فۆکۆ، مێینەیی و بەمۆدێرنکردنی دەسەڵاتی پاتریارکی

Loading

فۆکۆ، مێینەیی و بەمۆدێرنکردنی دەسەڵاتی پاتریارکی

ساندرا لی بارتکی

وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین

شەهلا نەجمەدین

 

١

لە ڕەخنەیەکی سەرنجڕاکێشدا لە کۆمەڵگای مۆدێرن، میشێل فۆکۆ ١٩٧٩، ئاماژە بەوە دەدات سەرهەڵدانی دامەزراوە پەرلەمانتارییەکان و تێگەیشتنی نوێ لە ئازادی سیاسی، ڕەوتی پێچەوانەی تاریکتری لەگەڵ خۆیدا هێنا، لەگەڵ دەرکەوتنی دیسپلینی نوێ و بێ وێنە دژ بە جەستە ئاڕاستە کرا. ئەوەی لە ئێستادا لە جەستە داوادەکرێت زیاترە لەوەی تەنها خۆی لە لایەنگیریی سیاسی یاخود خاوەنداریکردنی بەرهەمەکانی کاردا ببینێتەوە: دیسپلینی نوێ دەست بەسەر جەستەدا دەگرێت و هەوڵدەدات خودی هێز و چالاکییەکانی جەستە و لایەنی ئابووری و کارایی جوڵەکانیشی، ڕێکبخات.

ئەو پراکتیزە دیسپلینکارییانەی فۆکۆ باسیان دەکات، پەیوەستە بە فۆڕمە مۆدێرنە تایبەتەکانی سوپا، قوتابخانە، نەخۆشخانە، زیندان و کارگەوە؛ ئامانجیش لەم دیسپلینانە بۆ زیاتر سودوەرگرتنە لە جەستە و بۆ برەودانە بە هێزەکانی جەستە.

ئەوەی لەو کاتەدا فۆڕمی وەرگرت، سیاسەتێکی زۆرەملێیانەیە کە کار لەسەر جەستە دەکات، دەستکاریکردنێکی مەبەستدار و زیرەکانە بە توخمەکانی جەستە و ژێستەکانی و ڕەفتارەکانی جەستە، دەکات. جەستەی مرۆڤ خراوەتە ناو ماشێنێکی دەسەڵاتەوە، لەم ماشێنەدا جەستە دەپشکنرێت، تێکدەشکێنرێت و جارێکی دیکە ڕێکدەخرێتەوە. “ئەناتۆمی سیاسی”، کە هەر “میکانیکەکانی دەسەڵات”ە هێنرایە ئاراوە؛ ئەوەی پیشان دەدا چۆن دەشێت کەسێک دەست بەسەر جەستەی ئەوانی دیکەدا بگرێت، ئەوەیش نەک تەنیا ئەوانی دی ئەو شتە بکەن کە کەسی باڵادەست ئارەزووی دەکات، بەڵکو بەو شێوازەیش بیکەن کە ئەو داوای دەکات، بەو تەکنیک و خێرایی و کارامەییانەی کە کەسی باڵادەست دیاری دەکات. بەم شێوەیە، دیسپلین جەستە ملکەچکراو و پراکتیزکراوەکان بەرهەم دەهێنێت، جەستە “گوێڕایەڵ”ەکان[1] (١٩٧٩، ١٣٨).

بەرهەمهێنانی “جەستە گوێڕایەڵەکان” تەنیا ئەنجامەکان بە گرنگ نازانن، بەڵکو ناچارکردنی بەردەوام ڕووەو تەواوی پڕۆسەکانی چالاکییە جەستەییەکان بە پێویست دادەنێن؛ ئەم “میکرۆ-فیزیکانەی دەسەڵات” کاتی جەستە و فەزاspaceی جەستە و جووڵەکانیشی پارچە پارچە دەکات و دابەشیان دەکات (فۆکۆ١٩٧٩، ٢٨).

خوێندکار، لەوێدا، لەناو پۆلێکدا دەستبەسەر دەکرێت و بە تەختەیەکەوە دەبەسترێتەوە کە ناتوانێت جێی بهێڵێت؛ پلە و پێگەی ئەو لەناو پۆلەکەدا دەتوانرێت لە شوێنی تەختەی دانیشتنەکەی لە ڕیزبەندی ڕێکخراو و فەزای دابەشبووی پۆلەکەوە، بخوێنرێتەوە. فۆکۆ(١٩٧٩، ١٤٧) پێمان دەڵێت “Jean-Baptiste de la Salle خەونی بە کڵاسێکەوە دەبینی تیایدا و بە یەک جار، دابەشکردنی فەزاکان ڕستێکی تەواو لە جیاوازییەکان لەخۆبگرن، ئەوەیش بەپێی سەرکەوتوویی خوێندکار، شایستەیی، کەسایەتی، جێبەجێ کردنی ئەرک، پاکوخاوێنی و سامانی خانەوادەکەی.” پێویستە خوێندکار بە شێوەیەکی زیت و قنج دابنێشێت، پێیەکانی لەسەر زەوی و سەریشی ڕێک ڕابگرێت؛ نابێت شل یان کۆمابێتەوە بەسەر کورسییەکەیدا، یاخود وردەجووڵە بە دەست و قاچی بکات و بیلەرزێنێت. جەستەی جووڵاوی ئەو لەگەڵ تەختەیەکی نەجووڵاودا، خراوەتە ناو پەیوەندییەکی جێگیرەوە.

دابەشکردنی خولەک بۆ ئەو ژێست و جووڵانەی کە لە کاتی مەشقی سەربازیدا لە سەربازەکان داوادەکرێت ،زۆر بێ بەزەییانە و بێ ڕاوەستانە:

چەکەکە بهێنەرە پێشەوە. بە سێ قۆناغ . بە دەستی ڕاست تفەنگەکە بەرز بکەرەوە، نزیکی بکەرەوە لە جەستە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ستوون بە ئەژنۆی ڕاست ڕایبگریت، کۆتایی لولەی تفەنگەکە لە ئاستی چاودا دابنێ، بە دەستی ڕاست بە توندی بیگرە، قۆڵ نزیک بکەرەوە لە جەستە، بە شێوەیەک لە ئاستی کەمەردا بێت. لە قۆناغی دووهەمدا بە دەستی چەپ تفەنگەکە بهێنەرە بەردەمت، لولەی تفەنگەکە لە ناوەڕاستی هەردوو چاودا دابنێ، بە ستوونی، بەشی کۆتایی تفەنگەکە بە دەستی ڕاست بگرە، قۆڵ درێژ بکە، یەکەم پەنجە لەسەر پارێزی میلی تفەنگەکە دابنێ، دەستی چەپ لە ئاستی برەیکەکەدا، پەنجە گەورەیش بە درێژایی لولەی تفەنگەکە ڕووەو قۆناغەی چەکەکە. لە قۆناغی سێهەمدا……(فۆکۆ١٩٧٩، ١٥٣ ).١

ئەم “لە پەیوەندیدابوونی جەستە-ئۆبێکت”ەی سەرباز و چەکەکەی، خوێندکار و تەختەی دانیشتنەکەی، ڕەنگدانەوەی “پەیوەستی زۆرەملێیانەیە لەگەڵ کۆدەزگاکانیapparatus بەرهەمهێناندا”. لە ڕاستیدا، ئێمە لە فۆڕمە کۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوە دوورین ” ئەوەی لە جەستە دەخوازرێت تەنها ئاماژەکان و بەرهەمەکان، فۆڕمەکانی دەربڕین، یاخود ئەنجامی کار نییە” (فۆکۆ١٥٣،١٩٧٩).

لەم ڕژێمانەی دەسەڵاتدا، کاتی جەستە هێندەی فەزای جەستە، بە شێوەیەکی تووند و تۆکمە کۆنترۆڵ کراوە: فیکەی ناو کارگەکان و زەنگی خوێندنگاکان، دابەشکردنی کات بۆ یەکەی جیاواز و بەش بەش دیاری دەکات کە وا دەکات چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژەکە ڕێکبخات. ئەم خشتەی بەرنامەی کارە ، لە ناوەڕۆکدا هەمان نەزمی ڕێزمانییە کە من لە قوتابخانەدا وەریدەگرم و لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ “ecoles mutuelles“ی فەڕەنسی، پێشنیار کراوە:

کاتژمێر٨:٤٥ خولەک کاتی چوونە ژوورەوەی چاودێر، ٨:٥٢ خولەک ئامادەبوونی چاودێر، ٨:٥٦ کاتی چوونە ژوورەوەی منداڵەکان و نزاکاران، ٩:٠٠ منداڵەکان دەچن بۆ شوێنی دانیشتنیان، ٩:٠٤ خولەک یەکەم لیستی پوختەی بڕگەکان، ٩:٠٨ خولەک نوسینەوە، ٩:١٢ خولەک لیستی دووهەم، هتد.(فۆکۆ١٥٠،١٩٧٩).

ئەم کۆنترۆڵە تووند و وردە، بە بێ چاودێریکردنی بەردەوامی هەر خولەکێک، ناتوانرێت بە پارێزراوی بهێڵرێتەوە.

دیزاینی پنۆپتیکۆنی جێرمی بێنثام، کە زیندانێکی نموونەییە، لە لای فۆکۆ جەوهەری کۆمەڵگەی دیسپلینکراو دەدات بەدەستەوە. لە سنوربەندی پنۆپتیکۆنداpanopticon [2]، تەلارێکی بازنەیی دروستکراوە؛ لە چەقەکەیدا، تاوەرێک بە پەنجەرەی پانوپۆڕەوە کە بە دیوی ناوەوەی بازنەکەدا دەکرێتەوە هەیە. تەلارەکە لە هەموو لاکانیەوە بەسەر چەند خانەیەکدا دابەشکراوە، هەریەک لەو خانانە دوو پەنجەرەی هەیە، پەنجەرەیەکیان ڕووەو تاوەرەکە و ئەوی دیکەیان ڕووەو دەرەوەی تەلارەکە، ڕێ بە ڕووناکی بەشی پشتەوە دەدات هەر فیگەرێکی ناو خانەکە وەدەربخات.” دواتر، هەموو ئەوەی کە پێویستە، دانانی سەرپەرشتیارێکە لە ناوەندی تاوەرەکەدا بۆ بێدەنگکردنی هەر کەسێکی شێت، نەخۆش، تاوانبار، کرێکار یاخود خوێندکار، لە هەر خانەیەکدا”(فۆکۆ٢٠٠،١٩٧٩). هەر زیندانییەک بە تەنیایە، لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ زیندانیانی تردا دابڕێنراوە، بەڵام بە بەردەوامی لە تاوەرەکەوە دیارە و دەبینرێت. کاریگەری ئەمەیش “بۆ دروستکردنی دۆخێکی ئاگایی و هەمیشە بینراوییە لەناو کەسی زیندانیکراودا، کە وەگەڕخستنی ئۆتۆماتیکی دەسەڵات مسۆگەر دەکات”؛ هەر یەکێکیان دەبێت بە پاسەوان بەسەر خودی خۆیەوە(فۆکۆ٢٠١،١٩٧٩). ئەم “دۆخی ئاگایی و هەمیشە بینراویی”ە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆنترۆڵی توند و دیسپلینکارییانەی جەستە گەیشتووەتە ڕادەیەک دەستی بەسەر مێشکیشدا گرتووە. لە خود-چاودێریکردنی بەردەوامی زیندانییەکەدا، “تاکگەرایی”ەکی دیار و خود-ئاگاییەکی زیادکراو سەرهەڵدەدات کە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی سەردەمی مۆدێرنن. بە نیسبەت فۆکۆوە(٢٢٨،١٩٧٩)، سترەکچەر و کاریگەری پنۆپتیکۆن بەناو کۆمەڵگادا ڕەنگدەداتەوە: مایەی سەرسوڕمانە کە ” کارگەکان، قوتابخانەکان، سەربازگەکان، نەخۆشخانەکان، هەموویان هاوشێوەی زیندانن”؟

Sandra Lee Bartky

بایەخی فۆکۆ لە کتێبی دیسپلین و سزا دا، بەو پراکتیزە دیسپلینکارییانەی “جەستەی گوێڕایەڵ”ی مۆدێرنیتە بەرهەم دەهێنن، ململانێی ڕاستەقینەی هێزە، هاوکات لێکدانەوەیەکی تیۆری دەوڵەمەندیشە لەبارەی ئەو شێوازانەی کە عەقڵی ئامڕازییinstrumental reason لە ڕێگەیانەوە دەست بەسەر جەستەدا دەگرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک وردەکاری مێژووییشدا. بەڵام فۆکۆ بە شێوازێک مامەڵە لەگەڵ جەستەدا دەکات وەک ئەوەی جەستەی ژن و جەستەی پیاو یەک جەستە بێت، وەک ئەوەی ئەزموونە جەستەییەکانی پیاوان و ژنان جیاوازییان نەبێت، بەو ئەگەرەی پیاوان و ژنان هەڵگری هەمان پەیوەندین بە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی ژیانی مۆدێرنەوە. ئەدی کوا بەهەند وەرگرتنی پراکتیزە دیسپلینکارییەکان کە “جەستەی گوێڕایەڵ”ی ژنان دروستدەکەن، ئەو جەستانەی لە جەستەی پیاوان زیاتر کۆتوبەندتر دەکرێن و ڕامدەکرێن؟ ژنان وەک پیاوان ڕووبەڕووی زۆرێک لەو پراکتیزە دیسپلینکارییانە دەکرێنەوە کە فۆکۆ باسیان دەکات، بەڵام فۆکۆ ئەو دیسپلینانە نابینێت کە حاڵەتەکانی جەستەسازیembodiment بەرهەم دەهێنێت کە بە تایبەت مێینەیە. چاوپۆشیکردن لە فۆڕمەکانی ملکەچیی کە جەستەی مێینە دروستدەکەن واتا درێژەدان و ئەبەدیکردنەوەی بێدەنگی و بێدەسەڵاتی ئەو کەسانەی کە ئەم دیسپلینانەیان بەسەردا سەپێنراوە. لێرەوە، ئەگەرچی سەرنجێکی ئازادیخوازانە لە ڕەخنەکەی فۆکۆدا لە دەسەڵات؛ دەبیسترێت، بە گشتی شیکارییەکەی ئەو دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی هەمان ئەو سێکسیزمەیە کە بەردەوام لە تیۆری سیاسیی ڕۆژئاوادا نیشتەجێیە.

ئێمە وەک نێر یاخود مێ لەدایک دەبین، بەڵام نەک وەک نێرینە یاخود مێینە. مێینەیی لەخشتەبردنێکە، دەستکەوتێکە، “شێوازی کارپێکردن و دووبارە نواندنەوەی نۆرمە جێندەرییە جێکەوتووەکان بە چەندین شێوازی جیاواز لەسەر لەش/ڕوخسار، خۆیان پیشان دەدەن” (جودیت باتلەر١١،١٩٨٥). لێرە بەدوا، ئەو پراکتیزە دیسپلینکارییانە دەپشکنم کە جەستەیەک بەرهەمدەهێنن لە ژێست و ڕواڵەتدا بە شێوەیەکی ناسراو مێینەیە. سێ کاتیگۆری ئەم پراکتیکانە لەبەرچاودەگرم: ئەو پراکتیکانەی کە ئامانج لێیان بەرهەمهێنانی جەستەیەکە بە پێوەرێکی دیاریکراو و رێکخستنێکی گشتییەوە؛  ئەو پراکتیکانەی کە ڕستێکی دیاریکراو لە ژێستەکان، بارەکانی جەستەpostures و جووڵەکان لەم جەستەیە دەهێننە دەرەوە؛ هەروەها ئەوانەیشیان کە بە ئاڕاستەی پیشاندانی ئەم جەستەیە وەک ڕووکارێکی نەخشێنراو و ڕازاوە، کاردەکەن. من لە سروشتی ئەم دیسپلینانە دەکۆڵمەوە، چۆن دەسەپێنرێن و لەلایەن کێوە؟ کاریگەرییەکانی سەپاندنی ئەم دیسپلینانە لەسەر شوناسی مێ و سوبێکتیڤیتەیsubjectivity مێ، دەپشکنم. لە کۆتا بەشیشدا ئەوە دەخەمەڕوو دەبێت لەژێر ڕۆشنایی بەمۆدێرنکردنی هەژمونی پاتریارکیدا، لەم پراکتیزە دیسپلینکارییانە تێبگەین، بەمۆدێرنکردنێک کە لە ڕووی مێژووییەوە بەپێی ئەو پارادایمە گشتییەی فۆکۆ ئاماژەی پێدەدات، پەرەدەستێنێت.

٢.

ستایڵەکانی فیگەری مێ بە تێپەڕبوونی کات و بەپێی کولتورە جیاوازەکان، گۆڕانی بەسەردا دێت: ئەوان دەبنە ڕەنگدانەوەی هەوەس و خواستە کولتورییەکان و بیرۆکە چەسپاوەکان، بە شێوەیەک کە هێشتا بە ڕادەیەکی ئێجگار کەم توانراوە ئەم فیگەرە درک بکرێت. لەمڕۆدا، پێگە، دەسەڵات، یاخود فرەیی و هەمەچەشنی لە مەودایەکی دوورتردا بەر جەستەی ژن دەکەون. جەستەی فاشیۆن لە ئێستادا تەسککراوەتەوە، مەمکی بچووک، کەمەری باریک و زەعیفییەک تا ئاستی لاوازییەکی لە ڕادە بەدەر؛ وێنەیەکی لە قاڵبدراو پێدەچێت زیاتر بۆ کوڕێکی هەرزەکار یاخود کچێکی تازە باڵقبوو لەبارتر بێت وەک لە ژنێکی پێگەیشتوو. بەوپێیەی ژنانی ئاسایی بە شێوەیەکی نۆرماڵ ڕەهەند  و ئەدگاری تەواو جیاوازیان هەیە، بێگومان دەبێت پەیڕەوی لە سیستەمی ژەمەخۆراکdiet بکەن.

گۆڤارەکانی ژنان، ئەوانەیان کە خاوەنی بڵاوکراوەیەکی زۆرن، بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ دەرچوونی هەر ژمارەیەکیاندا، ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە کە باس لە پەیڕەوکردنی سیستەمی ژەمەخۆراک دەکەن. لە شوباتی ١٩٨٦دا The Ladies’ Home Journal “ڕێبەری ڕاهێنانە وەرزشییەکانی سوتاندنی چەوری ” بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتدا Mademoisselle پێشنیاری “یارمەتیدەری لابردنی چەوری ژێر پێست[Cellulite]“ی بڵاوکردەوە لەگەڵ “شەش ستراتیژییەت بۆ بریقەدارکردن و لوسکردن.” دوای شکاندنی دایەت لە ڕۆژەکانی پشووی کریسمسدا و دواتریش، بەر لە هاتنی هاوین و وەرزی جلی بکینی[جلی مەلە]، ناونیشانی سەر بەرگی گۆڤارەکان بە هاتوهۆریاتر و سەرنجڕاکێشتر دەبن. ئێستا ئیتر خوێنەری گۆڤارەکان لە ڕەوشی فەرماندا imperative mode ئاڕاستە دەکرێن: خۆت بۆ ستایلی نوێی هاوین ئامادە بکە! چەورییە ناشرینەکەی زستانت لەگەڵ ئەم شەربەتە دایەتە تازەیەدا کە لە ترێ دروستکراوە، بتوێنەرەوە! ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پیاوان سەردانی پزیشکی دایەتکردن دەکەن، لە هەمان کاتدا ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە پیاوان لە گروپەکانی یارمەتیدانی-خود دا، وەک گروپی Weight Watchers و گروپی Overeaters Ananymous– بەشدارن، بەم دواییانە ڕێژەی ژنان زیاتر٩٠٪ی بەشداربووانیان پێکهێناوە (میڵمان٤٦،١٩٨٠).

پەیڕوکردن لە سیستەمی ژەمەخۆراک[دایەتکردن] برسێتییەکانی جەستە دیسپلین دەکات: دەبێت هەمووکات بەردەوام چاودێری ئیشتیهای خواردن بکرێت و بە ئیرادەیەکی ئاسنینەوە کۆنترۆڵ بکرێت. لەبەرئەوەی ناتوانرێت نکوڵی لە پێویستی ئاسایی جەستە بە خۆراک بکرێت، جەستە دەبێت بە دوژمنی کەسەکە خۆی، بە بوونێکی نامۆ کە جەخت لە بوونی بەربەستەکانی پڕۆژە دیسپلینکارییەکان، دەکاتەوە. Anorxia nervosa[کە بە مانای لەدەستدانی ئیشتیهای نیورۆسی دێت] هەنوکە بە نەخۆشییەکی بەربڵاو دادەنرێت لەناو ژنانی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، بە هەمان شێوەی بڵاوبوونەوەی هیستریا لە ڕابردوودا: ئەمەیش شێوازی پاتۆلۆژییانەی کریستاڵیزەکردنی خواست و هەوەسی سەپاوی کولتورییە (بۆردۆ،١٩٨٥-٨٦). ڕاپرسییەکەی ئەم دواییانەی زانکۆی UCLA جێی سەرسوڕمانە: لە کۆی ٢٦٠ خوێندکار کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، ژنان ڕێژەی ٢٧،٣ و بەڵام تەنیا ٥،٨ی ئەو رێژەیە لە پیاوان ئاماژە بەوە دەدەن “ترسیان” لە قەڵەوبوون هەیە؛ ٢٨،٧٪ی ژنان باس لەوە دەکەن خوویان بە خواردنەوە گرتووە یانیش”بە تەواوی خەیاڵ و مێشکیان” لای خواردنە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لای پیاوان تەنها ٧،٥٪ پێکدەهێنێت. وێنەکانی جەستەی ژنان و پیاوان دیسان بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازییان هەیە: ٣٥٪ ی ژنان هەست بە قەڵەوی خۆیان دەکەن ئەگەرچی لە لایەن ئەوانی دیکەوە پێیان وتراوە باریکن یان قەڵەو نین، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لای پیاوان تەنیا ١٢،٥٪ پێکدەهێنێت. لەنێو ڕاپرسییەکەدا، ژنان دەیانەوێت کێشیان ١٠ پاوەند لە کێشی خۆیان کەمتربێت، پیاوان هەست دەکەن کێشی ئەوان هەمان کێشی ئایدیاڵی خۆیانە. ٥،٩٪ی ژنان بە گشتی و لە سەدا سفری پیاوان لەنێو پێوانە دەروونییەکانی anorexia و bulimiaدان (USA Today ١٩٨٥).

دایەتکردن دیسپلینێکە بەسەر جەستەیەکدا دەسەپێنرێت کە مل بۆ “ستەمی باریکەلەیی” کەچ دەکات؛ ڕاهێنانە وەرزشییەکانیش ستەمێکی دیکەن(چێرنین١٩٨١). بەوپێیەی پیاوان هەروەک ژنان مەشقی وەرزشی ئەنجام دەدەن، بەڵام لە پەیوەست بە ژنانەوە هەمیشە کارێکی ئاسان نییە ئەوە جیابکرێتەوە ئایا ئەو وەرزشەی ئەوان دەیکەن بۆ خاتری بەدەنپارێزییە یاخود چوونە ژێر بار و گوێڕایەڵیکردنی مەرجەکانی مێینەییە. پیاوانیش و ژنانیش قورسایی بەرزدەکەنەوە و یۆگا دەکەن، جمبازی(ڕاهێنانەکانی جەستە-کێش)  و وەرزشە ئایرۆبیکەکان، بەڵام وەرزشەکانی جازەرس[مۆدێکی جاز و سەمایە پێکەوە] تا ڕادەیەکی زۆر چالاکییەکی مێیانەیە. پیاوانیش و ژنانیش خۆیان بە کۆمەڵێک ئامێری جۆراوجۆرەوە سەرقاڵ دەکەن کە هەر یەکێک لەو ئامێرانە بۆ ئەوە دیزاین کراوە کۆشش و ماندووبوونێکی جیاواز لە جەستە بخوازێت. ئامێرەکانی Nautilus[ئامێرەکانی ڕاهێنانە جیاوازەکان] ئامێرەکانی ڕاکێشان، ئامێرەکانی پایدەرلێدانی ئاسایی و ئەوانەیش کە ماتۆڕیین، ئامێرە سووکبەدەستەکانی سمت و ڕان، پشتێنەکانی هەززە و مەساجی کەمەر، ترامپۆلینەکان، ئامێرەکانی ڕاکردن، لەگەڵ ئامێرەکانی ڕاکێشان بە قۆڵ و قاچ، بەڵام، بە لەبەرچاوگرتنی دڵەڕاوکێی مێینە و هەست و بیر خەریککردنیان بە کێشی لەشەوە بەو شێوە بەربڵاوە، مرۆڤ گومان لەوە دەکات بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە بۆ وەرزشکردن لە ڕۆح و خەیاڵی ژناندا بە ئامانج و نیازێکی تەواو جیاوازەوەیە وەک لە هی پیاوان، جا ئەمە لە یانە تەندروستییەکاندا بێت یاخود هۆڵەکانی وەرزش. بەڵام چەندین جۆر ڕاهێنانی وەرزشی هەن کە تەنها تایبەتن بە ژنان، ئەم ڕاهێنانانە بە چەشنێک دیزاین کراون کە مەبەست لە ئەنجامدانیان تەنیا بۆ پتەوکردن یاخود دابەزاندن و کەمکردنەوەی قەبارەی جەستە نییە بە گشتی، بەڵکو بۆ داتاشین و سازکردنەوەی[پەیکەرسازی] بەشە جیاوازەکانی جەستەیە بەپێی مۆدێلی باو. M. J. Saffon(١٩٨١)، “پسپۆڕی جوانکاری نێودەوڵەتی،” دڵنیامان دەکاتەوە ئەنجامدانی دوازدە ڕاهێنانە سەرەکییەکانی ئەو بۆ ڕوخسار  facial، دەتوانێت هێڵە چرچەکان لاببات، نێوچەوان ساف بکات، کوڵمەکان بەرز بکاتەوە، چرچولۆچی قەراغی چاو نەهێڵێت و ماسولکەکانی ژێر چەناگە تووند بکاتەوە. ڕاهێنانی دیکەیش هەن بۆ گەورەکردن و تووندکردنەوەی مەمک، هەیشە بۆ لابردنی “سێڵیوڵایت”، ئەمەیان “ڕاوێژکارانی فیگەر” دەڵێن جۆرێکی تایبەتی چەوری مێیە. ڕاهێنان هەیە بۆ”کەمکردنەوەی-شوێنێکی دیاریکراو،” دیزاین کراوە، ئەمەیش تێرمێکی هەمەگیرە و دەیان مەشقی سزائاسا بۆ کەمکردنەوەی”شوێنە کێشەدارەکان”ی وەکو پاژنەپێی ئەستور یاخود “تۆپەڵە چەوری زیادەی لا ڕان”، لەخۆدەگرێت. ئەم ئایدیای “کەمکردنەوەی-شوێنێکی دیاریکراو”ە، لە ڕووی زانستییەوە هەم سەلامەت نییە و هەمیش دڕندانەیە، چونکە ئەو چاوەڕوانییانە لە ژناندا زیاد دەکەن کە هەرگیز ناتوانرێت وەدیبهێنرێن – ئەو بەرنامەیەی کە چەوری دادەنێت یاخود لادەبات بە شێوەیەکی جێنەتیکی دیاریکراوە. تەنیا ئیشتیهای سروشتی یان دووبارە بونیادنەنانەوەی هێڵکاری جەستە نییە کە دەبن بە مەترسی بۆ سەر ژن، بەڵکو تەنانەت دەربڕینەکانی سەر دەموچاویشی دەتوانێت پڕۆژە دیسپلینخوازەکەی پێرفێکتبوونی جەستەیی، سەرنخوون بکات. دەموچاوێک کە خەت و چرچ و لۆچی تێدا دەبێنرێت خێراتر و ئامادەترە بۆ مومارەسەکردنی دیسپلینەکانی مێینەیی بەسەریدا وەک لە دەموچاوێک کە ئەو نیشانانەی تێدا بەدی نەکرێت. بۆیە، گەر ژنان نەتوانن هەستە بەهێزەکانیان دابمرکێننەوە، ئەوا لانیکەم دەتوانن فێربن ڕێ لە مەیلی ڕوخساریان بگرن جڵەوگیریان بکات. سۆفیا لۆرین(٥٧،١٩٨٤) چارەسەرێکی سەیر بۆ ئەم کێشەیە پێشنیار دەکات: دانانی پارچەیەک تیپ یان لەزگە لەسەر نێوچەوان یاخود لە نێوانی برۆکاندا، لە کاتی مۆڕە و ڕووگرژکردندا، پێستەکە ڕادەکێشێت و ڕێگری لە چرچبوونی دەکات و وەک وەبیرخەرەوەیەکیش بۆ پشوودان بە ڕووخسار، کاردەکات. ئەم لەزگەیە کاتێکیش دەدرێت لە دەموچاو کە ژن لە ماڵەوە و بە تەنیاش بێت.

٣

جیاوازییەکی زۆری جێندەریی هەیە لە ژێست و بار و جووڵە و هەموو ڕەفتارە جەستەییەکاندا: جووڵە و فەزای ژنان بەراورد بە پیاوان زیاتر سنوردارترە. لە وتارە ناوازەکەیدا لەسەر ئەم بابەتە، ئایرس یۆنگ (١٩٨٠) سەرنج لە فەزایەک دەدات کە چواردەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەی ژنانیان داوە و وادەکات دوودڵبن لەوەی تێیپەڕێنن: ئەمەیش لە هەردوو حەزنەکردن بە گەیشتن، کشاندن و ڕاکێشانی جەستە بۆ کۆکردنەوەی بەرەنگارییەکانی ماددە لە جووڵەدا – وەک  لە وەرزش یان ئەنجامدانی کارە فیزیکییەکاندا -و هەروەها لە باری تەسککراوە و دیاریکراوی ئاسایی و شێوازە گشتییەکانی جووڵەدا، خۆی مانیفێست دەکات. فەزای ژن پانتاییەک نییە تیایدا ئامانجدارێتی جەستەیی خۆی بە شێوەیەکی ئازادانە درک بکات، بەڵکو فەزایەکی گەمارۆدراوە کە هەست دەکات تیایدا نیشتەجێ کراوە و بەستراوەتەوە و دەستبەسەر کراوە(وێکس١٩٧٩). “ژنی لەشفرۆش” ئەو نۆرمانە پێشێل دەکات: لادانی ئەو بە تەنیا لە لادانی ئەخلاقیدا بەرجەستە نابێت، بەڵکو لە چۆنیەتی ئاخاوتن و تەواوی شێوازی جووڵەی ئازادانە و ساکاردا، مانیفێست دەبێت.

لە زنجیرەیەک وێنەی نائاساییدا کە زیاتر لە ٢٠٠٠ وێنە لەخۆدەگرێت، زۆرینەی گرتەکان لەسەر شەقام چرکێنراون، فۆتۆگرافەری ئەڵمانی ماریان وێکس(١٩٧٩) جیاوازییەکانی نێوان باری جەستەیی نێرینە و مێینەی لە کاتی ئاساییدا تۆمارکردووە. ژنان لە کاتی چاوەڕوانکردنی شەمەندەفەردا، دادەنیشن و قۆڵیان نزیک لە جەستەیان دادەنێن، دەستەکانیان بە نوقاوی لەسەر کۆشیان دادەنێن، نوکی پێ ڕێک ڕووەو پێشەوە یانیش ڕووەو ناوەوە و لاقەکانیشیان بەیەکەوە دەنوسێنن. ژنان لەم فۆتۆیانەدا، خۆیان بچووک و تەسک کردۆتەوە، بێ زیان؛ خۆیان گرمۆڵە کردووە؛ شوێنێکی کەمیان گرتووە. لە بەرامبەردا، پیاوان، بەپێی ئەو مەسافەیەی کە لە بەردەستیاندایە خۆیان ڕاکێشاوە، بە قاچی بڵاو و دوور لە یەکەوە دانیشتوون و قۆڵەکانیان دوور لە جەستەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. زۆرترین فیگەر لەم دانیشتنە نێرانەیەدا ئەوەیە کە ماریان وێکس ناوی دەنێت “proffering position“:  پیاوان بە لاقی تەواو دوور لە یەکەوە دادەنیشن، ناوگەڵیان دیارە، پێیەکانیان ڕووەو دەرەوە، زۆربەی کاتیش قۆڵ و دەستیان بە ئیسراحەت لەسەر ڕانی کراوە و بڵاویان دادەنێن.

بەپێی کۆی قەبارەی جەستە، هەنگاوی پیاو گەورەترە لە هەنگاوی ژن. پیاو خێرایی و تەوژمێکی زیاتری هەیە بۆ هەنگاونان؛ نوکی پێیەکانی ڕووەو دەرەوە و قۆڵەکانیشی لە دوورییەکی زیاترەوە ڕادەگرێت، دوورتریش دەیانهێنێت و دەیانبات لە کاتی ڕۆشتندا، دەست و قۆڵی بە تەواوی بەرەو ئاڕاستەی ڕۆشتنی درێژ دەکات. ژن قۆڵەکانی نزیکتر لە جەستەیەوە ڕادەگرێت، لەپی دەستی لەملاولای خۆیەوە دادەنێت، بە حەزەرەوە دەڕوات و بە وریاییشەوە هەنگاو دەنێت. خۆ ئەگەر ژن خۆی بە کۆتێکی دیکەشەوە ببەستێتەوە وەک پێڵاوی پاژنە بەرز، ئەوا جەستەی ڕووەو پێشەوە سەرسم دەدات و هاوسەنگی لەدەستدەدات: ڕێکردن لەژێر ئەم بارە سەختانەدا ئەوەندەی تر هەنگاوەکانی ژن کورت دەکەنەوە.

بەڵام جووڵەکانی ژنان خراونەتە ژێر دیسپلینی زۆر وردتریشەوە. ڕوخساری مێینەکان، وەک جەستەیان، بە دەربڕینی ڕێز ڕاهێنراون، لەژێر ڕوانین و چاوتێبڕینی نێردا، ژنان چاو لادەبەن و سەیری پیاوان ناکەن، یانیش سەر دادەنەوێنن و سەیری خوارەوە دەکەن؛ نیگای مێ وا ڕاهێنراوە دەستبەرداری بابەتەکە بێت بۆ دۆخی سەروەرێتی کەسی ڕوانەر. کچی “باش” فێردەبێت خۆی لەو جۆرە سەیرکردنە بوێرانە و ڕاستەوخۆ و بێ کۆتوبەندەی ژنی “لەشفرۆش” بەدووربگرێت کە سەیری هەر کەسێک دەکات کە خۆی پێیخۆشە. ژنان بەوەیش ڕاهێنراون زیاتر لە پیاوان بزە و زەردەخەندە بکەن. لە ئیکۆنۆمییەتی زەردەخەنەدا، وەک هەر شتێکی تر، بەڵگەی ئەوە هەن کە ژنان خراپ بەکاردەهێنرێن؛ ئەوەی کە دەیبەخشن زیاترە لەوەی لە بەرامبەردا وەریدەگرنەوە؛ لە توێژینەوەیەکدا لەسەر پێکەنین، توێژەرێک ئەوە دەخاتەڕوو کە ڕێژەی وەڵامدانەوەی خەندە لەلایەن ژنانەوە ٩٣٪ و لای پیاوانیش ٦٧٪ بووە (هێنڵی١٧٦،١٩٧٩). لە زۆرینەی ئەو کار و پیشانەی ژنان بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجامیان دەدەن، نەرمونیانیی و بەخشندەیی، ڕێزگرتن، ئامادەیی خزمەتکردن، بەشێکن لە کارەکانیان، ئەمەیش لەسەر کرێکار پێویست دەکات لە ڕۆژەکانی کارکردندا زەردەخەنە لەسەر ڕووخساری جێگیر بکات، گەرچی دۆخی ناوەکی ئەو هەرچۆنێکیش بێت (هۆسشیڵد١٩٨٣). ئیکۆنۆمییەتی لەمسیش بە هەمانشێوە، ناهاوسەنگە: زۆرجار پیاوان لەمسی ژنان دەکەن و زیاتریش دەست بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستەی ژنان دەبەن وەک لە ژنان کاتێک دەست لە پیاوان دەدەن: سکرتێرە مێیەکان، کرێکارانی کارگەکان و گارسۆنە مێیەکان باس لەوە دەکەن جۆرە ئازادییەک بە شێوەیەکی ڕۆتینیی لەگەڵ جەستەیاندا مومارەسە دەکرێت لە شوێنی کارکردنیاندا (هێنڵی١٠٨،١٩٧٧).

جووڵەی مێیانە، ژێست و هەستان و دانیشتن، دەبێت نەک تەنیا ڕێکوڕەبەقیی، بەڵکو پێویستە لەنجەولار و جۆرێکی تایبەت لە ئیرۆتیزمیش لە قاڵبێکی داپۆشراو[شەرم و حەیا]دا پیشان بدەن: هەرسێکیان. ئەمە مەیدانێکە بۆ مومارەسەکردنی مەشقێکی تەواو نوێ: ژن دەبێت سکی بۆ ناوەوە ڕاکێشێت کاتێک بەپێوە دەوەستێت، شانەکانی کەمێک بۆ دواوە و سنگی بۆ پێشەوە، ئەمەیش بۆ تا دوا ڕادە سوودوەرگرتنە لە دەرخستنی سنگ و مەمکی. لە کاتێکدا پێویستە بە شێوازێکی سنور بۆ دانراو کە بۆ ژن گونجاو بێت، هەنگاوبنێت و بە ڕێگادا بڕوات، جووڵەکانی ئەو دەبێت، لە یەک کاتدا تێکەڵەیەک بێت لە قنبادانێکی ورد و ناسک، بەڵام وروژێنەر. بەڵام خۆنواندن و نماییشی زۆریش تابۆ و قەدەغەیە: ژنان بە جلی کورت و ڕووتەوە، پێیان وتراوە بە تەواوی خۆیان لە نوشتانەوە بۆ پێشەوە بەدوور بگرن، بەڵام ئەگەر ناچاربن ئەوە بکەن، ئەوا دەبێت بە وریایی وئاگادارییەکی زۆرەوە بنوشتێنەوە تاوەکو نەهێڵن مەمک و سمتیان بە شێوەیەکی نائاسایی دەربکەوێت. ناوبەناو گۆڤارەکانی فاشیۆن پێشنیاری کۆمەڵێک ڕێنمایی زۆر ورد و توندوتۆڵ دەکەن دەربارەی چۆنییەتی سەرکەوتن و دابەزین لە ئوتومبێل بە شێوازێکی دروست و گونجاو. ئەم ڕێنماییانە هەر سێ فەرمانە سەپێنراوەکانی جووڵەکانی ژنان لەخۆدەگرن: ژن نابێت بهێڵێت قۆڵ و قاچی بە هیچ لایەکدا بسوڕێت، دەبێت هەوڵبدات بە شێوازێکی ناسک جووڵەکانی پیشانبدات— ئەوە دەستکەوتێکی کەم نییە کاتێک ژنێک لە کوشنی دواوەی سەیارەی Fiat دادەبەزێت— ئامۆژگارییەکی باش کراوە بۆ قواستنەوەی ئەو هەلە بۆ نمایشکردنی تایبەتی لاق و ڕانەکانی.

هەموو ئەو جووڵانەی تا ئێستا باسمانکردن جووڵەی-خودینself-movements؛ لە ناوەوەی جەستەی ژن خۆیانەوە دەردەچن، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی تێبینی ناکرێن، دەشێت نێرەکان لەناو پەیوەندیدا بە تەواوەتی کۆنترۆڵ و ئاڕاستەی جووڵەکانی ژن بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بچێت: لەسەر شەقام، لە سوچ وکۆڵانەکان، لەناو ئەسانسۆرەکان، لە دەرەڕێ و ڕاڕاوەکانەوە تا دەگاتە سەر کورسی مێزی نانخواردنی ئێوارە، لە شوێنی سەماکردن. جووڵەی پیاو “بە جۆرێکی دزێو سەخت و فشارنەر یان فیزیکی نییە؛ ئاسان و جێنتڵە، بەڵام پتەو وەک بڕوابەخۆبوونی باشترین ئەسپسوار لەسەر چاکترین ئەسپی مەشقپێکراو” (هێنڵی١٤٩،١٩٧٧).

٤

لە هەندێک لەو پراکتیزە دیسپلینکارییانەمان کۆڵییەوە کە دەبێت ژن تیایاندا شارەزا و کارامە بێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە جەستەیەکی قەبارە و شێوە گونجاو کە ستایڵە پەسەندکراوەکانی جووڵەی مێینە پیشان بدات. بەڵام جەستەی ژن ڕووتەختێکی ڕازێنراوەیشە، کۆمەڵێک دیسپلینی دیکە هەن بەشدارن لە بەرهەمهێنانی ئەم جەستەیەدا. لێرەدا، بەتایبەت لە بەکارهێنانی ماکیاژ و هەڵبژاردنی جلوبەرگدا، هونەر و دیسپلین پێکەوە کۆدەبنەوە، بەڵام دەبێت بڵێم، هونەرێکی کەمتر لەوە بەشدارە کە مرۆڤ بتوانێت گریمانەی هەبوونی بکات.

دەبێت پێستی ژن نەرم، ناسک، ساف و لوس و بێ موو بێت؛ بە شێوەیەکی ئایدیاڵ، نابێت هیچ نیشانەیەکی تێکچوون، ئەزموونی ژیان، تەمەن، یاخود بیرکردنەوەی قووڵ، لەسەر ڕووخساری دەربکەوێت. دەبێت مووەکان لاببرێن ئەمەیش نەک تەنیا لەسەر پێستی دەموچاو، بەڵکو لەسەر ڕووی بەشی هەرە زۆری جەستە، لاق و ڕان، ئەم کارەیش لە ڕێی تاشین، بەکارهێنانی سمارتەی تایبەت بە ساف و لوسکردنی پێست، یان کرێمە بۆن ناخۆشەکانی موولابردنەوە ئەنجام دەدرێن. لەگەڵ بەکارهێنانی مایۆی کورت و دەرپێکورتی ڕووتی تا سەروو کەمەر و پۆشینی لێۆتاردەکانی جلی سەمادا، بڕێکی زۆر لە مووی توکەبەریش دەبێت لاببرێن. مووی دەموچاویش، دەکرێت تایبەتمەندانەتر بکرێت. مووی برۆ لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێت لەڕێی بەکارهێنانی موکێشەوە. هەندێک جاریش واکسی گەرم دەخرێتە سەر سمێڵ و ڕوومەت، دوای ئەوەی کە سارد دەبێتەوە لێدەکرێتەوە. بۆ ئەو ژنانەیشی کە ئەنجامێکی درێژخایەنتریان دەوێت، دەتوانن ئامێرەکانی electrolysis بەکاربهێنن: کە ئەمەیش ڕەگی مووەکان لەناودەبات لەڕێی بردنی تەزووی کارەباییەوە بەناو ئەو دەرزییەدا کە دەخرێتە ناو ڕەگی مووەکانەوە، ئەم زنجیرە هەنگاوە بەدوای یەکدا، هەم ئازاربەخشە و هەمیش تێچوویەکی زۆری هەیە.

پەرەپێدانی ئەو شتەی کە “پسپۆڕی جوانکاری ” ناویدەنێت ” خووە باشەکانی بایەخدان بە پێست” تەنیا گرنگیدان بە تەندروستی و دوورکەوتنەوە لە دەربڕینە بەهێزەکانی دەموچاو، ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی دەموچاو بە پێویست دانانێت، بەڵکو داوای بەکارهێنانی بەردەوامی کەرەستەکانی بایەخدان بە پێستیش دەکات، زۆرینەی ئەو کەرەستانە دەبێت ڕۆژانە و زیاد لە جارێک بەکاربهێنرێن: لۆشنەکانی پاکژکردنەوە (سابونی ئاسایی و ئاو “هاوسەنگی ترشی و تفتی پێست تێکدەدات”)، خاوێنکەرەوە شلەکان(کە لە لۆشنەکانی پاککردنەوە نەرمترن)، ئەسترینجێنتەکان و تۆنەرەکان، دەرمانەکانی لابردنی ماکیاژ، کرێمی شەوان، ئەو کرێمانەی کە خۆراک بە پێست دەبەخشن[موغەزی]، کرێمەکانی دەوروبەری چاو، ئەو کرێمانەی پێست شێدار دەکەن، کرێمەکانی هاوسەنگکردنی پێست [ئەوانەی پێست دەکەن بە یەک ڕەنگ و یەک تۆن]، لۆشنەکانی لەش، کرێمەکانی دەست، مەڵهەمەکانی لێو، لۆشنەکانی پێست بڕۆنزکردن، دژەخۆرەکان و ماسکەکانی دەموچاو. دەستەبەرکردنی ماسکی گونجاو کارێکی ئاڵۆزە: ماسک هەیە لە گۆگرد دروستدەکرێت و بۆ لابردنی زیپکە بەکاردێت، ماسکی چەور و گەرمیش بۆ شوێنی وشک بەکاردێت؛ ئەگەر ئەم ماسکانەیش سەرکەوتوو نەبوون و ئەنجامی باشیان نەدا، ئەوا ماسکی بەهێزتر بەکاردەهێنرێن؛ ماسکی تایبەت بۆ حاڵەتی تایبەت؛ ماسکەکانی توێخلێکردنەوە[تەقشیر]؛ ماسکەکانی خاوێنکردنەوە، ئەوانەیان کە لە گژوگیا دروستدەکرێن، ئاردی گەنمەشامی یان بادام؛ ئەو پاکێجانەیش کە لە قوڕ دروستدەکرێن. ڕەنگە ژنانی ڕەشپێست خوازیاری بەکارهێنانی فەیدکریمەکان [واتا کرێمەکانی کاڵکردنەوە] هەتا “even skin tone” [واتا یەکخستنی ڕەنگی پێست] بن. کەرەستەکانی بایەخدان بە پێست هەرگیز هەر وا سادە و ساکار نادرێن لە پێست، بەڵکو بە چەند ڕێ و شوێنێکی ورد بەکاردەهێنرێن: کرێمی دەوروبەری چاو بە هێواشی ڕووەو لووت دەدرێن لە دەوروبەری چاو، نابێت هەرگیز لێی دوور بکەوێتەوە، کرێمەکانی پاکژکردنەوە تەنیا بە ئاڕاستەی دەرەوە دەدرێن لە دەموچاو، بە ڕێکی ڕووەو خوارەوەی لووت و بە ئاڕاستەی سەرەوە و بە ڕووی دەرەوەدا، دەدرێن لەسەر ڕوومەتەکان. (کلینگەر و ڕۆس١٩٧٨).

گوتاری ئاساییکردنەوەی پزیشکیی مۆدێرن لەلایەن پیشەسازی کۆزمەتیکەوە وەگەڕدەخرێت، بە مەبەستی بەدەستهێنانی متمانە و مصداقییەتی ئەو بابەتانەی بانگەشەیان بۆ دەکات. دکتۆر Christian Barnard، ناوبانگ و پلە و پایە بەرزەکەی خۆی بۆ پشتگیری کردن لە Glycel line “کاراکەرەکانی چارەسەری شانەکان” بەکاردێنێت؛ ئەم چالاککەرانە مادەی “glycosphingolipids“یان تیادایە کە دەتوانێت “وا لە پێستی بەتەمەن بکات بە شێوەیەکی گەنجتر دەربکەوێت و ڕەفتار بکات” ڕیکلامی(Chicago Magazine, March 1986, pp. 10, 18, 43, and 62). کۆمپیوتەری کلینیکەکان لە هەر کلینیکێکدا کۆمەڵێک کەرەستە و گیراوەی گونجاوی تایبەت بە خۆت بۆ دەستنیشان دەکەن.Ultima II  کە “procollagen“ی تیادایە لە کرێمی دژەپیربوونی دەوروبەری چاودا بەکاردەهێنرێت کە “شێداری بە پێستەکە دەبەخشێت” بۆ “کەمکردنەوەی خەتی چرچی ژێر چاو و دەوروبەری”بەکاردێت. “Biotherm“یش کرێمێکی چاوە، بە شێوەیەکی نائاسایی و دراماتیکی گەشە بە “خاسیەتە بایۆمیکانیکییەکانی پێست” دەدات Chicago Magazine, March 1986. کلینکەکەی دکتۆر “Zizmor” لە گەڕەکی Park، کە بەڕێوبەری دێرماتۆلۆجیە لە یەکێک لە نەخۆشخانە سەرەکییەکانی نیویۆرک، ” تەنیا پێشنیاری چارەسەری پزیشکی وەکو derma-brasion[مەبەست لە لابردنی ڕووکاری دەرەوەی پێست بە ئامێری تایبەت کە لەلایەن پزیشکەوە ئەنجامدەدرێت] و chemical peeling[تەقشیری کیمیایی]؛ ناکات، بەڵکو پێشنیاری “پاکردنەوەی تەواوی قووڵایی ژێر پێست”یش دەکات. ڕیکلامی( Essence Magazine, April 1986,25)

خووە هەرە باشەکانی بایەخدان بە پێست، پێویستی بە بەکارهێنانی چەندین جۆر دەرمان و ئامێری جیاواز هەیە: هەڵمپرژێنی دەموچاو، فلتەری بەلۆعە بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی ناپوختی و پیسی لە ئاودا، بۆراکس بۆ نەرمکردنەوەی پێست، humidifier[ئامێرێکە بۆ شێدارکردنی هەوای ژووری نوستن بەکاردێت]، مەساجکەرە کارەباییەکان، فڵچەکانی پشت شۆردن، سێتی فڵچەی ماکیاژ، لفکەی لوفا، بەردەکانی پێ، لابەرەکانی خاڵە ڕەشەکانی پێست. ناچمە سەر دیتەیڵی کەرەستە و تەکنیکەکانی پەیوەست بە مانیکیۆر و پیدیکیۆر.

