پیته‌ر سلۆته‌ردایك

پێویسته‌ ژیانت بگۆڕیت


Loading

 مەبەست لەم نوسینەم دەربارەی کتێبەی (پیتەر سلۆتەردایک) لەژێر ناونیشانی (پێویستە ژیانت بگۆڕیت) ئەو گەشتەیە کە لەڕوانگەی نوسەرێکەوە، لەڕوانگەی چیرۆکنووسێکەوە بەنێو ئەم کتێبەدا دەکرێت. بەڕای من باشترین کەس دەتوانن لە (پێتەر سڵۆتەردایک) و تێزەکانی نێزیک ببنەوە، ئەوانەن لەڕۆحێکی ئەدەبی و ئێستاتیکی و ترانسێندێنتاڵەوە لەدونیا دەڕوانن. ئەزموونی ئەدەبی یەکێکە لەو بنەما سەرەتایانەی خوێندنەوەی سڵۆتەردایک، چونکە ساتێک نییە لە نوسین و چاوپێکەوتنە تەلەفیزۆنی و ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم فەیلەسوفە کە نەگەڕێتەوە سەر هونەری شانۆ، تێکستە ئەدەبیەکان، شیعر، شاعیر، ژانری ڕۆمان و فیگوری چیرۆکەکان لەژیاندا.

(پێتەر سلۆتەردایک) هەمیشە حەزدەکات وەک (نوسەر) پێناسە بکرێت نەک تەنها وەک فەیلەسوفێک، هەر بۆیە سەیر نییە هاوڕێی فەیلەسوفی ئەم فەیلەسوفەمان، فیلۆسۆف و بیۆگرافیستی ئەدەب و فەلسەفە (ڕودیگە سافرانسکی) ئازیزە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت لەوە تێبگەین سلۆتەردایک بۆ ماوەی دە ساڵی ڕەبەق لەگەڵ هاوڕێی فیلۆسۆفی (ڕودیگە سافرانسکی) بەرنامەی (چوارینەی فەلسەفی)یان لە کەناڵی تەلەفیزۆنی(زی دی ئێفی ZDF) ئەڵمانی پێکەوە بەڕێوەبرد. بەگشتی ئەوانەی لە هونەر نێزیکن زیاتر دەتوانن لەم گەشتە فەلسەفیەی سلۆتەردایک تێبگەن، کە گەشت و مێژووی (ژیان گۆڕینە) لەفەلسەفەوە بیگرە تاوەکو ئەدەب و مێژووی جوڵانەوە سیاسیەکان لەئەڵمانیاو ئەوروپا و شێوازی بیرکردنەوەیان لەبەرامبەر چەمکی گۆڕان لەجیهاندا.

بەگشتی دەمەوێت بڵێم ئەوە نووسەرەکانن و ئەوانەن لەگۆشەیەکی شیعری و هونەری و ئێستاتیکیەوە لەدونیا دەڕوانن و ئەزمونیان لەگەڵ هونەردا هەیە کە لەڕۆحی فەلسەفەی سلۆتەردایکەوە نێزیک،  وەک لەو  ئاکادیمستە فەلسەفیە ئۆرگانیزەکراوەنەی فەلسەفەیان خستۆتە فابریک و گارکەی بەرهەمهێنانی زانستێکی ئۆرگانیزەکراوی دوور لەڕۆحی جیهانەوە. دەتوانم بڵێم لەم کارگەیەدا ڕۆحی جیهانیان لەبیرکردووە…بەگشتی دەمەوێت ئەوە بڵێم سەرسامی من بەم فەیلەسوفە، سەرسامیەکی لیتراتی و ئەدەبیە و گەشتێکی ئێستاتیکیە بەنێو (ڕۆحی جیهاندا) وەک لەوەی گەشتێکی فەلسەفی ڕووت و ئەبستراکت بێت، بێگومان بەڕەچاوکرردنی ڕێساو یاسای نوسینی و فیکری و ئەمانەتی تەرحکردنی بیرۆکە فەلسەفیەکان و پاشان قسەکردن لەسەریان.

بەگشتی ئەو خەمە ئێستاتیکەی (لەنێو جیهاندا بوون  In der Welt  Sein) هەمیشە خەمی منە و لەم گۆشەیەوە من خۆم لە کەنارەکانی ئەم کتێبە دەدەم, وەک مەشقکردنێکی سلۆتەردایکی لەنێو بیرۆکە فەلسەفی و ئەدەبیەکاندا. تەنها ڕۆحی فەلسەفی ئاکادیمستی هەڵقوڵاو لەزانستی ئۆرگانیزەکراو لەنێزیکبوونەوەیدا لەبیری سلۆتەردایک خۆی گووتەنی شکست دێنێت، چونکە کۆی بیری ئەم بیریارە مەزنە لەسەر پایە گەورەکانی ئێستاتیکاو (خود-ـ مەشقکردنێک) لەنێو ژیان و ئەدەبدا پایەکانی وەستاوە. سەیر لەوەدایە لەهەر لاپەڕەیەکی ئەم کتێبەیدا چەند بیرۆکەیەک لەدایکدەبن کە دەکرێت ئێمەی خوێنەرانی مەشقی فیکری لەسەر بکەین و چەندەها بیرۆکەی دیکە ماڵئاوایمان لێدەکەن، ئەمەش ئیشکالیەتی خوێندنەوەی سلۆتەردایکە.

