ڕیزپەڕی سەرسامی بە پیاوی سپی
ئیسماعیل حەمەئەمین
‘جێمس بۆلدوین` ڕۆماننوسی ڕەش پێست لە کتێبی » ئاگری جارێکی تر» دەڵێت: «من دوایی بۆم دەرکەوت کە کتێبی پیرۆز لە لایەن پیاوی سپییەوە نوسراوە…»
دەکرێت ئێمەش هەمان هۆشیاری ڕاکێشینە نێو پرسی `کورد – بوون` وە و بڵێن؛ قورئان لەلایەن عەرەبەوە نوسراوە و لەوێوە `ئەنفال` ڕەهەندێکی دیکە وەردەگرێت، کە لەنێو زمان و نەتەوەیەکی داگیرکەرەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت بۆ شوناسێک کە شوناسی عەرەبییە لە دژی کورد.
هەروەها `جێمس بۆلدوین` لە نامەیەکیدا بۆ خوشکەزا چواردە ساڵەکەی دەڵێت: باپیرت پێش مردنی وەک پیاوێکی دۆڕاو ژیا، چونکە وەک ڕەش پێستێک بڕوای بە هەموو ئەو بیروڕایانە هێنابوو کە سپییەکان لەسەر ڕەشەکان گوتبوویان….

دەشێت بۆ ئەمەش بڵێین؛ دەمێکە ئێمە بڕوامان بە قسەکانی فارس و تورک و عەرەب هێناوە و لە خۆماندا دەیجوینەوە و دووبارەی دەکەینەوە و لەیەکەم شکستی دەڵێین `کورد هیچ نییە، کورد نابێت بەهیج، کورد لەدەرەوەی مێژووە` یان وەک نوسەرێکی کورد گووتی “ گەر بەیانییەک وەئاگا بێینەوە و کورد لەسەر ئەم زەویی نەمێنێت، زەوی هیچ زەردێک ناکات“ ئاوەها بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد، کە سەرسامن بە دەنگدانەوەی ناوی خۆیان، ئەم ئەقڵیەتە دەجوونەوە، چونکە ئەقڵیەتێکی پۆپۆلێر و جەماوەرخوازی باوە. بێگومان هاوتەریب، دەسەڵاتی کوردیش باشترین نموونەی خزمەتکردنی ئەم ئەقڵیەت سێ داگیرکەرەیە کە لە ژێر چەتری پیاوی سپیدا کوردستانیان پارچە پارچە کرد و بەردەوامن لەم کەرتکردنەی جەستەی کوردی. ئەم دەسەڵاتە لەهەناوی `دژە کوردبوون` لەدایکبووە.
تەنانەت لەڕووی وەرگێڕان و قسەکردن لەسەر فەیلەسوفان، من پێموایە باشترە لە کۆنسێپتی دژە پیاوی سپی، لە بازنەی سەرسامی بە ( فەلسەفەی سپی) دەربچین و شرۆڤەی بکەین بە هزرێکی ڕاڤەیی و ڕەخنەیی و لەدواجاردا ڕەخنەی دیووە کۆلۆنیال و دیسپۆت و ئیمپریالیەکەی بکەین. ئیدی با لەوە دەربچین لەوەی هەموو شتێک فیلۆسۆفێکی سپی گۆتی، ئیدی ئەبەدییە و دەست لێ نەدەراوە. با لەوە دەربچین هەر ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەقڵ نەخۆشی کۆلۆنیالیست شتێکی لەسەر کورد نوسیبێت لامان ببێتە دەرمانی دەردان و حیکەمەتی دەست لێ نەدراو. با لەوە دەربچین چەمکی `خۆرئاوا` ئاوەها بکەین بە دوا پێوەر و موقەدەس، و کورد و `کورد -بوون`ی خۆمانی پێ هەراسان بکەین.
ئیدی با بگەڕێیین بۆ فەلسەفەیەکی نوێی `کوردبوون` وەک بوونێک لە نێو جیهاندا، با ئەوان بهێنینە نێو کوردبوونەوە نک کوردبوون بکەینە قوربانی بۆ ئەوان… بەگومان ئەم بابەتەش شایەنی بیرکردنەوەیەکی بوونگەرایانەیەی کوردیی فرە ڕەهەندەییە.
تەواو
سەرنج: ئەم نوسینە لە شێوەی پۆستێکی فەیسبوکدا نوسراوە و بڵاوبۆتەوە. هیوادارین ئەم کتێبەی جێمس بالدۆین ەربگێڕدرێت سەر زمانی کوردی.
