كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق - گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

لە شکستەوە بۆ شانازییکردن بە شکست، لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بنەماکانی گوتاری کوردایەتی و عێڕاقچێتیی


Loading

پێشڕەو موحەمەد – نوسەر و لێکۆڵەر

لە شکستەوە بۆ شانازییکردن بە شکست

لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بنەماکانی گوتاری کوردایەتی و عێڕاقچێتی

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

 

 

دەروازە

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەروا خێرا لە فەیسبووک دوو کورتە سەرنجم دەربارەی دوو گوتاری لە ڕواڵەتدا دژبەیەک، بەڵام لەناوەرۆکدا یەک گوتار: کوردایەتیی و عێڕاقچێتیی، نووسی، هەرخێرا کاردانەوەی زۆری بەدووی خۆیدا هێنا. لەگەڵ ئەوەی دەمێکە تەواو باوەڕم بەوەیە فەیسبووک شوێنی گفتوگۆی زانستیی و قووڵ نییە، بەڵکو تەنها شوێنێکە بۆ خستنەڕووی هەندێک بابەتی ڕۆژانەیی، و خودی نووسین لە فەیسبووکیش هیچ بنەمایەکی ئەوەی نییە پێیبگوترێت فۆرمی نووسین، چونکە خودی پلاتفۆرمەکە ڕێگرە لەبەردەم سەرهەڵدانی نووسینی ڕاستەقینە، کەچی هێشتا مشتومڕ دروستبوو و لە چەندین شوێن بڵاوکرایەوە و چەندین کەسی ناسیاو و نەناسیاو چ بە نووسینی ئاشکرا، چ بە نامەی کەسیی یاخود بە لێدوانیان لەسەر پۆستەکە، بەشێوازی جۆراوجۆر ڕوانینی خۆیان دەربڕی. ئەوەی زیاتر بۆچوونەکەی منی پشتڕاستکردەوە بەوەدا کە دوو گوتارن لە جەوهەردا یەک ناوەرۆکیان هەیە، ئەوە بوو کە هەردوولای گوتارەکە، وەڵامی حازربەدەستیان پێبوو مۆرکی ئەو شتەی لێبدەن کە ڕقیان لێیەتی و گاڵتەی پێدەکەن، ئەوانەی سەر بە گوتاری کوردایەتیین، پێیانوایە ئەم بۆچوونەی من دەکەوێتە خانەی خزمەتکردن بە «نەیارشەیدایی» و «گوتاری باڵادەستی کۆڵۆنیالیستیی» و بەرەی بەرانبەریش هەر خێرا مۆرکی «کوردایەتیی» لە نووسینەکە دا. مۆرکلێدان جگە لەوەی خەسڵەت و سروشتێکی بزووتنەوە کۆنزەرڤاتیڤ، ڕاستڕەو و پۆپۆلیستەکانە، هاوکات ئاسانترین ڕێگەی خۆدزینەوەیە لە گفتوگۆی عەقڵانیی و داخستنی دەروازەکانی گفتوگۆیە، چونکە کرانەوەی دەروازەکانی گفتوگۆ دژ بە هێڵە داخراوەکانی ئەو گوتارانەیە و هاوکات کردەوەیەکە لە عەقڵێکی ساکار و سادەوە دێت، یان ئەوەی ئەڵمانیی سەبارەت بە تیۆری خەسڵەتپێدان و پیلانگێڕیی پێیدەڵێن «Leichtgläubigkeit»، (بە کوردیی: ساویلکەیی)، واتا تۆ بۆ ئەوەی شکست بە بەرانبەرەکەت بهێنی، هیچ پێویستت بەوە نییە بە ئەرگومێنت و بیرکردنەوەی عەقڵانیی و ڕەخنەیی وەڵام بدەیتەوە، بەڵکو ئاسانترین و سەلامەتترین ڕێگە ئەوە بە سانایی هەم باوەڕ بەخۆت بهێنیت و هەم بەرانبەریشت بەوە تۆمەتبار بکەیت، کە قاچی لەناو سنوورەکانی دوژمن دایە. ئەو سنوورەی تۆ بە دوژمنی دەزانی.

ساویلکەیی دوژمنی عەقڵانییەتی بیرکردنەوەیە و ئەوەی توانیشی لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی ڕاستڕەو بهێنێت پەرەدان بوو بە تیۆری «ساویلکەیی» و هەڵواسینی خراپە بە ئەویدیکەی وەهمییەوە. لە سەردەمی نوێشدا دۆناڵد ترەمپ و ژایر بۆلسۆنارۆ دوو نموونەی دیاری کارکردنی فراوانن لەناو تیۆری ساویلکەییدا، کە کۆمەڵگە بە ناخی نەزانییدا دەبەنە خوارەوە و گوومانیش لەوەدا نییە لەگەڵ شکستی ئایدیالە ڕەخنەییەکانی ڕۆشنگەرییدا: بیرکردنەوەی عەقڵانیی، گومانکردن لە نەزمی کۆن، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، سیکۆلاریزم، سەربەستیی، باوەڕهێنان بە کەرامەت و قووڵایی عەقڵ دژی ئەفسانە و خورافیات، ئەوا ئەمڕۆ مرۆڤایەتیی جارێکی دیکە دەستوپەنجە لەگەڵ مەترسییەکانی ئاخیرزەمانیی و ئەپۆکالیپسێکی دیکەدا نەرم دەکات. جەنگی ڕووسیا و پێشڕەوییەکانی ناتۆ، نموونەی سەرەتایی ئەم ئەپۆکالیپسەن، کە لە پەرەدان بە بیری ساویلکەیی لە سی ساڵی ڕابردوودا سەرچاوەی گرتووە. مرۆڤ ئەمڕۆ پێویستی بەوە نییە بیربکاتەوە، ناتۆ دەڵێت پوتین خراپە، هەموو دانیشتوانی خۆرئاوا دەڵێن خراپە، پوتین دەڵێت ناتۆ خراپە و شەیتانە، هەموو لایەنگرانی جەنگی ڕووسیا دەڵێن ناتۆ خراپ و شەیتانە. ئەم وتارە دژەژەهر، دژە-تێزی ساویلکەیی و سادەکردنەوەی عەقڵی مرۆڤە. دژی ئەو سادەکردنەوەیە کە مرۆڤ وای لێبکرێت بەسانایی بێ ئەوەی زەحمەت بەخۆی بدات بە فۆرمالیزم و دەرکەوتەی شتەکان ڕازی ببێت و وەک دوا حەقیقەتیش وەریانبگرێت، بەڵام دوای ماوەیەک لێیان بێ هیوا ببێت و ڕەشبینیی تا بینەقاقا بەرۆکی بگرێت. مێژووی بیرکردنەوە و پراکتیکی سیاسیی لە سی ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان، بەهیچ شێوەیەک لە دەرەوەی ئەم بیری ساویلکەیی و ساویلکەسازییە نەبووە، بەوانەشەوە کە وەک شەپۆلێکی کاتیی دژی ڕەوتێکی سیاسیی وەستاونەتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی هەموو ئەوانەی دژی یەک وەستاونەتەوە، دوا وێستگەیان ژوورە ڕازاوەکانی سەرۆکایەتییەکان بووە و لەوێوە قاقا بە «عەقڵی ساویلکە» پێکەنیون. ئەم وتارە بۆ ئەوەیە هەم دژی عەقڵی ساویلکەسازیی و هەمیش دژی قاقای پێکەنینی ئەوان بێت. لەبری ئەوان ساویلکەمان بکەن و قاقا پێمان پێبکەنن، با وشیارییمان ڕێکبخەین. هەڵبەت ئەم وتارە نایەوێت بڵێت هەموو ئەوانەی ڕەخنە لە گوتاری کوردایەتیی دەگرن سەر بە گوتاری پۆپۆلیستن، بەڵام دەیەوێت هەم گوتاری دژە-کوردایەتیی بەرێتەوە ناو کوردایەتیی خۆیەوە وەک تەواوکەری گوتارەکە و هەمیش دژە-ئەرگومێنتی بەلاڕێدابردنی خواستە ڕاستەقینە جەماوەرییەکان پێشکەش بکات، ئەو خواستانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرکاتێک دەرفەتی تەقینەوەی شۆڕشگێڕانەی هەبووبێت گوتارێک سەریهەڵداوە، کۆنتڕۆڵی کردووە، دایمرکاندۆتەوە و بردوویەتییەوە سەر مێزی دەسەڵات و قووماری لەسەر کردووە. بۆیە من سەرەتا وتارەکەم بە شیکردنەوەی گوتاری کوردایەتیی و قەیرانەکانی دەستپێدەکەم. دڵنیام لەوەی بەشێکی ئەوانەی سەر بەم گوتارەن لە هەست و سۆزێکی خەمخۆرانەوە بۆ خەڵک دێت، بەڵام لە سەرهەڵدانی گوتارێکدا بەشەکان کەمتر دەبینرێن و زۆرجار دەبنە قوربانیی، ئەوەی دەمێنێتەوە فۆرم و ناوەرۆکی گشتیی گوتارەکەیە. ئەو بەشانەی ناو ئەم گوتارەش بە تێپەڕینی ڕۆژگار، لێی هەڵدەگەڕێنەوە و ڕەخنەی ڕابردووی خۆیان دەکەن. بەڵام زۆرجار ڕەخنە دەبێت بە تراوما و تراوماش ڕەشبینیی و نائومێدیی.

 

گوتاری کوردایەتیی: لە ئایدیۆلۆژیاوە بۆ بەرجەستەبوونی حوکمڕانیی

لە پۆستی فەیسبووکییەکەدا نووسیبووم: «فۆرمێکی بەڕێوەبردنی حوکمڕانییە لە ١٩٩٢ دامەزراوە». خێرا ئەرگومێنتی دژبەرانی کوردایەتیی ئەوە بوو کە کوردایەتیی نە ١٩٩٢ دامەزراوە و نە تەنهاش حوکمڕانییە. ئەوەی ئەو بەڕێزانە باسیان نەکرد یان باسی ناکەن (بەهەر هۆیەک بێت، بێ ئاگایی یان نەخواستن) ئەوەیە کە حوکمڕانیی وەرگێڕانی تیۆری ئایدیۆلۆژییە بۆ نێو پەیکەرەیەکی سیاسیی. کوردایەتیی لە ئایدیۆلۆژیای (گوایە) ڕزگارکردنی کوردەوە لە پێش ساڵی ١٩٩٢دا، دەبێتە فۆرمێکی بەڕێوەبردن کە دەرەنجامەکانی دەبینین. تێگەیشتن لە کێشەکانی ئەمڕۆ، ڕیشەیەکی قووڵی بە سیاقی مێژوویی پێش فۆرمی حوکمڕانییەوە هەیە. ئەگەر بە مێژووی خەباتی چەکداریی بزووتنەوەی کوردایەتییدا بچینەوە، دەبینین بەشێکی ئەوانەی ئێستا ڕوودەدەن ئەوکاتیش ڕوویانداوە: کوشتنی نەیاران، بەدەستەوەدانی ڕەخنەگران، خڕوقات لە پرسی داهات و سامانی حزبەکان، زیندانیی نهێنیی، ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ هەر شوێنێک حەزیان پێی کردبێت بێ ئەوەی هیچ گەڕانەوەیەک بۆ ئەندامانی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن، وەدەرنانی پرسی کۆمەڵایەتیی لە پرۆگرامی سیاسیی خەباتیان و لە بەرانبەردا کاتێک بانگەوازی ئەوەیان کردووە دژی سەردەستەیەک، بڵێن دوژمنێک دەجەنگن، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانە یەکیان گرتووە کە خەڵکی خوارەوەی خۆیان چەوساندۆتەوە: هەرچی فیودال و دەرەبەگ و شێخ و مەلایە کردبوویانن بە هاوپەیمانی خۆیان.

کوردایەتیی وەرگێڕانێکی ئایدیۆلۆژییانەی بزووتنەوەکەیە بۆسەر فۆرمی حوکمڕانیی. فۆرمە ئایدیۆلۆژییەکان بەهیچ شێوەیەک ناکرێت لە ژیانی واقیعیی جیابکرێنەوە، لەبەرئەوەیە مارکس دەڵێت: «وشیاریی تەنها دەکرێت وەک بەشێکی ناوەکیی پرۆسەی ژیان دەرکبکرێت» یاخود وەک دەڵێت: «پەیوەندییم بە دەوروبەرمەوە بریتییە لە وشیاریی من»[1]. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین دژ بە پەیوەندییە ماتریالییەکان و ئایدیۆلۆژییەکان لە سەرهەڵدانی فۆرمی حوکمڕانییدا بووەستینەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا ئایدیۆلۆژیا وەک «کۆمەڵە ئایدیایەکی ڕووت» دەبینین و لەم ڕووەوە بناغەی ماددیی و ماتریالیی ئایدیۆلۆژیا لەبیردەکەین، یاخود بە مانایەکی دیکە، فاکتەرە کولتوورییەکانی سەرهەڵدانی جۆرێک لە بیرکردنەوە فەرامۆش دەکەین، واتا ڕوونتر، ژن-کوژیی لەناو فۆرم و چوارچێوەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، شتێک نییە هەروا سادە و سانا بێت و کۆمەڵێک بناغەی ماتریالیی لە سەردەمێکی کۆنتردا نەبێت. ڕاستە ژن-کوژیی لە سی ساڵی حوکمڕانییدا بە زەقیی دەرکەوتووە، بەڵام کۆمەڵێک ڕیشەی ماتریالیی و ئایدیۆلۆژیی لە سەردەمی پێشووتردا هەیە: بەڵێنی کوردایەتیی بۆ پاراستنی بناغە چینایەتییەکانی کولتوور و مێژووی خێڵ، پیاو، دەرەبەگ، شێخ و مەلا، گۆڕانی ئەو ئایدیا-ماتریالە بەڵێندراوەیە بۆ نێو فۆرمی حوکمڕانیی لە ١٩٩٢دا. بێگومان وەک چۆن فاشیزم و نازیزم کاردانەوە بوو بەرانبەر بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی جەماوەریی و یان لە حاڵەتی موسۆلینیدا، کە دەیگوت «جاوەر ژنە، فاشیزم پیاوە، جەماوەر کرێکارە، فاشیزم ئەریستۆکراتە، کەواتە بژی سەروەریی ئەریستۆکراتیی» و بەڵێنی ئەوەی دابوو کە سەروەریی نێرینە و پیاوان دەگەڕێنێتەوە کە ئێستا ژنانەییبوونی کۆمەڵگە هەڕەشەیەکی مەترسییە لەسەری، ئەم بەڵێنە ئایدیۆلۆژییە بۆ مانەوەی هەژموونی پیاو/باوک، بەقووڵیی لەناو بزووتنەوەی کوردایەتییدا هەبووە و لە فۆرمی حوکمڕانیی ١٩٩٢دا بەرجەستەتر خۆی پیشاندا یاخود دەکرێت بڵێین چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دەرفەتی زێڕین بوو بۆ بەفۆرمبوون، وەرگرتنی ئەندام و گۆشت و خوێنی ئایدیای کوردایەتیی و زەقبوونەوە و بەرزبوونەوەی لە پەیکەرەی سەرۆکی حزب/خێڵی مۆدێرندا.

کاتێک باس لە فۆرمی حوکمڕانیی دەکەم کە لە ١٩٩٢دا دامەزراوە، ڕەخنەگرانی بۆچوونەکەم بە سانایی بەسەر ئەو ڕاستییەدا تێپەڕدەبن کە لە سەردەمی خەباتی ئایدیۆلۆژییدا فۆرمی حوکمڕانیی بەو ڕوونییەی ئێستا هەیە خۆی دەرناخات، کەواتە کاتێک دەڵێم فۆرمی حوکمڕانیی، زۆر زیاتر و قووڵتر لە گوتاری نەیارانی کوردایەتیی، بەرجەستەبوونی ئایدیۆلۆژییانەی ئەو بزووتنەوەیە لەم فۆرمە حوکمڕانییەدا پشتڕاست دەکەمەوە. وەک لە پێشەکییدا باسمکرد، سادەبوونەوەی عەقڵی مرۆیی بۆ نەچوونە ناو قووڵایی ڕووداوەکان و مێژوو و سیاقەکانەوە، یەکێکە لە کارەساتەکانی ڕۆژگاری ئێمە کە دوورنییە جەنگێکی ئەپۆکالیپسی دیکەی وەک هیتلەر و موسۆلینی بخوڵقێنێت.

کاتێک باس لە فۆرمی حوکمڕانیی دەکەم، باس لە چەمکی «حکومەت» دەکەم، کاتێکیش باس لەو چەمکە دەکەم وەک سیستەمێکی بەڕێوەبردن باسی دەکەم کە دەکرێت لە قۆناغە مێژووییەکاندا بەگوێرەی گۆڕانی فۆرمی کۆمەڵایەتیی بەڕێوەبردن ئەویش گۆڕانی بەسەردا بێت. فۆرمی حوکمڕانیی یان حکومەت بنەمایەکی جێگیری نییە و لە هەموو جووڵەیەکی کۆمەڵایەتییدا دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی نەیارانی کوردایەتیی نایانەوێت بگۆڕێت، وەک دواتر باسی دەکەم، ئەو فۆرمی حوکمڕانییەیە، ئەوان دەیانەوێت کارەکتەرەکانی بگۆڕێن. جۆن ببێت بە مایک و تۆم شوێنی جێری بگرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٢دا دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد لە باشوور دروست بوو بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، بەڵام لەبەر ئەو بناغە ئایدیۆلۆژییەی کوردایەتیی لەسەر دامەزرابوو، نەدەبوو دەست بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پرسی زەوی (واتا مانەوەی کۆنتڕۆڵی ئاغاکان بەسەر زەوییەوە لە کوردستاندا)، پرسی ژنان (واتا هێشتنەوەی سەروەریی پیاو لە لوتکەدا وەک پاراستنی سیستەمی هەڕەمیی و قووچەکێتیی نێرینە و بەپاشکۆکردنی ژنان و بینینیان وەک دایکانی موقەدەس کە سەربازانی داهاتوو بۆ نیشتمان بەرهەم دەهێنن، ئێوە بڵێن پاسەوانانی سامانی تاڵانکراوی نیشتمان)، پرسی کولتووریی: بنبڕکردنی کولتوور و بیرکردنەوەی خێڵ و بنەماڵە، بەڵکو هێشتنەوەی، بەخشینی فۆرمی فیستیڤاڵ پێی، چونکە بە سانایی ئەو بەڵێنە ئایدیۆلۆژییەی کوردایەتیی بە خێڵی بەخشیبوو، دەبوو لە فۆرمی حوکمڕانیی ١٩٩٢دا بەدیان بهێنێت و هەروەها بناغەی بیرکردنەوەی کوردایەتیی خۆشی هەر خێڵ بووە. پرسی ئایینیی: واتا لەبری دامەزراندنی سیستەمێکی سیکۆلاری پەروەردە و بەڕێوەبردن ڕێز لە بیرکردنەوەی عەقڵانیی و پێکهاتە ئایینیی و نا-ئایینییەکانی دیکە بگرێت، ئیسلامی نەک کردەوە بە سەرچاوەی یاسادانان، بەڵکو ڕەقترین و توندوتیژترین فۆرمی ئیسلامی گەڕاندەوە کە سەلەفیزمە. و پرسی پاراستنی سەروەریی: وەک هەمیشە باسمکردووە پانتایی جوگرافیی بۆ دیاریکردنی سنووری نیشتمان/نەتەوە لای سەرانی کوردایەتیی ئەو ناوچانەیە دەوڵەمەندە بە نەوت، واتا ئەو شار و شوێن و ناوچانەی نەوتی لێ نییە بە سانایی وەک ناوچەی کەلاوەنشینان بەجێهێڵراون و ئەمەش تەنانەت کوردایەتیی بەڕادەیەک لە بانگەشەی ناسیۆنالیزمی کلاسیکیش جیادەکاتەوە، کە هەموو پارچەیەکی جووگرافیای هاوبەش بە موڵکی یەکسانی خۆی دەزانێت. پرسی چینایەتیی: نەک لە ئایدیۆلۆژیاکەیدا، بەڵکو بگرە لە فۆرمە حوکمڕانییەکەیدا خراپترین فۆرمی چینایەتیی داهێناوە کە من لە لێکۆڵینەوەیەکمدا بە زمانی ئەڵمانیی ناوم لێناوە «کۆمەڵگەی چینایەتیی کێونشینی مۆڵتی ملیاردێر»[2]. ئابووریی سیاسیی نەوت، وەک لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەمدا بەناوی «تیۆریزەکردنی پرسی کار و توندوتیژیی دژ بە ژنان لە کوردستان» (بەم نزیکانە بڵاودەبێتەوە) باسم کردووە، توندوتیژترین فۆرمی ئابووریی سیاسیی بووە لەناو سەرمایەداریی نیۆلیبرال، کە تێکەڵە بە کولتووری خێڵ/کوردایەتیی پێکەوە و دەستی باڵای هەبووە لە گەشەدان بە زەقکردنەوەی جیاکاریی جێندەریی/چینایەتیی و سەرهەڵدانی فۆرمی نوێی توندوتیژیی دژ بەژنان.

نەک هەر ئێستا، بگرە لە سەردەمی ڕیفراندۆمیشدا، بە چەندین نووسین، وتار و لێکۆڵینەوە بە زمانەکانی کوردیی، ئینگلیزیی و ئەڵمانیی و هەروەها کتێبە هاوبەشەکەمان لەگەڵ هاوڕێم دکتۆر کڵاوس هەنینگ بە زمانی ئەڵمانیی، کە لە ٢٠١٨ لە بەرلین چاپ بوو، باسم لەوە کردووە ڕیفراندۆم کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە قەیران، بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیی هەڵکشاو و بەرەنگاریی جەماوەرییە لە خوارەوەی کۆمەڵگەدا. جگە لەوەی بەردەوام گوتوومە هەرێمی کوردستان بەو فۆرم و پێکهاتە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، کولتووریی و ئابوورییەی ئێستا لەناو فۆرمی حوکمڕانیی کە لە ١٩٩٢دا دامەزراوە، هەیەتی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بناغەیەکی بەهێز بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێکبهێنێت و لەڕووی لۆجیستی و هەروەها میلیتاریشەوە توانای خۆڕاگریی نییە و جگە لەوە، زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەم حکومەتە ناڕازین و پێکهاتەی ئێستای سەرانی کوردایەتیی هیچ متمانەیەکی جەماوەرییان نەماوە. بگرە عێڕاقی ئێستا بەراورد بەو دەوڵەتانەی خاکی کوردستانیان لەژێر دەستە: تورکیا، ئێران (سوریای پێشوو)، دەکرێت باشترین دەرفەتی دیموکراتیی بێت. بەڵام ئایا پێکهاتە، فۆرم، سروشت و واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێستای عێڕاق هاوشێوەی ٢٠٠٥ە؟ بێگومان نەخێر[3]. سەرانی کوردایەتیی دەرفەتی زێڕینیان هەم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەم بۆ دیموکراتیزەکردنی عێڕاق لەدەستدا و ئەوەی ئێستا هەیە دەوڵەتێکی فشۆڵی هاوشێوەی سەردەمی پاشایەتییە کە ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزم دروستیانکردووە و ئێستا بووە بە بووکەڵەیەکی دەستی ئیمپریالیزمی هەرێمیش، لەوانە ئێران. دەرکردنی یاسای دژایەتیکردنی هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل لە پەرلەمانی عێڕاق و بەدێوەزمەکردنی ئیسرائیل و جوو لەناوچەکە، هەم ڕەهەندی سیاسیی و کاریگەریی ئیمپریالیزمی هەرێمیی هەیە و هەم خەسڵەتی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی هەژموونی ئێستای ئیسلامی سیاسیی بەسەر عێڕاقەوە دژ بە جوو و دەوڵەتی ئیسرائیل پیشان دەدات. بێگومان ئیسرائیل شایانی ڕەخنەی توند و سەرزەنشتە، بەڵام ڕەخنەی عێڕاق لە ئیسرائیل چەندە لە کاریگەرییەکی دواکەوتووانەی ژێر هەژموونی ئێرانەوە دێت هێندەش ڕیشەی لەناو دژایەتیی قووڵی مێژوویی ئیسلام دایە بەرانبەر بە گەلی جوو. کاتێک هەموو ناسیۆنالیزمی عەرەبیی کورد وەک بەکرێگیراوی ئیسرائیل دەبینێت، پێتانوایە ئەم بڕیارە تازەیەی عێڕاق چۆن بەسەر پەیوەندیی ناوەند و هەرێمدا دەشکێتەوە؟

 

سەرهەڵدانی گوتاری عێڕاقچێتیی: دەرکەوتنی فۆرمەکانی شکست

گوتاری ئێستای گەڕاندنەوەی سەروەریی بەغدا و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم، ڕیشەی قووڵی لەنێو دوو ڕەهەنددا هەیە: قبووڵکردنی شکست و هەوڵ بۆ سازش. ئەوەی ئێستا گوتاری ئەوەی من ناومناوە «عێڕاقچێتیی» ئەنجامی دەدات و بانگەشەی بۆ دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە چارەسەرکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و لێکدانەوەی قووڵ و زانستیی بۆ ئەو کێشانەی کوردایەتیی پێ نییە. کوردایەتیی وەک باسمانکرد، فۆرمی حوکمڕانیی خۆی هەیە. بەڵام دژانی کوردایەتیی بانگەشە بۆ هەژموونی ناوەند دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ سەرەداوێکیان بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، کولتووریی، ئابووریی و چینایەتیی کۆمەڵگەی عێڕاقیی پێ بێت. یان لە کوردستانن داوای گەڕانەوەی سەروەریی بەغدا دەکەن، یاخود تاراوگەنشینن، لە باشترین حاڵەتدا هیچ یەکێک لە بانگەشەکارانی ئەم گوتارە لەناوخۆی بەغدا یان ئەو شار و ناوچانە ناژین کە باڵادەستیی و سەروەریی حکومەتی ناوەندیی لێیە. جا پێش ئەوەی بچینە ناو پارادۆکسەکانی گوتاری عێڕاقچێتیی و کاردانەوە سایکۆلۆژییەکەی بەرانبەر بە گوتاری کوردایەتیی، سەرەتا باسی چەمک و فۆرمەکانی شکست بکەین.

هەڵبەت لەمێژووی بیری سیاسیی ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا سێ فۆرم یان شێوازی سیاسەتی شکست دەرکەوتوون. یەکێکیان پێیدەگوترێت «شکستخوازیی شۆڕشگێڕانە» (Revolutionary Defeatism)، دووەمیان «شکستخوازیی ناچالاک» (Reaction Defeatism) و سێیەم «شکستخوازیی سەربازیی» (Military Defeatism). هەریەکەیان مێژوو، سیاسەت، ستراتیژ، تاکتیک، ئامانج، فۆرم، ناوەرۆک و لایەنی جیاواز و ساتی کردەی جیاوازی خۆیان هەیە. چەمکی «شکستخوازیی شۆڕشگێڕیی» بۆ یەکەمجار لە شکستی شۆڕشی ١٩٠٥ی ڕووسیاوە سەریهەڵدا، بەوەدا سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوکات پێیانوابوو کرێکارانی ڕووسی لە جەنگدا بەرانبەر بە ئەڵمانیا ناتوانن جەنگەکە بەڕێوەبەرن. ئەم بابەتە مشتومڕی لەناو مارکسیستە ڕووسییەکاندا دروستکرد و هەروەها سۆسیال دیموکراتەکان پێیانوابوو تەنانەت تزاری ڕووسیش دەکرێت لە جەنگدا دابخورێت و قەیسەرییەت پێویستە لە دەرەوە بڕمێنرێت، ئەمەش هەم لە بەرژەوەندیی کرێکارانی ڕووسیی و هەمیش ئەڵمانیی.

مه‌لا موسته‌فا و جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك گه‌نجێكی شوۆڕشگێڕ له‌ناو پارتیدا

لۆژیکی شکستخوازیی شۆڕشگێڕیی لە بنچینەیەکی مارکسیستییەوە هەڵدەقوڵێت کە دەڵێت پرۆلیتاریا چینێکی نێونەتەوەییە و بۆ ئەوەی لە ئاستێکی جیهانییدا سەرکەوێت و بیباتەوە دەبێت خەباتی سیاسیی خۆی بەشێوەیەکی ئەنتەرناسیۆنال ڕێکبخات و گرێبداتەوە. ئەمەش واتا کاتێک کرێکاران لە وڵاتێکدا ڕووبەڕووی کردەوەکانی دەوڵەتەکەی خۆیان دەبنەوە کە هەڕەشەیەکی گەورە دەخاتە بەردەم چینی کرێکاری وڵاتێکی دیکەوە، ئەوا دەبێت کرێکاران بۆ هاوڕێکانیان لە وڵاتەکەی دیکە بەوەفا بن نەک ڕێز لە سەروەرانی وڵاتەکەی خۆیان بگرن. لەجیاتی ئەوەی بەسادەیی ئیدانەی کردەوەی دەوڵەتەکەیان بکەن دەبێت سیاسەتێکی چالاکانە دژی توانای دەوڵەتەکەیان بگرنەبەر کاتێک ئەو دەوڵەتە دەیەوێت دەوڵەتێکی دیکە وەک دوژمنی بنچینەیی بەرژەوەندیی کرێکاران پیشان بدات. ئەمەش واتا خێرا ڕێکخستنی کردەی مانگرتن لە شوێنە ستراتیژییەکانی وەک پیشەسازییە گەورەکان، بانگەواز بۆ پروپاگەندەی شکستپێهێنان لەناو هێزە چەکدارەکاندا، ڕێکخستنی سەربازان دژی ئەفسەرانیان و هتد تا دەگاتە حاڵەتی شکستپێهێنانی تەواوەتیی دەوڵەت. لەم فۆرمەدا «شکستخوازیی شۆڕشگێڕیی» ڕەهەند و مانا و دەلالەتی پێچەوانە وەردەگرێت، لەجیاتی قبوڵکردنی شکست، بەڵکو شکستپێهێنانی بەرانبەر دەبێتە ئامانج. لەو حاڵەتانەشدا کە هەندێکجار پارتی کرێکاران لە شۆڕشە سەرنەکەوتووەکاندا شکستی خۆی قبووڵ دەکات، ئەوە نییە دان بەسەرەوەدا بنێت وەک براوە، بەڵکو بەشێوەیەکی تاکتیکیی هەنگاو بۆ دواوە دەنێت، تا باشتر خۆی ڕێکبخاتەوە. شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ سەرکەوتووترین ستراتیژی هەڵبژاردنی ساتی گونجاوی شۆڕش بوو.

