کۆیلایەتی نوێ

کۆیلەی کۆن و نوێ


ململانێ

Loading

کۆیلەی کۆن و نوێ
پێشەوا کاکەیی
 کۆیلەی نوێ بە بەراورد بە کۆیلەی سەردەمی فیرعەونییەکان جیاوازی زۆرە. کۆیلەی ئەو کات، هێزی نەبوو، دەستی بەسترابۆوە بە هێزێکی ترەوە. ئیجباری/ ناچاری بوو نەک ئیختیاری/ هەڵبژاردە. شکۆی هەبوو، ئەگەرچی کۆیلە بوو. توانای هەبوو، ئەگەرچی زنجیر کرابوو. تاکێکی ئازادیخواز بوو، هەمیشە ددانەکانی وەکوو زنجیر جیڕەی دەهات و خۆی دەخواردەوە چۆن خۆی ڕزگار بکات و چۆن دوا جار تۆڵە لە دەسەڵاتی ستەمکار و چەوسێنەر بکاتەوە. کۆیلەی نوێ، هەمیشە ددانەکانی دەشوات تا نیشانی بدات ئاخۆ خاوەنەکەی قەبوڵیەتی.
كاریكاتێر ١٨٨٤؛ پارێزه‌ر و سیاسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی ڕۆسكۆ كۆنكلین وه‌ك قه‌شمه‌رێكی ده‌سه‌ڵات!
 کۆیلەی کۆن، هەمیشە بیری دەکردەوە چۆن ڕابکات و ئەوانی تر ڕزگار بکات. کۆیلەی نوێ، هەمیشە هەوڵ دەدات پێش ئەوانی تر کۆیلەیەکی زەقتر بێت و لەسەر چۆک بێت. کۆیلەی کۆن، یەک بیروباوەڕی هەبوو کە بۆ ئازادی خۆیی و سەربەستی ئەوانی دیکە هەوڵ بدات. کۆیلەی نوێ، ئازادی بە ئازادی خاوەندارەوە دەبەستێتەوە و سەربەستی بە سەرمایەدارییەوە.
کۆیلەی کۆن، ئەگەر لەژێر ڕۆشنایی هەر ڕەوت و قۆناغێکدا لێت ڕوانیبا، یەک ئایدیای هەبوو، کە دەبوایە خەباتی بۆ بکات. کۆیلەی نوێ، هەر ڕۆژە ئایدیایەکە و هەر ڕۆژە بۆ کەسێک خەبات دەکات.
کۆیلەی کۆن، ئەگەرچی کۆیلە بوو، بەردەست بوو، بەڵام خاوەندارەکەی بە شکۆوە لێی دەڕوانی و دەیزانی ڕزگاری بێت، تەفروتوونای دەکات. کۆیلەی نوێ، هەمیشە بە چاوێکی سۆزانییەوە لە لایەن خاوەنداریێتییەکەوە لێی دەڕوانرێت.
کۆیلەی کۆن، خود بوو تا کۆمەڵگە ڕزگار بکات لە دەست ستەمکارێک. کۆیلەی نوێ، هەوڵ دەدات کۆمەڵگە بانگهێشت بکات بۆ خودێکی ستەمکار و سەرمایەدار.
کۆیلەی کۆن، یەک زمان و یەک فۆرم و یەک ئایدیای هەبوو بۆ ژیان کە ئەویش بۆی دەجەنگا. کۆیلەی نوێ، هەزار زمان و فۆرم و ئایدیای هەیە تا چۆن خەباتی پێ بکرێت.
ئەمڕۆکە کۆیلەکان لە بازاڕی تازەگەریدا، هەر لە سیاسیی و ئایینیی و بازرگانیی و نووسەر و دووکاندار و تاکێکەوە بگرە تا دوایی… سەدان فۆرم و زمان و ئایدیای هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کۆیلە. ئەم کۆیلەیە، کۆیلەیەکە بە بەرچاوی هەموانەوە شەڕی بۆ دەکات. کۆیلەی کۆن، بە شکۆ و هێزەوە ئەگەر هاوڕێیەکی دیبا سەری دادەخست، یان کە هاوڕێیەکەیشی دیل بوایە، چاویان دەبڕیە چاوی یەکتر و دەگریان بۆ ئازادی.
کۆیلەی نوێ، هەمیشە شەڕیەتی خۆی نماییش بکات و ئەوانی تر بۆیان دەر بکەوێت کە کۆیلایەتیەکەی سنووری تێپەڕاندووە! لە کاتێکدا ئەمە تەواو شکۆی مرۆڤبوونی هەڕاج کردووە. کۆیلەی کۆن، لەشی شینومۆر دەکرایەوە بە قامچی، تا هەڵوێستی بگۆڕێت، نەیدەگۆڕی. کۆیلەی نوێ، هەموو ڕەنگێک لە خۆیدا دەگۆڕێت تا قامچی بەر نەکەوێت.
کۆیلەی کۆن، ئەگەر کۆیلەیی هەڵبژاردبا لە پێناو قووتی ژیان بوو بۆ ماڵ و خێزانی. کۆیلەی نوێ، جەستەشی بفرۆشێت کێشەی نییە، گرنک چۆن ببێتە سەرمایەدار. کۆیلەی کۆن، تا دەمایەوە زیاتر بیری دەکردەوە. کۆیلەی نوێ، هەر لە ڕووناکبیرەکەیەوە بگرە تا خوار، ئاستی ڕۆشنی دادەبەزێت و دەبێتە کەسێک تەنیا بە دوو دەکەوێت.
ئەمڕۆکە نووسەرانێکی زۆر بە ویستی خۆیان کۆیلەی نوێبوونی خۆیان نماییش کردووە و ڕۆژبەڕۆژیش ئاستی ڕۆشنبیرییان دێتە خوارەوە، چونکە پێی بیر دەکرێتەوە و پێی دەڵێن دەبێت گوتار وەها بێت و لەژێر ئەم ڕۆشناییەدا بیت. بۆ ئەوەی لە کۆیلەی نوێ تێبگەین کە کۆیلەیە یاخود ئازادیخوازە، لە سەرۆکەکەی بدە، لە حیزبەکەی بدە، لە خاوەندارییەکەی بدە، ڕەخنەی بازرگانیەکەی بکە، ڕەخنەی شوێنکەوتەکەی بکە، بۆت دەر دەکەوێت کێشی ئەو کۆیلەیە چۆن زمان لەگەڵ خۆیدا دەیبات. کە کۆیلەی کۆن هەرگیز، تەمومژی لە زمانیدا نەبوو.
۳ـی ۱۱ی ۲۰۲۱
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