هيرتا مولەر لەدایکبووی 17 ئاوگوستی 1953 - له‌ ساڵی 1987 وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ هاتۆته‌ ئه‌لمانیای رۆژئاوای جاران و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبلی ساڵی 2009

کۆستیکا براداتان؛ زمانی بەرگریی لای هێرتا مولەر


Loading

زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە. ئاخر زمان دەتوانێ تۆ بکوژێت، ئەو کەسانەی بۆ ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ئیشیان کردووە لە هەموو کەس باشتر ئەوە دەزانن. گۆڕاندان بە زمان دەشێ ببێ بە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سیاسی.

ئەو جۆرە ڕژێمانە هەموو کات پێویست نییە خەڵك زیندانی بکەن؛ هەندێ جار ئەوەندە بەسە، کە بیر و هۆشیان بەڕێی زمانەوە داگیربکەن. (جۆرج ئۆرویل) لە کتێبی (هەزار و نۆسەد و هەشتا و چوار 1984)دا زۆر بەوردی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە، بەڵام تۆ ناتوانی بەتەواوی لەوە تێبگەی داگیرکاری زمانەوانی واتای چی، تاکو تۆ بەدبەختی بوون بە قوربانی ئەوت نەبێت. پاشان تۆ تێدەگەی چۆن کاتێ ڕژێم دێتە نێو زمانتەوە، دەتوانێ هەر شتێك بکات، کە ئه‌و دەیەوێ. تۆ هیچی دیکە خۆت نیت؛ تۆ لەژێر داڕنینی سیاسیدای؛ ”تۆ بە سەئات دەتوانی دەمت بکەیەوە و دایبخەی، بئاخڤی بەبێ ئەوەی هیچ شتێك بڵێی”.

ڕەنگە ئەو بەدبەختییە بێ، وەهای لە (هێرتا مولەر  – Herta Müller  ‌)  کردبێ زۆر گرنگی بە زمان بدات، گرینگیدان بە دەسەڵات و ڕەهەندی سیاسی زمان، هەروەها بە ناسکی و جوانییەکەشی. مولەر لە ڕۆمانیای کۆمۆنیستی هاتۆتە ژیان و گەورە بووە، ئەو وەرگری خەڵاتی نوبڵی ئەدەبییە بۆ ساڵی ٢٠٠٩. مولەر خولیایەکی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی زمانەوانی تۆتالیتاریانیزم هەیە. بۆیە ڕەنگە مولەر پلەی ئۆنتۆلۆگییەکی تایبەت بە پەیڤین ببەخشێ، لە کتێبی ‘فریشتەی برسێتی’ (٢٠٠٩)دا، زمان شتێکی زیندووە، ئافرێنراوێکە تێکەڵ بە کارەکتەرەکانی دیکەی نێو چیرۆکەکە بووە. لە ڕوانگەی کارەمانی- گێڕەرەوە (ی چیرۆکەکەوە) زمانی ڕووسی ”زمانێکە تووشی نەخۆشی بووە” ئەو وەك جۆرێك لە چەوسێنەر لە زمان تێدەگات: ”وشەگەلێك هەن هەر چییەکیان بوێ لەگەڵ مندا دەیکەن”.

 

لە کتێبی ‘بەڵێنی دیدەنییەکە’ (١٩٩٧)دا بە تەنیا زمان دەسەڵاتی گۆڕاندان بە جیهانی ڕاستەقینەی هەیە: ”هەندێ شت خراپ نین، تاکو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. هەرچەندە حەزی مولەر بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان زمان و سیاسەت درێژنابێتەوە بۆ نێو هەموو ڕۆمانەکانی، بەڵام ئەم حەزە لە گۆتارەکانیشیدا پەرچێندراوە، کتێبی ‘کریستینا و دووانەکەی’ گەواهیدەرە بۆ ئەمە. نووسینەکانی ئەو کۆمەڵە گۆتارە بەتەواوی خۆ- ژیننامەیین؛ لەم ڕووەوە ئەوان گۆتارن لەنێو هەقیقەتدا، بە تێگەیشتنی مۆنتاین بۆ وشەکە. مۆنتاین دەبێژێ ”گەر هۆشم بتوانێ پنتێکی چەسپ بباتەوە، ئەوا من نامەوێ گۆتار چێبکەم، دەمەوێ بڕیاربدەم. بەڵام هەمیشە ئەوە لەنێو کردەی فێربوون و دادگاییکردندا دەمێنێتەوە”.

