تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ

لە نێوان جوڵەی پەڵەکاندا


هزریی - شێوەکاری

Loading

لە نێوان جوڵەی پەڵەکاندا

ئیسماعیل حەمەئەمین

١

کاتێک جوڵەی `پەڵە ڕەشە جیۆمیترییەکان` دەستپێدەکەن، ئەوا دەچنە نێو یادەوەریەکی قووڵەوە، لەوێدا فۆرمە جیاوازەکانی خۆیان پێکدەهێنن و ڕوانین دەدوێنن؛ ئا لەو چرکەساتەدا، بەشێکن لە سوبێکتی هونەرمەند،  بەشێکن  لە دیاریکردنی  شوێنای فۆرمەکان لە پێچی مێژوویەکی دووردا.

کاتێک بەرامبەر زنجیرە کاری نیگارکێش `فایەق ڕەسوڵ` بوومەوە، هەموو ئەم  ئایدیانە دەیهێنام و دەیبردم و خەیاڵیان داگیر دەکردم. ئەو کارانەی  لە ئاتیلێرەکەی  خۆی لە  `ڤێنا`  نیشانی دام، ئەو تابلۆ هونەریانە لەنێوان ٢٠١٧ و ٢٠٢٣  وەک کار لەسەر تەختە و بەکارهێنانی `تەکنیکی  تێکەڵ` کاری لەسەر کردبوون. ئەمانە زنجیرە تابلۆیەکن لە ژێر تایتڵی `بیرەوەرییەکان` دا،  تێدا جوڵەی پەڵە جیۆمیترییەکان ئەو هەستەت پێدەبەخشێت کە لە زەڕەبینی مایکرۆسکۆبێکەوە سەیری دونیایەکی دیکە دەکەیت. تەواو وەک ئەوە وایە چاوت بخەیتە سەر مایکرۆسکۆبەکە، ئیدی لە دونیای دەوروبەرت دادەبڕێیت، چونکە؛ پەڵەکان، هێڵە ڕەشەکان، ڕایەڵەکان، شریتە ڕەشەکان، لە نێوان ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشیدا ئامادەگیان هەیە. ئامادەگیەک دەچێتە نێو ئایدیا و وێنەکانی پشت تابلۆکانەوە، بە هێمنی مێژوویەک سێبەری خۆڵەمێشی خۆی دەخاتە سەر فۆرمەکان، تێدا، `بێدەنگی` دەکاتە هێڵکارییەک و توندوتیژییە مێژووییەکان دەخاتە کایەی گوزارشەوە.

ئەو پەڵە و ڕایەڵانە، وەک ئەوە وەهایە بەنێو ڕووبەڕ یان بڵێن پشتەوێنەی ئاوێکی ڵێڵ دا تێپەڕن، بەڵام بەجۆرێک هەست بە ڕووناکی دەکەیت بەنێو ئەم ئاوە ڵێڵەدا خۆی پێچەوانەیی دەکاتەوە. لێرە و لەوێ ڕەنگی سوور، زەردی کاڵ، سەوزی کاڵ، خاڵی کووژەکی شین، وەک بونەوەری مایکرۆسکۆبی لە نێو ڕووبەرەکاندا مەلەدەکەن و  دەجوڵێن. ئەگەر چەند هەنگاوێک لە تابلۆکان دووربکەویتەوە و وردتر سەرنج بدەیت، وەها هەستدەکەیت چاوت نوقاندووە و تیشکی خۆر لە پێڵوەکانت دەدا، ئاسەواری  فۆرمی جۆراوجۆر دەبینیت کە لەنێوان ڕەنگی سووری  پێڵووی نوقاو، و گلێنەی چاودا مەلە دەکەن. بەمجۆرە، بونەوەری مایکرۆسۆبی لە نێوان پەڵەی ڕەش و خۆڵەمێشیدا بە نێو باگراوندی سپییەکی کپدا بە هێڵی جۆراوجۆر، وەک شۆڕبوونەوەی پەڵە و جێماوەی شۆڕبۆوەی تنۆکە ئاو و یاخود  دڵۆپە باران وەهان لەسەر ڕەنگی خامێکی تەڵخ و  نیمچە بۆر، خۆیان نمایشدەکەن و هێڵی جوڵەیان وەک  ئاسەواری `شوێن – جێماوە` بەجێهێشتووە.

 

جێماوەکانی یادەوەری ٢٠١٥ - ٢٠٢٣ - - فایق ڕەسوڵ - لە نیگارکێسییەکەی لە ڤێننا
جێماوەکانی یادەوەری ٢٠١٥ – ٢٠٢٣ – – فایق ڕەسوڵ – لە نیگارکێسییەکەی لە ڤێننا

کارەکان بە قەبارەی جۆراو جۆر و `تەکنیکی تێکەڵ` نیگارکێش کراون، تێدا  هونەرمەند `فایەق ڕەسوڵ` هەر لە بەکارهێنانی قەڵەم ڕەساسەوە بیگرە تاوەکو بۆیەی پاستێڵ، تاوەکو دەگاتە بەکارهێنانی خاڵی زەیتی بۆ سەر ڕووبەڕەکان، کاری لەسەر کردوون. کۆی کارەکان ڕووبەڕێکن بۆ خەیاڵی تەماشاکار، هیچ جەبرێک بوونی نییە، هیچ فشارێکی ئایدیایەکی زەق و خۆداسەپاندنی مانایەکی دیاریکراوی سەپێنراو بەسەر تەماشادا بوونی نییە، چونکە کارەهونەرییەکان ڕووبەڕێکن بۆ بیرکردنەوەی ئازاد، بۆ تێڕامان، بۆ خەیاڵ و بۆ دوورکەوتنەوە لە مانا کۆنزەڤاتیڤەکان. تابلۆکان شۆڕبوونەوەن بۆ نێو وردەکاری و ناواخنی پێکهێنەری ماناکان لە فۆرمی جیاواز و باگراواندی ڕۆشن، تێدا، ڕۆشنایی وەک خەیاڵێکی ئازاد بە نێو خامێکی تەنکدا تێدەپەڕێت کە پڕە لە ؛ جێماوەی دڵۆپەکردن، باران بارین، یاخود تنۆکە ئاوێکی داچۆڕاو بەسەر ڕەنگی خامێکەوە، کە لە شێوەی  جۆگەلەی باریک و پێچاوپێچ  درێژدەبنەوە بەرەو پەڵە ڕەش و خۆڵەمێشیەکان… هەموو ئەمانە ئەکتێکن، جوڵەی نێوان پەڵەکانن، کە تەنها پاشماوەکانیان لەسەر ڕووبەڕی تابلۆکان ئەو هەستەمان دەداتێ کە لەسەر ئەم ڕووبەڕە شتێک ڕوویداوە، جوڵەیەک بە ئێرەدا تێپەڕبووە، جوڵەیەک لە قووڵایی یادەوەرییەوە ڕەنگ و هێڵکارییەکانی لەسەر ڕووبەڕی تابلۆکان نمایشکردووە.

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

  ئیدی ئێمە لەبەردەم دوا پەنجەمۆر و شوێنپێی و جێماوەی ڕووداوەکان داین؛ هەستێک بە مێژووگەرایی، بە ونبوون، بە توندوتیژی و دڵڕەقی لە ڕۆحدا دەجوڵێنێن. توندوتیژییەک کە جوڵەی پەڵە ڕەشەکان بە قەراغە خۆڵەمێشییەکانیانەوە بە نێو ئاوێکی لێڵی پڕ بونەوەری مایکرۆسۆبی تێدەپەڕێت، ئەو خەیاڵەت پێ دەبەخشێت کە لێرەدا `ڕووداو` ئامادەیە.

بەدیوێکی تردا، ئامادەبوونێک لە ڕێگەی پەڵەکان و تەنانەت هاوکێشە ماتماتیکیەکان بەرجەستەن، کە لەسەر ڕووبەرەکان کێشراون، بەڵام ئەمجارە ئەمانە زنجیرە تابلۆیەکی ڕەنگ ڕۆشنن، تێدا، تیشک بە نێو ڕەنگی زەرد و سەوزی کاڵدا خۆی پێچەوانە دەکاتەوە. کارەکان هەمان تەکنیکی هونەری تێکەڵن، بەڵام لەسەر ڕووبەڕی سەوز و زەردی کاڵ، تێکەڵن بە چەندەها سمبول و هاوکێشەی جۆراجۆر کە وەک ئەوە وهایە  لەسەر دیوارێکی بەجێماو نەخشێنرابن. هاوکێشەی ماتماتیکی وەک (١٤٤\ ٧٠) یاخود ناوی کەسێک بە بچوکی نوسراوە `فاروق عومەر` یاخود هێڵێکی پێچاوپێچ  وەک ئەوەی کەسێک ویستبێتی مارێک بنەخشێنێت لەسەر دیوارێک، یاخود گوژمە ڕەنگاڵەیەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە ڕەنگی جیاواز نەخشێنراوە و لەگەڵ نەخشەی خاچ و هێڵی دیکەی خۆرسکی نەخشراو، یەکدەگرنەوە… کۆی ئەم دونیایە، ئەم کایەیە، پێتدەڵێت؛ چەندەها کەس بەلای ئەم دیوارەدا تێپەڕیوون و لەسەر ئەم ڕووبەڕانە گوزارشیان لە خۆیان کردووە. هەموو ئەمانە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دونیای `مایکرۆسڤێرەکان` بۆ دونیای شتە بچوکەکان کە لە کارەکانی نێوان ڕەش و سپی و پەڵە جیاوازەکاندا، ئەزموونمان کردووە.

