دەق بۆ هەقیقەت، دەق بۆ چێژ
(ڕووتەختی پێكەوەسازان)
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
چێژ كۆمەڵە حاڵەتێكی مینتالیتییە، كە مرۆڤ… هەستی پێدەكات و بەرەو خۆشی و كرانەوەی ئەرێنی دەكاتەوە. بنەمای چێژ هەوڵدانە بۆ خۆشی وەرگرتن. بنەمای چێژ لای فرۆید پێچەوانەی بنەمای حەقیقەتە، چونكە حەقیقەت ئارەزووەكان وەدوادەخات. بە مانایەك لە ماناكان بارت دەڵێ چێژی دەق ئەو ساتەیە كە جەستەی (وەرگر/خوێنەر) تێیدا بە فەزا تایبەتییەكانی خۆی دەگات.
ئەگەر چێژی دەق پەیوەندی بە فەزای (وەرگر و خوێنەران)ەوە بێت، ڕووتەختی بێ بڕانەوەی حەقیقەت چییە؟ ئایا پرسیار لەبارەی حەقیقەت و چییەتی حەقیقەت گرنگی بەوەدەدا كە حەقیقەت لە ئەزموونكردنی ژیانەوە وەدەست دێت؟ یان لە بیركردنەوە و توانای سیاسی و توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری و رامانی فیكری و بڕوای ئایینی و عەقڵی وەكیەك و واقیع و ئازادی… وەدەست دێت؟! ئایا پرسیار لە بارەی چێژی دەق تەنها گرنگی بەوە دەدات كە پێیدەڵێن فەزا تایبەتییەكانی وەرگر و خوێنەران؟
هەڵبەتە چییەتی حەقیقەت و چییەتی چێژ لە دەقی هونەرییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنن، بەو مانایەش حەقیقەت جیایە لەوەی حەقیقەتە! چێژیش جیایە لەوەی تەنها چێژ بێت. حەقیقەتی دەقی هونەری بەرجەستەكردنی جوانناسانەی چییەتی زمانە. دەقی چێژی هونەریش بەرجەستەكردنی بیركردنەوەی چییەتی زمانە! چییەتی زمانیش سیستمێكی فیكرییە و هەڵگری جوانی و رەنگدانەوەی رەهەندەكانی ژیاری مرۆڤایەتییە. بەڵام زمان هەموو شتێ ناڵێت. جەستە قسان دەكات، شتەكان، مێژوو، توانا فەردی و كۆمەڵایەتی قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ دابڕان بە هەزاران شێواز قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ ناڵێت.
كەواتە پێویستە بزانین لەنێوان ئەوەی حەقیقەت جیایە لەوەی ڕووتەختی بێ بڕانەوەی حەقیقەتە و چێژ جیایە لەوەی ڕووتەختی بێ بڕانەوەی چێژە، چییەتی زمانیش جیایە لەوەی زمان هەموو شتێ بڵێت. بەو مانایەش پێویستە (دەقی هونەری) لەنێوان پێكهاتەكانی زمان و بیركردنەوە تایبەتییەكانی (وەرگر/خوێنەر)انەوە، لەنێوان حەقیقەت و چێژ… رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكات.
ئایا دەقی هونەری بۆ حەقیقەتە یان پرسێكی چێژئامێزە؟ ئەگەر دەق بۆ حەقیقەت بێ، دەبێ مرۆڤ حەقیقەت پەسەند بكات. بەڵام ئەگەر دەق پرسێكی چێژئامێز بێت، ئەوە (وەرگر/خوێنەر) گرنگترە لە بەرهەمهێن! یەكەمیان دەكەوێتە نێو باوەڕی حەقیقەتی هاوبەشەوە، دووەمیان زمانی هاوبەش بەڕێوەی دەبات، بە پێچەوانەشەوە راستە.
كەواتە بۆ ناساندنی دەقی هونەری بۆ حەقیقەت و دەقی هونەری بۆ چێژ، دەبێ بۆ بنەماكانی بیركردنەوە و جوانناسی زمانەوانی بگەڕێینەوە و رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكەین. وەك دەزانین هیچ زمانێك لە گوتندا بەبێ ئاماژە نییە، دواتریش مانا… بەڵام زمان وەك مانا دەگۆڕێ بۆ جەستە. دەمەوێ بڵێم جوانی زمان وەك جەستە، دەق دادەهێنێ! بەڵام بۆچی هەندێجار بۆ تێگەیشتن لە رەهەندەكانی ئەو جەستەیە چەند جارێك دەق دەخوێنینەوە؟! ئەگەرچی لە جاری یەكەمدا ماناكەی حاڵی دەبین.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كۆمەڵێ شتی دیكە لە جەستەی دەقدا هەیە، كە هەر مانا و ئاماژە نییە… لە دەقدا مەعریفەی دەربڕینی بیركردنەوە و مەعریفەی دەربڕینی جوانناسانە ئامادەیی هەیە، بۆنی دەكەین، هەستی پێدەكەین، دەستی لێدەدەین، دەیبسین، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەین…
كەواتە كاتێك زمان وەك مانا و ئاماژە لە جەستەی زیندووی دەقدا دەناسێنین، كاتێك دەق وەك پێكهاتەی جەستە تێكەڵ بە ژیان دەبێت… ئیتر دەبێتە بابەتی خۆشویستن و رق لێبوونەوە، عەشق و گومرایی، حەقیقەت و چێژ… چونكە جەستەكان بەیەكدادەچن و تێكەڵدەبن و كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، نەزمی چیگوتن و جوانگوتن گوزارشت لەو ئاماژە و مانایانە دەكەن، كە لە شانەكانی زمانەوانییەوە لە دایك دەبن و بە گوێرەی سەیرورەی دەق و بە گوێرەی رێگایەكی نوێی هونەری رێكدەخرێن و لەو پەڕی ئاماژە و مانادا، لەو پەڕی حەقیقەت و چێژدا… لە رووتەختی پێكەوەسازان دەردەكەونەوە.
ڕووتەختی پێكەوەسازان
دۆلۆز دژ بە ئارەزووی فرۆیدی، پێیوایە ئارەزوو هەرگیز بۆ لێكدانەوە نییە، بەڵكو ئەزموون دەكرێ… بەڵام فرۆید ئارەزوو لە چوارچێوەی خێزاندا قەتیس دەكات، لە كاتێكدا ئارەزوو هەمیشە درووستكەرانەیە و هەرگیز خۆكارانە و یاسایی نییە. دۆلۆز نە بڕوای بە غەریزە ناوەكییەكان هەیە، كە گوایە ئیلهام بە ئارەزوو دەبەخشێ، نە وەك دەروونشیكاری فرۆیدی بڕوای بەوە هەیە، كە ئارەزوو (نەقس) بێ. چونكە ئەگەر ئارەزوو نەقس بێ، ئەوە هیچ رووتەختێكی پێكەوەسازان مومكین نییە، كە دەرفەتی ئەوە برەخسێنێ ئارەزوو بكەن. (رووتەختی پێكەوەسازان) نەقس دەگۆڕێ بۆ مۆركە پۆزەتیفەكەی ئارەزوو، نەك ئارەزوو بگۆڕێ بۆ مۆركە نێگەتیفەكەی نەقس. ئەو بیركردنەوە دۆلۆزییە لەبارەی ئارەزووەوە لە بەشی سێیەم كتێبی (گفتوگۆكان) وەرگێڕانی (هاوار محەمەد) قسەی زۆری لێكراوە.
من دەكەومە ژێر چەمكی (ئارەزووی دۆلۆزی) و (ڕووتەختی پێكەوەسازان) و دەڵێم “چێژ وەك وێنەی ئەو نەستە دەبینم، كە تێنووەّ. حەقیقەت وەك وێنەی ئەو هەستە دەبینم، كە راخراوە”! بەڵام رێگایەكیش دەبینمەوە لەو لێكدانەوەیە رابكەم، لەوێوە كە چیدی فۆرمەكان بوونیان نییە؟! مەسەلەكە پەیوەندی بە نەخشەی خێراییەكان، چڕبوونەوەكاندایە… مانای جێگیر واتای نەمانی جوولە نییە، بەڵكو ئاماژەیەكە بۆ حاڵەتی رەهایی جوولە، وەك چۆن ئاماژەیە بۆ حاڵەتی رەهای وەستان. ئەوە رووتەختە، جوولە و جێگیری، پەیوەندییەكانی خێرایی و خاوبوونەوە لەنێوان رەگەزە پێكهاتووە تەواو پێكنەهاتووەكاندا دەناسێت.
بەو مانایەش دەشێ هەقیقەت و چێژ سەر بە ئارەزوو بن، وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. بەڵام دەبێ رووتەختی پێكەوەسازان دامەزرێنن، رووتەختی پێكەوەسازان بخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن، ئەگەرنا لە دەرەوەی زمان، یان لە دەرەوەی نەست، نەچێژ هەیە و نەحەقیقەت!. چێژ جەستەیەكی بێ ئەندامە هەرگیز لەگەڵ وەرگر و خوێنەران دژ ناكەوێتەوە، كە بیركردنەوەی تایبەتی خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، یان چێژ دەخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن. حەقیقەتیش هەرگیز لەگەڵ پارچەكانی دژ نییە، كە تێیدا دەجولێن و خۆیان لە جیاوازیدا دەنوێنن.
