کێ پێكه‌نین ده‌كڕێ وفرمێسك ده‌فرۆشێ؟(*)
شاعیرێکی نەناسراو
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە : نه‌ژاد عزیز سورمێ
هاواری دێوه‌ره له سه‌رانسه‌ری گه‌ڕه‌كێدا
ده‌نگ ده‌داته‌وه
خه‌به‌ردار .. خه‌به‌ردار !
ئه‌وه‌ی (به‌ختیار)ی هه‌یه
ئه‌وی (شادی) یا (خه‌م)
یا (فرمێسكی كۆن)ی هه‌یه بۆ فرۆتنێ …
ڕام كرده لای دایكم
پێم وت :
من دوو پێكه‌نینی كۆنم هه‌یه
ده‌مه‌وێ بیانفرۆشم ..
دایكم وتی : كه‌یفی خۆته ..
به‌ره‌و مام دێوه‌ره چووم و با‌نگم كرد:
مامه .. مامه
ئه‌مڕۆ پێكه‌نین به چه‌نده ؟
وتی :
پێكه‌نینی منداڵان به لیره‌یه‌كه و
هی پیران به هه‌زار لیره !
ئێمه به پێی ته‌مه‌ن ده‌كڕین .
سه‌یرم به‌و جیاوازیه‌ی نرخ هات
پێم وت :
مامه پێكه‌نین هه‌ر پێكه‌نینه
ئه‌و جیاوازییه چییه ؟
یان تۆ چونكه من مناڵم
فێڵم لێ ده‌كه‌ی..
پێی وتم ، بچكۆله‌كه‌م
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان ده‌گمه‌نه
ئه‌وه‌یه هۆی گران بوونی
تێنه‌گه‌یشتم چی ده‌ڵێ ،
هه‌ردوو پێكه‌نینه‌كه‌مم فرۆشتێ و
پسكوویتێكم پێ كڕی ..
هاتمه‌وه ماڵێ
له دایكمم پرسی به‌ڵكو ئه‌گه‌ر
باوكم پێكه‌نینی كۆنی هه‌بێ
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان زۆری ده‌كا
دایكم هه‌موو ماڵێ گه‌ڕا
پێكه‌نینێكی باوكمی نه‌دۆزیه‌وه
(باوكم پێناكه‌نێ)
لێ زۆر له فرمێسكه‌كانی دۆزییه‌وه و
وتی :
ئه‌وه ڕۆژانه‌ی به‌یانیته .
ڕۆژی پاشی
كه گوێم له ده‌نگی مام دێوه‌ره بوو
ڕام كرده لای
پرسیم :
فرمێسكی به‌ساڵاچووان به چه‌نده
دیاره ده‌بێ وه‌ك پێكه‌نینیان گران بێ ؟
وتی : فرمێسكی پیره‌مێردان هه‌رزانه
ئه‌و مامه‌ڵه‌ی پێ ناكا !
به‌ساڵاچووان هه‌میشه ده‌گرین..
كوڕم ، شه‌قامی سه‌رپه‌ڕێـنخانان
ڕووبارێك فرمێسكی لێیه
گۆڕستان ڕووبارێكی دی ..
ته‌نانه‌ت ژنی شه‌هید یوسف
دوو به‌رمیل فرمێسكی هه‌بوو لێم نه‌كڕی!
ڕۆڵه من
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان ده‌كڕم
به‌ڵام فرمێسكیان نا ،
من بازرگانی ده‌گمه‌نانم
شه‌ره‌ف له سۆزانییان ده‌كڕم
درۆ له دایكان و
حیكمه‌ت له شێـتان و
وه‌فا له به‌رپرسان ده‌كڕم .
كوڕم !
من كارم به فرمێسكی به‌ساڵاچووان نییه
به‌ساڵاچووان هه‌موویان ده‌گرین .
پاشان به گوێیدا چرپاندم:
ڕۆڵه ئه‌مڕۆ هه‌ینییه
ئه‌گه‌ر ڕاستیت له خوتبه‌ی مه‌لادا بینی
بۆم بێنه ، زۆری ده‌كا ، لێت ده‌كڕم .
(*) له ماڵپه‌ڕی https://arami.ahlamontada.com/t6218-topic كراوه به كوردی
ناوی خاوه‌نی له‌سه‌ر نییه ، پێده‌چێ به‌شێك بێ له كولتوری میلله‌تێك ، چوون له چه‌ندان ماڵپه‌ڕی تریش هه‌ر به بێ ناو بڵاو كراوه‌ته‌وه و وه‌ك سترانیش (به توركی )له‌لاین سترانبێژێكی ئافره‌تی تورك وتراوه .