زیگفرید کراکاوە ١٨٨٩ - ١٩٦٦ فۆتۆ ؛ دێرشپیگل Siegfried Kracauer (* 8. Februar 1889 in Frankfurt am Main; † 26. November 1966 in New York
زیگفرید کراکاوە ١٨٨٩ - ١٩٦٦ فۆتۆ ؛ ١٩٣٠

تاراوگە، یادەوەریی و وێنە، کراکاوەر و پەنابەر وەک ژانووسی دووسەر


Loading

پێشڕەو موحەمەد – نوسەر و لێکۆڵەر

تاراوگە، یادەوەریی و وێنە، کراکاوەر و پەنابەر وەک ژانووسی دووسەر

پێشڕەو محەمەد

لە كانوونی دووەمی ١٩٤٥دا، هانا ئارنت وتارێك لە «Jewish Frontier»دا دەربارەى “كوشتاری بەكۆمەڵی بەڕێوەبەرانە” بڵاودەكاتەوە كە نازییەكان لەژێر ناوی `بایۆلۆژیای ڕەگەزیی` بەڕێوەى دەبەن. لە چاوی ئارنتەوە، ئەمجۆرە ڕووداوانە بە تەنها «خەیاڵ و وێناكردنی مرۆیی»یان دووچاری تەنگژە و ڕووبەڕوو نەكردووەتەوە، بەڵكو هەروەها ڕووبەڕووی «كاتیگۆرییەكانمان بۆ بیركردنەوە و كردەى سیاسیی»یش دەكەن[1].

ساڵێك دوای ئەم بەروارە، ئارنت وتارێكی دیكە بۆ «Commentary» بەناونیشانی «وێنەى دۆزەخ» دەنووسێت و دەڵێت «ئەو كارگانەى مەرگ» كە نازییەكان دروستیان كردووە «ئەزموونی بنچینەیی ڕۆژگاری ئێمە» بوون[2]. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كەمپەكانی كاری زۆرەملێ، كارگەكانی كوشتن، ژوورەكانی خنكاندن، تەكنیكە تازەكانی كوشتاری بەكۆمەڵ، كوورەكانی سووتاندن، لەپاڵ ئاوارەبوونی، گەر بەڕەهایی نەڵێین، سەرجەمی كولتوری ئەڵمانیی و تاراوگەنشینبوونی، ئاوڕدانەوە بۆ ڕابوردوو، ئاوێتەكردنی بە تیۆری مێژوونووسیی و ڕەخنەى كولتوریی ڕادیكاڵ و هاوكات فشاری قورسی وێنە و یادەوەریی ڕابوردوو و ئێستای تاراوگەنشینبوونی زۆرەملێ؛ ئەو تێما و بابەتانە بوون، مێشكی بەڕادەیەك زۆرینەى بیرمەندان و هونەرمەندانی ڕاكردووی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو. «وێنەى دۆزەخ» تێكەڵی وێنەى تاراوگە و یادەوەریی ببوو. زۆرێك لەو بیرمەندانەى سەروەختی جەنگ و دوای جەنگ دەربارەى خەسڵەتی پیشەسازیی قڕكردن، بایۆلۆژیای ڕەگەزیی، كەمپەكانی كاری زۆرەملێ، هۆلۆكۆست و ئاوشڤیتز، ئەقڵانییەتی ئامرازیی سەرمایەداریی و هتد. نووسیان، ڕووبەڕووی هەڵە تێگەیشتن بوونەوە. یەكێك لە نموونە هەرە دیارەكان لە ئاستی دونیا و لە مێژووی بیری سیاسییدا، كتێبەكەى هانا ئارنتە بەناوی سەرچاوەكانی تۆتالیتاریانیزم (The Origins of Totalitarianism)، كە بە شاكارەكەى ئەو ناسراوە و تەنها دوای جەنگ نووسرا، تیایدا؛ جینۆسایدی جوو وەك «دابڕانێكی تەواوەتیی لە ڕەوت و ڕۆیشتنی بەردەوامی مێژووی خۆرئاوا، كە تا ئێستا بۆ زیاتر لە دوو سەد ساڵ ناسیومانە» دەبینێت[3].

 

كتێبەكە هەر خێرا وەك بەشدارییەكی سەرەكیی لە تیۆری سیاسییدا لە قەڵەم درا، بەڵام هۆكاری ئەم سەركەوتنە فراوانە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەتێگەیشتنێك. كتێبەكە لە سەروەختی مەككارتیزم (McCarthyism)دا بڵاوكراوە (قۆناغی ڕاوەدونانی كۆمۆنیستەكان لە ئەمریكا و وڵاتانی ژێر هەیمەنەى ئەمریكا)، و هەروەها كتێبەكە بە هەڵە وەك «ئینجیلی جەنگی سارد» تەفسیركراوە و هەروا بە سادەییش `هانا ئارنت` وەك دژە-كۆمۆنیزم و بیرمەندێكی كۆنزەرڤاتیڤ بینراوە. ئەمە قبوڵكردن و وەرگرتنێكی یەكئاڕاستەى كاریگەر بە مەككارتیزم و هەژموونی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو لە زۆرێك لەو وڵاتانەى سەر بە بلۆكی ستالینیستیش بوون، پێویست بوو دوو دەیە تێبپەڕێت تا كتێبەكە بۆ سەر زمانی ئەو وڵاتانە وەربگێڕدرێت. یەکێک لە هۆکارەکان دانانی ستالینە بە پاڵ هیتلەرەوە لەناو کاتیگۆریی تۆتالیتاریانیزمدا. بەڵام کتێبەکە هاوکات بریتانیای لانکەی لیبراڵیزم زۆر زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە بە سەرچاوەی کۆنەپارێزیی دەزانێت. تەنانەت جیاکارییش لەنێوان دیکتاتۆرییەتی شۆڕشگێڕیی لینین و تۆتالیتاریانیزمی ستالین دەکات و هەوڵنادات سەرتاپای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەیەکەوە ئیدانە و ڕەتبکاتەوە. تەنانەت ئێدموند بێرکی فەیلەسوفی لیبراڵ-کۆنزەرڤاتیڤی بریتانیی وەک کاریگەریی و پاڵنەری سەرەکیی سەرهەڵدانی نازیزم لە ئەڵمانیا دەخوێنێتەوە.