سلۆتەردایک هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌ی چه‌مکی گۆڕانه‌

 

(تۆ پێویستە ژیانت بگۆڕێت.. Du mußt dein Leben ändern.) ناونیشانی یەکێکە لەکتێبە هەرەگرنگەکانی ئەم ساڵانەی دوایی فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سلۆتەردایک)، ئەم کتێبە یەکێکە لەکتێبە گرنگەکانی لەدوای کتێبە بەناوبانگەکەی (ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕی) لەساڵی ١٩٨٥ دا سلۆتەردایکی هێنایە سەر شانۆی یەکێک لەهەرە فەیلەسوفە گرنگەکانی ئەم سەدەیە. ئەم کتێبە دەتوانین وەک (زەردەشت ئاوەهای گووت..)ی نیتچەی ئەم سەردەمە سەیری بکەین، وەک یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی باس لەگرنگترین تیۆری (گۆڕان) دەکات، گۆڕان وەک خەونێک، وەک پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک تیۆرەیەکی سیاسی، وەک تاڵەدەزوویەک لەئەنیتکاوە خۆی ڕادەکێشێت بۆ نێو زەمەنی ڕێنیسانس و لەوێشەوە بۆ نێو دنیای نوێ، دووبارە بوونەوەیەکی فۆرمەکانە یان ئاینی ئەم چەرخەیە. بەگشتی لەم کتێبەدا لەم فۆرمانە دەدوێت، لەنێو ئەم ئاینە نوێیەدا کە ناوی گۆڕانە شێتەڵکاری و ڕاڤەکردنی سلۆتەردایک لەنێو ئەدەبەوە ئەزموونی خۆیدەکات تادەگاتە دۆزینەوەی فیگوری ئەکرۆبات، تاوەکو شکاندنی دارشەقەکان و(هەڵکشانی ستوونی/Vertikalspannung ). بەگشتی ئەم کتێبە ئەوەندە فراوانە لەڕووی جوگرافیای فەلسەفی و ئیستاتیکی و تەنانەت ئەدەبیەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت زمانی سلۆتەردایک زمانێکی توند و تۆڵ و پڕ ئیشکالیەت و بیرۆکەیە، بەڕای من نیتچەویە، کە زۆرجار لەدێڕێکدا سێ بیرۆکە فڕێدەدات و لەدوای سەد لاپەڕە دەچێتەوە سەری، ئەدەب تێیدا لەقوڵاییدا گەمەی خۆیدەکات، ئەمەش خاڵی سەرسامی منە بە کتێبەکانی. وێنە و بیرۆکەکانی لەزۆر شوێندا ترانسپەرێنت و شەفافن و لەزۆر شوێندا دەبێت بەسەریدا بخەویت، چەند جارێک بچیتەوە سەری، بچیتەوە سەر سەرچاوەکانی دیکە ئەوسا وێنەکان، تێزەکان لەلامان ڕووندەبنەوە. ئاوەها خوێندنەوەی من بۆ ئەم کتێبە سەرکێشییەکە، هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لەچەند چەمکێکی کەم لەکۆی چەمک و وێنا و تێزو ئیدیاکانی ئەم کارە گرنگە لەمەڕ چەمکی (ژیان گۆڕین). هەوڵدەدەین لەم نووسینەدا تەنها لەچەند چەمکێکی نێزیک بینەوە و خوێندنەوە بۆ بەشێکی بکەین، زەمەن یاربێت لەداهاتوودا بەشەکانی دیکەشی دەخەینە بەردەم خوێندنەوە، دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەم کتێبە بەشێکی زۆری سوبێکتیڤانەیە، خودگەراییە، بەوەی هەر یەکەی لەئێمە مەحکومە بە سوبێکتیڤ، مادامەکی خود ڕزگاری نابێت لەخۆی…

نمایشی ژیانی نوێ

مرۆڤایەتی مەحکومە بەگۆڕانکاری، ئەمە ئەو ڕستەیە لەهەموو پێچێکی ژیان و تەمەندا پەلامارماندەدات، دەمانخاتە بەردەم گێژاوی پشێوی گەورەوە، سوڕماندەدات لەنێو پێچەکانی خۆیدا و تەریکماندەکاتەوە لەنێو جیهاندا. هەموو زەمەنێک، زەمەنی گۆڕانە، زەمەنی گۆڕانیش، زەمەنی جەنگە گەورەکانی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و دەرەوەی خۆیدا. بۆ هەر شوێنێک بڕۆین گۆڕانکاری بەدوومانەوەیە، بۆ هەر شوێنێک هەنگاو بنێین و لەهەر تەمەنێکدا بین بەتیژی تەماشامان دەکات و ناتوانین لێی ڕابکەین. گۆڕان خێوێکە هەمیشە بەنێو دنیادا ڕێدەکات، نەبینراو بەخشپەیە، بینراوەو بەفەوزایە. ئێمە مەحکومین بەگۆڕان، مەحکومین بەگۆڕینی ژیانی خۆمان، بەجۆرێک کە ترسێکی گەورە، نیگەرانیەکی ترسناک لەگۆڕان بەدەوام بەدوومانەوەیە، ئاخر ئێمەی مرۆڤ حەزێکمان تێدایە بۆ عەجمان لەیەک شوێن و شێوە ژیاندا، حەزێک بۆ مانەوە لەیەک شوێندا، بۆ جێگیربوون و یەک ڕیتمی دنیا. بەڵام کە جێگیر دەبین لەیەک شێوازی ژیاندا، کە دەگەینە دوا وێستگەی ئارامی، زۆر نابات ئەم ڕیتمە لەجێگیر بوون، لەمانەوە لەنێو یەک شێوازی ژیان و دووبارەبوونەوەیە، وەهامان لێدەکات بیر لەشتێکی تر بکەینەوە، بیر لەجۆرێک ژیانی دیکە بکەینەوە، یان بەجۆرێکی تر بدوێم کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە نێو دووبارەبوونەوە، ئەوسا لەنێو ژیانی کۆنینەی خۆیەوە بەدووی کەلێنەکاندا دەگەڕێت، بەدووی ئەو درزانەی لەژیانیدا بەسەریدا تێپەڕێووە، بەدووی ئەو دوورگانەی لەدەریاوانیدا لەدژی شەپۆلەکاندا نەیبینیوە، دوایی دەگەڕێتەوە سەریان. ئاوەها مرۆڤ لەنێو ژیانێکدایە و بیر لەژیانێکی دیکە دەکاتەوە، لەنێو ئەویشدا بۆ شێوازێکی دیکە دەگەڕێت. ئیدی ئازیزان،  لەسەر ئەم هەسارەدا مرۆڤ لەگەڵ دۆزینەوە و گەڕان بەدووی شێوازی تازەدا لەکێشمەکێشدایە، هەمیشە گەڕان بەدووی ژیانێکی نوێی پڕ گۆڕانکاری لەنێو هەناوی ژیانی کۆنینەدا تارمایی و سێبەرێکە بەدووی مرۆڤەوەیە، وەک ئەو خێوەی مارکس وەهایە لە مانیفێستدا بەئاسمانی سەر سەرمانەوە هەنگاو دەنێت.