ڕەنگە مولەر ببێژێ؛ گەر بتوانم تۆڵە لە ڕابوردوو بکەمەوە، ئەوا سەبارەت بە شتێکی دیکە دەنووسم، بەڵام ڕابوردوو لە کۆڵم نابێتەوە، بە جۆرێك بۆ خودی خۆم بوومە بە ‘مەتەڵ’. بۆئەوەی بگوازمەوە، گەرەکە بۆ ڕابوردوو بگەڕێمەوە.

مولەر پاش دەرچوونی لە کۆلێژ، بۆ ساڵانێك لەلایەن پۆلیسی نهێنیی ڕۆمانیا، سێکیوریتێ (Securitate)ی بەد ناوەوە هەراسانکرابوو. کاتێ مولەر ڕەتی کردەوە ببێ بە سیخوڕ، ئەوان هەڵمەتێکیان لە دژی ڕێکخست. مولەر خرایە ژێر چاودێریکردن و پرسیارلێکردنێکی ستەمکارانەی پۆلیسی نهێنییەوە. هەروەها هەڕەشەی کوشتن، دەنگۆی ناڕاستیان لە دژی مولەر بڵاودەکردەوە بۆ لەکەدارکردنی، تەنانەت دەنگۆی ئەوەش، کە مولەر بووە بە سیخوڕ. ئەو هەڵمەتە لە ناوەڕۆکدا لەبارەی ڕووشاندن، چوار پەلی شکاو، و پەنجەرەی ورد و خاشکراوەوە نییە، بەڵکو لەبارەی شتی نەبینراوە. بە شێوەیەکی سەرەکی توندوتیژی ڕژێمی تۆتالیتاری هۆشەکییە، نەك جەستەیی. بۆیە لێرەدا کێڵگەی شەڕ جەستەت نییە، بەڵکو هۆش و زمانی ئاخافتنتە. تۆ لەنێو مێشکتدا نەك لەسەر شەقامەکان دژی ئەو جۆرە ڕژێمە بەرگری لە خۆت دەکەی.

 

مولەر لە کتێبی ”کریستینا و دووانەکەی” و لە شوێنی دیکەشدا، گەورەترین دەستکەوتی ئەوەیە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی تاکەکان لە بەرانبەر سیستەمی تۆتالیتاری وەك شەڕ لەسەر وشەکان، دیسکورزەکان (فەرمی یان هەڵگەڕاوە)، چیرۆکی ژیان (گەورە یان بچووك)، ژمێرەی مێژوویی، گێڕانەوەی شاد، کتێبی-خوێندنی مێژوویی و ئەرشیفەکان دیاردەهێنێ. بۆیە تۆتالیتاریانیزم بە پلەی یەك پڕۆژەیەکی زمانەوانییە. تەنانەت لەنێو ستەمکارانەترین زنجیرەی هاڤڕکێیەکانی مولەر لەگەڵ پۆلیسی نهێنی زمان- نێوەندە. ئەوان بە لێکۆڵینەوە لە مولەر سەرەتادەگرن، ئاخر مولەر بە ‘ڕاگەیاندنی دژایەتی بەرانبەر بە دەوڵەت’ تۆمەتبارکراوە.  لەتەك ئەو جۆرە تۆمەتبارکردنەدا، پرسیارلێکەر(ی پۆلیس) ئامرازی ئەشکەنجەدان دژی مولەر بەکارناهێنێ، بەڵکو وشە بەکاردەهێنێ. مولەر دەبێژێ ”لە ماوەی قۆناغە سەرکەشییەکانی هاڤڕکێکەدا، لێکۆڵەرەکە پێی دەگۆتم (سلە گوو، پیس و چەپەڵ، مشەخۆر، سۆزانی…) کاتێ هێمنتر دەبوو پێی دەگۆتم؛ سێکسفرۆش یان دوژمن”. هەڕەشەی مەرگ لە قۆناغی دواتر دەهات، دوای ئەمەش هێشتا بەرگەی دەگیرێ، ئاخر ”ئەوانە بەشێکن لە تاکە ڕێگەی ژیان، کە کەسێك هەیەتی، چونکە کەس ناتوانێ لەوە زیاتری هەبێت”. دەشێ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مەرگ، تۆ بەهێزتر بکات. مولەر دەبێژێ ”تۆ قووڵ لەنێو ڕۆحتدا، بەرهەڵستی ترس دەکەی”. لە ڕاستیدا، هەڕەشەی مەرگ فۆرمێکی دانپێدانانە: تۆ وەك دوژمن ڕەفتارت لەگەڵ دەکرێ، تۆ وەك شتێك دانپێدانراوی، ڕژێم دەبێ ژمێرەت بۆ بکات؛ واتا بەهەندت وەربگرێ.