بارودۆخی ئاسایی ژیان و چالاکییە فراوانە جۆربەجۆرەکان، دەبنە هۆی دروستبوونی تەنگژە بۆ گرنگیدان بە پێست، ئەمەیش پێویستی بە سیستەمێکی ئامادە هەیە لەپەنا بەکارهێنانی زیاتری کەرەستەکانی جوانکارییدا. دیسپلینی بایەخدان بە پێست، پێویستی بە هەبوونی زانیاری تایبەتمەند هەیە: گەر ژن بەفرەخلیسکێی کرد، ئەوا دەبێت بزانێت چی بکات، یاخود لە کاتی وەرگرتنی دەرمان و چارەسەردا پێویستە بزانێت چی دەکات. هەروەها کاتی وەرزشی قورس و بەلەمسواری، یان مەلەکردن لە ئاوی کلۆراوی ناو مەلەوانگەکاندا؛ یاخود ئەگەر توشی هەوکردن بوو، لە ژوورە گەرمەکاندا، لە سەرمادا، لە ڕۆژانی خۆردا، لە کەشوهەوای وشکدا، لە کابینە بچووک و تەنگەبەرەکانی ناو فڕۆکەکاندا، لە ساونا و ژوورەکانی هەڵمدا، لە کاتی شەکەتی یان فشاردا، پێویستە بزانێت دەبێت چی بکات. ئەو ژنەی خووەکانی بایەخدان بە پێست لێهاتووانە جێبەجێ دەکات، وەک منداڵی خوێندنگە یاخود زیندانییەکی ناو زیندان دەخرێتە ناو خشتەی کاتەوە: جۆرجێت کلینگەر بە پێویستی دەزانێت ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی کورت بێت یان ماوەیەکی درێژ، گرنگی بە ڕوخسار بدرێت، لانیکەم چوار جار لە ڕۆژێکدا (کلینگەر و ڕۆس ١٩٧٨، ١٣٧-٤٠). چاودێری و گرنگیدان بە قژ هەروەک بایەخدان بە پێست پێویستی بە خستنەگەڕی کات، بەکارهێنانی کۆمەڵێکی فرەچەشن لە کەرەستە و بەرهەمەکان، کارامەیی و شارەزایی لە کۆمەڵێک تەکنیکدا، لەگەڵ، دیسان بەدەستهێنان و پەیداکردنی زانیاری تایبەتمەند، هەیە.

ئەوپەڕی بایەخدان و لوتکەی گرنگیدان بە پێست و مووەکان بە شوازێکی باش، بێگومان، واتا ڕێکخستن و ئامادەکردنی مووەکان و بەکارهێنانی کەرەستە کۆزمەتیکەکان. لێرەدا سیستەمی گرنگیدان بە قژ، بایەخدان بە پێست، مانیکیۆر، پێدیکیۆر، لە شێواز و ستایڵی دیکەدا دووبارە کۆدەکرێنەوە. دەبێت ژن فێری دروستبەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە ئامێرەکان ببێت –ئامێری قژ وشککردنەوە، شانەکانی ستایڵکردن، مەکینەی برژانگ، فڵچەی ماسکارا. پێویستە فێربێت بڕێکی زۆر لە بەرهەمەکان –فاوندەیشن ی جۆراوجۆر بەکاربهێنێت، تۆنەر، لەزگەی ڕووپۆش[ئەو داپۆشەرانەی کە بۆ شاردنەوەی زیپکە و خاڵە ڕەشەکان و نیشانە نەخوازراوەکانی سەر پێست بەکاردەهێنرێن]، ماسکارا، پشتچاو، ڕوناکی پشت چاو، سەرڕوومەت، سوراو، لەماعی لێو، بۆیەی قژ، دەرمانەکانی قژشۆردن، قژکاڵکەرەوەکان، دەرمانەکانی قژخاوکردنەوە و ئەوانەیش کە “ئیسراحەت” بە قژ دەدەن و بەو شێوەیە..

لە زمانی گۆڤارەکانی فاشیۆن و ڕیکلامە کۆزمەتیکییەکاندا، بە گشتی ماکیاژکردن وەک چالاکییەکی ئیستاتیکی وێنادەکرێت، کە ژن دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو چالاکییەوە گوزارشت لە ئیندیڤیجواڵیتی خۆی بکات. لە واقیعدا، لە کاتێکدا ستایڵە کۆزمەتیکەکان هەموو دەیەیەک یان کەمتر گۆڕانیان بەسەردا دێت، لە کاتێکدا بەپێی بۆنەکان هەندێک جۆر ماکیاژ ڕێگەپێدراو دەبێت، ماکیاژکردنی دەموچاو، لە ڕاستیدا، چالاکییەکی زۆر بەستایڵکراوە و تەنها جڵەوێکی زۆر کەم دەبەخشێتە ئەو شتەی کە پێی دەڵێن خۆ-دەربڕینself-expression. وێنەکردنی ڕاستی وەک کێشانی تابلۆیەک نییە؛ لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە بتوانرێت پێی بوترێت کێشانی هەمان وێنەیە بە شێوەیەکی دووبارە و دووبارە لەسەریەک و بە جیاوازییەکی کەمەوە. بە ڕادەیەکی کەم بوار بەو ماکیاژانە دەدرێت کە بۆ ئۆفیس و زۆرینەی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان دەگونجێت؛ لە واقیعدا، گەر ژنێک کەرەستەکانی جوانکاری بە شێوازێکی تەواو نوێ و خەیاڵاوی بەکاربهێنێت، دەشێت زیاتر وەک کەسێکی نامۆ و نائاسایی سەیربکرێت نەک وەک هونەرمەندێک. لەوەیش زیاتر، لەبەرئەوەی لە زۆربەی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکاندا، ڕوخساری دروست-کراوی لەبار و گونجاو گەر کارتی چوونەژوورەوە نەبێت، ئەوا لانیکەم ناسنامەی پەسەندکردن و دانپێدانانە، بۆیە ئەو ژنەی بە هەڵبژاردەی خۆی نایەوێت هیچکامێک لە بابەتە جوانکارییەکان بەکاربهێنێت، ڕووبەڕووی جۆرێک لە سزا دەبێتەوە کە هەرگیز سزایەکی لەو شێوەیە بەسەر کەسێکدا ناسەپێنرێت کە نایەوێت وێنەیەک بە بۆیەی ئاوی بکێشێت. 

٥

ئایا ئێمە لە هەموو ئەمانەدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ جیاوازی ڕەگەزییدا دەکەین؟ نەخێر. ئەو پراکتیزە دیسپلینکارییانەی باسمکردن، بەشێکن لەو پڕۆسەیەی جەستەی ئایدیاڵی مێینەیی–هەر لێرەشەوە جەستە-سوبێکتی مێینە– بونیاددەنێن؛ بە کردنی ئەمەیش، جەستەی “پراکتیزکراو و ملکەچکراو” بەرهەمدەهێنرێن. جەستەیەک، دۆخی ژێردەستەیی تێدا ڕۆنراوە. دەموچاوی ژن دەبێت بسازێنرێت، بەو مانایەی، ماکیاژی تەواو بکرێت، جەستەیش بە هەمانشێوە؛ ١٠ پاوەند کێشی زیادی هەیە؛ دەبێت وا لە لێوی بکرێت زیاتر بۆ ماچ بشێت، پێستی ڕوخساریش تەڕتر و شێدارتر بکرێت، چاوەکانیشی ڕەمزاوییتر بکرێن. “هونەر”ی ماکیاژکردن هونەری دەمامککردنە[3]disguise، بەڵام ئەم هونەرە پێشگریمانەی ئەوە دەکات ڕوخساری ژن بە بۆیەنەکراوی، خەوشدار و کەموکورتە. سابون و ئاو، تاشین و ئەو ڕۆتینانەی کە پەیوەستن بە پاکوخاوێنییەوە، ڕەنگە بۆ پیاو بەس بێت؛ بەڵام بۆ ژن ئەوەندە بەس نییە. ستراتیژی زۆرێک لە ڕیکلامەکانی جوانی ئەوەیە پێشنیار بۆ ژنان بخەنەڕوو کە جەستەی ئەوان ناتەواو و کەموکوڕە؛ بەڵام تەنانەت بەبێ ئەو فێرکارییە کەم تا زۆر ڕوون و ئاشکرایانەیش، وێنەکانی ناو میدیاکان بۆ جوانی پێرفێکتی مێ کە ڕۆژانە بۆمببارانمان دەکەن، هیچ گومانێک لە خەیاڵی زۆرینەی ژناندا ناهێڵنەوە بەوەی لەو پێوانانەدا شکست دەهێنن. بەرامبەر بە بوونی پاشخانی هەستی بەربڵاوی جەستەی کەموکورت، تەکنەلۆژیاکانی مێینەیی لەلایەن ژنانەوە دەکڕدرێن و بەکاردەهێنرێن؛ ئەمەیش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆرینەی کارەکتەری ئەوان، کارەکتەری لاواز و ناچارکراو یان تەنانەت نەریتی بن.

پڕۆژەی دیسپلینخوازی مێینەیی، پڕۆژەی “سازکردن”ەsetup : پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی زۆر ڕیشەیی و بەرفراوانی گۆڕینی جەستەیی هەیە، بەشی هەرە زۆری ئەو ژنانەی خۆیان دەدەنە دەست ئەم پڕۆژەیە، چارەنوسیان تا ڕادەیەکی زۆر، شکستخواردنە. بەم شێوەیە، پێوەرێک لە شەرمەزاری بۆ هەستی ژن زیاد دەکرێت، وا کە هەستبکات ئەو جەستەیەی تیایدا نیشتەجێیە خەوشدارە. پێویستە گرنگی زیاتر بە خۆی بدات؛ ڕەنگە دوای هەموو شتێک ئیتر کۆتا میلی داواکراوی بڕیبێت. زۆرێک لە ژنان نە کات و نە پێداویستییەکی وەهایان لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ تەنانەت کەمترین ئاستی ئەو پێوانانەدا بگونجێنن کە ئەو سیستەمە داوای دەکات، بۆ نموونە، سیستەمی ژەمەخۆراکی گونجاو. ئەمەیش سەرچاوەیەکی دیکە بۆ شەرمەزارکردنی ژنانی هەژار زیاد دەکات، دەبێت بەرگەی ئەوە بگرێت کە لە کۆمەڵگاکەماندا بە شەرمەزاری هەژاری دادەنرێت. لەم ڕووەوە، ئەو بارگرانییانەی ژنانی هەژار لە کۆڵی دەنێن، تەنیا بارگرانی سایکۆلۆژی نین[ئابوریشن]، لەبەرئەوەی گونجان لەگەڵ ستانداردە باوەکانی پەسەندیی جەستەییدا، هۆکارێکی ئاشکرای جووڵەی ئابورییە.

مەبەست لەو دیسپلینە بەرینترانەی کە جەستەی “مێینە”feminine لە جەستەی مێfemale دروستدەکەن، چینێک یان نەژادێکی دیاریکراو نین. کەمن ئەو بەڵگانەی باس لەوە دەکەن ژنانی ڕەشپێست یاخود ژنانی چینی کرێکار بە شێوەیەکی گشتی کەمتر پەیوەستن بە بەرجەستەکردنی مێینەیی ئایدیاڵەوە وەک لە دەستەخوشکە خۆشگوزەرانەکانیان: ئەمەیش بۆ نکوڵیکردن نییە لەو ڕێگا زۆروزەوەندانەی کە دەتوانرێن بۆ گوزارشتکردن لە فاکتەرەکانی ڕەگەز، چین، پێگە، نەژاد، یاخود حەزی تاکەکەس لەناو ئەو جۆرە مومارەسانەدا کە ئاماژەم بۆ کردن، بەکاربهێنرێن. ڕەنگە ئەو گەنجەی بەڕێوەبەری جێبەجێکردنە لە کۆمپانیایەک، کەلوپەلی ئارایشتەکانی لە Bergdorf-Goodman بکڕێت، لەکاتێکدا کرێکارێکی McDonald ئارایشتەکانی لە Kmart بەدەستبخات؛ ڕەنگە کەسێک بەشداری لە یانەیەکی تەندروستی “ڕاقی” گرانبەهادا بکات، کاتێک ئەوی دیکە ناچارە بەو هۆڵە وەرزشیەی لە National Enquirer ڕیکلامی بۆ دەکرێت بە ٩،٤٩دۆلار GFX Body-Flex II Home Gym، ڕازی بێت لە ماڵەوە ڕاهێنان بکات: هەردووکیان هەمان ئەنجامی کۆتایی بە ئامانجدەگرن.

لە سیستەمی بەدامەزراوەییکراوی هێترۆسێکچواڵیتیدا، ژن دەبێت خۆی بکات بە “ئۆبێکت و نێچیر”ی پیاو: بۆ پیاوە کە ئەم چاوانە حەوزی ڕوونن، ئەم ڕوومەتانە وەک ڕوومەتی منداڵ نەرمن (سیمۆن دی بۆڤوار٦٤٢،١٩٦٨). لە کولتوری پاتریارکیی هاوچەرخدا، نێرێکی پنۆپتیکی شارەزا لەناو ئاگایی زۆرینەی ژناندا چەقی بەستووە: ژنان هەمیشە لە بەردەم ڕوانین و حوکمی ئەم نێرەدا وەستاون. ژن لەو جەستەیەدا دەژی کە لەلایەن ئەوی دیکەوە بینراوە، ئەوی ترێکی پاتریارکی نەناسراو. زۆرکات گوێبیستی ئەوە دەبین “ژنان پۆشاک بۆ ژنانی دیکە لەبەردەکەن.” بڕێک ڕاستی لەمەدا هەیە: جگە لە کەسێک کە سەرقاڵی هەمان ئەو کارەیە کە من دەیکەم، کێ دەتوانێت ستایشی ئەو لێوەشاوەییەم بکات کە پیشانی دەدەم؟ بەڵام ژنان دەزانن ئەم یارییە بۆ کێ بکەن: ئەوان دەزانن ژنێکی گەنجی جوان زیاتر لەبەردڵانە بۆئەوەی ببێت بە کارمەندی ناو فڕۆکە وەک لە ژنێکی سادە، ژنێکی باشی کۆنەپارێزی بەتەمەنیش چانسێکی زیاتری هەیە بۆ دەستگرتن بە هێشتنەوەی مێردەکەیەوە لەچاو ژنێکدا کە “کۆنەپارێز نییە”.

لێرەدا ڕەنگە جێی ڕەخنە بێت، پێشکەشکردنی پێرفۆرمانس بە هیچ جۆرێک نیشانەی ژێردەستەیی ئەو کەسە ناگەیەنێت کە پێرفۆرمانسەکە دەکات لە بەرامبەر ئەوی تردا کە تەماشای پێرفۆرمانسەکە دەکات: بۆ نموونە، ئەکتەر، پشت بە ئامادەبووان دەبەستێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک لە بینەرانی ئامادەبوو کەمتر نییە؛ ئەو بەهۆی وابەستەبوونییەوە بە بینەرەوە، بە کەم سەیرناکرێت. لەکاتێکدا مێینەیی بەدڵنیاییەوە شتێکی دروستکراوە و لێکچوواندنیشی بە شانۆ لە چەندین ڕووەوە شکست دەهێنێت. یەکەم، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەو خود-موختارییەی self-determination وەک بابەتێکی سەرەکی بیری لێ دەکەینەوە لە پیشەی هونەرییدا، لێرەدا بوونی نییە: مێینەیی وەک نمایش، شتێکە پێویستە لەسەر هەموو ژنان بەشداری تێدا بکەن. دووەم، سروشتی وردی ئەو پێوانانەی ژنانیان پێ حوکمدراوە، تەنیا لە حەتمییەتی خودی حوکمەکەیاندا نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگییەکی گەورەیشە لە هێزی کۆمەڵایەتی ڕەگەزەکاندا کە پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و بینەرەکانیان نانوێنێتەوە. بۆ نموونە، جوانیناسی مێینەیی، لە ڕێگەی فەرزکردنی ماسولکەی بێ هێز و فشۆڵەوە، جۆرە جەستەیەکی ژنانە بەرهەم دەهێنێت کە بەرگرییەکی کەمی بەرامبەر بە توندوتیژی فیزیکیی هەبێت، ئەمە لە کاتێکدا وەک دەزانین دەستدرێژی بۆ سەر جەستەی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، شتێکی زۆر بەربڵاوە. ئەوە ڕاستە هەنوکە جووڵەکانی ڕەشاقە ڕێگەیان بە ژنان داوە گەشە بە هێزی ماسولکەیی خۆیان بدەن و قورسایی هەڵبگرن، زیاتر لەوەی لە پێشووتردا ڕێگەپێدراو بوو: لەڕاستیدا؛ وێنەی ژنان لە ماس میدیادا بە شێوازێک دەستیان بە دەرکەوتن کردووە کە پێدەچێت ئەم ماسولکە نوێیانەی ژنان ئیرۆتیکی بکەنەوە. بەڵام نابێت ژن بە هیچ شێوەیەک لە هاوبەشەکەی یان هاوژینەکەی زیاتر گەشە بە هێزی ماسولکەیی خۆی بدات؛ ئەو بوکەی بە سۆزەوە زاواکەی خۆی بە باوەش هەڵدەگرێت بۆ ژوورەوە، فیگەرێکی کۆمیدییە نەک ڕۆمانسی.

لەژێر “ستەمی باریکەلەیی” ئەمڕۆدا، ڕێ بە ژنان نادرێت گەورە یان زلە بن؛ دەبێت تا دەتوانن کەمترین جێگە بگرن. ئەو شێوەیەی جەستەی ژن وەریدەگرێت دوای پێگەیشتن-مەمکی پڕ و سمتی خڕ– بووە بە شتێکی حەز پێنەکراو. ئەو جەستەیەی کە ژن هەستدەکات پێی مەحکومە و لە ڕێی دیسپلینی ورد و توندەوە دەبێت هەوڵی گریمانەکردنی بدات، جەستەی تازە هەرزەکارە، لاواز و تێکنەچوو، جەستەیەکی بێ گۆشت و بێ فۆڕم، جەستەیەک بە تەواوی وێنەی پێنەگەیشتوویی تیادا ڕۆنراوە. مەرجی ئەوەی دەبێت ژن بەردەوام پێستی بە نەرمی و بە بێ موو بهێڵێتەوە، هەڵگری بابەتی بێ ئەزموونییە، دەموچاوێکی منداڵانە دەبێت هاوەڵی جەستەیەکی منداڵانەیش بێت، دەموچاوێک کە هەرگیز پیر نەبێت یان بیرکردنەوە نەوچەوانی چرچ نەکردبێت. نابێت هەرگیز دەموچاوی ژنی مێینەی ئایدیاڵ نیشانەکانی کەسایەتی، دانایی، ئەزموون کە شتانێکن زۆر پێی سەرسامین لە پیاواندا، پیشان بدات.

سەرکەوتن لە ئامادەکردنی جەستەیەکی جوان یان سێکسیدا دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی جۆرێک لە سەرسامی و سەرنج بۆ ژنان، بەڵام بە کەمی ڕێزی ڕاستەقینە و بە دەگمەنیش هێزی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دەستەبەر دەکات. هەوڵی ژن بۆ سەرکەوتن لە دیسپلینی جەستەی مێینەدا بێ بایەخ دەگیرێت، ئەمەیش تەنها لەبەرئەوەی کە دەیکات؛ چالاکییەکانی ئەو بەشداردەبن لەو تێڕوانینە گشتییەی کە بە کەم سەیری هەموو شتێکی مێیانە دەکات. لەگەڵ ئەو فشارە بەردەوام و بێ بەزەییانەی بۆ ” باشترین دروستبکە لەوەی کە هەیە،” ژنان دوچاری گاڵتەپێکردن و ڕەتکردنەوە دەبنەوە بەرامبەر بە گرنگیدانیان بە شتانێکی “پووچ”ی وەک جلوبەرگ و ماکیاژ. جگە لەوەیش، ئەو پێناسە بەرتەسکەی بۆ چەندین سەدەیە لە کۆمەڵگادا بۆ ژن کراوە لە پەیوەست بە سێکسواڵیتی و جەستەوە، گومانی قووڵی بەرامبەر بە هەردوو بابەتی سێکسواڵیتی و جەستەی ژن پیشانداوە، شتێکی وای بۆ ژن نەهێشتووەتەوە تاوەکو بتوانێت پێگەی خۆی بەرزبکاتەوە. تەنانەت جەستەی ئەو مێیانەی کە زۆرترین خەڵک شەیدایانن بە شێوەیەکی بەردەوام سکاڵا لەو دۆخەی خۆیان دەکەن کە ناڕاستەوخۆ ئەوە ئاشکرا دەکات؛ جۆرێک لە بێڕێزیکردن و بەکەمسەیرکردن لەو سەرنجەدا هەیە کە دەخرێتەسەریان. ماریلین مۆنرۆ، ئیڵیزابێث تایڵۆر و فەرەح فاوست، هەموویان سۆزیان بۆ ئەوە هەبووە ببن بە ئەکتەر-هونەرمەند-و.. نەک تەنیا “ئۆبێکتە سێکسییەکان”.

بەڵام ڕەنگە پڕۆسەی بچوککردنەوەی[کەمکردنەوەیinferiorization] جەستەی ژنان، لە جووڵە و ڕەفتارە سنوردار و کۆتکراوەکانیانەوە ڕوونتر دەربکەوێت. زمانی جەستەی تایبەتی ژنان، تا ڕادەیەک زمانی کرژی و تەسکییە و وا دەبینرێت ببێت بە زمانی پاشکۆیەتی و ملکەچێتی کاتێک لەلایەن پیاوانەوە لە پێگە نێرینە هیرارشیەکانەوە یاسای بۆ دادەنرێت. لە گرووپەکانی پیاواندا، ئەو پیاوانەی پێگەیەکی بەرزتریان لەچاو ئەوانی دیکەدا هەیە، جێ و بارێکی ئازاد و ئیسراحەتیان هەیە: بەڕێوەبەر بە ئاسوودەیی لەپشت مێزەکەیەوە پاڵدەداتەوە، لەکاتێکدا ئەو کەسەی داوای کار پێشکەش دەکات، بە شێوەیەکی ڕێک و جێگیر لەسەر لێواری کورسییەکە دادەنیشێت. کەسانی پلە-بەرزترەکان ڕەنگە زیاتر دەست بۆ کەسانی پلە نزمتر لە خۆیان ببەن، وەک لەوەی لەلایەن کەسانی خوار خۆیانەوە لەمس بکرێن؛ کەسانی پێگە و پایە بەرزەکان کەمتر کۆنتاکتی چاو دەکەن و کەمتریش بە ڕووی ئەو کەسانەوە پێدەکەننەوە کە پلەیان لە ئەوان نزمترە (هێنڵی١٩٧٧). ئەوەی لە ڕەفتاری کەسانی باڵادەستەوە خۆی بەیان دەکات، بریتییە لە متمانە بە خۆ بوون و ئاسان دەستڕاگەیشتن، بەتایبەت ئاسان گەیشتن بە ئەوی تر. گومان لەوەدا نییە ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵسوکەوت و جووڵەی مێ، لە ڕادە بەدەرە: ئەو واقیعەی ژن ڕوو لە جۆرە هەستان و دانیشتنێک دەکات بە لاق و پێ و ئەژنۆی داخراو یان پێکەوەنوساوەوە، پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و کۆدکراوی حەزەری سێکسییە، لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا بەردەوامی بە ستانداردە جیاکارییەکانی نێوان ڕەگەزەکان دەدات، یاخود لە هەوڵی ئەوەدایە، بەڵام بە شێوەیەکی ناخودئاگایانە، بۆ پاسەوانیکردنی ئەندامی زاووزێی مێینە. پاشان لەم حاڵەتەیاندا، دەبێت بە جۆرێک لەم دۆخە تەنگ و گوشراوەی هەڵسوکەوتی ژن تێبگەین وەک ئەوەی گوزارشت بێت لە پێویستیی ژن بەو دیسپلینانە بۆ بەرگرتن بە هێرشی سێکسیی لە بەرامبەریدا، جا ئەو هێرشە واقیعی بێت یان ڕەمزی. لە کۆتا دیمەندا ڕێژەی ترس و ڕێز هەرچەندێک بێت، یەک شت زۆر ڕوونە: زمانی جەستەی ژن، لەبارەی پێگە کۆمەڵایەتییەکەیەوە لەنێو هەرەمی جێندەرییدا، بە ڕەوانی دەدوێت، بەڵام بێدەنگ.

٦

گەر ئەوەی باسمان کرد دیسپلینێکی ڕاستەقینە بێت-سیستەمێک، بە وتەی فۆکۆ(٢٢٢،١٩٧٩)، لە “میکرۆ-دەسەڵات”دا، “لە بنەڕەتدا نایەکسان و ناهاوسەنگە”- کەواتە کێن ئەوانەی دیسپلین دەکەن؟ کێ کەسی هەرە باڵادەستی سیستەمی دیسپلینکاریی مێینەییە؟ لە مێژوودا، یاسا چەند ئەرکێکی بۆ جێبەجێکردن هەبووە: لە ڕابردوودا، بۆ نموونە، ئەو کەسانەی لە شوێنە گشتییەکاندا بە جلوبەرگی ڕەگەزی جیاواز لە ڕەگەزی خۆیان دەردەکەوتن، دەتوانرا دەستگیر بکرێن. لە هەمان کاتدا، ئەو کەسانەی جلی کورت یان جیاواز لە جلی ئاساییان دەپۆشی، ئەوانیش ڕووبەڕووی جۆرێک لە هەراسانکردن دەبوونەوە، ئەو دیسپلینەی ئێمە هەڵوەستەی لەسەر دەکەین، کاری دەزگای پۆلیس یان دادگاکان نییە. خێزانەکان و مامۆستایان، بە دڵنیاییەوە، کاریگەری گەورەیان هەیە لە ئامۆژگاریکردنی کچاندا تاوەکو کچەکانیان شەرمن و بێدەنگبن و لە خاتوون بچن، “جوان پێبکەنن،”، بە هەردوو لاقی بەیەکەوەنوساوەوە دابنیشن. هەروەها میدیاش کاریگەری بەرفراوانی هەیە، وێنەیەکی زەقکراوە لە جەستەی مێ دروستدەکات، هەروەک ناشتوانین ڕۆڵی “پسپۆڕانی جوانکاری” پشتگوێبخەین و کاریگەری کەسە ڕمزییەکانی ناو کۆمەڵگایش (جەین فۆندا و لین ڕێدگرەیڤ) وەلابنێین.

بەڵام هیچ یەکێک لەو کەسانە- ڕاوێژکاری پێست، خێزان، پۆلیس- لە واقیعدا خاوەندارێتی لەو دەسەڵاتە ناکەن کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەو کەسانەدا بەرهەمدەهێنرێن کە ڕاستەوخۆ دەزگا دیسپلینکارییەکان دەبەنبەڕێوە. دەسەڵاتی دیسپلینکار کە مێینەیی لەسەر جەستەی مێ هەڵدەکۆڵێت، لە هەموو شوێنێکە و لە هیچ شوێنێکیش نییە؛ دیسپلینکەر هەمووانن و هیچ کەسیش نییە بە دیاریکراوی. بۆ نموونە، ئەو ژنانەی کێشیان بە زیاد لەقەڵمدەدرێن، باس لەوەدەکەن بە شێوەیەکی بەردەوام لەوە ئاگاداردەکرێنەوە پەیڕەوی لە ژەمەخۆراکی تایبەت بکەن؛ واتا ڕێجیم بکەن، ئەمەیش هەندێکجار لەلایەن ئەو کەسانەوە پێیاندەوترێت کە ڕەنگە بە دەگمەن بیانناسن. ئەم دەستێوەردان و خۆهەڵقورتاندنانە زۆربەی کات بە ئاماژەدان بەو جوانییە سروشتییە نەرم و خاو دەکرێنەوە کە تەنیا چاوەڕوانن دەربکەون: خەڵکی هەمیشە پێیان گوتوم “ڕووخسارێکی جوانم هەیە، ئەگەر تەنیا کێشت دابەزێنیت ئەوا زۆر جوان دەبیت،” (میڵمان٨٠،١٩٨٠). لێرەدا، “خەڵک”- هاوڕێکان و ناسیاوی ئاسایی بە هەمانشێوە”- کار بۆ سەپاندنی ستانداردە زاڵەکانی قەبارەی جەستە دەکەن.

 

فۆکۆ دەیەوێت لەڕێی کارکردنی دامەزراوە تایبەتەکانی وەک قوتابخانە، کارگە، زیندانەوە، سەپاندنی دیسپلینی سەر جەستە، دەستنیشان بکات. کردنی ئەمەیش، واتا لێکۆڵینەوە لەوەی تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت دیسپلین بە دامەزراوەوە نەبەسترێتەوەunbound و لە هەمان کاتیشدا بە دامەزراوەیی پابەندی لێ بکرێتbound.٣ نادیاریی پێناسی دەسەڵاتی دیسپلینەریی و پەرشوبڵاوییە فراوانەکەی، کۆمەڵێک ئاکام دەخاتەوە کە بۆ تێگەیشتنێکی دروست  لە ژێردەستەیی ژنان، گرنگن. نەبوونی هەیکەلێکی دامەزراوەیی فەرمی و ئەو هێزانەی لەگەڵ دەسەڵاتدا بەرهەمهێنراون بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێنوماییە دامەزراوەییەکان، ئەو کاریگەرییە دروستدەکەن کە بەرهەمهێنانی مێینەیی یان بە تەواوی هەڵبژاردنێکی کەسییانەیەvoluntary، یانیش شتێکی ئاساییە. مانا جیاوازەکانی “دیسپلین” لێرەدا ڕوون دەبنەوە. لە لایەک، دیسپلین شتێکە بەسەر سوبێکتەکانی ناو سیستەمێکی دەسەڵاتی “لە بنەڕەتدا نا-یەکسان و ناهاوسەنگ”دا دەسەپێنرێت. منداڵانی قوتابخانە، زیندانییەکان و سەربازەکان، بەم مانایە ڕووبەرووی دیسپلین دەبنەوە. بەڵام دەیشکرێت کەسێک بە ویستی خۆی و خۆبەخشانە بەشوێن دیسپلیندا بگەڕێت-بۆ نموونە، کاتێک کەسێک بە شوێن دەستپێکێکەوەیە بۆ چوونە ناو دیسپلینی ڕۆحی؛ بۆ نموونە،زێن-بودیزم. بێگومان، دیسپلین دەتوانێت، هەردووکیان بێت لە یەک کاتدا: کەسی خۆبەخش ڕەنگە بەدوای ڕاهێنانی فیزیکیی و فەرمانییەوە بێت کە لەلایەن سوپاوە پێی بدرێت، بێ هیچ جۆرە وەستانەوەیەک بەرامبەر بەوەی ببێت بە ئامڕازێک بۆ هێشتنەوەی ئەو و هاوەڵانی تری هەمان پۆل، لەناو ژێردەستەیی دیسپلینکراودا. دیسپلینی جەستەی مێینە هەڵگری هەمان فرە کارەکتەرییە: لە لایەک، کەس نەخراوەتە ژێر هەڕەشەی تفەنگەوە بچێت مووی پێستی لێکاتەوە، هەروەک ناشتوانین لە پێزانین بۆ پیشاندانی ئەو دەستپێشخەری و داهێنەرییەی لەلایەن ژمارەیەکی بێشومار لە ژنانەوە لە هەوڵدا بۆ شارەزابوون لە ڕیتواڵەکانی جوانی، شکست بێنین. لەگەڵ ئەوەیشدا، تا ئەو جێیەی پراکتیزە دیسپلینکارییەکانی مێینەیی، جەستەیەکی “ملکەچ و مومارسکراو،””subjected and practiced”، بەرهەمدەهێنن، جەستەیەکی ژێردەست، پێویستە وەک شێوازەکانی دیسپلینێکی زۆر گەورەتر لەمە تێبگەین، سیستەمێکی چەوسێنەر و نایەکسانی پاشکۆیەتیی ڕەگەزی، ئەم سیستەمە ئامانجی ئەوەیە ژنان بگۆڕێت بۆ یاوەرێکی دەستەمۆ و گوێڕایەڵی پیاوان، ڕێک چۆن سوپا ئامانجی ئەوەی هەیە ئەندامی تازە و خامی نێو ڕیزەکانی بگۆڕێت بۆ سەربازی مەشقپێکراو.

ئێستا ئیتر گۆڕینی تاک بۆ جەستەیەکی مێینەی گونجاو، ڕەنگە یەکێک بێت لەم حاڵەتانەی خوارەوە یاخود دەکرێت هەموویان بێت: مەراسیمی گەیشتن بە قۆناغی تازەپێگەشتوویی، بەدەستهێنانی جوانییەکی تایبەت و ئاهەنگێڕان بەو بۆنەیەوە، دەکرێت ڕێگایەک بێت بۆ نمایشکردنی ئاستی ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتی کەسێک، دەگونجێت ڕێگایەک بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ژنانی دیکەدا لە کێبڕکێدا بۆ بەدەستهێنانی پیاوان یان کار، یانیش دەرفەتێک بێت بۆ زیادەڕۆییەکی زۆر نارسیستانە (بارتکی١٩٨٢). بونیادنانی کۆمەڵایەتی جەستەی مێینە هەموو ئەمانە دەگرێتەوە، بەڵام ئەمانە لە بنەڕەتدا دیسپلینن و دیسپلینن لە جۆری نایەکسانی. نەبوونی توانای بە فەرمی ناساندنی دیسپلینکاران و نائامادەیی خشتەیەکی گشتی سزاکان، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەوەیە تا چ ڕادەیەک فەرمانی بوون بە “مێینە” خزمەت بە بەرژەوەندی هەژموونی باڵادەست دەکات. ئەمە درۆیەکە کە هەمووان لەسەری کۆکن: ماکیاژکردن تەنیا کارێکی هونەرییە، لەپێکردنی یەکەم جووت پێڵاوی پاژنەبەرز بەشێکی ئاسایی و بێتاوانی بەرەو گەورەبوونە، نەک هاوتا مۆدێرنەکەی بەستنەوە و گوشینی پێیەکان.

بۆچی ژنان هەموو فێمینیست نین؟ لە کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا، لەڕێی ترس لە توندوتیژی نێرانەی تۆڵەسێنانەوە، ژنان لەسەر هێڵی دیسپلین ناهێڵرێنەوە، قوربانیبوونی ئەوان هەمان قوربانیبوونی ڕەشپێستەکانی ئەفریقیای باشور نییە (لەژێر سایەی سیستەمی ڕەگەزپەرستی پێشوودا). ئەوەیش بەس نییە بڵێین لەسەر بنەمای پاشکۆیەتی مێ، ئایدۆلۆژیای پاتریارکی ئاگاییەکی ساختەی لە ژندا دروستکردووە. مەبەستمان لەمەش نکۆڵیکردن نییە لەوەی زۆرکات ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر دەبنەوە لەلایەن پیاوانەوە، یانیش بڵێێن لەڕێگەی ڕێکخستنە جێندەرییە زاڵەکانەوە، ژنانیش و پیاوانیش بەهەمان شێوە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە ڕەمزیکراونەتەوە و بەهەڵەدابراون. ئەوەی من دەمەوێت لەجیاتی ئەمانە پێشنیاری بکەم: تێگەیشتنی گونجاو لە جەور و ستەمی ژنان، پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیە تا چ ئاستێک نەک تەنیا ژیانی ژنان بگرە هەرە سەبجێکتیڤیتەکانیشیان لەناو کۆمەڵێک مومارەسەی پێچەوانەی سیستەماتیککراودا، پێکهێنراون. دیسپلینی مێیانەی جەستە حاڵەتێکە بە واتای: ئامانج و کارەکتەری ئەو پراکتیکانەی ئەم جەستەیە بونیاددەنێن ئاشکرا دوورن و بەشێوەیەکی ڕیشەییش جیاوازن لە وەزیفە ئاشکراکەیان. لەم ڕووەوە، سیستەمی پلەبەندی جێندەری، هەروەک ئاڵوگۆڕی-پارە لە سیستەمی سەرمایەدارییدا، گرژی لەمێژینەی نێوان ئەوەی-هەیەwhat-is لەگەڵ ئەوەی-دەردەکەوێتwhat-appears، بە شێوازی تایبەت بە خۆی نیشاندەدات: زۆربەی کات مانیفێستی فۆڕمە دەرکەوتووەکان تەواو جیاوازن لەو پەیوەندییە ڕاستەقینانەی فۆڕمی سترەکچەرە قووڵترەکان پێکدەهێنن. 

٧

نەبوونی سزا گشتییە فەرمییەکان مانای ئەوە ناگەیەنێت ژنێک کە لە توانایدا نەبێت یان نەیەوێت خۆی بخاتە ناو دیسپلینی جەستەیەکی گونجاوەوە ئیدی بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی هیچ جۆرە سزایەک نابێتەوە، لەڕاستیدا بە پێچەوانەوەیە، لە دونیایەکدا کە لەلایەن پیاوانەوە هەیمەنەی بەسەردا کراوە ڕووبەڕووی سزای توندیش دەبێتەوە: ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی نێر دەبێتەوە چونکە لای نێر دڵخواز نییە و هەڵبژاردەیەک نابێت. دەربارەی ژنی هێترۆسێکچواڵ، ڕەنگە ئەمە بە واتای لەدەستدانی پەیوەندی هاوڕێیانە و سۆزدارانەیintimacy زۆر پێویست بێت؛ هەردوو ژنانی هێترۆسێکچواڵ و لێسبیان، ڕەنگە تەواو بە مانای بێبەشبوون لە ژیانێکی شایستە بێت.

وەک پێشتریش سەرنجمان خستەسەر، ژنان خۆیشیان سزای خۆیان دەدەن لە بەرامبەر شکستهێنانیاندا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جەستەی ئایدیاڵدا. ئەدەبیاتێکی زۆر دەربارەی شێوە و قەبارەی ژنان لە گەشەکردندان، سیخناخن لە دانپێدانانی بەئازاری شەرمەزاری لە کێشی زیاد:

هەستم بە گەمژەیی و زلیی خۆم دەکرد. هەستم دەکرد کێشم هێند زۆرە  قەنەفە و سیسەم دەهێنمە خوارەوە، بەر شتەکان دەکەوم، لەسەر کورسی دەکەومە خوارەوە، لە سەیارەی ڤۆڵگزواگندا  جێگام نابێتەوە بە تایبەت ئەگەر کەسێک بیەوێت بێتە دواوە دانیشێت لەگەڵمدا. هەستم دەکرد هەموو ژوورەکەم داگیرکردووە… هەستم بە قێزەونی و گەلحۆیی و چەپەڵی خۆم دەکرد. لە هاویندا هەستم دەکرد گەرمامە و عارەق دەردەدەم و خەڵکیش عارەقکردنەوەکەم دەبینن و ئەوەیش بەڵگە بوو بۆ ئەوەی کە من زۆر قەڵەوم.

بە ڕادەیەک هەست بە سامناکی شێوە و ڕوخساری خۆم دەکەم کە پەیوەندیم لەگەڵ جەستەی خۆمدا پچڕاندووە. لە ملم بۆ سەرەوە سەیری خۆم دەکەم، نامەوێت لە خوار ملمەوە سەیری جەستەم بکەم. سەیری ئاوێنە ناکەم و نایشمەوێت کاتی خۆم بە کڕینی جلوبەرگەوە بەسەرببەم. نایشمەوێت کاتم بە ماکیاژکردنەوە ببەم لەبەرئەوەی بۆ من زۆر بەئازارە سەیری خۆم بکەم (میڵمان ١٩٥،٨٠،١٩٨٠). 

چیدیکە ناتوانم بەرگەی سەیرکردنی خۆم بگرم…. کاتێک ناچاربم بۆ شانەکردنی قژم لە بەردەمی ئاوێنەدا بوەستم خاولییەکی گەورە لە ملم دەئاڵێنم. تەنانەت شەوانیش بەرلەوەی بلوز و پانتۆڵەکەم دابکەنم بە خێرایی کراسی خەوەکەم لەبەردەکەم. بەڵام هەموو ئەمانە شتەکانی خراپتر و خراپتر کردووە. ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بەسەر ئەو کاتەی بە ڕاستی سەیری جەستەی خۆم کردووە (چێرنین٥٣،١٩٨١). 

قووڵی هەستی شەرمەزاری لەم ژنانەدا، پێوەرێکە بۆ ڕادەی ناوەکیبوونەوەی ستانداردە پاتریارکییەکانی جەستەی پەسەندکراو لەناو کۆی ژناندا. لێکۆڵینەوەی تەواو لە چەمکی “ناوەکیکردنەوە internalization” لێرەدا، ڕەنگە تیشک بخاتە سەر ئەو پرسیارەی لە پێشتردا لەسەری وەستاین: بۆچی هەموو ژنێک فێمینیست نییە؟ شتێک “ناوەکی بووەتەوە internalized” کاتێک خراوەتە ناو پێکهاتەی تاکەوە و لەگەڵ سترەکچەری ئەودا یەکخراوە. لێرەدا من لە ڕێی “پێکهاتەی تاک structure of the self“ەوە ئاماژە بە شێوازەکانی تێگەیشتن و تێڕوانینی-خودیی دەدەم کە ڕێگە بە تاک دەدات خۆی هەم لە کەسانی دیکە و هەمیش لەو شتانەی کە خودیی نین، جیابکاتەوە. لە شوێنی دیکەشدا ئاماژەم بەوە کردووە (بارتکی١٩٨٢) چۆن نیگا و سەرنجی نێرانەی گشتگیربوو دەبێتە هۆی پێکهێنانی ئاگایی ژن، بە جۆرێک تەنیا خۆی لە هەبوویەکی جەستەییدا ببینێت. ئەمەیش یەکێکە لە ماناکانی “ناوەکیکردنەوە”. ئەوەی کەسێک وەک تاکێکی ناوازە و بەهادار هەست بە خۆی بکات، تەنیا بە تێگەیشتنی ئەوەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بەوەی دەیزانێت، بە تایبەت زانیاری لەبارەی ئەوەی چۆن بکات؛ ئەمەیش دووهەمین مانای”ناوەکیکردنەوە” دەگەیەنێت. کاریگەرییەکانی دواتر هەرچییەکبن، دیسپلین دەتوانێت هەستی سەرکەوتن و شوناسێکی دڵنیاش بۆ ئەو کەسانە دەستەبەر بکات کە دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا دەسەپینێت. لێرەدا دژیەکییەکی تایبەت هەیە: لە کاتێکدا سەپاندنی دیسپلین بە ڕادەیەکی زۆر پەرە بە بێهێزکردن دەدات، لە هەمان کاتدا ڕەنگە گەشەی دیاریکراویش لە دەسەڵاتەکانی تاکدا لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. لێرەدا، ژنانیش وەک هەر یەکێک لە تاکەکانی دی، پشکیان هەیە و بەشدارن لە بەردەوامیدان بە کارامەییەکانیان، ئەو کارامەییانەی بە هەر نرخێک بێت دەبێت بەدەستیبخەن، دوور لەو پرسیارەی کە داخۆ، وەک جێندەرێک، باشتردەبوون گەر لە سەرەتاوە ناچار بە بەدەستهێنانیان نەکرانایە. بەوجۆرە، فێمینیزم، بە تایبەت فێمینیزمی ڕادیکاڵ پرسیار دەخاتەسەر بونیادی پاتریارکییانەی جەستەی مێینە، ژنان لە نا-کارامەیی[داماڵینی کارامەییde-skilling ] دیاریکراو ئاگادار دەکاتەوە، شتێک کە خەڵکی بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەتیدەکەنەوە: لەوەیش زیاتر، فێمینیزم بەستنەوەی شوناسی کەسی بە برەودان بە هەستی توانایی و لێهاتووییەوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لێرەدا، ڕەنگە ڕەتکردنەوە لەگەڵ هەستی دوودڵی و حەزی دەستهەڵنەگرتن لە خەڵاتەکانی پابەندبوون بە  ژێردەستەییەوە یەکبگرێتەوە؛ لەوەیش زیاتر، زۆربەی ژنان ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری جوانییەک بن کە بۆیان دیاری دەکات دەبێت چی بکەن تاوەکو جوانبن. بەڵام هێشتا سەرچاوەی دیکەی بەرپەرچدانەوە هەن، سەرچاوەی زۆر وردتر، بەڵام وادیارە ئەویش دیسان بە پرسەکانی شوناس و ناوەکیکردنەوەوە بەستراوەتەوە. بەدەستهێنانی جەستەیەک وەک “مێینە” هەستی پێبکرێت-جەستەیەک بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ڕێی مومارەسە تایبەتەکانەوە بونیادنراوە-زۆربەی کات شتێکی ئێجگار پڕ بایەخە بۆ ژن تاوەکو بتوانێت وەک مێیەک هەست بە خۆی بکات، بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک تاکێکی هەبوو هەست بە بوونی خۆی بکات، دەبێت تەنیا یان نێر بێت یان مێ. ڕەنگە بوون بە خاوەنی جەستەیەکی نموونەیی شتێکی جەوهەری بێت تا ژن وەک بابەتی سێکسیی ئارەزووکراو و خواستراو، هەست بە بوونی خۆی بکات. لێرەوە، ئامانجی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئالییەتەی جەستەی مێ دەگۆڕێت بۆ جەستەی مێینە، ڕەنگە لەلایەن خودی ژنێکەوە ڕێگری لێبکرێت و بەریپێبگیرێت وەک شتێک گوایە هەڕەشەیە بۆ لەسێکسیداماڵینی ئەو، گەر بە تەواوی لەناوبردن و سڕینەوەیش نەبێت.

کاتیگۆرییەکانی نێرینەیی و مێینەیی تەنیا یارمەتیدەر نین لە دروستکردنی شوناسی کەسییدا، بەڵکو توخمی گرنگیشن لە ئۆنتۆلۆجیای کۆمەڵایەتی ڕۆژانەماندا. ئەمەیش ڕەنگە تا ڕادەیەک تەفسیری دەرکەوتە نائاساییەکەی هۆمۆفۆبیا و تا ڕادەیەکیش ڕاڤەی قێزهاتنەوە لە یاریزانانی مێی لەشجوانی لەلایەن زۆر کەسەوە، بکات؛ نە هاوڕەگەزخوازەکان  و نە ئەو ژنانەیش کە ماسولکەی بەهێزیان هەیە ناتوانن بە ئاسانی ببنە بەشێک لەو کاتیگۆریانەی کە هەیکەلی ژیانی ڕۆژانە پێکدەهێنن. ڕەخنەی فێمینیستی ڕادیکاڵ  لە مێینەیی، تەنیا هەڕەشەیەک نابێت بۆ تێگەیشتنی ژنان بەرامبەر بە شوناسی خۆیان و ئارەزووەکانیان، بەڵکو دەشبێتە مەترسی بۆ سەر بناغەی هەیکەلی جیهانە کۆمەڵایەتییەکەیان.

بێگومان، زۆرێک لە ژنان فێمینیستن، لە خەباتدا بۆ دەستگەیشتن بە یەکسانی جێندەری لەگەڵ پیاواندا بەرنامەی ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری هەڵدەبژێرن. بەڵام زۆربەی فێمینیستە ڕیفۆرمخوازەکان و لیبراڵەکان (لەڕاستیدا زۆرینەی مارکسیستە ئۆرسۆدۆکسییەکان) بەو ئایدیایەوە گیرساونەتەوە کە پاراستن لە مێینەیی بە تەواوی لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی ژن لەپێناو ئازادیدا هاوشانە (مارکۆڤیچ١٩٧٦). لەکاتێکدا ئەم ڕۆشنبیرانە ئەو پێوانە مێینەییانە ڕەت دەکەنەوە کە لەسەر بنەمای “کایە جیاوازەکان” و دابەشکارییە ڕەگەزییە نەریتییەکانی کار دامەزراوە، کەچی لە هەمان کاتیشدا ستانداردە باوەکانی نمایشی جەستەی مێینە قبوڵ دەکەن. گەر شیکارییەکەم ڕاست بێت، ئەوا ئەم جۆرە لە فێمینیزم، فێمینیزمێکی داوەشاوە. فۆکۆ ئاماژە بەوە دەدات، دیموکراسی بۆرژوازی مۆدێرن بە قووڵی بەوە عەیبدارە کە بەدوای میکرۆدەسەڵاتی سیاسییدا دەگەڕێت لە دەرەوەی ئەو کایەیەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی بە “سیاسەت” پێناسە دەکرێت. “ئەو پیاوەی کە ئێمە بۆ ئازادکردنی بانگهێشتکرابووین،” پێماندەڵێت، ” ئیدی کاریگەری ملکەچی لەناو ئەودا زۆر قووڵترە لە توانای ئەو بەسەر خودی خۆیدا” (فۆکۆ٣٠،١٩٧٩). ئەگەر، وەک ئەوەی ئاماژەم بۆ کردووە، سوبێکتیڤیتەی مێ لەناو کۆمەڵێک پێوانەی بەرفراواندا پێکهێنرابێت، ئەویش لەڕێگەی پراکتیزە دیسپلینکارییەکانی بونیادنەری جەستەی مێینەوە، ئەوا ئەوەی فۆکۆ لێرەدا لەبارەی “پیاو”ەوە دەیڵێت دەشێت بۆ “ژن” تەنانەت زۆر لەوەیش ڕاستتر بێت. مارکسیستەکان هەر لە سەرەتاوە درێژەپێدەری کەموکورتییەکانی فێمینیزمی تەواو لیبراڵ بوون: لە چەندین ڕێگای جیاوازەوە دەگەینەوە هەمان ئەنجام و هاوکات گومانیش دەخەینە سەر کامڵێتی ڕەچەتەی مارکسیستی نەریتیی بۆ ڕزگاری ژنان. لیبراڵەکان بانگەشەی مافی یەکسانی ژنان دەکەن، مارکسیستی نەریتییش بانگەشەی بەشداریپێکردنی ژنان لەسەر بنەمای یەکسانی لەگەڵ پیاواندا لە بەکۆمەڵایەتیکردنی کاری ماڵ و شۆڕشی پڕۆلیتاریدا دەکات: هیچ یەکێک لە ئەوان، نە لیبراڵەکان و نە مارکسیستە نەریتیەکان داوای هەڵوەشاندنەوەیdeconstruction کاتیگۆرییەکانی نێرینەیی و مێینەیی ناکەن. (بەڵام هەندێک لە فێمینیستە ڕادیکاڵەکانی وەک ویتیگ١٩٧٦، داوای هەڵوەشاندنەوەیەکی لەم شێوەیەیان کردووە.) پێویستە مێینەیی وەک “ستایڵە دیاریکراوەکەی ڕوخسار”، بە ئاڕاستەی شتێکی تەواو جیاوازتردا تێپەڕێنرێت- نەک نێرینەیی، کە لە زۆر ڕووەوە تەنیا ئاوێنەیەکی پێچەوانەیەتی، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاری ڕادیکاڵ و بێ مێژیینە لە جەستەی مێدا بکات.

٨

فۆکۆ(٤٤،١٩٧٩) باس لەوە دەکات گواستنەوە لە کۆمەڵگای نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگای مۆدێرن بە گۆڕانکاری قووڵ لە مومارەسەی دەسەڵاتدا جیادەکرێتەوە، ئەوەی کە ئەو ناوی دەنێت “ئاوەژووبوونەوەی تەوەری سیاسیی تاکگەرایی.” لە سیستەمە تاکڕەوە دێرینەکاندا، دەسەڵات لە کەسێتی پاشادا بەرجەستە دەکرا، پاشا مومارەسەی دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵێکی زۆر لە جەستەی نەناسراوی سوبێکتەکاندا دەکرد؛ هەر سەرپێچیکردنێکیش لە یاسا وەک سوکایەتیکردن و ئیهانەکردن بە ئەندامانی شاهانە سەیردەکرا. لەکاتێکدا زۆرجار ئەو ڕێگایانەی لە ڕابردوودا بۆ سەپاندنی ژێردەستەیی و پابەندبوون بەکاردەهێنران، ئێجگار دزێو و دڕندانە بوون، هێرشی توند دەکرایە سەر جەستە، دەسەڵات لە سیستەمێکی وەهادا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک بەڕێوەدەبرا؛ زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ دەکەوتنە دەرەوەی سنوری دەسەڵاتەوە.

لە بەرامبەردا، کۆمەڵگای مۆدێرن سەرهەڵدانی زیاتری ئەپاراتوسە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی بەخۆوە بینیوە: ئەم ڕاهێنانانە بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی کۆنترۆڵ دەکەن، بە شێوەیەک زیاتر لەوانەی هەتا ئێستا بوونیان هەبووە.  لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا، ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی دەسەڵات “بەناو کەناڵی زۆر ورددا دەسوڕێنەوە، دەستیان بە خودی تاکەکان دەگات، بە جەستەیان، بە ژێستەکانیان و هەموو ئاکتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان” (فۆکۆ١٥١،١٩٨٠). دەسەڵات ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە مێشک و بیرکردنەوەی ئەو تاکانە بگۆڕێت کە دەشێت ویستی بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت، نەک بە تەنیا جەستەیان سزا بدات یاخود زیندانی بکات. ئەمەیش پێویستی بە دوو شت هەیە: کۆنترۆڵی وردتری کاتی جەستە و جووڵەکانی جەستە – کۆنترۆڵێک کە بە بێ چاودێریکردنی بەردەوام و تێگەیشتنی باشتر لە کەسی دیاریکراو، لە پێکهاتە و سروشتی “حاڵەت”ەکەی، ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت. ئەو دەسەڵاتەی ئەم ئەپاراتوسانە دەیانەوێت مومارەسەی بکەن پێویستی بە زانیاری نوێ هەیە دەربارەی تاک: سایکۆلۆژیای مۆدێرن و سۆسیۆلۆجیاش لەوەوە پەیدابوون. ئەگەرچی مۆدێلە نوێیەکانی کۆنترۆڵ بەرپرسیاربن بەرامبەر بە ڕێکخستن، بەرهەمهێنان، فێرکردن، یان دابینکردنی خۆشگوزەرانی، بەڵام هەموویان لەوەدا چونیەکن کە بە شێوەیەکی بیرۆکراتیک مومارەسەی دەسەڵات دەکەن – بێ ڕوخسار، بەسەنتەرکراو و سەرتاپاگیر. هەڵگەڕانەوەیەک، ئاوەژووبوونەوەیەک ڕوویداوە: هەنوکە دەسەڵات پێناسێکی ون و نادیاری هەیە، لە کاتێکدا پڕۆژەی کۆنترۆڵ تاکایەتییەکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. لەڕاستیدا، فۆکۆ بڕوای وایە پڕۆسەی دەسەڵات هەرە سوبێکتیڤیتی سوبێکت پێکدەهێنێت. لێرەدا جارێکی تر فیگەری تاوەری چاودێریpanopticon دێتەوە پێشێ: زانینی ئەوەی ڕەنگە لە هەر کات و ساتێکدا لە تاوەرەکەوە چاودێری بکرێت، زیندانیەکە خۆی ئەرکی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر خودی خۆیدا لە ئەستۆ دەگرێت. ئەو ڕوانینەی لە قووڵایی سترەکچەری دەزگای دیسپلینییدا ڕۆنراوە لە زیندانیی ناو دەزگاکەدا ناوەکیکراوەتەوە: تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی ڕەفتارکردن ڕووەو بەرهەمهێنانی تاکە گۆشەگیر و سوبێکتە پیادەکارەکانی دەسەڵات بەسەر خودی خۆیاندا، ئاڕاستەدەکرێن (دێوس ٧٧،١٩٨٤).

ژنان لە بەمۆدێرنکردنی دەسەڵاتدا ڕۆڵی خۆیان هەیە، ئەمەیان دواتر دەستپێدەکات، بەڵام لە زۆر ڕووەوە هەڵگرتنەوەی ئەو هێڵەیە کە فۆکۆ کێشای. لە چەندین لایەنی گرنگەوە، ڕەفتاری ژن لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو، کەمتر ڕاستدەکرێتەوە. هەنوکە ژن جووڵە و هاتوچۆیەکی زیاتری هەیە و کەمتریش لە ڕووبەری ماڵدا بەند دەکرێت. لە ڕووی ئازادی سێکسییەوە، ئەوەی لە ڕابردوودا شتێکی ئەندێشەنەکراو بوو، ئێستا ژن چێژی لێوەردەگرێت. هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری، دەرفەتی کاری بە کرێ لە دەرەوەی ماڵ، هەڵکشانی بەسێکیولارکردنی ژیانی مۆدێرن، کۆنترۆڵکردنی ژنیان لەناو خێزانە نەریتییەکاندا تا ڕادەیەک خاو و شل کردووەتەوە، سەرەڕای بەردەوام زیندووکردنەوەی هزری فەندەمێنتاڵیی لەلایەن کەنیسەوە. لەم دامەزراوانەدا دەسەڵات لەلایەن کەسانێکەوە بەکاردەهێنرێت کە لە ژنەوە نزیکن و دەیناسن. مێرد و باوک دەسەڵاتی پاتریارکییان لەناو خێزاندا چەسپاندووە. لە ڕژێمە کۆنەکاندا، گەر بهاتایەو ژن سەرپێچی لە یاسا پاتریارکییەکان بکردایە، ئەوا ڕووبەڕووی چەندەها سزای جەستەیی دەکرایەوە. نەک تاکی شاهانەی فۆکۆ، بەڵکو تاکی پیرۆز بڕیاریداوە ئارەزووی ژن پێویستە هەمیشە و بەردەوام “لەژێر دەسەڵاتی مێردەکەیدا بێت ” لە هەمان کاتدا کەسی کەشیش مەبەستە هەرە دیاریکراوەکانی خودای لەبارەی شوێن و پێگە و ئەرکی ژنەوە بە ژن خۆی ناساندووە. لە ڕۆژگارێکدا کە دەسەڵاتی مەدەنی و دەسەڵاتی کڵێسایی هێشتا پێکەوە گرێدراوبوون، ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی سەرەکی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، بەرپرسیاربوون لە ڕاستکردنەوەی ژنانی یاخی، ئەو ژنانەی بە هەر چەشنێک بوو خێزانەکانیان شکستیان هێنابوو لە بەستنەوە و جۆشکردنیاندا.

جیاواز لەوە، دەسەڵاتی دیسپلینیی تا دێت زیاتر خواستی شیاوبەرجەستەکردنی  مێینەیی بەرهەم دەهێنێت، ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی پەرتوبڵاو و نادیارە؛ هیچ کەسێک بە فەرمی بۆ مومارەسەکردنی هەڵنەبژێردراوە، وەک بینیمان، وەبەرهێنان لە هەموو کەسێکدا دەکات و تایبەتیش نییە بە هیچ کەس.  ئەم دەسەڵاتە دیسپلینخوازە مۆدێرنە: پشت بە سزا توندەکان یان گشتییەکان نابەستێت، هەروەک هەوڵی سنوردارکردنی ئازادی جەستەی مێ نادات لە جووڵەکردن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.  بۆ هەموو ئەوانە، داگیرکردنی جەستە لەلایەن دەسەڵاتەوە تەواو نزیکە: جەستەی مێ دەخرێتە ناو “ماشێنەکانی دەسەڵاتەوە، لەوێدا جەستەی مێ کەشف دەکرێت، تێکدەشکێنرێت و دووبارە ڕێکدەخرێتەوە” (فۆکۆ١٣٨،١٩٧٩). ئامانج لە تەکنیکە دیسپلینکارییەکان، ئەو تەکنیکانەی “جەستەی گوێڕایەڵ”ی ژنیان لێوە دروستدەکرێت، ڕێکخستنێکی هەمیشەیی و وردی جەستەی ژنانە – ڕێکخستنی قەبارەی جەستە و ئەدگارەکانی، ئارەزووی خواردنیان، ڕەفتار، ژێستەکان و بە گشتی هەموو هەڵسوکەوتەکانی مێ لە دەرەوەی ماڵ، هەروەها دەرخستنی هەر یەکێک لە بەشە دیار و بینراوەکانی جەستە.

لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکان و بەرەنگاربوونەوەی پاتریارکییەت لەلایەن ژنان خۆیانەوە، فۆڕمە کۆنەکانی هەیمەنەیش بەرەو داخوران دەچن، بەڵام فۆڕمە نوێیەکان سەرهەڵدەدەن و بڵاودەبنەوە و دەشچەسپێن. چیتر پێویست ناکات ژنان باش و ڕێکوپێک و بێگەرد بن، ڕووبەری چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ماڵدا قەتیس بکەن، یانیش تەنانەت چارەنوسی شیاوی مێبوونیان لە دایکایەتیدا ببیننەوە: مێینەیی نۆرماتیڤ تا بێت زیاتر و زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە چەقی جەستەی ژن – لێرەدا مەبەست لە ئەرکەکان و وەزیفەکانی جەستە نییە، یاخود تەنانەت مەبەست لە توانای ژن نییە بۆ منداڵخستنەوە، بەڵکو مەبەست لە سێکسواڵیتی جەستەیە، بە دروستتر، هێترۆسێکسواڵیتی ئامادەکراو و ڕوخساریەتی. بێگومان سەرقاڵکردنی ژنان بە بابەتەکانی بەگەنجیمانەوە و جوانییەوە شتێکی نوێ نییە، ئەوەی کە نوێیە زیادبوون و باڵادەستبوونی دەسەڵاتی ئەو وێنەیەیە لە کۆمەڵگادا کە تا دێت زیاتر ڕووەو میدیای بینراو ئاڕاستە دەکرێت. وێنەکانی مێینەیی نۆرماتیڤ، ڕەنگە هەڵگری سەرکێشیش بن، شوێنی ڕەوت و ئاڕاستە دینییەکانی ڕابردووی گرتووەتەوە. هەروەها شتێکی دی کە نوێیە، بڵاوبوونەوەی ئەم دیسپلینەیە بەناو هەموو چینە جیاوازەکانی ژناندا و بڵاوکردنەوەیەتی بە درێژایی سوڕی ژیانیان. ئەوەی لە ڕابردوودا تایبەتمەندێتی ژنە ئەرستۆکرات و لەشفرۆشەکان بوو، ئێستا ئیدی پابەندبوونی ڕۆژانەیی هەموو ژنێکە، جا ئەگەر نەنک بێت یاخود تازەپەرفین.

خۆبەدەستەوەدان بۆ دەسەڵاتە دیسپلینخوازە نوێیەکان واتا دەبێت بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بیت up-to-date، دەبێت”لەگەڵ ئەو”دا بیت؛ وەک لە پێشووتردا ئاماژەم بۆ کرد، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ڕووپۆشکراو و شاراوە پێشکەشمان دەکرێن. بە تەواویش لەگەڵ پێویستییەکانی ئێستای ژنانی کاری بە کرێ و کولتوری گەنجی و لەشجوانیدا دەگونجێن، هەروەها لەگەڵ پێویستی کاپیتاڵیزمێکی پێشکەوتوو بۆ درێژەدان بە زۆرترین ڕادەی بەکاربردن، ڕێکخراوە. جگە لەوەیش، پاشەکەوتێک لە ئابوری جێبەجێکردندا پێشکەش دەکات: بەو پێیەی ئەوە ژنان خۆیانن ئەم دیسپلینانە لەسەر جەستەی خۆیان و لە دژی جەستەی خۆیان پراکتیزە دەکەن، پیاوان باجی ئەمە نادەن و بۆی دەردەچن.

ئەو ژنەی لە ڕؤژێکدا دەیانجار چێکی ماکیاژەکەی دەکاتەوە بۆئەوەی بزانێت سپیاوەکەی تۆپەڵ تۆپەڵ بووە و هەڵبزڕکاوە یان ماسکەراکەی هاتۆتە خوارەوە، یان خەمی ئەوەی هەیە با یان باران ئارایشتی قژی تێکبدات، زوو زوو سەیری خۆی دەکات بزانێت گۆرەوییە درێژەکانی، کۆڵۆنەکەی هاتۆتە خوارەوە بۆلای پاژنەپێی یان چی، هەست دەکات قەڵەوە، چاودێری هەموو ئەو شتانە دەکات کە دەیخوات، ئەو ژنە ڕێک بووە بە زیندانییەکەی ناو تاوەری چاودێری، پیادەکەری یاسایە بەسەر خودی خۆیدا، خۆی بە خۆ-چاودێرییەکی بەردەوامەوە پابەند کردووە. ئەم خۆ-چاودێریکردنە فۆڕمێکی ملدانە بۆ پاتریارکییەت. هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە لە ئاگایی ژندا کە ئەوی ژن لەژێر چاودێرییەکدایە کە ئەوی تری پیاو لەژێر هەمان چاودێریدا نییە و ژن ببێت بە هەرچییەکی دیکە، ئەو هەر جەستەیەکە بە دەرەجەی یەک بۆ چێژلێوەرگرتن و وروژاندن دیزاین کراوە. زۆرینەی هەرە زۆری ژنان، وەک فۆکۆ دەڵێت(٢٠١،١٩٧٩)، ” دۆخی ئاگایی و توانایی بینینی هەمیشەیی کە کارکردنی ئۆتۆماتیکی دەسەڵات مسۆگەردەکات” تیایاندا بزوێنراوە. بەوپێیەی ئەستەمە ستانداردەکانی پەسەندێتی جەستەی مێینە بەدەستبهێنرێن، ئەوەی کە ئەو ستانداردانە داوای دەکات؛ هەروەک چۆن دەیشیکات؛ تێپەڕاندنی واقیعی سروشتە، ڕەنگە ژن بەشێکی زۆری ژیانی بە هەستێکی سەرتاپاگیری کێماسی جەستەییەوە بەڕێبکات. لێرەوە کۆنترۆڵی توندتری جەستە جۆرێکی نوێی لە کۆنترۆڵکردنی عەقڵ وەدەستخستووە.

فۆکۆ زۆرکات بە شێوەیەک دەنوسێت کە دەسەڵات کرۆکی ئەو تاکانە پێکدەهێنیت کە کاریان لەسەر دەکات:

نابێت تاک وەک جۆرێک لە ناوکی سەرەتایی تەماشابکرێت، وەک ئەتۆمێکی سەرەتایی، وەک ماددەی خام و هەمەجۆر کە دەسەڵاتی پێ جێگیر دەکرێت یاخود لە حاڵەتی بەرکەوتندا بێت لەگەڵی….. لەڕاستیدا، یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی دەسەڵات ئەوەیە جەستە تایبەتەکان، ژێستە دیاریکراوەکان، گوتارە تایبەتەکان و ئارەزووە دیاریکراوەکان دەکات بە پێناس و پێکهات بۆ تاکەکان (فۆکۆ٩٨،١٩٨٠).  

لەگەڵ ئەوەیشدا، گەر تاکەکان بە تەواوی لەلایەن ڕژێمی دەسەڵات-مەعریفەوە پێکهێنرابن وەک فۆکۆ باسی دەکات، ئیدی هیچ مانایەک بۆ قسەکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دیسپلین نامێنێتەوە. پێدەچێت فۆکۆ هەندێک جار لە لێواری بێبەشکردنمان بێت لەو موفرەداتانەی کە بۆ تێگەیشتن لە سروشت و مانای ڕەتکردنەوە ناوبەناوەکانی کۆنترۆڵ، بە ئەندازەی سەپاندنی کۆنترۆڵ، گرنگن و ئاڕاستەی مێژووی مرۆڤایەتی دیاری دەکەن.

پیتەر دێوس(٩٢،١٩٨٤) فۆکۆ بە نەبوونی تیۆری “جەستەی لیبیدیناڵ libidinal body” تۆمەتبار دەکات، دەشێت ئەو جەستەیەی دیسپلین بەسەریدا دەسەپێنرێت و پاڵنەری سەرەکییە بەرەو عەفەوییەتspontaneity و چێژ، ببێتە شوێنی بەرەنگاری. کەوابێت ئایا جەستەی “لیبیدیناڵ”ی ژنان، یاخی نابن بەرامبەر بەو ئازار، تەنگپێهەڵچنین، وەڕسکردن، نیوەبرسیکردن و خۆچاودێریکردنە بەردەوامەی کە هەنوکە مەحکومن پێی؟ بێگومان یاخی دەبن، بەڵام هەر جارێک ژن دەستیدایە موکێشی برۆ کردنەکەی یان دەستیکرد بە دایەتێکی تازە، ئیدی لە یاخیبوون دەکەوێت. تەنیا زۆرداریی و ڕەقیی ڕژێمێک، گەرەنتی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتەکەی ناکات، دەکرێت سەختی و دژوارییەکان بەرگەگیراو بن گەر وا بیریان لێ بکرێتەوە کە پێویستن یان حەتمیین.

کاتێک “سروشت” لە فۆڕمی “لیبیدیناڵ’ی جەستەدا، ڕەنگە نەبێت بە سەرچاوەی شۆڕش دژ بە “کولتور”، هەیمەنە (و ئەو دیسپلینانەیش کە بە پێویستیان دەزانێت) هەرگیز بەبێ باج ناسەپێنرێت. لە ڕووی مێژووییەوە، فۆڕمەکان و ڕێگاکانی بەرەنگاری فرەچەشنن. هەندێک کات، پێدەچێت حاڵەتەکانی بەرەنگاری لە هاتنەناوەوەی فاکتەرە نوێ و ناکۆکەکانەوە بۆ نێو ژیانی دەستبەسەرداگیراو،  سەرهەڵبدەن: دانانی کۆن و نوێ لە پەنا یەکدا و ئەنجامی ناتەبا  یان “پێکدژ” بە یەکتری، ئەشێت وا بکات ملکەچبوون بۆ شێوازە کۆنەکانی دیسپلین بە ڕادەیەکی زۆر نا پێویست بێت. لەم دۆخەی ئێستادا، ئەوەی دەشێت سەرەکیترین هۆکاری بەردەوامی و هەڵکشانی بەبابەتیکردنی جەستەی ژنان بێت – بە مانای وشەکە، گەشەسەندنی سەربەخۆیی ژنان – وا دەکات تێگەیشتنی ناکۆک لەنێو زۆرێک لە ژناندا بەرهەمبێت و مانا و زەروورەتی دیسپلینەکانی ئێستا بخاتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک ژنان (گەرچی کەمینەیەکی کەمیشیان بن)، درک بە دیاریکردنی چارەنوسی سیاسیی و ئابوریی و هەروەها ڕەگەزیی خۆیان دەکەن، ئەوا بە ڕادەیەکی زیاتر و بە تەواوی دەکەونە ژێر نیگای هەژموونکارانەی پاتریارکییەوە. ئەوە ئەم پارادۆکسەیە، نەک “جەستەی لیبیدیناڵ”، کە لێرە و لەوێ، ڕووبەرەکانی بەرەنگاری دروستدەکەن. 

لەم کەشە سیاسییەی ئێستادا، هۆکارێک بە دەستەوە نییە بۆ پێشبینیکردنی بەرەنگاری بەرفراوان دژ بە مۆدێلە باوەکانی ئەمڕۆی جەستەسازی مێینە، یاخود ئەزموونکردنی بێ کێشە لەگەڵ “ستایڵە نوێیەکانی ڕوخسار”دا؛ سەرەڕای ئەوەیش، تازەگەریی لەم شێوەیە ڕووبەڕووی دژایەتی توند و کاریگەر دەبێتەوە لەلایەن سەرچاوە ماتریاڵی و سایکۆلۆژییەکانەوە کە لە بەشەکانی پێشووی ئەم وتارەدا دەستنیشانمان کردن (بڕوانە بەشی ژمارە ٧). جگە لەمەیش، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک لە گوتار و پراکتیکی پێچەوانە بەدەرکەوتن. ژمارەی ژنان لە یارییەکانی “بەرزکردنەوەی کێش و قورساییدا” زیادیان کردووە، بەشێکیشیان تا ڕادەیەک نیگەرانن لەو سنورانەی لەلایەن نۆرمە هەنوکەییەکانی مێینەییەوە بۆ پەرەدان بە جەستە، سەپێنراون. ژنان لەناو کۆمەڵەی ڕادیکاڵی لێسبیانەکاندا، وێنە هەژمونکارە مێینەییەکان ڕەتدەکەنەوە و لەپێناو پەرەپێدان بە ئیستاتیکایەکی مێینەی نوێدا، تیدەکۆشن. تایبەتمەندی دیاری ئەم جۆرە کۆمەڵانە، بریتییە لە ڕادەی تێپەڕاندنی شوناسە سەپێنراوەکانی جوانی مێینە و خواستی بە گەنجی مانەوەیان: لێرەدا، خوسڵەتە فیزیکییەکانی پیری – “کارەکتەر”، چرچولۆچی پێست و قژی ماشوبرنج – نەک کۆتایی بە سەرنجڕاکێشی ژن ناهێنێت، بەڵکو  تەنانەت سەرنجڕاکێشتریان دەکات. ئەدەبیاتی جەماوەریی بەرەنگاری لە برەودایە، هەندێک لەوانە ئەدەبی شیکاریی و گێڕانەوەن، وەک The Obsessionی کیم چێرنین کە ساڵی ١٩٨١بڵاوکراوەتەوە. هەندێکی دیکەیان ئاڕاستەیان ڕووەو پراکتیی یارمەتیدانی-خود ە، وەک ئەوەی مارسیا هەتچینسۆن١٩٨٥ بە ناوی Transforming Body Image: Learning to Love the Body You Have. ئەم ئەدەبیاتە لە زۆر ڕووەوە ڕەنگدانەوەی دۆخێکە نزیک بە دۆخە تەواو نا ئومێدکەرەکانی دیکە و ئەوانەیش کە پێشتر هەبوون، وەک بێتی فرایدن ١٩٦٣ لە کتێبی The Feminine Mystiqueدا هێناویەتیە بەر باس. نابێت ئەوەیشمان لە بیر بچێت کۆمەڵێکی بەرفراوان لە بزوتنەوەکانی ژنان لەم وڵاتەدا هەن و پرسیاری ڕەخنەییان لەبارەی مانای مێینەییەوە وروژاندووە، ئەگەر هێشتایش نەگەیشتبێتنە ئاستی پێشکەشکردنی فیزیکیی خود، ئەوا لە ئاستی بوارەکانی دیکەی ژیاندا ئەوەیان کردووە. ئێمەی ژنان ناتوانین دەست بە دووبارە-تێڕوانینەوە لە جەستەی خۆمان بکەین تا ئەو کاتەی فێردەبین ئەو پەیامە کولتورییانە بخوێنینەوە کە ڕۆژانە جەستەی ئێمە دەکێشن و تا دەگەینە ئەوەی ببینین کە تەنانەت کاتێک لێهاتوویی لە دیسپلینەکانی مێینەییدا ئەنجامی سەرکەوتوویش بەرهەمبێنێت، ئێمە هێشتا تەنیا هەر ژنین.

 

تێبینیەکان:

چاپی پێشووی ئەم نوسینە لە ساڵی ١٩٨٥دا بۆ Southwestern Philosophical Society خوێندراوەتەوە. چاپی دواتر لە مانگی ئازاری ١٩٨٦دا، بۆ Society of Women in Philosophy، خوێندراوەتەوە، پاشان بۆ American Philosophical Association لە مانگی مایسی ١٩٨٦دا. کەسانێکی زۆر لەو کۆبوونەوانەدا لە کاتی گفتوگۆکاندا سەرنج و ڕەخنەی توندیان پێشکەش کرد. پێمخۆشە سوپاسی تایبەتی ئەم کەسانەی لای خوارەوە بکەم بۆ ئەو ڕەخنانەی لە درافتی پێشووی ئەم وتارەیان گرت: نانسی فرەیزەر، ئاڵیسن جاگەر، جێنیفەر ئاڵن، لۆری شراج، ڕۆبەرت یەناڵ، مارثا جیمێنز، جۆیس ترێبیلکۆت، ڕۆب کراوفۆرد و ئایریس یۆنگ.

 

١.فۆکۆ ئاماژە بە مانوەڵێکی سەربازی سەدەی-هەژدە دەدات، “Odonnance du Ier Janvier 1766….، تایتڵی یازدە، مادەی دوو.

٢. خۆم بە قەرزاری لۆری شراگ دەزانم بۆ سەرنجڕاکێشانم و دەستخستنی زۆرینەی ئەم نموونانە.

٣.لە داڕشتنەوەی ئەم خاڵەدا، قەرزاری نانسی فرەیزەرم.

 

پەراوێزی وەرگێڕ:

[1]  ڕامکراو–گوێڕایەڵ–docile

[2] تاوەری چاودێری–panopticon تاوەرێکی بازنەییە، لەلایەن JeremyBenthamەوە لە سەدەی هەژدەدا نەخشەی بۆ کێشراوە. ئەم تاوەرە مۆدێلێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی تاکەکان و مومارەسەکردنی دەسەڵات بەسەریاندا بە جۆرێک خودی تاکەکان دەکاتەوە بەشێک لە پڕۆسەی مومارەسەکردنەکە. میشێل فۆکۆ بۆ یەکەمینجار چەمکی پنۆپتیکۆنیزم لە کتێبی دیسپلین و سزا دا بەکاردەهێنێت وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو چاودێرییە ناوەکییەی لە دیزاینی زیندانەکەوە دروستدەبێت.

[3] دەمامککردن–پەنهانکردن–خۆلێگۆڕین–ونکردن–شاردنەوە–disguise

[4]سەرچاوەی وەرگێڕانەکە Foucault, Femininity, and the Modernization of Patriarchal Power

https://faculty.uml.edu/kluis/42.101/Bartky_FoucaultFeminityandtheModernization.pdf

 

بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی نوسینی ئەم وتارە، ناوەکانیان لە خوارەوەدا دەهێنینەوە:

1-Bartky, Sandra Lee. 1982. Narcissism, Femininity and alienation. Social Theory and Practice 8:127-43.

2-Bordo, Susan. 1985-86. Anorexia nervosa: Psychopathology as the crystallization of culture. Philosophical Forum 17:73-104.

3-Butler, Judith. 1985. Embodied identity in de Beauvoir’s The Second Sex. Paper presented at the American Philosophical Association, Pacific Division, March,22,1985.

4-Chernin, Kim. 1981. The Obsession: Reflections on the Tyranny of Slenderness. New York: Harper and Row.

5-De Beauvoir, Simone. 1968. The Second Sex : New York: Bantam Books.

6-Dews, Peter. 1984. Power and subjectivity in Foucault. New Left Review 144 (March- April):17

7-Foucault, Michel. 1979. Discipline and Punish : The Birth of the Prison. New York: Vintage.

8-Power/Knowledge: Selected Interviews and Other Writing, 1972-1977 (ed. Colin Gordon). Brighton, U.K :1980.

9-Friedan, Betty. 1963. The Feminine Mystique. New York : Norton.

10-Henley, Nancy. 1977. Body Politics. Englewood Cliffs: N.J.: Prentice-Hall.

11-Hochschild, Arlie. 1983. The Managed Heart: The Commercialization of Human Feeling. Berkeley: University of California Press.

12-Hurchinson, Marcia. 1985. Transforming Body Image: Learning to Love the Body You Have. Trumansburg, N.Y.: Crossing Press.

13-Klinger, Georgette, and Barbara Rowes. 1978. Georgette Klinger’s Skincare. New York: William Morrow.

14-Loren, Sophia. 1984. Women and Beauty. New York: William Morrow.

15-Marcovic, Mihailo. 1976. Women’s liberation and human emancipation. In Women and Philosophy, edited by Carol C. Gould and Marx W. Wartofsky. New York: G.P. Putnam.

16-Millman, Marcia. 1980. Such a Pretty Face: Being Fat in America. New York: W.W. Norton.

17-Saffon, M. J. 1981. The 15-Minute A-Day Natural Face Lift. New York: Warner Books.

18-USA Today. May 30, 1985.

19-Wex, Marianne.1979. Let’s Take Back Our Space: “Female” and “Male” Body Language as a Result of Patriarchal Structures. Berlin: Frauenliteraturverlag Hermine Fees.

20-Wittig, Monique. 1976. The Lesbian Body. New York: Avon Books.

21-Young, Iris. 1980. Throwing like a girl: A phenomenology of feminine body comportment, motility, and spatiality. Human Studies 3: 137-56.