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

ئەم زنجیرە تابلۆیە جیاوازن، ڕاستە وەک زنجیرە تابلۆکانی تر پەڵەی ڕەش و فۆرمی خۆڵەمێشی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام بە دانانی لە ڕیزی زنجیرە کارەکانی پێشوودا، ڕووبەڕێکی تری ڕۆشنایین. بەمانای  بە بەراورد بە کارەکانی دیکە پشتەوێنەکانی ڕەنگی سەوزی کاڵ تێکەڵی زەرد و هێڵی ژەنگ بوون، تەنانەت لە هەندێک شوێندا پەڵەی ڕەش و هێڵی جۆراوجۆر تێکەڵی یەکتر دەبن. هەموو ئەمانە جوڵەیەکی ترن، کە خاوبوونەوەی ڕەش و خۆڵەمێشین لەسەر ڕووبەڕێکی ڕۆشن، تێدا سەوز و زەردی کاڵ دەبنە پشتە وێنەی ڕەمزە ئەفسانییەکان.

 

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

 

بەمجۆرە ئەم زنجیرەکارانە بە چەندەها دەروازەدا دەمانبەن کە بتوانین تێڕامانەکانی خۆمان لە نێوان جوڵەی پەڵەکاندا درێژبکەینەوە. ئیدی هەر لە یادەوەرییەکانەوە بیگرە، تاوەکو پەڵەی یادەوەریی جێماو، و سمبولە میتۆلۆژییەکان، ئەو دەلاقەیەمان نیشاندەدەن کە تێدا پەڵەکان هەڵگری ماناکانی هێوریی، توندوتیژی، مێژووگەرایی، و یادەوەریی دوورن. لە هەمانکاتدا دەمانبەنە بەردەم چوار  تێگەشتنی هونەرین  لەم کارانەدا؛ یەکەمیان ئامادەگی ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی و دووهەمیان ونبونی فیگورە و سێهەمیان دونیای کایە بچووکەکان یاخود مایکرۆسڤێرەکانە و چوارەمیان لە ڕێگەی هەستەوەری هونەریی Sensation، گەڕانەوەی فیگورە، بێگومان دوای توانەوە و بەدگۆڕانی.         

 

٢

کاتێک بەرامبەر ئەم زنجیرە کارە هونەرییانە دەبینەوە، ئەو پرسیارانە ئامادەبن بەوەی؛ بۆچی گەڕانەوە بۆ پەڵەی ڕەش؟ بۆچی دەستپێکردن بە ڕەش و پاشان ئەزموونی ڕەنگە گەرمەکان (یادوەرییەکان ١٩٨٠ – ٢٠٠٦ )[1]  دووبارە بۆ ئەزموونی لەگەڵ ڕەنگی ڕەشدا؟  ڕەش و خۆڵەمێشی لای فایەق ڕسوڵ لە نێو چ فۆرمێکی نوێدا خۆیان نمایشدەکەن؟!

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەوە دەستپێدەکەین، کە ڕەش لە زۆر شوێندا وەک ڕەنگ هەژمار نەکراوە، بەڵکو وەکو `نا – ئامادەگی ڕۆشنایی` سەیرکراوە، لە کوێدا ڕەش هەبێت لەوێدا تاریکی ڕووناکی قووتداوە. لە کوێدا ڕەش هەبێت لەوێدا ڕەنگەکانی دیکەی ڕاگرتووە، له‌و کاتە‌دا ڕه‌نگ و فیگور و هێڵه‌کان ونده‌بن و لەهەمانکاتیشدا  هاوسەنگی پێ بەخشیون و ڕەنگەکانی تری هاوسەنگ کردۆتەوە. هەربۆیە سەیر نییە کاتێک  `هێنری ماتیس` لە ساڵی ١٩٤٦ دا  ڕای وابوو: “هەر کاتێک ڕەنگی ڕەشم بەکارهێنابێت، ئەوا ئەو کاتە بووە کە پڕ بووم لە گومان، لەوەی کامە ڕەنگ بەکاربهێنم، چونکە ڕەنگی ڕەش دەسەڵاتە.“ [2]

 هێنری ماتیس وەک فاویستێک، وەک ئاڤانگاردێک، ڕەنگی لە پێش دونیای نیگارکێشی دونیای ڕیاڵ دانابوو وەک خۆی. ڕەنگ لای فاویستەکان (Fauvsiten)  نوێنەری خۆیەتی نەک تەنها نوێنەری فیگور و مانایەکی دیاریکراوی ڕیالستی. لێرەوە ڕەنگی ڕەش نوێنەری خۆیەتی وەک دەسەڵاتێک کە هەڵگری هاوسەنگکردنەوەی دونیا و لە هەمانکاتیشدا داپۆشینی ڕۆشناییە بە مانا سومبولیەکەی. نابێت ئەوەش لەبیربکەین، کە `هێنری ماتیس` وەک ئاڤانگاردێک  لە دوو جەنگدا ژیاوە، و  دوو جەنگ لە ژیانیدا ڕوودەدەن؛  جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووهەم. ئەم ئەزموونە بەڕای من وەها دەکات `ماتیس` لە دوورییە دەسەڵاتخوازییەکەی جەنگ تێبگات. هەربۆیە دەسەڵاتی ڕەش تەنها دەسەڵاتی ڕەنگ نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی کولتوریی و مێژوویی و سایکۆلۆژیی لەخۆدەگرێت.

من پێموایە لە جەنگدا دوو ڕەنگ هەمیشە ئامادەیە؛ سوور و ڕەش، بەڵام کاتێک سوور کاڵدەبێتەوە، ئەوا لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە تەنها ڕەنگی ڕەش درێژە بە تراژیدیای سوور دەدات. لێرەوە گەمەی نێوان دەسەڵاتی ڕەش بەسەر سوور و ڕەنگەکانی دیکەدا لەوەدایە کە بیرەوەریی سوور، تراژیدیای سوور، دوای کاڵبوونەوەی لە ڕەشدا درێژە بەخۆی دەدات. هەر وەک ئەوەی ڕەش هەموو ڕەنگەکانی تر لە دوورییە تراژیدییەکەیدا قووتبدات، بەڵام هەڵگری جەوهەر و یادەوەریی هەموو ڕەنگ و فیگورەکانی ترە.      

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

گەر لەڕووی کولتوریی و سایکۆلۆژییەوە سەیری بکەین، ئەوەی لە جەنگ و شۆڕش و سەرهەڵدانەکاندا ڕووبەڕووی دەبینەوە ڕەنگی سوورە،  کە ڕەنگێکی گەرمە، ڕەنگێکە جێماوەکانی خۆی بەسەر هەموو شوێنێکدا جێدێڵێت؛ مەتەرێزەکان، قووڵکەکانی بەرەی جەنگ، ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و تانکە تێکشکاوەکان، پەنجەرە و چوارچێوە سووتاوکان، شەقامە پڕ لاشە و خاشاک و  دیوارە خوێناوی و ڕووخاوەکان…هتد. بە تایبەت زۆری دیوارەکان  دەبنە تابلۆی نمایشکردنی جەنگ و کوشتار و ئەشکەنجدان. دیوارەکان تاکە جێماوەی ڕەنگی سوورن؛ پەڵەی خوێن، پارچە گۆشتی مرۆیی نوساو بەدیوارەکانەوە، جێماوەی بارووتی ڕەش  و سووتاویی و  زۆریتر کە لەگەڵ پەرتبوونی جەستدا جێدەمێنن و بەسەر ڕووبەڕی دیوارەکانەوە، خۆیان نمایشدەکەن.