لەوە خراپتر بوختانەکانن، کە ڕژێم هەڵیان دەبەستێ و دەیان خولێنێتەوە تاکو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تۆ لەناوبەرێ. وەك مولەر ئاشکرای دەکا ”بوختان ڕۆحت دەبڕێ، ئاخر تۆ بەتەواوی دەورەدروای”. ئەو تاکتیکە هیچ نیشانەیەکی دانپێدانان بە تۆ نابەخشێ- تۆ وەك هیچ، وەك خاشاك ڕەفتارت لەگەڵ دەکرێ. ئەو جۆرە شاڵاو و هەڵمەتی بوختانانە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا، دەتوانێ پۆلیسی نهێنی وەك کارگەیەکی ئەدەبی دیاربهێنێ. ئاخر ئەوەی ئەوان دەیکەن چێکردنی کارەکتەرەکانە؛ ئەوان خەڵکان دەئافرێنن و فڕێیان دەدەنە نێو جیهانەوە.

ساڵانێك دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم، کاتێ مولەر دەتوانێ فایلەکەی خۆی لە پۆلیسی نهێنی ببینێ، لە ئەرشیفەکاندا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە ئەو تەنیا کەسێك نییە، بەڵکو دوو کەسی جیاوازە. ”یەکێکیان کریستینا، دوژمنی دەوڵەتە، کە گەرەکە دەوڵەت بەرەنگاری ببێتەوە” جگە لە ناوەکە ئەو کارەکتەرە بۆ مولەر ئاشنایە، ئاخر شێوەیەکی خۆیەتی لەلایەن سیخوڕ و دەستنووسیارەکانی ڕژێمەوە داڕێژراوەتەوە. کارەکتەری دووەم، خەیاڵی پەتییە، پۆلیسی نهێنی مولەرێکی ساختە (دووانە کریستینا) دروست دەکەن تاکو مولەری ڕاستەقینە لەکەداربکەن. ئەم بەرهەمە ئەدەبییە هەموو ئەو کەرەستانە لەخۆدەگرێ، کە بۆ من زۆر تێکشکێنەرن- کۆمۆنیستی چەسپیوو و نەگۆڕ، بریکاری بێبەزەیی، ئەندامی حیزب، ‘ئیشکردن بۆ حیزب’ یان بۆ ‘قەڵغان و شمشێرەکەی’. وەك ئەوەی پۆلیسی نهێنی بە خۆشەویستییەوە باسی دەکرد، بە زۆری وەك ئیشێکی پیس دەبینرێ، شتێك، کە دەتوانێ تۆ لە سەنگینی و ڕێزمەندی کۆمەڵایەتی دابماڵێت. ئەندامانی توێی ناوەوەی حیزب باشتر لە هەر کەسێك ئەوە دەزانن.

‘سۆسیالیزمی زانستی’ زاراڤێك بوو لە یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات، هەرچەندە بانگەشەی فۆڕمێکی ڕێکخراوەیی ئاوەزمەندانەی پەتی دەکەن، سیستەمە تۆتالیتارەکان بە زۆری گریمانەی نائاوەزی بەکاردەهێنن. یەکێك لەوانە باوەڕبوونە بە دەسەڵاتی جادوویی زمان بۆ گۆڕینی شتەکان. لە کولتوورە سەرەتاییەکاندا، بۆ نموونە خەڵك بڕوایان وابوو، کەوا بەڕێی کرداری ‘ناولێنان’ تۆ دەتوانی بەتەواوی شتێك بهێنیتە نێو بوونەوە، هەروەك تۆ دەتوانی بەڕێی دووبارە ‘ناولێنانەوە’ شتێك بگۆڕی. بۆ ئەو خەڵکانە جیهان شوێنێکی جادوو لێکراوە، تۆ دەتوانی ئیشی لەسەر بکەی و ببی بە سەروەری، ئەگەرچی، جادوو، نوشتە و دوعاشی لێکرابێت.

 

تۆتالیتاریانیزمی کۆمۆنیستی بە هەمان باوەڕەوە ئیش دەکات. کاتێك یەکەم کتێبی مولەر لە ڕۆمانیا بڵاوبووەوە سانسۆرڤانەکان لەتەك شتگەلێکی دیکەدا وشەی ‘باووڵ (suitcase)’یان لادەدا. ئاخر کاتێ تۆ دەڵێی ‘باووڵ’ واتا ‘پێچانەوە’ کە مەبەست ‘جێهێشتنە’. مەبەستەکە ‘جێهێشتنە بۆ چاکە’ واتا وڵاتەکە بەهەشتی سۆسیالیستی نییە، کە هیچ کەس بە ئارەزووی خۆی جێی ناهێڵێ. گریمانەی نائاوەزی ئەوە بوو، ئەگەر ‘باووڵ’ ئاماژەی پێنەکرێ، ئەوا خەڵك بیر لە کۆچکردن ناکاتەوە. وەك لە هزرینی جادووییدا، ئەوەی ناوی نەهێندرابێ، لێرەبوونی نییە.

 

هارتا مولەر وەک پەناهەندەیەک لە کەمپی پەناهەدەکانی نورمبيرگ – مارسی ١٩٨٧
Herta Müller und Richard Wagner im Durchgangslager Nürnberg, März 1987 © Archiv Richard Wagner, Foto: Matthias Müller-Wieferig

ئەوە دۆخێك بوو لە گشت وڵاتانی کۆمۆنیستی، نەك تەنیا لە ڕۆمانیادا. ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات نموونەگەلێکی سەیر بە مولەر دەدا. ‘وشەی جانەوەرەکان’ کەوا دەبێتە ‘گاڵتە و گەپێکی نامەبەستەکی’، بۆ نموونە وەك بەشێك لە پلانی دەرکێشانی ئاین لە دیسکورزی گشتی، ئەندازیارە زمانەوانییەکانی وڵات، ناویان لە فریشتەکانی داری کریسمەس نابۆوە ‘بوونەوەرە هەڵواسراوەکانی کۆتایی ساڵ‘. بە هەمان شێوە زمان و وێناکانی مەرگ وەك تێکدەری هەستی شادیی بێکۆتایی دەبینرا، کە هاووڵاتیانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بە ڕەهایی ئەزموونی دەکەن. بۆیە دەبێت شتێك لەبارەیەوە بکرێ. بۆ نموونە ناو لە وشەی ‘تابووت’ دەنێنەوە ‘شتوومەکی زەمینی’. هەروەها ناو لە نووسینگەی بەرپرس لە ڕێکخستنی ئاهەنگ و پرسەکان بۆ دەسەڵاتدارانی حیزب، دەنێنەوە ‘بەشی شادی و غەمگینی’، کە ، زۆر بەشێوەیەکی مەبەستەکی و سەیر هۆنەرانەیە.

لە پشتی ئەو هەموو هەوڵدانە، ئەو باوەڕە هەیە، کە زمان دەتوانێ جیهانی ڕاستەقینە بگۆڕێ. ئەگەر زاراڤە ئاینییەکان لە زمان دەرهێندران، ئەوا خەڵك هیچی دیکە هەستی ئاینی نابێت. ئەگەر زاراڤەکانی مەرگ بە دروستی بونیادبنرێن، ئەوا خەڵك هیچی دیکە لە مردن ناترسێت. ئێمە ڕەنگە ئەمڕۆ بەوە پێبکەنین، بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا ئەم جۆرە سیاسەتە گۆڕان بەرهەمدێنێ؛ ئەگەرچی گۆڕانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەش نەبێت. لێرەدا گۆڕانەکە لە هەڵوێستی خەڵکی نییە بەرانبەر بە مەرگ یان جیهانی دوای مەرگ، بەڵکو گۆڕانە لە توانستی تێگەیشتنیان لەبارەی ئەوەی ئێستا چی ڕوودەدات. بەهۆی ئەوەی زمان بەشێکی گرنگە لە داڕشتنی خود، کاتێ دەوڵەت تۆ دەخاتە ژێر شاڵاوی هێرشێکی بەردەوامی زمانەوانییەوە، تۆ پێی بزانی یان نا، تێگەیشتن لەوەی تۆ کێی و شوێنەکەت لەنێو جیهاندا چییە، بەتوندی کاریگەری لەسەر نوێندراوە. زمانەکەت تەنیا شتێك نییە، تۆ بەکاری دەهێنی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لەوەی تۆ چیت. لەبەر ئەو هۆیە هەر داڕنینێکی سیاسی، کە تێیدا زمان بەکاربێ، ئەوا لە درێژخایەندا تۆ لە ڕووی هۆشەکی، جڤاکی، و لێرەبوونەوە گۆج دەکات. کاتێ تۆ ناتوانی بەڕوونی بهزرێی، ئەوا ناتوانی کردارگەلێکی پێکەوە- گونجاو بنوێنی. دەرەنجامێکی وەها ڕێك ئەوەیە، کە سیستەمە تۆتالیتارەکان دەیانەوێ: هەمیشە خەڵك تووشی گۆجبوونی شارییانە (sivic) بکەن.

نووسەر دەتوانێ لەنێو دۆخێکی وەهادا چی بکات؟ ئەو دەتوانێ کەلێنێك لەنێو زماندا چێبکات، کە ڕژێم نەتوانێ هێرشی بۆ بهێنێ و داگیری بکات. ئەگەر سیستەمەکانی دەسەڵات توانستی خۆیان بۆ کاریگەرینواندن لە مێشکی خەڵکان لە زمانەوە ببەنەوە، ئەوا گەرەکە هەر بەرگرییەکیش لەنێو خودی زمانەوە بهێنرێتەگۆڕێ.  ڕەنگە ڕژێم هزرینی جادوویی بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاربهێنێ، بەڵام نووسەر دەتوانێ بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە بەڕێی جادووگەرێتی خۆیەوە. شێوازی مولەر بە زۆری وەك ڕیالیزمی جادوویی دەناسرێ. لەو گوندەی لە یەکەم کتێبی مولەر ‘خراپترین ساتەکان’(١٩٨٢)دا خەڵك بە زمانی خۆیان ناو لە شتەکان دەنێن. ئێمە ‘شارەدار’ دەبینین، کە لە گوندەکە پێی دەگۆترێ ‘دادیار’، ئەلکهولییەکان پێیان دەگۆترێ ‘مەستەکان’، ناکهولییەکان و جگەرەنەکێشەکان، کە کەسانی بێمێشك بوون، پێیان دەگۆترا ‘ڕێزمەندەکان’، دووکانی دەلاك پێی دەگۆترا ‘دیوەخانی دەلاك’، فرۆشگەی هەرەوەزی پێی دەگۆترا ‘ناوەندی بازرگانی’. گوندەکە ژیانێکی هەیە تەنیا بەڕێی بەکارهێنانی زمانێکی دروستەوە دەتوانرێ لێی تێبگەی. لە زستاندا ئەو ڕووەکانەی زوقم دەیان بەستێ، پێی دەگۆترا بەستن-ڕووەو- مەرگ؛ لە بەهاردا بەهۆی تەڕێتی و خووسانەوە پێی دەگۆترا داوەشان- ڕووەو- مەرگ؛ لە هاویندا بەهۆی گەرمییەوە پێیان دەگۆترا هەڵقرچان- ڕووەو- مەرگ.

زمان لەو شوێنە دوورە دەستەدا لەلایەن هەر خۆسەپاندنێکی سیاسییەوە بە کاریگەری لێنەکراوی دەمێنێتەوە: شێوە زمانی فەرمی ناتوانێ بێتە گوندەکەوە. ئەو سەربەخۆیییە، گەرەکە پێی بگۆترێ ئازادی زمانەوانی. ئەمە ترووسکەی هیوایەك بە مولەر دەدات: نووسەر لە ئیشەکەیدا دەتوانێ لاسایی ئەو گوندنشینانە بکاتەوە و تا ڕادەیەکی دیاریکراو سەربەخۆیی خۆی لە سیستەمی فشارەکان بپارێزێ. ڕەنگە ئەوە لە بەرگری لە خۆکردنێك بەڕێی نووسینەوە پتر نەبێت، بەڵام هەندێ جار ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ژیانی نووسەر و هی ئەوانی دیکەش شیاوی ژیاندن بکرێ.

مولەر لە گوندێکی ئەڵمان-زمان هاتۆتە جیهانەوە و گەورەبووە، کاتێ چواردە ساڵان بووە، زمانی ڕۆمانیایی فێردەبێ، ئەو کاتەی دەچێ بۆ نزیکترین گەورە شار- تیمیسوارا (Timișoara). مولەر دەڵێ؛ سەرەتا ئاسان نەبوو، ڕۆمانیایییەکان ‘وەك پارەی خەرجی لەگەڵ من ڕەفتاریان دەکرد، هەر کاتێ لە دووکانەکەدا شتێك سەرنجی ڕادەکێشام نەك پارەکەم، ئەوە بەس نەبوو پارەی بۆ بدەم’. ئەو مەبەستی هەرچییەك بێ لە گۆتنی ‘گەرەك بوو پارەکە بەرانبەر بە وشەکان بدرێ، وشەگەلی زۆر هەبوون، من نایان زانم، ئەو کەمەی دەم زانین لە کاتی خۆیدا فێریان نەبووم’. مولەر هەرچەند ڕۆمانیاییەکەی پاراو دەبوو، خۆشەویستییەکی بێمەرج، خۆشی و جادوویی بۆ زمانی ڕۆمانیایی گەشەپێدەدا، کە هەندێ جار ئاخێوەرانی زمانی- نازگماکی دەتوانن لە زمانە تازەکەدا بیدۆزنەوە. لێرەوە هەست و سۆزی بۆ زمانی ڕۆمانیایی مولەر وەك نووسەرێك دەفۆڕمێنێ، ئەگەرچی مولەر بۆ نووسینە ئەدەبییەکانی ئەو زمانەی بەکاریش نەهێناوە. مولەر دەبێژێ زمانی ڕۆمانیایی ”هەمیشە لە نووسیندا هاوەڵم بووە، ئاخر ئەو لەنێو ڕوانینمدا ڕوواوە”. ڕۆمانیایی زمانێكی ڕۆمانسییە، بەڵام بە بەردەوام وشە لە زمانەکانی دیکەی وەك: سلاڤی کۆن، تورکی، هەنگاری، ئەڵمانی … هتاد وەردەگرێ. لە ئەنجامدا بووە بە زمانێكی فرە توێ، بۆیە ئاخێوەر دەتوانێ دەڤەرە جوداوازەکانی زمانەکە بەکاربهێنێ بۆ ئەوەی پەیڤەکەی هاوکات توند و گاڵتەئامێز، دۆستانە و هەڕەشەئامێز، لاسایی و ڕەسەن دیاربهێنێ. فەیلەسوف ئەمیل سیۆران بە جوانی هۆڤانییانەی زمانی ڕۆمانیایی مەست دەبوو، ئەو پێی دەگۆت ‘بلیمەتیی بەربەرییانە’. ئەوەی مۆلەری چواردە ساڵان لە تیمیسوارا ئەزموونی کرد، پاشان بوو بە خاپاندنێکی هێواش بەڕێی زمانە تازەکەیەوە، کە پتر و پتر لەنێو هۆشیدا دەخولایەوە. ڕۆمانیایی زمانێکی ‘هەستەکی، بێشەرم، و هۆشسوڕمێن جوانە’.

گەر مولەری چواردە ساڵان بەڕێی ناوازەیی و جوانیی بەربەرییانەی زمانی ڕۆمانیایییەوە جادووی لێکرابێ، ئەوا مولەری نووسەر بەڕێی سیاسەتە ناواخنییەکانی زمانی ڕۆمانیاییەوە هێرشی دەکرێتە سەر. مولەر ‘وێنە و خوازە سەرکەشییەکانی’ زمانی ڕۆمانیایی دەدۆزێتەوە و تێبینی ئەوە دەکات، چۆن ‘وشەکانی وەك نادیار دێن، بەڵام هەڵوێستێکی سیاسی تەواویان لەخۆیاندا هەڵگرتووە’. ئەمە هەڵوێستی مانەوەیە لەنێو دووبارەبوونەی کارەساتە مێژوویییەکان- گرتن، داگیرکردنی بێگانە، دیکتاتۆرێتییەکان. ژیان زۆر کورتە و ئەو هەژەندانەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەشێوەیەکی پڕ کارەمانانە زۆر گەورەن، بەڵام هەندێ گاڵتەکردن بەو هەژەندانە، و چێکردنی نوکتەیەکی سیاسی باش، دەشێ بەهای هەڵوێستێکی سیاسییانەی هەبێت. ڕژێمی کۆمۆنیستی لە دووەم جەنگی جیهانیدا لەنێو تانکە ڕووسییەکانەوە سیخوڕی بەسەر وڵاتەوە دەکرد. ڕۆمانیاییەکان یاخی نەدەبوون، بەڵکو بە ڕووسییەکانیان دەگۆت سیسرك، لێرەوە پیشەسازییەکی نوکتەی سیاسیان پەرەپێدا، کە یەکێتیی سۆڤیەت بەشێوەیەکی دیار ژمێرەیان بۆ دەکرد. ئەوە بە جۆرێك یارمەتی ڕۆمانیایییەکانیدا بۆ مانەوە، ئەگەرچی بەشێوەیەکی ناجێگیریش بێت. ڕۆمانیاییەکان بەڕێی زمانەکەیانەوە شوێن-پێی خۆیان لەنێو ڕەوتی مێژوودا دەنەخشێنن.

هۆکارێکی ئەو حەزە تایبەتەی مولەر بۆ زمانی ڕۆمانیایی هەیەتی، توانستی ناکۆتای ئەو زمانەیە بۆ هێنانەگۆڕیی جنێو و نەفرەت. مولەر دڵخۆشە بە لێکۆڵینەوە لە پۆلێنکردنێکی فراوانی جنێوە ڕۆمانیایییەکان، و ئەو ڕێگایانەی بەهۆیانەوە بەرهەم دەهێنرێن و هەروەها ئەو هەڵوێستە سیاسییانەی جنێوەکان دەیجەستێنن. وەك لە زۆرینەی زمانەکاندا، لە زمانی ڕۆمانیاییشدا  بۆ جنێودان خوازە و وێنا سێکسییەکان بەشێکی گرنگن. مولەر دەبینێ ‘خەڵك کاتێ توڕە دەبن، دەڵێن: هەی لە گوێت، لە لوتت، لە سەرت بەم’ یان کاتێ کەسێك ‘دەکەوێتە نێو کێشەیەکەوە و نیگەران دەبێ، ڕۆمانیایییەکان دەڵێن هەی لێت بەم (هەی کێرم پێت) غەمباری’. ئەوەی لە سەروو هەموو شتێکەوە سەرنجی مولەر ڕادەکێشێ بێزیانی و شادی سەرجەم پرۆسەکەیە. ئاخر جنێودانی ڕۆمانیایییەکان دەشێ فۆڕمێکی بەزمسازیی و ژیانی دۆستانە بێت.

