ژاك لویس داڤید - مردنی سوكرات - تابلۆی زه‌یتی The Death of Socrates 1787- Jacques Louis David

مردن لەپێناو ئایدیاکاندا


Loading

گریمانەی ئەوە بکە لێرەدا شێوازێکی فەلسەفە-کردن هەیە، کە نووسین، پەیڤاندن، دەرسگۆتار و فێرکاری بەشداری تێدا ناکەن_ لە ڕاستیدا، فۆرمێکی فەلسەفەندن کە تەنانەت ئاتاجی زمانی نییە. گریمانەی پتر بکە، ئەو فۆرمەی فەلسەفاندن بەتەواوی لەبارەی نمایشە، نمایشی جەستەیی. فەیلەسوفان شەکەت بوون لە شێواز و مێتۆدە باوەکانیان، ئێستا دەبێ جەستەیان بخەنە مەترسییەوە. ئەم دۆخە بەبێ تەوسبێژی نییە: دیسپلینێکی زمان-سەروەری وەک فەلسەفە ئێستا خۆی لە بارێکدا دەبینێتەوە کە تێیدا وشەکان بێکەڵن و ئارگومێنتەکان بێئەنجامن؛ بۆیە دەبێ فەیلەسوفان لە ئارگومێنتکردن و دەرسگۆتنەوە دووربکەونەوە، لەبری ئەوە جەستەی خۆیان وەک ئارگومێنت گۆڕان پێبدەن. ئەمە بەوردی بابەتی کتێبی مردن لەپێناو ئایدیاکاندا: ژیانی پڕ مەترسیی فەیلەسوفان (Bloomsbury, 2015)ە.

 

 

سۆکراتێس یەکەم فەیلەسوفە کە لە ئەزموونە کەسەکییەکانیەوە فێردەبێ، دۆخەکە چی دەخوازێت. سۆکراتێس لەوەدا نوشوستی هێنا کە وەها لە هاوشارییە ئەسیناییەکانی بکات پرۆژە فەلسەفەیییەکەی بەهەند وەربگرن، ئاخر بەتایبەتی دادگایییەکەی و سزای مەرگەکەی بەڵگەن بۆ نوشوستییەکەی. دەبێ ئەم شکستە سۆکراتێسی هاندابێ تاکو سنووری فەلسەفاندن لەنێو زماندا تێبپەڕێنێ، ئاخر ئەگەر ئەو خیانەت لە خۆی و فەلسەفەکەی نەکا، ئەوا دەبێ فەلسەفاندن بپەڕێنێتەوە پشتی ئەو سنوورە. کاتێک سۆکراتێس گوێی لە سزای مەرگەکەی دەبێ کە لەلایەن دادگەی ئەسیناوە لە دژی دەخوێندرێتەوە، ئەوا لەوە تێگەیشتووە کە بۆ ئەوەی شکست نەهێنێ ئەوا دەبێ شتێکی بەهێزتر لە وشە بکات. ئەی لەم دۆخەدا، چی لە وشە بەهێزترە: مەرگی فەیلەسوف. واتا جەستە مردووەکەی -هەروەها لێڕامانی گشت لە مەرگەکەی- سۆکراتێس، ئێستا دەبوایە پەیوەندییەک لەگەڵ هاوشارییەکانی چێ بکات، بەڵام نەک بەڕێی سەروەرییەکەی بەسەر زمانی گریکیدا.

 

 

 

ژاك لویس داڤید – مردنی سوكرات – تابلۆی زه‌یتی
The Death of Socrates
1787- Jacques Louis David

 

 

سۆکراتێس بەڕێی ئەو مردنەی کە مرد، شتێکی دەگمەنی کرد. ئەو بناغەی پەیوەندییەکی واتاداری لە نێوان ژیان و فەلسەفەکەی داڕشت. لە لێرەنەبوونی ”مەرگێکی فەلسەفەیی”دا، نەک تەنیا ژیانی سۆکراتێس بەبێ ئەدگار دەبوو بەڵکو ئیشەکەشی ناتەواو دەبوو. لە ڕاستیدا، بەبێ جەستەی تێکستێکی نووسراو، ئەوا ئەستەم دەبوو وێنای ناوی سۆکراتێس بکەین لەنێو دیسپلینێکدا کە هەر لە سەرەتاوە بە نووسین ناسراوە. بۆ نموونە، پێش_سۆکراتییەکان، هەندێ فراگمێنتیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، ئەگەر بە هەر هۆکارێک، ئەو فراگمێنتانە بۆ ئەبەد ونبوایەن، ئەوا ئەو فەیلەسوفانەی کە ئەوانیان جێهێشتووە، بۆ هەمیشە وندەبوون و نەدەناسران. بەڵام هەرچەندە سۆکراتێس هیچ نووسینێکی جێنەهێشتووە، ئەو کێشەیەمان لەگەڵ ئەودا نییە. ئاخر ئەو ژیانی و بەتایبەتی مەرگەکەی ئیش و نووسینەکانی ئەون.  هەتاکو ئێمە ئەوانەمان هەبێ، ئەوا ئێمە هەموو ئەوەمان هەیە کە گەرەکمانە، هەروەها سۆکراتێسیش لە مەترسی دیارنەمان، لەنێو مێژوودا، نییە.

 

 

ئەو پەیامەی سۆکراتێس ناردی کاتێک ژەهرەکەی خواردەوە، سادە بوو؛ بەڵام زۆر بەهێز بوو: تۆ گەرەکە فەلسەفەکەت بجەستێنی. بەشێوەیەکی سەرەکی، فەلسەفە ڕاهێنانێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پراکتیسکردنە؛ فەلسەفە شتێک نییە تۆ لەبارەیەوە بئاخڤی، بەڵکو شتێکە دەبێ بیکەیت. فەلسەفاندن واتا خۆگۆڕین، واتا ئیشکردن لەبارەی خۆتەوە، واتا خۆت ببی بە کەرەسەی خاو بۆ فەلسەفەکەت تاکو خۆت بفۆڕمێنێ، شێوە بە خۆت بدەیت. فەلسەفە تەنیا بەرهەمهێنانی زانین نییە؛ کارایییەکەی تەنیا زانیاری پێدان نییە، بەڵکو شێوەدانە بە ئێمە، فۆرماندنی ئێمەیە. بۆیە فەلسەفە بەتەواوی لەبارەی خۆ-ناسین (لە-خۆ-تێگەیشتن)ە، لەبارەی خۆ-ئەفراندنی فەیلەسوفە. بۆیە ئەو شوێنەی کە فەلسەفە تێیدا نیشتەجێ دەبێ، نە تێکستی ئەکادیمییە، نە ئاخاوتنی فەیلەسوفە، بەڵکو جەستەی فەیلەسوفە. فەلسەفە لەگەڵ ئێمەدا دەژی، هەروەها لەگەڵ ئێمەدا دەمرێت.

 

 

لە ڕاستیدا، فەلسەفە کاتێک فراژوو دەبێ، کە فەیلەسوف مردن هەڵدەبژێرێ بۆئەوەی لەگەڵ باوەڕەکانیدا ڕاستگۆ بێت. مەرگی سۆکراتێس تەنیا سەرەتای ئەو کاریگەرییە مەزنەیە کە فەیلەسوفان بەڕێی مەرگیانەوە دەینوێنن. هایپاتیا فیگورێکی زۆر کاریگەرە، هەرچەندە هیچ نووسینێکی لە دوا بەجێنەماوە. گۆردانۆ بڕۆنۆ بەدەگمەن ئەمڕۆ دەخوێندرێتەوە، بەڵام وەکو مەزنترین فەیلەسوفی هەموو سەردەمەکانی ئیتاڵیا لێی دەڕوانرێت. چی ئەو فیگورانە ”دەمەزنێنێ”؟ لە مردن لەپێناو ئایدیاکاندا، ئارگومێنتی ئەوە دەکەم کە بەهۆی شێوازی مەرگەکەیانەوەیە. ئەو جۆرە تایبەتەی مردن نەک قوربانییەکەی لەناونابات، بەڵکو ئەوان بەهێزتر دەکات.

 

 

ڕێگەی ژیانی ئەو فەیلەسوفانە، تێگەیشتنیان لە خۆیان وەک لە ”دەرەوەی شوێن”دا بوون، لە کۆمەڵگەدا، تێگەشیتنی جیاوازی ئەوان بۆ ”قەیران”ی کۆمەڵگەکانیان، هەروەها کۆتایییە توندوتیژەکەیان_ هەموو ئەمانە داواکاری بۆ خوێندنەوەیەکی گیراردیانە بۆ ڕووداوەی مەرگەکەیان بەرزدەکەنەوە. لە ڕوانگەی گیراردەوە، ئەوان هەموویان ”نیشانەی قوربانیدانن”. ئاخر ئەوان ”ڕاستەوخۆ-بێژن” (parrēsía)، هەموو شتێک شیاوی خستنە ژێر پرسیارە، هەموو درۆ و جەختییەکان کە ژیانی جڤاکی لەسەر بونیادنراوە ئاشکرا دەکەن، ئەو فەیلەسوفانە ناتوانن هیچ پەیوەندییەک لەتەک ئەوانیدی چێ بکەن. ئەوان لەنێو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا وەک لە دەرەوەبووی هەمیشەیی دەمێننەوە. ئەوان ڕێگە بە خۆیان نادەن ئەو پەیمانە بەهێز و ئاڵۆزەی کۆمەڵگەی لەسەر بونیادنراوە بناسن و گەشەی پێبدەن. ئەو فەیلەسوفانە وەک ترشی ”ئەسید” وەهان هیچ پەیمانێکی کۆمەڵایەتی خۆی لەبەر کاریگەری ڕاستەوخۆبێژی (پارێسیا)کەیان ناگرێت. لەکاتی قەیرانەکاندا فەیلەسوفان بەئاسانی دەبن بە ئامانج، چونکە فەلسەفەکەیان ئەوانی کردووە بە کەسێکی شیاوی کردنە ئامانج.

 

تێوریی ”میکانیزمی خۆبەختکردوو”ی گیرارد نەک تەنیا بۆچی ئەو فەیلەسوفە_شەهیدانە دەکوژرێن، بەڵکو هەروەها بۆچی وەها کاریگەر دەبن دوای مەرگەکەشیان ڕووندەکاتەوە: بەڕێی مردنی ئەو چەشنە مەرگەوە، ئەوان ”پیرۆز دەکرێن”. ئەوان دەبن بە ”فیگوری دامەزرێنەر” چونکە لەناوبردنەکەیان وەک گیرارد دەبێژێ ”کوژرانی دامەزرێنەر”ە. بەهۆی هەستێکی تێکەڵی تاوانباریەتی و شەرمەزاری کە بەجۆرێک لەنێو یادەوەری کۆیەکی خەڵکدا دەمێنێتەوە، مەرگی ئەو فەیلەسوفانە بۆ نێو هێڵەکانی ئەفسانەچێکردن درێژدەبێتەوە. ئێمە لە کۆتاییدا، ئەوان بۆ کارەمانێکی ئەفسانەیی هەڵدەزنێنین و ئەوان دەکەین بە بەشێک لە خەیاڵاندن و وێناندنی ئەفسانەیی خۆمان.

 

 

ڕەنگە ئەمە ڕوونی بکاتەوە بۆچی ئێمە سۆکراتێس وەک ”دامەزرێنەر”ی فەلسەفەی خۆرئاوایی دادەنێین. لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەو ناتوانێ ببێ بە دامەزرێنەر، ئاخر پێش ئەو فەیلەسوفانی دیکە هەن، بەڵام ئێمە تەنیا بە ئەوان دەڵێین ”پێش-سۆکراتییەکان”. هایپاتیا بەزۆری وەک دامەزرێنەری ترادیسیۆنی ژن لەنێو فەلسەفەدا دادەنرێ، هەرچەندە بەجەختییەوە پێش ئەو فەیلەسوفانی دیکەی ژن لەنێو فەلسەفەدا هەبوون. ئەو تەنانەت وەک دامەزرێنەری فێمێنیزمی فەلسەفەیی دادەنرێت (لایەنی کەم دوو جۆرنالی فێمێنیستی بەناوی ئەوەوە کراون)، ئەگەر چی، لەبەر ئەوەی هیچ لە ئیشەکانی نەماونەتەوە، ئەوا قوورسە کە بزانین ئەو چی لەبارەی فێمێنیزمەوە وتووە. مەرگی ئەو فەیلەسوفانە بەسانایی ئێمە ”کوێر” دەکات. ئاخر پێشوازی ئێمە لە ئەوان بەتوندی هۆشەکی نییە؛ بەڵکو بەڕێی ئەفسانە (میتۆلۆگی)وە لێڵ و تاریککراوە.

 

 

نموونەی فەیلەسوفانی_شەهید ئاماژە بە فاکتێکی گرنگ دەکات، کە من لە کتێبەکەمدا بە دوایدا دەگەڕێم: دامەزراندن و فۆرماندنی ترادیسیۆنە فەلسەفەیییەکان هەمیشە بەڕێی هۆشەوە شێوەیان پێنادرێت، بەڵکو هەندێ جار بەڕێی فۆرمی هزرینی ئەفسانەیی و خەیاڵاندنەوە دەبێت. ئێمە بەزۆری وەها دەهزرین کە هۆش و ئەفسانە دژبەری یەکدین و یەکێکیان ئەویدی دەهیچێنێ. بەڵام ڕەنگە ئەوە وێنەیەکی سادە بێت. هەندێ جار لە ڕاستیدا، ئەفسانە هۆش تەواو دەکات. ئاخر ئەفسانەچێکردن و خەیاڵاندنی ئەفسانەیی دەتوانن فەلسەفە بۆ ئاستێک هەڵبزنێنن کە هۆش بە تەنیا ناتوانێ پێی بگات.

 

 

كتێبی ”مردن لەپێناو ئایدیاکاندا” 

کۆستیکا براداتان

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

#بڵاوکراوەکانی_نووسیار

ئەم کتێبە لە سەرجەم کتێبخانە و کتێبفرۆشەکان دەست دەکەوێت.

 

کتێبی (مردن لەپێناو ئایدیاکاندا) لە نووسینی ”کۆستیکا براداتان” لە وەرگێڕانی (نەبەز سەمەد) -بڵاوکراوەکانی نووسیار ٢٠٢٠

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://ndias.nd.edu/news-publications/ndias-quarterly/dying-for-ideas/

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