چارەنووسی دەنگ لە دنیای مۆدێرندا
ڕێبوار سیوەیلی
یەكەم
١
دەنگ بەشێکی گرنگە لە گشت ساتێكی ژیانی ڕۆژانەماندا، بەڵام گرنگییەکەی زۆر لە تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی زیاترە. دەنگەکان دەتوانن هەستەکانمان و ڕەفتارەکانمان و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانیشمان لە چێوە بدەن. لەم دەقەدا بەدواداچوون بۆ ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەنگ لە جیهانی مۆدێرن دەکەم. وتارەكە دوو بەشە، لە یەكەمیاندا بەشێوەیەكی گشتی باسی دەنگ دەكرێت و لە دووەمیاندا باسی دەنگ (بەتایبەتی قڵخوهووڕ و ئحم ئحم) لە دنیای ئێمەدا شییدەكرێتەوە. ئەم دەقە هەوڵێکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەو ڕێگا ئاڵۆزانەی دەنگ لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەماندا کارلێک دەکات. بە گەڕان بەدوای ڕۆڵی دەنگدا لە چوارچێوەی جیاوازدا، دەتوانین باشتر لە واتاكەی تێبگەین و ڕێگاکانی هاوسەنگی لەگەڵیدا بدۆزینەوە.
٢
دەنگ ڕەگێکی قووڵی لە پراکتیک و نەریتە کولتوورییەکاندا داکوتاوە. لە مۆزیك و گۆرانییەوە تا دەنگە ڕۆژانەییەکان، دەنگەکان ڕەنگدانەوەی بەها و نۆرمەکانی کولتووری ئێمەن. مۆزیك نیشاندەرێکی بەهێزی ناسنامەی کولتوورییە. مۆزیكی نەریتی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و کولتووری دەپارێزێت، لە کاتێکدا مۆزیكی مۆدێرن زۆرجار ڕەنگدانەوەی بەها و ڕەوتە هاوچەرخەکانە. بەهەمان شێوە دەنگی زمان و گۆكردنی زاراوە جیاوازەکان دەتوانن واتا و ناسنامەی کولتووریش هەڵبگرن، زۆرجار بۆ نیشاندانی سیمای گروپ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنرێن. دەنگەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دەگێڕن. دەتوانن ئاماژە بە پێگە و دەسەڵات و سەربەخۆیی بکەن.
٣
تێڕوانینی كۆمەڵگەش بۆ دەنگە قبوڵکراوەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت، ئەمەش لە ژێر کاریگەریی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەوەی سەردەمانێک باو بوو، ڕەنگە ئێستا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵكراو نەبێت. لە ڕووی مێژووییەوە دەنگەکان لە كۆمەڵگە جیاوازەکاندا ڕۆڵی جیاوازیان هەبووە. لە كۆمەڵگەی فیۆداڵیدا، دەنگەکانی وەک؛ هاوار و گۆرانی بۆ ئاماژەدان بە دەسەڵات و ئامادەبوون و خۆناسادنەوەو… بەکاردەهێنران. ئەم دەنگانە لە پێوەندی لەگەڵ ڕاوکردن و شەڕ و ڕێوڕەسمەکاندا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی گرنگیان هەبوو. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی، ڕۆڵی دەنگ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات. دەنگی ئامێر و کارگەکان بوونە بەشێک لە واقیعی نوێی شار.
٤
لە جیهانی سەرمایەداری مۆدێرنیشدا دەنگەکان واتای نوێیان وەرگرتووە: دەنگی بازرگانی (ڕیکلام و مارکێتینگ و دەنگە بازاڕییەكانی دیكە) بەسەر ژینگەی دەنگیی ئێمەدا زاڵبوون. ئەم دەنگانە هەوڵدەدەن سەرنجمان ڕابکێشن و کاریگەرییان لەسەر شێوازی ژیانمان هەبێت. بەو جۆرەش كاریگەریی دەنگ دەمانخاتە دۆخێكی قەیراناوییەوە: دەتوانێت هەستی نامۆبوون دروست بکات، کە دەنگی ڕەسەن و ناوخۆیی بە دەنگی ستاندارد و بازرگانی جێگەی دەگرێتەوە. دەنگە واتادارەکان نامێنن و ژاوەژاو جێگەیان دەگرێتەوە. شارە مۆدێرنەکان پڕن لە ژاوەژاو، ئەمەش دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بۆ تەندروستی دەروونیی و جەستەییمان هەبێت. لەدەستدانی بێدەنگییش، کە سەردەمانێک وەک کاتێک بۆ بیرکردنەوە و ئارامگرتن بەهای پێدەدرا، ئێستا شتێکی دەگمەنە. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە ژاوەژاوی بەردەوام دۆزینەوەی ساتەکانی بێدەنگی و خامۆشی قورس دەکات.
٥
چۆن دەتوانین کۆنترۆڵی ژینگەی دەنگیمان بەدەست بهێنینەوە؟ یەكەم بە گوێگرتنی زەینی و ناخەكی، مەشقی گوێگرتن بە ژیر و دروستکردنی كەشی بێدەنگی دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ قەدرزانین و پاراستنی دەنگە واتادارەکان. یان دەتوانین پێشی بڵێن یۆگای دەنگ. دووەم بە ڕێکخستنی ژاوەژاو، پلاندانەرانی شار و سیاسەتمەداران دەتوانن کار بکەن بۆ ڕێکخستنی ئاستی ژاوەژاو و پاراستنی ناوچە بێدەنگەکان لە شارەکاندا. چوارەم بە دروستكردنی زۆنی بێدەنگیی و خامۆشی. پێنجەم بە پاراستنی کولتووری، كە خۆی لە قەدرزانین و پاراستنی دەنگ و مۆزیكی نەریتی دەبینێتەوە و دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ پاراستنی شوناسی کولتووریمان لە جیهانێکی بێ سنووردا.
دووەم
لهبارهی (قڵخ و هووڕ) و (ئحم ئحم)ـهوه
٦
لەمێژە گوێم لە هیچیان نەبووە، لەکاتێکدا جاران هەندێ شوێنی تایبەت، پڕبوون لە قڵخ و هووڕ و ئحم ئحم.. من لە تەمەنی خۆمدا هەم لەسەر شەقامی گشتی، لەودیو پەنجەرەی ئۆتۆمبێل، لە پۆلی خوێندن و هەمیش لە دیوەخاندا، گوێم لە قڵخ و هووڕ و بەدواشیدا فڕێدانی (بەڵغەمی صەیی) هەبووە، ئەمە لە کاتێکدا بەزۆری لە پشت دەرگای ئاودەستی مزگەوتەكانەوە گوێبیستی ئحم ئحم بووم و پاشتریش لە مەجلیس و دانیشتنەکاندا ئەوەم گوێ لێبووە. بەمجۆرەش، كاتێك ئەو شوێنانەمان بیر دەكەوێتەوە كە تیایدا گوێمان لەم دەنگانە دەبێت، بە ئاسانی بۆمان دەردەكەوێت ئەمجۆرە دەنگانە پەیوەندیان بە دەسەڵاتی نێرینەوە هەیە و جۆرێك نومایشی پیاوانەیان لە پشتەوەیە.
٧
تا ئەم دواییانەش، هیچ نائاسایی نەبوو تۆ لە هەر شوێنی بتەوێت قڵخ و هووڕ بكەیت و بەڵغەمێك فڕێدەیت. ئێستە چۆن فڕێدانی قنچكە جگەرە لەسەر شەقام و حەوشە و شوێنە گشتییەكان، یان لە جامی ئۆتۆمبێلەوە ئاساییە، ئەوساش قڵخەكردن و فڕێدانی بەڵغەم ئاسایی بوو. ئەوەی لە ئێستادا ئەم جۆرە دەنگ و ڕەفتارانە تا ڕاددەیەك سانسۆری كۆمەڵایەتییان لەسەرە و بە عەیبە دەژمێردرێن، پەیوەندیی بەو گۆڕان و گەشەیەوە هەیە كە كۆمەڵگەی ئێمە و لەگەڵیشدا هووشیاریی مرۆڤ پێی گەیشتووە. ڕەنگە بەشێكیشی پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی ڕۆشنبیریی گشتیی و ساخلەمیشەوە هەبێت. بەهەرحاڵ ئێستا ئیتر كۆمەڵگەی ئێمە بەجۆرێكی دیكە دەڕوانێتە ئەم دەنگانە و سەرچاوەكانیان و لە هەوڵی نرخ و بەهاسڕینەوەیاندایە.