  بێگومان لە جەنگ  و شەڕەکاندا  دیوار  `نابەشدارە`  و ئاپاتییە، بێتاوانە و تەنها ڕووبەڕێکە کە شایەتحاڵی  تراژیدیایە. دیوار لەهەمانکاتدا ڕووبەڕی هێڵکاری بێتاوانی منداڵانە، یاخود نمایشی بەختەوەریی تێپەڕیووی  بیرەوەرییەکانە. دیوارەکان تاکە شایەتحاڵن و پێماندەڵێن؛ ئا لێرەدا خوێن ڕژاوە، ئالێرەدا مرۆڤ کوژراوە، ئا لێرەدا پەڵەی خوێن ئامادەگی هەیە و ئالێرەدا مرۆڤ هیوا و ئاواتی هەبووە، وێنەی کێشاوە و هاوکێشەی ماتماتیکی نوسیووە و گوزارشی  ئێکسپاتی  `ڕاکردوویی` خۆی کردووە، خۆی  درێژکردۆتەوە.

 لە باری جەنگدا دیوارەکان شانۆیەکی دیکەن، شانۆیی دوو ڕەنگی زاڵن؛ ڕەش و سوور،  بە مانای هەمیشە بۆ نیشاندانی جەنگ و کوشتار سوور  و ڕەش  دێنە سەر ڕووبەڕی تراژیدییەکان؛ بەڵام کاتێک سوور کاڵدەبێتەوە یان جەنگ کۆتایی پێ دێت، ئاسەوارەکان دەسڕدرێنەوە، ئەوا ڕەنگی ڕەش و پاشان کاڵبوونەوەی لە خۆڵەمێشیدا درێژەپێدەری ئەو جەستە پەرتبووانەن، ئەو کۆچەن کە مەرگ بەسەر یادوەریدا بەجێیهێشتووە. لەم بیرکردنەوەیدا لە ڕێگەی ڕەنگەکانەوە ڕەنگی ڕەش و سێبەری خۆڵەمێشی ئامادەگیەکی دیکەیان هەیە، وەک هیچ نا وەک درێژەپێدەری تراژیدیا و خەونەکان.

 

خەون ١- فایەق ڕەسوڵ ١٩٩١
خەون ١ – فایەق ڕەسوڵ ١٩٩١

 

لەم خاڵەدا `دیوار` لای فایەق ڕەسوڵ ئەو ڕووبەڕە گەورە تراژیدیی و هیومانییە داگیردەکات، چ لە ڕێگەی نوسینەکانی سەر دیوارەکە، و چ لە ڕێگەی ئەو هێڵکارییانەی مرۆڤەکان لەسەر دیوارەکان جێیانهێشتووە، یاخود  لە درێژبوونەوەی ئەو پەڵە ڕەنگانەی دەگەڕێنەوە بۆ ڕابوردوویەکی دوور.   

بەڵام چ لەم کارانەی ئێستادا و چ لە کارەکانی ساڵانی ١٩٨٨ دا،  بۆ تێگەیشتن لە تراژیدیای کوردیی ` جینۆساید، ئەنفال، ئەشکەنجەدان، نامۆیی و کۆچی زۆرەملێ… هتد`   بە پێچەوانەی ڕەنگی سووری شۆڕش و جەنگ و کوشتار، هونەرمەند پەنادەباتە بەر ڕەش و خۆڵەمێشی و باگڕاواندی سپی. لێرەوە نێزیکدەبینەوە لە `سفربوونەوەی مێژوو`.

لەم `خاڵی `سفربوونەوەی مێژوو`ەدا، ڕەنگی ڕەش لە کاری `فایەق ڕەسوڵ` دا، بە گوزارشی هێنری ماتێس “ئامادەگییەکی دەسەڵاتخوازانەی هەیە“.  بەتایبەت لە کارەکانی ساڵی ١٩٨٨ – ١٩٩١ لە کەتەلۆگی (یادەوەرییەکان – تابلۆکانی ١٩٨٠ – ٢٠٠٦  ) کە تێدا  شەش کاری هێڵکاری دەبینین، کە  بە `قەڵەمی وشک – نەخشێنراون،  وەک  `هەڵاتن ١٩٩١`  و  ` لەچاوەڕوانی گۆدۆت ١٩٩١` هەروەها هەر چوارینە کاری هێڵکاری لەسەر کاغەز بەناوی `خەون`  کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ  ساڵی ١٩٨٨، ئەو ساڵە شوومەی کورد بەر هێرشی بۆمبی کیمیاوی و جینۆساید و هەشت  هێرشی جینۆساید بۆوە.  ئەو ساڵە ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر لە ژێر ناوی `پڕۆسەی سەربازی ئەنفال` زیاتر لە سەدو هەشتا هەزار ژن و منداڵ و پیری، لە گوندکان کۆکردنەوە و  پاشان لە ساراکانی باشووریی ئێراق و سنووری ئێراق و سعودییە قەڵاچۆی کردن.

` لەچاوەڕوانی گۆدۆت ١٩٩١` - فایەق ڕەسوڵ
` لەچاوەڕوانی گۆدۆت ١٩٩١`
فایەق ڕسوڵ

 لێرەوە لە کاری فایەق ڕەسوڵدا؛  ماسک، لاشە، جەستەی شێواو، دەموچاوی مرۆڤ کە پێستەکەی بە بۆمب و کارلێکە کیمیاوییەکان لێ بۆتەوە و تەنها ماسولکە و گۆشتی دەموچاوێکی پڕ هاوار دەبینین. یاخود لە تابلۆیەکی دیکەیدا (خەون، ١٩٨٨ ) دوو دەموچاو دەبینین کە جگە لە ماسولکە نەبێت هیچیتر نین. دوو دەموچاوی بێ پێست، بە بێدەنگی لەتەنیشت یەکەوە سەیری دوور دەکەن، سەیرکردنێک ساردی و دڵڕقی جیهان بەرجەستە دەکەن.

 

هەڵهاتن - ١٩٩١ - فایەق ڕەسول - فیگوری هەژار موکریانی .
هەڵهاتن – ١٩٩١ – فایەق ڕەسول – فیگوری هەژار موکریانی .

 

یاخود لە تابلۆیەکی دیکەدا  (خەون ٢، ١٩٨٩ ) تۆرسۆی دوو ژن دەبینین بەبێ کەللەسەر، جەستەی  ژنێک یەکێک بە شاقووڵی و ئەویتر بە ئاسۆیی لەنێو شەپۆلی هێڵکاریدا پاڵکەوتووە و پێدەچێت قاچی بە پەتێک بەسترابێتەوە؛ ئاوەها ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی، لەنێو باگراوندی سپیدا، جێماوەی ڕەنگی سووری خوێنی ڕژاوان، تراژیدیایەکی قووڵن کە بە نێو جینۆساید و مردن و  توندتیژی و بێدەنگیدا، تێدەپەڕن.

 

 

خەون ٢ - فایەق ڕەسوڵ ١٩٩١
خەون ٢ – فایەق ڕەسوڵ ١٩٩١

 

 

 

٣

ئەم زنجیرە تابلۆیە وەهامان لێدەکات پیتەر سلۆتەردایک گووتەنی؛ “ خۆڵەمێشیانە بیربکەینەوە“[3] بچینە زۆنی خۆڵەمێشییەوە، پاشان لە پەڵەی ڕەش و شریتی ڕەش بڕوانین، چۆن لە نێو سڤێرەکاندا ، یان با بڵێین لە نێو `کایەکان` دا مەلە دەکەن. ئێمە لەبەردەم زنجیرە تابلۆیەکین کە شتەکان ڕەقێتی و جێگیری خۆیان لە دەستداوە، هەموویان لەدوای  `سفربوونەوەن` و  بۆ ڕووبەڕی دیکە دەگەڕێن، بۆئەوەی لەوێدا دووبارە بە شێوەیەکی نوێ خۆیان فۆرم بکەنەوە و لەدایکببنەوە. ئاوەها،  هیچ شتێک لە زۆنی خۆڵەمێشیدا وەک خۆی نامێنێتەوە؛ تەنە خڕۆکەکان، گڵۆبەکان، فۆرمەکان نەبێت لەبەردەم  بەدفۆرمی– Deformation و دیفۆرماسیۆن و جوڵەی بەدگۆڕانداین.

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

فۆرمەکان پەڵەی ڕەشن، یاخود شۆڕبوونەوەی دوو پەڵەی شریت ئاسان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، یاخود چەند پەڵەیەکی بازنەیین کە وەک ئەوە وەهایە لە قووڵایی تابلۆکانەوە هەڵقووڵابن و هێشتا ماویانە کۆی ڕووبەڕە سپی و شەکرییەکە داگیربکەن. لەلایەکی ترەوە پەڵەکان دەبینین وەک بونەوەری مایکرۆسکۆبی بچوک، وەک ئامیبیا کە خاوەنی ڕیشاڵی خۆڵەمیشین و بەنێو ڕووبەڕە سەوز و زەردە ڕووناکەکاندا تێدەپەڕن. بۆ کوێ دەڕۆیت خۆڵەمێشی دەتباتەوە سەر ڕەش، لە کوێوە سەیری دەکەیت ڕەش دەتباتەوە سەر سێبەرەکانی خۆی، کە سروشتی خۆڵەمێشییە[4].

بەڵام ئەو پرسیارەی دەمهێنێت و دەمبات ئەوەیە؛ بۆچی ئەم بەدفۆرمییە، ئەم دیفۆرمەیشنە؟ ئایا ئەم کۆنسێپتی ڕەش و خۆڵەمێشییە لە کوێوە هاتووە؟ بەمەرجێک `فایەق ڕەسوڵ` ساڵانێک بوو ئەو ڕەش و خۆڵەمێشییەی هەشتاکانی جێهێشتبوو بۆ میتۆلۆژی ڕەنگە گەرمەکان؟ دازینی هونەرمەند، یان بڵێین `لێرەبوونی هونەرمەند`   لە پرسی `بوونێتی` دا، `هەبوونێتی فۆرمەکان`ی لە نێوکامە پرسیاری جیهانی ڕەنگەکاندا بینیوەتەوە؟

لێرەوە پێموایە `بەرەو – ڕەش – چوون` جێگەی `بەرەو – جیهان – چوون` دەگرێتەوە، یاخود چاکتر وایە بڵێین لە کوێدا هونەر  `جیهان`  لە ڕەنگدا نقووم بکات، لەوێدا  گوێگرتن لە `دەنگدانەوەی بوون` و بیرکردنەوەی بوونگەرایی،  بەرەو زۆنی  خۆڵەمێشیمان دەبات. لە کوێدا سپی [5] وەک ڕەنگی خوا بمرێت، لەوێدا، لە نێو  زۆنی خۆڵەمێشیدا، پەڵە ڕەشەکان لە هەناویدا لەدایکدەبن.

ئەم بیرکردنەوە ڕەنگییە، دەمانخاتە بەردەم تێگەیشتنێکی دیکە بۆ دونیای فۆرم و بەدفۆرمی (دیفۆرماسیۆن) و ئەو بیرکردنەوەیە ئامادەگی هەیە بەوەی؛ لەکوێدا سپی دەچێتە زۆنی خۆڵەمێشیەوە، لەوێدا ڕەش و پەڵەکانی سپی داگیردەکەن. هەر لەوێشدا  `خوا` لە جینۆسایدیی  کوردیدا، هەموو مانایەکی یەکگرتوویی جیهانی ڕۆح و ماتریاڵ بەرجەستەبوون، لەدەستدەدا. ئیدی لە نێو جوڵەی پەڵە ڕەش و زۆنی خۆڵەمێشیدا، جوڵەی ئەمیبیایی و بونەوەرەی مایکرۆسکۆبی، جەستەی خوا بەرەو بەدگۆڕانی و دیفۆرماسیۆن دەبەن؛ لە کوێدا زۆنی خۆڵەمێشی  هەبێت لەوێدا بیرکردنەوە لە خاڵی `سفربوونەوەی مێژوو` ئامادەیە.

 

 

فایەق ڕەسوڵ و ئیسماعیل حەمەئەمین - لە نیگارکێشیەکەی `ئاتێلێر` ڤێنا - ئاپریلی ٢٠٢٣
فایەق ڕەسوڵ و ئیسماعیل حەمەئەمین – لە نیگارکێشیەکەی `ئاتێلێر` ڤێنا – ئاپریلی ٢٠٢٣

 

`خاڵی سفری مێژوو` ئەو چرکەساتەیە کە مێژوو، خودی مێژووگەرایی خۆی وندەکات، کەوتنێکە بەرەو پێشەوە، نەک پێشکەوتنێک بەرەو پێشەوە. لەوێدا؛  هیاتوسەکان، دەلاقەکان، سفربوونەوەی مێژوو ڕادەگەیەنن. هیاتوسەکان، دەلاقەکان، هەموو شتێک قووتدەدەن و زنجیرە پەرەسەندنی فۆرمە دێرینەکان، نۆرمەکان، ئایدیالەکان، سفردەکەنەوە. ئیدی لەم کەوتنەدا بەرەو پێشەوە  „Sturz nach Vorne“ [6] لەم گۆشەنیگایەوە، نەوەکان، بەدووی ئێرایەکی نوێدا دەگەڕێن. منداڵە سەرلێشواوەکانی دوای سفربوونەوەی مێژوو، بەدووی فۆرمی دیکەی ژیاندا دەگەڕێن، هونەر بەدووی فۆرمێکی دیکە و کۆنسێپتێکی دیکەدا دەگەڕێت. 

 لە سفربوونەوەی مێژوودا، دیکتاتۆرەکانی شۆڤێنیزم، فاشیزم، ڕاسیزم، خۆیان فڕێدەدەنە نێو  جیهانەوە. ئیدی هەموو ئایدیالەکان تێکدەشکێن، جیهان دابەشدەبێت بەسەر دوو مەودای زەمەنی؛ یەکێکان پێش جەنگ و ئەویتر دوای جەنگ. لەوێوە  هەبوونێتی (Existent) ی هەبووەکان (Seiende) و  هەموو بونەوەرەکان، تەنانەت تەنە ڕەقەکانیش  دەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون و پەرتبوون و دیفۆرماسیۆن. بەتایبەت ڕاومەکان (چێوەکان) تێکدەشێن؛ چێوەی کۆمەڵایەتی کە خود و ئەویتر کۆدەکاتەوە، چێوەی کولتوری کە تێدا نۆرم و ئایدیا و نەریتەکانی مرۆڤ هاوسەنگ دەکاتەوە. چێوەی ئارخیتێکتۆری کە باڵاخانە و خانووەکان و  `بوون لە نێو ماڵ`دا  دەپارێزێت… بەمجۆرە هەموو فۆرمەکانی `ڕاوم – چێوە` تێکدەشکێنرێت، تەنانەت چێوەی ژینگەیی  بونەوەرەکانیش دەکەوێتە بەردەم  دوالیزەی ژیان و مردنەوە.

 لە جەنگەکاندا هیاتوسەکان، دەلاقەکان، چاڵە گەورەکان، هەموو شتێکی دونیای پێشینەیان، قووتدەدەن. لەوێوە  دەلاقەکان و فۆرمەکانی، وەک  دیسکۆرسی فاشیزم و مەرگ، ئامادەگیان هەیە. لێرەوە ژووری شاردنەوە، ژووری دیلکردن، ژووری زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، هەروەها مەتەرێز و سەنگەرەکان، چاڵی پڕ لاشە، دەبنە تۆبۆگرافیای سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ڕۆژانە ژیان. لەم سفربوونەوەیەی مێژووەدا، لەم فڕێدرانە بۆ نێو جەنگ و ماڵوێرانییەدا، هیچ هێڵ و فۆرمێک، هیچ تەنێک، هیچ گۆشەیەک، هیچ بازنەیەکی جیۆمەتری و ئارخیتێکتۆری  وک خۆی  نامێنێتەوە، هەموویان لەبەرامبەر سفربوونەوەیەکی دیکەدان؛ جەستەیی یاخود ماتریاڵی. هەموویان یان تێکدەشکێن یان پەرتدەبنەوە؛ ئیدی هیچ ئیمونیتێتیەک، هیچ خۆپارێزییەک، بوونی نامێنێت. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها پەرتبوون و بەدگۆڕانی و دیفۆرماسیۆن و تەقینەوەی تەن و جەستەکانن بۆ پارچەپارچەبوون و ڕیزاڵ بوون بەسەر دیوار و شەقام و کەلاوەکانەوە.

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ - پەڵەکان لە دونیای ڕیاڵدا
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ – پەڵەکان لە دونیای ڕیاڵدا

لەم پێچەدا، لە ڕووبەڕی تابلۆکانی فایەق ڕەسوڵدا، لەڕێگەی جوڵە و مەلەی پەڵەڕەشەکانەوە، لەڕێگەی فۆرمە خوڵەمێشیەکان، و شۆڕبوونەوەکانی ڕەش و داچۆڕانی بەنێو ڕووبەڕی سپیدا، ئەو کایەیە Sphäre دەخوڵقێنێت کە تێکشکان و پەرتبوون و کەفبوونی بڵقەکان، یان بابڵێن تەقینی بڵقەکانی خودپارێزی Immunität  نمایشدەکەن.  چیتر خود  `سوبێکت`  هەست بە ئارامی ناکات، چونکە  لە خاڵێکدا کە مێژوو سفردەبێتەوە، هیاتوس و دەلاقەکان فروانتر و ترسناکتر دەبن؛ خود و ئەویتر،  لەیەک بڵقی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی یەکترناگرنەوە. خۆپارێزی، ئیمونیتێت وندەبێت و لێکترازان و پەرتبوون و تەقینی بڵقە ئارامەکان بەسەر ڕووبەڕە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی و جوگرافیەکانەوە، پەرتدەبنەوە و بەرەو جوگرافیایەکی دیکە کۆچدەکەن. هەریەک لەم فۆرمە ماتریاڵی و بیۆلۆژیانە، فۆرمی پێشوویان وندەکەن و مەلەدەکەن بەنێو کایەکاندا، بەدووی جوگرافیایەکی دیکە و بەنێو تۆبۆگرافیایەکی تردا دەگەڕێن. وەک جوڵەی پەڵە ڕەش و خۆڵەمێشییەکانی نێو تابلۆکان وەهان، کە بەنێو بیرەوەری و ونبووندا، گەشتی ئۆدیسیۆسیانەی  خۆیان دەستپێدەکەن.   

 

ئەوەی سەیری ئەم زنجیرە تابلۆیانەی نیگارکێش (فایەق ڕەسوڵ) بکا و بەراوردی بکات بە ئەزموونی هونەرمەند لە هەشتاکاندا، کاتێک لە ژوورەکانی ئەشکەنجەدانی بەعسیەکاندا جەستەی خۆیی و جەستەی ئەوانیتری دەبینی لە ژێر میتۆدە مۆدێرنەکانی ئەشکەنجەداندا بەرەو `بەدگۆڕانی` و `دیفۆرماسێۆن` دەکەوت.  لەوێوە لەو پەڵانە  نێزیکدەبێتەوە، کە ئەم زنجیرە تابلۆیانە بەرجەستەی دەکەن. ڕوانین، تەماشا، لەو دیفۆرماسیۆنانەی جەستە نێزیک دەبێتەوە  کە مۆدێرنە  لە ڕێگای تەکنەلۆژیی هاوچەرخەوە؛ وەک تەکنەلۆژیای بۆمبی کیماویی، بۆمبی ئەتۆمی، چەکی مۆدێرن، میتۆدی نوێی ئەشکەنجەدان…هتد. جەستە و تەنەکان بەرەو بەدگۆڕانی و بەدفۆرمی و دیفۆرماسێۆن دەبات. ئاوەها سەدەی بیست، سەدەی  فڕێدانی جەستە بوو بۆ نێو دیفۆرماسیۆن. سەدەی بیست سەدەی  فڕێدان بوو بۆ نێو دەلاقە و  هیاتوسەکانی فاشیزم و جەنگ ترسناکەکان. ئا لەم خاڵەدا، گرنگی کۆنسێپتی ئەم بەدگۆڕانی فۆرمەکان، شێواندنی فۆرمەکان بەرەو پەڵەی جیۆمەتری و ئەمیبیایی، لە ئەم زنجیرە تابلۆیەدا ئامادەگیان هەیە؛  لەوێوە پەڵە لە خودی  خۆیدا، جەستەیەکی شلە، شیبووەوەیە لەنێو ڕووبەڕەکاندا.

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

 لێرەوە بۆ ئەوێ، شێوازی  جەستە  گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ جەستە لە بیرەوەریەکانی  منداڵی فایەق ڕەسوڵدا   هەڵواسراوە بە دارتێلەکانەوە و بۆ ئاوسان و بۆگەنبوون و بەدگۆڕانی جێهێڵدراوە، یاخود لە وێنە گشتییەکەیدا  جەستە لە نێو تێزابدا تواوەتەوە یاخود بەر بۆمبە کیمیاوییەکان کەوتووە و لە نێو ڕووبار و گۆم و لێرەواڕەکاندا، ئاوساوە، ڕیزاڵ ڕیزاڵ بووە، لافاو ڕایکێشاوەتە بن بەرد و شیو و چاڵەکان، یاخود شیبۆتەوە لە نێو ئاوە لیخنەکاندا. یاخود وەک منداڵان و ژنان و پیرانی هەڵەبجە کە بەر بۆمبی کیماویی کەوتن، جەستەیان ئاوسا و  شیبوونەوە، و لەنێو ماڵەکاندا جێهێڵدران بۆ بەدگۆڕانی.

ئاوەها پەڵە ڕەشەکان وەک پاشماوەی جەستەکان بە دووی شوێنی ئارامدا دەگەڕێن و ڕوانین بەر گەشتی ئۆدیسیۆسانەی پەڵەکان دەکەوێت بە نێو سڤێرەکاندا. ڕوانین، جوڵە و بەدفۆرمی و پاشماوەکانی ڕەنگ و تەنە جیۆمیتریرکان دەبینین لە نێو کایەی مایکرۆسکۆبیدا، کە هیچیتر نین جگە لە مایکرۆسڤێرەکان نەبێت، لە یادەوەریەکانەوە خۆیان فڕێدەدەنە نێو ڕووبەڕە سپی و سەوز و شەکەرییەکان.

 

 

٤

لە گەڕەلاوژەی ئەم دەلاقە و هیاتوسە و سفربوونەوەیەدایە، ئا لەوێدا هونەر وەڵامدانەوەی ئەو سفربوونەوەی مێژووە. هونەر سفر دەبێتەوە لە ئایدیالەکانی پێشووتری، چونکە گوتاری دەسەڵاتی دامەزراو لە نێو ئایدیالیستیە هونەرییە کۆنینەکاندا بەهای نامێنێت، ئەویش وەک ئایدیالەکانی دیکە، لە لێوار کەوتنەخوارەوەیە بۆ نێو هیاتوسەکان.

 گەر ئەم گۆشەنیگایە ڕابکێشینە نێو بیرکردنەوە هونەرییەکانمانەوە، ئەوا هونەر وەک ئەو منداڵە نوێیانەی لێ دێت کە بە دوای ژیانێکی تردا دەگەڕێت؛ لە دوای جەنگ، لە دوای دەلاقەکان، هیاتوسەکان، سفربوونەوە نەوەیەک دەخاتەوە کە بەدوای کۆنسێپتی ژیانی نوێدا دەگەڕێن. هونەر کاردانەوەی ئەم سفربوونەوە مێژووییە، تەنانەت لەسەر ئاستی ئیندڤیدوال، دۆزینەوەی گۆشەنیگایەکی دیکەیە بۆ ژیان.

لێرەوە بەرامبەر سڤێرەکان دەبینەوە؛ دیارە من خۆم هەمیشە بڕوام بە خوڵقاندنی سڤێرەکانە، بڕوام بەوەیە کە خوڵقاندنی کایە بچوکەکان، بڵقە نوێییەکان، تەنە خڕۆکە نوێیەکانی ڕۆحی نوێیە. ئەوانە گرنگن بۆئەوەی  تێدا ئایدیا و کۆنسێپتە نوێیەکان  هاوسەنگ ببنەوە. خوڵقاندنی سڤێرە نوێیەکان، ئەو خودپارێزییە نوێیەن ` new immunity` کە نەوەی نوێ لە دوای کارەسەتەکان، لەدوای سفربوونەوەی مێژوو، پێویستیان پێیەتی. لەوێدا هونەر دەبێتە کاردانەوە و دووبارە خەڵقکردنەوەی سڤێرەکان، چونکە  لە سڤێرەکاندا، لە کایە نوێیەکاندا، مرۆڤ لە ناو ڕاومێکی دیکە، چێویەکی دیکە، شوێنایەک دەدۆزێتەوە کە وەک ژیان وەهایە لە نێو بڵقەکاندا، تێدا، دوو جەمسەر ژیان لەیەگەڵ یەکتردا بەشدەکەن[7].

بەڵام لێرەدا  پرسیارەکە بەپێچەوانەی ئەم تێزەیە؛ کە بڵقەکە دەتەقێت و چیتر خودپارێزی و  ئیمونیتێت نامێنێت. نەک هەرئەوە، بەڵکو  کاتێک تەنە خرۆکەکانی ڕۆح  Geistخڕێتی و پتەوی خۆیان لەدەستدەدەن و دەبنە کەفەکان  و شیدەبنەوە و پەرشدەبنەوە، ئەوا  بەدووی هاڕمۆنیزەبوونێکی نوێدا دەگەڕێن؛  ئاوەها لەکوێدا تەنە خڕۆکەکان دەتەقنەوە، لەوێدا کەفەکان بەجێدەمێنن. [8]  ئیدی لە کوێدا لە فۆرمدا زەرەد بکەین، لە جوڵەدا دەیبەینەوە. لێرەوە، جوڵە لە تابلۆکانی فایەق ڕسوڵدا وەڵامدانەوەی لەدەستدانی فۆرم و فیگورە و گەڕانە بەدووی هەستەوەرییەکی  نوێ.  

 

تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - تەکنیکی تێکەڵ
تابلۆ؛ جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – تەکنیکی تێکەڵ

٥

 گەر لە نێو سفربوونەوەی مێژوو و  لەم  کۆنتکێکستە مێژووییەوە بڕوانین، ئەوا دەبێت بپرسین؛ پەڵەکان لە ئەم زنجیرە تابلۆیەدا، لە کوێوە هاتوون؟ چاکتر وایە بڵێن پێشتر لە کوێ بوون؟

 بێگومان شوێنەکەی لە کایەی ڕۆحی و ئەزموونی ڕۆحی کوردیدایە؛ بەمانای لە ئەزموونەکانی ڕۆحی کوردیدایە لەنێو مێژوودا. مێژووش لەم تابلۆیانەدا ئەزموونەکانی ژیانی هونەرمەند فایەق ڕەسوڵە. لەمەشدا دەگەڕێینەوە بۆ بیۆگرافیای هونەرمەند و ئاوڕ لە ئەزموونەکانی ساڵی ١٩٦٣ دەدەینەوە؛ کاتێک  گوزارشکردن لە خود  هەمیشە بەر گرفتی  قسەکردن دەکەوت، هەربۆیە فایەق ڕەسوڵی منداڵ لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە، بەڕوونی گوزارشی لەخۆی دەکرد.[9]

یەکێک لەو بەریەکەوتنانە لە ساڵی ١٩٦٣ دایە، کاتێکە، کە خانەوادەکەی لەبەرئەوەی کوردن، بە زۆرملێ لە گوندەکەیان (شۆراو) ڕادەگوازرێن بۆ شاری کەرکوک. باگراواندی ئەم ڕاگواستنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە `بەعسییەکان` و `قەومییەکان` لە ساڵی ١٩٦٣ لەڕێگەی کۆدێتا بەسەر حکومەتی ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسم دێنە سەر حوکم. هەردوو هێزەکە؛ ژەنراڵە قەومییەکان بەسەرکردایەتی سەرۆکی ئێراق ژەنراڵ عەبدولسەلام عارف و بەعسیەکان بەسەرکردایەتی ژەنراڵ ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حوسێن، هەڵگریی ئایدیای توانەوەی کورد و ڕاگواستن و تەعریبکردنی کورد بوون. هەربۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی کۆدێتاکە لە ساڵی ١٩٦٣ دا هێزێک پێکدەهێنن بەناوی (حەرەس قەومی ) یەکەمین کاریان ڕاگواستن و جینۆسایدکردنی کورد دەبێت لە شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و کۆی ئەو شوێنەی بە فەرمی بەناوی (ناوچە کوردییەکانی باکووری ئێراق) ناسرا بوون [10].  لێرەدا و لەلای فایەق ڕەسوڵی منداڵ دوو جۆر لە دیفۆرماسیۆنی ئۆبێکت و  بەدگۆڕانی فیگور و جەستە دەبێتەوە؛

یەکەمیان:  فۆرمی خانووەکانی `شۆراو` کە دەڕوخێنرێن، لە خانووە وە دەبنە خاشاکی کۆنکریتی.

 لێرەوە  `ڕەنگی خۆڵەمێشی` گوزارشە لەو بەریەکەوتنە سەرەتاییەی `دیفۆرماسیۆنی ئۆبێکت` یان بابڵێن شێوەگۆڕانی شتەکان، لە یادەوەریی هونەریی فایەق ڕەسوڵدا.  هەروەها  بەدفۆرمی  کتێبەکان، کە لە کتێبخانەی تایبەتی باوکیەوە دەچنە نێو گوێنی پلاستیکی و لە ترسی پشکنینی `حەرەس قەومیەکان` لەنێو خاکدا دەشاردرێنەوە. دوایی کتێبەکان فۆرمەکانیان دەگۆڕێن؛ هەندێکیان دەڕزێن و هەندێکیان لاپەڕەکانیان پڕ دەبن لە خەت و پەڵەی شێدار. ئەم پەڵە شێدارییە دەرکەوتنی خەت و ڕەگی قاوەیی و ڕەنگی شەکەریی کە سپییەکی دێز بووە بە شێ و ڕەنگی خاک، لە ڕووبەڕەکانی تابلۆکانی فایەق ڕەسوڵدا، گوزارش لە خۆیان دەکەن.

دووهەمیان: بەدگۆڕانی فیگور و شیبوونەوە Dekomposition  ئەو جەستانەی کە حەرەس قەومییەکان  بەهۆی کوردبوونیان، لە سێدارەیان دابوون. چەندەها شەو و ڕۆژ بە هەڵواسراویی بە دارتێلی شەقامەکانی کەرکوکەوە هێشتبوویانەوە. جەستەکان بەرەو شێواندن چووبوون، بۆ مێش و مەگەز و ئاوساندن، بەجێهێڵرابوون.

 لێرەوە  فیگور بەر هەستەوەری „Sensation“  هونەرمەند دەکەوێت[11] و لە دوایدا لە کارە فیگوراتیڤەکانی    `هەڵاتن ١٩٩١`  و  ` لەچاوەڕوانی گۆدۆت ١٩٩١`  پاشان لە چوار تابلۆی ڕەش و سپی لەژێر تایتڵی  `خەون` دا بەرجەستە دەبن. هەموو ئەمانە وەک لەبەشی دووهەمی ئەم نوسینەدا ئاماژەمان پێداوە، ڕەهەندێکی مێژوویی وەردەگرن.

بێگومان فیگور و فیگوراتیڤ لە هەستەوەریی ئەزموونی هونەرییەوە نەهاتووە، بە قەد ئەوەی لە ئەزموونێکی سوبێکتیڤانەیە لەنێو مێژوودا. فیگور لە گۆشەنیگا فینۆمۆلۆژییەکەوە لێی بڕوانین وەک `هەبوویەک – Seiende`  لە نێو جیهاندا  هەبووە و هەیە. فیگور وەک خۆیەتی بەو شێوازەی لە جیهاندا هەیە، بەڵام فیگوراتیڤ لەو کاتەدایە کە بەر هەستەکانی هونەرمەند دەکەوێت، ئەو چرکە ساتەیە کە فیگور، فیگورێتی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە پرسێکی بوونگەرایی و شوێنای لێرەبوونی -Dasein   لە نێو جیهاندا.

بەدیوێکی تردا  ئێمە بەر هەستەوەری „Sensation“ دەکەوین، بەتایبەت  وەک `ژیل دۆلۆز` لە ڕوانگەی `سیزان` و `فرانسیس بەیکەن`وە گفتوگۆی لەسەر دەکات، بەوەی هەستەوەریی لە پشت فیوگراتیڤیەوە دێت؛ بە مانای کاتێک هەستەوەری پێکدێت، کە ئۆبێکت یان فیگور لە ڕێگەی تەماشاوە دێتە نێو گوژمی دەماریی مێشکەوە. دیارە `فرانسیس بەیکن`  زۆر جیاواز نییە لەم ڕووەوە لە`سیزان` تەنها ئەوە نەبێت کە تابلۆ لای ئەو لەسەر دوو ئاستە؛ ئەوەی ڕاستەوخۆ دێتە نێو گوژمی دەماریی مێشکەوە، ئەوەشی  خاوەنی چیرۆک و پەیامێکە بە زۆرملێ و تۆبزییەوە، بە مێشکدا تێدەپەڕێت. لێرەوە فیگور و فۆرم لە هەستەوەری نیگارکێشدا بەرامبەر فیگوراتیف و دیفۆرمەیشن دەبنەوە.

 لەسەرێکی ترەوە لە ڕێگەی جوڵە و ڕاوکردنی جوڵە، فۆرم و فیگور دەچنە کایەی فیگوراتیڤ و دیفۆرماسیۆنەوە. ئیدی لە کوێدا جوڵە هەبێت، لەوێدا گەر لە ئاستە فینۆمۆلۆژیەکەیەوە لێی بڕوانین؛ ئاوڕدانەوە و وەرچەرخانێکی بوونگەراییە و بەر جیهان دەکەوێت. هەربۆیە  چەندەها ئاستی هەستەوەری هەیە لە ڕوانینی تابلۆدا، کە زۆرجار جیاوازە لەگەڵ ئەو هەستەوەرییەی نیگارکێش دەیەوێت لە فیگور و فۆرمدا نمایشی بکات. بۆ نموونە فرانسیس بەیکەن دەربارەی تابلۆی  `کەللەسەری شەشەمین پاپ `[12]،  دەدوێت، کە لەو تابلۆیەدا  هەستەوەری تەماشاکار زیاتر ترسناکی و تۆقاندن دەجوڵێنێت، بەڵام `بەیکن` لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “من زیاتر ویستم قیژە نیگارکێشی بکەم نەک تۆقاندن“[13]

ئاوەها  هەستەوەری لە یەک تابلۆدا چەندەها ئاست وەردەگرێت، وەک چۆن هەستەوەری لەم زنجیرە تابلۆیانەدا بەرامبەر دوو چەمکمان دەکاتەوە؛ یەکەمیان ڕاوکردنی جوڵەیە بەرەو ناوچەیەکی دیکەیە و دووهەمیان  دیفۆرماسیۆن و دیفیگوراسێۆنە. بەجۆرێکی تر قسەبکەین؛ بەدگۆڕانی فۆرم و بەدگۆڕانی جەستەیە.

لەم کۆنتێکستە مێژووییە کوردییەدا، کە `فایەق ڕەسوڵ` پێیدا تێپەڕییوە، هەم فۆرم دەشێوێت و بەدفۆرم دەبێت و  هەم فیگور لەژێر زەبری شۆڤێنیزم و فاشیزمی ناوچەکەدا دەبێتە `بەد -جەستەیەک`  کە جەستە دوای فیگوراتیڤبوونی لەژێر خۆر و ئاوساندا، لە ژێر زەبری ئامێری ترسناکی بەعسییەکاندا دەبێتە شلەمەنی. لێرەوە جەستە لە تەنێکی گۆشتی فیگورییەوە، لەژێر زەبری ئەشکەنجە بەرەو کەفبوونی تێزابی دەڕوات، لە سوورەوە دەبێتە پەڵەی ڕەش.        

ئاوەها، لە تەنی ڕەقەوە بۆ شلەمەنیبوون `شلەمەنی – بوون`  لە فیگورەوە بۆ فیگوراتیڤ بوون، یاخود بوون بە پەڵەی ڕەش لەسەر ڕووبەڕی شلەمەنی. هەموو ئەمانە، لە ئەزموونی فایەق ڕەسوڵدا تەنها کۆنسێپتی هونەریی نین بەقەد ئەوەی کۆنسێپتەکی ڕیالستی و مێژووین. بەهەمان ئاستیش پەیوندی بە چیرۆکی ژیانی فایەق ڕەسوڵەوە هەیە؛ هەموو ئەمانە، لە یادەوەریی قووڵدا بوونیان هەیە و دێتەوە سەر ئاستی ڕووبەڕی هۆشمەندی هونەریی و لە تابلۆکاندا لە جوڵەی پەڵە ڕەش و قەراغ خۆڵەمێشیەکاندا بەرجەستە بوون.

 

کەتەلۆگ - جێماوەکانی یادەوەری - فایەق ڕەسوڵ - ٢٠١٥ - ٢٠٢٣
کەتەلۆگ – جێماوەکانی یادەوەری – فایەق ڕەسوڵ – ٢٠١٥ – ٢٠٢٣

٦

ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ ئەم نوسینە ئەوەیە؛ کە هەستەوەری Sensation   تەنها لەبەریەکەوتنی لەگەڵ ئۆبێکت – فیگوردا؛ فیگوراتیڤ و شیبوونەوە و گۆڕانی فۆرمەکان، ڕوونادات، بەڵکو ئاستێکی دیکەی هەیە ئەویش چرکەساتی بەریەکەوتنە لەگەڵ ئەو فیگور و فۆرمانەی لە قووڵایی یادەوەرییەوە دێنە سەر ئاستی هۆشمەندی. بەمانای هەستەوەری سەرئاوکەوتنی ئەو فۆرم و فیگورانەن کە لە قووڵایی نەستدا ڕۆنیشتوون و لە چرکەساتی داهێنانی هونەریدا دێنە سەر ئاستی هۆشیاری هونەریی. لێرەوە بەر مانایەکی تری `هەستەوەری` دەکەوین کە ڕووی لە ناوەوەیە، بە مانای ئاڕاستە و جوڵەی لە ناوەوەیە بۆ دەرەوە، نەک لە دەرەوە بۆ ناوەوە؛ بێگومان لە چرکەساتی تەماشادا ئاڕاستەکە جارێکی تر پێچەوانە دەبێتەوە.   

 بەدیوێکی تردا، ئەو فیگورانەی فیگوراتیڤ بوون سەرەتا لە نێو دونیای ڕیاڵدا فۆرمەکانیان لەژێر زەبری ژوورەکانی ئەشکەنجەدا، بەدگۆڕانیان بەسەردا هاتووە. تەنانەت لە نێو زیندانیەکانیشدا گۆڕانی فیگور و فۆرمەکان پرۆسەیەکی بەردەوام بووە.

لێرەوە بەر چرکەساتی مێژوویی و بیۆگرافی  فایەق ڕەسوڵ دەکەوین. ئەو لە ئەپریلی ٢٠٢٣ لە نیگارشوێنەکەی (ئاتیلێر – مرسم) لە ڤێنا،  باسی ئەزموونێکی خۆی بۆ کردم کە چۆن کاتێک زیندان بووە، بۆ زیاتر ئەشکەنجەدانی دەروونی تێکەڵی لە هۆڵی زیندانی سیاسییەوە بردوویانە بۆ هۆڵی ئەو زیندانیانەی لەسەر کوشتن و لاقەکردن و دزیکردن حوکمدرابوون. بەشێکیشیان لە ڕووی دەروونییەوە ناجێگیر بوون بەجۆرێک وەک فایەق ڕسوڵ دەیگووت؛“ کە بە لاتدا تێپەڕدەبوون، دەبوایە خۆت لادەیت، نەبادا  بە گوێزان یان چەقۆی تیژ دەموچاوت پڕ بکەن لە شوخت. ئەوانە ئاهەنگی گوێزان لێدانیان هەبوو، کۆدەبوونەوە و گوێزانیان لە جەستەی خۆیان دەدا. ئاهەنگێکی سادومازۆخیزمی ترسناک و خوێناوی بوو“.

 لە وێستگەیەکی تردا، فایەق ڕەسوڵ جگە لەو ئەزموونەی منداڵیی، کە لە گوندی (شۆراو) هەیبوو، بەتایبەت  کاتێک  لە ساڵی ١٩٦٣ ڕادەگوێزرێن بۆ کەرکوک، دیمەنی لاشەی ئاوساوی ڕەش بوو لە ژێر هەتاودا دەبینیێت. هەروەها لە ساڵانی هەشتاکاندا کە بەعسیەکان زیندانی دەکەن بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە `کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان`دا،  لەوێ لە ژێر زەبری ئەشکەنجەی زینداندا جەستەکان دەبینێت چۆن لە فیگورەوە دەبن بە فیگوراتیڤ، تەنانەت چۆن دەمرن. لە گفتوگۆیەکدا بۆ نوسینێکی دیکە[14]  کە لە سەرەتای ئەپریلی ٢٠٢٣ دا پێکەوە سازماندا، باسی ئەوەی بۆ کردم کە چۆن زیندانیەک دێنن، لەبەردەمیدا ئەشکەنجەی دەدەن، فایەق ڕەسوڵ گووتی؛ “زیندانیەکە کرێکارێکی  گەنجی بەهێز و پڕ ماسولکە بوو، خۆشی نەیدزانی لەسەر چی زیندانی کراوە. بۆ ڕووخاندنی ورەی من، لەبەردەمی مندا ئەشکەنجەیاندا. گەنجەکە کرێکار بوو، جەستەیەکی پتەو و بەهێزی هەبوو، کەچی زۆری نەبرد جەستەی شل بۆوە، جوڵەی تێدا نەما و هەر لەوێدا مرد“ 

دیارە چرکەساتی مێژوویی – بیۆگرافی تەنها لەگەڵ بەدگۆڕانی و فیگوراتیڤی جەبریی نییە، بەڵکو لەگەڵ ئۆبێکت و دیفۆرماسیۆنی فۆرمەکانی ئۆبێکتیشە، بۆ نموونە؛ لەگەڵ دیوارەکاندایە. بەمەش هەستەوەری Sensation  بەرامبەر  `ئۆبێکت – شتەڕەقەکان` دەچێتە کایەکەی ترەوە، چونکە هونەرمەند لە ناو یادەوەریی مێژوویی کەسی خۆیدا لە ئەزموونێکی تردا دەژی؛ بەوەی دیوارەکانی زیندان پڕبوون لە هەڵکەندنی ناو و شوێن و کاتی لەسێدارەدانی زیندانیان کە پێش لەسێدارەدانیان هەڵیان کۆڵی بوو. چیتر دیوار وەزیفەی کۆنینەی خۆی نەمابوو کە بەندکردنی زیندانییە، چیتر ئۆبێکت ئاپاتی و نابەشدار نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لەجەستەیەکی نمایشکارانەی چیرۆکی ژیانی زیندانیان، لێربوونیان کاتێک بەرەو عەدەم  „das Nichts“هەنگاویان دەنا، چیتر جەستە بوونی نامێنێت.

 ئاوەها لە هەموو شوێنێکدا ئۆبێکت و فیگور لە ژێر جەبری فاشیزمدا بەرەو بەدگۆڕانی و دیفۆرماسیۆن  بوونەوە؛ چیتر نە فیگور وەک خۆی دەمێنێت و نە ئۆبێکت شێوازی خۆی دەپارێزێت، هەموویان دەبنە پەڵەی سوور، ڕەش و خۆڵەمێشی و بە نێو سڤێرە ڕۆحییەکانی یادەوەرییدا کۆچدەکەن.

٧

بەڵام چۆن مرۆڤ دەبێتە پەڵەی ڕەش؟ چۆن دونیا دەبێتە بازنەی خۆڵەمێشی؟ چۆن “فیگور – جەستە“  لە ڕەنگی سوورەوە وەک پەڵەیەکی ڕەش سەر ئاو دەکەوێت و بە نێو کایە ڕۆحییەکاندا مەلە دەکات؟!

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ یادەوەری نەوەی کورد و تەنانەت ئێراقیەکانی پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو. لەوێدا، دەمێکە ڕەنگی سوور هێزە ئیرۆتیکی و ڕۆمانتیکیەی لەدەستداوە؛ سوور تەنها ڕەنگی مەرگ و کوشتن و خوێنڕشتنە. بە گوزارشی `فرانسیس بەیکەن`  هەستەوەری لە چەندەها ئاستی جیاوازدایە؛ بەمجۆرە  ڕەنگی ڕەش ، ڕەنگی مەرگ و ڕووخان و وێرانییە، ڕەنگی خۆڵەمێشی ڕەنگی داروپەردووی ڕووخاو و دوکەڵی دوورە.

بەهەمان ئاڕاستەش لە هەشتاکانی  جەنگی ئێران – ئێراقدا، تەلفیزۆنی ئێراقی وێنەکانی بەرەی جەنگی دەگواستەوە، کە زۆربەی ڕەنگەکان دەبینران؛ دوکەڵ وەک ڕەنگی خۆڵەمێشی، و ڕەش وەک ڕەشبوونەوەی تانک و زرێپۆش و جەستەی ئاوساوی بەر هەتاو و باران و ڕەشەبا. ڕەنگی ڕەش، ڕەنگی تێکشکاندنی ئۆبێکت و بەدگۆڕانی جەستە ئاوساوەکان بوو. بەمجۆرە لە یادەوەری کۆمەڵگەدا، ڕەنگی سوور و زاڵبوونی دوکەڵی خۆڵەمێشی و ڕەنگی ڕەش و پەڵەکانی، پابەند بوو بە یادەوەری کوشتن و قەڵاچۆکردن و جەنگ. ئەم ڕەنگە ڕەشە لە کۆنەستی ئێراقی و کوردەکاندا، ئاوەها بێ  هیچ هێزێکی ئیستاتیکی، تەنها وەک تراژیدیا  ڕۆنیشتووە.

ئەزموونێکی تر لە یادەوەری و مێژوویی توندوتیژی لە ئێراقی بەعسیەکاندا کە تا ئەمڕۆش ماوەتەوە، توانەی جەستەی خوێناوی بوو لەنێو `حەوزی ئەسید` دا، وەک چۆن لە دوو نوسینمدا بە کوردی و ئینگلیزی[15]  لەمەڕ پەیکەری (ئەحمەدی دەلاک) لە سلێمانی، باسم  لێوە کردووە؛ بەوەی دوای ئەوەی چاوێکی `ئەحمەدی دەلاک` دەردەهێنن بۆئەوەی هاوڕێ کۆمۆنیستەکانی `قیادە مەرکەزی`  پێ بتۆقێنن. ئەحمەدی دەلاک ڕەتیی دەکاتەوە  ناوی هاوڕێکانی بدات بە بەعسیەکان و جەلادەکانی. بە فەرمانی `نازم گوزار  ١٩٦٩ -١٩٧٣ “ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی ئێراقی، کە دوایی هەر بەعسیەکان و سەدام کوشتیان. چاوێکی `ئەحمەدی دەلاک`  بە ساغی دەردەهێنن،  چەندەها ڕۆژ ئەم پاڵەوانەی  بەیەک چاوی پڕ خوێنەوە لە زینداندا هێشتیانەوە. دوایی کە دڵنیابوون  ورەی ناڕووخێت، لە ژێر فەرمانی `نازم گوزار`ی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئێراقی دەیخەنە حەوزی تێزابەوە. ئیدی، جەستەی لە ڕەنگی سوورەوە، دەبێتە چەند پەڵەیەکی ڕەش لە نێو ئەسیدا دەتوێتەوە. نیگارکێش و سکلپتوریست (بالدین ئەحمەد) برای (ئەحمەدی دەلاک) پەیکەرێک بۆ ئەم چیرۆکە دروستدەکات، سەرێکە بە هێمنی لەسەر کورسیەکی ئاناتۆمی پاڵکەوتووە[16]  بە هێمنی  سەرنجی ڕێبواران دەدات، بزەیەک لەسەر لێویی و ڕوانینەکانێتی. پەیکەرێک هێوریی و ئارامیی دەبەخشێت بە دونیایەک، کە دەمێکە ئارامی و هێوریی ونکردووە.    

بەمجۆرە پەڵەکان، فۆرمه‌کان، به‌رەو په‌ڵه‌ خۆشه‌مێشییه‌کان دەچن و لە  فۆرمەوە  بەرەو ئایدیاکان مەلە دەکەن. ئۆبێکتەکانیش لە تێکشکانەوە بۆ بوونیان بە شریتی ڕەشی چۆڕاوە وە، بەنێو یادەوەریدا شۆڕدەبنەوە. ئیدی بۆ کوێ دەڕۆیت  پەرتبوونەوە، سفربوونەوە، دووبارە دەستپێکردنەوە  لە نێو سڤێرەکاندا لە جوڵەیەکی هاڕۆمۆنین. فیگور نابینین بەڵام فیگوراتیڤ دەبینین لە شێوەی پەڵەکاندا؛ بەمجۆرە پەڵە ڕەشەکان،  گوزارشن لە خۆڵەمێشی بیرکردنەوە و ڕۆحی جیهان.

فرانکفۆرت – تەموزی ٢٠٢٣

ئیسماعیل حەمەئەمین

      

 

 

 

                              

سەرنج؛ ئەم لەکۆڵینەوەیە لە کەتالۆگی `جێماوەکانی یادەوەری  – Erinnerung Spuren  – فایەق ڕەسوڵ بڵاوبۆتەوە.   

 

 

پەراوێزەکان

 

[1] Faek Rasul, Erinnerungen – Bilder von 1980 -2006.

[2] Henri Matisse. Über Kunst, Diogenes Verlag 1993, S191.

[3]Peter Sloterdijk, Wer noch kein Grau gedacht hat, Suhrkamp Verlag 2022, S.9.

[4] Vgl. Peter Sloterdijk, Wer noch kein Grau gedacht hat, Suhrkamp Verlag 2022, S21-61.

[5]Peter Sloterdijk, Wer noch kein Grau gedacht hat, S15.

[6]   Vgl.  Peter Sloterdijk, Die schreckliche Kinder Der Neuzeit, Suhrkamp Verlag 2014.

[7] Vgl. Peter Sloterdijk und Hans Jürgen Heinrich, Die Sonne und der Tod, Suhrkamp Verlag 2006.

[8] Vgl. Peter Sloterdijk, Sphären III – Schäume, Suhrkamp Verlag 2022, S16.

[9] Cf. Georg Traska; Faek Rasul: Memories of Violence Transformed in the Materials of Painting. unpublished Essay 2023.

[10]ئیسماعیل حەمەئەمین؛ چیرۆکی ئاگر و دیوار، چیرۆکی  نیگارکێشێک، ئاپریل ٢٠٢٣ –  لێکۆڵینەوەیەکی بڵاونەکراوە.

Cf. Ismail Hamalaw, The Story of Fire and the Wall, the Story of a Painter, an unpublished Essay – Kurdish 2023.

[11] Cf. Deleuze, Francis Bacon: The logic of Sensation, Bloomsbury Academic 2013, P25-30.

[12] Francis Bacon, Head VI(1949). Arts Council Collection, London.

[13] Deleuze, Francis Bacon: The logic of Sensation, Bloomsbury Academic 2013, P27.  

[14] ئیسماعیل حەمەئەمین؛ چیرۆکی ئاگر و دیوار، چیرۆکی  نیگارکێشێک، ئاپریل ٢٠٢٣ –  لێکۆڵینەوەیەکی بڵاونەکراوە.

چCf.Ismail Hamalaw, The Story of Fire and the Wall, the Story of a Painter, an unpublished Essay – Kurdish 2023.

[15]ئیسماعیل حەمەئەمین؛ پەیکەر و ڕۆح، تێڕامانێک لە بزەکەی پەیکەری ئەحمەدی حەلاق، ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ – کولتور مەگەزین ئۆنلاین  و هەروەها چاپ  

 http://cultureproject.org.uk/kurdish/satute-of-halaq-baldin-ismail/

[16]  Ismail Hamalaw, The-cynical smile of a solitary-head, published on culture project online magazine,  September 2021.

http://cultureproject.org.uk/the-cynical-smile-of-a-solitary-head/

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