جۆری دووەم و سێیەمی شکستمان هەیە، دووەم کە «شکستخوازیی ناچالاک» و سێیەم بریتییە لە «شکستخوازیی سەربازیی»، لێرەدا بە گشتیی هەڵوەستە لەسەر دووەمیان دەکەین، بەڵام بە کورتیی سێیەم ئەوەیە کاتێک ئەفسەرانی وڵاتێکی جەنگخواز دەزانن هێزەکانی نەیار بەهێزترن و ئەوان چیتر توانای بەرگرییان نەماوە، دان بە شکستی میلیتارییدا دەنێن و لەبەرانبەر بە هێزەکەی دیکەدا شکستی خۆیان قبووڵ دەکەن. لە ئەڵمانیای نازییدا هیتلەر دژی خۆبەدەستەوەدان و شکست بوو تەنانەت ئەم بیرۆکەیەی بە «زەینییەتی شکستخواز» (defeatist mentality) ناودەبرد[4]. ڕاستە ئەڵمانیا جەنگی خێرا (Blitzkrieg)ی بەڕێوەبرد، واتا هێرشی لەناکاو و پڕ لە موفاجەئە بۆسەر ئەو دەوڵەتانەی دەیویست بیانگرێت و هێرشی هەمەلایەنە و بەگەڕخستنی پێشکەوتووترین تەقەمەنییەکان، بەڵام ماڕشاڵ ئەلبرێت کیسەرلینگ هەستی بە مەترسیی دەکرد کە ئەم فۆرمی جەنگە شکستی لێدەکەوێتەوە و دەبێت جەنگ ڕیالیستییانە بێت تا خەیاڵییانە. بۆ ئەوەی لە مۆرکی «شکستخواز» خۆی ڕزگاربکات چەمکی جەنگی ڕیالیستییانەی بەکاردەهێنا. بەڵام دواجار لە ٨ی ئازاری ١٩٤٥ سوپای سوور گەیشتە بەردەم دەروازەی بەرلین و ئەفسەرانی سوپای نازیی، جگە لە هیتلەر و گۆبڵز و هتد، هەموویان خۆیان بەدەستەوەدا و شکستیان قبووڵکرد.

جۆری دووەمی شکست کە بابەتی نووسینەکەمانە، واتا «شکستی ناچالاک» لە هەردوو فۆرمەکەی دیکەی شکست جیایە، چونکە لە دوو حاڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت: یان بێ ئومێدیی و بڵاوکردنەوەی ڕەشبینیی لەناو خوارەوەی کۆمەڵگەدا، یاخود لە حاڵەتی هەلپەرستیی، چونکە دەزانێت قبوڵکرانی شکست بەشێوەیەکی ناچالاک و بێ پرسیارکردن، باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بەشێوەیەکی هەلپەرستانە بقۆزرێتەوە. کاتێک نەزمێکی سیاسیی، حوکمڕانیی و کۆمەڵایەتیی تا بینەقاقا لە گەندەڵیی، کارەسات، تاوان و خیانەتدا ڕۆدەچنە خوارەوە، ئایدیالی «شکستی ناچالاک» سەرهەڵدەدات. بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم ئایدیایە، پێویستت بەدوو شت هەیە: بڵاوکردنەوەی خورافە لەسەر شتێکی نەبوو، زیاتر دێواندنی نەیارەکانت. هێربێرت مارکوزە لە ١٩٦٧دا دەنووسێت:

«لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت خۆمان ڕادەستی وەهم و خورافاتەکان بکەین. بەڵام زۆر خراپتر لەوەش، تەسلیمبوونمانە بە شکستخوازیی بەرفراوان کە ئێستا دەیبینین. ڕۆڵی ئامادەکارانە بریتییە لە ڕۆڵێکی بنچینەییە… با بەردەوام بین بەهەر شێوەیەک دەتوانین و دەمانەوێت – هیچ خورافاتێکمان ناوێت، بەڵام تەنانەت زیاتر لەوەش، خۆمان تەسلیمی شکست ناکەین»[5].

هەڵبەت بیرۆکەی «شکستخوازیی ناچالاک» – دیارە بەبێ بەکارهێنانی ئەم ناوە – بیرۆکەیەکی کۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە. دەزانین سەردەمی مۆدێرن و کۆمەڵگە و دەوڵەتی مۆدێرن، چەمکی کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ، کەرامەتی کار و سەرهەڵدانی چەمکی هاووڵاتیی لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩دا دەستپێدەکات. ئەو شۆڕشە دەرفەتێکی خوڵقاند مرۆڤی خوارەوەی کۆمەڵگە لە ڕەعییەت، کۆیلە و وابەستەی زەوییەوە، وەک هاووڵاتیی سەربەخۆ و وەک بکەری سیاسیی هەست بەخۆی بکات. پڕیشکی ئەم شۆڕشە لە فەڕەنساوە پەڕییەوە بۆ ئەڵمانیا، واتا ئەڵمانیا تەنها وڵات بوو لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر جۆش و خرۆشی بۆ شۆڕشی فەڕەسنیی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێش شۆڕشەکە، لە فەلسەفەدا، لای ئەمانوێل کانت و لای فیشتە تیۆری شۆڕشگێڕیی دەرکەوتبوو، بەڵام وەرنەگێڕدرابووە سەر واقیعی سیاسیی و شەقام. هەرلەبەر ئەوە ئەڵمانیا بەخێرایی پێشوازیی لە شۆڕشەکە کرد، بەڵام بەرەی دژە-شۆڕشیش دەستەوەستان نەبوو. شۆڕشەکە هەڕەشەی لە هەموو نەزمی کۆن دەکرد، لە سەرجەمی پاشایەتییەکان، فیودالیزم و ئەریستۆکراتیی، لە مەسیحییەت و کۆی دامەزراوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی هەزاران ساڵە، بەڵکو هەڕەشەی لە کۆی ئیمپراتۆریەتە دامەزراوەکان دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شۆڕشەکان لە ئەڵمانیا سەریانهەڵدا، لێیاندرا، لاواز بوون، ڕێکخستنیان باش نەبوو، شکستیان دەهێنا و دووبارە هەڵدەستانەوە. بەڵام ئەم شۆڕشانە ترس و دڵەڕاوکێیان لای زۆربەی هەرە زۆری فیودال و ئەریستۆکرات و قەشەکان دروستکردبوو. بۆرژوازیی، لیبراڵەکان، کۆنەپارێز و کۆنزەرڤاتیڤەکان و لایەنگرانی ڕژێمی کۆن دەیانزانی بە تەنها بە سوپاکانیان ناتوانن شکست بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی جەماوەریی بهێنن ناچار پەنایان بۆ ئایدیۆلۆژیا لە مەسیحیییەتەوە تا فەلسەفە دەبرد. لەو سەروبەندەدا لە ئەڵمانیا فەلسەفەیەکی ڕەشبین سەریهەڵدا تا دژ بە فەلسەفەی گەشبین، پێشکەوتن، عەقڵانیی و شۆڕش. یاخود وەک پاشا فریدریش ڤیلهێلمی چوارەمی پروسیا (١٧٩٥-١٨٦١) پلانی بۆ دانابوو، دەبوو ئەڵمانیا لەو شتە پاکبکرێتەوە کە ئەلێکساندەر هێرتزل پێیدەگوت «دیالەکتیکی هێگل وەک جەبری شۆڕش». لەبەرئەوە، پاشا فریدریش شیللینگ (هاوڕێ کۆنەکەی هێگل و ئێستا دوژمنی هێگل و شۆڕشی فەڕەنسیی) لە توبینگنەوە بانگدەکاتە بەرلین و کورسی پرۆفیسۆریی پێدەدەن تا ئاسەواری فەلسەفەی هێگل لەسەر خاکی ئەڵمانیا بسڕێتەوە[6]. هەڵبەت هەر بەوەوە نەوەستان بگرە هەرچی لایەنگرانی فەلسەفەی هێگل بوو لە زانکۆکانی ئەڵمانیا دەرکران، یەکێک لەو لاوە هێگلییانە کاڕڵ مارکس بوو. لەبەرانبەردا زانکۆی ئەڵمانیی پڕکرا لەو بیرمەندانەی بانگەوازیان بۆ فەلسەفەی ڕەشبینیی دەکرد، و داوای گەڕاندنەوەی نەزمی کۆنیان دەکرد، چونکە پێیانوابوو گەشبینیی بلیمەتیی دەکوژێت و ڕێگە خۆشدەکات جەماوەری «ڕەشووڕووت» و «بێ فۆرم» و «کرێکاران» دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.

لەم نێوەندە و لە ژینگەی کۆنەپارێزیی ئەڵمانییدا، دوو ئاراستە بۆ «شکستخوازیی ناچالاک» سەریانهەڵدا، بەوەدا تەنانەت هەم دەتوانێت لەڕێگەی بانگەوازە فەلسەفیی و ئایینییەکانەوە هەم سیاسییەکانەوە جەماوەر بەوە ڕازی بکات کە نەزمی کۆن باشترە لە نەزمی نوێ، بگرە نەزمی نوێ نەفرەتێکی خواییە، شۆڕشی فەڕەنسیی، وەک ئێدموند بێرک، ڕابەری کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان باسی دەکات، تۆڵەی خوا بوو لە توانای مرۆڤ، و ئەو خوێنەی ڕژا، پاککردنەوەی دڵ و دەروون بوو[7]. لەو سەردەمدا گەڕانەوە بۆ نەزمی پاشایەتیی، نەزمی کۆن و سەردەمی فیودالیزم، کە لیبراڵەکان و کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپارێزەکان بەیەکسان بانگەوازیان بۆ دەکرد، تەنها ڕێگەی تێدەچوو ئەگەر کولتوور و ئایدیایەکی ڕەشبینیی بڵاوبکرێتەوە بەوەدا کە مرۆڤایەتیی لە ئەزەلەوە گوناهبارە و بە سروشت نەگۆڕە، کەواتە باشترین شت ئەوەیە دان بە شکستی خۆیدا بنێت و چیتر خوێنی خۆی نەڕێژێت. شکستی ناچالاکیش ئەوە بوو کە دەبوو تۆ بگەڕێیتەوە ناو دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای بەڕێوەبەر، پاشایەتیی یاخود کۆمارییش بێت بەڵام بە حوکمی پاشاوە. مرۆڤ ئیتر هەوڵدەدرا لە ئایدیای خۆ-بەڕێوەبردن، خود-سەروەریی، وشیاریی سەربەخۆ و نائایینیی، وشیاریی دەرە فیودالیی و هتد دووربخرێتەوە و بڕیارەکانی وابەستە بکرێنەوە بە کولتوور و نەزمی سیاسیی کۆن. لەم ڕێگەیەشدا ئەوانەی بانگەشەیان بۆ کولتوور و سیاسەتی گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ نێو ڕژێم و نەزمی کۆن (Ancien Régime) دەکرد سیاسەتمەدارە کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان، قەشە و بیرمەندە کۆنزەرڤاتیڤەکان بوون.

بەڵام هەروەها زۆرێکیش لەوانە هەبوون کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی پێشوو وەرچەرخابوون و ئێستا ببوون بە کەسانی کۆنەپارێز و دژە-شۆڕش. بەمانە دەگوترا «Märzgefallene»، وشە-بە-وشە واتا: قوربانیانی مانگی ئازار، بەڵام لە مانای سیاسییدا بە واتای «هەلپەرست، ئۆپۆرتۆنیست» دێت. کاتێک سوپا پیادەڕەوەکانی پاشا فریدریشی چوارەمی پروسیا گەیشتنە بەرلین و باریکاد و سەنگەرەکانی شەقامی شۆڕشی ١٨٤٨یان تێکشکاند، شۆڕشی مافە دیموکراتییەکانی نێوان ١٨ بۆ ١٩ی مانگی ئازار، مافەکانی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی کۆبوونەوە، ئازادیی چاپەمەنیی و مافی دەنگدانی گشتیی (هەڵبەت ئەوکات تەنها پیاوان)، ئەوا بەشێکی ئەوانەی پێشتر هاندەری شۆڕشەکە یاخود ڕابەران و کادرانی پارتە لیبرالییەکانی ناو شۆڕشەکە بوون، لەگەڵ پاشادا یەکیان گرت و چوونە ناو کابینە حکومییەکەیەوە یاخود هەندێکیان پۆستی ئەکادیمیی و دامەزراوە پەروەردەییەکان و چاپەمەنییەکانیان وەرگرت و لەوێوە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ئایدیالە ڕەشبینییەکان و بانگەواز بۆ «شکستخوازیی ناچالاک» کە وابکەن جەماوەری شۆڕشگێڕی ئەڵمانیی لەڕێگەی ئایدیۆلۆژیای سیاسیی، فەلسەفیی و ئایینییەوە خاو و سارد بکەنەوە و لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتی ناوەنددا بەکاری بهێننەوە. یەکێک لە جۆرنالە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بەناوی «جۆرناڵی دەوڵەتیی پروسیی» (Preußischen Staats-Zeitung)، یەکێک لە بەربڵاوترین جۆرنالەکان کە پاشا فریدریش خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی دەکرد، ببووە شوێنی کۆبوونەوەی هەموو ئەوانەی بە «Märzgefallene» ناودەبران، یەکێک لە دیارترین بیرمەندانی لیبراڵی ئەڵمانیی لەو سەردەمەدا ڕودۆلف هایم (١٨٢١-١٩٠١) و پرۆفیسۆری زانکۆی بەرلین بوو، لە نەیارە سەرسەختەکانی هێگل و لە بانگەشەکارانی سەرسەختی کولتووری «شکستخوازیی ناچالاک» بوو[8]. هەڵبەت ئەوانەی بە «Märzgefallene» ناسراون، لە ١٩٣٣یشدا گەڕانەوە، ئەوانیش هەر لە مانگی ئازاردا کاتێک هیتلەر وەک ڕاوێژکار بۆ هەمیشە هەڵبژێردرا بوو. بەشێک لەوانەی چوونە پاڵ هیتلەرەوە، هەموو ئەوانە بوون پێشتر لە بزووتنەوەکانی دیکەدا یان نەیانتوانیبوو بە دەسەڵاتێکی سیاسیی بگەن یاخود بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئەکادیمیی. زۆرێک لەوانەی مەحاڵ بوو لەسەردەمی کۆماری ڤایماردا ببنە سەرۆکی زانکۆکان، لە ١٩٣٣دا هەڵبژێردران و بوون بە سەرۆک زانکۆ و یان دامەزراوەکانی دیکە.

لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا، «شکستخوازیی ناچالاک» بانگەوازی کۆمەڵێک بیرمەند، لیبراڵ، کۆنزەرڤاتیڤ، قەشە و سیاسەتمەداری کەمینە بووە بەڵام وەک گوتاری گشتیی کۆمەڵگە بانگەوازیان بۆ کردووە. لە هەموو حاڵەتەکانیشدا ئەوانەی ڕابەرایەتیی ئەم گوتارەیان کردووە کەسانی ئۆپۆرتۆنیست و دەسەڵاتخواز بوون، کە پێشتر تەواو دژی نەزمی باڵادەست بوون، بەڵام لەگەڵ شکستی ئەو پڕۆژانەی دەیانویست خۆیان ڕابەرایەتیی بکەن، یەکسەر سوکانی کەشتییەکانیان بەرەو نەزمی کۆن و پاشا و شازادە و سەرکردە کۆنەپارێزەکان دەسووڕاندەوە. بەشێکی زۆر لەوانەی بە «Märzgefallene» ناودەبرێن، پێشتر چەندین جۆری فۆرم و پراکتیک و تاکتیکی سیاسیی دیکەیان تاقیکردبووەوە تا دواجار لە ١٨٤٨ لە کۆشکی پاشا و لە ١٩٣٣ لەناو مەیدانە فراوانەکانی نمایشی سەربازیی نازییەکاندا ڕووخساریان دەرکەوتەوە.

تا ئێرە پێموایە ئەم کورتە مێژووە کۆمەکمان پێبکات لە گوتاری ئەوانە تێبگەین کە ئێستا بانگەواز بۆ گەڕانەوەی سەروەریی عێڕاق دەکەن.

 

ئابووریی سیاسیی گوتاری عێڕاقچێتیی

بۆچی پارادۆکسەکانی گوتاری عێڕاقچێتیی؟ سەرەتا پێمخۆشە بە کورتیی باسی ئەوە بکەم بۆچوی ئەم چەمکە. لە ڕاستیدا ئەوانەی بانگەشە بۆ سەروەریی عێڕاق دەکەن، پێیاناخۆشە پێیان بڵێیت عێڕاقچیی، چونکە لە ڕاستیدا عێڕاقچیی خۆی جوێنێکی سیاسیی بووە کاتی خۆی سەرانی کوردایەتیی، تاڵەبانی و بارزانیی، بۆ نەیارانی سیاسیی خۆیان دایانهێناوە. بەتایبەتیش بۆ شاسوار جەلال (شەهید ئارام) تا لەو ڕێگایەوە بە سانایی زەینی خەڵکی چەوساوە و خەباتگێڕی کوردستان مانیپولە و کۆنتڕۆڵ و دەستکاریی بکەن بەو ئاراستەیەدا کە خۆیان دەیانەوێت. کاتێک گەنجێکی کورد خەبات دژی پڕۆژەی فاشیزمی بەعس دەکات، بۆی دەربکەوێت ئەوەی دەیکات هیچ نییە جگە لە خزمەتکردنەوە بە عێڕاق ئەوا

كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق – گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

بەزوویی تووشیی نائومێدیی و ڕەشبینیی دەبێت یاخود لەو ڕەوتە هەڵدەگەڕێتەوە کە کاری بۆ دەکات. سەرانی کوردایەتیی دەیانویست لەڕێگەی داتاشینی چەمکی عێڕاقچێتیی بۆ شەهید ئارام و کۆمەڵەی ڕەنجدەران، لایەنگرانیان پەرتەوازە بکەن، ڕابەرانیان بێ بەها بکەن و ئەندامانیان بەرەو خۆیان کێشبکەن. لەم ڕووەوە کاتێک من لێرەدا چەمکی عێڕاقچێتیی بەکاردەهێنم، بەبێگومان ورد ئاگام لەم مێژووە هەیە، لەبەرئەوە لە ڕوانگەی کوردایەتییەوە بۆ بیرمەندان و ڕابەرانی چەپ بەکاری ناهێنم، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێستا ئەم گوتارە، کە پێشتریش گوتوومە تەواوکەری گوتاری کوردایەتییە، بۆ ئەوە سەریهەڵداوە دژایەتیی نەک کوردایەتیی، بەڵکو کۆنتڕۆڵی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بکات.

لە مێژووی ئەم ١٥ ساڵەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا سەلماوە کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لەژێر گوتاری بەلاغیی پۆپۆلیستییانەدا هەمیشە بۆ دوو مەبەست بووە: پەڕینەوە بەسەر پشتی جەماوەردا بۆ لوتکەی دەسەڵات و فرۆشتنی خواستەکانی جەماوەر بۆ بەدەستهێنانی سامان و دەسەڵاتی زیاتر. ئێستاش کە گوتاری کوردایەتیی وەک ئیسلامیزم (کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزووتنەوە)، ناسیۆنالیزم (بارزانیی)، ڕیفۆرمیزم (نەوشیروان مستەفا)، سۆسیال دیموکراتیی (یەکێتیی)، نیۆلیبرالیزم (نەوەی نوێ)، هەمووی شکستی هێناوە و چیتر جەماوەر باوەڕی پێناکات و ئەم گوتارانە ناتوانن چیتر ببنە خۆراک و هەوێنی وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵک و وەهمی دەوڵەتی کوردییش لە ڕیفراندۆمە سازشکارییەکەی بەرزانییدا وەک دووکەڵ تووایەوە، ئێستا دەبێت گوتارێکی دیکەی کەمتر مەترسیدار سەرهەڵبدات، لە بنەڕەتدا هیچ مەترسییەکی بۆسەر نەزمی باڵادەست تێدا نییە، بەتایبەت بۆسەر بنەماڵەی بەرزانیی، چونکە هەم لەڕووی سیاسیی و هەم یاسای نێودەوڵەتییەوە، هەموو ئەوانەی بانگەشە بۆ گوتاری عێڕاقچێتیی دەکەن، باش ئاگایان لەوەیە عێڕاق ئێستا بریتییە لە هاوبەشیی سیاسیی: کورد و عەرەب و شیعە و سوننە و پێکهاتەکانی دیکە و هەمیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕێگە بەوە نادات سوپای عێڕاق کۆنتڕۆڵی کۆی عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات، ئەوا هێشتا ئامادەن بەشێوەیەکی پۆپۆلیستیی بانگەواز بۆ گەڕاندنەوەی عێڕاق بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا باش ئاگایان لەو ڕاستییانە هەیە و دەشزانن پڕۆژەیەکی وەها لە ئێستادا بە موتڵەقیی مەحاڵە.

زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی سەر بەم گوتارەن، باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم هەیە، باشیش دەزانن ئەمریکا لوتکەی ئەم لیبرالیزمەیە، هەروەها ئەوەش دەزانن ئەمریکا ڕێگە نادات عێڕاق و سوپاکەی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بکات، ئەو جەنگەی لە ٢٠٠٣ بەرپای کردووە، بۆ ئەوە نەبووە ئێران بکاتەوە بە حوکمڕانی هەموو عێڕاق، ئەی سەرەڕای هەموو ئەم ڕاستییانە، لەپای چی بانگەشەکردن بۆ ئەم گوتارە؟ پێموایە خوێنەر تا ئێرە کۆمەڵێک سەرەداوی باشی دەستکەوتبێت.

یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بە دەسەڵات و سامان، لە سەردەمی نوێدا بریتییە لە بەکارهێنانی سایکۆلۆژیای کێشکردنی پۆپۆلیستیی. پۆپۆلیزم بە سانایی پەنا دەباتە بەر ئەو شوێنانەی سۆزی جەماوەر کە دەکرێت بە سانایی خراپ بقۆزرێنەوە، ئەو شوێنانەی دەکرێت زیانیان پێبگات، یاخود بە سانایی لەسەردەمی ئەو شۆک و هەژانە دەروونییانەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆیاندا دەیانهێنن. گوتاری پۆپۆلیستی وا خۆی پیشان دەدات کە نوێنەرایەتیی گروپی زیانلێکەوتوو دەکات، شووناسی بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو مەترسییانە ڕزگاری دەکات کە لە دەرەوە هەڕەشەی لێدەکەن. ئەم گوتارە دەڵێت گروپی نوێنەرایەتیکراو پێویستی بە شووناسێکی ئەرێنیی هەیە وەک خەسڵەتێکی پەرەسەندنخوازانەی بنچینەیی مرۆیی. ئەزموونەکانی مەحرومبوون و نادڵنیایی بەسانایی وادەکەن پێویستبوون بۆ بەدەستهێنانی مانایەک (هەڵبەت ڕەمزیی) چالاکتر ببن. کاتێک پۆپۆلیستەکان هەستدەکەن لە کۆمەڵگەدا غیابی بزووتنەوەیەکی وشیاری سیاسیی هەیە، ئەوان خۆیان وەک تاقانە نوێنەر پیشان دەدەن کە بەرژەوەندییەکانی گروپی زیانلێکەوتوو دەنوێننەوە و نوێنەرایەتیی ئەو بەرژەوەندییانە دەکەن. بۆ نموونە هێنری تایفل، سایکۆلۆژیستی کۆمەڵایەتیی دەڵێت بۆ ئەوەی لە هەلومەرمەرجانە تێبگەین کە پێویستن بۆ خەڵکانێک خۆیان لەگەڵ «گروپی ناوەوە»دا یەکبخەن و دژی «گروپی دەرەوە» بجەنگن، پێویستە لەو سایکۆلۆژیایە تێبگەین ئەم تاسە و جۆش و خرۆش بۆ ئەم شووناسە دەوروژێنێت. دەرەنجامی ئەم پرۆسانەش دوو لایەنی لێدەکەوێتەوە کە هەردووکیان مەترسیدارن: نواندنەوەی پۆپۆلیستییانەی بەرژەوەندیی گروپ و سەرهەڵدانی نارسیزمی دەستەجەمعیی. ئەمڕۆ نارسیزمی دەستەجەمعیی لەناو زۆربەی زۆری بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانی خۆرئاوا وەک ترەمپیزم لە ئەمریکا، لایەنگرانی ئوکیپ برێکزت لە بریتانیا، حکومەتی ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا، ژایر بۆلسۆنارۆ لە بەڕازیل و هتد بە فراوانیی دەبینرێن[9]. لەم ڕووەوە ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە بەهیچ شێوەیەک لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە ئازاری جەماوەر و خەڵک دانەمەزراوە، بەڵکو بەتەنها ئازار و هەژان و قەیرانەکانی خەڵک خراپ بۆ هەڵزنان بە لوتکەکانی سامان و دەسەڵاتدا بەکاردەهێنێت و هەرزوو دوای گەیشتن بەم پلەیە، دەکەوێتە سازش و دانووستان لەگەڵ ئەو هێزانەی هۆکاری چەوساندنەوە و ستەمکردنن لە خەڵک، بەڵام هێشتا ئەم گوتارە پێدادەگرێت کە ئەمەش هەر لە بەرژەوەندیی خەڵک و جەماوەرە، چونکە ئێستا لە گوتاری پۆپۆلیستیی دادەبەزن و ئەمجارە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە دەکرێت «وڵاتی خۆمان خۆشبوێت و بە ئاشتیی کێشەکان چارەسەر بکەین». باشترین بەخششێک ئەم گوتارە پێشکەشی هێزی باڵادەستی بکات، دامرکاندنەوەی هەست و سۆزی یاخییانە و شۆڕشگێڕییانەی ناڕێکخراوی خەڵکە و ڕێکخستنییەتی لە گوتاری پەرلەمانتاریزمدا و باشترین شتێکیش پێشکەشی ئەو جەماوەرەی بکات، ئەوەیە کە دەڵێت شەڕ لەسەر بەرژەوەندییەکانی دەکات لە پەرلەمان.

هەر لەبەرئەم هۆکارە، بەشی زۆری ئەوانەی لەناو حزبەکانی پێشوودا (گۆڕان، یەکێتیی، ئیسلامییەکان، ئێستاش باندە دژە سیاسییەکەی شاسوار عەبدولواحید) لەناو حزبەکانی خۆیان نەیانتوانی بە پێگەیەکی باڵا بگەن و دەستیان لە سامانی کوردستان گیرببێت، بەرەو گوتاری عێڕاقچێتیی بایانداوەتەوە و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە (هەڵبەت گوایە) دژایەتیی بارزانیی بکەن. ئێستا هەندێک لەوانەشی هاتووەتە سەر کە لە وڵاتانی خۆرئاوا فەشەلیان لە گەیشتن بە پێگەیەکی گونجاوی کاریی (بەهەر هۆیەک بێت) هێناوە و بوونەتە یوتوبەر، وتارنووسی فەیسبووکیی، نمایشکاری ئینستاگرام و تویتخوێن، هەمان گوتاری کۆنی بەسەرچوو هەڵدەگرنەوە: زمانی ئاگرینی دژە-بارزانیی، بۆ لەخشتەبردنی خەڵک. یەکێک لەو کارەساتە تراژیدیی-کۆمیدییانەش کە بەسەر خەڵکی سلێمانیی و ناوچەکانی دەوروبەریدا هاتووە ئەوەیە ئێستا بە ئاسانیی خەڵکی ئەو ناوچانە بوونەتە کۆمەڵێک دانیشتووان خۆشباوەڕ بن و بەهەموو گوتارێکی دژە-بارزانیی خۆشحاڵ بن و ڕاستەوخۆ دەچنە پاڵی. هەر لەبەر ئەو دۆخە تراژیدییەی تێیکەوتوون و دەسەڵات ڕۆژ بەڕۆژ کەرامەتی مرۆییان دەڕووشێنێت، لەوە کەوتوون بە سانایی بیر لەڕێگەچارەی عەقڵانیی بکەنەوە، بۆیە ئەوەی دوێنێ بە گوتاری ئاگرینی پۆپۆلیستیی ئازایەتیی و جورئەتی شۆڕشگێڕانەی دزیبوون و بردبوویان لەسەر مێزی دەسەڵات قووماریان لەسەر دەکرد، لەبیری دەکات و خێرا پێشوازیی لە گوتاری ئەو کەسانە دەکات کە تا دوێنێ لەناو هەمان ئەو حزبەدا بوون کە ئێستا دەڵێن خیانەتی لێکردوون. ئەمجۆرە بێ بیرکردنەوەیە لە دوێنێ، هەمیشە مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی هەمان دوێنێ لە سبەینێدا. پۆپۆلیزم باشترین و زێڕینترین دەرفەتی خۆی لەنێو دۆخی هەژان و قەیرانی دەروونیی خەڵکدا دەدۆزێتەوە. ئێستا سلێمانیی و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەو شوێنە هەژاو و شۆکگرتوو و قەیرانییەن هەموو گوتارێک دەتوانێت بە ئاسانیی زەفەریان پێ ببات و دەستکارییان بکات و ئازاری ئەوان بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسیی خۆی بەکاربهێنێت.

 

مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان موسته‌فا

زۆر دوور نەڕۆین دەزانین نەوشیروان مستەفا بە گوتاری ئاگرین دژی بارزانی دەستیپێکرد، زۆربەی خەڵکی ناوچەی سلێمانیی و دەوروبەری شوێنی کەوتن، کەچی زۆری نەبرد لەسەری ڕەش گیرسایەوە، لە ٢٠١٤دا بە سانایی گووتی کە ئەوان چیتر شەقامێکی نائارامیان ناوێت و بەڵکو دەچنە ناو حکومەت تا شەقام ئارام بکەنەوە. بە کورتیی هەموو ناڕەزایەتییە کەڵەکەکراوەکانی خەڵک لە ٢٠٠٥ بەدواوە تا ٢٠١٤ وزەی بنچینەیی بوون تا ڕابەری بزووتنەوەی گۆڕان بە سەری ڕەشیان بفرۆشێت. ئەوە ڕوونە کە ڕیشەی ئەم ئارامکردنەوەیەی شەقام لای گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات، کە بە ڕەسمیی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ تۆمەتبار دەکەن تا دواتر دەستی بەسەردا دەگرن و کۆنتڕۆڵی دەکەن. یەکێتیی پێشتر بە گوتاری لەناوبردنی پارتی دەستپێکردبوو، کەچی وەک هەمووتان دەزانن تاڵەبانی حزبەکەی تەسلیمی پارتی کرد. یەکگرتوو بەهەمان شێوە. ئێستاش باندە دژە-سیاسییەکەی شاسوار عەبدولواحید کە پێویست ناکات باسی چیرۆکی ئەم دواییەی بکەین کە چۆن لە پەرلەمانی بەغدا چوونە پاڵ کاندیدەکەی بەرزانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی عێڕاق. جا هەرکە ڕووی ڕاستەقینەی شاسواریش بۆ خەڵک دەرکەوت کە داشێکی دامەی هەمان سیاسەتی کوردایەتییە، ئێستا تەنها گوتار ماوە پەنای بۆبەرن: عێڕاقچێتییە گوایە کوردستان لەڕێگەی عێڕاقەوە لە دەسەڵاتی بارزانیی/کوردایەتیی ڕزگار دەکەن.

بەڵام ئەم گوتارەش دوا وێستگەی شەمەنەفەرەکەی، هەر سەری ڕەش دەبێت و دەیبینن. کێ هێندەی مەسعوود حەیدەر، عەلی حەمەساڵح، هەڤاڵ ئەبوبەکر، ڕێباز حەملان، ڕابوون مەعروف و هتد دەمی گەرم بوو دژ بە بنەماڵەی بارزانیی؟ ئێستا لەکوێن ئەوان؟ هەموو ئەوانەی بە دژە-بارزانیی دەستیانپێکرد، سەرەنجام وێستگەی کۆتایی شەمەنەفەرەکەیان ماڵی بارزانیی و سەری ڕەش بوو. ئەم مێژووە زۆر دوور و درێژ نییە بە سانایی فەرامۆشی بکەین. یەکێک لە دوژمنە گەورەکانی مرۆڤی چەوساوە و ستەملێکراو، تەنها دیکتاتۆر و ستەمکارەکان نین، بەڵکو فەرامۆشیی خۆی دوژمنێکی گەورەیە نەتوانین دوێنێی نزیک بەبیر خۆمان بهێنینەوە. هەموو ئەوانەی دوێنێ فەرامۆش دەکەن، سبەی پێیان لە هەمان دەچەقێتەوە. بێ هۆ نییە ڕۆشنبیرانی پۆستمۆدێرنیست و لیبراڵ هەمیشە تیۆری هێگلیان بۆ مێژوو داوەتە بەر هێرشی ڕەخنە، بەوەدا کە هێگل مێژوو دەکاتە بنچینەی بیرکردنەوە، لە کاتێکدا مێژوو ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە ژیانی مرۆڤدا نییە. بەپێچەوانەوە هێگل لەو یەکەم بیرمەندانەی مۆدێرنیتە بوو زوو بەگوێی مرۆڤی مۆدێرنیدا چرپاند ئەگەر دەتانەوێت بگەنە سەربەستیی دژی فەرامۆشیی بجەنگن. گوتاری ئێستای عێڕاقچێتیی دژە-بارزانیی هیچ نییە جگە لەوەی بە ماڵباتی بارزانیی بڵێت لە داهاتوی نزیکدا ئێمەش میوانی ماڵەکەت دەبین. یاخود گوتاری دژە-بارزانیی کە ئێستا لە گوتاری عێڕاقچێتییدا سەریدەرهێناوە و پێشتر فۆرمی یەکێتیی، گۆڕان، نەوەی نوێی هەبوو، هیچ نییە جگە لە تیکێتی شەمەنەفەر بۆ گەیشتن بە وێستگەی سەری ڕەش.

ئەوەی وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵکی هەولێر و بادینان مەیلی بۆ ئەو ماڵباتە هەبێت، ئەو گوتارە ساختە دژە-بارزانییەی ناوچەی سلێمانییە. دژایەتیکردنی شەعبەویی و پۆپۆلیستییانەی ماڵباتی بارزانیی، بەگشتیی بە دوو جۆر پێگەی پارتیی لەناوچەی هەولێر و بادینان بەهێزتر کردووە، بەوەدا پارتی و ماڵباتی بارزانیی زیرەکانە ئەو گوتارەی ناوچەی سلێمانییان گۆڕیوە بۆ ماتریالی ترس و دروستکردنی دوژمنی وەهمیی کە دەیەوێت بەختەوەرییەکانی هەولێر و دهۆک بدزێت و لایەنی دووەمیش شکستهێنان بەو دوژمنانە (واتا سازشی نەیارە ساختەکان) دیسان بووەتە هۆی بەهێزتربوونی پێگەی ماڵباتی بارزانی. بەڵام دروستکردنی کەشی ترس و تۆقین لە ماڵباتی بارزانیی میکانیزمێکی باشی دەروونیی بووە بۆ ئەوەی ئەم گوتارانە دەنگ و سەرنجی ناڕازییان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، کاتێکیش لەگەڵ ماڵباتەکە و حزبەکەیدا دادەنیشن، ئەم دانیشتنەش وەک میکانیزمی سەرکەوتن دەفرۆشنەوە بەوەدا کە توانیویانە «کەسێکی کەلەڕەق و ترسناکی وەک بەرزانیی» بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەمە لە لایەک کە چۆن کاردانەوەی سایکۆلۆژیی گوتاری عێڕاقچێتیی تا ئێرە بڕیکردووە، بەڵام ڕەهەندێکی دیکەی ئەم گوتارە کە دیسان دەیبەستێتەوە بە گوتاری کوردایەتییەوە، بریتییە لە ڕەهەندی ئابووریی سیاسیی ئەم گوتارە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بەرنامەی ئابووریی سیاسیی ئەم گوتارە بۆ چارەسەری قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان چییە؟ کەواتە دەکرێت بە ڕەهایی بڵێین نەک تەنها هیچ بەرنامەیەکی ڕوون و شیکارییەکی ڕوون و ڕاشکاو و هەڵوێستێکی ڕاستەقینەی بەرانبەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بگرە زۆربەی جار کێشە کۆمەڵایەتییەکان و خواستە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە، هەم هەرێم و هەم ناوەند (بگرە لە بنەڕەتدا باسی ئابووریی سیاسیی ناوەند ناکات) ناڕوون دەکات و کۆی کێشەی هەرێمی کوردستان لە چەند چەمکێکی بەلاغیی و ڕیتۆریکی وەک: ڕانتخۆریی، مافیای نەوت، چەتە، و هتددا کورت دەکاتەوە، شتگەلێک کە میدیای گوتاری کوردایەتیی (بەتایبەت میدیای سێبەر) خۆی هەمیشە باسی دەکات و ئەمانە بوونەتە چەمکی باو و گشتیی کۆمەڵگە و هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە دەیانزانن.

کاتێک سیستەمێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فۆرمێکی حوکمڕانیی بە تەواویی دادەخورێت و گەندەڵ دەبێت، زیانمەندانی سەرەکیی کۆمەڵگە خەڵکانی خوارەوە و بەشێکی چینی ناوەڕاست دەبن. لەناو دڵی ئەم بێهیواییەی لەم زیانەوە، ئەم ڕەشبینیی و هەستوسۆزی توڕەییەی لەم کەرامەت شکاندنەوە سەرچاوە دەگرێت، سیاسەتێکی پۆپۆلیستییانە و هەلپەرست سەرهەڵدەدات ئەم وزەی تووڕەییە بگۆڕێت بۆ پەیژەی خۆی بۆ هەڵزنان بە لوتکەکانی سامان و دەسەڵاتدا. سیاسەتی ڕاستڕەوی پۆپۆلیست لە خۆرئاوا بەگشتیی لەناوچە هەژارنشینەکان سەریهەڵداوە، هەمیشە هەوڵیداوە تووڕەیی و بەدبەختیی ئەو خەڵکە بکاتە خاڵی دەستپێکی بەهێزبوونی خۆی، بەڵام هیچ کاتێک لە هێرشەکانیدا بۆسەر سیستەمی باو، ئەو هۆکارانەی نەکردوونەتە ئامانج کە بەدبەختیی ئەم خەڵکەیان لێکەوتووەتەوە: سیستەمی بازاڕ و سەرمایەداریی، بەڵکو تەنها هەوڵیانداوە دوژمنێکی وەهمیی دروستبکەن. ئەگەر نموونەیەکی دیار و بەرچاو وەربگرین: پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (نیۆ نازییەکان) بە گشتیی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا بەهێزن، لەو ناوچانە هەژاریی و نەخوێندەوارییەکی زۆر هەیە، بەڵام ئەو حزبە لە هێرشەکانیدا بۆسەر حکومەتەکەی ئەنگێلا مێرکڵ لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرگیز باسی ئەو سیاستە نیۆلیبراڵییە ئابوورییانەی دەوڵەتەکەی نەکردووە کە بووەتە هۆی بێکاریی، هەژاریی، نەخوێندەواریی، پیربوون، کۆچی بەلێشاوی دانیشتوانی لاوی ئەو ناوچانە، واتا ئەو سیاسەتەی دوای ڕووخانی دیواری بەرلین گرتیانە بەر، بەڵکو هەمیشە یەک دوژمنی وەهمی بە بەدبەختیی ئەو خەڵکە لەقەڵەم دەدەن: پەنابەران. ئەگەر بەراوردێکی دیمۆگرافیی دانیشتوانی ناوچەی هێزی ڕاستڕەوەکان و ئەڵمانیای خۆرئاوا بکەین، دەبینین تەنها شاری میونشن هێندەی هەرسێ هەرێمەکەی ئەڵمانیای خۆرهەڵات (ناوچەی نفوزی ڕاستڕەوەکان) پەنابەر و کۆچبەری لێیە، کەچی حزبە ڕاستڕەوەکە لە میونشن لە لاوازترین ئاستی خۆی دایە. حزبە ڕاستڕەوەکە ساویلکەیی دانیشتوانی نەخوێندەوار و هەژار بەکاردەهێنێت تا هەستوسۆزیان بقۆزێتەوە و وێنەی دوژمنێکی وەهمیان بۆ دابتاشێت: کۆچبەران، لە کاتێکدا لەناو سیستەمی ئابووریی سیاسیی ئەڵمانیادا کۆچبەرێک دووجار زیاتر لە کرێکارێکی سادەی ئەڵمانیی دەچەوسێنرێتەوە و قوربانییە، بەڵام دەبینین بە هۆکاری هەموو بەدبەختییەکانی هەژاریی لەقەڵەم دەدرێت. حزبەکە کاتێک ئەڵمانیا ئەمساڵ بڕیار دەدات ١٠٠ ملیار یۆرۆ بۆ سوپا تەرخانبکات، هیچ ناڕەزایەتییەک دەرنابڕێت، لەکاتێکدا بەو پارەیە هەرسێ هەرێمە هەژارەکەی ئەڵمانیا کۆی هەژاریی و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت، بەڵکو دیسان کێشەکە بە دوژمنی وەهمییەوە دەبەستێتەوە. شایانی باسە، سەران و ڕابەرانی سەرەکیی ئەو حزبە ڕاستڕەوە ئەڵمانییەش، لە حزبەکانی دیکەوە هاتوون، زۆرینەیان لە حزبەکەی مێرکل و بەشێکیان لە لیبراڵەکان و سۆسیال دیموکراتەکانەوە هاتوون کە بەهەر هۆیەک بێت لەوێ شکستیان هێنابوو بگەنە پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات. کەواتە دەسەڵاتخوازیی یەکێک بووە لە خاڵە بنچینەییەکانی سەرهەڵدانی ئەم گوتارە.

ئەم شتە بە هەمان شێوە لە کوردستانیشدا ڕاستە، هەڵگرانی گوتاری دژە-ماڵباتی بارزانی جگە لە باسکردنی ئەو چەمکە باوەی هەموو خەڵک دەیزانێت: تاڵانیی نەوت، هیچ شتێکی دیکە لەسەر سیستەمی ئابووریی سیاسیی نەوت ناڵێن، جگە لەوە بەهیچ شێوەیەک باسی قەیرانە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییەکانی عێڕاق و ناوەند ناکەن. باسی کێشەی مەزهەبیی، شەڕی تایفیی، کولتووری خێڵەکیی، گەندەڵیی، خڕوقات و هتد باس و خواسی ئەوان نییە. بەرانبەر بەو هەموو ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییانەی ناوخۆی عێڕاق لە چەند ساڵی ڕابردوودا بێدەنگن، وشەیەکی لەسەر ناڵێن، بە سانایی لەڕێگەی ئەوەی عێڕاق وەک چارەسەری کێشەکانی هەرێم پیشان دەدەن، خۆیان لە باسکردن لە کێشەکانی عێڕاق دەدزنەوە و بەخۆدزینەوەش لە خواستە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک و دانیشتووانی عێڕاق، ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن کە ئەوان نە لە کوردستان و نە لە ناوەند هاوپەیمانی خەڵکی چەوساوە نین، بەڵکو بەسانایی دەڵێن ئێمە هاوپەیمانی سەردەستەکان و ئامانجمان گەیشتنە بە پێگە سیادییەکان و دەسەڵاتی سەروەریی، دادوەریی، بڕیاردان و جێبەجێکردن.

بۆ ئەم گوتارە سەرکەوتوو دەبێت؟ چونکە سیستەمی سیاسیی لە عێڕاق و لە کوردستان دۆخێکی نادڵنیایی، بێدەسەڵاتیی، و ترس لە نەمانی لای هاووڵاتیان دروستکردووە و مرۆڤی بۆسەر ئاستی بوونەوەرێکی زەبوون، زەلیل و بێدەسەڵات کورتکردووەتەوە کە بە ئاسانیی بتوانیت بە بچووکترین بەڵێن کۆنتڕۆڵی بکەیت. داوەشانی پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشەی سیاسەت لە عێڕاق و کوردستان باشترین دەرفەتە بۆ گەشەسەندنی ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە. هەژاریی، نەخوێندەواریی، بەجێهێشتن، نادڵنیایی، بێدەسەڵاتیی و ترس لە داوەشان باشترین خاکی بەپیتە بۆ گەشەسەندنی هەموو گوتارێکی ڕاستڕەو، پۆپۆلیست و خەڵکخڵەتێن[10]. لەو سەردەمانەی بە دیاریکراوی لە ٢٠٠٩ بەدواوە خەڵک یەک بەدوای یەک بزووتنەوەی جۆراوجۆری لە کوردستان تاقیکردنەوە و بێ هیوا بوو، ئیتر هیوایان بۆ داهاتوویەکی باشتر لەدەستدا و وازیان لەوە هێنا هیچ پلانێکی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، لەبەرئەوە بۆشاییەک، بێدەسەڵاتیی و بێ هیواییەک، بێ ئاساییش و نادڵنیاییەک دروستبوو، جۆرێک لە قابیلییەتی زیانپێگەیشتن و برینداربوون (vulnerability) کە هەموو هێزێکی پۆپۆلیست، ئێستا دوایینیان عێڕاقچیی، خۆی پیابکەن و خۆیان بکەن بە نوێنەری داماوییەکانی ئەم خەڵکە، بەڵام ڕوونە ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتیی دەکەن خواستە ڕاستەقینەکانی خەڵک نییە، بگرە بۆشیان گرنگ نییە، بەڵکو خواستەکانی خەڵک ماتریالێکی بنچینەییە بۆ هەڵکشانی سامانی ئەوان و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسیی تا بتوانن لەگەڵ ماڵباتی بارزانیی دابنیشن. لەبەرئەوەیە، پرسی ئابووریی و چینایەتیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی عێڕاق و کوردستان بە موتڵەقیی لەدەرەوەی شیکاریی گوتاری عێڕاقچێتییەوەیە.

نه‌خێر بۆ كۆیله‌كردن و کەنیزەکردنی ژنان – ژنانی ئێراق له‌دژی یاسای جه‌عفه‌ری

خاڵی سێیەم وەک دواخاڵ کێشەی جێندەریی گوتاری عێڕاقچێتییە کە دیسان هەمان گوتاری کوردایەتییە. لە سی ساڵی ڕابردوودا ژن-کوژیی وەک دیاردەیەکی سەرەکیی فۆرمی حوکمڕانیی کوردایەتیی تەشەنەی کردووە. باسمان لەوانە کردووە کە چۆن ئەم گوتارە لەسەر بنەمای وەدەرنانی کێشە بنچینەییە کۆمەڵایەتیی، جێندەریی و کولتوورییەکان دامەزراوە. خێڵ/پیاوسالاریی، دەسەڵاتی قووچەکێتیی پیاو، نێرینەیی، دەسەڵات و هێزی نێرسالاریی، ترس لە نەمانی فەزیلەتە پیاوانەییەکان و خەبات بۆ هێشتنەوەیان بەشی سەرەکیی کۆمەڵگەی عێڕاقیی و کۆمەڵگەی کوردستانیی بووە. سەیر نییە ببینین سەرانی کوردایەتیی هەموویان پیاون بە هەموو فەزیلەتە کۆنە نێرسالارییەکانەوە، سەرانی حکومەتی ناوەندیش بە هەمان شێوە، ئەوەی زۆر سەیرتر نییە، هەڵگرانی گوتاری عێڕاقچێتیی دیسان هەر پیاون، لەبەرئەوەی هاوشێوەی گوتاری کوردایەتیی ترسیان لە یەکسانیی جێندەریی هەیە کە بۆ ئەوان یەکسانیی جێندەریی واتا داوەشان و کەمبوونەوەی هەژموونی پیاو، ئەوا خۆیان لە باسکردنی کێشە جێندەرییەکان لە کوردستان و عێڕاق بەدوور گرتووە. جاروبار باسی ژن-کوژیی دەکەن، بۆ ئەوە نییە بەڕاستیی ژن-کوژیی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بێت، چونکە ئەوان بنەماکانی هیچ یەکێک لە گوتاری باڵادەستی ناوەند و هەرێم ناخەنە ژێرپرسیارەوە، بەڵکو بۆ قۆستنەوەی ئەو دۆخی ناڕەزایەتییەیە کە دەبینن لە خوارەوەی کۆمەڵگە هەڵدەقوڵێت.

پێویست ناکات باسی بەرژەوەندیی دەسەڵات و هەژموونی پیاوانەیی کوردایەتیی بکەین، بۆ هەمووان ڕوونە و زۆریش باسکراوە، بەڵام گوتاری عێڕاقچێتییش نەک نایەوێت هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ ئەمە هەبێت، بەڵکو باش دەزانێت باڵانس و یەکسانیی جێندەریی لە هەر کوێیەکدا زاڵ بێت، دەرفەتی بردنەوە و ئۆپەراسیۆنی گوتارەکەی بەرتەسکتر دەبێتەوە، لەبەرئەوەش کە پیاوانەیی لەهەرکوێیەک زاڵبوو، خاکی بەپیتی تەشەنەکردنی ئەوە، بۆیە بەتەواویی پرسی جێندەرییش هاوشێوەی پرسەکانی دیکە دەخاتە دەرەوەی گوتارەکەیەوە.

 

 

پەراوێز و سەرچاوەکان

[1] Karl Marx, Thesen über Feuerbach, in Marx-Engels Werke, Band 3, Dietz Verlag, Berlin, 1969, Seite 5ff.

[2] Peshraw Mohammed, Die Berge der Superreichen: Klassenkampf in Kurdistan, 07 Oktober 2018, https://www.marx21.de/berge-der-superreichen-klassenkampf-in-kurdistan/

[3] Peshraw Mohammed und Klaus Henning, Kurdistan: Perspektiven des Kampfes um Befreing, Edition Aurora, Berlin, 2018.

[4] Ian Kershaw, Hitler 1936-1945, Vol. II, Penguin Classics, London, 2001, p.168.

[5] Herbert Marcuse, Liberation From the Affluent Society, in David Cooper, The Dialectics of Liberation, Penguin, Harmondsworth and Baltimore, 1968, pp.175-192.

[6] بڕوانە:

Giles Whiteley, Schelling’s Reception in Ninetenth-Century British Literature, palgrave macmillan, London, 2018. p.119.

هەروەها بڕوانە:

Georg Lukacs, Die Zerstörung der Vernunft: Der Weg des Irrationalismus von Schelling zu Hitler, Aufbau Verlag, Berlin, 1988.

[7] Edmund Burke, Reflections on the Revolution in France, edited by Frank M. Turner, Yale University Press, New Haven and London, 2003.

[8] Friedrich Hogemann, Zur Frage der Quellen von Hegels Reformbill-Aufsatz, Hegel-Studien, Band 34, Meiner Verlga, 1999, s.11-38.

[9] بڕوانە:

Joseph P. Forgas, The Psychology of Populism: Tribal Challenges to Liberal Democracy, Culture, Prosperity, Civil Society, The Centre for Independent Studies Limited, 2021, p.11.

[10] بڕوانە:

C Kinnvall, Trauma and the Politics of Fear: Europe at the Crossroads, in Demertzis N (ed.) Emotions in Politics, Palgrave Macmillan, Basingstoke, 2013, pp.143-166.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