 

لە کۆبوونەوەیەکی کۆمپانیادا، ژنێك بە شێتییەوە دەڵێ ‘چ شەیتانێکت دەوێ؛ کێرم؟’ دوای ئەوەی ژنەکە هێمن دەبێتەوە داوای لێبووردن بۆ بەکارهێنانی وشەی ‘شەیتان’ دەکات، کەسانی ناو ژوورەکەش پێدەکەنن. دواتر ژنەکە بە دڵڕەنجانەوە دەپرسێ ‘بۆچی پێدەکەنن؛ بە قوزم؟!’.

مولەر شێت و شەیدا بووە، لەبەرئەوەی ناتوانێ ئەو خۆشییە زمانەوانییە بەتەواوی بەدەستبهێنێ. شێوازی جنێودانی ڕۆمانیایییەکان دەتوانێ توخمە لێکدژەکان پێکەوە بگونجێنێ. ناشرینی و جوانی تێکەڵ بکات، بە نێو گوناه و نیك-ڕەفتاریدا تێپەڕببێ. زمانی ڕۆمانیایی پەسنی (ستایشی) بێمەرجی مولەر بۆ خۆی دەباتەوە؛ مولەر دەبێژێ: ”من هەمیشە ئیرەییم بە زیندووێتی ئەو زمانە بردووە.” لە ڕاستیدا، جنێودانی ڕۆمانیایی بەرەو ئالوودەبوون چووە. کاتێ مولەر وڵات جێدەهێڵێ، لەتەك ئەو کەمە شتەی ڕێگەی پێدرابوو لەگەڵ خۆی بیبات، بە قاچاغ جنێوی ڕۆمانیاییش لەگەڵ خۆی دەبات. مولەر دەبێژێ ”تاکو ئێستاش کاتێ جنێو دەدەم، بە ڕۆمانیایی قسە دەکەم، ئاخر ئەڵمانی جنێوی هێندە ڕوون و جوانی نییە؛ هەموو وشەکان لە ئەڵمانیدا هەن، بەڵام ناتوانن ئیشەکە بکەن”. بە هەمان شێوە (سیۆران) دوای ماوەیەکی زۆر لە چوونە فەڕەنسا و وەرگرتنی زمانەکەی، کەچی هێشتاش بۆ جنێودان بۆ ڕۆمانیایی دەگەڕێتەوە. لەم ڕووەوە فەڕەنسی هیچ کۆمەکێکی ناکات، ئەگەرچی تا ئەو کاتە سیۆران بووە بە نووسەرێكی زۆر باش بە زمانی فەڕەنسی.

بەڵام ئەو هەموو جنێودانە زیانیشی هەیە، کە ڕەنگە تەنیا تاوان نەبێ لەنێو شتە زۆر هەستیارەکاندا. کێشەکە ئەوەیە بێباکی دەهێنێتەگۆڕێ، مولەر دەبێژێ ”بۆیە لەم دیکتاتۆریێتییەدا خەڵك یاخی نابن”. خەڵك جنێو بە حکومەت، بە حیزب، بە پۆلیسی نهێنی، بە شارەوانی، بە خراپی ڕێگەوبان، و پۆلیسی هاتوچۆ دەدەن؛ هەروەها جنێو بە ڕووسییەکان و ئەمریکییەکانیش دەدەن. ئاخر پێیان وایە بەو جنێودانەیان بۆ ڕۆژەکە سیاسەتێکی تەواویان کردووە، ئیدی کاتی بەردەوامبوونە. کاتێ جنێودان دەبێ بەم چەشنە هونەرە ئاڵۆزە، ئەوا هەڵوێستی سیاسی لە خۆیدا دەبێ بە گریمانەیەکی ماندوو لەنێو نومایشدا، ئاخر هیچ بۆ ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینە نامێنێتەوە.

لە ڕۆمانیای هەشتاکاندا، لە ماوەی ستەمکارانەترین قۆناغی ڕژێمەکەی چەچیشکۆدا بوو بە دەنگۆ، کە نوکتەی سیاسی لەم ساڵانەدا هاتۆتەگۆڕێ. لە ڕاستیدا، پۆلیسی نهێنی نوکتەی سیاسی چێدەکرد و بە هەموو لایەکدا بڵاوی دەکردەوە بۆ هێورکردنەوەی تەنگژەی کۆمەڵایەتی. نوکتەیەکی باش-گێڕدراوە وەك جنێودانێکی- باش دەتوانێ هەستی ڕازیبوون بە خەڵك بدات. ئەوان وەها هەست دەکەن وەك ئەوەی بەشی خۆیان بەرگرییان کردبێت. ئەوە دەنگۆ بوو، بەڵام ڕەنگە تەنانەت ئەو دەنگۆیەش لە تاقیگەکانی پۆلیسی نهێنیدا هاتبێتەگۆڕێ. بۆیە دووبارە تۆتالیتاریانیزم پڕۆژەیەکی زمانەوانییە.

کاتێ مولەر بۆ فایلەکەی لە پۆلیسی نهێنی دەگەڕێتەوە، ئەو تەنیا ئەوەی نەدۆزییەوە، کە بریکارەکان ‘دووانە’یەکیان بۆ هێناوەتەگۆڕێ، بەڵکو ئەوەشی دۆزییەوە، کە خۆی و ئیشە ئەدەبییەکانی بۆ ئەوان بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوونە. ئەو کەسانە بەدڵنیایییەوە سۆزیان بۆ ئەدەب هەبووە: فایلەکەی مولەر بە هەزاران لاپەڕە درێژ بوو. ئەوە لە کاتێکدایە، مولەر پێش ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بباتەوە، بەگشتی بۆ دامەزراوەی ئەدەبی ڕۆمانیایی جێگەی سەرنج نەبووە. بۆیە لە بڵاوکراوەیەکی گەورەی ”مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی ڕۆمانیایی”دا ساڵی (٢٠٠٨) تەنانەت ئاماژە بە ناوەکەشی نەکراوە. ئەوە چ شوێنێکە، لە کاتێکدا پۆلیسی نهێنی لەبارەی نۆبڵگری داهاتووەوە هاتوونەتە جۆش، کەچی لێکۆڵیارانی ئەدەبی ئەو فەرامۆش دەکەن؟ ئەوە ناوەندی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە، ئەو شوێنەی کە ئەبسورد تێیدا سەری هەڵدا و گەشەی کرد. هەروەها ئەو شوێنەی کەسانی وەك سیۆران، فرانز کافکا، ئیوجین ئیۆنیسکۆ، میلان کۆندێرا و جارۆسلاڤ هاسێك سروشیان لێوەرگرتووە. شوێنێك پێدەچێ هیچ شتێك لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕوونەدا، ئەگەرچی زۆر شت لەنێو ئەدەب و هۆشی خەڵكدا ڕوودەدەن.

ئەوە هەمان ئەو شوێنەیە خەڵك چەندان سەدە بەڕێی کارامەیییانەوە لە جنێودان و هونەری نوکتەی سیاسی ماونەتەوە. ئەوان نوکتەیان چێکردووە، بۆئەوەی کات بکڕێ و پراکتیکی ئارامگرتن بکات. ئەو نوکتەیەی، کە لە ڕابوردوویەکی زۆر دوورەوە بیرم دێتەوە، هێشتاش ڕابوردووی لەخۆیدا هەڵگرتووە و دووبارەی دەکاتەوە. فەڕەنسییەك و ئەڵمانییەك و ڕووسییەك سەبارەت بە لێخوڕینی جۆری ئۆتۆمۆبیلەکانیان قسە دەکەن. فەڕەنسییەکە دەڵێ ‘کاتێ لەناو فەڕەنسا گەشت دەکەین، ڕینۆ (Renault)ەکانمان لێدەخوڕین، بەڵام بۆ دەرەوەی فەڕەنسا پیجۆ (Peugeot) لێدەخوڕین’. ئەڵمانییەکە دەڵێ ئێمەش شتێکی هاوشێوە دەکەین ‘لەناو ئەڵمانیا ڤۆلکسڤاگن (Volkswagen) لێدەخوڕین، بەڵام بۆ دەرەوە مارسیدس (Mercedes)  لێدەخوڕین’. ڕووسییەکە بێدەنگ بووە، بۆیە دووانەکەی دی زۆر فزولتر کردووە، لە کۆتاییدا دەڵێ: ”ئێمە لادا  (Lada)کانمان لەناو ڕووسیادا لێدەخوڕین، بۆ دەرەوەش هەمیشە بە تانکەکانمانەوە دەچین”.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین