه له ته‌ماشاكار ده‌ڕوانێت. به بزه‌وه هێمنی به‌خشه و دوای ووردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌په‌یكه‌ره‌كه هه‌ستده‌كه‌یت دونیا هێمن زۆر هێمنه.
له‌م هێمنی به‌خشیه‌وه بالدین چه‌مكی به‌رگری له‌دژی فاشیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی نمایشده‌كات، به‌بێئه‌وه‌ی یه‌ك ڕه‌مزیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك؛ چه‌كوش داس و تفه‌نگ به‌ده‌ستی و شكاندنی زنجیر وه‌ك میتۆد له‌په‌یكه‌ره‌كه‌دا به‌كاربهێنێت. بێگومان ئه‌م ڕه‌مزانه میتۆدی گوتاری به‌رگری ته‌قیلدییه و په‌یكه‌رسازی و فۆرمی ته‌قلیدییه. بالدین دێت په‌لاماری میتافۆری (مه‌جازی) جه‌وهه‌ر و داینامیكیه‌تی وزه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) ده‌دات و له‌م جه‌وهه‌ره شۆڕشگێڕیه‌وه فۆرمێكی ڕاسته‌قینه، گونجاو له‌گه‌ڵ ئایدیای شۆڕشكردن له‌دژی فاشیزمدا به‌رهه‌مدێنێت. ئه‌م فۆرمه؛ گه‌شبینییه، ژیاندۆستییه، وره‌به‌رزییه، (ڤیتا ئه‌كتیڤا) یه به‌ته‌عبیری خانمه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی هانا ئارێنت. لێره‌وه ئارێنت له‌و بڕوایه‌دایه كه؛ ڤیتا ئه‌كتیڤا Vita activa ئاماژه‌یه بۆ سێ كرده‌ی مرۆیی؛ یه‌كه‌میان كاركردن و دووهه‌میان نمایشكردن و سێهه‌میان مامه‌ڵه‌كردن…ڤیتا ئه‌كتیڤای مرۆڤ كاتێك له‌كاروكرداردا ده‌بێت هه‌میشه له‌جیهانی مرۆڤ شته‌كاندا ده‌جوڵێته‌وه، لێیانه‌وه نێزیكه و هه‌رگیز له‌سه‌روو ئه‌وانه‌وه خۆی نابینێته‌وه. 2- S 16- 33.
…
ئالێره‌وه بالدین جه‌وهه‌ری بیری شۆڕشگێڕی ئه‌حمه‌دی حه‌لاقی كردۆته په‌یكه‌ر، نه‌ك ڕه‌مزه ڕاسته‌وخۆ و دیووه تراژیدیه‌كه‌ی. بالدین نه‌هاتووه تراژیدیای مه‌رگ و سوبێكتی شۆڕشگێڕ دوای كوژران (شه‌هیدبوون ) بكاته ماتڕیاڵێك بۆ لاواندنه‌وه‌ی قوربانی، به‌ڵكو هاتووه بزه‌یه‌كمان نیشانده‌دا، بزه‌یه‌ك هاڕمۆنییه له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی چاوه‌كانیدا كه له‌گه‌ڵ پاڵكه‌وتنی سه‌ری په‌یكه‌ره‌كه به‌لای ڕاستدا بازنه‌ی ته‌ماشاكردن ته‌واوده‌كات. ئاوه‌ها بزه‌كه ده‌بینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین، چاوی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق چاوێكه پڕ پڕ میهر و بزه و به‌خته‌وه‌ری و هێمنی و له‌كوێوه سه‌یری ئه‌و په‌یكه‌ره بكه‌یت چاو و بزه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕی ده‌موچاوی ده‌بینیت كڕۆكی بزه‌كه‌ی په‌یكه‌ری (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) كڕۆكێكی زینده‌گیانه‌یه، ڤیتا ئه‌كتیڤایه‌یه له‌دژی فاشیزم له‌دونیادا، بزه‌یه‌كه پڕ میهر و شادومانی، ڕوانینێكه به‌دوومانه‌وه‌یه بۆئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ر بین نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌شبین و تێكشاو بین.
(بالدین) له ڕه‌مزه ڕاسته‌وخۆكان دوورده‌كه‌وێته‌وه كه كه‌شوهه‌و‌ای هونه‌ری شوڕشگێڕی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیستی داگیركردبوو. وه‌ها بوو، زۆرجاریش هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار یان په‌یكه‌رساز بۆ داپۆشینی ناكارامه‌یی خۆیی و كیچبوونی خۆی، بێ چێژی و بێ توانای خۆی، ده‌هات و په‌لاماری ئه‌و ڕه‌مزه ڕاسته‌خۆیانه‌ی ده‌دا كه جه‌ماوه‌ری شوڕشگێڕ حه‌زیان پێده‌كرد و تینوێتی ئایدۆلۆژی و دۆگمایی ده‌شكاندن. هونه‌ری كیچ له‌و كاته‌وه تاوه‌كو ئێستا له‌ده‌رگای پۆپۆلیستیه‌وه ویستوویه‌تی بچێته ناو هونه‌ره‌وه، نه‌ك له‌ڕێگه‌ی كارامه‌یی و كۆنسێپت و مایسته‌رییه‌وه و ده‌ستڕه‌نگینیه‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی وێنه‌ی (پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ) به‌ناو مێژوودا ودوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كان و ئه‌زموونی دیكتاتۆره‌كانی بلۆكی سۆسیالیستی، ئیدی ئه‌و هونه‌ره و ئه‌و میتۆده ڕه‌مزیه، له‌گه‌ڵ ڕووخانی ئه‌و حكومه‌ت و دیكتاتۆرانه چووه خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه. هه‌ر بۆیه (بالدین) سه‌ره‌ڕای ترسناكی شێوازی شه‌هیدبوونی قاره‌مانه‌نه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) له‌زینداندا، كۆی كاره‌كه‌ی له‌و ڕه‌مزیه‌ت و میتۆد و فۆرمه ڕاسته‌وخۆیانه دوورخستۆته‌وه و په‌نای بردۆته میتافۆر به ته‌عبیری خۆی. بالدین به‌ڕای من په‌نای بردۆته به‌ر (فۆرمه هێمنه‌كان) و په‌لاماری (جه‌وهه‌ری گه‌شبینی) داوه، كه مۆتیڤی سه‌ره‌كی و وزه‌ی (ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) و بڕوای ئه‌وبووه به ژیانێكی یه‌كسان و له‌و پێناوه‌شدا وه‌ك كۆمۆنیستێكی ڕاسته‌قینه خه‌باتیكرد و ژیانی خۆی له‌سه‌ر دانا.
به‌دیوێكی تردا بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م وزه شۆڕشگێڕییه بالدین په‌نا ده‌باته به‌ر میتۆدێكی دانسقه كه ئه‌ویش دروستكردنی فه‌زایه‌كی تایبه‌ته له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان چه‌نده‌ها توخمه‌وه كه له‌م كاره‌دا هه‌موویان به‌ته‌عبیری پیته‌ربرۆك (توخمی زیندوون) و زینده‌گی ده‌به‌خشن به‌كاره‌كه. كۆی كاره‌كه ته‌نها له‌په‌یكه‌ری سه‌ره‌كه‌دا كۆناكرێته‌وه، به‌ڵكو كورسی و شوێنی په‌یكه‌ره‌كه به‌گرده‌كه‌وه وه‌ك چه‌نده‌ها توخمی زیندوون، كیمیاگه‌رانه كار له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و فه‌زایه‌كی تایبه‌ت دروستده‌كه‌ن كه من به میتۆدی (دروستكردنی كایه – Spere) یاخود (بونیادنانی كایه) ناویده‌به‌م.
ئاناتۆمی كورسیه‌كه
ئاوه‌ها بالدین كۆنسێپتێكی دیكه‌ی شۆڕشگێڕی و ئایدیای شۆڕش پێشكه‌شده‌كات له‌فۆرمێكی دیكه‌دا، فۆرمێك له‌ناو مۆدێرنه‌وه هاتووه، كه‌ئه‌ویش كورسیه؛ كورسی له‌سێداره‌دانه، كورسی كوشتنه…به‌ڵام دیسانه‌وه بالدین باس له (ئاناتۆمی كورسی) ده‌كات و ده‌ڵێت؛ ده‌یه‌وێت له‌مانا ترسناكه‌كانی كورسی دووربكه‌وێته‌وه و به‌ره‌و
میتافۆرێكی دیكه هه‌نگاوبنێت…هه‌رچه‌نده خۆی گووته‌نی؛ ئه‌و كورسیه جینات DNA ئه‌حمه‌دی حه‌لاقی له‌سه‌ره، چونكه له‌سه‌ر ئه‌و كورسیه ئازاری چه‌شتووه و ئه‌شكه‌نجه دراوه….به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بالدین ترسناكی ئه‌م كورسیه نمایشناكات، به‌ڵكو هاڕمۆنیه‌تی ئه‌و كورسیه نیشانده‌دات به‌په‌یوه‌ست به ناوه‌ڕۆكه گه‌شبینه‌كه‌ی جه‌وهه‌ری شۆڕش و سوبێكتی شۆڕشگێڕانه‌وه. به‌مانای هاڕمۆنیه‌ت و ئیستاتیكای چه‌پبوونمان نیشانده‌دا، نه‌ك بینراو و زانره‌وه تراژیدییه‌كه‌ی. هه‌ربۆیه، كورسیه‌كه كورسیه‌كی ڕێك نییه، كورسیه‌كی گه‌وره‌ش نییه، به‌ڵكو كورسیه خنجیلانه‌كانی باخچه‌ی منداڵانمان بیردێننه‌وه كه منداڵان له‌سه‌ری ده‌دانیشن و دونیا پڕده‌كه‌ن له هه‌راوهوریا و به‌خته‌وه‌ری منداڵانه. ته‌نانه‌ت پاڵكه‌وتنی سه‌ره‌كه به‌و بزه‌یه‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌موچاویدا دیاره، ئه‌و به‌خته‌وه‌ری و وزه گه‌شبینه گه‌وره‌یه‌ت نیشانده‌دات كه بیرۆكه‌ی شۆڕش له‌دژی فاشیزمی دونیا له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی كردووه، به‌بێ ئه‌و بزه‌یه و گه‌شبینیه، شه‌ڕ له‌دژی شۆڤێنیه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و كۆلۆنیالیزم مه‌حاڵه. به‌بێ ئه‌و گه‌شبینیه، شۆڕش له‌دژی تاریكی ده‌بێته خه‌ونێكی دوور له‌هه‌وادا. هه‌ر بۆیه بالدین كار له‌سه‌ر ئه‌و میتافۆره – Metaphor یان باڵێین ئه‌و مه‌جازه گه‌وره‌یه‌ی گه‌شبینی ده‌كات و له‌بزه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات. ئاوه‌ها ئه‌و بزه پڕ میهر و ئه‌و پاڵكه‌وتنه هێمنه له‌سه‌ر ئه‌و كورسیه بچوكه، ئه‌و ڕوانینه گه‌شبینیه زیاتر به‌رجه‌سته ده‌كات، كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق هه‌ڵگری بووه.
ئاوه‌ها كورسیه‌كه‌ی په‌یكه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق لای بالدین خاوه‌نی جه‌سته‌یه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؛ خاوه‌نی گۆشت و ئێسقانه…خاوه‌نی وزه‌یه‌كی ڤیاتلیتی و زینده‌گیانه‌ی خۆیه‌تی، هه‌ربۆیه قاچه‌كانی خوارن وه‌ك نوشتاونه‌وه‌ی قاچی زینده‌وه‌رێك وه‌هان، وه‌ك بوونێك له خودی خۆیدا ئاماده‌یه…(بالدین) له چه‌ند كارێكی دیكه‌یدا زیاتر ئه‌م ئاناتۆمی كورسیه‌مان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌زنجیره كار‌ێكدا كه كورسییه‌كان وه‌ك جه‌سته‌ی زیندوو له‌سه‌ر سۆكلی درێژ دانراون و قاچ و له‌شیان تێكه‌ڵ بووه. له‌م كارانه‌یدا ته‌واو له كۆنسێپتی ئه‌و كورسیه بچوكه تێده‌گه‌ین كه بالدین سه‌ری په‌یكه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاقی له‌سه‌ر ڕاگیڕكردووه، له هه‌مانكاتیشدا له كۆنسێپتی (ئاناتۆمی كورسی) تێده‌گه‌ین كه كاری له‌سه‌ر كردووه.
كۆنسێپتی ئاناتۆمی كورسیه‌كه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا دووره له‌هه‌موو ڕاسته‌خۆییه‌ك، له‌هه‌موو ڕه‌مزێكی تاك ڕه‌هه‌ندی باو وه‌ك كڵاشینكۆف و ڕومانه‌ی ده‌ستی و چه‌كوش و داس و ڕه‌مزه باوه‌كان. بالدین ڕای وه‌هایه؛ كه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ میتافۆری شته‌كان، بۆ ڕۆشنایی، بۆ جه‌وهه‌ر نه‌ك فۆرمی باو به‌سه‌ر جه‌وهه‌ری ئایدیاكاندا بسه‌پێنین…بێگومان ساده‌یه تۆ چه‌قۆیه‌ك بهێنیت و دووفیگوری كوڕوكچ بخه‌یته سه‌ر نوكه‌كه‌ی و بڵێت؛ ئه‌مه ماناكانی دژه خۆشه‌یستیه له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. ساده‌یه په‌یكه‌ری پێشمه‌رگه بكه‌یت به‌تاقم و تفه‌نگه‌وه، ساده‌یه وه‌ك هونه‌ری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كرێكارێك بهێنیت و چه‌كوشێكی به‌ده‌سته‌وه بێت و جوتیارێكی ژنیش داسێك. ساده‌یه كۆترێك دروستبكه‌یت وه‌ك ڕه‌مزی ئاشتی. ساده‌یه ئه‌م جۆره جۆره سومبولیزمه ڕاسته‌وخۆ و بێ سه‌لیقه‌یه، كه به‌هیچ جۆرێك خۆی نادات له جه‌وهه‌ری هیچ ئایدیایه‌ك و هیچ دونیابینییه‌ك. هه‌ر بۆیه بالدین به‌رجه‌سته‌كردنی پێشمه‌رگه وه‌ك چه‌كدارێك به نا-هاڕمۆنی تێده‌گات له‌گه‌ڵ ئایدیای پێشمه‌رگه كه جه‌نگاوه‌ری ئازادییه! به‌مانای، بۆ تێگه‌یشتن له شه‌ڕه‌ڤانێكی ژن و پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ جه‌وهه‌ری (پێشمه‌رگه-بوون) بۆ جه‌وهه‌ری (شه‌ڕه‌ڤانبوون) وه‌ك بڕیاڕی مرۆڤێك، وه‌ك بوونێك كه مردن و جه‌نگاوه‌ری هه‌ڵده‌بژێرێت له‌پێناو ئازادی‌دا. لێره‌وه به‌ر ئیستاتیكای پێشمه‌رگه – بوون و شه‌ڕه‌ڤان – بوون و گوتاری به‌رگری ده‌كه‌وین، لێره‌وه فۆرمێكی دیكه له‌م كۆنسێپته‌وه له‌دایكده‌بێت كه هه‌ڵگری دونیایه‌ك ڕه‌مزیه‌تی قووڵه به‌بێئه‌وه‌ی ئیمپریتڤیه‌تی (جه‌بریه‌تی) یه‌ك مانا و تاك ڕه‌هه‌ندیمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت. لێره‌وه ته‌ماشاكاری په‌یكه‌ر و سكلپتور، خۆی ئه‌و جه‌وهه‌ره كه‌شفده‌كات و خۆی ده‌بێت به به‌شێك له‌تێگه‌یشتنی ئازادی. هه‌ربۆیه ده‌شێت پێشمه‌رگه چه‌پكه نێرگزی به‌ده‌سته‌وه بێت، له‌جیاتی كڵاشینكۆف، ئه‌و كڵاشینكۆفه‌ی هه‌زاره‌ها كوردی پێ كوژراوه، ئیدی چۆن ده‌بێت به ڕه‌مزی به‌رخوردان و پێشمه‌رگه…ئالێره‌دا دونیابینیه‌كی دیكه له‌هونه‌ردا خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه كه چركه‌ساتی له‌دایكبوونی په‌یكه‌ره له ژینگه‌ی كۆنسێپتێكی دیكه‌ی پێشمه‌رگه‌بوون و شه‌ڕه‌ڤانبوون.
ئه‌م گۆشه‌نیگایه‌ی بالدین په‌یكه‌ر ده‌خاته ئاستی باڵابوون و هو‌نه‌رێكی باڵا كه له‌ئاست مانا گه‌وره‌كانی ئازادی و ژیاندایه. هه‌ربۆیه بالدین پێیوایه؛ مه‌رج نییه (وه‌ك نمونه) كاتێك بمانه‌وێت باس له‌توندوتیژی ده‌رهه‌ق به‌ژنان بكه‌ین ڕه‌مزه باوه‌كانی كرده‌كه بهێنین و زه‌قیان بكه‌ینه‌وه، ده‌كرێت فۆرمی دیكه بدۆزینه‌وه وه‌ك چۆن بالدین نمونه‌ی كارێكی هونه‌رمه‌ندی ئیتاڵی جاكۆمۆ مانزۆ Manzu, Giacomo. 1908-1991 ده‌هێنێته‌وه له‌ژێر ناوی ( كه‌وتنی تیبه – Thebe Falling ) یان (كه‌وتنی مانگ) به‌و سیفه‌ته‌ی (تیبه) ناوێكی تری مانگه له‌لای گریكیه‌كان، به‌مانای (یوبیته‌ر)ه وه‌ك خواوه‌ندێكی مێینه كه ده‌دره‌وشێته‌وه…جاكۆمۆ مانزۆ په‌یكه‌ری ژنێكی ئاسایی كردووه كه جه‌سته‌یه‌كی ئاسایی هه‌یه و له‌سه‌ر كورسیه‌كه و كورسیه‌كه له‌ژێریدا ده‌رچووه، تیبه وه‌ك ژنێك به‌ره‌و كه‌وتن ترازاوه…ئاوه‌ها توندوتیژی دژی ژنان به‌جۆرێكی قووڵتر خۆی نمایشده‌كات، نه فیگوری ژنه قامچی له‌سه‌ر دانربێت و نه چه‌قۆ، به‌ڵكو كورسیه‌كه له‌ژێریدا ده‌رده‌چێت كه ده‌شێت وه‌ك كورسی ده‌سه‌ڵات، كورسی پیاوگه‌رایی تێبگه‌ین.
له‌م كۆنسێپته‌ی بالدینه‌وه ڕه‌مزه ناڕاسته‌وخۆكان بوارێك دروستده‌كات كه ناوی (كایه‌ی كراوه‌یه) كایه‌یه‌ك تێدا ته‌ماشاكاری كاری هونه‌ری خۆی، سوبێكتیڤانه ماناكانی ده‌دۆزێته‌وه. به‌مانای هیچ مانایه‌ك ڕاسته‌وخۆ نه‌سه‌پێنراوه به‌سه‌ریدا، به‌ڵكو خراوه‌ته به‌رده‌م (كایه‌ی كراوه)ی كارێك كه خۆی ده‌توانێت به‌ساده‌یی بچێته ناو جه‌وهه‌ری ئایدیاكانه‌وه…له‌م خاڵه‌وه ڕه‌هه‌ندی كورسیه‌كه‌ی ژێر سه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق هه‌ڵگری دوومانای به‌یه‌كداچووه، له‌لایه‌ك مه‌رگ و له‌لایه‌ك ژیان.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م دوو ڕه‌هه‌نده؛ له‌یه‌كه‌م ته‌ماشادا كورسیه‌كه، كورسیه‌كی هێمنیه وه‌ك هه‌موو كورسیه‌ك وه‌هایه كه هێمایه بۆ قاوه‌خانه‌كان، بۆ خوێندنه‌وه و یه‌كتربینین و تێڕامانی شه‌قامه‌كان. وه‌ك كورسیه‌ك وه‌هایه بۆ سه‌یركردنی شانۆ، بۆ هه‌موو كرده‌یه‌ك مرۆڤ وه‌ك باڵنده‌یه‌ك له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه، ئاوه‌ها سه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق وه‌ك باڵنده‌یه‌كی كۆچه‌ری به‌لای ڕاستدا پاڵكه‌وتووه و له‌سه‌ر كورسیه‌كه نیشتۆته‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه به (لای ڕاست) دا سه‌ری لاركردۆته‌وه نه‌ك به‌لای چه‌پ، كه بێگومان چه‌پ و لای چه‌پ، ڕه‌مزه بۆ چه‌پگه‌رایی كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق تامردن چه‌پ بووه و وه‌ك كۆمۆ‌نیستێك گیانی به‌خشی. به‌ڵام بالدین ئه‌م ڕه‌مزه ڕاسته‌وخۆیه زانراو و دیاره له‌كاره‌كه ده‌رده‌كات و دێت و سه‌ری په‌یكه‌ره‌كه به‌لای ڕاستدا له‌سه‌ر كورسیه‌كه داده‌نێت. ئه‌م دانانه به‌لای ڕاستدا له‌نگه‌رگرتنێكی هێمنه وه‌ك سه‌ری مرۆڤێكه پێش ساتی چاوداخستنێتی بۆ پشوودان و خه‌وتن. ئاوه‌ها چاوه‌كان خه‌واڵون و هێمنن، به‌هه‌مان شێوه هه‌ست به‌هێمنی ده‌كه‌یت كه ڕوومه‌تی له‌سه‌ر كورسیه‌كه داناوه و سه‌یرمان ده‌كات…لێره‌وه ڤیتالیه‌تی ئه‌م كورسیه ئاماده‌یه، ئاناتۆمیه‌كی خۆی هه‌یه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی هێمنی سه‌ره‌كه. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئه‌م كورسیه، كورسی ژیاندۆستی شه‌هیده كه مردن هه‌ڵده‌بژێرێت له‌پێناو ژیاندا، كه مردن خۆی له‌خۆیدا ده‌بێته ژیان و میهره‌بانی. لێره‌وه جه‌وهه‌ری شه‌هید بوون و ئاناتۆمی كورسیه‌كه ڕه‌هه‌ندێكی ژیاندۆستی له‌خۆ گرتووه.
به‌ڵام لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌م كورسیه ترسناكه، كه ڕه‌هه‌ندی مردنه، به‌تایبه‌ت كاتێك خه‌یاڵی دیمه‌نی دوادانپێدانانی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق ده‌كه‌ینه‌وه، خه‌یاڵی ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه چه‌نده ئازاری له‌سه‌ر ئه‌م كورسیه كێشاوه، چه‌نده پارچه گۆشت و خوێنی ئه‌وی به‌سه‌ردا شۆڕبۆته‌وه، چه‌نده (دی ئێن ئای -DNA) ئه‌وی هه‌ڵگرتووه به‌ته‌عبیری بالدین. به‌تایبه‌ت كاتێك چاوێكی ده‌رده‌هێنن و به‌بێ چاره‌سه‌ر فڕێده‌ده‌نه ناو زیندانه‌وه و چاوه‌كه‌ی ده‌به‌ن بۆ هاوڕێ زیندانیه‌كانی و ده‌یانترسێنن. به‌شێكی زۆریان له‌ترسی ده‌رهاتنی چاویان ئه‌ژنۆیان ده‌شكێت و له‌سه‌ر كورسی دانپێدانانی جه‌لاده به‌عسیه‌كان زمان له‌هاوڕێكانیان ده‌ده‌ن…به‌ڵام خاوه‌نی چاوه ده‌رهاتووه‌كه له‌وه ناترسێت چاوه‌كه‌ی دیكه‌شی ده‌ربهێنن، هه‌ربۆیه لێره‌دا تراژیدیا خۆیده‌كات به كۆمیدیایه‌كی ڕه‌شدا له دژی پان – عه‌ره‌بی ئێراقی و گاڵته‌یان پێده‌كات.
ئالێره‌وه چیرۆكی بزه‌كه له‌پشت په‌رده‌وه دیمه‌نێكی ئه‌م تراژیدیایه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات، به‌وه‌ی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق بیرۆكه‌ی دانیشتنی له‌سه‌ر كورسی دانپێدانان ده‌كاته شانۆیه‌كی كۆمیدی له‌دژی فاشیزمی به‌عسی و بیرۆكه‌ی (گاڵته‌جاڕیكردن) و (پێكه‌نین و بزه) به مێشكی‌دا گوزه‌ر ده‌كات. هه‌ربۆیه مه‌رجی ئه‌و ئه‌وه ده‌بێت؛ كه كۆی لێپسراوه‌كانی به‌عس ڕۆژی دانپێندان بێن گوێی له دانپێدانانه‌كه‌ی بگرن. ئیدی له كاتێكدا (نازم گوزار) ی جه‌لاد و لێپسراوه جه‌لاده‌كانی دیكه چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بگێڕن به‌سه‌ر ڕۆحی شۆڕشگێڕی حه‌لاقدا، ئه‌و به‌هێمنی له‌سه‌ر (كورسی مردن- كورسی دانپێدانان) داده‌نیشێت و به‌بزه‌وه، كه ده‌توانین به‌ته‌ماشاكردنی په‌یكه‌ره‌كه خه‌یاڵمان بۆ ئه‌و بزه‌یه بڕوات كه له‌سه‌ر لێویتی كاتێك بێ ترس له‌كوشتن و ده‌رهێنانی چاوه‌كه‌ی تری ده‌ڵێت؛ من دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه كۆمه‌نیستم و تاوه‌كو مردن هه‌ر كۆمه‌نیست ده‌بم، من شۆڕشگێڕم له‌دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌مه به‌ڕێزان دانپێدانانی منه…
لێره‌وه له‌سه‌ر ئه‌م كورسیه ترسناكه بزه‌ی ژیاندۆستی له‌دژی تاریكی له‌دایكده‌بێت، بزه‌یه‌ی گه‌شبینی له‌دژی هێزی ڕه‌شی مردن و له‌سه‌ر كورسی مردن. بزه‌ی ژیاندۆستی له‌ته‌نیشت حه‌وزی تێزابی ئه‌سید. بزه‌یه‌ك له‌ناو جیهاندایه، به‌ته‌واوی سومبولیه‌تی خۆی له‌ناو زه‌مه‌ندا په‌رشده‌كاته‌وه، زه‌مه‌نێك كه ئێستا دوای چل ساڵ سه‌یری ئه‌م ده‌موچاوه هێمنه ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی كه خه‌یاڵمان بۆ ده‌ڕوات چركه‌ساتی ئه‌و بزه‌یه كه جه‌لاد ده‌كاته قوربانی، جه‌لاد ده‌كاته ماده‌ی قه‌شمه‌ریات، هه‌ر وه‌ك چۆن دوای نیو سه‌ده به‌عسیه‌كان و سه‌دام بوون به قه‌شمه‌ریاتی زه‌مانه.
پاڵه‌وان له‌دژی پاڵه‌وانیزم و شانۆیه‌كی زیندوو
بالدینی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت؛ وه‌ك چۆن له‌منداڵیدا منی داده‌نا قسه‌ی بۆ ده‌كردم، ئاوه‌ها له‌دوای شه‌هیدبوونیه‌وه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام من گوێم له‌ده‌نگی ئه‌حمه‌دی حه‌لاقه قسه‌م بۆ ده‌كات، هێشتا ئه‌و قه‌ڵه‌م پاندانه‌م له‌بیره به دیاری پێشكه‌شی كردم…بالدین له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا بۆ نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته باسی له ده‌سته‌واژه‌ی (گوێگرتنی مردووه‌كان) پیه‌ر پاولۆ بازۆلینی نوسه‌ر و شاعیر و سینه‌ماكاری ئیتاڵی كرد، به‌وه‌ی (پازۆلینی) له‌و بڕوایه‌دا بوو؛ زیندووه‌كان هه‌میشه له‌قۆناغێكی ژیانیاندا گوێیه‌كیان هه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ژیانیان جێهێشتووه…بالدین پێیوایه؛ گوێگرتن له‌مردووه‌كان گه‌ڕان نییه به‌دووی هیرۆیزمكردنی مردن، به‌ڵكو گوێگرتنه له خودی ئه‌و وزه ڕۆشنانه‌ی كه كه‌سی مردوو له‌ژیانیدا له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتووه. ده‌نا، مردوو نه‌ك گوێی لێ ناگیرێت به‌ڵكو ده‌خرێته ناو بازنه‌ی له‌بیرچوونه‌وه….
له‌م گۆشه نیگایه‌وه (گوێگرتن له ئه‌حمه‌دی حه‌لاقی برای) مانای گوێگرتنه له‌و جه‌وهه‌ره چه‌پگه‌را جوانه‌ی خه‌باتی بۆ كردووه، گوێگرتنه له‌ڕۆشنایی و وزه پڕ گه‌شببینیه‌ی كه تاوه‌كو دوا چركه‌ساتی ژیانی له خۆیدا هه‌ڵیگرتووه و نه‌یدۆڕاندووه. هه‌ر بۆیه بالدین له‌م په‌یكه‌ره‌دا ڕیزپه‌ڕی چه‌مكی (پاڵه‌وانیزم – هیرۆیزم – Heroism) ده‌كات و نایه‌وێت له‌م كاره هونه‌ریه‌دا شه‌هیدبوون و پاڵه‌وانبازی پێكه‌وه گرێبدات. بالدین گوێ له چیرۆكی ژیان و خه‌باتی ده‌گرێت، چركه‌ساته‌كان له‌بزه و ئێلیگانتی ده‌موچاوی په‌یكه‌ره‌كه و سمێڵه قه‌یتانی و ده‌م به‌خه‌نده‌یدا به‌رجه‌سته‌ده‌كات، به‌مه‌ش ڕاوی چركه ساتێكی بزه و نیگایه‌كی تیژی كردووه كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق له‌زینداندا پێش توانه‌وه‌ی له حه‌وزی تێزابدا پراكتیزه‌ی كردووه. بزه‌كه‌ی چركه‌ساتێكی ئایرۆنی و كینیزمانه له‌خه‌یاڵدانی مێژوودا وه‌ئاگادێنێت و كایه‌ك دروستده‌كات كه (كایه‌ی مێژوویی) ئه‌م بزه‌یه‌یه. ئه‌و بزه‌یه‌ی نه‌ك ته‌نها له‌چاوه‌كاندا ده‌بینرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ڕوومه‌ته‌كان و كۆی ئه‌تمۆسفێری كاره‌كه‌دا خۆی نمایشده‌كات.
پیته‌ر سڵۆته‌ردایك له كتێبی (نامۆبوونی دونیا) ده‌ڵێت؛ له چیرۆكی خۆدۆزینه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كاندا پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه قوربانیه‌كان ببن بكه‌ر…3..له‌چیرۆكی قاره‌مانێتی ئه‌م پاڵه‌وانه‌ماندا جه‌لاده‌كان له‌چركه‌ساتی دوا دانپێداندا ده‌بن به‌قوربانی و ئه‌حمه‌دی حه‌لاق به بزه‌ی گاڵته‌پێكردنه‌ی له‌سه‌ر لێوێتی ده‌بێته بكه‌ری شۆڕشگێڕ. له‌ڕاستیدا ئه‌و له‌و ساته‌وه ده‌بێته بكه‌ر كه به (نازم گوزار) ی جه‌لاد ده‌ڵێت؛ هه‌مووتان وه‌رن و كۆببنه‌وه من دان به‌هه‌موو شتێك‌دا ده‌نێم…له‌و چركه‌ساته‌وه ئه‌و له‌قوربانیه‌وه ده‌بێته بكه‌ر، چیرۆكی (خود – پاڵه‌وانی) ئه‌م مرۆڤه وه‌ك سلۆته‌داریك ده‌ڵێت؛ له‌ده‌ریاكانی دوودڵیه‌وه دێته ده‌رێ به‌ره‌و وشكانی. 3
له‌م ده‌لاقه زه‌مه‌نیه‌دا، له‌م ساتی چاوه‌ڕوانییه‌دا، شانۆیه‌كی دیكه ئاماده ده‌بێت كه شانۆی دانپێدانان و دانیشتنه له‌سه‌ر (كورسی زمانلێده‌رییه) له‌هاوڕێیه‌كانت، وه‌ك چۆن پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی حه‌لاقدا چه‌نده‌ها سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی حزبی شیوعی (قیاده مه‌ركه‌زی) ده‌ستگیرده‌كرێن و زمانده‌ده‌ن له‌هاوڕێكانیان و سه‌ده‌ها خێزان ماڵ‌وێران ده‌كه‌ن. هه‌ندێكیان وه‌ك (عزیز ئه‌لحاج) خۆی ناگرێت له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا و دێته سه‌ر شاشه‌ی ته‌لفیزۆنه‌كان و په‌شیمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و دوایش حزبی به‌عسی فاشی پاداشتی ئه‌و زمانلێدانه‌ی ده‌داته‌وه و ده‌یكاته سه‌فیری ئێراق له یونسكۆ و له پاریس به‌مووچه‌یه‌كی خه‌یاڵی ده‌ژیا. زۆریتر كه له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا زمان له‌هاوڕێكانیان ده‌ده‌ن له‌دوایدا به‌عس پاداشتیان دانه‌وه. بێگومان ئه‌حمه‌دی حه‌لاق كه ئێستا له‌م نوسینه‌دا له‌گه‌ڵ په‌یكه‌ره‌كه‌یدا سه‌روسه‌ودامان هه‌یه ده‌یتوانی ئه‌وه بكات، ده‌یتوانی چاوه‌كه‌ی دیكه‌ی ڕزگار بكات و په‌شیمان بێته‌وه له خه‌باتی له‌دژی دیكتاتۆریه‌ت و له‌سه‌ر شاشه‌كان وه‌ك به‌شێكی زۆر له‌هاوڕێكانی په‌شیمانی ده‌رببڕێت و له‌هه‌مانكاتیشدا لیستێكی درێژ له‌ناوی كۆمه‌نیسته‌كان بداته به‌عسیه‌كان بۆئه‌وه‌ی پاكتاویان بكه‌ن و له‌دوایشدا پاداشتی گه‌وره‌یان ده‌دایه‌وه.
به‌ڵام لێره‌وه ئه‌م چركه‌ساتی ( خود- پاڵه‌وانی) سوبێكته به‌ده‌ربڕینی سلۆته‌ردایك، له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی (فه‌زایه‌كی گاڵته‌جاڕانه) به فاشیزم له دایكده‌بێت، كه بێگومان له‌مێژووی ئێراقدا ئه‌م شانۆگه‌رییه مێژووییه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق جێگه‌ی خۆی هه‌یه. هه‌موو كه‌سێك كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ربڕینی ئه‌ندامانی قیاده مه‌ركه‌زی له‌لایه‌ن به‌عسی فاشیه‌وه، دوو ڕووداوی بیرده‌كه‌وێته‌وه؛ یه‌كه‌میان خۆبه‌ده‌سته‌دان و خیانه‌تی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك و له‌دوایدا پاداشتكردنیان به پله‌وپایه و پرۆژه‌ی بازرگانی و دووهه‌میان چیرۆكی قاره‌مانێتی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق به‌رامبه‌ر جه‌لادێكی ترسناكی وه‌ك نازم گوزار.
لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم سروشتی وه‌حشی نازم گوزاری مودیری ئه‌منی عامه‌ی ئێراقی بۆ خوێنه‌ری ئه‌م باسه ڕوونبكه‌مه‌وه. نازام گوزار یه‌كه‌مین كه‌س بوو ترسناكترین شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌دانی هێنایه به‌ندیخانه‌كانی ئێراقه‌وه، كه ترسناكترینیان حه‌وزی تێزابی ئه‌سید بوو، بۆ نمونه؛ زیندانیه‌كی ده‌هێنا كه حوكمی ئیعدامی هه‌بوو له‌سه‌رخۆ هه‌رجاره‌ی به‌شێكی له‌شی له‌به‌رده‌م زیندانیه‌كی تردا ده‌خسته حه‌وزه‌كه‌وه بۆئه‌وه‌ی وره به‌ردبدات و زمانبدات له هاوڕێكانی. یاخود چاوی ده‌رده‌هێنان به‌زیندوویی وه‌ك چۆن سه‌ره‌تا چاوێكی حه‌لاقی ده‌رهێنا. شێوازی دیكه‌ی هه‌بوو وه‌ك ده‌هات قۆڵی زیندانیه‌كانی یان ئه‌ندامی نێرینه‌یان ده‌بڕینه‌وه یان قۆڕی ده‌كردن یان ده‌ستدرێژی سێكسیان ده‌كرده سه‌ریان، یان ده‌یدان له‌مه‌كینه‌ی گۆشتجنین به‌زیندوویی…ئاوه‌ها شێوازه‌كانی ئه‌م دڕنده‌یه ئه‌وه‌نده ترسناك بوو كه سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر و جه‌لاد، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا ئه‌و ئیرهابه‌ی نازام گوزار دروستیكردووه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی پایه‌ی ئه‌و كه‌مبكاته‌وه، له سیناریۆیه‌كی خوێناویدا كوشتی. به‌مشێوه‌یه ئێمه له‌به‌رده‌م گفتوگۆی نێوان نازم گوزاری جه‌لاد و ئه‌حمه‌دی حه‌لاق داین كه له مێژووی ئێراقدا چیرۆكی قاره‌مانێتیه‌كی بێ وێنه‌یه و له‌مێژوودا تۆماره.
ده‌شبێت ئه‌وه بڵێین كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق سروشتی وه‌حشیانه‌ی نازم گوزاری ده‌ناسی و تاقیكردبۆوه، هه‌ر بۆیه ساتی دانپێدانانی ئه‌و ساتی دروستكردنی ئه‌و (كایه مێژووییه) بوو كه په‌یكه‌ره‌كه‌ی له‌بزه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌یكردووه؛ به‌مانای بزه‌ی سه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق بزه‌یه‌كی مێژووییه كه به گفتوگۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی نێوان ئه‌حمه‌دی حه‌لاق و نازم گوزاری جه‌لاد له‌مێژوودا ناسراوه.
به‌مشێوه‌یه ئه‌م سوبێكته، پاڵه‌وانێكه له‌ناو ده‌ریاوه دێت بۆ داگیركردنی وشكانی دێت به‌ده‌ربڕینی سلۆته‌دایك، به بزه‌یه‌كی كینیزمانه و گازگرانه دێته سه‌ر ته‌ختی شانۆیه‌ك كه خۆی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كیه‌تی و خۆشی دروستكارێتی…ده‌بێت چه‌ند ڕۆژێكی خه‌یاندبێت تاوه‌كو ڕۆژی دانپێدانانی گه‌وره هاتووه و له‌سه‌ر كورسیه‌كه دانراوه؟ چه‌نده ڕۆژ تێپه‌ڕبووه كه ئه‌فسه‌ره‌كانی موخابه‌رات خۆیان بۆ ئه‌و نمایشه ئاماده‌كردووه، بۆئه‌وه‌ی ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی خۆیان بگێڕن؟ ده‌بێت چه‌نده له‌و وه‌همه‌دا ژیابن و مه‌به‌ستیان بوو بێت ئاماده‌ی شكاندنی شكۆی پاڵه‌وانێك بن؟!
لێره‌وه ئه‌م نێوه‌نده زه‌مه‌نییه، نێوه‌ندی به (بكه‌ربوون) و (به‌قوربانیبوون) ی جه‌لاده به‌ده‌ست قوربانیه‌وه، نێوه‌ندی دروستبوونی و له‌دایكبوونی پاڵه‌وانه له ده‌ریای ئازاره‌وه بۆ وشكانی و داگیركردنی ڕووبه‌ڕه‌كان. لێره‌وه ئێمه دیسانه‌وه له‌و بزه‌یه‌ی په‌یكه‌ری ( ئه‌حمه‌دی حه‌لاق) تێده‌گه‌ین كه بزه‌ی شۆڕشگێڕه به‌رامبه‌ر فاشیزم، بزه‌ی هه‌قیقه‌ته به‌رامبه‌ر ڕاسیزم و شۆڤێنزمی عه‌ره‌بیزی، بزه‌ی جوانییه به‌رامبه‌ر ناشرینی دونیا.
له‌دژی شانۆی مردوو و توخمه‌كانی
به‌دیوێكی تردا ئه‌م شانۆیه‌ی ئه‌حمه‌دی حه‌لاق له‌و ماوه كورته‌دا سازیده‌كات، شانۆیه‌كی پڕ زینده‌گییه، شانۆیه‌كی مردوو نییه به ته‌عبیری (پیته‌ر بروك)، به‌مانای خاوه‌نی هیچ توخمێكی مردوو نییه. (پیته‌ر بروك) له كتێبه گرنگه‌كه‌یدا به‌ناوی (فه‌زایه‌كی به‌تاڵ) دا ئاماژه به شانۆی مردوو ده‌كات، به‌وه‌ی هه‌موو توخمه‌كانی مردوون و دووباره و بۆرد و بێزاركارن. هه‌موو ڕووداوه‌كانی ئه‌و شانۆ مردووه دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌كتی سه‌ر شانۆیه‌كه، كه هیچ زینده‌گیبوونێكی له‌خۆ نه‌گرتووه و پڕه له توخمی مردوو، به‌جۆرێك ئه‌كته‌ر ڕاهاتووه ڕۆژانه بێت و هه‌مان ئه‌كت بكات كه دوێنێ كردوویه‌تی به‌بێئه‌وه‌ی له ئه‌كتدا داهێنان بكات. ئه‌م شانۆ مردووه به‌ڕای (پیته‌ر بروك) هه‌موو توخمه‌كانی مردوون له هۆڵی شانۆوه بیگره تاوه‌كو ده‌گاته په‌یوه‌ندی ڕۆحی نێوان ده‌قی شانۆیی و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و بینه‌ران و زه‌مه‌ن. به‌گشتی هه‌موو توخمه‌كان كاتێك زینده‌گیانه بن ئه‌وا شانۆیه‌كی زیندووت هه‌یه…به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێمه قسه‌كردنه له‌سه‌ر (توخمی مردوو) كه به‌ڕای (پیته‌ر بروك) نه‌ك هه‌ر له‌شانۆدا گرفته به‌ڵكو له‌ژیانیشدا ئاماده‌یه.
پیته‌ر بروك له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت؛ له‌هه‌موو شوێنێكدا توخمی مردوو هه‌یه؛ له پێكهاته‌ی كولتوریدا، له‌و به‌ها هونه‌ریانه‌ی به‌میراتی بۆمان ماونه‌ته‌وه، له‌چوارچێوه‌ی كاری ئابووریدا، له‌ژیانی ئه‌كته‌ردا و له به‌كاربه‌ری ڕه‌خنه‌دا. كاتێك ئێمه له‌م توخمانه وورده‌بینه‌وه ده‌بینین كه وه‌همگیرانه پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته، به‌جۆرێك كه شانۆی مردوو له زۆرجاردا سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڵام له‌ساته‌وه‌ختی نمایشی ژیانی ڕاسته‌قینه‌شدا ناكامڵه…4-18
ئه‌م فه‌زایه به‌تاڵه به‌شانۆی مردوو و بێ ڕۆح پڕناكرێته‌وه، ئه‌م فه‌زایه له‌شانۆی زیندوودا هه‌موو جارێك فۆرمێك و زینده‌گیبوونێك له‌ناو زمه‌ندا وه‌رده‌گرێت، هه‌ر بۆیه (بروك) ده‌ڵێت؛ له شانۆی زیندوودا دووباره‌كردنه‌وه‌ی نمایشی دوێنێ چێژێكی تر ده‌به‌خشێت و دۆزینه‌وه‌یه‌كی تر له‌خۆده‌گرێت، ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه نمایشی ڕاسته‌قینه له‌دوێنێدا له‌ده‌ستمان ده‌رچووه و ئێستا ده‌یدۆزینه‌وه. به‌ڵام له‌شانۆی مردوودا شانۆ ده‌گاته فۆرمێكی كلاسیك له‌شوێنێكدا، به‌وه‌ی یه‌كێك ڕای وه‌هایه و یه‌ك پێناسه‌ی شانۆنامه‌كه‌ی دیاریكردووه و ده‌بێت به‌یه‌ك شێوه ئه‌نجامبدرێت ….4-14
