بەشی دەیەم
١. لە فەلسەفەی ئیمانوێل لێڤیناسدا، «ئەویدی» لەمیانەی ڕووخسارەوە بۆ سوبێکت دەردەکەوێت و دواتر لەڕێگەی «وتن»ـەوە، بانگهێشتی دەکات بۆ تووندووتیژی نەکردن یان هەمان فەرمانی «مەکوژە». ئەم بانگهێشتنکردنە، بانگهێشتکردنە لە سوبێکت، هەتا «بەرپرسیاریەتی» ئەویدی قەبوڵبکات. بەبڕوای لێڤیناس، ئەخلاق هیچ شتێک نیە جگە لە، لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ ئەویدیدا؛ کە ئەم پەیوەستبوون بە ئەویدییەوە، تەنها وەکو بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا پێکدێت (لویناس، 1387، ص111). لەڕووی «یاسایی»یەوە، بەرپرسیاریەتی هەمیشە دوای «وەئەستۆگرتن»ی ئەرکێکی دیاریکراو دێتە کایەوە؛ هەروەها بەگوێرەی «ئەخلاقی باو»یش، بەرپرسیاریەتی بە تەنها کردەوەکانی کەسی «بەرپرس» لەخۆدەگرێت. بەڵام لای لێڤیناس، بەرپرسیاریەتی گرێدراوی قەبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی سوبێکت نیە. بەبێ گوێدان بە، ئاگاداربوون یان ئاگادارنەبوون لە شێوەی قەبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی و هەروەها بەبێ سەرنجدان بە توانابوون یان ناتوانابوون لە ئەنجامدانی کارێکی دەستنیشانکراودا، سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرسە (لویناس، 1387، 112-111).
سوبێکت، ئەگەر بۆ بەرپرسیاریەتی خۆی سنوورێک لەبەرچاو بگرێت، ئەوە لە پانتایی ئەخلاق دەرچووە. بەمشێوەیە دەبێ بڵێین؛ لای لێڤیناس سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی بێ سنوور و بێ ڕادەیە، کە ئەو ناوی لێدەنێت «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا» (علیا، 1388، ص 157). ئەم جۆرە بەرپرسیاریەتییە، بەو مانایە دێت کە سوبێکت تەنانەت لە بەرامبەر ئەو شتەی کە «کردە»ی ئەویش نیە و لای ئەویش «گرنگ» نییە، بەرپرسە. «بەرپرسیاریەتی ناکۆتا»، بەرپرسیاریەتییەکی دێرین و کۆنی سەر شانی سوبێکتە، بە جۆرێک کە تەنانەت ڕەگ و ڕیشەکانی لەپێش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا، داکوتاوە.
ئەم بەرپرسیاریەتییە جەوهەرییە و ئەم خزمەتکردنە بێ پاداشت و بێ منەتە، دروستکەری «منێتی»ـی منە؛ منێتی بەمانای بێ توانابوون لەڕاکردن لە بەرپرسیاریەتییە (علیا، 1388، ص 158). بەزمانێکی بێ گرێوگۆڵ لای لێڤیناس، سوبێکت لە بەرامبەر ئەویدیدا بەرپرس نییە، بەڵکو «سوبێکتبوون» هیچ شتێک جگە لە بەرپرسیاریەتی نییە! ئەویش بەرپرسیاریەتییەکی ناکۆتا.
ڕێک هەر لەم مانایە دایە کە لێڤیناس لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: «بەرپرسیاریەتی من هەمیشە زۆرترە لە بەرپرسیاریەتی هەموو ئەوانی دیکە؛ هەر بەو شێوەیەی کە دۆستۆیڤسکی لە “برایانی کارامازۆف”دا دەڵێت: ئێمە هەموومان لە بەرامبەر هەموواندا بەرپرسی هەموو شتێک و هەموو کەسێکین و من پتر لە ئەوانی دیکە» (لویناس، 1373، ص 7).
ئەم بەرپرسیاریەتییەی کە «لە بەرامبەر هەموو کەسدا و پتر لە ئەوانی دیکە» یە، هەتا ئەو شوێنە دەڕواتە پێشەوە کە من بە ئارەزووی خۆم گوناحەکان و هەڵەکانی ئەوانی دیکەش لەسەر خۆم دەنووسم، ئەویش بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک. ئەمە ڕێک هەمان ئەو دۆخەیە کە لێڤیناس لەژێر ناوی «بارمتەی ئەویدیبوون»دا شرۆڤەی دەکات. لێڤیناس جەخت دەکاتەوە کە سوبێکت خۆی لە خۆیدا هەر لەسەرەتاوە «بارمتە»یە، بە جۆرێک کە تا ئاستی کەفارە دانەوە، وەڵامدەرەوەی ئەوانیدیکە یە (لویناس، 1387، ص 115). بەڵام لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتی ناکۆتای سوبێکتدا، بەرپرسیاریەتی «ئەویدی» لە بەرامبەر سوبێکتدا چیە؟ وەڵامەکەی لێڤیناس کورت و پوختە: «ئەمە کێشەی خۆیەتی» (لویناس، 1387، ص 113). واتا ئەویدی تەواو سەرپشکە، لە وەڵامدانەوە و وەڵامنەدانەوە بە، بەرپرسیاریەتی ناکۆتای سوبێکت بەرامبەر بە خۆی! چونکە بەبڕوای لێڤیناس پەیوەندی ئەخلاقی بەگوێرەی «پێدان و لێوەرگرتن» نیە و هیچ چەشنە مامەڵە و هاوسەنگییەک لەنێوان سوبێکت و ئەویدیدا بوونی نیە. ئەمە بەو مانایە دێت کە، من لە بەرامبەر ئەویدیدا بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک بەرپرسم.
دوابەدوای ئەوەی کە دەرکەوت فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس، لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی «ناکۆتا» و «نادوولایەنە»ی نێوان سوبێکت و ئەویدی دامەزراوە، کەوابوو ئایا دەبێت «سوبێکت» دەست لە دواڕۆژی خۆی بشواتەوە و لە جێبەجێکرانی «دادپەروەری» تەواو ساردبێتەوە؟ بەزمانێکی ڕاشکاوانە، ئایا لێڤیناس لەپێناو ئەویدیدا، سوبێکت دەکاتە بە «قوربانی»ی، بەجۆرێک کە هەر لای لێ ناکاتەوە و تەنیا و بێکەس بەجێی دێڵێت تا ئەو جێیەی کە دواجار تێیا دەچێت و لەئارادا نامێنێت؟