٨
مۆدێرنیتە هەر تەنیا لە ئاستی شمەكدا، ئامێرەكان نوێ ناكاتەوە، یان هزرینی نوێ گەشە ناكات، بەڵكو جوانیناسیی و ئاكاری مۆدێرنیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، هەر چەندە ئەمانە پێكەوە ڕوو لە هیچ شوێنێك ناكەن. سەبارەت بە كۆمەڵگەی ئێمە، هەمیشە ئامێرەكان و مۆدێرنیزانسۆنی ماتەریاڵی لە پێش مۆدێرنبوونی عەقڵی و مۆدێرنیزمی ئەدەبیی و ئێستاتیكییەوە هاتوون.
٩
هیچ دەربارەی لێکدانەوە پزیشکییەکان بۆ جۆرەكانی قڵخ و هووڕ و چۆنێتی دروستبوونی بەڵغەم، نازانم. بەڵام قڵخ و هووڕ، یان قڵخەقڵخ دیاردەیەکی جەستەییە و پەیوەندیی بە کۆبوونەوەی بەڵغەم لە ناوچەی قوڕگ و دەراوی گەروودا هەیە. قڵخ و هووڕ ئەو دەنگەیە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی ئەم بەڵغەمە بۆ قووتدانەوەی، یان فڕێدانەوەی لەلایەن مرۆیەکەوە، دروست دەبێت.. بەڵغەم شلەیەكی لینجی سپی، قاوەیی، یان زەردباوە. بە هەمان شێوەش ئحم ئحم، دەنگێکی نێرینەی هاوشێوەیە بۆ هۆشیارکردنەوە، یان هۆشداریدان بە کەسانی تر بەتایبەتی لە ئاودەست و تەنانەت لە کاتی گفتوگۆ و قسەکردنیشدا، پەنای بۆ دەبرا. هەرچەندە قڵخ و هووڕ سەرچاوەیەكی جەستەیی هەیە، وەلێ ئحم ئحم دیاردەیەكی بەتەواوی واتا كولتوورییە و ماناكەی ئەوەیە: “ئاگاداربە: من لێرەم!”. جگە لەوەش، ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتیشدا شتێکی مانادارە و لە کولتوورە نێرسالارییەکاندا دیاردەیەكی پتر پیاوسالارانەیە. بەپێی تێبینیکردنی کۆمەڵناسان، لەوانەش (نۆربێرت ئیلیاس)، ئەم جۆرە دیاردانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیستەمی گشتاندنی بەهای نێرینەییەوە لە کۆمەڵگەكاندا، هەیە. بەومانایەش بێت كاتێك گوێمان لە كۆكە، یان ئحم ئحم و فڕێدانی بەڵغەم دەبێت، كەسانێك دەیانەوێت پێمان بڵێن: “پیاوێك لێرەیە”، “ئەم شوێنە شوێنی منە”!. ئحم ئحم و كۆكە و قڵخ و هووڕ دەنگێكی نێرانەی ئاگاداركەرەوەمان بە گوێدا دەدەن تا بزانین پیاوێك لەوێیە. لێرەشەوە ئەو جۆرە دەنگانە ئامرازێكن بۆ جیاكردنەوەی شوێن و پێگەی پیاو.
١٠
لەگەڵ ئەوەشدا، من وای بۆ دەچم ئەم دیاردانە پتر لەوەی بە تەنیا پیاوانە و نێرانە بن، پەیوەندییان بە فۆرمی ژیان و قۆناغی مێژوویی مرۆڤ و كۆمەڵگەكانەوە هەیە. لە شیوەژیانی فیودالییدا، یان زەوییداری و دەرەبەگایەتیدا، دەنگ بە شێوەیەکی گشتی و دەنگی پیاوانە بە شێوەیەکی تایبەتی، کاریگەریی و پێگەی خۆی هەبووە. دەنگ لە فۆرمی (هەڕەشە، هاوارکردن، بانگکردن، قاودان، شین و شەپۆڕ، گەڕەلاوژێ، هەرەوەز، تووڕەیی و تێخوڕین..) و تەنانەت لە کاتی گێڕانەوەکان و دەربڕینە موزیکییەکانیشدا، بۆ نموونە (هۆرە، لاووک، بەند، بەیت و گەلۆ، حەیران) و هەروەها لە بۆنەکانی وەک (ڕاوکردن، بووك گواستنەوە، شەڕ و درەو و شوانییش)دا، هێزێکی گەورەی بەڕێکردنی ژیانی کردەیی مرۆڤ بووە. دەنگ لەم فۆرمە ژیانانەدا درێژکراوەی ڕاناوی پیاو، یان سوژەی نێرینەییە و وەک هێزێک تەماشای دەکرێت، یان گوێی لێدەگیرێت، کە درێژکراوەی هێزی نێرینەیە. هەر لەبەر ئەوەشە، دەنگی گڕ و بەرز، یان تۆنی (سۆپرانۆ)، وەک نوێنەر و ناخی پیاو لێکدراوەتەوە و (نەعرەتەی شێرانە) ئەو دەنگەیە کە دەتوانێت گوێی بسمێت و هیچ دیوار و قەڵایەک، یان دەسەڵاتێک خۆی لەبەردا ڕاناگرێت. ئەمەش ئەو ڕاگواستنەیە كە لە بایۆلۆژیا و جەستەییەوە دەبێتە كولتووریی و واتادار و بەرهەمهێنراوی دەسەڵات.
١١
بەمجۆرەش حەز دەكەم جەخت لەو ڕاستییە بكەمەوە، كە “دەنگ هەر تەنیا دەنگ نییە و هەر تەنیاش لە دەم و قوڕگەوە نایەتە دەر”، بەڵکوو دەنگ، واتای کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیشی هەیە و دەکرێ بگوترێ هەر دەنگە، هەڵگری ئەو تایبەتمەندییە ئاكاری و کولتووری و پێگە چینایەتییانەیە، کە لێیانەوە دێتەدەر و بەرهەمی دەهێنن و ماناگەلێكی تایبەتی پێدەبەخشن. ئەوە “دەنگی دەنگ و ژێیەكانی دەنگ” نین، واتابەخشن، بەڵكو ئەوە كۆمەڵگە و كولتووریشن لە ڕێگەی دەنگەكانەوە خۆیان بەرجەستە دەكەن و بەدیاردەكەون. ئەمەش بە جۆرێ کە ئێمە دەتوانین لە دەنگدا، جۆر و دۆخ و پێگەی کەسایەتی خاوەن دەنگ بەئاسانی بدۆزینەوە: (شیوەنی دایکانی وەتەن، سکاڵای منداڵ، گەڕەلاوژێی گەنجان، قاووقریشکی کچان، شاتەشاتی ژنان، نەڕەی باوک، هاواری مەلا لە پشت مینبەر، تێخوڕینی فەرماندە، هاواری سەركردە، دەربڕینی خۆشیی سەركەوتن و..)، هەموویان ئەو دەنگانەن کە تێڕوانینێک بۆ بکەرانیان دروست دەکەن و دەربڕی کولتوورێکیشن. بۆ نموونە گوزارەی (شاتەشات) وەسفێکە بە ئاشکرا ڕاناوە نێرینەییەکەی خۆی دەردەخات و خستنەپاڵێکی پیاوسالارانەیە بۆ دەنگی ژن كاتێ وەڵامی هەیە، دەنگ هەڵدەبڕێت و گفتوگۆ لەگەڵ پیاو، یان مێردەكەیدا دەكات.. خودی ئەم دەنگهەڵبڕین، گفتوگۆ و وەڵامدانەوەیە لە كولتووری نێرسالاردا قەدەخەیە، بۆیە بە شاتەشات، گوزارشی لێكراوە! هەروەها دەکرێ لەناو دەنگدا بۆ چین و توێژی کۆمەڵایەتیش بگەڕێین: (ناڕەزایی کرێکاران، هوتافی خەڵک، بێدەنگیی مامۆستایانی زانکۆ، دانپیانەنانی زیندانی، متتەق نەکردنی جاسووس و دووڕووەكان..). ئەمە جگە لەوەی دەتوانین لە دەنگدا هەست و سۆزی بکەر، یان بێژەر ئاشکرا بکەین: لاوانەوەی داییباوک، چڕینی لاوکبێژ، سۆزی گۆرانی، حەسرەتی منداڵ و نۆستالیژیای هەندارانی و ئاوارە بۆ زێد و نیشتیمان…
قڵخ و هووڕ لە دنیای نوێدا
١٢
قڵخ و هووڕ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆکەدا ئەو برەوەی جارانی نەماوە. نە هۆکارێکی ئاگادارکردنەوەیە، نە جۆرێکە لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، نە خۆبەرجەستەکردنیشە وەک نێرینە. لەم ڕۆژگارەدا هیچ کات و شوێنێکیش نییە بتوانرێ تیایدا وەک جاران بەڵغەمێک فڕێ دەیت بەبێ باجدان، تەنانەت لە جامی ئۆتۆمبیلیشەوە، بۆی هەیە بای دەرەوە بیکاتەوە بە ڕووخساری خۆتدا! ڕێك دەربڕێنەكە مانایەكی پێچەوانەی وەرگرتووە: نیشانەی پیریی، دواكەوتوویی و ناشارییبوونە.. بۆی هەیە وەك ڕەفتارێكی دواكەوتووانەش لەلایەن كۆمەڵگەوە لێكبدرێتەوە، بەتایبەتی لە لایەن خانمانەوە و وەك تۆڵەكردنەوەیەكیش لە پیاوسالاری و نێرسەروەریی جاران.
١٣
بۆیە ئێستا ئیتر قڵخ و هووڕ، لە ڕووی کولتوورییەوە، بەتایبەتییش لە شارەکاندا مانای دیكەی هەیە: لەجیاتیی ئەوەی گوزارشت بێت لە پێگەی کولتووریی و دەسەڵات و چینایەتی، شوناسێکی ناتەندروست و پاشكەوتوو بە بکەر دەدات. جاران بۆی هەبوو قڵخ و هووڕ ئاراستەکراو بێت و بە نیشانەی ئاگادارکردنەوە، ڕەتکردنەوە، کەمکردنەوە، یان بە هیچ تەماشاکردنی بەرامبەر بێت.. لە فیلمیشدا، بەتایبەتی فیلمی کاوبۆییدا ئەم دیمەنە لە شێوەی جوویینی لەتکە دار، دەنکە شقارتە، یان فڕێدانەوەی بێزارئاسای تفەوە، یان تفکردنەوەی شتێک دەبینین. ئەم کردەیە پیشاندانی ئامادەیی بکەرە بۆ چوونە ناو شەڕێکی توندوتیژانەوە، هەروەک چۆن پیشاندان و دەستنیشانکردنی پێگەی بکەریشە وەک دەستپێشخەر، چاوشکێن، یان خۆ بەدەسەڵاتدار و خۆ بە ئازا پیشاندان.. بکەر بەم هۆیەوە نەفرەتی خۆی، یان قێزهاتنەوە و بێزهاتنەوەی خۆی پیشان دەدات و پەیامێکی توندوتیژئاسا و چاوشکێنەرانە بۆ ئەویتر دەنێرێت: (هـا…خخق، تــفــف..).
١٤
بە هەمان شێوە، ئێستا لەودیو دەرگای ئاودەستخانەکانەوە، چ لە ماڵ، چ لە خواردنگەکانی نێوان ڕێی شاران و چ لە مزگەوتەکاندا، گوێمان لە ئحم ئحمی خەڵک نابێت، یان زۆر بە كەمی گوێمان لێدەبێت. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ڕیزی بەردەم ئەو شوێنانە لە کەمیی داوە و خەڵک کەمتر پێویستیی بە چوونە تەوالێت هەیە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئێستا دەرگای ئەم شوێنانە مەحکەمتر و بە ئەڵقەڕێز و قفڵ دادەخرێن.. هەروەها ژمارەی جاسووسە تەقلیدییەکان ئێستە ئەوەندە کەم بوونەتەوە، کە پێویست نەکات بە هۆی ئحم ئحمەوە هاوڕێکانمانیان لێ بپارێزین.
١٥
شێوەژیانی سەرمایەدارانە، واتاكانی دەنگیش دەگۆڕێت و دەنگە نەخوازراوەکان، ڕەتدەکاتەوە و دەنگی دیکەیان دەخاتە شوێن. بەمجۆرەش دەنگ مۆدێرنیزە و ئیستاتیزە کراوە. ئەمڕۆ دەنگی ڕیکلامە بازرگانیەکان، دەنگی ڕاگەیاندنە شێوێنەرەکان، دەنگی بانگەشەکردن بۆ جوانکاران و نەشتەرگەران و دەنگی پۆپۆلیزمی کولتووری و بازاڕگەرمی و دەنگی پێنان بە بەنزینی ئۆتۆمبێل و هاوارکردن و تانەلێدان لە کچان و ژنان لە جامی ئۆتۆمبێلەكانەوە و دەیان دیاردەی دەنگیی تر، لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن و فەزای ژیانەکی ئیمەیان پڕ کردووە لە دەنگە دەنگ. هیچ خواردنگەیەک بە تەنیا خواردنت پێنافرۆشێت، ئەگەر جۆرێ لە هاوارهاواریشت بەسەردا نەسەپێنێت. بە پێچەوانەی دەنگی قڵخ و هووڕ و ئحم ئحمەوە، کە لە شوێنی تایبەت و ناوبەناو دەبیسران، دەنگە کولتوورییەکانی شێوەژیانی سەرمایەداری هەموو چرکەیەکی ژیانی ئێمەیان پڕ کردووە و شوێنیان بۆ هیچ دەنگێکی تر نەهێشتۆتەوە.. مرۆڤی ئەم دەڤەرەی ئێمە بۆ ئەوەی گوێی لە دەنگی مرۆییانەی خۆی بێت، دەبێت لە هەلێک بگەڕێت، کە تیایدا کارەبا ببڕێت، یان پەخشە میکانێکی و ئەلێکترۆنی و ڕیکلامییەکان بوەستن، ئەمجا بتوانێت بێتە دەنگ، یان گوێی لە دەنگیی میهرەبانیی مرۆڤ بێت.
١٦
ئەمڕۆ بێدەنگیی و شەرمکردن لە دەنگهەڵبڕین، باڵی بەسەر هەمووماندا کێشاوە و شاشەکان، بڵیندگۆ و مەکینەکان، جێگەی دیاردە دەنگییە مرۆییەکانیان گرتۆتەوە. ڕۆژگاری ئەمڕۆ شەرمی لە پەخشکردنەوەی زیقەزیق و گرمەگرمی مۆزیکی ڕیکلام نییە، شەرمی لە قریوەی نێو پەب و هەراوزەنای ناو باڕەکان نییە. بەڵام ئامادەش نییە گوێ لە گۆرانییە خۆماڵییەکان بگرێت. لە مۆڵ و سوپێرمارکێتەکاندا وەک پەرستگەی سەرمایەداری و پارەداریی لە وڵاتی ئێمەدا، بە دەگمەن گوێت لە بەرهەمێکی ڕەسەن و خۆماڵی دەبێت. هیچ شتێک ڕەسەن و گوزارش نییە لە شوناس و ئەوەی کە (ئێمە) پێکدەهێنێت. ئێمە، وەک شوناس، ڕەسەنێتی، لۆکاڵیی و دیارگەرایی، لە ئارادا نەماوە و لەم وشوێنانەدا مرۆڤ ناچار دەکرێت بچێتە نێو ئەو بۆنە و ڕێوڕەسمانەوە کە ئەو تیایاندا خۆی نییە. نامۆبوون و لەخودنامۆبوون بەشێکی ئەو ئەزموونە ڕۆژانەییەن کە مرۆڤی ئێمە لەم سۆپێرمارکێت و مۆڵانەدا بەبێ خواست و ویستی خۆی ئەزموونیان دەکات. لە پێش هەمووشیانەوە دەستهەڵگرتن لە زمان، لە دەنگ و ڕیتمی خۆماڵیانەی خۆ دەربڕین. لەو شوێنانە مرۆڤ پتر بە ئینگلیزیی، عەرەبی و تورکی قسەی پێدەکرێت نەک زمانی دایک…
١٧
ئێمە لەم جیهانە نوێیەی سەرمایەدارییەتدا ڕاهێنانمان پێدەکریت دەست لە دەنگ هەڵبگرین، دەنگی خۆمان بچەپێنین و ئەو وشانە بە لێوماندا بهێنین کە گوزارش لە ناخمان ناکەن. ئێمە هەر دەبوو دەنگەکانی وەک قڵخوهووڕ و ئحم ئحم و دەلالەتەکانیان وەلا بخەین چونکە ئەوە مەترسیدار و ناساخڵەم بوون، بەڵام ئەوەتا ئێستا خەریکین بەتەواوی دەست لە دەنگ بەشێوەیەکی گشتی هەڵدەگرین و قڵخوهووڕێکی تر جێگەی دەنگە تەقلیدییەکان دەگرێتەوە. ئێمە بە دوورکەوتنەوە لە زمانی خۆمان، لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆشمان دوور دەکەوینەوە. بێگومان دەستهەڵگرتن لە دەنگ، نێوەی دەستهەڵگرتنە لە بیرکردنەوە.
١٨
دەنگ بەگشتیی لە ئێستەی ژیانی ئێمەدا لەقەیراندایە. بەشێكی دەنگ جاران لە بێدەنگیدا خۆی دەنواند و بێدەنگییش واتادار و بگرە قووڵتریش بوو لە دەنگ. ئێستە بێدەنگیی ئاماژە شارستانیی و كولتوورییەكەی خۆی لەدەستداوە و بەهای نەماوە. لەبەرامبەریشدا هەموو شتێك بۆتە دەنگ و هاوارهاوار و نرخەكەیشی هێندە نییە. لە زۆر شوێن هەر قسەیەك بكەیت كەس لێتناكڕێت، لەو شوێنەش كە پێویستە بێدەنگ بین، بۆ ئەوەی سەنگی نەگوتراو بپارێزین، خەڵك هاوار دەكەن. كێشەكە ئەوەیە ئیتر كەس گوێ لە كەسیتر ڕاناگرێت و هەموو دەیانەوێت قسان بكەن. قسە و فۆرمەكانی دیكەی دەنگ وەك: هاوار، جوێن و تانە و تەشەر زۆر برەویان سەندووە.
١٩
فۆرمی دەسەڵات دەستنیشانی ئەو دەنگانەش دەكات كە لەسایەیدا، یان لەدژی بەرز دەبنەوە. ئەگەر كولتووری دەسەڵات گوێگرێكی باش نەبوو، خەڵك قسەشیان بیر دەچێتەوەو دەكەونە هاوار و قیژە وسكاڵا و جوێندانیش. بگرە ئۆپۆزیسیۆنێك لە دژی خۆی دروستدەكات، كە برەوێكی زۆر بە هاواركردن بدات و دواجار جوێندان ببێتە دیاردەیەكی كولتووری. نیوەی ئەو جوێنانەی لە كایەی سیاسیی ئێمەدا لایەنەكان بە بەیەكتریان دەڵێن، جوێنی دەسەڵاتن بە خۆی لە زاری ئۆپۆزیسیۆنەكانییەوە. بەو جۆرە دەنگانەی لە ئێستەی كۆمەڵگەی ئێمەدا برەویان هەیە، كۆمەڵگەش خەریكە دەبێتەوە هەڵگری ئەو كولتوورەی كە تیایدا دەنگ، (قڵخ و هووڕ، كۆكین، بەڵغەم فڕێدان و ئحم ئحم)..، باو بوون و گوزارشیان لە پێگەی نێرینە و دەسەڵاتی پیاو دەكرد.
٢٠
چاوەڕێ دەكرێت ئەم گەڕانەوەیە بۆ كولتووری نێرسالاری لە داهاتوودا زیاتر برەو بستێنێت. لە مۆدێرنترین ڤیللاوە گوێت لە گەورەترین قڵخە ببێت. یان لە نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلەوە بەڵغەم فڕێ بدرێتە دەرەوە. بە بۆق و هۆڕنی ئۆتۆمبێلەكاندا دیارە مرۆڤی ئەم كۆمەڵگەیە چەندە پێویستی بە خۆدەربڕینی فیودالیانە و ئاغایانە هەیە. ترسم هەیە لەوەی مرۆڤی ئێمە چۆنێتی بەكارهێنانی شیعریانە و ناسكانەی دەنگی خۆی بیر بچێتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەوەی گوێی لێدەگرێت شیعرییەت و ناسیكی تێدا نییە. بڕواناكەم ئێستا لەم سەردەمەدا هیچ كەسێك هەبێت وەك فەرووغی فەرووغزاد بنووسێت: تەنیا دەنگ دەمێنێتەوە! چونكە دەنگ بەرەو لەناوچوون دەچێت.. ئەوەی كە هەیە دەنگ نییە، ژاوەژاوە.
٢١
ئەم ژاوەژاوە پەرێوەتەوە بۆ چۆنێتی بەكارهێنانی زمانی ئاخاوتنیش. ئەوەی مرۆڤ لە درێژایی هەزاران ساڵ فێری بوو: قسەكردن، وا ئێستا وردە وردە بەرەو لەدەستدانی دەچێت. یەكەم نیشانەكانی ئەم كێشەیە لە نەمانی پەیوەندیی نێوان قسەكردن و بیركردنەوەیەدایە. هەرچی بە زماندا بێت دەگوترێت بێی ئەوەی بیری لێبكرێتەوە. پێشینان دەیانگوت بەرلەوەی قسە بكەیت دووجار بیری لێبكەوە. ئێستە بەبێ بیركردنەوە یەكسەر قسەكە دەكرێت. پاشان ناڕوونیی لە زمانی ئاخاوتندا زۆر دروستبووە. زۆرجار دەبیستین كە یەكێك دەڵێت: مەبەستم ئەوە بوو بڵێم! بۆیە ڕووبەڕووی بەهەڵە تێگەیشتن دەبێتەوەو ئەوانیتر بەرەنگاری دەبنەوە. چونكە ئەوەی مەبەستی بووە، نەیگوتووە. قسەكردن بۆتە دیاردەیەكی دەنگی بەردەوام، بەڵام زۆرجار بێناوەڕۆك.
لە سۆشیالمیدیادا زۆر جار ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەبنین: هەڵكفان، تووڕەبوون و جوێندان و پلار و هەڵڕشتنی وشە و هەڵچوون و گوتاردانی هێرشبەرانە، هیچیان دیاردەیەكی تەندروستی قسەكردن نین. بگرە لادان و شێواندنی ئاخاوتنن. ڕێزگرتن و چاوەڕوانی و قسەبەیەكتر نەبڕین و گوێ بۆشلكردن و.. لە ئادابی ئاخاوتن بوون، ئێستا هەموویان بەرەو نەمان دەچن. پێشتر هەمیشە مەودایەك هەبوو لە نێوان ئەو وشانەی بەكار دەهێنران و نەفسی قسەكەر. ئێستە هەمیشە دەروونی قسەكەر لە وشەكانیدا دیارە و وشەكان تەنیا گوزارشن، نەك ئامرازی گواستنەوەی واتای شاراوە، یان میتافۆر و واتا ئاماژەییەكان. بۆیە قسەی نەستەق، حەكیمانە، ناوكدار خەریكە لە ناو زمانی ئاخاوتندا لەناو دەچن. ئەمەش بە هەژاری زمانی گفتوگۆ و هەڤپەیڤینەكان تەواو بووە.
٢٢
كەواتە دەنگ وەك دیاردەیەك لە هەموو لایەكەوە لە قەیراندایە. كاتێك دەنگ بكەوێتە قەیرانەوە، گوێش دەكەوێتە قەیرانەوە چونكە ئیتر پەیامەكان ئەوەندەی خۆیان ئاراستەی دەروونی كەسەكان دەكەن، ئەوەندە ئاراستە نابن بەرەو گوێ و بیسیارییان. بەڵام دەنگ هەمیشە بەشێکی بەهێزی ژیانمانە، ئەزموون و کارلێکەکانمان لە چێوە دەگرێت. بە تێگەیشتن و قەدرزانینی ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەنگ دەتوانین ڕوانگەیەکی هۆشیارتر و مانادارتر لە ژینگەی دەنگیمان دروست بکەین. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ پاراستنی شوناسە کولتوورییەکانمان و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەیەکی تەندروستتر و هاوئاهەنگتر.