بەدیوێکی تردا گۆڕانکاری خێوی ئەم چەرخەیە، لەهەمانکاتیشدا من پێموایە خەونی دنیای نوێیە لەنێو نەوەیەکدا لەسەر تۆڕەکانی نێت خەونەکانی خۆیان پەخشدەکەن، حەزەکانیان، دنیا تایبەتیەکانیان نمایشدەکەن، ئەوەی کە کیشوەر و دوورگەکان پێکەوە دەبەستێتەوە ئەوە نییە، کە دەریاوان و دۆزەرەوەیەکی وەک  کۆلۆمبس بێت و هێزە کۆلۆنیالیەکان بیاندۆزێتەوە بۆئەوەی بوونیان هەبێت لەسەر نەخشەی ئەم دنیایە، بەڵکو ئەوەی لەم چەرخەدا کیشوەرەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەو خەونە  نمایشکارانەیە لەسەر لاپەڕەکانی فەیسبووک و تڤیتەر و نێتدا خۆی نمایشدەکات، لەدواجاردا دەبێتە هێزێک و وه‌ک له‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا بینیمان لەسەر جادەکانی قاهیرە و تونس و تەرابولس و دەرعا تەعبیر لەبوونی ڕیالێتێتی خۆی دەکات. ئیدی (خودێکی نمایشاکارانە) دەبینین هیلاک نابێت لەنمایشکردنی خەونەکانی، یاریکەرەکان دەبینینن لەماراسۆنی بەردەوامیاندا لەنێو میدیاکاندا باس لەشێوازێکی دیکەی دیکە ژیان دەکەن، تەنانەت لەم جەنگی جیهان گۆڕینه‌دا فوندەمێنتاڵی ئیسلامەوی و نیو لیبراڵ و نیوکۆنزەرڤاتیڤی ئەمریکانی دەبینین لەم سەری ئەفغانستانەوە تاوەکو ژوورەکانی کۆشکی سپی لەکێشمەکێشدان، هەریەکەو سەرقاڵە بەنمایشکردنی جۆرێک لەفۆرمی ژیانێکی نوێ، لەململانێدان لەگەڵ یەکتریدا کێهایان دنیا دەگۆڕێت، کامە بەهەشت لەنێو گۆڕاندا لەدایک دەبێت، کامە فۆرم فۆرمی دنیای نوێیە…ئەم تۆبۆگرافیایەی جیهان، لەپشتیەوە خەونی گۆڕانکاری وەستاوە، خەونی ئەوەی چیتر لەنێو ژیاندا وەک خۆماننەمێنینەوە بەڵکو ئەو کێشە وجودیە ئەبەدییە، هایدیگەر گووتەنی (لەنێو جیهاندا بین..in der Welt sein ) ، لەنێو دنیادا بوونمان هەبێت و لێرەهەبین Dasein، لەنێو ژیاندا هەبین و بەئاسانی بەنێویدا تێپەڕ نەبین. ئەم گرفتە بوونگەراییە، ئەم کەڵکەڵەیە جوڵەی ئێمەی مرۆڤ لەنێو ژیاندا دیاریدەکات، کاتێک دەمانەوێت، پڕاوپڕی دنیا بژین…

 

گۆڕینی دونیا ودارشەق شکاندن

 وەک لەوەو پێش ئاماژەمان پێدا، ئەم  کتێبە (پێویستە ژیانت بگۆڕیت ) مانیفێستێکە بۆ گۆڕان لەژیاندا کە بەدرێژایی مێژووی شیعرو سیاسەت و ئەدەب و هونەری شێوەکاری و هونەری پلاستیکیدا تێپەڕدەبێت، لەم ڕوانگەیەوە قسەکردن لەسەر چەمکی (ژیان گۆڕین) بەردەوامی مەشقێکە بەنێو چیرۆکی کولتووردا، تێیدا بەردەوام چەمکەکان، ڕووداوە مێژووییەکان، شانۆنامەکان و فیگوری ڕۆمان و چیرۆک و تەنانەت ئاتڵیت (وەرزشکاران) و زانایانی سروشتی و سیاسیەکان ڕۆڵی خۆیان تێدا بینیوە. ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی هەر جارەی شتێکی نوێت پێدەڵێت، وەک ئەوەی مانیفێستێک لەدژی جێگیری چەمکەکان بێت. ژیان هەمیشە لەم کتێبەدا جودا ناکرێتەوە لەمەشقکردن لەسەر ژیان خۆی وەک هەوڵدانێک بۆ هەڵکشانێکی ستوونی (کە لە دواتردا دێینەوە سەری) بەدیوێکی تردا وەک پێشتر ئاماژەم بە شاعیری ئەڵمانی(ڕاینە ڕیلکە)دا گووتمان قەسیدەکەی بەناوی (سەرەتایەک بۆ تۆرسۆی ئاپۆڵۆ) سەرەتایەکە لەکتێبە گرنگەکەی و ناونیشانی کتێبەکە (پێویستە ژیانت بگۆڕیت) لەدێڕێکی ئەو قەسیدەیەی ڕیلکەوە وەرگیراوە.

