تابلۆ: بوخاری وشیار ٤٠*٤٠ - ٢٠١٥

زیندانی سیاسی وەک ئازادێکی خاوەن مۆراڵ


  لە پشتگیریی زیندانیانی بادیناندا

Loading

زیندانی سیاسی وەک ئازادێکی خاوەن مۆراڵ؛ لە پشتگیریی زیندانیانی بادیناندا

ڕزگار حەمە ڕەشید

  • ئیدی بۆ من له‌داهاتوودا، هه‌ر وشه‌یه‌ك كه ‌ده‌ینووسم، وا بیرده‌كه‌مه‌وه ‌كه ‌دواهه‌مین وشه‌بێت له‌ژیانمدا…

                                                                                     سەردەشت عوسمان

لە کۆتایی نەوەدەکاندا لە تورکیا، یەشار کەمال سەردانی ئاکن بیرداڵی کرد کە ئەوکاتە سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بوو لە تورکیا. لەناو زیندانەکەدا کە یەشارکەمال وەک سەردانیکەر لەگەڵ ئاکن بیرداڵدا دانیشتبوو، ڕۆژنامەنوسێک کە بۆ ڕۆژنامەی کۆمێدی توانجدەر بەناوی (عەسەبی) کاری دەکرد، دەیویست هەردووکیان بدوێنێت و بابەتێکی کۆمێدی لێ دروست بکات بۆ ڕۆژنامەکەی. هەردوکیان پێدەکەنین و هیچیان نەدەگوت، تەماشای یەکتریان دەکرد و بە پێکەنینەوە تەماشای ڕۆژنامەنوسەکەیان دەکرد، دواجار یەشار کەمال بە پێکەنینەوە بە ڕۆژنامەنوسەکەی گوت: “ئێستا ئیتر بابەتی خۆتت دەستکەوتووە، نوسەرێک کە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە سەردانی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دەکات کە لە زینداندایە، هەموویان پێدەکەنن.“

پێکەنین و گاڵتەکردن بە سیستمێکی سیاسی دەسەڵاتدار، کە نەک تاوانباران ناگرێت، بەڵکو پاداشتیان دەداتەوە و پلەو پایەشیان بۆ فەراهەم دەکات و بەریاندەداتە کۆمەڵگە. بەدیوەکەی تریشدا، نوسەر و هەڵسوڕاوە ئازادیخوازەکان دەخاتە زیندانەوە، یان لەوەش زیاتر، تیرۆریان دەکات و هەڵیان دەواسێت و تۆمەتیشیان بۆ دروست دەکات.

لە ڕووبەری گشتیدا، نوسەران و هونەرمەندان پایەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە، بەڵام بێگومان تا ئەو کاتەی نەبوونەتە بووقی دەسەڵات و خۆیانیان هەراج نەکردووە. چونکە شانبەشانی ئەو ناکۆکییە جەوهەریانەی ناو سیستمە تۆتالیتار و فاشیست و دیکتاتۆرەکان، بە جۆرێکی تریش هەوڵی لەناوبردنی دەنگە ناڕازییەکان دەدەن، ئەویش بە بەخشینی کۆمەڵێک دەستکەوت.

زۆرنین ئەو نوسەر و هونەرمەندانەی لەبەردەم ئەو بەخشینانەدا خۆیان دەگرن و خۆیان ڕادەستی دەسەڵات ناکەن. چونکە دەستکەوتەکانی، جگە لە بەخشینی پۆست و مانگانەی خانەنشینی، دەزگا زەبەلاحەکانی میدیاکانیشیان دەخەنە خزمەت و پووشێکیان وەک کێڵگەیەکی تەواو کێڵراو نمایش دەکەن.

بەڵام داهێنان لەدەرەوەی ئەو داڵدە ئاسوودانە ئەنجام دەدرێت، هەرگیز داهێنان بە مانا چڕەکەی، لەباوەشی ئەو دەزگایانەدا ئەنجام نادرێت کە پێخەفیان بۆ ئەندامەکانیان ڕاخستووە و پەنجەرەی هەموو ڕووناکییەکیان لێگرتوون. بۆیە هەمیشە ئەوان بە خۆیان و خۆشخەیاڵییەکانیانەوە لە میدیاکاندا دەردەکەون و باسی چاکسازی و ئایندەیەکی گەشی ژێر سایەی ئەو ڕژێمانە دەکەن.

