منداڵانی جوله‌كه‌ی ڕزگابووی كه‌مپه‌كانی ئاوسشڤیتس نازی - جه‌نگی جیهانی دووهه‌م

   کۆستیکا براداتان؛ نۆرمان مانە، لە نازی و کۆمۆنیستەکان ڕزگاری بوو؛ بۆ ئەوە ژیا تاکو لەبارەیانەوە بنووسێ


Loading

نۆرمان مانیا؛ گه‌ڕانه‌وه‌ی هۆلیگانه‌كان -تێكده‌ره‌كان – مێمواره‌كان .

نۆرمان مانە (Norman Manea) لەنێو دوو نەفرەتیدا گەورەبوو، ئەو گەرەك بوو لەلایەکەوە لە نازی و لە لایەکی دیکەشەوە لە دیکتاتۆرە کۆمۆنیستەکانی ڕۆمانیای زێدی ڕزگاری ببێ. ئەزموونە پڕ ئازارەکەی ئەوی کرد بە نووسەر.

کاتێ نۆرمان مانە پێنج ساڵان بوو، بۆ کامپەکانی مەرگ لە ترانسنیستریا (Transnistria)ی ئۆکرانیا گوازرایەوە. لە ساڵی ١٩٤١دا جولەکەکانی باکوری ڕۆمانیا بە شەمەندەفەری بارهەڵگر بۆ ئەوێ گوازرانەوە، بە فەرمانی مارشاڵ ئایۆن ئەنتۆنیسکۆ (Ion Antonescu)ی دیکتاتۆری توندڕەوی ڕاستڕەو  و هاوپەیمانی هیتلەر. بە شێوەیەکی تەکنیکی، لەنێو کامپدا تۆ ناکوژرێی، بەڵکو بۆ مەرگێکی هێواش جێدەهێڵرێی: برسیبوونی درێژخایەن، ئیشپێکردنی لە ڕادەبەدەر، نەخۆشی، و بەستنی پلەی گەرمی، کە هەموویان وەکو گوللە کاریگەرن، تەنیا هێواشتر و بەئازارترن. مانە لە بەرگی یادەوەرییەکانی ”گەڕانەوەی تێکدەرەکە”دا دەبێژێ: بەراوورد بە کارگەکانی مەرگی هیتلەری لە پۆڵەندا، ترانسنیستریای ئەنتۆنیسکۆ ”ناتوانرێ پێشبینی بکرێ، تەنیا دەتوانێ هاوسەنگی مەرگی لە سەدا پەنجا پیشانبدا. لەم ڕووەوە ناتوانێ هاڤڕکێی ئاوسشڤیتز بکات”.

 

هەرچەندە ئەو دەبوایە بمرێ، بەڵام مانە ڕزگاری بوو. لە ڕاستیدا، ئەوە تەنیا زنجیرەی کرانەوەی بیۆگرافی ‘ژیننامە’یەکە بە ‘هونەری ڕزگاربوون’ێکی نائاسایی زانراوە، هەروەك کتێبەکە بەدرێژی دۆکیۆمێنتی دەکات. لە ساڵی ١٩٤٥دا، لەگەڵ ئەوکەسانەی، کە لە خێزانەکەیدا ڕزگاریان ببوو، مانە بۆ ڕۆمانیا گەڕایەوە. ئەوان وەها بیریان دەکردەوە، کە بۆ وڵاتە کۆنەکەیان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەم وڵاتە هیچی دیکە بوونی نەمابوو. ئەوان ئێستا نیشتیمانێکی نامۆ دەبینن. بەشداری ڕۆمانیا لە دووەم جەنگی جیهانیدا، باری کۆمەڵایەتی، سیاسی، و کولتووری بەتەواوی گۆڕی بوو. پتر لەوەش، ستالینیزەکردنێکی توند جێگەی ڕێکخستنەوە (و بونیادنانەوە)ی گرتبۆوە. ئێرە ئەو شوێنەیە مانە تێیدا گەورەبوو؛ ئەو شوێنەیە تێیدا ئەزموونی ڕزگاربوونی خۆی بۆ بەکارهێنانی نوێ خستەگەڕ.

 

هەرچەندە گەر بۆ ساتێك لە ڕژێمی سیاسی تازە جێگیرکراو بڕوانی، دەتوانێ خراپەکارییەکانی ڕژێمی پێشوو چارەسەر بکات. ئەگەر ئێمە قوڵتر ڕۆبچینە نێو ”’گەڕانەوەی تێکدەرەکە’، ئەوا مانە وەك گەنجێك، کە مەستی هیوا بەرزەکانی بەختیاریی گەردوونی و نوێبوونەوەی مەسیحییانە (Messianic)یە. بەڵێنی فێرخوازێکی ئامادەیی، ڕێگە بەخۆی دەدا لە کۆبوونەوە سیاسییە پەنهانەکان و کەمپینەکانی هەڵاواردن ڕۆڵبگێڕێ، بەڵام مانە لە کاتێکی گونجاودا لێی هاتە دەرەوە. ئەو مەستییەی مانە، مەستییەکە وەك چۆن ئازارچێژە بۆ بەرگەگرتن، ئاوەهاش شەرمهێنە بۆ گێڕانەوە. هێشتا لە ڕۆمانیا شتەکان هیچ باشتر نەببوون، کاتێ نیکۆلای چەچیشکۆ (Nicolae Ceausescu) ناسیۆنالیستێکی بەهێزی بۆ تێکەڵەی پێکهاتە تۆتالیتارییەکە زیادکرد، ئیدی ئەوە ڕوونبووەوە، کە لە تاقیکردنەوەیەکی وردتردا، دوو ڕژێمە چەوسێنەرەکە: فاشیست و کۆمۆنیست، زەحمەتە لێك جیابکرێنەوە: ”مەترسییە نوێیەکە، نەك تەنیا شوێنی مەترسییە کۆنەکە دەگرێتەوە، بەڵکو پتر گۆڕانی پێدەدا: ئێستا ئەوان هاوشان پێکەوە کار دەکەن”. لە ڕۆمانیای هەفتاکان و هەشتاکاندا، مانە دەبوایە ئەزموونەکانی ڕزگاربوونی خۆی تیژبکاتەوە و ڕووەو کامیلبوون گۆڕانیان پێبدا.

 

نیكۆلای چاوچیسكۆ و ئێلینای ژنی – چه‌ند كاژێرێك پێش كوشتنیان له‌لایه‌ن شۆڕشی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ 25.12.1989 – نیكۆلای و ئیلینا چاوچیسكۆ لێپسراون به‌رامبه‌ر كوشتنی حه‌فتا هه‌زار كه‌س له‌ رۆمانیای كۆمه‌نیستیدا.

ئێمه‌ لە جۆرج ئۆروێلەوە فێربووین، تۆتالیتاریانیزم لە تێگەیشتنێکی گرنگدا، پڕۆژەیەكی زمانەوانییە. واتا کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی خەڵك، بەڕێی زمانی ئاخافتنیانەوە. مانە لە پشتی پەردە ئاسنینەکەوە، دەرفەتی ئەوەی هەبوو، لە نزیکەوە چاودێری ئەو داگیرکارییە زمانەوانییە بکات. پێویستە تۆ هەمیشە پراکتیکی گومان بکەی، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەی چی ڕوودەدا، بۆیە نابێ ڕووکەشی زمانی فەرمی وەربگری، بەڵکو دەبێ هەمیشە بۆ هەندێ واتای شاراوە بگەڕێی ”خوێندنەوەی نێوان هێڵەکان دەبێ بە پڕاکتیکێکی ئاسایی. قورسایی ئاوەڵناوەکان، توندوتیژی فرمانەکان، درێژی ئارگیومێنتەکەکان دەبنە پێوانە بۆ ئەوەی، داخۆ دۆخەکە چەندە سامناکە و چارەسەرەکەی دەبێ چەندە توند بێت”. مانە لە یادەوەرییەکانیدا ڕای دەگەیەنێ، کە زمانی پارت (حیزب) ”زمانی کۆدکردنی دەستەواژەکانە. زمانێکی پەنهان، سنووردار، و نەگۆڕە، کە تەنیا لەنێو وشەکاندا باوەڕبەخۆبوونی خەڵك لاواز دەکات”. زۆرکات لێرەبوون لەژێردەستی تۆتالیتاریانیزم، سەرکەشی ژیانە لەنێو زمان و ڕاڤەکردندا. بۆیە لە کۆتاییدا، هاوردە سەرەکییەکانی ڕژێمی تۆتالیتاری، جگە لە شەرابی هەرزان و دەستچن، نووسەران و پسپۆڕانی هێرمۆنیتیکە.

 

زمان بە کۆد و پەنهانییەکانییەوە، بۆ کەسێکی وەك مانە، کە حەز بە بەکارهێنانە فرەکانی زمان بکا، ئەوا سەیر نییە سەرەنجام لە ئەدەبدا ئیش بکات. مانە وەك بەخت هەبوویەك لەنێو جیهانێکدا دەبێتە نووسەر، کە ئەدەبی باش هەمیشە زۆرینەی ئەدەبێکی تێکشکێنەر بووە. بۆیە ئەوانەی فەرمانڕەوایی ئەو جیهانە تۆتالیتارییەیان دەکرد، لە دەستڕەنگینی نووسەران دەترسان، چونکە ئەوان ئەوەیان وەك لێدانی پڕۆژە زمانەوانییەکەی خۆیان دەبینی. (کەسێك بە زەحمەت دەتوانێ ستایشێکی لەوە مەزنتر بە ئەدەب بدا، کە تێگەیشتنی ئەدەب مەترسیدارە تەنانەت لە مەرگیشدا بگۆترێ). ناچاریی هەبوونی نومایشی هاڤڕکێ لەسەر شانۆیەکی وەهادا، مانە دەکا بە نووسەرێکی هەرە باڵای ڕۆمانیایی: مانە بۆ بەرسڤی زمانی توندی ڕژێمی تۆتالیتاری قووڵتر و قووڵتر دەچێتە نێو توێکڵ و چینەکانی زمانەوە، بۆ ئەو شوێنانەی، کە دەسەڵات ناتوانێ پەیان پێبەرێ.

نۆرمه‌ن مانیا ؛ئێمه‌ هه‌موومان له‌ مه‌نفادا ده‌ژین – ئیسێیه‌كان

تا چەند ڕژێمەکەی چەچیشکو پتر شێلگیرتر دەبوو، ئەوا ‘مانە‘ش پتر بێئۆقرەتر دەبوو. ئەو بۆ نموونە دەگێڕێتەوە، کە چۆن لە بەهاری ١٩٨٦دا بوخارێست ”دەگاتە ئاستی لەناوچوون، بەجۆرێك تەوسبێژی هیچی دیکە بەس نەبوو، تەنانەت کیمرا (Chimeras)ش نەیدەتوانی لەنێو تۆڕە ئاڵۆزەکانی نهێنی سۆسیالیزمی بێزەنتی (Byzantine)دا ڕزگاری ببێت”.

مانە، وەك نووسەرێك، بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لەوە کردبۆوە، کە ئەو تەنیا لەنێو زمانی ڕۆمانیاییدا دەتوانێ بژی- ئەو تێگەیشتبوو ناتوانێ وڵاتەکەی جێبهێڵێ و زیندوو بمێنێتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا، مانە وڵاتەکەی خۆی بەجێهێشت و تاراوگەبوونی بۆ خۆی هەڵبژارد، کە ئەوە بۆ ژین و مەرگ بوو لە جێیەکی دی دوای مردن. مانە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ ئەڵمانیا چوو؛ ساڵێك دواتریش بۆ ئەمەریکا ڕۆیشت. لە ساڵی ١٩٨٩وە بوو بە فێرکار لە کۆلێژی بارد (Bard College). مانە جۆرە ڕزگاربوویەکی پڕۆفێشناڵ بوو، ئەو بەڕێی سەرکەشی، مەترسی، و سەختییەکانەوە گەورەببوو؛ لە ڕاستیدا، ئەو لە تاراوگەدا پێگەیشت و هەموو ئەوانەی وەك هەوێنی سەرەکی ئیشە تازەکەی گۆڕان پێدا.

گەشتی ساڵی ١٩٩٧ی مانە بۆ ڕۆمانیا، ڕێگەی بە گێڕانەوەی ئەو بیۆگرافییە دەگمەنە دا. جار جار گەشتی شوێنێکی دوور باشترە و زۆر پڕ ئەنجامترە لە گەشتێك بەنێو کاتدا، مانە بەو گەشتە دەڵێ ”گەشتێکی درێژ ڕووەو لێرەبوونی داهاتووم”. لە بنەڕەتدا، دوو ‘نۆرمان مانە’ لە ”گەڕانەوەی تێکدەرەکە”دا بوونیان هەیە. یەکێکیان مانەی یادەوەری-نووس، کە ڕابووردووی خۆی دێتەوە یاد و دەیگێڕێتەوە؛ ئەویدیکەیان مانەی ڕووداو-نووس، کە بە نادیاری ئێستا تۆمار دەکات. هەروەها شتێکی دی لە گەشتەکەی ‘مانە‘دا بوونی هەیە: خۆ-چارەکردن. ئاخر ئەو لە هەمان کاتدا هەم خۆ چارە دەکا و هەم دەنووسێ. وەك ئەوەی ئێمە لەسەر لاپەڕەکە لە پێش چاومانە و لە خوێندنەوەیدا پتر تێدەگەین، دەبینین چۆن دوو نووسەرەکە بە هێواشی دەبنەوە بە یەك و پرۆسەی چاکبوونەوە ڕوودەدات.

ئەو وڵاتەی مانە لە ساڵی ١٩٩٧دا بۆی گەڕایەوە، دیسان وڵاتێکە بۆ ئەو نامۆیە. هەرچەندە ئێستا مانە خۆشی ئەوە دەزانێ، کە بۆتە بێگانە لە وڵاتی هاونیشتیمانیانی خۆیدا. ئەو لە ڕاستیدا لەوەش خراپترە، کاتێ مانەی تاراوگەبوو بەوردی لەبارەی ڕۆمانیاوە دەنووسێ، لە بێبەزەییێتی ڕابووردووە تۆتالیتارییەکەی دەڕوانێ و پرسیار لە ‘مەزنێتی’یەکانی ئێستای دەکا (مارسیا ئەلیادی-Mircea  Eliade وەك نموونە وەردەگرێ). مانە وەك کەسێك، کە بتەکانی وڵاتەکەی خۆی شکاندبێ، لە بێگانەیەك خراپترە. ئەو کەسێکی ئەفسانە-شکێن، کێشە دروستکەر، و تێکدەرە. لە ئەنجامدا ناونیشانی ئەو یادەوەرییە تاڵانە، پتر لە هەشتا ساڵی مانەوە و ڕزگاربوون دیاردەهێنن.

سەرچاوەی ئەو وەرگێڕانە:

http://www.thedailybeast.com/articles/2014/04/05/norman-manea-survived-the-nazis-and-the-communists-and-lived-to-write-about-it.html

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین