ئیسماعیل حەمەئەمین

ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، یان خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان


کولتوری سیاسی

Loading

ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم یان  خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

گوتاری `هەرەسی ماڵە کارتۆنیەکە`  یان چاکتر وایە بڵێین `هەرەسی ماڵی کارتە کۆنکەنیەکە` شتێک نییە، ئازادیخوازنی ئەم وڵاتە نەیانگووتبێت، تەنها ئەوەیە ئەوانەی چ بانگەشەی ڕووخانی هەرێمیان لەم ڕاپۆڕتە ڕۆژنامەوانییەوە کرد و چ ئەوانەی وەک نەوەی نوێ و گۆڕان و کادێرەکانیان بەم ڕاپۆڕتە خۆشحاڵ بوون. هەروەها  ئەوانەی کەوتنە دەرکردنی بەیاننامە لە کاتژمێر دوای دوو نیوەشەودا و تووشی هیستریا بوون.  زۆربەیان،  پێ ناچێت ڕاپۆڕتەکەیان خوێندبێتەوە، یان  چ نەبێت ڕاوێژکارە کاوێژکارە تەمەڵەکانیان  بە وردیی وەریانگێڕابێت و سەرنجیان لەسەر دابێت.  هەربۆیە، ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەنوس (وینترۆپ ڕۆجەر)   لە  ٢٢ ی ئازاری ٢٠٢٣  بۆ  `فۆرین پۆلەسی`  بەناوی “کوردستانی ئێراق، هەرەسی ماڵە کارتۆنیەکە“  بەڕای من هیچی تازەی تێدا نییە کە  نوسەران و هەروەها  ڕۆژنامەنوسان و تەنانەت کادێرانی حیزبەکان خۆشیان نەیانگوتبێت.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە کادێرانی یەکێتی دڵیان پێ خۆش بوو، بەمەرجێک ڕاپۆڕتەکە پارتی و یەکێتی خستۆتە یەک قەفەزی تاوانبارییەوە!  تەنانەت  `نەوەی نوێ` کە دەڵێت؛ ئێمە ڕاپۆڕتەکەمان قبوڵە، کەچی ڕاپۆڕەتەکە ئەوان بە ئۆپۆزیسیۆنی `لاواز و پۆپۆلیست` پێناسە دەکات و فڕێیاندەداتە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدیی و سیاسییەوە. 

خاڵێکی تر کەسەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە، کە ساڵانێکە دڵسۆزانی ئەم کوردستانە دەنوسن و دەبێژن و تەنانەت دەستگیردەکرێن لەسەر گووتنی ئەم ڕاستیانە. بەڵام مەسەلەکە  تەنها ئەوەیە ` پیاوی سپی` قسان دەکات، ئەقڵیەتی ژێردەستەش وایە، هەزار کەسی خۆی قسەبکات لای گرنگ نییە، بەڵام ڕۆژنامەنوسێکی بێگانەی ئەمریکی دانیشتووی  سلێمانی قسەبکات لێی دەبێتە دێو و درنج، ئەمەش “گرێی خۆبەکەمزانینی کوردیی`ە بەرامبەر بێگانەی داگیرکەر و بەتایبەت پیاوی سپی…

هەر بۆ مەبەستە دێم  خاڵە سەرەکیەکانی ئەم گوتارە بۆ خوێنەران کورتدەکەمەوە، تەنها بۆئەوەی بزانن کە ڕۆجەر  شتێکی نەگوتووە کە منداڵێکی ئاوفرۆشی سەر ڕێگای چەمچەماڵ پێشتر نەیگووتبێت. جا بۆئەوەی بەرچاو ڕوونیمان هەبێت، دووربین لە هەڵەکاری، حەزمکرد خاڵە سەرەکیەکانی ئەم ڕاپۆڕتەی  هەرای ناوەتەوە، وەک خۆی بێ زیاد و کەم، بە کورتی و پوختی بۆ خوێنەرانی ئەم واڵەم وەک خۆی کە لەدەقە ئینگلیزیکەدا هاتووە و  ڕوونبکەمەوە؛   

  • چەمچەماڵ خاڵی دەستپێکردنی ڕاپۆڕتەکەیە، بە شارێکی وشک و ترسناک و پڕ هەژاریی وەسفدەکات، لای ڕۆجەر؛ چەمچەماڵ شاری گازی سروشتیە، بەڵام پڕە لە هەژاری و بێکاری. ئەمە جگە لە نوخبەیەکی سیاسی نەبێت لەو ناوچەیەدا خۆشگوزەرانن، خەڵکانی چەمچەماڵ لەژێر ناجێگیری ئابووریدا دەناڵێنن.
  • پاشان ڕاپۆڕتەکە  پۆزەتیڤ باسی دەستپێشکەری کورد دەکات لە پڕۆسەی هاریکاریکردنی داگیرکردنی ئێراق، بەڵام کاتێک  باسی  دۆخی ئێستا دەکات و بە  `ڕەش و تاریک` وەسفی دەکات.

– نوسەری ڕاپۆڕتەکە ڕای وایە؛ سەرکردە میلشیاییەکان دەستیان بەسەر سێکتەرە مەدەنییەکاندا گرتووە و ئازادی خەڵکیان خستۆتە مەترسیەوە. هەلی کار یەکسان نییە بۆ هەمووان و ئەمەش بۆتە هۆی کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان بەرەو هەندەران و وڵاتانی دیکە.

–  نوسەری ڕاپۆڕتە دەڵێت “ گەر جەنگی ئێراق هیچی فێرنەکردبین، دەبێت ئەوەمان فێربکات کە دەبێت خۆرئاوا  زیاتر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک و  زیاتر نێزیکبوونەوە بێت لەخەڵک، نەک بەدیهێنانی  خواستی  سەکردە سیاسیەکانی ناوچەکە.`

  • هەروەها ڕۆجەر لەوەسفی ماڵە کارتۆنیەکەدا، دەڵێت: ماوەی سی ساڵە ئەم دەسەڵاتە پشتگیری دەکرێت بۆ سەربەخۆیی و بەدیهێنانی دیموکراسی؛ هەر لە پشتگیری پێشمەرگەوە تاوەکو پێگەی کورد لە حکومەتی نوێی ئێراقی و پشتگیرییە ئابوورییەکان، بەڵام ئەم پشتگیرییە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گەندەەڵی بەدووی خۆیدا هێناوە.
  • هەروەها ئاماژە بەوەدەکات؛ هەرچەندە بەپێی یاسا نابێت جگە لە حکومەت هیچ حزبێک هێزی چەکداری هەبێت، بەڵام لە واقیعی حاڵدا وانییە و دوو حیزبە سەرەکیەکە  خاوەنی هێزی چەکداری خۆیانن.
  • هەردوو پارتە سەرەکییەکە PUK  و PDK   بابڵێن پارتی و یەکێتی ناوچە و حکومەت و دەسەڵاتیان لەگەڵ یەکتردا بەشکردووە. بەم پێیە ڕۆجەر لە ڕاپۆڕتەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی یەکێتی لە دوای حەفتاکان پاشان باسی شەڕی ناوخۆیی کوردکوژی نەوەدکان دەکات کە  ئەمە شەڕە لەکاتێکدا ڕوویدا  کە خەڵکی کوردستانی لە ژێر دووگەمارۆی ئابوورییدا دەیانناڵاند. ڕۆجەر دەیەوێت بڵێت؛ دوا شت ئەم دوو حیزبە بیری لێ بکەنەوە بارودۆخی خەڵکە لەم ناوچەیەدا.
  • هەروەها ڕۆجەر ڕای وایە؛  هەرچەندە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتی ئەم دوو حیزبەی دا بۆ ئاشتەوایی و تەبایی ناوخۆیی. بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ وە  پەیوەندی نێوان ئەم دوو حیزبە چۆتە بواری `نا- بەکاربەری ` dysfunction  تێکچوون و بێ کەڵکی، و  چیتر کارکردنیان پێکەوە جێگیرنییە.

  

  • ڕۆژنامەنوس ڕۆجەر دەڵێت “ لە دوای ٢٠١٨ وە `نەوەیەکی تازەی سەرکردە` دەرکەوتوون کە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان، هیچ خواستێکی پراگماتیکی و بەڕێوبردنیان نییە، تەنها بۆ بەرژەوەندی خودی خۆیان بەکارن. دیارە مەبەستی میراتگرە لەندەنیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامی و سۆسیالستە.
  • ڕاپۆڕتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەردوو حزبەکە پارتی و یەکێتی داهاتی نەوت و خاڵە گومرگیەکانیان دابەشکردووە لەنێوان خۆیاندا.
  • بەمەرجێک کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بەهۆی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا پشتگیریی کردوون، کەچی سێکتری حکومی و خزمەتگوزاریەکان تەواو فەرامۆشکراوە.
  • بێکاری زیاتر لە نێوان گەنجەکاندایە و چەند ژمارەیەکی نیشانداوە لەوەی لەسەدا شازدەی خەڵکی کوردستان بێکارە و بگرە زیاتریشە.
  • لە ڕاپۆڕتی `ڕووخانی ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم“  ڕۆجەر ڕای وایە ؛  ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان لەت لەت و لاوازە، بۆنموونە `گۆڕان` چوونە نێو حکومەتی پارتی و یەکێتی. هەروەها `نەوەی نوێ` بە `پۆپۆلیست` و `فێڵزان` لەقەڵەمدەدات.  هەژاریی سیاسیان لای ڕۆجەر لەوەدایە؛ تەنها ترسی خەڵک `لە فێڵکردن لە سندوقەکانی دەنگدان` هەژارانە وەک گوتاری ئۆپۆزیسیۆنبوونیان بەکاردێنن.  
  • پارتی و یەکێتی نەک تەنها بەرپرسیارن لە بێکاری و هەژاریی، بەڵکو بەرپرسن لە  کۆچی گەنجان بەرەو هەندەران وەک چۆن هەزارها لە سنووری بێلەڕووسیا و پۆلۆنیا گیریان خواردووە. هەروەها پێشێلکردنی مافی ژنان و مافە جێندەرییەکان بەشێکی تری شێوازی حکومکردنی ئەم دوو حیزبەیە.
  • ڕۆجەر لەم ڕاپۆڕتە کورتیدا جەختدەکاتە سەر وشەی dysfunction  کە مانای خەلەل، تێکچوون، خراپ بوون، شکان و بێکەڵک بوون دەگەیەنێت. ئەم وشەیەی لە سەرەتای ڕاپۆڕتەکەی وەک تێزێک داناوە و پاشان گوتارەکەی سەلماندنی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی جووت حیزب، چیتر بەکارنایەت، بێکەڵکە، خەلەلی تێکەوتووە. بەڕای ئەو تێکچوونی ئەم سیستەمەی لەم ڕستەیەدا کورت کردۆتەوە بەوەی دەڵێت؛  “ تێکچوونی هەرێم دەرئەنجامی خودپەرستی و خودبەرژەوەندی سەرکردەکانێتی“.
  • سەرکردەکانی ئەم هەرێمە لە هەولێرەوە هەمیشە بۆ خۆنمایشکردن پێشوازی لە نوێنەرانی خۆرئاوا و ئەمریکا دەکەن، بەڵام لە جەوهەردا هیچ بەهایەکی جیهانی و خۆرئاوایی و جەوهەریی پەیڕەو ناکەن. بەمانای سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم ئەم پەیوەندیانە بە جیدی وەرناگرن.
  • ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی هەیە بەسەر حکومەتی هەرێمدا بەڵام نەیویستووە ڕاستەوخۆ ئەم دەسەڵاتە فەرزبکات. بۆ نموونە ئەمریکا پشتگیرییەکی باشیان لە هێزی پێشمەرگە کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارن لەولاوە خەریکی گەندەڵین!
  • لە کۆتاییدا `ونترپ ڕۆجەر` دووبارە جەختدەکاتەوە لە چەوساندنەوەی ژنان و تەنگبەری ئازادی ڕادەربڕین و زیندانکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوان. بەڕای ئەو گەر ئەم دۆخە وەها بڕوات ئەوا ئەم هەریمە تووشی ئاژاوە و دابەشبوون و ڕووخان دەبێت.

هیوادارم خوێنەری ئەم خاڵانەی سەرەوە لۆجیکانە لەم ڕاپۆڕتە بڕوانن، کە بێگومان هیچی نوێی تێدا نییە بۆ ئێمەی کورد و زانیاریەکانی پێشتر گوتراون. وەک گووتم؛ منداڵێکی هەژاری کورد دەیزانێت. بەڵام  خوێنەران خۆیان سەرپشک بن لە وەڵامدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم گوتارەی ڕۆجەڕ.

سەرچاوە:  Winthrop Rodgers, Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing, foreign policy,  MARCH 22, 2023 

https://foreignpolicy.com/author/winthrop-rodgers

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