هانا ئارنت، جوویەکی هەڵاتووی دژە-فاشیست لە ئەمریکاوە، لە کتێبەکەیدا بە ڕێز و سەرسامیی و هاوسۆزییەوە سەیری یەکێتیی سۆڤێت دەکات و لە ١٩٤٢دا یەکێتیی سۆڤێت بە تەنها وڵات دەزانێت کە «بە تەواویی دژە-سامییەتی لەناوبردووە» و ئەم کارەشی لە سیاقی «چارەسەرێکی دادپەروەرانە و تەواو مۆدێرنی پرسی نەتەوەیی»دا ئەنجام داوە[4]. ئەگەرچی پێچەوانەی هەموو لیبراڵە خۆرئاواییەکان، ئارنت ئیدانەی ئایدیالەکان و شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕەنسیی ناکات، بەڵام ئەم کارە لە کتێبەکەی دواتریدا، دەربارەی شۆڕش، زیاتر وەرچەرخانی بەرەو لیبراڵیزم، ئەنجام دەدات و کۆی ئایدیالی شۆڕشگێڕیی ڕەتدەکاتەوە.

 

بێگومان هانا ئارنت شوێنێك لە بیری سیاسییدا دەگرێت كە ناكرێت بە ئاسانیی پۆلێن بكرێت، چ لە تیۆری سیاسیی هاوچەرخ و چ لەنێو كولتووری جوودا. وەك ئێنزۆ تراڤێرسۆ ئاماژەى پێكردووە، دەتوانین دابەشبوونێك لەنێوان دوو ساتی ئەزموونی ئەودا ببینین، یەكێكیان ئەوروپیی و ئەویدیكەیان ئەمریكیی: یەكەمیان خەمی خەبات دژی چەوسانەوە دەخوات و دووەم دەكرێت وەك چوارچێوەى ئازادیی و سەربەستییەكی بەدیهاتوو ببینین، لە دووەمیاندا ئارنت بێباكە بەرانبەر بە فۆرمە تازەكانی هەیمەنە و خەباتە تازە ڕزگاریخوازییەكان[5]. بۆ نموونە بێباکیی ئارنت بەرانبەر خەباتی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا و تەنانەت کار دەگاتە بەکارهێنانی ڕاسیستییانەش بەرانبەریان. وەك دەبینین، هەمان چارەنووس ڕووبەڕووی زیگفرید كراكاوەریش بووەتەوە، بەتایبەت بۆ سەردەمانێك كتێبی لە كالیگارییەوە بۆ هیتلەر: مێژووی سایكۆلۆژیی فیلمی ئەڵمانیی (١٩٤٧) كە چەند ساڵێك پێش كتێبی سەرچاوەكانی تۆتالیتاریانیزم (١٩٥١) نووسراوە، بە هەمان شێوە وەك «ئینجیلی جەنگی سارد» بینراوە، هەڵبەت لەم بینینەدا، مۆركی دژە-كۆمۆنیست لە كراكاوەر نەدراوە، بەڵکو زیاتر لەلایەن نەیارانییەوە، وەك پۆزەتیڤیستێك، موتڵەقگەرا، جەوهەرگەرا و حەتمیگەرایەك (ئەوانەى باوەڕیان بە چارەنووس هەیە)، لە دیاریكردنی سەردەمەكاندا، سەیركراوە. یەكێك لەو هۆكارانەش ئەم جۆرە نووسینە دەسەپێنێت، ژیانی تاراوگەنشینیی، دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ كولتورێكی تازەیە و بۆ نموونە بۆ كراكاوەر، بەتازەیی و بۆ یەكەمجار دەستكردن بە نووسین بە زمانێك، كە پێشتر نە ئەزموونی لەگەڵدا هەبووە و نە زانیویشیەتی: ئینگلیزیی. خەبات بۆ نووسین بە ئینگلیزیی لەلایەن کراکاوەرەوە، ڕووبەڕووی قەیرانی یادەوەریی، مێژوو و شووناسی کردووەتەوە کە تراومای لێبەرهەم هاتووە. تەنانەت نووسەرێکی ئەمریکیی لە ساڵی ١٩٤٧دا کتێبەکەی کراکاوەر بە «کتێبی جوویەکی ئەڵمانیی کە دەیەوێت تۆڵە لە وڵاتەکەی بکاتەوە» لەقەڵەمدەدات.

 

بێگومان كولتوری ئەڵمانیی لە تاراوگە، وەك گشتێك، ڕووبەڕووی نازیزم ببووە و دەبوو ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش ڕووبدات. بەڕادەیەك، دەتوانین بڵێین، لەگەڵ هاتنی هیتلەر، كۆی كولتوری ئەڵمانیی كۆچی كرد و لە دیاسپۆرادا نیشتەجێ بوو، هەرێمی خۆی لەوێ دامەزراند[6]. تارمایی نازیزم كەم و زۆر، سێبەری خۆی بەسەر زۆربەى كتێبە مەزنەكانی سەدەى بیستدا كردووە، كە لەلایەن پەنابەرانی ئەڵمانییەوە نووسراون. بۆ نموونە تۆماس مان لە كتێبەكەیدا، دكتۆر فاوستوس، نازیزم وەك نەخۆشییەك، شێرپەنجەیەك دەبینێت كە لە میانەى چەندین سەدەدا گەشەى كردووە و پەرەی سەندووە و بە جەستەى ئەڵمانییدا بڵاوبووەتەوە[7]. ئێرنست كاسیرەر لە كتێبی ئەفسانەى دەوڵەتدا نازیزم وەك دەرەنجامی گەڕانەوە و پاشەكشەكردنێكی شارستانێتیی ڕۆشنگەریی بۆ نێو ئەفسانە ڕاڤە دەكات[8]، لە كاتێكدا ئەریش ئاوەباخ میمێسیس لە پێناوی پاراستنی نەریتی ئەدەبیاتی خۆرئاوا لە تۆفان و سەرەتان دەنووسێت[9]. كارڵ لووڤیت، نەریتی فەلسەفەى ئەڵمانیی لە ڕووبەڕووبوونەوەى هیتلەردا لە ئایدیالیزمەوە بۆ نیهیلیزم (لە هێگڵەوە بۆ نیچە) شیكار دەكات[10]. ئێرنست بلۆخ ڕایشی سێیەمی وەك وەڵامێكی كۆنەپارێزانە دژی خەونە یۆتۆپییەكان و چاوەڕوانییە مسیانییەكان دەبینیی و لە كتێبەكەیدا، پرەنسیپی هیوا، لەسەر ئەم پرسانە دەوەستێت[11].

دواجار زیگفرید كراكاوەر بڕیاردەدات ئاوڕێك لەو نیشانانە بداتەوە كە لەپێشەوە هەواڵی سەرهەڵدانی هیتلەریان لە وێناكردن و خەیاڵی ئەڵمانییدا چاندبوو و فیلمە ئەڵمانییەكانی دوای جەنگی یەكەمی جیهانیش ڕەنگدانەوەى ئەم وێناكردن و خەیاڵە چانراوەی نێو مێشك و زەینی ئەڵمانیی بوو، لەبەرئەوە ناو لە كتێبەكەی دەنێت ( لە كالیگارییەوە بۆ هیتلەر). هەروەها کتێبی (وێرانبوونی عەقڵ) نووسینی گیۆرگ لۆکاچ، کتێبێکی دیکەیە دەیەوێت لەو سەروبەندەدا سەرهەڵدانی نازیزم و ڕیشەکەی لەناو فەلسەفەی ناعەقڵانیی ئەڵمانیی لە یاکوبی و شیلینگەوە بۆ هایدیگەر هەڵبگرێتەوە[12]. کتێبەکەی فریتز شتێرن بەناوی سیاسەتی بێ هیوایی کولتووریی: لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیای ژەرمەنیی[13] بە هەمان شێوە ڕیشەی ئایدیۆلۆژیی ژەرمەنیی لای بیرمەندانی وەک لانگبێن، لاگارد و فۆن دێر مۆلەر هەڵدەگرێتەوە و ئەم لیستە دەكرێت بۆ سەدان لاپەڕە درێژبكرێتەوە، بەڵام بەكورتیی ئەوە دەردەخات كە نازیزم ببووە تێما و لێپرسینەوەى سەرەكیی لای پەنابەرانی ئەڵمانیی[14].

 

 

نازیزم  – نورنبێرگ

 

بەشێك لە پەنابەرە ئەڵمانییەكانی دیكە، بە تەنها لە تاراوگە نیشتەجێ نەبوون، بەڵكو پەیوەندییان بە شۆڕشی ئیسپانییەوە كرد، بۆ نموونە `ئۆتۆ ئەلبێرت هیرشمان` لەگەڵ هاتنەسەركاری هیتلەر، قەدەغەكردنی هەموو پارتە سیاسییەكان و گرتنی سەرۆكی پارتی كۆمۆنیست، ئێرنست تێلمان و ناردنی بۆ كەمپی كاری زۆرەملێ تا لە ١٩٤٤ لە بونخڤالد بەدەستی نازییەكان تیرۆر دەكرێت، دوای بێهیوابوونی تەواوەتیی لە ئەڵمانیا، دەڕواتە ئیتاڵیا (فاشیزم لەپێشەوە لەسەر حوكمە)، خۆی دەگەیەنێتە فەڕەنسا و پاشان دەەپەڕێتەوە بۆ بریتانیا، تاراوگەی لەندەن تەنگی پێهەڵدەچنێت و مێشكی دەخوات، هەستدەكات بێ بەرهەم و ناچالاکی دەكات. لەڕێگای پەیوەندییەكانییەوە لە بریتانیا لە ١٩٣٦دا خۆی دەگەیەنێتە ئیسپانیا و بەتالیۆنی پەنابەرە ئەڵمانییەكان دادەمەزرێنێت و دەبێتە بەشێك لە پارتی یەكگرتووی ماركسیستیی (پووم)، یان وەك زیاتر ناسراوە: پارتی كرێكارانی سۆسیالیستی ئیسپانیی، پارتێكی نزیك لە ترۆتسكی و دژە-ستالین و دژە-فرانكۆی فاشیست، لەوێ تا شكستی شۆڕش و سەركەوتنی تەواوەتیی فاشیزم، دەجەنگێت و پاشان هاوشانی ڤاریان فرەی (پسپۆڕی بواری ئەدەبیاتی كلاسیك، كە لە هارڤارد خوێندوویەتی)، خۆی دەگەیەنێتە باشووری ئیسپانیا و لەگەڵ فرەى دەڕۆنە مارسەى. لەوێ، بەو ماوە كورتەى تیایدا نیشتەجێ بووە، هیرشمانی لاو، بە هانا ئارنت، ئەندرە بریتۆن، مارك چاگال، مارسێل دوشام، ماكس ئێرنست، زیگفرید كراكاوەر، ئەلما ماریا مالە گرۆپیو ڤێرفل (بەداخەوە لەو ساتەوەختەى بنیامینیش لەوێ بووە، ڕێكەوتی یەكتر بینین ڕوونادات) و چەندان پەنابەری دیكەى ئەڵمانیی ئاشنا دەبێت و هەم كۆمیتەى ئازادیی و هەم خەم و كەڵكەڵەى خەباتی دژە-هیتلەر و هەروەها فشاری تاراوگەنشینیی، مێشكی دەخۆن[15]. ئەم تێما و بابەتانە تا ساڵی ١٩٦٦ (ساتی مردنی كراكاوەر) خەم و كەڵكەڵەى ئەویش بوون.

 

 

 

زیگفرید کراکاوە ١٨٨٩ - ١٩٦٦ فۆتۆ ؛ ١٩٣٠ Siegfried Kracauer (* 8. Februar 1889 in Frankfurt am Main; † 26. November 1966 in New York
زیگفرید کراکاوە ١٨٨٩ – ١٩٦٦ فۆتۆ ؛ ١٩٣٠

لە نامەیەكیدا بۆ ڤالتەر بنیامین، زیگفرید كراكاوەر دەربارەى ڕۆمانی( گیۆرگ) ی خۆی دەنووسێت، كە «هێشتا لە هیچ شوێنێك قبوڵ نەكراوە»؛ ئەمە خۆ وەسفكردن و خۆ-دەربڕینێكی گونجاوە بۆ ئەو دۆخە گشتییەى كراكاوەر خۆی تێدا دۆزیبووەوە، تەنانەت پێش ئەوەی كۆچ بۆ پاریسیش بكات. لە هەمان نامەى ٢٤ی شوباتی ١٩٣٥دا، كە، بە تەنزە توند و دەربڕینە دژبەرئامێزەكەیەوە دەڵێت: «ئێمە ئێستا بە سەلامەتیی گەیشتووینەتە كۆتایی موتڵەقی ئامرازەكانمان»، ئەم دەربڕینە كە هەواڵێكی خۆشی پێ نییە، نەخشەى ڕوونی كراكاوەر بۆ ئەوە دەكێشێت كە چۆن داهاتووی بینیوە، پێش ئەوەى لە ١٩٤١دا بگاتە ئەمریكا:

«دەستكاریكردن و گۆڕانێکی ڕادیكاڵ تێماندا لە وڵاتانی ئەنگلۆ-سەكسۆن و فەڕەنسا [لەسەرمان] پێویست دەبێت. من بە تەواویی ئاگام لە سەختیی و قورساییەكانی ئەم كارە ناچارییە هەیە، بەڵام هیچ ڕێگایەكی دیكە شك نابەم. لە ڕاستیدا، ئەمجۆرە گۆڕان و دەستكاریكردنە بۆ من زۆر ئاسانترە بەراورد بە هەر كەسێكی دیكە، چونكە هەمیشە شوێنێكی نامۆم بۆ خۆم هەڵبژاردووە، تەنانەت ڕوانگەى دوژمنكارانە بەرانبەر بەو شتەى لەوانەیە پێیبگوترێت عەقڵییەتی ئەڵمانیی»[16].

ئەم گۆڕان و دەستكاریكردنەى كراكاوەر لەم نامەیەدا، لە ١٩٣٥، ئاماژەى پێدەكات، كۆی فەزای نووسراوەكانی تاراوگە، پاریس و پاشان، نیویۆرك، بۆخۆی داگیردەكات. بێگومان ژیانی تاراوگەنشینیی، ئەو فشارانەى یاسا، بێ شووناسیی، بێدەوڵەتیی، ئازارەكانی ڕاوەدوونان، ئاوڕدانەوە بۆ كارەسات و هتد، وەك قورساییەك دەیخاتە سەر شانی پەنابەران، شتێكە تەنها ئەوانە لە ئازارەكەى تێدەگەن، كە بە چاوێكی كراوە و وشیارەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. وێنەى تاراوگە، هەمان وێنەى ئەو شوێنە نییە كە پێیدەگوترێت ماڵ یان نیشتمان. هەمیشە تەم وێنەكانی تاراوگەی گرتووە. كراكاوەر هەرگیز لە ژیانی تاراوگەى خۆیدا ئۆقرەى نەگرتووە؛ لە سێپتێمبەری ١٩٣٩دا، بنیامین بە بێرتۆلت برێشت ڕادەگەیەنێت، كە كراكاوەر هێشتا تەواو خەمۆكە بەو گۆڕانكارییەى ڕوویداوە. خاڵێكی سەرنجڕاكێش بۆ ئێرە لە كتێبەكەیدا دەربارەى مێژوو هەیە: «مۆدێلی ڕاستەقینەى تاراوگەیی بوون، بریتییە لە مۆدێلی بێگانەیەك». بەو مانایە ئەگەر بێگانە نەبین، ناتوانین بە باشیی ئەزموونی شتەكان بكەین، ئەگەر خۆمان لە مۆدێلە باوەكانی بینین و دەرككردن دانەبڕین، ناتوانین لەو شتە تێبگەین كە ڕوویداوە. نیگا و ئاوڕدانەوەى پەنابەر، بۆ ئەو شوێنەى بەجێی هێشتووە، ئاوڕدانەوەیەكی زۆر ڕاستەقینەترە لە نیگای ئەو كەسانەى هەرگیز ئەزموونی بەجێهێشتنیان نەكردووە.

كۆچبەرانی ئەم گروپە دەڕۆن، چونكە چیتر وەك كۆچبەر ناتوانن بژین یان بمێننەوە یاخود تەنها لەو شوێنە بمێننەوە كە لە ئێستادا ئەوانی لێن. كۆچبەر دەجوڵێت و دەڕوات. كراكاوەر و بنیامین هەوڵی جوڵە و ڕۆیشتنیان دا. جوڵەیان كرد و ڕۆیشتن. دووبارە و دووبارە، بە دوای شوێنگەلێكدا دەگەڕان تیایدا بژین. زۆربەى كاتی خۆیان لە چاوەڕوانیی بەدەستهێنانی چەند قڕوشێكدا بەسەردەبرد. كراكاوەر داهاتوویەكی باشتری هەبوو، بەڵام ئەم نامەیەی بنیامین بۆ ئادۆرنۆ لە ١٩٣٨دا – كە بەرپرس بوو لە دابینكردنی هەر شانسێكی پەیوەندیی داراییانە بە پەیمانگای لێكۆڵینەوەى كۆمەڵایەتیی – بەباشی ترسی ڕۆژانەى ڕەتكردنەوە و برسێتیی، هەستیارییەكی تێكەڵ بە سۆز پیشان دەدات كە ئەوی ناچاركردبوو:

«بەهۆى گەیشتنی درەنگوەختی نامەكەت بۆ ماوەیەك تووشی نیگەرانیی ببووم، كە دەتوانیت بیری لێبكەیتەوە، واتا ئەو كاتەى گەیشتمە پەڕەگرافی ڕێگویس كەمێك پێش ئەوەى شتێك لە تۆوە ببیستم. لەژێر ناونیشانی “چاوەڕوانیی”دا ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە: “زۆربەى خەڵك هەموو بەیانییەك چاوەڕوانیی نامەیەك دەكەن. ئەوە نامە نییە دەگات، یان، ئەگەر بگات، نامەكە تەنها ڕەتكردنەوەى شتێكی تێدایە – بەگشتیی ڕاستیی[یەكی غەمگینی] بۆ ئەو كەسانە هەڵگرتووە، كە لەپێشەوە غەمگینن”. كاتێك گەیشتمە ئەم پەڕەگرافە، بەڕادەیەكی وەها خەمبار ببووم كە وەك شتێكی پێشبینیكراو وەریبگرم یان لەپێشەوە بۆچوونی ناو خودی نامەكەت بزانم. ئەگەر، دواجار، شتێكی هاندەر لە نامەكەدا بۆ من هەبێت (هیچ شتێك دەربارەى ڕوانگەى نەگۆڕاو ناڵێم كە نامەكە دەریدەبڕێت)، كەواتە ئەوە ڕاستییە كە ڕەخنەكانی تۆ، هەرچۆنێك بێت، بەشێوەیەكی وەفادارانە، دەبێت لەگەڵ هاوڕێیانی دیكەدا هاوبەش بكرێت، و ناكرێت وەك ڕەتكردنەوە لێكبدرێنەوە»[17].

 

ڤالته‌ر بنیامین
15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou)

 

ئەگەر ماخولیا و نیگەرانیی و ڕاڕایی لە ژیانی بنیامیندا بوونی هەیە، ئەوا دەبێت لێرە دابنرێت، بەشێوەیەكی تەواو كۆنكرێتیی، لەنێو قورسیی و سەختیەکانیك بڵاوكردنەوەى نووسراوەكانی و ترسی كەوتنە ناو هەژارییەوە. بنیامین كۆمەڵە هۆكارێك بۆ غەمگینییەکەی لەنێو ئەم نامەیەدا ڕیز دەكات – هەلومەرجی جووەکان لە ئەڵمانیا، بێهوایی خوشكەكەى لە نیشانەى نەخۆشیی، ترسی خۆى كە نابێتە هاووڵاتیی فەڕەنسیی، چونكە پێشتر ئەڵمانیای نازیی سەرجەمی جووەکانی لە هاووڵاتییبوون داماڵیبوو و هەموویان ببوونە بێدەوڵەت و بەگوێرەى یاسای ئەوسای هاووڵاتیبوونی فەڕەنساش، مرۆڤی بێدەوڵەت مافی بوون بە هاووڵاتیی فەڕەنسیی نەبوو، خۆ ئەگەر بنیامین یەك ساڵ پێش سەرهەڵدانی هیتلەر داوای مافی هاووڵاتیبوونی بكردایە، ڕەنگ بوو ئەو چارەنووسەى دەیزانین، بەجۆرێكی دیكە بووایە. ئەم هەلومەرجەى كۆچبەربوون، پەنابەربوون، ڕۆیشتن و ڕاكردنی بەردەوام، ببوو بە نیشتمانی جووە ڕۆشنبیر و هونەرمەند و بیرمەندەكانی ئەوروپا. هەر لەبەرئەمە، لەنامەی سەرەوەدا، دەبینین بنیامین زۆر غەمگینانە، نامەیەکی ئادۆرنۆ وەک هاوڕێیانە و وەفادارانە دەبینێت، کە ساڵانێک تێپەڕین ئەوسا زۆر خەڵک بۆیان دەرکەوت ئادۆرنۆ زۆر ناهاوڕێیانە لەو نامەیەدا ڕەفتاری کردووە، ئەی چی وا دەکات، بنیامین لەوپەڕی بێدەرەتانییدا ددان بەخۆیدا بگرێت و نامەکە هاوڕێیانە ببینێت؟ ئەزموونی دەربەدەربوون، پەنابەربوون و بێدەوڵەتیی وا لە مرۆڤ دەکات، وەک هانا ئارنت لە وتاری «ئێمەی پەنابەر»دا باسی دەکات، خۆی لەگەڵ هەموو دۆخەکاندا بگونجێنێت، چونکە لە پەنابەردا، قڵش و درزێکی قووڵی ئۆنتۆلۆژییانە دروست دەبێت. سەرەنجامی تراژیدیانەی بنیامین، کەمتر لە دوو ساڵ دوای ئەم نامەیە، بۆ هەمووان زانراوە[18].

 

لای کراکاوەر نیگای كۆچبەریی، پەنابەریی، تاراوگەنشینیی، وەردەچەرخێت بەرەو نیگای نووسینەوەى مێژوو، داڕشتنی تیۆری فیلم و ئاوڕدانەوە لە مێژووی سایكۆلۆژیی فیلمی ئەڵمانیی، ئەو فیلمانەى پێش هیتلەر، هاتنی ئەویان لە زەین و عەقڵییەتی مرۆڤی ئەڵمانییدا چاند و ئاسانیانكرد. لە ڕاستیدا پەنابەر، بە وەرگرتنی مافی هاووڵاتیی ئەو وڵاتەى كۆچیشی بۆ دەكات، هەرگیز ناگاتەجێ، هەمیشە لە جوڵە دایە. بۆ نموونە با سەیری وشەى پەنابەر لە زمانی ئەڵمانییدا بكەین: Flüchtling، ڕاكردن، هەڵاتن، فڕین، لە سەدەى شانزەدا بە مانای «خێرایی» لە هەڵاتندا، پاشان لە سەدەى حەڤدەدا بوو بە خێرایی لە توانەوە و بوون بە هەڵم و دیارنەمان. ئەم وشەیە بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڵام لە هیچ یەكێك لە قۆناغەكاندا، ئاماژە بەوە ناكات كە كەسی هەڵاتوو، دەگاتە شوێنی ئەمن و ئاساییش، بۆ نموونە لە سەدەى ١٦ تا ١٩دا ئەم وشەیە هەمیشە بە مانای یارمەتیی، گەڕان بەدووی شوێندا هاتووە. بە كورتیی، بەپێچەوانەى وشەى ئینگلیزییەوە، refuggee، گەڕان بەدووی پەناگایەكدا، گەیشتن بە پەناگا و شوێنێكی ئەمن، لە وشە ئەڵمانییەكەدا، هەمیشە جوڵەیەك هەیە كە ناگاتە شوێنی مەبەست، ناگاتە ژێر سەقف و سەرپەنایەک. ئەگەر لە دەربڕینە ئینگلیزییەکەدا، دۆزینەوەی پەناگەیەک هەبێت و تێیدا وەستان و ئیستێک ڕووبدات، لە وشە ئەڵمانییەکەدا، وەستان بوونی نییە، بەڵکو هەڵاتن و جووڵەی بەردەوام لە ئارادایە.

لەبەرئەوە، كراكاوەر هیچ كاتێك نەگەیشتە هەرێم و قەڵەمڕەوێكی دیاریكراو، ژیانی هەمیشە وەك ژیانێكی سەروهەرێمایەتیی، دەرەوەى قەڵەمڕەو (extraterritoriality) مایەوە. مێژوونووس/فیلمساز، تاراوگە وەك مۆدێلی بیركردنەوە و كاركردنی خۆی وەردەگرێت: «لەنێو بەتاڵیی بەنزیكەیی سەروهەرێمایەتییدا، واتا هەمان خاكی نا-مرۆڤ… مۆدێلی حەقیقیی بوون لە تاراوگە، مۆدێلی ئەو كەسەیە كە بێگانەیە… چەندین مێژوونووسی گەورە و مەزن هەن گەورەیەتیی و مەزنێتییەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەى كە ئەوان لە وڵاتی خۆیان دەركرابوون»، سەر بەدەرەوە بوون و لە تاراوگە، خاكی نا-شوێن، نیشتەجێ ببوون. ئەمەش وایلێكردبوون بە ڕاستی ببینن و لەڕێگای بینینیشەوە، ئەزموون بكەن. هەر ئەمەش وادەكات، كراكاوەر دوای كۆچكردنی و هەڵبژاردنی (بەزۆرەملێی) ژیانی پەنابەریی و تاراوگەنشینیی، ببێتە باگراوەندێك بۆ شیكارییەكی ڕەخنەى فیلم كە لەسەر بنەمای ڕەخنەى كۆمەڵایەتیی دامەزراوە. بینین دەبێتە ئەزموونكردن. كێ هێندەى كراكاوەر دەتوانێت ئەم ئەزموونە تیۆریزە بكات؟

بە گەڕانەوە و بەكارهێنانی چەمكی «ناوشیاریی ئۆپتیكیی» كە بنیامین لە ١٩٣١ بەدواوە بەكاریدەهێنێت، فیلم لای كراكاوەر دەبێتە تاكە جیهانێكی سەروهەرێمیی تیایدا نیشتەجێ ببێت، جیهانێك بۆ بینین (a world to be seen)، و ئەمەش وا لە تاراوگەنشین دەكات ئەزموونی ئەم جیهانە بەجۆرێك بكات كە ئەوانیدیكە ناتوانن بە ئاسانیی پێی بگەن. بنیامین پێیوابوو بە یارمەتیی كامێرا (لای كراكاوەر دەبێتە چاوی كامێرا) دەتوانین جیهانی ئۆپتیكیی لە فیلمدا بە شێوەیەك ببینین كە شتەكان بەجۆرێك ئاشكرا دەكات، پێشتر چاوی ئاسایی نەیدەتوانی بیانبینێت. ئەم دیدگایەى بنیامین لای كراكاوەری ئاوارە و تاراوگەنشین وەردەگێڕدرێت بۆ چاوی مێژوونووس/ڕەخنەگری فیلم لە دیاسپۆرا، چاوێك بەهۆی بینینەوە ئەزموونی جیهانی دەوروبەری خۆی دەكات. بێگومان وەكچۆن لە ڕێگای كامێراوە ناوشیاریی ئۆپتیكییمان بۆ ئاشكرا دەبێت، بەو چەشنەى پێشتر دەروونشیكاریی مامەڵەى لەگەڵ ناخودئاگای مرۆڤدا پێدەكرد، ژیانی تاراوگەنشینیش، بە یادەوەرییەكەیەوە، كە پەرت دەبێت و ئەركی چاوی كامێرا، كۆكردنەوەى ئەم پەرتەوازییەیە، بینینی ڕابردووی مرۆڤە، لە پێناوی بینینی ئێستادا. تەنها پەنابەر ئەو ئیمتیازەى هەیە هەندێك شت ببینێت كە ئەوانیدیكە نایبینین: كێشەكانی یاسا و مافەكانی مرۆڤ، كە مرۆڤی پەنابەر دەبێتە بێ مافێك لەسەردەمی بانگەشەكردن بۆ مافەكان. كامێرا لێرەدا دەبێتە چاوی ڕاستەقینەى پەنابەر. هانا ئارنت دەیگوت ئێمە لە بوونی مافێك بۆ هەبوونی مافەكان بە ئاگا هاتووینەتەوە، بەڵام مافێك بۆ ئەوەى هەتبێت دەبێت سەر بە كۆمۆنیتیی، كۆمەڵێكی ڕێكخراو بیت. ئەى چی دەبێت كەسێك سەر بە هەرێمێكی دیاریكراو نەبێت؟ لێرەوە قەیرانی قەڵەمڕەو (crisis of territoriality)[19] تەنها ئەو كەسە دەیبینێت، كە هەم لە ڕووی ناوەكیی و هەم دەرەكییەوە هەست بە هیچ جۆرە پابەندییەك ناكات. ژیانێكی سەروهەرێمیی، لە دەرەوەى سنوور دەژیت. كراكاوەر خۆی عاشقی چەمكەكەى گیۆرگ لۆكاچ بوو: «بێماڵیی دەرنشین» (transzendentale Obdachlosigkeit). لەو نامەیەى لە ٢٣ی ئۆكتۆبەری ١٩٢٣دا، بەگاڵتەوە بۆ تیۆدۆر ئادۆرنۆ و لیۆ لوێڤنتال پۆستكردبوو و لەسەری نووسیبوو لە «نووسینگەى بێماڵیی دەرنشین»ـەوە، ئێستا وادەردەكەوێت، ١٠ ساڵ دوای ئەو نامەیە، بۆ ئەبەد كەوتبێتە كەنارەكانی ئەم نووسینگەیەوە[20].

دوای جەنگیش، پەنابەران چیتر پێشوازیان لێنەدەكرا، سەرەڕای ئەوەى دیموكراسییەكانی خۆرئاوا جەژنی سەركەوتنی خۆیان بەسەر فاشیزمدا دەگێڕا، دوای سەردەمێكی تاریك، بانگەشەى گەڕانەوەى سەردەمێكی نوێی ڕۆشنگەریی، ئاشتەوایی و پێشكەوتنیان دەكرد، پەنابەرانی دوێنێ و كۆچبەرانی ئەمڕۆ بە نامۆیی و بێگانەیی مانەوە. وڵاتانی ئەوروپای كیشوەرییش، كە دوای هەڵسانەوەیان لەناو تەپوتۆزی وێرانەخاكدا، دەیانویست ئابوورییەكەیان بونیاد بنێنەوە، كەسیان نە لایان لە مرۆڤە دەركراوەكان دەكردەوە و نە هەروەها گرنگیشیان بە قڕكردنی جوو، كۆمۆنیستەكان، و ڕۆمانییەكانی ئەوروپا لەلایەن فاشیزمەوە دەدا. لە كاتێكدا كولتووری خۆرئاوایی پێدەچوو جەژنی گەڕانەوەی ئایدیای پێشكەوتن بگێڕێت، كە بەهۆی جەنگی مۆدێرنەوە ئاواببوو، پەنابەران و تاراوگەنشینان، بە دەنگدانەوە و بەكارهێنانی میتافۆرەكەى بنیامین، دەیانگوت خودی ئەم كارەساتە لەو شتەوە هاتووە کە ئەوان پێیدەڵێن پێشکەوتن[21].

لەڕووی كولتووریی، ئایدیۆلۆژیی، و سیاسییەوە ڕۆشنبیرانی جووی ئاوارە و تاراوگەنشین، گروپێكی چوونییەك نەبوون، بەڵكو سەر بە گەلەستێرەیەک بوون كە پانتاییەكی فراوانتری سیاسییان پێكدەهێنا، بۆ نموونە لە هیومانیزمی نیۆ-كانتییەوە (ئێرنست كاسیرەر)، بۆ بوونگەرایی (كاڕڵ لووڤیت)، لە لیبراڵیزمی كلاسیكەوە (هانس كیلسن) بۆ كۆنزەرڤاتیزم (لیۆ شتراوس)، لە سۆسیال دیموكراسییەوە (ڕودۆلف هیلفەردینگ)، بۆ كۆمۆنیزم (گیۆرگ لۆكاچ)، و لە ماركسیزمی نەگیراوی بنیامینەوە بۆ ماركسیزمی نائەرسەدۆكس (ئێرنست بلۆخ)، لە دامەزراندنی فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستەوە (زیگفرید كراكاوەر) بۆ كۆمۆنیستی ڕادیكاڵ (گونتەر ئەندەرس). هەموو ئەمانە لە تاراوگە دەژیان و هەمووشیان کۆمەڵێک بەرهەمیان پێشکەشکرد، کە ئەمڕۆ وەک سەرچاوەی بنچینەیی و کلاسیک سەیردەکرێن.

كراكاوەر لەناو بێگانەكاندا، زۆر بە وریایی، لە ڕووی سیاسیی، جیۆگرافیی و كولتوورییەوە، وەك سەروهەرێمییەك ژیا، ژیان لەنێو بوونێكی دووكەرت لەنێو دوو جیهاندا. دۆخی تاراوگەنشینیی (سەروهەرێمیی)، بەو جۆرەى گێرترود كۆخ ئاماژەى پێدەكات، وەك مۆدێلێك خزمەت بە شیكارییەكەی ئەو بۆ ئاراستەیەكی نامۆی مێژوونووس/ڕەخنەكاری فیلم دەكات[22]. بەكارهێنانی چەمك و زاراوەى «سەروهەرێمایەتیی» سەرەتا، پێش چوونی بۆ ئەمریكا، لە كتێبی «ژاك ئۆفنباخ» بەتایبەت لە بەشی «بولڤارەكان، لانەى بێماڵیی»دا دەردەكەوێت. لە پەرەگرافێكی كتێبەكەدا كە وەك بڵێیت پێشبینیی بەكارهێنان و تیۆریزەكردنی چەمكەكە لە كتێبی مێژوو، بە نزیكەیی دوای ٣٥ ساڵ دەكات، كراكاوەر باس لە ژیانی داندییەكان و دوورخراوەكانی بولڤارەكانی پاریسی دەیەى ١٨٤٠ دەكات و وەك «سەروقەڵەمڕەو» یان «سەروهەرێم» لەقەڵەمیان دەدات، كە خاوەن «ئاراستەى دڵتەنگیی، جودایی، تەنهایی»ن و ئەمەش ئەوانی لە پەیوەندیدا بە نەزمی باڵادەستەوە هێشتبووەوە[23].

دوای بیست ساڵ لەم بەروارە، پەیوەندیی نێوان تاراوگە، یادەوەریی و «سەروهەرێمایەتیی» لە كتێبی مێژوودا دەردەكەوێتەوە. لای كراكاوەر ئەزموونی تاراوگە، دەبێتە هۆی شیكاركردنی وەرچەرخان و گۆڕانی پەیوەندیی دەرككردن و ئەزموونی كەسەكە بە جیهانەوە:

«من بیر لە تاراوگەنشینێك دەكەمەوە كە وەك كەسێكی پێگەیشتوو فشاری لێكراوە وڵاتەكەى خۆی بەجێبهێڵێت یاخود لەسەر ویستی ئازادانەى خۆی بەجێیهێشتووە… و هەروەها ئەو شتە نامۆ و سەیرانەى [كە وادەكات] ئەو [دوورخراوە/مێژوونووس] هەرگیز بەتەوایی سەر بەو كۆمەڵەیە نەبێت كە ئێستا بەجۆرێك لە جۆرەكان تیایدایەتی…. ئەى ئەو لەكوێ دەژیت؟ لە بەتاڵییەكی نزیكی سەروهەرێمییدا، هەمان خاكی نا-مرۆڤ (نا-كەس)… مۆدێلی حەقیقیی بوونی تاراوگەنشین بریتییە لە بێگانەیەك»[24].

هاوشێوەى بنیامین، كراكاوەر و هاوسەرەكەى، لیلی، ڕاستەوخۆ ئەزموونی كاریگەرییەكانی تاراوگەیان كرد. لەگەڵ سوتاندنی ڕایشتاگ (پەرلەمانی ئەوكاتی ئەڵمانیا) لە ٢٧ی شوباتی ١٩٣٣، كراكاوەر لە بەرلین ڕایكرد و لە فەڕەنسا گیرسایەوە، لە پاریس و پاشان لە مارسەى، لەنێوان ١٩٣٣ تا ١٩٤١، ژیا. لە نامەكانیدا، كە لەو قۆناغەدا نووسراون، باسی ئەزموونی ژیانی تاراوگەنشینیی فەڕەنسا دەكات و دوو مانگیش لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەڕەنساوە، خراوەتە كەمپێكەوە لە دەرەوەى پاریس[25]. نۆ مانگ لە مارسەى لەنێو «ترس و بەدبەختیی»دا ژیاوە – پاشان بە یارمەتیی بەردەوامی لوێڤنتال و مایەر شاپیرۆ، كۆچدەكات بۆ ئەمریكا و لە كەنارەكانی نیویۆرك لەنگەر دەگرێت. ئەزموونێكی دیكەى تاراوگەنشینیی دەستپێدەكات، كە ڕەنگدانەوەى بەسەر نووسینەكانیدا هەیە و لەم كتێبەدا لە كاتی شیكاریی تیۆرەكانی، بەتایبەت كراكاوەری پاریس و نیویۆرك خوێنەر زیاتر دەركی مۆدێلی ڕاستەقینەى دەرككردن و بینینی تاراوگەنشینێك دەكات، چ لە شیكاریی فیلمی سایكۆلۆژیی ئەڵمانیی و چ لە تیۆری فیلم و تا دواجار، دامەرزراندنی فەلسەفەیەكی ڕادیكاڵی مێژوو.

[تێبینیی: بەشێکی ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبی: لەکۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر، نووسینی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠، وەرگیراوە، هەڵبەت دەستکاریی و زیاد و کەمی کراوە].

 

 

سەرچاوەکان

[1] Hannah Arendt, ‘Organized Guilt and Universal Responsibility’, Jewish Frontier (January 1945), pp.19–23; reprinted in Roger Smith (ed.), Guilt: Man and Society, New York: Doubleday, 1971.

[2] Hannah Arendt, ‘The Image of Hell’, Commentary 2/3 (1946); reprinted in Hannah Arendt, Essays in Understanding, 1930, 1954, New York: Harcourt Brace, 1994, pp.197–205.

[3] Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism, New York: Harcourt Brace, 1976, p.123.

[4] Hannah Arendt, Essays und Kommentare: Die Krise des Zionismus, Band 2, herausgegeben von Eike Geisel und Klaus Bittermann, Edition Tiamat, 1998, s.193.

[5] Enzo Traverso, The End of Jewish Modernity, translated by David Fernbach, Pluto Press, London, 2016, p.60.

[6] كتێبەكەى ژان میشێل پالمە “ڤایمار لە تاراوگە” لە 1000 لاپەڕەدا، یەكێكە لە دەوڵەمەندترین ئەو ئەرشیڤانەى مێژووی مرۆیی، كە ئەم تاراوگەنشینبوونەى كولتووری ئەڵمانیی تۆماركردووە، كە پێشتر سەبارەت بە سوتاندنی كتێب، ئیقتباسم لێكردووە.

[7] Thomas Mann, Doktor Faustus, Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2012.

[8] ئەوانەى دەیانەوێت كتێبەكەى كاسیرەر بە كوردیی بخوێننەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ كتێبی ئەفسانەى دەوڵەتی ئێرنست كاسیرەر، لە وەرگێڕانی دلێر میرزا، كە بەداخەوە شوێن و ساڵی چاپەكەیم بیر نییە.

[9] Erich Auerbach, Mimesis. Dargestellte Wirklichkeit in der abendländischen Literatur, Francke Verlag, Bern 1946.

[10] Karl Löwith, Von Hegel zu Nietzsche. Der revolutionäre Bruch im Denken des neunzehnten Jahrhunderts, Meiner Felix Verlag für Philosophie, Hamburg, 1995.

[11] Ernst Bloch, Das Prinzip Hoffnung, 3 Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1977.

[12] Georg Lukács, Die Zerstörung der Vernunft – Der Weg des Irrationalismus von Schelling zu Hitler, Hermann Luchterhand Verlag, Darmstadt, 1981.

[13] Fritz R. Stern, The Politics of Cultural Despair A Study in the Rise of the Germanic Ideology, University of California Press, Berkeley, 1961.

[14] Enzo Traverso, To brush against the grain: the holocaust and GermanJewish culture in exile, Journal of Totalitarian Movements and Political Religions, Volume 5, 2004 – Issue 2, pp.246-247.

[15] سەبارەت بە ڕۆشنبیرانی جولەكەى تاراوگەنشین، بێدەوڵەت و كۆچبەران، لە هانا ئارنتەوە تا ئایزایا بەرلین، بگەڕێنەوە بۆ كتێبە نایابەكەى شیلا بن حەبیب:

Seyla Benhabib, Exile, Statelessness, and Migration: Playing Chess with History from Hannah Arendt to Isaiah Berlin, Princeton University Press, Princeton and Oxford, 2018, pp.1-9.

[16] Walter Benjamin, Briefe an Siegfried Kracauer, mit vier Briefen von Siegfried Kracauer an Walter Benjamin, Hrsg, Theodor W. Adorno, Marbacher Shcriften, 27, Marbach, 1987, s.82.

[17] Walter Benjamin, Selected Writings: 1938-1940, vol.4, translated by Edmund Jephcott and Others, edited by Howard Eiland and Michael Jennings, the Belknap Press of the Harvard University Press, Cambridge and London, 2003, p.109.

[18] هانا ئارنت، ئێمەی پەنابەر، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، سایتی مینێرڤا، ٢٠٢٢، http://minervapubl.com/post80-2/

[19] سەبارەت بە قەیرانی قەڵەمڕەو بگەرێنەوە بۆ:

Seyla Benhabib, The Rights of Others: Aliens, Residents, and Citizens, Cambridge University Press, 2004, pp.4-7.

[20] Leo Löwenthal, As I Remember Friedel, New German Critique, N. 54, Fall 1991, pp.5-19.

[21] بۆ ئەم مەبەستە، واتا ڕەخنەى بنیامین لە چەمكی پێشكەوتن، پێش سەرهەڵدانی هۆلۆكۆست و ئاوشڤیتز، بگەڕێنەوە بۆ:

پێشڕەو محەمەد، كەرنەڤاڵی شكستخواردوان: خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ ‘تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو‘ی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، 2020.

[22] Gertrud Koch: “‘Not yet accepted anywhere’: Exile, Memory, and Image in Kracauer’s Conception of History”, New German Critique, No. 54 (Fall, 1991), p.105.

[23] Siegfried Kracauer, Jacques Offenbach und das Paris seiner Zeit, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1994, pp.74-75.

هەروەها سەبارەت بە ئاوارەكان، دوورخراوەكان، سەرهەڵدانی دیاردەى داندی و داندییزم و پەیوەندیی بە ئەریستۆكراتییەوە، شیكاریی ماركس و بنیامین و بودلێر بۆ ئەم دیاردەیە بگەڕێنەوە بۆ:

ئێنزۆ تراڤێرسۆ، بۆهیمیا، نەفیكردن و شۆڕش: چەند تێبینییەك دەربارەى ماركس، بنیامین و ترۆتسكی، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، 2017.

[24] Siegfried Kracauer: History: The Last Things Before the Last, completed after the Death of the Author by Paul Oskar Kristeller, Markus Wiener Publishers, Princeton, 1995, pp.83-84.

[25] Siegfried Kracauer, 1889-1966: Marbacher Magazin, No. 47, ed. by Ingrid Belke/Irina Renz, Marbach am Necker: Deutsche Schillergesellschaft, 1989, p.95.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