خانەقای میرزا خانەقایەک بۆ هەقیقەتە مێژووییەکان
باسێک لەسەر ڕۆمانی “خانەقای میرزا”ی میران ئەبراهام
نوسینی: ئیدریس مستەفا
“ڕۆمان دەتوانێ ئەوە بڵێت کە ناتوانرێت بە هیچ ڕێگەیەکی تر بگوترێت، هیچ چالاکییەکی هزریی تر نابینم بتوانێت ئەوە بکات کە ڕۆمان پێیدەکرێت، ڕۆمان هەموو ئەو تەڵانەمان بۆ تاقیدەکاتەوە کە ژیانمان کەوتووەتە ناویان.”
میلان کۆندێرا
” ڕۆمانەکانی میران ئەبراهام هەردەم تێڕامان و پرسیار بەجێدەهێڵن لە لای خوێنەر. ئەو وەڵامەکان بۆ ئێمە بەجێدەهێڵێ تاکو بە دوایدا بگەڕێین لە پشت دەرگا کڵۆمدراوەکانەوە. میران ئەو کارە باشەمان لەگەڵ دەکات کە دەرگاکانمان پێ نیشان دەدات بەڵام کلیلەکان دەبێ خۆمان بیاندۆزینەوە.”
***
خانەقای میرزا، ڕۆمانێکی تری نوسەری کورد میران ئەبراهامە کە بەهاری ساڵی پار، ساڵی ٢٠٢٣، لە دوو توێی نێزیک بە ٤٠٠ لاپەڕەییدا بڵاوکرایەوە. رۆمانی خانەقای میرزا رۆمانێکی مێژوویی نیە بەو مانایەی مێژوو بنوسێتەوە و تەواو، بەڵکو مێژوو بکاتە وانەیەک و بیخاتە بەردەممان بۆ تێگەیشتنمان لە ئێستا و هەڵوێست وەرگرتنیشمان بەرامبەر بەو کەسێتی و قەوارە و رەمزە سیاسی و رۆشبیریانەی دنیای ئێمەیان قۆرخ کردووە. خانەقای میرزا کە ماڵی باوکی جەلالی میرز اکەریمە، دەبێتە ویستگەیەک بۆ نوسینەوەی رووداوەکانی دەورەیەک لە مێژووی ئێمە، ئەو رووداوانەی نەک تەنها چارەنوسی سیاسی ئێمەیان دیاری کرد تاکو ئەمڕؤکە بەڵکو رەنگڕیژی نێوەندێکی رۆشنبیریشیان بۆ نەخشاندین کە پرە لە ئاڵۆزی وناسازی و نەنگی و نادادی. رۆمانەکانی میران ئەبراهام وەک هەمیشە شەڕی مافخوراوان و مافخۆرەکانی مێژوو دەکات، شەڕی ئەو ناودار و هێز و سەکۆیانە دەکات کە لەسەر شانی ئەوانی تر دەرکەوتوون و بنیات نراون. خانەقای میرزا ئەو رۆمانەیە شەڕێکی جیاوازتر دەکات کە تایبەتە بە چین و توێژێکی سیاسی و ئەدەبی وەها کە بۆخۆی پڕکێشەترین و ئاڵۆزترین خەڵکانی ناو کۆمەڵگەن.
ڕووداوەکانی رۆمانی خانەقای میرزا
ڕووداوەکانی ناو ئەم خانەقایە لەسەر دوو بەرەی گرنگی دنیای سیاسی ئێمە چەپ و راست/ ناسیۆنالیزم و سۆشیالیزم یاخود بە کوردیەکەی بڵێم قەومیەکان و شیوعیەکان، رەمزە ئەدەبی و رۆشنبیریەکان لە نیوان ئەم دو بەرەیەدا دەجێتە پێشەوە بە پاڵەوانێتی خێزانێک (میرزا کەریمی ئەحمەد ناڵبەند) بە تایبەت تاکێک لەو خێزانە بە ناوی “جەلالی میرزا کەریم.” من لێرەدا هیچ شتێک لەوانە نانوسمەوە و ناڵێم کە پێشتر نوسراون و گوتراون لەسەر ئەم رۆمانە. خوێندنەوەی من بۆ رۆمان بەگشتی و ئەم رۆمانە بەتایبەتی زۆرتر خوێندنەوەیەکی سیاسیە چونکە خودی رۆمان بە سروشت سیاسیە. هەموو ئەو رەگەزانەی لە رۆماندا هەیە، بەتایبەت ئەم رۆمانی خانەقای میرزایە، وەک زەمەنەکەی و مەکانەکەی و رووداوەکانی و کاراکتەرەکانی سیاسین.
ئەوە دروستە ئەم ڕۆمانە باس لە رووداوە مێژووییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتێ ئێمە دەکات بەڵام کەمتر دەچێتە قاڵبی ڕۆمانێکی مێژووییەوە چونکە دانەبڕانێکێکی زەمەنی و مەکانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕۆشنبیریش هەیە کە وادەکات ئەو رووداوانەی لە دەیەی سیەکانی سەدەی پێشووەوە کە میران لەم رۆمانەدا باسیان دەکات هیچ کات ون نەبوون لە دنیای ئێمەدا و بەردەوام ڕوویانداوە و ئیستاکەش وا بە بەرچاومانەوە روودەدەن گەر بەشیوەیەکی خراپتر و ترسناکتر نەبێ.
ڕۆمانی سیاسی واتە دەم لێدان لە هەموو بابەتە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە هەر لە سیاسەت وەک خۆی و سیاسەتی حزبی و دەسەڵاتدارێتیەوە تا دەگات بە ململانێ رۆشنبیری و ئەدەبی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە دەرهاویشتەی ئەو بارودۆخە سیاسیەن. رۆمانی سیاسی هەر بە مانای ئەوە نیە باسی سیاسەت دەکات و تەواو بەڵکو ئامانج لێی ئاگادار کردنەوە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگەیە بە گشتی و مینەکردنی ئەو حەقیقەتە ونبوانەی کە بزرمان کردوون یاخود لێمان بزرکراوە و دەبێ بیاندۆزینەوە تاکو نەوەی دادێ وەک نەوەی ئیستا و رابردوو نەبێت کە ئەنفالی کەمینە رەسەنەکانی خۆیان کرد بۆ شتێک کەچی دوایی خۆشیانی ئەنفال کرد.
بۆچی میران ئەبراهام
ئەوانەی لە دونیای سیاسەتدا دەژین و لە بواری سیاسەتدا شت دەنوسن و سیاسەت وەک زانستێک سەیر دەکەن گەر بەلای بابەتێکی ئەدەبیدا بچن ئەوا ئەو بابەتە گرنگیەکی خۆی هەیە؛ نەک لەبەرئەوەی ئەوان گرنگن بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو دەقە ئەدەبیە گرنگە و باس لە بابەتێک دەکات کە سەرجەم لایەنی مێژویی و سیاسی و قەومی و چینایەتی و ئاینی و ململانێی نێوەندەکان وەک نیوەندی ئەدەبی و سیاسیەکانی رووماڵ کردووە لەسەر بنەمایەکی مەوزوعی وەها کە بە ئینسافانە و دوور لە رق و کینەی شەخسی نوسراوە. خانەقای میرزا ئەو بەرهەمەیە کە بەرجەستەیە بەو ئاماژانەی سەرەوە.
میران ئەبراهام خۆی بەرهەمی ئەو کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنانەیە کە تێیدا لەدایکبووە بۆیە دەبینین یەکسەر خوێنەری تایبەت بەلای خۆیدا رادەکێشێ و ئەو دڵشکاویەی ئەو دیویەتی وەک کەمینەیەکی غەدرلێکراوی کوردی بە هەر وشەیەک و رستەیەک و لاپەرەیەکەیەوە دیارە بەڵام ئەوەی حونەرە ئەو هەردەم پەیامی بەخشندەیی و لێبورەدەیی بڵآودەکاتەوە و تەنها مەبەست لێی ئەوەیە بڵێ ئێمەش لێرە بووین، ئێمەش مرۆڤین بەڵام بە ناسنامەیەکی کوردیەوە. کوردبون بە مانا سیاسیە ناسیۆنالستیەکەی نا بەڵکو بە مانا مرۆیی و فەرهەنگی و کەمینەیی و ستەم لێکراوییەکەی و نیشتمانیەکەی. بۆیە کەسێتی نوسەر یەکێکە لەو رەگەزە سەرەکیانەی نوسین کە وا لە نوسەرەکە دەکات هەر شتێک دەیڵێت بە سروشت وابووە نەک دروستی کردبێ چ لە دانانی وشەکانی و نوسینی رستەگەلەکانیەوە تاکو رووداو و چیرۆکە راستەقینەکانی ناو رۆمانەکانی.
لە خانەقای میرزادا ئاستی وێژەیی زمان و داڕشتن و لە یەکدانی وێنەی ڕووداوەکان و وێنەکێشانی کاراکتەرەکان ئەوەندە بەرزە مرۆڤ دڵخۆش دەبێ کاتێک دەبینێ نوسەری رۆمان بەو ئاستە بەرزەوە لە نێوەندی ئەدەبی ئێمەدا دروست بووە؛ چونکە لە دوای راپەڕینەوە هەندێ لەو رۆمانانەم دیتووە کە زۆر گەورە کراون لە نێو رۆشنبیری ئێمەدا، بە رادەیەک خراپ و بێ کەڵکن پێم سەیرە ئەو هەموو خوێنەرەی هەیە هەرچەندە لێرەدا ئەو قسەیەی شۆپنهاوەر وەک نەقشی سەر بەرد دەسەلمێ کە دەڵێ ئەو کەسەی بۆ بێ ئاگاکان دەنوسێ خاوەنی زۆرترین خوێنەرە. دیارە من لێرەدا ناچمە ئەم بوارەی رۆمانەکەشەوە چونکە من زۆرتر بە دوای ئەو مانا و مەغزا و پەیامە گرنگ و ئازا و بە جورئەتانەوەم کە ئەم رۆمانە لە بن هەنگڵی خۆیدا هەڵیگرتووە وەک رووداوە سیاسیەکانی و ئەو بەریەککەوتە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رۆشنبیریانەی ئەو دەورەیە و درێژبوونەوەی بۆ رۆژگاری ئێستامان.
ڕۆمان و نوسەری کوردی، ڕۆمان و نوسەری بیانی
دوو خاڵ بە گرنگ دەزانم لەم بارەیەوە باسی بکەم. یەکەم، جاران هەروەها ئیستەش بابەتە ئەدەبیە بێگانەکان، بەتایبەت ئەوروپیەکان، لە نێوەندی ئەدەبی ئێمەدا بە پلەیەکی باڵاتر لە ئەدەبی خۆمان دەبینرا. ئەم دیدە هەقانیەتی خۆی هەبوو تا دەورەیەک و ئیستەش لەوانەیە وابێ بەڵام بۆ هەموو بەرهەمێک و خامەیەک و نوسەرێک نابێ وابێ بە تایبەت لە ئێستادا ئێمە خاوەن هەندێ بەرهەم و نوسەری خۆماڵی و بە توانای واهەین کە بتوانین بێ خەم بین لەو بارەیەوە. دووەم، لە دوای نەوەدەکانەوە لە نیوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمەدا ئەو ئەقڵەیەتە پەیدابوو کە بۆ ئێمەش نوسەری ئەدەبی بەتایبەت ڕۆماننوسی خۆمانمان نەبێ، بۆیە گەڕان و دەسگرتن بە دوای نوسەرێکی وەهادا بەهەر نرخێک بێ دەبوو پەیداببێ.
سەرەتا و ناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکان دەرفەتێک بوو بۆ هەندێ خامە بەدەستی کورد ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە لە هەندێ بواری ئەدەبیدا لەوانە ڕۆمان نوسین. چەکی دەستی ئەو خامە بەدەستانە توانای داڕشتنی نوسین و شارەزایی لە وشە ریزکردن و دانانیان لە رستەدا بوو. ئەم جۆر و شێوازە لە نوسین ئیستاش دیاردەیەکی بەهێزی خراپی ئەم نێوەندەی ئێمەیە تا جۆرێک لە خوێنەری دروست کردووە کە هەڵخەلەتاون بەو وشە مرواری و رستە زەنگیانانەی بەرهەمەکانیانی پێ دەڕازێننەوە کە لە بنەڕەتدا خاڵین لە بابەتی هزر و دیدگەیی. کاتێک مەبەست لە بەرهەمێک هەر ڕازاندنەوە بێ بە وشەی مرواری و رستەی زەنگیانەیی ئەوا خامەی ئاوها هەرگیز ناتوانی بەرهەمی عەقڵ و خەیاڵ و سروشی خۆی بێ بەڵکو هی شوێنی تر و کەسی تر دەهێنرێ و قاڵبێکی کوردانەی لی دروست دەکرێ و دەرخواردی خوێنەری نێوەندەکە دەدرێ.
ئەم حاڵەتەی باسمان کرد سەرئەنجامەکەی جگە لەوەی خوێنەرگەلێک دروست دەبن مەست و مەخمور بە دیار وشە و رستەی جوان و بریقەدارەوە کە لە رووی هزریەوە خوێنەری تەمەڵ دروست دەبن چونکە ئەو بەرهەمە ئەدەبیانە پرسیار دروست ناکەن بەڵکو وەڵامی حازر بەدەستیان پێیە و خواستیانە خوێنەر قەناعەت پێ بێنن بەوەی دەینوسن و دەیڵێن، گەر لە دێڕی یەکەم و دووەم و پەەرەگرافی یەکەمدا دا نەبوو، ئەوا ئەوا لە لاپەرەی یەکەمدا ئەگەرنا بۆ لاپەڕەی دووەم و بگرە گشت پەڕەکان هەر بە دوای ئەوەیە خوێنەر موعجبی خۆی بکات بەو تەنتەنە و مەنتەنانەی دیانهێنێ لە وشەو ناو و رستە و ڕووداوی خەیاڵاوی.
ڕۆمانی کوردی بۆ ئەوەی جیهانی بێ دەبێ محەلی بێ بەڵام چۆن محەلی بوونێک. رۆمانی خانەقای میرزا باس لەو رووداو و کێشانە دەکات کە تاسەر ئێسقان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و وڵات دانا تا وای کرد ببێت بە بەشێک لەو ئاڵوگۆرە ناوچەییانەی کە لە نەخشەی سیاسی نێودەوڵەتیدا جێگەی خۆی پیشاندا بەوەی چارەنوسی سیاسی وڵاتەکەی دیاریکرد لەو رۆژەوە تاکو ئیستا. دیارە ئەوەی ئەو رەونەقە لە ئاستی جیهانیە دەبەخشێ ئەو ماک و مۆرکە خۆماڵیەیە، ئەو بارودۆخ و رووداو و کەسێتی و کاراکتەرە خۆماڵیانەی کە لە رۆمانەکاندا پێشکەشی خوێنەر دەکرێ. من دەزانم رۆمانی تر هەن و من نەمدیون لەبەر زۆر هۆکار بەڵام میران ئەبراهام و رۆمانەکانی هیوای هەر خوێنەرێکی تامەزرۆ و بە ئاگا و ڕۆشنبیری جدیە کە لە مانا و چێژی رۆمان تێ بگات و رۆمانی خانەقای میرزای یەکیکە لەو بەرهەمە گرنگ و بەپێز و لە هەمان کاتدا تاڵانەی باس لەو دەورە سیاسیە و رووداوەکانیدەکات کە چارەنوسی هەم کوردستان و هەم عێراق و ناوچەکەشی لەگەڵ خۆیدا گۆڕی و ئێمە لە ئیستادا بەرهەمی ئەو ڕووداوانەین.
گەڕآنەوە بۆخاڵی یەکەم:
ڕۆماننوس و رۆشنبیرە جیهانیەکان کێ بوون؟
نوسین هەر بە تەنها یەک لایەنە نیە کە توانای وێژەیی و مەعریفی نوسەر پیشان دەدات بەڵکو لایەنی مۆراڵی و شەخسیەتی نوسەریش بەشێکی گرنگە و لیی دانەبڕاوە، بگرە جمکێکی لە دایکبووی یەک سکن. بەرهەمە بیانیەکان بە خۆیان و نوسەرەکانیانەوە، زۆربەیان نەک هەر لەو ئاستە ئەدەبی و هزریدا نین بەڵکو لەو ئاستە مۆراڵی و ئینسانیەشدا نین کە ئێمە وادەزانین ئەوانە لە ئەوجی وێژە و ئینسانی بووندان. یەک ناوی نوسەریکی کۆن دەبەم وەک ڤیکتۆر هۆگۆ نوسەری فەرەنسی کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە چەندان بەرهەمی ئەدەبی و سیاسی هەیە. هەروەها ئاماژە بە دوو گروپە جیهانیەکەی دوای جەنگی جیهانی دووەم دەدەم کە ناسرابوون بە کۆنگرەی رۆشنبیری/ئەدەبی بۆ ئازادی و بە گروپی نوسەرە ئەنتی چەپەکان کە لە ٣٥ وڵات نوسەری جۆراوجۆریان هەبوو کە راستەوخۆ لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکیەوە (سی ئای ئەی) پشتیوانی دەکران.
ڤیکتۆر هۆگۆی مرۆڤدۆستی فەرەنسی و راسیست و دژە مرۆڤی ئەفریقی و رەش…
ڤیکتۆر هۆگۆ هەندێ کاری باش و ئینساندۆستی هەبووە لە وڵاتی خۆی و هەنگاویشی ناوە لەو بوارەدا و لێرەدا ناچمە وێزەی ئەو شتانەی بەڵام باس لە رۆمانە بە ناوبانگەکەی دەکەم، قەمبوورەکەی نۆتردام، کە لەوێدا چی دەڵێ و لە بوارە ئینسانی و سیاسیەکەیدا چی دەڵێ. لە رۆمانی قەمبوورەکەدا جوانترین و ئینسانیترین بابەت باس دەکات کە چۆن کەسێک نابوت و شێواوە لە شێوەدا بەڵام چەندە جوان و مرۆڤدۆستە لە ناخیدا. ئەمە وەک ئەدەب، بەڵام وەک سیاسەت و فکر پێچەوانەی ئەوە شت دەڵێت. ئەو مرۆڤی ئەفریقی بە کەمتر لە مرۆڤی سپی تەماشا دەکات و بگرە پێی وایە مرۆڤی سپی مرۆڤی رەشی دروست کردووە و رەش پێشتەکان ناشارستانی و دواکەوتوو و داوا لە فەرەنسا دەکات کیشوەری ئەفریقیا داگیر بکەن و مرۆڤی رەش فێری شارستانیەت واتە ئینسانیەت بکەن. واوەتر دەڕواو و دەڵێ هەر وەک چۆن خوا زەوی داوە بە مرۆڤ ئاوهاش کیشوەری ئەفریقیای داوە بە ئەوروپیەکان و فەرموون بیبەن بۆخۆتان.
گروپی نوسەر و رۆشنبیرەکانی سی ئای ئەی
کتێبی “کێ پارەی زوڕناژەنەکان دەدات” لە نوسینی فرانسیس ستۆنەر ساندەرس کە ساڵی ١٩٩٩ بڵاوبۆیەوە. هاوکات لەگەڵ ئەو کتێبەدا هەندێ راپۆرت لە کتێبخانەی سی ئای ئەیەوە بڵاوکرانەوە. ئەو کتیبە و ڕاپۆرتەکان باس لە دەورانی جەنگی سارد دەکەن. باس لە پێکهێنانی ڕێکخراوێک دەکات بە ناوی “لە پێناوی ئازادی رۆشنبیریدا” لەگەڵیدا باس لە دروستبوونی دوو جوڵانەوەی گەورەی رۆشنبیری جیهانی رۆژئاوا دەکات کە چۆن خزمەتی سیاسەتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکایان کردووە (سی ئای ئەی). ئەم ڕێکخراوە و جوڵانەوە کانی دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو. ئامانجە سیاسیەکەی وەستانەوە بوو بەرەو ڕووی بلۆکی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت بەڵام ئامانجە فکریەکەی کە ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە ئەدەبیانە بوو کە لە فکردا دژ بە ئایدیۆلجی کۆمۆنیزم بوون وەک قوتابخانە فکری و کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکەی و پیشاندانی ئەم دنیای سیستەمی سەرمایەداریەی لیبراڵ دیموکراسیە وەک بەهەشتی سەر رووی زەمین و لە بەرامبەریشدا پیشاندانی دنیای کۆمۆنیستی سۆڤیەتی وەک دۆزەخی سەر رووی زەمین .
زۆرن ئەو نوسەر و رۆشنبیر و شاعیرە گەورانەی تەنانەت فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا تەنانەت هەردوو کیشوەری ئەمریکاش لەگەڵیشیدا ئەفریقیا کە ساڵانێکی زۆر بۆ سیاسەتەکانی سی ئای ئەی ئەمریکا ئیشیان دەکرد لە رێگەی دروست کردنی ئەو دوو جوڵانەوە رۆشنبیریەوە و نوسەری کتێبەکە کە خۆی ئینگلیزە دەڵێ ئەوانە سەربازێکی ئەمریکی بوون لەژێر ناوی ئازادی بیروڕا و دیموکراسی دژی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی شەڕیان دەکرد. کاتێک هەندێک لەو کەسانە ویستیان خۆیان تورە بکەن کە چۆن ئاوها یاریان پێ کراوە بەڵام بەرپرسانی سی ئای ئەی و بەڕێوەبەری ئەو جوڵانەوانە بە توندی وەڵامی دانەوە و گوتی زۆر باش دەتانزانی ئەی ئەو هەموو پارە زۆرەی وەرتاندەگرت لە بری چی بوو. ناوەکان زۆرن و دەتوانم بڵێم زۆربەی زۆری ئەو نوسەر و فەیلەسوفانەی تیدایە کە لە دەمانی جەنگی ساردا چالاک و دیار بوون بەڵام هەندێک لە ناوە دیارەکان دەڵێم: هانا ئارنەت، جۆرج ئۆرۆیڵ، بەرتراند راسل، دوایت ماکدۆناڵد، ئیسایا بەرلین، گابریل گارسیا مارکیز، سیدنی هوک، جۆن دیوی…..هتد.
مەبەست لەم باسە چییە؟
دەمەوێ جەخت لە دوو خاڵ بکەمەوە. یەکەم: کە چیدی با نوسەران و ئەدەبیاتی جیهانی ڕانەدەین بەسەر نوسەر و ئەدەبیاتەی خۆماندا کە ناوەڕۆک و شیوازی بەرهەمەکانیان تا بڵێی لە ئاستێکی بەرزدان و میران ئەبراهام وەک نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم خاڵە دەبینم. دووەم: گەر دەورانی جەنگی سارد ئەو کۆمەڵە زۆرەی لە نوسەر و ڕۆشنبیری گەورەی هێنایە دەر و کردنی بە سەربازگەلێک بۆ خزمەتی سیاسەتێکی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکا لە ڕێگەی دەزگایەکی هەواڵگری جیهانی وەک سی ئای ئەیەوە ئەوا دەورانی ئیستاش پڕن لەوجۆرە نوسەر و ڕۆشنبیرانە چ لە ئاستە لۆکالیەکەی خۆمان و چ لە ئاستە جیهانیەکەی بەڵام بە شێوەیەکی تر و بۆ شوێنێکی تر و بۆ مەبەستێکی تر.
ئیستا نێوەندی رۆشنبیری و چاپەمەنی کوردی پڕە لە بەرهەمی ڕۆمانی وەرگێڕدراو کە لە خودی بەرهەمەکانیاندا دەردەکەوێت لە کوێوە و بۆ کوێ و بۆچی ئە وبەرهەمە دەنوسرێ، بەڵام خوێنەری کورد زۆر کەم ئاگای لەو پەیام و مەبەست و ئامانجانەیە کە لە پشت ئەو بەرهەمانەوە دەچنە پێشەوە. ئەوە دروستە کە نێوەندە پڕە لە بەرهەمی ڕۆمان و کەس نازانێ کام بەرهەم جێگەی خۆی پێ دراوە و تەنانەت هەندێ نوسەر و رۆمان براونەتە کەشکەڵانی فەلەک لە کاتێکدا هەموو بەرهەمەکانی کۆپی کراوەن یاخود دزراون. لە هەردوو حاڵەتی بەرهەمە وەرگێراوەکان و بەرهەمە دزراوەکاندا یەک ئامانج دەچێتە پێشەوە ئەویش کوشتنی روحی بەرهەمە راستەقینەکان و نەهێشتنی دروستبوونی خوێنەری بە ئاگا و هۆشیار کە بتوانێ پەیامەکانی پشت ئەو بەرهەمانە تێ بگات.
ڕۆمان یەکێکە لە سەرچآوە مەعریفیەکان کە زانیاریمان دەداتێ لەسەر مێژوو، راستی رووداوەکان و کەسایەتیەکان و هێزەکان بەڵام گرفتی گەورە ئەوەیە کە رۆمان ئەو مەعریفەیە بۆ مەبەستێکی تایبەت بەکاربهێنێت. بۆ نموونە ئەو رۆمانە توریانەی وەردەگێڕدرێنە سەر زامنی کوردی ئەو رۆمانانەی کە بۆ هێزێکی تر و قەواەرەیکی مێژوویی گەورەتر دەنوسرێن و گەر ناوی کورد یان هەر گەلێکی تر بهێنرێ ئەوا لە پەراوێزی ئەو مێژووە گەورەدایە کە نوسەر دەیەوێ گەورەیەیی خانەدانی خۆی چ مێژووییەکی یا ئەمێستاکەی لە فۆرمێکی هونەری و بەشێک لە ژیانی نوستالجیای نوسەردا پیشانی خوێنەری بدات. نمونەی تر هەن لە دنیای ئێمەدا بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم.
مەبەستی سەرەکی من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم کە خوێنەری کورد یاخود نێوەندی رۆشنبیری ئێمە دەبێ دوو ئەرک بخەنە سەر شانی خۆیان گەر خەمی رۆشنبیری کوردیانە، ئەوانیش: یەکەم، رۆمانە بیانەکان فەرز نەکەن بەسەر رۆمانە کوردیەکاندا و شان بە شانی رۆانەکنای خۆمان سەیریان بکەن ئەگەرنا ئەوا ئێمە خۆمان نزم دەکەینەوە و لە نزمیشەوە هەرگیز ناتوانین چآوهەڵبڕین بۆ بەرهەمەکانی دەوروبەرمان. دووەم، خوێندنەوەی بەرهەمە جیهانیەکان دەبێ وامان لێ بکات رۆمانە خراپ و بێ کەڵکەکانی خۆمان باش بناسین بەوەی بەراوردیان بکەین و وردبینەوە لێیان لەگەڵ ئەو بەرهەمە جیهانیانە؛ چونکە یەکێک لە دەردە کوشندەکانی دنیای خوێندنەوە و رۆشبیری ئێمە بە مەزنکردنی هەندێ بەرهەمن لەوانە رۆمان کە لە راستیدا وێرانەیەکن لەو گۆڕەی. لەبەرئەوەی زۆرێک لە بابەتی بەرهەمەکان کۆپی کراو یا دزراوە ئەرک لەسەر نوسەرەکە تەنها داڕشتنەوەیەتی بە وشەگەل و رستگەلی وەها کە نەوەیک لە خوێنەری مەستی دروست کردووە کە لە بری بیرکردنەوە و تێڕامان تەئید کردنەوە و ستایش کردن فێر بوون. عەقڵی رەخنەیی و چاونەترسی لە گەڕان بە دوای حەقیقەتی بەرهەمە ئەسڵیەکاندا تەواو غائیبە و ئێمە دەتوانین خۆمان بگرینەوە گەر لە بەرهەمی وەک میران ئەبراهام و ئەوانی تر کە من نایاناسم دەست پێ بکەین و نەوەیەک لە خوێنەری چاپۆک و هزر رەخنەیی و هۆشیار دروست بکەین.
خانەقای میرزا دەقێکی تەواو سیاسی لە قاڵبێکی ئەدەبیدا
میران ئەبراهام ئەو ڕۆماننوسەیە رۆمانەکانی سیاسین بەڵام ئەم خانەقایەی تاسەر ئێسقان سیاسیە کەچی لە فۆرمێکی هێندە ئەدەبی دانسقەدا دایڕشتوون خوێنەر هەست بە مەلەل ناکات و لە زۆر شوێنیشدا واهەست دەکەی چیرۆکی عەشقێک دەخوێنێتەوە وەک عەشقی بەهاری غالب عەربەتی و جەلالی میرزا کەریم؛ یاخود کەسێک و دوان یا خێزانێک هەن کە پایەی بنەرەتی ماڵی رۆمانن و خوێنەر بەلایخۆیدا کێش دەکات کە بابەتی رۆمانەکە سیاسیە بەڵام بەرهەمەکە ئەدەبیە؛ چونکە بابەتەکانی رۆمانەکە ئاوێتەیە بە مێژوویەکی تایبەت و تا رادەیەک نەبیستراو یاخود بە دەگمەن بیسترابێ، ئاوێتە بە ئازارە حەقیقیەکانی مرۆڤە ماندووەکان، ئاوێتەیە بە کۆمەڵی رووداو کە رابردوو و ئیستای کۆمەڵگەی کوردی نەک هەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە بەڵکو ئەوەمان پێ دەڵێ ئەم ئێستا ناساز و تاڵ و ناحەزەی ئێمەی تێیدا دەژین لە دنیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و وێژەیی دریژکراوەی رابردوویەکی پێچراو لە ناهەقی و غەدر و پاشقول لێگرتن و تاڵانی و کوشتنی کەسێتی و خێزان و کۆمەڵە رەنجدر و بەشخوراوەکانە.
دروست بوونی حزبە سیاسیەکان، چەپ و قەومیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیان و ململانێ پەرلەمانیەکانیان لە خانەقای میرزادا تۆمارکراوە بەشێوەیەک وەک ئەوەی مێژوویەکی سیاسی بە خامەی کەسێکی سیاسی بە ئینساف یاخود بێ لایەن بخوینیتەوە. بۆ نموونە لە دەمانی جەلالی میرزا کەریمدا بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٦٣ باس و خواسی حزبێکی تازەی چەپگەرا دەکرێ، ئەو رۆژانەی شاسوار جەلال داوای دانیشتنێکی تایبەت لە جەلالی میرزا کەریم دەکات کە رێکخراوێکی مارکسیستی دابمەزرێنن وەک وەڵامدانەوە بە رۆژگاری سیاسی ئەو دەم. ئەو دەمانەی بۆشاییەکی سیاسی دروست ببوو بەوەی نە حزبی شیوعی توانی نوێنەرایەتی مەسەلە چینایەتیەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەتایبەتی کوردستانی بکات؛ نە پارتی دیموکراتی کوردستانیش توانی نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی مەسەلە نەتەوایتیە کوردیەکانی بکات چونکە ئەو دوو هیزە هەرزوو کارنامەی سیاسیان لای توێژێکی بەرینی کەسانی سیاسی ئاشکرا بوو کە هیچیان ناتوانن ببنە هێزێکی راستەقینەی گۆرەپانی سیاسی عێراق و کوردستان بۆیە رێکخراوێک ولام بە مەسەلە نەتەوەیی و چینایەتیەکانی کوردستان بداتەوە زەروورەتێکی مێژوویی بوو.
لەو دانیشتنەی جەلال و شاسوار کە دواتر کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانی لێ بەرهەم هات، جەلالی میرزا کەریم عاقڵیەکەی لەوەدابوو کە وتی من تەنها بە راوێژکاری بەشداریتان دەکەم و نامەوێ کاری سیاسی حزبی بکەم. دیار بوو ئەو دەیزانی ئەو کۆمەڵەیەی رەنجەدەرانەش ناتوانێ نوێنەرایەتی مەسەلە چینایەتیەکانی وڵاتەکەی و شارەکەی بکات. ئەو شارەی دەبێتە دەسکەلای دەستی کەسانی تر کە دوورونزیک پەیوەندیان نە هەر بە بیروباوەڕی مارکسیەوە نیە بەڵکو بە خودی سیاسەتیشەوە نیە وەک میتودێک و زانستێک و مەبدەئێکی ئەخلاقی ئینسانی و ئیداری و ئازادیخوازی و دیدێکی شۆڕشگێڕی بۆ میللەتێکی ژێر دەست و سەربەستخواز.
چەپیزم لە دیدی میران ئەبراهامدا
چەپ بوون لە دیدی نوێدا تەنانەت ئەو دەمانەش بریتی بوو لە دەنگی بەشخواران و ستەم لێکراوان جا سەر بە هەر توێژێک و چینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونایە. هەر ئەمەشە کە وادەکات بڵێین هەموو ئەو نەتەوە و کەمینە جۆراوجۆرانەی ژێردەستەن بە سروشت مەیلی چەپیان هەیە چونکە داوای مافی یەکسانیخوازی بۆ هەموان دەکەن لە نێویشیدا نەتەوە سەردەست و زۆرینەکان. کوردیش هەردەم بەتایبەت لەو دەمەدا هەم وەک نەتەوە و هەم وەک کەمینەیەک لە عێراقدا بە دوای ئەو بیروباوەڕانەوە بوون کە بتوانێ بیانپارێزی و مافەکانیان دابین بکەن. سۆشیالیزم وەک ئادیۆلۆجیایەکی سیاسی و فکری ئامادەی ئەو دەورەیە و ئەو داواکاریانەی کوردان بوو بۆیە میران ئەبراهام لە زاری یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو خانەقاکەوە دەڵێت: هیچ میللەتێک بە قەد کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نیە. لا٣٥
کەمینەکان جا لەهەر توێژ و چین و یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی کۆمەڵگادا بن هەردەم بە دوای ئەو بیر و هزرانەوەن کە داوای ئارامی و ئاشتەوایی و مرۆڤدۆستی بۆ هەموان دەکات وەک یەک. ئەو دەم و تا ئەم ساتەشی ئێمە تێدا دەژین جگە لە بیروباوەڕی سۆشیالیزم هیچ ئادیایەکی تر پەیامی یەکسانیخوازی لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و فەرهەنگیەکاندا نەکردووە، بۆیە دەبینین یەکەمین کەس کە پەرتوکی مارکسیزمی، سەرمایەی مارکسی، هێنایە ناو سلێمانیەوە کوردێکی جووی رەسەنی خەڵکی سلێمانی بوو لە ساڵانی چارەکە یەکەمی سەدەی رابردوودا بوو.
کەمینەکان و خواستی دروستکردنی حزبێک بۆ کەمایەتیەکان…
کەمینەیی بوون چەمکێکی مێژوویی و ئەخلاقی و ویژدانیە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی میران ئەبراهامدا کە جەوهەرەکەی پاراستن و داکۆکی کردنی ئەو مرۆڤانەن دەکەونە بەر زەبر و جەوری زۆرینە وەک کەمینەی ئاینی، نەتەوەیی، فکری و سیاسی و فەرهەنگی تەنانەت ناوچەییش. لە خانەقای میرزادا هەموو جۆرە کەمینەکان دەبینین کە چۆن دەبنە قوربانی زۆرینەکان.
هیچ حیکمەتێک لە خۆڕا یاخود بە سروشتی نایاتە بوون، بەڵکو هۆکاروپاڵنەری گرنگ و حەیاتی لە پشتەوەن بۆیە دێنە بەرهەم. حیکمەتی پێکەوە ژیان و هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە لایەن کەمایەتیەکانەوە، کەمایەتی ئاینی و نەتەوەیی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشنیار دەکرێن چونکە ئەوان لە پێش زۆرایەتیەوە دەزانن کە ئەوە هاوسەنگی ژیان رادەگرێت. زۆرینە سیفەتێکی ملهوڕی تیدایە کە کەمتر عەقڵ میوانی دەبێت و ئەو چەمکانەی کەمینیەکان رەتدەکەنەوە یاخود بە هەند نایگرن. کاتێک جووەکانی عێراق و کوردستان دەیانەوێ حزبی خەڵتوز کە حزبێکی کۆنی جووکانی عێراق و کوردستانە زیندووبکەنەوە و ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەسەردا بهێنن لەوەی هەر کەسێک لە هەر ئاین و نەتەوەیەک دەتوانێ ببێتە ئەندام تێیدا و ئامانجیش لەمە بەهێزکردنی بەرەی یەکگرتوویی رەنگاڵەیی کۆمەڵگەکەیە، بەڵام ئەمە راستەوخۆ لە لایەن حزبی هیوا رەت دەکرێتەوە و بگرە پەلاماریشیان دەدەن.
ماڵی میرزا کەریم قوربانیەک بۆ پرسێک…
ئەوەی نوسەر لە خانەقاکەی میرزادا پێشکەشی دەکات بەوەی ئەو ماڵە بە هەردوو لایەنی مادی و روحی دەبنە قوربانی بۆ پرسێکی سیاسی و چینایەتی و نیشتمانی و تەنانەت نەتەوەیش بەڵام نەتەوەیی بوونێک بە مانای شەڕی ناسنامەی میللەتێک بۆ دیاریکردنی چارەنوسێکی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کە دوور بێت لە دەست چینە دەسەڵاتدارە قەومیەکەی. لێرەدا مەسەلەکە ئەوە نیە کە ئایا حزبی شیوعی عێراق ئەودەم نوێنەرایەتی ئەم دیدەی کردووە یان نا بەڵکو ئەوەی گرنگە خانەقاکەی میرزایە بە ماڵ و حاڵ و کوڕ و ژن و داروپەردویەوە کاراکتەرگەلێکی سروشتی و رێکخراوەیی ئەو دیدە چەپیە بوون کە میران ئەبراهام باسی دەکات. قوربانیدان بە ماڵ و حاڵی خۆت و خاو و خێزان و خزم و خوێش و دەرودراوسێوە تەمسیل کردنێکی سروشتی و دۆخئامیزی (واقیعی – کەتواری) ئەو بیروباوەرە کۆمەڵایەتیە هاوبەشەیە کە میزرا کەریم و کوڕەکانی خەباتیان بۆ دەکرد.
کرێکاری نەتەوەی سەردەست و ژێر دەست…
هەر لەو بازنە چەپێتی بوونەدا میران ئەبراهام خاڵێکی ئێجگار گرنگ ئاماژە پێدەدات ئەویش کرێکاری نەتەوەی سەردەست و کرێکاری نەتەوەی ژێر دەست.لا ١٨٦. ئەو باسە خاڵیکی گرنگ بووە لە لای خودی دامەزرێنەرانی قوتابخانەی کۆمۆنیستی و کرێکاری، مارکس و ئەنگلس، کە ئەوانێش پێیان وابووە بابەتە چینایەتیەکان هەر بە تەنها لە فۆرمێکی ئابوری و کرێکاریدا قەتیس نابنەوە بەڵکو مانەوەی مەسەلەی نەتەوە سەردەست و بن دەستەکان خەباتی چینایەتی دەگەێنێتە شوێنێکی تر کە دەبێ وەڵامی پێ بدرێتەوە ئەویش مەسەلەی نەتەوەییە. دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و کرێکاری دەبێ وەڵام بە هەندێ کێشەی سیاسی نەتەوەیی و فەرهەنگی بداتەوە ئەگەرنا لەوێدا مەسەلەی جیاوازی چینایەتی نەتەوەکان دەردەکەون بە رادەیەک کە کرێکاری نەتەوەی سەردەست خۆی رادەدا بەسەر کریکاری نەتەوەی ژێر دەستدا. ئەم بابەتە گەر ئاستە نەتەوەییەکەی چارەسەر نەکرێ ئەوا ئەو کێماسەیەکی گەورە دەبێ بۆ هەر قوتابخانەیەکی ئایدیۆلۆجی و دەسەڵاتدارێتی چینایەتی.
شیوعیەکان لە نێوان لایەنگیری و دژایەتی زایۆنیزمدا…
بابەتێکی سەیر و سەمەرەی سیاسی و فکری کە میران ئەبراهام لەو خانەقایەدا دەیگێڕێتەوە ئەو باسەیە کە شیوعیەکان بە دەسکیسەی زانیۆنیزم دادەنرێ دیارە ئەمە پڕوپاگەندەی هێزە نەیارە قەومیە عەرەبی و کوردیەکانێشە و زۆر دوورە لە راستیەوە. شیوعیەکان وەک هێزێکی چەپی ئەو دەم و چەپی ئیستاش بە ئاشکرا دژە ئیسرائیلی خۆیان رادەگێنن لە ژێر ناوی دژە زایۆنیزمدا. چەپ و هێزە چەپەکانی ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی ئامادەیی هەمیشەییان هەبوو تا ساڵانی کۆتایی حەفتاکان کە شان بە شانی هیزە فەلەستینیەکان دژی ئیسرائیل شەڕیان دەکرد. بۆ نموونە عەبدوڵلا گۆران و رەفیق چالاک دوو کەسێتی کوردبوون چوون بۆ فەلەستین تا خزمەت بە قەزیەیەکی فەلەستینی بکەن دژ بە قەومی جوو. ئەمە لە کاتێکدایە، گۆران بە نموونە، یاخود چەپەکانی تر کەمینە بوون لە وڵاتی خۆیان هەم لە رویی نەژادیەوە و هەم لە رویی سیاسی و فکریەوە. ئیستاشی لەگەڵدابێ ئەو فەهمە بوونی نیە کە مەسەلەی ئیسرائیلیش مەسەلەیەکی کەمینەیی ئاینی و فەرهەنگی و مێژوییە لە بەرامبەر هەردوو ئاین و شارستانیەتی ئسیلامی و مەسیحی. بەتایبەت لە رۆژی دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کەم کەس ماکی ئە وکەمایەتی بوونەی مەسەلەی ئسیرائیل و فەلەستین دەبینن. بەهەرحاڵ، لیرەدا ناچمە پاڵ بابەتێکی سیاسی قوڵ بەڵام دمەوێ بڵێم گرفتی گەورە لەوەدایە کەمینەیەک دژی کەمینەیەک شەڕ بکات بۆ نموونە کەمینەی کوردی جوو بە زۆر دەرکرا بۆ ئیسرائیل گوایە ئیسرائیلین و ئیسرائیل وڵاتی ئەوانە کەچی لەملاوە کوردی هزر هەژار دەچوو شەڕی ئەو جوانەی دەکرد کە هێشتا کفنی دەرکردنیان لە کوردستان بەهۆی جوولەکە بوونیانەوە زەرد نەبوو بوو.
یادەوەریەکی بە ئازاری هەمیشەیی چەپێتی بوون
میران بابەتێکی ئێجگار چینایەتی و دۆخئامیزی و بگرە پڕ لە ئازارمان بۆ دەگێڕیتەوە لە زاری جەلالی میرزا کەریمەوە کە باوەڕناکەم لە هەست و هزری هیچ یەکێک لە ئێمەی نەدابێ و لە هەموو زەمان و مەکانێکدا دووبارە دەبنەوە و بگرە بووە بە رێسایەکی ئەبەدی سیاسیمان. هەر یەک لە ئێمە و هەر مرۆڤێکی دیکەی ئەم دنیایەش ئەو شوێنەی خۆش دەوێ کە هەموو ژیانی منداڵی و گەنجی و کامڵی تێدا بردبێتە سەر مافی خۆیەتی تا سەر مۆخ خۆشی بوێ بەتایبەت ئەو شارەی چەقی زۆربەی دەرکەوتن و گرفت و کێشە و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانی ئەو دەورەیەی وڵات بێت؛ بەڵام کاتێک شتەکان پێچەوانە بکەونەوە و ئەوانەی قوربانیان بۆ رزگاری و سەربەستی و ئازادی شاردا و جەلادەکانیش کە جەستەی قوربانیەکانیان خەڵتانی خوێن کرد و دواتر خۆیان و مندالەکانیان ببنە سەرداری شار و سیمای مەعریفە و خانەدانی و ڕۆشنبیری شار ئەوا دەبێ چ دڵشکاویەک رووت تێ بکات. لاپەڕەکانی ٨٤ و ٨٥ یادەوەریەکی جەلالی میرزا کەریمە و ئەم یادەوەریە وەک تاڵترین تاڵی باس دەکات.
ئێستا و ڕابوردوو
یەکێک لەو رەگەزە سەرکیانەی ڕۆمانی زیندوو هەیەتی دۆزینەوەی رەگە مێژووییەکانە کە لە ئێستادا دووبارە بوونەتەوە. مێژوو بۆخۆی زانستێکە بەڵام دەست بردن بۆ مێژوو لەم سۆنگەیەوە ئەوا پیویستی بە مەعریفە هەیە. مەعریفەی ئەوەی لە زەمەنە جیاوازەکاندا چی گوزەراوە و چی دەگوزەرێ؛ ئاگایی لەوەی کە لەو دەمەدا چی گوزەراوە و لەم دەمەشدا هەر دەگوزەرێ بە هەموو لق و پۆپ و چڵەکانیەوە. گێڕانەوەی ئەو مێژووەی میران ئەبراهام لە خانەقای میرزادا دەیکات چ ئاستە سیاسی و چ ئاستە رۆشنبیریەکەی دەچێتە چوارچیوەی ئەو زانستی مێژووییەوە کە نەک وەک چیرۆکنوسێک بەڵکو وەک توێژەرێک هەڵکشان و داکشانی رووداوەکان و کەسێتیە سیاسی و رۆشنبیریەکانی ناوی لە رێگەی بەڵگەنامە و گفتوگۆی زیندووی خودی کەسەکانەوە دەخاتە روو. نوسەر خاوەن میتۆدێکی تایبەت بەخۆیەتی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک شیکاری رووداوەکانی رابردوو دەکات؛ میتۆدێک کە رق و لاگیری کوێرانە بۆ هیچ لایەک و کەسێتیەک پیشان نادات بەڵکو شیکاری پرۆسەی رووداوەکان و بەرخوردی کەسێتیەکان وەک چۆن بوونە ئاوها دەگێڕیتەوە.
لە بواری سیاسی مێژووییدا
دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان چ لە مەرکەز یا لامەرکەز بووبێ کاتێک ترسی راسانی خەڵکیان لێ نیشتووە و هیزەکەشیان ئەوە نیە پارێزگاریان لێ بکات، پەنا بۆ هێزی دەرەکی دەبەن تا بە هانایانەوە بێن. رژێمی بەعس داوای پشتیوانی لۆجستی و سەربازی لە وڵاتانی عەرەبی کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال. هیزە کوردیەکان چ لەو دەمەدا و چ لە ئێستادا مێژووییان پرە لە هیننانی هێزە دەرەکیەکان بۆ گیانی یەکتر، هەر ئەو دەمەش حکومەتی دیارە بە رەزامەندی هەندێ هێزی ناوخۆش بووە، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی سلێمانی خامۆش بکەنەوە؛ ئەوانیش بە هیزێکی کۆماندۆی بەهێز و ئامادەکراوەوە دەدەن بەسەر سلێمانیدا ئەوەی دەیکەن دەیکەن.
ناڕەزاییی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوخۆییدا
هەروەک چۆن لە ئێستادا نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لەو دەسەڵاتدارێتیە گەیشتۆتە بینا قاقا، هاواریان بۆ بەغداد بردووە تاکو فریایان بکەوێ لە دەست داد و بێ دادی ئەم دەسەڵاتە خۆجییە کەچی هەندێ خەڵکی سێبەر و ناسێبەری ئەو دەسەڵاتە تانە و تەشەر لە خەڵکانی نەدار و بێ وەزع دەدەن، هەر ئاوهاش لە ساڵانی چلەکاندا جوتیارانی ناوچەی عەرەبەت بە خۆیان و خاو و خێزانەوە و بە جلوبەرگی کارەوە لە عەربەتەوە تاکو سلێمانی بە پا دێن تاکو گلەیی و گازەندە و بێزاری تاسەر ئێسقانی خۆیان لە تاو زوڵم و زۆرەکانی شێخ لەتیفی برای شێخ مەحمود بگەێننە دەسەڵاتدارێتی حکومەتی مەرکەزی لە سلێمانی. کەچی هەر ئەو دەمە هەندێ لە خەڵکی سلێمانی هاوهویان لیدەکەن و بەردبارانیان دەکەن.
شێرکۆ بێکەس لە دادگای جەلالی میرزا کەریمدا
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نوسەری سوری، مستەفا خەلیفە، دا کە خاوەنی یەک ڕۆمانی گرنگ و ناوازەیە کە چەند ساڵی پێش ئێستا بڵاوبۆیەوە و کراوە بە کوردیش بە ناوی القوقعة یاخود قەپیلک، باس لە زنیدانی دوانزە ساڵی خۆی دەکات لە زیندانەکانی حکومەتی سوریای ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا، پرسیاری ئەوەی لیدەکەن کە ئایا رق و کینەی لە دڵدا هەیە دژ بە حافز ئەسەد یا بەشار ئەسەدی کوڕی. دەڵێت: “بەڵێ تا بڵێ ڕق و کینەم هەیە بەرامبەریان چونکە لە خۆرا دوانزە ساڵ زیندانیان کردم.“
ئەم حاڵەتە لای مێران رێک پێچەوانەیە. ئەوەی بەسەر ئەواندا هات وەک کوردێکی جووی ڕەسەنی سەدان و هەزاران ساڵی ئەم وڵاتە کە چۆن هەموویان، سەروو شەست هەزار، دەربەدەر کران و چۆن ئەنفالی ڕوحی و مەعنەویان کردن کەچی یەک بەشەر یەک قەڵەم لەو وڵاتە نەک هەر بەدەنگیانەوە هات بەڵکو قسەشیان پێگوتن و وەک بێگانەیەکی خراپیش قسەوقسەڵۆکیان خستە دوایان کە ئێستەش لە ناو خەڵکدا باوە؛ کەچی میران ئەبراهام وەک کوردێکی رەسەنی جوو بە میتۆدێک و ئەخلاقێکی مرۆییەوە جگە لە هەڵڕشتنی لێخۆشبوویی و ئاشتەوایی دەگەڕێتەوە ناومان و بەوەی پێمان دەڵێ من تەنها دەمەوێ بڵێم کە ئێمەش لێرە بووین، ئێمەش ناسنامەمان کوردیە بەس ئاینمان جولەکەیە.
لە گفتوگۆکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەسدا، لاپەڕە ٣٥٩، هەمان میتۆد و ڕوحی ئارامی و لێخۆشبوویی بڵاودەکاتەوە و باس لەو گفتوگۆتە دەکات کە لە ئەمریکا بووە و چۆن ڕوویداوە ئاوها نوسیویەتیەوە، بەڵگەکەش بە ئینسافی ئەو گفتوگۆیانەیە کە لە زاری جەلالی میرزا کەریمەوە دەردەچن بەرامبەر شێرکۆ بێکەس بەوەی هیچ کینە و بوغزێک نابینی تیایاندا، بەڵکو بریتیە لە هەندێ گلەیی و گازندە کە لە هەموو کەس باشتری لێ تێدەگات چونکە دەزانێ جەلال ئە وپردە بووە کە ئەمی بەسەردا پەڕیەوە و بوو بەو شێرکۆیەی کە ئێستا بە یەکێک لە رەمزەکانی شعری نوێی کوردی دادەنرێت.
ئەو دەسەڵات و بیرۆکە ناسیونالیستیە ژەهراوییەی لە پشت پاشقول لێگرتن و ناوزڕاندن و بێ ئەدەبیەی بەرامبەر بە جەلالی میرزا کەریم کراوە تاکو سەکۆکە بۆ شیرکۆ چۆڵ بێت، هەمان ئەو دەسەڵات و فکرە بوو کە شێرکۆ هەموو ژیانی تێدا خەرج کرد. شێرکۆ گەر بچێتە کەشکەڵانی فەلەک شاعیری ئەو چەکدار و سەرکردە و هێزانەی شاخ بوو کە ژیانی هەزاران کوردی دەشت و گوندی بێ تاوانیان کردە قوربانی خۆیان و لە شاریش وڵاتیشیان کرد بە وێرانەیەک ئەوپەڕی دیار نەبێ. کەچی شێرکۆ هەر بە شان وباڵیاندا هەڵی دەدا. لە شاخ بە هەڵۆی بەرزەفڕ ناوزەدی دەکردن و لە شاریش هاواری بۆ دەکردن و دەیگوت خوێنەکەشم کەسکە. شێرکۆ تا مرد پیاوی رژێمێکی میلیشیایی بوو کە دوورونزیک پەیوەندی بە شۆڕش و خەبات و ئازادی میللەتێکی ستەملێکراوی وەک کوردەوە نەبوو. تا ئەوەندەی لە شاخ بوو خۆی شاهیدی هەموو ئەو تاوان و هەڵە مێژووییانە بوو کە دەرهەق بە خەڵکی دەشت و دەری کوردستان دەیانکرد کە ئەنجامەکەی هەڵبجە و ئەنفال بوو. لە شاریش ئەو هێزەی شێرکۆ ی خوێن کەسک خۆی بۆ دەتواندەوە لە شیعرەکانیدا بە یەکێک لە دوو تاوانبارە سەرەکیەکەی شەڕی ناوخۆ و هێنانی هێزی دەرەکی و تاڵان و بڕۆیی سەروەت و سامانی وڵات کە ئیستاش بەردەوامە. لە لایەکی تر، جەلالی میرزا کەریم هەیە کە تا مرد لە بەرەی خەڵکی بەشخوراو و ماف زەوت کراودا بوو. بۆیە جەلال گەر زۆریش دەرنەکەوتبێ و نەناسرابێ ئەوا شکۆ مرۆیی و مێژوویی و ویژدانیەکەی چەندانی وەک شێرکۆ دەخاتە ژێرەوە. لە بواری ئەدەبیشدا شێرکۆ قەرزاری جەلالە چ وەک ئەوەی کاریگەری خوێندنەوە و نوسینی لەسەر داناوە هەروەها خاڵی دەرکەوتنی بزووتنەوە ئەدەبی روانگە وە بوو کە جەلال دایمەزراند.
خوێندنەوەی رابردووی سیاسەت و بەرخوردی ناوشاری کەسان و لایەنگرانی هێزە قەومیەکان تەنانەت شیوعیەکانیش مێژوویەکی دووبارە بووەی دنیای سیاسی ئێمەیە و رابردووی سێ دەیەی رابردوومان بەڵگەنەویستیەکی روروداوەکانی ناو خانەقای میرزایە. هەرجەندە میران ئەبراهام بە بەڵگەوە ئەو رووداوانەی لە لایە و نوسیونیەتەوە بەڵام هەر دەڵێی خۆی لەوێ بووە کاتێک بۆمان دەگێڕێتەوە. چاویلکەکانی میران ئەبراهام لەوێوە هەموو دیمەنەکانی بۆ گواستووینەتەوە هەر لەو کەسە دیار و بە رەمز کردنانەی دنیای سیاسی و رۆشنبیریمانەوە تا دەگات بەو خانەوادانەی وەک نیسک شوێنگەی کۆمەڵایەتیو سیاسی خۆیان گۆڕیوە و لە هەر سەردەمێکدا دەوریان پێدراوە و بەکاریان هێناون بۆ لێدان و رسواکردنی ئەوانی تر چ لە ڕێگەی کوڕەکانیان و پیاوەکانیانەوە یاخود چەقۆ وەشێن و شەقاوەچیەکانیانەوە بە نمونە عەباسی گوڵچین.
بەراوردکاریەک لە نێوان چوار کەسێتیدا…
لێرەدا بە نموونەیەکی مێژویی دەمەوێ باس لە مێژوویەیکی دی بکەم. بەراوردکاریەک هەیە لە نێووان شێرکۆ بێکەس و جەلالی میرزا کەریم لە لایەک و نیکۆڵای تێسلا و تۆماس ئەدیسۆنیش لە لایەکی تر. هەموو ئەو کەسە دیارانەی چ سیاسی یا ئەدەبی یا زانستی کە دەرکەوتن و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەسەڵاتەوە نزیکن ئەوا بەسەر شانی کەسێکی تردا رۆیشتوون تا بەو ئاستە گەیشتوون. ئێمە باسی نمونەی شێرکۆ و جەلالمان کرد بەڵام باسی تێسلا و ئەدیسۆنیش بکەین بزانین چۆن مێژووەکان دووبارە دەبنەوە بەڵام لەم نموونانەدا تەنها بە شێویەکی تراجیدی دووبارە دەبنەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەدیسۆن خاوەن ئادیای ئەلەتریکی خۆی بوو، بەڵام ئاستی زانستی نیکۆڵای تێسلا زۆر بەرزتر و بە بەهرەتر بوو، هەروەها ئەدیسۆن زۆریک لە ئایدیاکانی تێسلای دزی و بەکاری هێنا هەرچەندە تێسلا ئەو بابەتەی دایە دادگا بۆ جەند جارێک بەڵام دادگا رەتی کردەوە چونکە ئەدیسۆن ئەمریکاییەکی سپی پێستی دەوڵەمەند و خاوەن کۆمپانیای ئەلەکتریکی بوو کە خزمەتێکی گەورەی بە کۆمپانیا گەورەکانی دەوڵەت دەکرد. تێسلا کەسێکی ئینگلیز زوبان و بە نەژاد ئەنگلۆ-ساکسۆنی نەبوو بەڵکو پەنابەرێکی ئەوروپای رۆژهەڵاتی بوو، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەیوست ئایدیاکانی خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی بکات بە کەمترین تێچوون و کەمترین نرخ. ئەم هەڵویست و ئەم ئایدیایانەی تێسلا دڵە راوکێیی خستە ناو دڵی خودی ئەدیسۆن و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا گەورەکانی وڵات دەکەن، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر تێسلا دەسەبەسەر دەکرێ لە ئوتێلەکەی خۆیدا و دواتر کوشتیان گوایە جەڵدەی دڵ لێی داوە و هەرچی نوسین و بەڵگە و ئەزمون و وانەکانی هەبوو لە لایەن ئێف بی ئایەوە دەتسی بەسەردا گیرا. وەک دەڵێن ئیستاش زۆرێک لە داهێنەرە گرنگەکانی دنیای ئیستا ئایدیای ئەون.
کورتەی باسەکە ئەوەیە کە لە پێشەکی ئەم بڕگەیەدا ئاماژەم پێدا. ئەوەی ئەدیسۆن لە پاڵ دەسەڵاتدا بەشێکی زۆر لە داهێنانەکانی تێسلای برد و خۆی پێ بردە پێشەوە و تێسلا هەرگیز بە قەد ئەدیسۆن ناودار نەبووە و هۆکارەکانیش دیارن کە شێرکۆ و ئەدیسۆن دەبەنە شوێنێک و جەلال و تێسلاش دەبەنە شوێنێکی تر. دیارە لە رووی جەوهەریەوە جەلال و تیسلا براوەن هەرچەندە بە زاهیر شێرکۆ و ئەدیسۆن براوە بن.
مام زامن و شێرکۆ بێکەس
یەکێک لە دیمەنە جوان و هونەری و ئەدەبیە قەشەنگەکەی رۆمانەکەی خانەقای میران ئەبراهام هێنانی کاراکتەرێکی روحیە بۆ ناو بەرهەمەکەی. مام زامن ئەو روحە جوانەیە لە دوکانێکی خەیاڵیەوە باڵ دەگرێ کە پەیامی جوان و حەکیمانە وەک وانە دەەبخشێنێتەوە لەو ئەزمونانەی لە ژیانەوە فێری بووە. وانەکانی مام زامن بە قەد نوقڵە شیرین و ترش و خۆش و مزرەکانی دوکانەکەی بە تامن بەڵام روحی مام زامن تەنها میوانداری ئەو دڵ و ویژدانانە دەکات کە پاک و بێگەرد و قوربانیین. میران ئەبراهام مام زامن وەک روحێک دەهێنێ و دەچێتە دڵ و دەروون و هزری جەلالی مێرزا کەریم و ئەوانی وەک ئەون و ئاموژگاری و قسەکانی وەک نوقڵ رەنگاڵەیی بە تامی شیرین و ترش خۆش پەخش دەکاتەوە بەسەریاندا. شێرکۆ بێکەس لەو کەسانەیە مام زامن سەردانی نەکردووە بۆیە کاتێک جەلالی میرز اکەریم کاتێک باسی دوکانەکەی و نوقڵەکانی دەکات شێرکۆ دەڵێ نایناسم و نەمبیستووە. مام زامن وەک روحێکی بێگەرد و غەدرلێکراوی جەلال میرزا کەریم دەبێتە دادگایەک و لێوەی شێرکۆی تیدا محاسەبە دەکرێ لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و کردارەی کە لەم بەشەی خوارەوەدا باسی دەکەین:
شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو
ئەوەی جێگەی سەرنجێکی تری گرنگە چون ئەو بەرخوردە نزم و خاڵی لە مۆراڵە کە سیاسیەکان و هیزەکانیان دژ بەوانی تر ئەنجامیان دەدا، هەمان تاس و حەمام لە ناو نێوەندی ئەدەبی ئەو دەمەدا هەبووە تا رادەی ئەوەی بە جەلالی میرزا کەریم و هاوڕێکانی بڵێن حیز و قوندەر و چی و چی. ئەوانەی لەو ململانێ ناشەریفانەیەدا بوون شیرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو دوو نموونەی دیار بوون. هەرچەندە شیرکۆ نەهی دەکاتەوە کە ئەو ئاگای لەو تۆمەت و پروپاگەندانە بێت بەڵام تەمەنی دوورودرێژی شێرکۆ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا لەو کاتەوە تاکو ئەو ساتەی مرد جگە لەوەی لە ژێر سایەیدا دەژیا خەریکی پیاهەڵدانیش بووە پیایاندا چ لە شاخ و چ لە شار بەڵگەیەک حاشا هەڵنەگری ئاگاداری شێرکۆیە لەو پاشقول لێگرتن و ناوزڕاندن. کاتێک یەک دوو هەڵویستی لەمەڕ کوشتنی ژنان وەرگرت کە سەرچآوەی ئەو کوشتانانە بەرهەمی ئەو دەسەڵاتدارێتیە بوو ئیدی نێوەندەکە هەموو ئەو رابردووە پرۆدەسەڵاتەی شیرکۆیان لە بیر چۆووە هەر وەک چۆن رابردووی سەرکردە سیاسیەکان لە بیر چۆوە کە چۆن وڵاتیان وێران کرد لە گشت روویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگیەوە. دەستپێک و کۆتایی ژیانی شێرکۆ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارێتیەدا بووە کە هۆکار و ئەنجامدەرە بە سوتاندن و کوشتنی بەهارەکانی وەک بەهاری عاشقی جەلال، تا کوشتنی بە شەپۆلی ژنان هەر لە شاخ و شارەوە کە ئەنجامەکەی بە دروستکردنی گۆڕستانێکی بێ ناونیشانی ژنانە لە شاری سلێمانی. مێژووییەکی ئاوها بە هەڵوێستێکی سەر کاغەزی وەک “ژن ژیانە مەیکوژە” ناسڕدرێتەوە و پەردەپۆشیش ناکرێ.
باسکردنی کوردە جووەکان لەو خانەقایەدا
نەک هەر هەموو ئەو رۆمان و چیرۆکە کوردیانەی بەڵکو هەرچی بابەتێکی سیاسی و ئاینی و وێژەیی تریش نوسراون لە ئەوەڵەوە تاکو ئیستا باسی هەموو شتێکیان کردبێ باسی گرنگترین و هەستیارترین لە هەمان کاتدا پڕ شەرمترین و بەداخترین و بە حەسرەتترین رووداویان نەکردوە ئەویش کارەساتی دەرکردن و بەزۆرەملێ کۆچ پێکردنی کوردە جووەکان بووە کە مێژوویان لە پێش مێژووی کوردە موسڵمان و مەسیحیەکانەوەیە لەو نیشتمانەدا کە پیی دەترێ کوردستان. خانەقاکەی میرزا بەدەر نیە لە باسکردنی کوردە جووەکان هەر لەو غەدرانەی لێیان دەکرێ تاکو ئەو بەشداریە سیاسی و رۆشنبیریانەی لە خانەقاکەدا دەیگێڕن وەک ساڵەح شارەزووری کە هاوشانی ئەو کەسێتیە کوردانەیە کە نمەکی ئەو خانەقایەیان کردووە کە دواتریش بوونە رەمز و ناوداری ئەو وڵاتە. یەکێک لە رەگەزە گرنگ و بەهێزەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی میران ئەبراهام باسکردنی ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئاینی و نەژادیانەیە بەتایبەت کەمینەی جووە کوردەکانی باشوری کوردستان بەتایبەتتر شاری سلێمانی. کاتێک دەبینین هەر رۆمان و بابەتێکی تر گەر باس لە دەورانی سەدەی رابردوو بکات بەتایبەت تاکو ساڵانی کۆتایی شەستەکان و ناوەراستی حەفتاکان و باسی کوردە جووەکان نەکات ئەوا ئەو بەرهەمە ناکامڵ و ناتەواو و بێ ماناشە.
ئەنجامگیری
ئەو قوربانیدانەی میرزا کەریم و خانەوادەکەی پێشکەشیان کرد بە پرسێکی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان، ئەو هەنگاوە گرنگەی جەلالی میرزا کەریم نای هەر لە دروستکرندی روانگەوە تاکو داهێنان لە شعر و ئەدەبی نوێی کوردیدا… چوونە گیرفانی ئەوانەی ئیستا لە سەردارێتی ئەدەبی هەروەها سیاسی کوردیدا دانراون و قسەگوتن لەسەریان بڤەیە. لێرەوە ئەو وانە مێژووییە فێر دەبین کە زۆربەی زۆری ئەو کەسێتی و هیزە مێژووییانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە گرنگ و مەزن دانراون یان پیرۆز کارون شایەنی ئەو ریز و شایستەیە نین و مێژووش تژیە بە نموونە و بەڵگەی پڕ دەشتی کاکی بە کاکی لەم رووەوە. دیارە ئەوەی گرنگە و دەمێنێتەوە راستیەکانە، ئەو راستیانەی هیچ زەمەنێک ناتوانێ بیانشارێتەوە هەرجەندە نەگوترێن و کپ بکرێن. رۆژگارێک هەردێت ئاشکرا بکرێن و ئازادانە بگوترێن هەروەک چۆن میران ئەبراهام “خانەقای میرزا” کردووە بە سەکۆی ئاشکرا کردن و گوتنی هەقیقەتە مێژووییەکان.