سۆران حەمەڕەش، مێژووی بزرو نەگێڕدراوەی کورد؛ بەهەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی.

ئایا بۆ خۆناسین و مێژوو گرنگن؟


کوردبوون

Loading

ئایا بۆ خۆناسین و مێژوو گرنگن؟
سۆران حەمەڕەش
هەرگیز داوا ناکەم وتارەکانم بخوێنرێتەوە، خوێنەر خۆی ئازادە. بەڵام ئەمجارە بە سوپاسەوە بە تایبەت حەز دەکەم گەر دەکرێت، هەرچەندە وتارێکی درێژە، بیخوێنیتەوە وەک لەوەی کە لایکی بکەیت.
زۆر جار دەبینم خەڵکانێک دەڵێن، کاکە من چی بکەم لە هەزار ساڵ لەمەوبەر یان پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەمڕۆ بۆ من گرنگە. ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە. یان دەڵێن، ئەمە چیە خەڵک سەرقاڵ کراوە بەوەی کورد کێیە یان کێ نیە، خەڵک لە جیهان پێشکەوتووە و خەریکی ژیانی خۆیەتی.
ئەگەر بە سادەیی سەیری ئەو وتانە بکەین، دەستبەجێ دەڵێیت ئەو وتانە ڕاستن، بەڵام کە دەچیتە قوڵایی ئەو وتانەوە ئەمجا دەزانیت کە ئەوە کێشەکە خۆیەتی.
لە ئەوروپادا مامۆستاکان هانی ئەوە دەدەن کە منداڵ زمانی دایکی بزانێت و ئاگاداری ڕەگ و ڕیشەی خۆی بێت و لە ماڵەوە بە زمانی دایکی قسەبکات. ئەمە لە تێگەیشتنێکەوە هاتووە کە ئەو منداڵانەی نازانن کێن و زمانی دایک نازانن، ناتوانن بە شێوەیەکی باشتر و بە بڕواوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریان بکەن. واتە تێگەیشتن لە خۆت و بنەچەت هەرچیەک بێت، هاوکاری هەنگاوەکانی داهاتووت دەکات. مرۆڤ لە ژیاندا، بە تایبەتی لە ئەوروپا، زۆر جار بەر ڕەشەبای ژیان دەکەوێت. گەر ڕەگێکی لە ژیاندا دانەکوتیبێت، ئەوا ڕەشاباکە دەیبات و نازانێت چۆن خۆی بگرێتەوە. خۆناسینی ئەو منداڵە دەبێت بە بناغەیەک کە هەمیشە بتوانێت جارێکی تر لەسەری دروستبێتەوە. لە هەمان کاتدا بە بڕوابەخۆبوونێکی پتەوەوە تێکەڵی کۆمەڵگە دەبێت.
جووەکان بە جیهاندا پەرش و بڵاوبوو بوونەوە و هەر یەک بە زمانی دەوڵەتێک قسەیان دەکرد، یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی یەکترگرتنەوەی جووەکان، چیرۆکی هاوبەش بوو. ئەوان بە دەوری ئەو چیرۆکە هاوبەشەدا نەتەوەکەیان دروستکردەوە. تەورات چیرۆکی نەتەوەیی جووە بە بەرگێکی ئاینیدا. ئەو پەرتووکە بوو کە جووەکان لەسەری خۆیان دروستکردەوە. دیارە پەرتووکێک بە تەنها ناتوانێت نەتەوەیەک دروست بکاتەوە، ئەوە هەوڵ و کۆششی دەوێت. بەڵام تەورات ئەو پایە گرنگە بوو کە توانیان بە دەوریدا مانا بدەن بە نیشتیمان و نەتەوە و خۆیانی لەسەر دروست بکەنەوە. ئێمە ئەو چیرۆکانەی لە بنەچەدا هاوبەش بوون، لەم حەفتا ساڵەی ڕابردوودا هەندێکیان لەسەری دابەش دەبین، نەورۆز وەک نموونە.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ئەوروپی، هەندێکیان بۆ ئارەزوو و وەک گەڕۆک و هەندێکی تریان لە دڵسۆزی و هەندێکیان جاسوس، هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و بە کوردیان گوتووە تۆ ئەوەیت و لەوێوە هاتوویت. ئێوە کرمانج و سۆرانتان زمانەکەتان کوردی تەواوە، هەورامی و زازاتان ناکوردی و ئێرانین. وەک ئەوەی زمانی کۆمەڵە پەلەوەڕێک دابەش بکەن. تەنانەت پرۆفیسۆری بواری کوردناسی هەیە، دەڵێت شتێک نەبووە بە ناوی زمانی کوردیەوە تا چوار سەد ساڵێک لەمەوبەر. نەتەوەیەک نەبووە بە ناوی کوردەوە تا چوار سەد ساڵێک لەمەوبەر. ناوی کورد مانای شوانی داوە تا چەند سەدەیەک لەمەوبەر. من هیچ کێشەم لەگەڵ ئەوە نیە ئەگەر ئەوە ڕاستیەک بوایە کە بەڵگەی زانستی یەکلاکەرەوەی لە پشت بوایە. بەڵام ئەم چیرۆکە یەکەم چیرۆکی خۆمان نیە، دووهەم بەشێکی باشی بۆ مەبەستی سیاسی و پشتگیری لە سیاسەتی دابەشکردنی کوردستان نووسراوە. من لە هەوڵی ئەوروپیەکان کەم ناکەمەوە و هەمیشە دەڵێم بێ ئەوان نەماندەتوانی مێژوو بەشێوەیەکی قووڵ بنووسینەوە، بەڵام ئەمە ناگەیەنێت کە ڕەخنەگرانە سەیری ئەو مێژووە نەکەین.
لە ڕاستیدا چیرۆکی مێژووی کورد وەک ئەوە وایە منداڵێک لە بنەماڵەیەکی ئازاد بێت و بەهۆی ڕووداوێک لەدایک و باوکی داببڕێت و دواتر ئەو منداڵە نەزانێت کێیە و لە کوێوە هاتووە. ئەم منداڵە کەسێک پێی بڵێت، باوکی من، تۆ خۆت کۆیلە بوویت و باب و باپیرانیشت کۆیلە بوون. لەبەر ئەوە دەبێت وەک کۆیلەی ئێمە بژیت.
ئەمە چیرۆکی کوردە. لە سەد ساڵی ڕابردوودا خەڵکانێک لە دەرەوە هاتوون پێیان گوتووین کە ئێمە کێین. واتە ئەو تێگەیشتنەی ئەمڕۆ لەسەر خۆمان، ئەنجامی وتووێژ و مشتومڕی ناو خۆمان نیە و لە ناو خۆمانەوە هەڵنەقوڵاوە. کرۆکی فەلسەفەی سوکرات دەڵێت “خۆت بناسە”. بەڵام لەبری ئەوەی کە ئێمە خۆمان بناسین، ئێمە خۆمانیان پێناساندووین. کە لە دەرەوە خۆتیان پێ ناساندیت، ئەوە تۆ لە چاوی ئەوانەوە سەیری خۆت دەکەیت و ئێستاکە ئێمەیەکی درۆینە و دەرەکی دروست بووە. ئێمە هەتاوەکو ئەمڕۆ سەلاحەدین لە چاوی عەربەوە دەبینین و نەمانتوانیوە ڕوانگەیەکی خۆماڵی زانستی (لە دەرەوەی بە جاشکردن و پیاهەڵدانیدا) لەسەر ئەو دروست بکەین. ئەمەی خوارەوە بۆچوونی گەورەترین دەزگای ئەکادیمیە لەسەر کورد کە بە ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی ناسراوە:
“شێوازی نەرێتیی ژیانی کوردەواری، کۆچەری بوو بە دەوری بەخێوکردنی مەڕ و بزن لە دەشتەکانی مێسۆپۆتامیا و بەرزاییەکانی تورکیا و ئێراندا. زۆربەی کورد بە دەگمەن کشتوکاڵیان دەکرد. سەپاندنی سنووری نیشتیمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨)، کۆچی وەرزیی مێگەلەکانیانی ڕاگرت، کە وای لە زۆر لە کورد کرد واز لە شێوەی نەرێتی بهێنێت و ڕوو بکاتە ژیانی گوند و جوتیاری نیشتەجێ؛ هەندێکی تر چوونە ناو ئیشکردنی نانەرێتیەوە.”
من پێم خۆش بوو گەر ئەوەی سەرەوە بووینایە و بەو جۆرە خۆمان بناسیایە و پێم وانیە ئەوە عەیبە بێت ئەگەر دروست بێت. بەڵام ناکرێت فەیلەسوفی وەک شەمسەدینی شارەزووری و سورەوەردیت هەبێت و خاوەنی ئیمپراتۆریەتی مادی بیت، بەڵام نەتەوەکەت لە کایەی ئەکادیمیدا کرابێت بەشوان. ئێمە ئەگەر شوانین وەک ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی دەڵێت، با ئەو شوانە بناسین و ئەگەر ئەو شوانەش نین، با ئەوەی تر بناسین. گرنگ ئەوەیە وەک ئەوەی کە هەبووین خۆمان بناسین. دەبێت کورد چیرۆکی پێناسەی خۆی لە هەناوی خۆیەوە بهێنێتە ئاراوە. ئێمە دەبێت جارێکی تر وتووێژ بکەینەوە و خۆمان پێناسەی خۆمان بکەین. کێشە نیە جیاوازی بۆچوونمان هەبێت. گرنگ ئەوەیە لە ڕێگای ئەو مشتومڕ و وتووێژانەوە گەڵاڵەی تێگەیشتنێکی خۆماڵی لەسەر خۆمان بکەین.
لە ڕاستیدا خۆناسین بەشێکە لە پرۆسەی بە ئاگاهاتنەوەی تاک و نەتەوە. ئەو نەتەوانەی کە خۆیان دەناسن، هەنگاوەکانیان هاوشێوەی ئەو منداڵەیە کە ڕەگی تێگەیشتنی لەخۆی داکوتاوە. ئەوە وا دەکات بەهێز بێت و ڕەشەبای کلتورەکانی دەوروبەر نەتوانن ‌هەڵیبکێشن. ئەو نەتەوانەی خۆیان دەناسن، هەر کاتێک کە تووشی نەهامەتی دەبن، دەتوانن لەسەر بناغەی ئەو تێگەیشتنەی کە لەسەر خۆیان هەیانە، دروستببنەوە و بەرەو داهاتوو گەشە بکەن. مێژووش ئامرازی سەرەکی خۆناسینە.
با یەک نموونەی زۆر گرنگ بهێنمەوە کە چۆن خۆناسین دەیتوانی لە سەدان بابەتی هەنووکەییدا هاوکاریمان بکەن. لە ساڵی ٧٣٧ پ.ز دوو میری مادی بەیەکەوە حوکمڕانیان دەکرد. یەکێکیان ناوی میتراکو بوو ئەوەی تریان سەتاکوپی. سەرچاوەکە پێی وایە کە ئەم دووانە زۆر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە برابووبێتن. لەبەر ئەوەی زۆر جار کە میرێکی مادی کۆچی دوایی دەکرد، کوڕەکانی هەر یەک بەشی خۆی لەو دەسەڵاتە دەبرد، ئەم پرۆسەیە هەمیشە دەبووە هۆی دابەشکردنی دەسەڵاتی مادەکان. ئەمە وایدەکرد کە دەسەڵاتە مادە کوردییەکە بەردەوام بەش بەش بێت و لە بەرامبەردا ئاشووریەکان ، ئاشوورییەکان سوود لە کێشەی ناوخۆیی نێوانیان ببینن.
هیرۆدۆت ، چوار سەد پێش لەدایکبوونی مەسیح ژیاو؛ مێژوونوس و جوگرافیاناس.
بێگومان ماناییەکانی ناوچەی موکریان هەمان کێشەیان هەبوو، لەبەر ئەوە ئاشووری و ئورارتو سوودیان لەو دەسەڵاتە دابەشکراوە دەبینی کە هەمیشە دەستبخەنە ناو کێشەکانیانەوە و ئەوان نەتوانن ببنە دەوڵەتێکی بەهێز. ئەو زانیاریانەی مادەکان هەمووی لە سەرچاوەی ئاشووری وەرگیراون، بەڵام `هیرۆدۆت` ئەم دەسەڵاتە پارچە پارچەیەی مادەکان ئاماژە پێ دەکات. ئەو دەڵێت؛
“ مادەکان لە ناو یەکدا ناتەبا و لە پاشاگەردانیدا دەژیان، دیاکۆیان تێدا هەڵکەوت. دیاکۆ بناغەی کارکردنی ژیانی کرد بە داداوەری، ئەوە وایکرد وردە وردە هەموو خەڵکی ناوچەکەی خۆی متمانەی پێ بکەن. ئەمجا ناوبانگی ئەو دادوەریە بەشێوەیەک بڵاوبووەوە، کاتێک کە مادەکان بڕیاریان دا پادشایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن، لەو کاتەدا هەموو دەنگیان بە دیاکۆ دا. “
واتە دیاکۆ شۆڕشێک و گۆڕانێکی کردووە لە هەوڵی یەکخستنی ئەو کوردە مادە ناتەبایانەدا و توانی ئەو هێزە پەرشوبڵاوە بکاتە ئیمپراتۆریەتكی مەزن. هەنگاوێکی هاوشێوە، میرێکی حەسنەویش دووبارەی کردۆتەوە. کە لە هەمان ناوچەی ماد دا حوکمڕان بوون و تەنانەت ناوی میرەکەش، `حەسنەوی کوڕی حسەینی بەرزیکانی` بوو، کە وشەی بەرز وشەیەکی مادیە.
ئێمە گەر بە قووڵی لەو پرۆسەیە بگەین و ئەو تێگەیشتنە ببێت بە تێگەیشتنێکی گشتی، ئەوا سیاسیەکان لەبری ئەوەی کە لەناو خۆدا شەربکەن و هێزی دەرەکی بهێنن، کە هەمیشە لە هەر چوارپارەچەکەدا دەیبینین، دەمانتوانی سوود لە (میکانیزمی کارکردنی دیاکۆ) ببینن و هەوڵەکانی دیاکۆ بکەینە نموونەیەکی فەرهەنگی باو.
ناکۆکی دابەشبوونی کورد، لە سەردەمی (سۆمەری و گووتی و هوری و مادی و مانایی و ئەیوبی، حەسنەوی، هەیاری (عەنازی) و بابانی)  و تا ئەمڕۆ بەدی دەکەین. ئەمە بۆ ئەوە نییە جنێو بەخۆمان بدەین، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بزانین ئەم سیستمە کۆمەڵایەتیە بۆ دەبێتە هۆی دابەشبوونمان، گەر لەو دابەشبوونەی ڕابوردوو بە قووڵی بگەین، ئەوا چارەسەری قوڵ و گونجاوی بۆ دەدۆزینەوە. بەڵام تا ئێستا لەبری تێگەیشتن، جنێو بەخۆمان دەدەین.
ئەوەی مایەی سەرنجە میتراکو کە لە ساڵی ٧٣٩ پ.ز ناوی میرێکی ناوچەیی ماد بووە، دواتر نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر میهرکی (میتراکی) ناوی هۆزێکی کوردی بووە، ئەمڕۆ مهیراکۆ (میتراکۆ) وەک ناوی منداڵ بەکاردەهێنین. ئێمە تەواوکەری ئەو ڕابوردووەین. بێئەوەی کە لەو ڕابوردووە و ئەمڕۆش بگەین، ئەمەیە خۆناسین.
پێم وابێت هەندێک بە تەواوی بە هەڵە لە من دەگەن. ئەوان وا دەزانن من هاوشێوەی هەندێک لە تورک و فارسەکان لە هەوڵی هەڵبەستنی ڕابوردوویەکی شکۆمەندانەدام بۆ کورد. هەندێک لە ڕووی دڵسۆزیەوە لەسەر ئەوە پشتگیریم دەکەن. بەڵام من لە سەدا سەد دژی ئەو ڕێچکەیەم.
من خۆشەویستیەکی گەورەم بۆ کورد هەیە. وەک ئەمانەتێکی ئەکادیمیش، هەرگیز ئەوە ناشارمەوە و لە سەرەتای پەرتووکەکەشمدا ئاماژەم پێکردووە. بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم کە سۆمەری بکەمە کورد بۆ ئەوەی کورد بڕوای بەخۆی دروست ببێت. ئەو بڕوایەی لەسەر درۆ کەڵاڵە بکرێت، بە تایبەت بۆ کورد کە لە چوارلاوە دەیانەوێت لە ناسنامەی بدەن، ئەمڕۆ بێ یان سبەی هەر دەڕووخێت. لە هەوڵی خۆناسیندام وەک ئەوەی کە هەبووین نەک وەک ئەوەی کە خۆمانیان بۆ مەبەست و ئەجێندای تایبەت پێناساندووین. هیچ کێشەم لەگەڵ ئەوە نییە کە کورد ئەگەر تەنها شوانیش بووبێت لە مێژوودا، من ئەو شوانەی مێژوو بناسم.
کە لە هەرزەکاریەوە بەدووی کورد دا دەگەڕام، دەمویست ئەو شوانە بدۆزمەوە کە لە پەرتووکەکاندا بۆیان باسکردبووم. بەڵام گەشتی گەڕان گەیاندمیە سەرەتای نووسین و کشتوکاڵ. ئەمە ویستی من نەبوو، بەڵکو ئامانجی دۆزینەوەی کورد بەرەو ئەوەی بردم نەک هەوڵی دروستکردنی شکۆمەندی هەڵبەستراو. دەنا دەمێکەیە ئێمە لەسەر ڕوانگەی ئەوروپی، هەقایەتی ئاری و زەردەشتیمان بۆخۆمان داڕشتووە. جا ئەگەر هەر بەدوای شکۆمەندی خەیاڵیەوە بین، ئەوە ئێمەش ئاری و زەردەشتین. ئەم هەقایەتە کێشەی چی هەبوو ئەگەر هەر ئامانج هەقایەت بێت؟ خۆ لە سەدان پەرتووکی خۆماندا ئێمە ئاری و زەردەشتین.
هەر لەبەر ئەم ئاڕاستەی کارکردنەیە کە لە پەرتووکی “کورد کێیە؟” دا ئاماژەم بە کوردبوونی بنەماڵەی ساسانیەکان کردووە بە پشتبەستن بە بەڵگەی مێژووییی، بەڵام لەو کاتەوە هەتاوەکو ئێستا قسەم لەسەریان نەکردووە. ئەوەش لەبەر ئەوەی هەزاران بەڵگەم لەسەریان هەیە و هەندێک لە بەڵگەکان گومانیان لەسەر چەند بابەتێک لا دروست کردووم. ئەوەش وا دەکات کە هێشتا نەتوانم بە ڕوونی قسەیان لەسەر بکەم. ئەگەر ئەو گومانە تا کۆتایی ژیانیشم بەردەوام بێت، من قسەی قووڵیان لەسەر ناکەم هەتاوەکو نەگەمە قەناعەت. ئەمە ڕێچکەی کارکردنی منە.
ڕۆژانێک لە ئەسفەهانەوە هەتاوەکو هەمەدان و تا نزیک تارانی ئەمڕۆ و ئازەربایجان، زمانی کوردی بەشێوازی جیاوازی بەکاردەهێنرا. ئەمڕۆ گەشتیاری کورد گەشت دەکەن بۆ ئازەربایجان وەک دەوڵەتێکی بێگانە دەیبینن. کەچی هەزار ساڵ لەمەوبەر، میری کوردی `ڕەوادی` بە خاوەنی ئازەربایجان ناوی هاتووە و هەر میرە ڕەوادیەکان خۆشیان یەکەم کەسن کە لە مێژوودا بناسرێن مێژووی دەوڵەتی ئازەربایجانیان نووسیوە. ئێستاکە عەرەب خۆی بە خاوەنی کەرکوک دەزانێت و فارس بە خاوەنی زۆربەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تورک خۆی بە خاوەنی باکوری کوردستان. بەو جۆرە ئەگەر بەم شێوەی ئەمڕۆ بەدەوام بین، لە دوو سەد ساڵی داهاتوودا زەحمەتە نەتەوەیەک بمێنێت بە ناوی کوردەوە.
بۆئەوەی کە ڕێگری لەمە بکەین، یەکێک لە چەکە گرنگەکان ئەوەیە کە خۆمان بناسین و لە خۆمان بگەین. مێژووش یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی خۆناسین و تەنها ئامرازیش نییە. بەو جۆرە خۆناسین ئامڕازێکی گرنگە لەو پێناوەدا. دیارە هەوڵی مێژوونووسان سوودی هەیە لە پرۆسەی خۆناسیندا، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەندامانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی جیاوازەوە وتووێژ بکەن و بەشداربن لەو پرۆسەیەدا. دەبێت دیبەیت لەسەر فەرهەنگ و مێژووی خۆمان بکەوێتە دەرەوەی کەسایەتیەکان. نە من خاوەنی مێژووی کوردم، نە ئەوانەی کە پێچەوانەی من بیردەکەنەوە. دەبێت کۆمەڵگە خۆی ببێتەوە بە خاوەنی مێژووی خۆی.
کرۆکی فەلسەفەی سوکرات بریتیە لە “خۆت بناسە!”. خۆناسینی نەتەوە، گەورەترین سامانی مانەوەیەتی، بەڵام ئێمە خۆمانیان پێ ناساندووین. ئەم هەلومەرجەی ئەمڕۆ کوردی تێدایە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو نائاشناییەیە بە خۆمان و فەرهەنگمان. یەکێک لە ئامرازە بەهێزەکانی مانەوەی نەتەوەیەک و گەشەسەندن و پێشکەوتنی، خۆناسینە. هەر لەبەر ئەوەشە زیاتر لە دوو هەزار و چوار سەد ساڵە ئەو وتە پڕ مانایەی سوکرات لەناواندا بە زیندوویی ماوە و هەموو چرکەیەک مانا دەدات “خۆت بناسە!”
هەتاوەکو خۆمان خۆمان نەناسین، هاوشێوەی ئەمڕۆ، بە نامۆیی مامەڵە لەگەڵ خۆمان دەکەین.
تەواو
سەرچاوەی بابەت؛ دیواری فەیسبوکی سۆران حەمەڕەش.  
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