زمان و چێژ و حەقیقەت وەك ئارەزوو ئەزموون دەكرێن. چێژ و حەقیقەت، وەك زمان بنەمایەكی مەعریفییان هەیە. دەقی هونەریش لەسەر بنەمایەكی مەعریفی دادەهێنرێت. بنەمای دەقی هونەری رەگەزەكانی زمانە، زمانیش وەك چۆن ئاماژە و مانا بەرجەستە دەكات، حەقیقەت و چێژیش درووست دەكات! بە دیوەكەی دیكە وەك چۆن چێژ دەشارێتەوە، حەقیقەتیش دەشارێتەوە! لەوێشەوە نوێنەرایەتی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆڕئامێزی نێوان نووسەر و دەق، خوێنەر و دەق، فەزای خوێندنەوە و فەزای نووسینەوە، كۆمەڵگا و بازاڕی هونەری دەكات، بەر لەوەی مانا و ئاماژەكان لێكبدرێتەوە، بەر لەوەی مەعریفەی هونەری و هونەری چێژ كەشف بكرێت، پێویستە دەق وەك جەستەیەكی فرە رەهەند و فرە فەزا لە دانوستاندا (وەرگر/خوێنەر) بەرەو خۆی كێش بكات، چونكە هونەری نووسین بە گشتی زانستی خۆشگوتن و فەزای دانوستانی فرە رەنگ درووست دەكات.
دەق وەك جەستەیەكی ئاڵۆز بۆ چێژ
پرۆسەی لە دایكبوونی نووسین پرۆسەیەكی هونەری چڕ و پرسیارئامێزە لە كۆمەڵێك رەهەندەوە لێكدانەوەی دیار و نادیاری بۆ دەكرێ! من ئێستا ناچمەوە نێو پێكهاتەكانی زمان و فەزا و رەگەزە هونەرییەكانی دەقەوە. بەڵكو بە كورتی بە ستراتیژی هەندێ لەو هەوڵانەدا دەچمەوە، كە بەرەو دەق و چێژی دەق دەبنەوە، لەوانەش: رۆلان بارت، جۆرج باتای، ماركیز دی ساد.
بارت پێیوایە دەق لە نەستدا لە دایك دەبێ و لە هەستدا دەنووسرێتەوە. ئەو لێكدانەوەیەی بارت لە گوتەزای (نەست وەك زمان رسكاوە)ی ژاك لاكان دەناسێنین. بەڵام باتای بە پێچەوانەوە دەیبینێ و پێیوایە دەق لە رەحمی شێتیدا لە دایك دەبێ و دژ بە دەمارگیرییە. دەشێ رەحمی شێتی باتای ئاڵۆزی زمانمان بیر بخاتەوە! دی ساد راستەوخۆ دەچێتە سەر چێژی دەق و پێیوایە چێژی دەق پەیوەندی بە دژبوونەوەی نێوان باو و ناباوەوە هەیە. دەشێ ئەو قسەیەی دی ساد بە پێشكەوتنی زمان لەنێوان چەمكی پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زماندا هەڵبگرینەوە…
چێژی دەق و هەقیقەتی دەق
چێژ بیرۆكەیەكە، دەكەوێتەوە نێوان پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زمانەوە. دەكەوێتە نێوان باو و دژە باوەوە… بە گشتی چێژ لەگەڵ كولتوور هاوئاهەنگە. وەك بارت و باتای و دی ساد… قسەیان لێكردووە چیژی دەق وەك چۆن لە خۆدەرخستن و خۆشاردنەوە، جێگیربوون و جێگیرنەبوون، هەست و نەستی زمانەوە گەڵاڵە دەبێت، لە بواری خوێنەر و فەزای خوێندنەوەشدا لە شیكردنەوەی دەروونی و ئارەزووەوە نزیك دەبێتەوە.
كەواتە لەنێوان حەقیقەت و چێژدا، لەنێوان حەقیقەتی سۆسیۆلۆژی و بازاڕی هونەرییدا ئەوە ریتمی تێنووی نەستە، یان رەگەزە دیارەكانی دەقە سنوری چێژ بۆ وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی دەنەخشێنێ! وەك چۆن ئەوە دیتنی پارچەكانی حەقیقەتە، بە رێگای جیاوازەوە وەك هەست كۆمەڵگا دەدوێنێ. دەقی چێژ ئەو دەقەیە كە رازی دەبێ هەستی خۆشی بخاتەوە. بەو مانایەش چێژی دەق ئەو ساتەیە كە وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی لە ساتی خوێندنەوەدا دەكەونە نێو فەزا تایبەتییەكانی خۆیانەوە، لێرەوە بارت دەڵێ بیركردنەوەكانی جەستەم بیركردنەوەكانی من نین. ئەو قسەیەی بارت پەیوەندی بە نەستی زمانەوە هەیە و پەیوەندی بەو حاڵەتە شێتییەوە هەیە، كە باتای دەیخاتە روو، وەك چۆن بەریەككەوتنە باو و ناباوەكەی دی ساد بەشێكی زۆر لە سەرسامی بۆ خۆی دەبات.
بێگومان وەك لەسەرەوە قسەمان لێكرد حەقیقەت قابیلی لێكدانەوەی جیاوازە، حەقیقەت خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، وەك چۆن چێژی دەق لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ. بەو مانایە جگە لە رووتەختی پێكەوەسازان یاسایەكی گشتیی بۆ خوێندنەوەی حەقیقەتی هونەری و چێژی هونەری نییە.
ئەو دەقە هونەرییەی مایەی چێژە جۆرە هەستێكی خۆشحاڵیمان لەلا درووست دەكات، ئەو دەقە هونەرییەی پارچەكانی حەقیقەتمان نیشان دەدات، هۆشیاریمان پێدەبەخشێ و هۆشیاریش گۆڕانكاری جۆرا و جۆر دەنێتەوە! دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ چێژ، هەستی خۆشی بە منی (وەرگر/خوێنەر) دەبەخشێ، ناسنامەی (منی وەرگر/خوێنەر)انی تیا بەهێزتر دەبێ. دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ بەشە جیاوازەكانی حەقیقەت نەستمان بەهێز دەكات و روانینمان بۆ دنیا دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لە رێگای درووستكردنی رووتەختی پێكەوەسازانەوەیە.
خەیاڵی زمان و زیرەكی دەستكرد
دنیا لەژێر هەژموونی كۆمەڵە و رێكخراوە گەورەكاندایە، بەڵام بنەمای دەقی هونەری و ئەدەبی جیاوازی زمان و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، لەوێشەوە گۆڕینی هۆشیاری، جوانناسی، خۆشی… بەردەوامی و سەیرورە دەخاتەوە. ئەگەر لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش، مەعریفەی هاوبەش لە دەستدانی پەیامی حەقیقەتی هونەری بێت، لە دەستدانی زمانی هاوبەش، خوێندنەوەی هاوبەش لە دەستدانی چێژی هونەری لێبكەوێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ حەقیقەت نابێتە هەڵگری جۆرە تێگەیشتنێكی ئایدیالیستانە؟ ئایا دەقی هونەری بۆ چێژ لە تێگەیشتنێكی بازاڕی بازرگانی نزیك نابێتەوە؟!
بێگومان داهێنان لە خەیاڵی زمان و جوانی هونەرییدایە، لە خەڵقكردنی دنیایەكی نوێدایە، لە درووستكردنی پەبلیكێكی نوێدایە… كاری داهێنەرانە، جیهان لەگەڵ (وەرگر/ خوێنەر)ە جیاوازەكانی دابەش دەكات. بەڵام زمانیان لەگەڵ دابەش ناكات. ستراتیژی كاری داهێنان بۆ ئەوە نەخشێنراوە تاكو لە رێگای وەرگر و خوێنەرانی داهێنەرەوە كاریگەری بخاتە سەر جیهان.
بە دیوەكەی دیكەش لەپشت ئاراستەكردن و مەبەستە ئایدیالییەكان… سەیرورەی داهێنانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد جیهانی دووچاری گۆڕانكارییەكی بەپەلە كردووە. زیرەكی دەستكرد ترادیسیۆنی كاری داهێنان (تكایە بێدەنگ بن نووسەرێك خەریكە دەنووسێت)، دەلەرزێنێ. شاراوەكان لە رێگای چاوی شەیتانی زیرەكی دەستكردەوە ئاشكرا دەكرێت. هاككەر دەبێتە راڤەكار! چێژ، حەقیقەت، جوانی… لە ئۆنلاینەوە بوونی خۆیان دەنەخشێنن… بەڵام خەیاڵ دەكەوێتە كوێی زیرەكی دەستكردەوە؟!
بێگومان زیرەكی دەستكرد لقێكە لە زانستەكانی كۆمپیتەر و هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ دەتوانێت ئەركەكان جێبەجێ بكات. فەلسەفەی زیرەكی دەستكرد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین ئامێرێك درووست بكەین وەك خۆمان بیر بكاتەوە، بەڵام خەیاڵكردنی نییە. چونكە خەیاڵی مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بێتە بەرهەم یان بە لاساییكردنەوە درووست بێت، خەیاڵە. زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نییە!. كەواتە هەرگیز زیرەكی دەستكرد چارەی نەزانینمان ناكات، بەڵكو توانایەكە بۆ گەیشتن بە پێدراوەكانی مەعریفە و چێژ و جوانی… زیرەكی دەستكرد هێز و توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، بەڵام مرۆڤ شاعیرانە كەوتۆتە نێو خەیاڵەوە.
هەولێر 12/3/2024