لە زۆربەی وڵاتە سەرکوتگەر و دیکتاتۆرەکاندا، زیندان بە پلەی یەکەم بۆ هەڵسوڕاوانی سیاسی و نوسەرانی ڕەخنەگر و چالاکوانانی مافە مەدەنییەکانە. زۆرجار لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی زیندانەکان پڕ دەکرێنەوە و تاوانبارە ڕاستەقینەکانیش ئازادانە و سەربەرز بە شەقامەکاندا دەگەڕێن. زۆرجار ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بۆ بەهێزکردنی ئەو شورا بەرگرییەی بەدەوری خۆیاندا دەیکێشن، تاوانبارترینەکان دەخەنە ڕیزەکانی خۆیانەوە و دژی هاوڵاتیان بە گشتی و هەڵسوڕاوە نەیارەکانی دەسەڵات بە تایبەتی دەیانخەنە گەڕ. بەم جۆرە، تاوانباران دەبنە پایەی مانەوەی دەسەڵات و ئازادیخوازانیش لە زینداندا ژیان بەسەر دەبەن. بۆ نموونە، ئەو هەموو جاش و موستەشارانەی بە کردەوە لە پرۆسەکانی ئەنفالدا بەشدارییان کردووە، ئێستا خۆیان و نەوەکانیان لە شوێنی ڕێزلێگیراودا پلە و پۆستیان هەیە و وەک پارێزەری ڕژێمەکە کاریان پێدەکرێت. کەچی ئازادیخوازان و داکۆکیکارانی دادپەروەری لە زیندانەکاندان.

یەکێک لەو ستراتیژە باوانەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بەکاریدەهێنن، وەرگرتنی تاوانبارانە لە ڕیزەکانیاندا. ئەم حکومەتە ستەمکارانە بە ڕاکێشانی تاوانباران ، هێزێکی ترسناک لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ترساندن و چەوساندنەوەی هەم خەڵکی گشتی و هەم چالاکوانانی سیاسی و ڕەخنەگرانی سیستمەکە بەتایبەتی. بەم شێوەیە تاوانباران دەگۆڕدرێن بۆ پایەکانی دەسەڵات، لە کاتێکدا ئەوانەی خەبات بۆ ئازادی دەکەن، خۆیان دەبیننەوە بە ناڕەوا خزێنراونەتە زیندانەکانەوە.

بۆ نموونە کاتێک خواناس تیرۆرکرا، ئەو هەموو تیرۆریستە ماسکەکانیان فڕێدا و بێپەردە پشتگیرییان لە تیرۆر دەکرد، ئەو هەموو مەلا قاچاخچییە لە مینبەری مزگەوتەکان و سۆشیال میدیا و تەنانەت تەلەفزیۆنی حیزبەکانەوە بە ئاشکرا فەتوای کوشتن دەر دەکەن و هێرش دەکەنە سەر کەمترین ئازادییەک کە هێشتا بەدەست تاکەکانەوە ماوە، شانۆکاران و نوسەران و ڕۆژنامەنوسان دەدەن بە دادگا و خۆشیان تینووی خوێنی هەر کەسێکن کە هەناسەیەکی ئازادانە دەدات. لەم گێرە و کێشانەدا، ڕژێمی فەرمانڕەوا کە هەر خۆی بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە و بە ڕۆژی ڕوناک سامانی گشتی دەدزێت و بۆ بنەماڵە و خێزان و حەسحەسەکانی خۆیانی بەکار دەهێنێت، چاو لە هەموو ئەو تاوانانە دەپۆشێت و کامیان لە هەموویان دەمپیستر و بێڕووترە، لەخۆیی نزیکدەکاتەوە و وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ئازادی، کاری پێدەکات و دەیلەوەڕێنێت.

ئەفلاتون لە چیرۆکی ئەشکەوتەکەدا باس لە چەمکی حەقیقەت و دەستکاریکردنی تێگەیشتن دەکات. لە چوارچێوەی ئەم ڕژێمانەدا، دەتوانین زیندانەکان وەک ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون وێنا بکەین. تیایدا کەسە ناڕازییەکان زیندانی دەکرێن و بیرۆکەکانیان سەرکوت دەکرێن. ئەم جۆرە دەسەڵاتە بە گۆڕینی حەقیقەتی هەموو ئەو شتانەی دەبینرێن و دەزانرێن بۆ شتانێکی تر کە لە ماهییەت و مانای خۆیان دادەماڵرێن ، هەوڵدەدات دەست بەسەر هەموو وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤەکاندا بگرێت. لە بەرامبەریشدا بۆ لەناوبردنی کەمترین هیوا، دێت تاوانبارە ڕاستەقینەکان خەڵات دەکات و زۆر جار دەیانکاتە شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەر. ئەمەش تەواو پێچەوانەی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەیە کە ڕۆسۆ باسی دەکات. ڕۆسۆ لە لێکۆڵینەوەکەیدا لە پەیوەندی تاکەکان و دەوڵەت، داکۆکی لە مافەکانی تاک و ئازادی دەکات لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەدا. بەڵام ئەم ڕژێمەی کوردستان و هاوشێوەکانی (بەتایبەتی ڕژێمە داگیرکەرەکان) ئەو گرێبەستە هەڵدەوەشێننەوە. بەپێی ڕۆسۆ تاکەکان گرێبەستێک لەگەڵ دەوڵەتدا دەبەستن، ئەویش ئەوەیە کە تاکەکان دەستبەرداری هەندێک لە ئازادییە تایبەتییەکانیان دەبن، بەرامبەر بەوە دەوڵەت ئاسایش و پاراستنی ژیانی خۆیان و مافەکانیان بۆ فەراهەم دەکات. بەڵام ئەم جۆرە ڕژێمە تەنانەت ئەو گرێبەستەش پێشێل دەکات، نەک هەندێک لە ئازادییە تایبەتییەکان، هەموو ئازادییە تایبەتی و گشتییەکانیان زەوت دەکات، هەرخۆشی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ژیان و مافەکانیان. لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا، نەک تەنیا ئازیخوازانی ناوخۆ، ئۆپۆزیسیۆنی پارچەکانی تری کوردستانیش تیرۆر دەکات (یان ڕێگەی تیرۆرکردنیان ئاسان دەکات). مووچەی فەرمانبەران دەخوات، یاری بە چارەنووسی هاوڵاتیانەوە دەکات، هیچ مافێکی تایبەتی و گشتیشیان پێ ڕەوا نابینێت، باکی بە هیچ یەکێک لەو پرنسیپانەش نییە کە هەزاران کورد گیانی خۆیانیان بۆ بەخشی.

بۆ مسۆگەرکردنی ئەمە و درێژەدان بەو ستەم و چەوساندنەوانە، زیندان و زیندانییەکان دەکەنە هۆکارێک بۆ ترساندنی هەموو کۆمەڵگە، خۆشیان دەبنە چاودێرێکی هەمیشەیی و ترسناک، تەواو وەک ئەوەی فۆکۆ وێنای دەکات. میشێل فۆکۆ لە کتێبی”دیسیپلین و سزا: لەدایکبوونی زیندان“دا چەمکی پانۆپتیکۆن بەکار دەهێنێت، وەک جۆرێکی زیندان کە لە سەدەی هەژدەدا دیزاین کراوە. ئایدیاکەیان ئەوە بووە کە چۆن بە کەمترین پاسەوان بتوانیت کۆنترۆڵی زۆرترین زیندانیی بکەیت و بەردەوام چاوت لەسەریان بێت و چاودێرییان بکەیت، بەبێ ئەوەی چاودێریکارەکە خۆی ببینرێت. بەمە زیندانییەکانیش ئەو هەستەیان تێدا دروست دەبێت کە بەردەوام چاوێکیان لەسەرە و چاودێری دەکرێن، بۆیە ئەگەر کەسیش لە خاڵی چاودێریکردنەکەدا ئامادە نەبێت، زیندانەکان هەر وا دەزانن چاودێری دەکرێن و بە ترس و وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکەن. ئەم جۆرە ڕژێمە، زیندانیکردنی چالاکوانە سیاسییەکان و ئازادیخوازان تەنیا وەک فۆرمێک لە سزادان بەکار ناهێنێت، بەڵکو وەک ئامرازێکیش بەکاری دەهێنێت بۆ چاندنی ترس و سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر هەموو دانیشتواندا. ئەو هەستە لای تەواوی دانیشتوان دروست دەکات کە هەمیشە لەژێر چاودێریدان، ژمارەی سیخوڕ و ڕاپۆرتنوسەکانی، نەک هەر زیاد دەکات، بەڵکو ناچاریشیان دەکات خۆیان ئاشکرا بکەن و هێزی خۆیان نیشان بدەن، تا هەموو دانیشتوان هەست بکەن لەژێر چاودێریدان، تەنانەت خودی ڕاپۆرتنوس و سیخوڕەکانیش. کەشێکی ترس و گوماناوی دەخوڵقێنن کە هەموو کەس هەوڵ بدات تەنیا خۆی بپارێزێت و هیچ بایەک کڵاوەکەی نەلەرزێنێت. بەم کارە، ئەم جۆرە ڕژێمە دەسەڵاتی خۆی نیشان دەدات و ئەوە دەچەسپێنێت کە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک لێکەوتەی سەختی لەگەڵدا دەبێت.

لە کۆتایی ئەم کورتە نوسینەدا کتێبەکەی کامۆتان بیر دەخەمەوە”ئەلبێرت کامۆ“ بە ناوی “ئەفسانەی سیزیف”، لەوێدا کامۆ بەدواداچوون بۆ چەمکی بێمانایی  دەکات، باسی خەباتی مرۆڤ دەکات بۆ دۆزینەوەی مانا لە جیهانێکدا کە لە بێماناییدا نغرۆ بووە. لە چوارچێوەی ئەم جۆرە ڕژێمانەدا، دەکرێ ڕۆژنامە نوس و چالاکوان و داکۆکیکارانی مافی مەدەنی زیندانیکراو وەک خەباتی سیزیف سەیر بکرێت. وەک چۆن سیزیف مەحکوم بوو بەوەی بەردەوام پاڵ بە بەردێکەوە بنێ بەرەوە سەرەوە، هەرچەند خلۆر دەبووەوە ئەم جارێکیتریش پاڵی پێوە دەنایەوە. ئەم تاکانەش (زیندانیانی سیاسی) بەردەوام لە شەڕی دادپەروەری و ئازادیدان، زۆرجار فشارەکان زۆرن و ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت دەبنەوە، هیوای سەرکەوتنیان زۆر کاڵ دەبێتەوە. بەڵام ژیانیان وابەستەی بەردەوامبوونە لەو خەباتەدا.

کاتێک ئیمانوێل کانت باسی مۆراڵ و ئەرکی مۆراڵیی دەکرد، باسی لەوە دەکرد کە تاکەکان ئەرکێکی ئەخلاقییان لەسەرە کە پابەندی یاسا دادپەروەرەکان بن، بەڵام جگە لەو ئەرکە ئەرکی بەگژاچوونەوەی یاسا ناڕەواکانیشیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو چالاکوانانەی کە تەحەدای دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دەکەن، تەنیا مافەکانی خۆیان پیادە ناکەن، بەڵکو ئەرکی ئەخلاقی خۆشیان لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و داکۆکیکردن لە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتردا بەجێدەهێنن، کەواتە، پێچەوانەی ئەم ڕژێمە خۆسەپێنە، زیندانیکردن دەبێتە بەڵگەیەکی سەلمێنەر بۆ پابەندبوونی ئەو کەسانە بە بنەما ئەخلاقییەکانەوە.

زیندانیانی بادینان و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەن و لەوە زیاتر خۆتان ڕسوا مەکەن، هەرچەندە گومانم هەیە ڕسواییەکەتان لەوەلاتری هەبێت.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