(پیته‌ربروك) كۆی قسه‌كردنی له‌سه‌ر فه‌زای به‌تاڵ و شانۆی و مردوو و توخمی مردوو، قسه‌كردنه له‌سه‌ر كو‌لتور و مێژوو و ژیان، لێره‌وه چۆن توخمی مردوو له‌شانۆدا هه‌یه، ئاوه‌ها له كو‌لتور و مێژوو و هونه‌ریشدا بوونی هه‌یه. وه‌ك چۆن ئه‌كته‌ر هه‌میشه له‌گه‌ڵ ده‌قی زیندوویی شانۆ و فه‌زای زیندوودا ئاوێته ده‌بێت، شانۆی زیندوو به‌هه‌موو توخمه زیندووه‌كانیه‌وه زه‌مه‌نێكی زیندوو پێكده‌هێنێت، ئاوه‌ها له‌چركه ساته مێژوویه‌كاندا مرۆڤه پڕ وزه‌كان، ڤیتا ئه‌كتیڤاكه‌ن، مه‌شقكاره‌كان به‌ره‌و باڵایی به گووته‌ی سلۆته‌ردایك و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌كرۆباتێك به‌سه‌ر په‌تی شلدا هه‌نگاو ده‌نێن به گوته‌ی نیتچه، ئه‌وانه‌ن خاوه‌نی شانۆی زیندوون كه مێژووه، چوونه ناو مێژووه به‌هه‌موو ڕه‌نگه ڕۆشنه‌كانیه‌وه، چوونه ناو جیهانه.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئه‌كته‌ره‌كه‌ی ئێمه، كه ته‌نها په‌یكه‌ری سه‌ره‌كه‌ی ده‌بینین له‌سه‌ر كورسیه‌كی زیندوو لێمانده‌ڕوانێت، پاڵه‌وانێكه له‌ناو ڕووداوێكی زیندوودا، ده‌چێته ناو كایه‌كی تایبه‌ت كه كایه‌ی مێژووییه. ئاوه‌ها ڕۆژی دانپێداهێنان دواڕۆژی ژیانی ئه‌حمه‌دی حه‌لاقه به‌بزه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕییه‌وه به‌رامبه‌ر جه‌لاده‌كانی. دانیشتێكی هێمنه له‌سه‌ر كورسی دانپێداناندا، كه له‌م شانۆ پر زینده‌گی و توخمه ڕۆشنه‌دا ته‌ختی شانۆكه‌ی ته‌نها ئه‌و كورسیه‌یه كه ئه‌و به یه‌ك چاو و به‌بزه‌وه له‌سه‌ری دانیشتووه. ئه‌و به‌رامبه‌ر جه‌لاده‌كانی و له‌ژووری حه‌وزی تێزاب له‌سه‌ر كورسیه‌ك دانیشتووه و ئه‌كتی خۆی ده‌كات، ئیدی ئه‌م كورسیه دزێوه ده‌بێته كورسی به‌رگری و ئاناتۆمیه‌كی دیكه له‌خۆی ده‌گرێت، وه‌زیفه‌یه‌كی تر له‌و چركه ساته‌دا له‌خۆده‌گرێت به‌جیاواز له‌و وه‌زیفه‌یه‌ی له‌و ژووره‌دا بۆیان دیاریكردووه، به‌مانای ده‌بێته به‌شێك له ئه‌حمه‌دی حه‌لاق، وه‌ك بالدین ده‌ڵێت؛ كورسیه‌ك خاوه‌نی ڕۆح و گۆشت و ئێسقانه…له‌توخمێكی مردووه و دزێوه‌وه ئه‌م كورسیه ده‌بێته ئاناتۆمیه‌ك بۆ تێكشكاندنی وره‌ی شۆڤێنزمی عه‌ره‌بی له وێنه به‌عسیزمه‌كه‌یدا.
لێره‌وه (فه‌زای به‌تاڵ) به‌ته‌عبیره پیته‌ر بروكییه‌كه‌ی ، ده‌بێته فه‌زایه‌كی زیندوو، تێدا شانۆیی ژیان گه‌مه‌ی خۆیده‌كات. پیته‌ر بروك ده‌ڵێت؛ (فه‌زای به‌تاڵ ئه‌و فه‌زایه‌یه كه شانۆگه‌ریه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕووده‌دا…من ده‌توانم هه‌موو شوێنێك بهێنم ناوی بنێم ته‌خته‌ی شانۆ، پیاوێك به فه‌زایه‌كی به‌تاڵدا ده‌ڕوات و یه‌كێك سه‌یریده‌كات، ئه‌مه هه‌مووی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كتێك له‌سه‌ر شانۆ ڕووبدات.. 4
ئه‌و ته‌خته‌ی شانۆیه، ئه‌و فه‌زا به‌تاڵه‌یه، ئه‌و كورسیه بچوكه‌یه كه ئه‌حمه‌دی حه‌لاق دواساته‌كانی ژیانی به‌ره‌و حه‌وزی تێزاب به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی. ئاوه‌ها هه‌موو توخمه‌كانی ئه‌م كاره زیندوون له‌دژی توخمه مردووه‌كانی ژیان، له‌دژی تاریكی و ڕه‌شبینی، له‌دژی خه‌مۆكی دونیا و نامۆبوونی مرۆڤ له‌جیهاندا. لێره‌وه په‌یكه‌ر ڕۆحێكی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت، ڕۆحێكمان بیردێنێته‌وه كه له دونیای كاپیتالی وه‌حشیدا ده‌مێكه له‌یادمان كردووه، ڕۆحێك وه‌ك چاوێك به‌دوومانه‌وه‌یه و ده‌ڵێت؛ پێویسته ژیانت بگۆڕیت.
له‌نده‌ن – سێپتمبه‌ری ٢٠١٨
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
-
Peter Sloterdijk, Du mußt dein Leben ändern, Shurkamp 2009 – *S195.
-
Hannh Arendt, Vita activa oder Vom tätigen Leben, Piper Verlag 2002, S 16- 33
-
Peter Sloterdijk, Weltfremdheit, Shurkamp 2003.
-
Peter Brook, The Empty Space, New York 1968.
گوتارێكی دیكه‌ی نوسه‌ر له‌مه‌ڕ هه‌مان بابه‌ت به‌زمانی ئینگیلزی له Culture Project
http://cultureproject.org.uk/2019/03/12/the-cynical-smile-of-a-solitary-head/
– ئه‌م بابه‌ته له كو‌لتور مه‌گه‌زینی ژماره چوار بڵاوبۆته‌وه.