 

بۆ تێگەیشتن لەم کتێبە گرنگە، بەباشی دەزانم سەرەتا لەو بنەما و چەمکانە بدوێین کە تێگەیەکی وەک (ژیان گۆڕین) لای ئەم فەیلەسوفە گرنگەمان تێزبەندی کردووە. کۆی کتێبەکە دووبارەی دەکەمەوە؛ پێکهاتەیەکە لەگەشتی ئێمە بەنێو یۆنانی دێرین (ئانتیکا) و لەپاشاندا دێتە سەر ئەو نموونە زیندەگیانەی کە نموونەی خۆڕاگری مرۆڤن بەرامبەر دونیا، بۆ نموونە چەمکی (گۆچانەکانتان بشکێنن) وەک دروشمێک لەسەدەی بیستدا لەدژی وەساتاندن و ئیفلیجبوونی مرۆڤ لەئەڵمانیادا بانگەشەی بۆکراوە. سلۆتەردایک باس لەو دەرهاویشتە سیاسیانە دەکات کە لە فەلسەفەی نیتچەو ئەدەبی کافکا لەژێر چەمکی ژیان گۆڕیندا خۆی نمایشکردووە و پابەست بووە بەو مەشقکردنەی مرۆڤەوە کە بەدرێژایی مێژوو خۆی بەرجەستەکردووە. بۆ نموونە چۆن ئەم چەمکە و بیرۆکەی (ژیان گۆڕین) لەلایەن ناسیۆنال سۆسیالزم (نازیەت) بۆ پەمپدانی جەماوەری و دروستکردنی مێگەلی جەماوەری (مۆب یان ماس، مێگه‌ل) یان بەندە بە(مێگەل جەماوەر) ئەم ڕەدووکەوتووە کوێرانە پێناسەدەکەم بەکارهێنراوە. مێگەل جەماوەر لەپێناسەیەکی کورتکراوەدا ئەو جەماوەرە کوێرە توڕەیە بەوەی دوای سەکردەیەک یان ڕقێک دەکەون و لایەنە نێگەتیڤەکانی دیکەی ئەو پارتە یان ئەو کاریزما دیکتاتۆریە نابینین، و قەیرانە سیاسی و ئابووریە قوڵ و داڕزانە کۆمەڵایەتی و جەنگەکان و دواکەتوویی هۆشمەندی گشتی، کوێرانە دەنگی بۆ کۆمەڵێک یان پارتێک یان کەسێکی شێت و فاشی دەدەن، بۆ نموونە لەدوای دۆڕانی ئەڵمانیا لەجەنگی جیهانی یەکەمدا و نابووتبوونی ئەم وڵاتە لەژێر قەرز و هەژاریدا، مێگەل جەماوەر لەدژی جولەکە دروستدەبێت و نازیەت دوای دۆڕانی یەک بەدوایەکی لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەمجارە لەهەڵبژاردندا زۆرینەی ترسناک بەدەستدەهێنێت. (مێگەل جەماوەر) دەنگدەدەن بەنەخۆشێکی دەروونی وەک  هیتلەر و دەیکەن بەسەرکردەی هەڵبژێردراوی خۆیان. (مێگەل جەماوەر) ترسناکترین داینەمۆکانی فاشیزمە کە لەهەموو زەمەنێکدا و لەکاتی قەیرانەکاندا پەلاماری دیموکراسیەت دەدات، وەک (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)ی فەیلەسوفی دیاری قوتابخانەی فرانکفۆرت جارێک گووتویەتی: من لەوە ناترسم فاشیەت لەبەرگی ڕاستەقینەی فاشیزم بێتەوە، بەڵکو ترس لەوەدایە لەبەرگی دیموکراسیەتدا خۆی نمایشبکات…

 

دیارە هەر ئەو مێگەل جەماوەرە ئەڵمانیە بوون کە هیتلەر و ناسیۆنال سۆسیالزمیان (نازیەت) هەڵبژارد و هەرچی ڕۆشنبیر و سۆسیال دیموکرات و کۆمەنیست و سیاسییە جیدیەکانی ئەڵمان و فەیلەسوفەکانیان بەخائین بەنیشتمان لەقەڵمدا، مێگەل جەماوەر لەژێر دروشمی (ژیان گۆڕینی نازیزم) و (مرۆڤی ڕەسەنی ئاری) و (گۆچانەکانتان بشکێنن) و دروشمی دژە ئیفلیجبوونی ژیان لەلایەن نازیەکانەوە توانی ئەو مۆب و مێگەل جەماوەرە کوێرە دروستبکات. بەجۆرێک تاوەکو وێرانبوونی هەموو ئەڵمانیا نەبێت، ئەم مێگەل جەماوەرە وەئاگا نەهاتەوە. تاوەکو ملیۆنەها لەبەرەکانی جەنگدا نەکەوتن و میلۆنەهاش لەسەربازگەکانی ئاوسشڤیتز جینۆساید نەکران، ئەم مێگەلە هەستی بەهەڵەی هەڵبژاردنی خۆی نەکرد..

 

مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری هیتله‌ر هه‌ڵده‌بژێرن به‌ سه‌رۆك وه‌زیران
Nazi German Fuhrer Adolf Hitler (C) saluting girding crowd raising arms in enthused mass heil, in undated image.

دروشمی (گۆچانەکانتان یان دارشەقەکانتان بشکێنن) بووە دروشمێک نازیەکان لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیاندا بۆ مێگەل جەماوەری و دەنگ کۆکردنەوە بەکاریاندەهێنا، بەشێوەیەک کە لەزانستی پزیشکەوە ئەو هاوارە بەرزبۆوە بەوەی مرۆڤ لەئیرادەی خۆیەوە دەتوانێت بەسەر ئیفلیجیدا سەربکەوێت، بنەکەکانی پزیشکی کە شوێنی مەشقکردنی ئیفلیجەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر ناڕێکی و شەلی خۆیاندا سەربکەون، لەدواجاردا ئەم  دروشمە لەدروشمێکی زانستیەوە بوو بە دروشمێکی سیاسی و لە ١٩٣٢ نازیەکان لەژێر دروشمی ژیانتان بگۆڕن و دارشەقەکانتان فڕێبدەن، مانیفێست و بانگەشەی مرۆڤێکی نوێیان دەکرد لەهەناوی ناسیۆنال سۆسیالزمەوە. ئاوەها خوێنەری ئازیز چەمکی ژیان گۆڕین لەفەلسەفەو زانست و ئەدەبەوە بازی هەڵداوەتە بوارە کۆمەڵایەتی و ململانێیە سیاسیەکان..

 

 

 

ڕۆمانسیەتی  ڕیلکە ڕۆحی ژیان گۆڕینە

لەبەشیکی ئەم نوسینەدا باسمان لەوە کرد کە کتێبەکەی سلۆتەردایک (پێویستە ژیانت بگۆڕیت) بە قەسیدەیەکی شاعیری ئەڵمانی (ڕاینە ڕیلکە ) دەستپێدەکات. قەسیدەکە وەک ئاماژەمانپێدا چرکەساتی سەرسامی(ڕاینە ڕیلکە)یە لەبەرامبەر (تۆرسۆ) یان پەیکەرە ناتەواوەکەی خواوەندی یۆنانی (ئاپۆڵۆ) لە مۆزەخانەی (لۆڤەر) لەپاریس. ئەم قەسیدەیەدا باس لەچاوێک دەکات کە بەدوومانەوەیەوە و وەک پڵنگێک لێمان دەڕوانێت و وازمان لێ ناهێنێت، (ڕیلکە) لەم قەسیدەیەدا دەڵێت :

ئەوەتا شوێنێک نییە تۆ لەڕوانینی ئەو هەڵبێیت

 شوێنێک نییە خۆت لەڕوانینی بشارێتەوە

ئیدی پێویستە ژیانی خۆت بگۆڕیت…

 

چاوێک کە چاوی کەللەسەرێکە لەڕاستیدا بوونی نییە! بەڵام لەناتەواوی و بێسەری ئەم پەیکەرەدا بوونی هەیە. بەمانای (بوونێکی ناماتڕیاڵیە) کە لە جەستەی ناتەواوی پەیکەرەکەوە بۆ ئێمە نمایشی هێزی تەواوکاری خۆیدەکات. بەمانای کاریگەری ئۆبێکت، شتەڕەقەکان، ماتریاڵ بەهێزی ڕەمزیانەوە   بەسەرمانەوە، کاریگەریەگی ئەبەدیە. ئەمە کاریگەری شتەڕەقەکان و دونیای هەبووە بێئەوەی یەک ڕستەش بڵێن. ئۆبێکتەکانی چواردەورمان ڕستەکانیان، نەگوتراوەکانیان، تەعبیرن لەدونیای گوتراو و داواکاری نوێیان هەیە لەبەرامبەری سوبێکتی ئێمە لەنێو جیهاندا. ئەم (تۆرسۆی ئاپۆلۆیە) ئەم پەیکەرە بێ سەر و قاچەی ئاپۆلۆ بەدووی شاعیرەوەیە، ڕستە شیعریەکەی ڕیلکە (پێویستە ژیانت بگۆڕیت) دەبێتە تایتڵی  کتێبەکەی (پیتەر سلۆتەردایک) و ئیلهامبەخشی ئەو چرکه‌ساتە شیعرییە لەنێوان ئاپۆڵۆ و ڕاینە ڕیلکەی شاعیردا. چرکەساتێکە لەنێوان ئاپۆڵۆ و ڕیلکە کە (سلۆتەردایک) بەخۆی سەرسامیەکانیەوە وەستاوە، ئەم چرکه‌ساتەی ژیان گۆڕین،  چرکەساتێکی شیعرییە.

ڕۆحی ڕۆمانتیکی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و  نۆزده‌ و چه‌مكی 

  لەچرکه‌ساتی شیعریەوە چەمکی (ژیان گۆڕین) خۆی مانیفێستدەکات، لەتۆرسۆی ئاپۆڵۆوە دونیا بەسەر دونیایەکی شیعری و دونیایەکی بێ ڕۆح و ڕۆمانتیک خۆی دابەشدەکات. لەقەسیدەکەی شاعیرە گەنجە سەرسامەکەماندا (ڕاینە ڕیلکە) و (تۆرسۆی ئاپۆڵۆ)ی خوای ئەقڵ و کەماڵ ژیری نەک هەر داوای ژیان گۆڕین دەکات، بەڵکو جەبریەتی ژیان گۆڕینمان وەک مەرجێکی وجودیانە بەسەردا دەسەپێنێ. ئاوەها قەسیدەکە کۆمەڵێک وێنەی دیکەی ئێستاتیکی لەئێمەدا دەهاروژێنێت. لەم خاڵەوە هەوڵدەدەم هاروژاندنەکانی پشت ئەم خوێندنەوەو تێکستە لەگەڵ خوێنەری ئازیزدا بەشدارپێبکەم. بێگومان ئەم هاروژاندنە فەلسەفیانە پشکێکی گەورەیان لە (ڕۆحی شیعر) بەردەکەوێت، کە لەو بڕوایەدام ڕۆحی جیهان خۆیەتی. لەم خاڵەوە دەتوانم تەنها ئەوەندە بڵێم؛ کە ڕۆحی شیعر خۆی لەخۆیدا ڕۆحێکە ژیان دەگۆڕێت،  بەبێ گەورەکردنی ئەو شاعیرەی نێو خودی خۆمان، ناتوانین باس لەگۆڕانی ژیان بکەین. هەموو کردەیەکی شۆڕشگێڕیش لەدونیادا کە هەوڵدەدات دونیا بگۆڕێت لە ڕۆحێکی شیعریەوە دەستپێدەکات و لەگەڵ مردنی ئەو ڕۆحە شیعریە شۆڕش ماناکانی خۆی وندەکات. فیگوری شۆڕشگێڕە خەوبینەرەکانی دونیا، ئەو فیگورانەن کە شیعر لەژیانیاندا گەمەی خۆی کردووە. هەموو ئەمانە ئەو ڕۆحە خەوبینەرەن  کە بەردەوام لەڕۆحی شیعردا خۆیان گەورەکردووە، ئەمانە ئەو ڕۆحانەن وەک شاعیرێک بەدووی خەونەوە بوون.

مێژووی گۆڕانکاری لەژیان مێژووی ئەو خەوبینەرە گەورانەن کە لەڕۆحیاندا شاعیرێکی گەورە پاڵکەوتووە، شاعیرێک بانگەشەی ژیانێکی نوێی کردووە لەهەناوی ژیانێکی کۆنینەو چەقبەستوو. لەوانەیە گرنگترین وزە لەپێچە مێژوویەکاندا کە توانای ئەوەی هەبووبێت قۆناغێکی گەورەی دونیای جێگیر بلەرزینێت و لەجیاتی ئەوە جۆرێک لەئانارشیستی شۆڕشگێڕانە بەرپا بکات، ئەو وزە گەورەیەیە لەخەونی شیعرەوە تەعبیری لەخۆی کردووە و لەدوایدا لەنێو ئایدیا سیاسی و فیکریەکاندا بەرجەستە بووە. مۆدێرنە بەڕێزانم خەونێکی گەورەی شاعیرانە و ڕۆحێکی شیعری گەورە بوو بەرامبەر بەداهاتوو، داهاتوویەک پڕی بوو لەخەونێکی ڕۆمانسیانە بەدونیایەکی دیکەوە کە ڕۆشنگەری لەڕۆمانتیکەکاندا تەقاندوویەتەوە. ڕۆمانتیک لەڕۆشنگەریەوە خۆی بەسەر مەدارێکی دیکەدا پەرشدەکاتەوە، کە خەونبینینی ڕۆمانسیانەیە بەداهاتوویەکی دیکە، بەژیانێکی دیکە مرۆڤ تێیدا ئازادانەتر دەژی، داهاتوویەک پڕێتی لەدادپەروەری و یەکسانی و ڕۆحێکی ئازادانەو جەستەیەکی تێربوو لەجوانیەکان.

 

لێرەدا هەڵوێستەیەک دەکەم لەبەردەم نموونەیەکی بچووکی ژیانی ڕۆمانتیکی سەدەی هەژدە یان کۆتایی سەدەی هەژدە، بەتایبەت لەئەڵمانیا(ڕودیگە سافرانسکی) لەکتێبە گرنگەکەیدا دەربارەی ڕۆمانتیک بەناوی (ڕۆمانتیک ئەشقبازیەکی ئەڵمانیە)ئاماژە بەو ڕۆحە گەورە شیعریە دەکات لەكۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و سه‌ره‌تاكنی سه‌ده‌ی نۆزده‌ ڕۆمانسیەکانی داگیرکردبوو، لەکتێبەکەیدا نموونەیەکی جوانی ئەو حەماسە گەورەیە لەگەنجەکاندا نیشاندەدات کە ده‌یانەوێت ژیانی ئێستایان بگۆڕن و دواسێبەرەکانی ئۆرستۆکراتیەتی سەدەکانی ڕابوردوو لەژیانیان بکەنە دەرەوە. بێگومان ئەم گەنجانە دوایی دەبنە پیرە ڕەشبینەکانی ڕۆمانتیک. سەدەی هەژدە سەردەمێک بوو (ناپلیۆن پۆناپارت) و شۆڕشی فەڕەنسی تیشکدانەوەی خۆی بەسەر ئەوروپای پیردا پەرشدەکردەوە. خه‌ونێک بەدونیایەکی دیکە، بەژیان گۆڕین، بەیۆتۆپیایەکی هاتوو، لەڕۆشنگەریەوە  بانگەشەی دونیایەکی دیکەی دەکرد کە لەبەردەم دونیای کۆنینەی سەدەکانی ناوەڕاست و سێبەرەکانی  وەستابوو. ڕۆمانتیکەکان وەهایان هەستدەکرد تەنها پێویستیان بەوە هەبوو پەنجەرەکان بکەنەوە و ئاسۆگەکانی ژیانی نوێ بەدیبکەن. ئەو (ڕۆحە شیعریە گەورەیە) لەخەیاڵدانێکی پڕەوە بڕوای بەدونیایەکی دیکە بوو کە لەهەناوی ژیانێکی کۆنینەوە ژیانێکی دیکە نمایشدەکات و ژیان دەگۆڕێت. ئەو ڕۆحە لەئاسۆگەو ئاسماندا بوونی هەبوو کە تەنها ڕۆمانسیەکان دەیانبینی. ئەو ڕۆمانسیانە بەسەر شیعرو ئەدەب و فەلسەفە و تەنانەت سیاسەتدا دابەشبوون، ئەمانە لەسەدەی هەژدەدا و کۆتایی سەدەی هەژدەدا لەنۆڤالیسەوە درێژدەبنەوە تادەگەنە فیختە و شیلەر و گۆتە و ئیتا هۆفمان و شلینگل زۆریتر…ئەمانە بەتەمەن گەنج بوون و پڕ بوون لەحەماس و سەرسامیەکی گەورەی شیعریانە بەدونیا. دیارە لەم بەشی نووسینەمدا هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕۆحە شیعرییە گەورەیە دەکەم کە ڕۆمانتیک بۆ پڕکردن بەگۆڕینی دونیادا لە ڕۆحی سەردەمێکدا و لەنێو گەنجە خەوبینەرەکاندا بڵێسەی پێدەدا، ئەو ڕۆحە گەورەی ژیان گۆڕین (سلۆتەردایک) جەختی لەسەر دەکاتەوە، کە بەڕای من ڕۆحێکی ڕۆمانتیکانەی شاعیرانەیە کە دونیایەکی دیکە دەبینێت،  ئەو ڕۆحە هەڵگری حەماس و سەرسامیەکی گەورەیە بەرامبەر بەبوون.

 

ساڵی ١٨٠٦ هێگڵ سه‌یری ناپلیۆن ده‌كات كه‌وه‌ك داگیركارێك له‌شاری (یێنا ) به‌سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌وه‌یه‌تی ، له‌جیاتی بێزاری ده‌ڵێت : ڕۆحی جیهان له‌سه‌ر ئه‌سپه‌
Wletgeist yur Pferde
-هێڵكاری ماگازینی هاپرپه‌ر ١٨٢٥-بڵاویكردۆته‌وه‌

لە کتێبەکەی (ڕودیگە سافرانسکی) بەناوی (ڕۆمانتیک ئەشقبازیەکی ئەڵمانیە)Romantik, eine  deutsche Affaereچیرۆکی گەنجێک نیشاندەدات کە ناوی (فیختەیە) لە ساڵی ١٧٩١ دا کتێبە گەورەکەی (کانت) دەخوێنێتەوە (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی) دەخوێنێتەوە و سەفەر دەکات بۆ (کونیگس بێرگ) بۆ ئەوەی گەورەترین فەیلەسوفی خۆی ببینێت کە ناوی (ئەمانوێل کانتە) بەڵام ئەوەی دەیبینێت پیاوێکی پیری بێ حەماس و سارد، زۆر تاقەتی ئەوەی نییە باسی فەلسەفە بکات و بکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیدا، هەروا بەدڵشکاوی دەینێرێتە ماڵەوە. دیارە ئەم دڵشکانەی (فیختەی گەنج) هەمان دڵشکانی (ڕۆپسپیری گەنج) مان بیردەکەوێتەوە کاتێک بەحەماسەوە سەردانی (ڕۆسۆی پیر) دەکات لەدواساتەکانی تەمەنیداو ئەویش نایەوێت باسی فەلسەفە و پەیمانی کۆمەڵایەتی لەگەڵدا بکات، بەڵکو باسی گوڵ و ڕووکی لەگەڵدا دەکات، ڕۆپسپێر بەدڵشکاوی بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە، دوای ماوەیەک ڕۆسۆ دەمرێت. سەیر لەوەدایەو دوای چەندەها ساڵ هەمان دڵشکاوی ڕوودەداتەوە ئەمجارەیان لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسی، بەهەمان دڵشکاویەوە گەنجێک بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم گەنجەمان وەک ڕۆپسپێر شۆڕشگێڕێکی توندڕەوی لێدەرناچێت، بەڵکو فەیلەسوفێکە سەرسامیەکانی خۆی ناکات بەشۆڕش، بەقەد هێندەی دەیکات بەکتێبێکی نووسراوی فەلسەفی. بەمشێوەیە (فیختە) کە بەدڵشکاوی دەگەڕێتەوە لەماوەی چەند هەفتەیەکدا گەورەترین کاری فەلسەفی خۆی وه‌ک گه‌نجێک دەنووسێت بەناوی(هەوڵدانێکی ڕەخنەیی لەهەموو سروشێک/وەحی) Versuch einer Kritik aller Offenbarung  دەینێرێت بۆ فەیلەسوفە پیرەکەی (ئەمانۆیل کانت). کاردانەوەی (کانت) کاردانەوەیەکی پڕ گەرم و گوڕیە و تەواو پێچەوانەی وێنەی کۆمەڵایەتی کانت بوو، کە بەساردیەوە پێشوازی لەخودی (فیختە) کرد. (کانت) زۆر بەگەرمیەوە پێشوازی لەم تێکستە دەکات و دەزگایەکی چاپی بۆ دەدۆزێتەوە و بۆ ئەوەی لەژێر مقەستی سانسۆر دەرچێت بەناوێکی دیکەی خوازراو بڵاودەکرێتەوە. لەگۆڤارەکاندا و لەپەڕاوە ئەدەبی هزریەکاندایان چاکتر وەهایە بڵێین لەفۆیلیتۆنەکاندا ئەم کتێبە بە کتێبی باوکی قوتابخانەی ئایدیالزمی ئەڵمانی (ئەمانۆیل کانت) پێناسەدەکرێت، کانت لەنامەیەکیدا بۆ (ڕۆژنامەی ئەدەبی گشتی) ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەو ناوە خوازراوە ئەو نییە و بەڵکو گەنجێکی ٢٩ ساڵیە کە ناوی فیختەیە…بەمشێوەیە کانت لە حەماسی فیختەی گەنجدا، لەڕۆحی رۆمانتیکیەتی ئەودا سەرەتای سەدەیەکی نوێی دەبینی، دەنا من پێموایە پێشوازی لەو تێکستەی فیختە نەدەکرد.

ڕۆمانتیک  بانگەشەی خواوەندێکی نوێی گۆڕانە

ڕۆمانتیک بەڕای من  هیچیتر نییە لای من جگە لەدرێژبوونەوەی (ڕۆحی شیعر) نەبێت لەناخماندا بەوەی دونیایەکی دیکە لەبەردەم پەنجەرەکانمدا خۆی درێژدەکاتەوە و دەبێت ژیان گۆڕین لەو ساتەوە دەستپێبکات کە پەنجەرەکان دەکەینەوە بەرەو جیهانێکی نوێ. هەرچەندە ئەم پێناسەیە نێزیکدەبێتەوە لە پێناسەی (سافرانسکی) بەوەی:(ڕۆمانسیەت بەردەوامی ڕۆحێکی ئاینیە، بەڵام بەمیتۆدێکی ئێستاتیکیانە) بەوەی ئیستیاتیکای شیعری و خەونێک بەیۆتۆپیایەکی دیکە وزەدەری ئەم ماشێنە گەورەیەی ڕۆمانسیەتە. بەڵام هەموو ئەمانە لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ڕۆمانتیک ڕۆحێک بوو لە گۆتە و شیلەردا ڕەنگدەداتەوە، لەنۆڤالیس و فیختەدا ڕەنگیدایەوە و سەرەتای سەدەی نۆزدە و دەرکەوتنی سەدەی مۆدێرنە وابەست بوو بەو خەونە ڕۆمانتیکیە شیعرییەی کە دوای ئەوەی دەکرد لە سەدەی ناوەڕاست خۆی قوتاربکات.

دیارە نابێت ئەوە لەبیربکەین ڕۆمانتیک لەسەدەی هەژدەدا ئەو خەونە پێدەگەیەنێت دونیایەکی دیکە لەبەردەم پەنجەرەکاندا وەستاوە، مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە دڵی خۆی بۆئەوە ئامادە بکات بەحەماسەوە پەنچەرەکان بەرەو داهاتوو بکاتەوە، لێرەدا من دیوە تاریکەکەی ڕۆمانسیەت ناگێڕمەوە کە لەگەڵ بەئەقڵانیەتی دونیادا دەگەڕێتەوە بۆ نێو خۆی و تاریکدەبێت، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە حەماسی ڕۆمانسیەکاندا بەدڵی شیعرەوە پەلاماری دونیایەکی دیکەیان دەدا لەشۆڕشی فەڕەنسیەوە ئاسۆگەکانی خۆی دەرخستبوو.

 بەدیوێکی دیکەدا قەیرانی مرۆڤ لەمۆدێرنەدا و لەژێر سێبەرەکانی سیستیمی گڵۆباڵدا، یاخود چەقبەستنی دونیای ئێمەی پۆستمۆدێرن لەوەدایە، کەچیتر پاڵپێوەنەرە شیعرییەکان و سەرسامییە گەورەکان جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ناجوڵێنێت، هەر بۆیە زۆر زوو دەکەونە چاڵی توندڕەوی و ئسولیەتەوە، هەروەک چۆن لەبەهاری عەرەبیدا بینیمان و هەروەک چۆن لەکوردستانیشدا گۆڕانکاریەکان هەموو ئەو هێزانە بەرهەمدێنێت کە لەدژی شیعریەتی دونیا و ئیستاتیکا کاردەکەن، لەسەرێکی دیکەوە لەدونیای پۆست کاپیتالیدا گۆڕینی سیاسیەکان وەک جاران مانای گۆڕینی پڕەنسیپ و کڵێشەکان ناگەیەنێت، بەقەد ئەوەی لەگۆڕانی فەرمانبەرێکی گەورە دەچن بەئەویتر. چیتر ئەوروپا خاوەنی خەونی گەورە نەماوە وەک لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا ڕۆمانسیەکان خەونیان پێوەدەبینی، چیتر دونیای ئێمە بەدووی شیعریەتی گۆڕانکاریەکاندا ناگەڕێت، بەقەد هێندەی بەدووی ئۆرگانیزەکردنی ڕاتسیۆنالانە و ئەقڵانیەتی ئامڕازگەرایی نەخشەکاندا وێڵە، ئەمەش مرۆڤێکی غەمباری بەرهەمهێناوە کەچیتر خەون نابینێت، چیتر ئاشق نابێت، چیتر ناتوانێت ببێت بەشۆڕشگێڕ…

سەرچاوەکان؛

Ulrich Greiner, Die Verzauberung der Welt. Die Zeit 07.sept.2007

Peter Sloterdijk, Du mußt dein Leben ändern, Suhrkamp2009.)

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سێینه‌كتێبی ی (سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌…) بڵاوبۆته‌وه‌.

سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین