کورد و مەسەلەی فەلەستین، دوای پەنجاو چوار ساڵ لە گۆڤاری ڕزگاری
ئاكۆ قادر حه‌مه
بۆچی كورد پشتیوانی گه‌لی عه‌ره‌بی فه‌ڵه‌ستین ده‌كات؟ ئه‌مه ناونیشانی وتاری سێیه‌می ژماره یه‌كی گۆڤاری (ڕزگاری)یه، كه گۆڤارێكه له ٢٠ی نیسانی ١٩٦٩ه‌وه بۆ ئاداری ١٩٧٠ پازده ژماره‌ی لێ ده‌رچووه، گۆڤاره‌كه ههفتهنامهیهكی گشتیی بووه و نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌ن ئیمتیازی بووه و شازاد سائیب سه‌رنووسه‌ری بووه. گه‌رچی ده‌بوو له‌ماوه‌ی ئه‌و نزیكه‌ی یازدە مانگه‌دا زیاتر له چل ژماره‌ی بڵاوبكردایه‌ته‌وه، به‌ڵام به هۆكاری گرفتی به‌رده‌وامی چاپی كوردی و پارهداركردنیهوه ئه‌وه نه‌كراوه، هه‌روه‌ك مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی باسكی جه‌لالی، دوور‌و نزیك له پشتیه‌وه بوون، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌كی چاپخانه‌كه له بنه‌ماڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوه هاتووه، به‌ڵام وه‌ك ئابوونه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ستووه به “بڕێك” هاوكاری سه‌رمایه‌دار و لایه‌نگرانی ئایدۆلۆجی و سیاسی ئه‌و گروپه، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی سلێمانی.
له ژماره یه‌كی گۆڤاری ڕزگاری كه له ٢٠ی نیسانی ١٩٦٩دا ده‌رچووه، وتارێك به بێ ناوی نووسه‌ر بڵاوبۆته‌وه، كه گومان ده‌كرێت نووسینی نه‌وشیروان مسته‌فا به ته‌نیا خۆی یان خۆی و هه‌ڤاڵانی بێت، له‌و وتاره‌دا كۆمه‌ڵێك بۆچوون خراوه‌ته ڕوو كه زه‌مینه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن بۆ بینینی پرسی فه‌ڵه‌ستین وه‌ك پرسێكی ڕه‌وا، هه‌روه‌ها وه‌ك پرسێكی دانه‌بڕوا له پرسی كورد له ڕووی پرسی یه‌كانگیر و دانه‌بڕاوی ئازادیخوازییه‌وه، بێگومان به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌و ده‌مه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردییه‌وه كه مه‌لا مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و چه‌ند ساڵێك بوو په‌یوه‌ندی پته‌وی به موسادی ئیسرائیلی و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلییه‌وه دروست كردبوو، له كۆتایی وتاره‌كه به `ناتۆره‌یه‌ك` ئاوڕ له‌وه دراوه‌ته‌وه و دێینه‌وه سه‌رباسی.
وتاره‌كه زۆر درێژ نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه بۆ ئێستامان ئه‌وه‌یه كه به ئاوڕدانه‌وه له ناو و مێژووی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و ده‌ڵێت: یه‌كێك له شانازییه گه‌وره‌كانی مێژوی كورد ئه‌و ده‌وره گرنگه‌یه كه “سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی بوویه‌تی”، هه‌رچه‌نده پێی وایه ئه‌و ڕۆڵه‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی له ڕووی جه‌نگی ئیسلام و سهڵیبییهكانهوه شێوه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه، به‌ڵام ڕۆڵی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌وه بووه كه ڕۆڵی گه‌ڵانی موسڵمانی پیشان داوه به‌رامبه‌ر به په‌لاماردانی سهڵیبییهكان. هه‌روه‌ك یه‌كێتیی نێوان عه‌ره‌ب و كوردی پیشانداوه و تا ئه‌و دوایانه‌ش- مه‌به‌ست له پێش ساڵی ١٩٦٩ و نووسینی ئه‌و وتاره‌یه- خه‌ڵكی ساده‌ی ئه‌وروپی، كورد به سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبییه‌وه ده‌ناسن. ئه‌مه‌ش واته نووسه‌رانی فه‌رمی گۆڤاره‌كه كه دواتر به‌شی زۆری نووسه‌ره‌كانی وه‌ك ئه‌ندام یان دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ماركسیی-لینینی كوردستان جێیان گرتووه، به‌ڵام ده‌ست له بناغه شارستانیی و ئایینیه‌كه‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی به‌رناده‌ن.
ئاماژه‌دانی ئه‌و وتاره وه‌ك هه‌وڵدانێك ده‌بینرێت بۆ هاوپهیوسهتكردنی پرسی كورد به پرسی فه‌ڵه‌ستینه‌وه له‌سه‌ر بنچینه‌ی په‌یوه‌ستی شارستانی و ئایینی، به‌ڵام بناغه ئایدۆلۆژییەكانی تری داڕشتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه له خواره‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و چه‌ند دێڕێكی ئاماده‌سازی هه‌ن كه ده‌ڵێن: “هه‌موو كوردپهروهرێك بایی ئه‌وه گه‌نجینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه كه بیپارێزێت و به پیرۆزی بزانێت…“ واته مێژووی ئه‌یوبی لانی كه‌م به بناغه‌ی شارستانیی یان كولتووری نه‌ته‌وایه‌تی كوردیی دانراون و ده‌بێت پێیه‌وه پابه‌ند بین، هه‌روه‌ها پێی وایه كه “خیانه‌ته ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌مێنینه‌وه به‌و سه‌ره‌تا و بنچینه شارستانییه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئیمپریالیزم و سههۆنیهت دوو دووژمنه‌كه‌ی كوردایه‌تی چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن“. واته لێره چه‌ند بڕیارێك دراوه، پێشتر فه‌ڵه‌ستین له ڕێگه‌ی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه وه‌ك دۆستی شارستانیی كورد بینراوه، لێره‌شدا سه‌هیۆنیه‌ت وه‌ك دو‌ژمنێك به فه‌ڵه‌ستین و ئیمپرالیزمیش له‌گه‌ڵ سههیۆنیهتدا وه‌ك دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد دانراون. بینینی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش وه‌ك خیانه‌ت به پرسی نه‌ته‌وایه‌تی بینراوه. واته ئه‌م بینینه چهپگهرایهی دژایه‌تی ئیمپریالیزم تێكه‌ڵ به ڕه‌هه‌ندێكی ئایینی كراوه.
به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و خاڵه بۆ دوژمنایه‌تی دێرینیه سه‌هیۆنیه‌ت و ئیمپرایالیزم له‌گه‌ڵ كورددا ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراو، به‌ڵكو چه‌ند خاڵێك له وتاره‌كه‌دا به وردی ده‌ستنیشان كراون:
یه‌كه‌م: ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكی سه‌رمایه‌داری چڵێسه و به‌شێكه له سه‌رمایه‌داری جیهانی، ئیسرائیلیش وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌شێكه له ئیمپریالیزمی نوێ، و ئیستعماریانه ڕه‌فتار ده‌كات، له وێنه‌ی ڕه‌فتاری ئیستیعمار له چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و هتد، هه‌وڵی داگیركردنی خاكی ئه‌وانی تر ده‌دات بۆیه خه‌ته‌رێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر پرسی كورد. به‌مه‌ش وه‌ك وتاره‌كه ده‌ڵێت؛ ئیسرائیل دوژمنێكی خوێنخواری كورد و كوردستان داده‌نرێت.
دووه‌م: ئیسرائیل له‌سه‌ر داگیركردنی خاكی گه‌لێكی تر دروست بووه، كه گه‌لی عه‌ره‌بیی فه‌ڵه‌ستینییه، هه‌روه‌ها ئیسرائیل له‌سه‌ر بیروڕای فاشیه‌ت و ده‌رپه‌ڕاندنی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له خاكی خۆی دروست كراوه، هه‌روه‌ها ئیسرائیل نوێنه‌ره‌وه و موجهسهمهی بیروڕای فاشیستی و چه‌وساندنه‌وه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه گه‌لانی ئازادیخوازی دونیا به كوردیشه‌وه ده‌چن به گژی‌دا، هه‌ربۆیه نووسه‌ری وتاره‌كه پێی وایه ئه‌مه ده‌كاته ئه‌وه‌ی كه سه‌ركه‌وتنی ئیسرائیل ببێته سه‌ركه‌وتنی دوژمنانی كوردستان. له‌وه زیاتریش ده‌ڵێت: كه بوونی ئیسرائیل واته نه‌بوون و تیاچوونی كوردایه‌تی و گه‌لی كورد.
سێیه‌م: ئیسرائیل بۆته تاجی سه‌ری ئیمپریالیسته‌كان، كه بهریئهدهنه گیانی گه‌لانی شۆڕشگێڕی عه‌ره‌ب كه برای گه‌لی كوردن به‌تایبه‌تی له عێراق و سوریا، ههرزیانێكیش به گه‌لی عه‌ره‌ب بگات زیانه به گه‌لی كورد.
جا وتاره‌كه چه‌ند دێڕێكی تری جهختكهرهوهی تیایه له‌سه‌ر په‌یوه‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و عه‌ره‌ب له به‌گژداچوونه‌وه‌ی سه‌هیۆنیه‌ت و سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزمدا.
له كۆتاییدا وتاره‌كه ده‌یه‌وێت ئه‌و گومانه‌ش دووربخاته‌وه كه هۆی دژایه‌تییان بۆ ئیسرائیل له‌وه‌وه نه‌هاتووه كه مه‌لا “چومبی؟!” بارزانی –نووسه‌ری وتاره‌كه لێره‌دا واز له به‌ڵگاندن ده‌هێنێت و ناتۆره‌یه‌ك بۆ ناوی مه‌لا مسته‌فا داده‌نێت وه‌ك درێژه‌ی شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی نێوان باسكی جه‌لالی و مه‌لایی- گوایه مه‌لا مسته‌فا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دروستكردووه و یارمه‌تی چه‌ك و فیشه‌كیان لێ وه‌رده‌گرێت، به پێی وتاره‌كه مه‌به‌ستی پشت ئه‌و یارمه‌تییه كوشتنی كورد و وێرانكردنی كوردستانه. به‌ڵكو وتاره‌كه ده‌ڵێت؛ ئه‌م بیڕوڕایهیان له ڕقبوون له به‌رزانی و په‌یوه‌ندیی به ئیسرائیله‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی نه‌گۆڕی بیروباوه‌ڕێكه‌وه هاتووه كه له ساڵی ١٩٤٧ه‌وه -واته پێش دروستبوونی ئیسرائیل به‌ساڵێك- له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به‌ناوی “پارتیمانه‌وه” بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌مه‌ش نووسه‌ر یان نووسه‌رانی بابه‌ته‌كه لێره‌دا خۆی یان خۆیان وه‌ك درێژه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌زانن، نه‌ك ڕه‌وتی مه‌لا مسته‌فا. هه‌روه‌ها وه‌ك به‌ڵگه وتاره‌كه‌ی ساڵی ١٩٤٧ له‌دوای ئه‌م وتاره‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ وتاره‌كه ده‌رخه‌ری دابه‌شبوونی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆجی كوردییه له كۆتایی شه‌سته‌كان سه‌ده‌ی بیستدا، كه ئه‌و دابه‌شبوونه ئایدۆلۆجی و سیاسیه‌ش ئێستاش به شێوازی تر و به پاشه‌كشه‌ی هێز و گروپه چه‌په‌كان و هاتنی هێز و بزاڤی ئیسلامی سیاسیش قوڵتر بۆته‌وه، ئیسلامییه‌كان وێنای ململانێی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل، یاخود شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرائیل وه‌ك ململانێی نێوان ئیسلام و دهرهئیسلام وێنا ده‌كه‌ن به بێ ئاوڕدانه‌وه له پرسی ئازادی یاخود دادپه‌روه‌ری له ئاستی ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له هێز و گروپه‌كانی تر ئه‌و شه‌ڕه وه‌ك شه‌ڕی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و هێزێكی كۆنه‌پارێز وێنا ده‌كه‌ن ئه‌مانه به‌شێكیان خۆیان له‌ناو هێزه نه‌ته‌وه‌ییه سكۆلارهكاندا ده‌بیننه‌وه، به‌ڵام گروپێكی بچوكی تری كورد شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل له ڕه‌هه‌ندی مرۆییه‌وه ده‌بینن و دژی شه‌ڕن و پێیان وایه ئه‌م شه‌ڕه له هه‌ردوولاوه به بێ ڕه‌چاوكردنی مافی مرۆڤ و پرنسیپه جێگیره‌كانی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كان به‌ڕێوه‌چووه، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه ئاراسته‌ی جبه‌خانه‌ی پێشكه‌وتووی ئیسرائیلی ده‌كه‌ن كه بێ ڕه‌چاوكردنی پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی توندوتیژی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری به‌كارهێناوه و له‌و نێوانه‌دا تاوانی جه‌نگ ئه‌نجام دراوه، ئه‌م گروپه خه‌ڵكانی سكۆلار و چه‌په ئازادیخواز و مرۆڤدۆستهكانن، كه به بێ لایه‌نگریكردنی ئایدۆلۆجی ته‌سكبین و خۆیه‌كلاكردنه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایینی یان شارستانی هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرنسیپی دژایه‌تی شه‌ڕ به بنه‌ما بگرن و پاراستنی ژیانی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر ئیعتبارێكی ئایینی و شارستانی بكه‌نه بنچینه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسیی و فكرییان.
به‌مشێوه‌یه تێڕوانینی كورد بۆ ئه‌و پرسه وه‌ك ساڵانی شه‌سته‌كان به قوڵیی دابه‌شبووه، به ڕه‌چاوكردنی هاتنی هێز و تێڕوانینی تری جیاواز.