نمایشی تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، لە شیعرەوە بۆ شانۆ


Loading

نمایشی تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، لە شیعرەوە بۆ شانۆ

ڕزگار حەمە ڕەشید

زۆرجار بۆ دروستکردنی ساتێکی نوێ، ناچارین لە لێواری شوێنێکدا بوەستین، نە ئەو ڕابوردووە تیایدا ئامادەیە کە خۆمان دروستمان کرد و ئێستا تێمان پەڕاندووە، نە بەو ساتە نوێیەش گەیشتووین کە دەمانەوێت دروستی بکەین.  لە شوێنێکدا دەوەستین کە نە ڕابردووی تێدایە نە داهاتوو، نە نەفرەت و نە پیرۆزیی. شوێنێک کە دەزانین بەرەو ساتی دواترمان دەبات، بەڵام هێشتا ڕوخسار و سیمای ئەو ساتە “نەهاتوو”ە ئاشکرا نەبووە. تەنیا لە زەینی خۆماندا نەبێت، لە هیچ شوێنێکی ماددیدا وێنە و تەنانەت سێبەرەکانیشی نادۆزینەوە و بۆمان ڕاو ناکرێت و بۆمان جیا ناکرێتەوە. ئەوشوێنە نابوون و ناشوێن نییە، بەڵکو شوێنێکی ڕاستەقینەیە؛ وەک دەرگایەک لێوەی خۆمان دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە دید، لە ئاگایی و هۆشیاریی، جیاواز لەو بینینەی پێی ڕاهاتبووین، جیاواز لەو ڕۆتینەی جوانیمان پێ دەبینی یان ڕاستیمان پێ دەناسییەوە، بەجۆرێکیتر خۆمان ڕادێنین بۆ بینی جوانی و ناسینی ڕاستیی نوێ.

 

شانۆگەری "تۆ مەچۆ بۆ شەڕ" شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی بە ڕیکڵامێکی ئینگلیزی؟! (کولتور مەگەزین)
شانۆگەری “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی بە ڕیکڵامێکی ئینگلیزی؟! (کولتور مەگەزین)

(شانۆگەری “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” بەرهەمی کۆڕی شانۆی با و لە بەرهەمهێنانی سۆ مارکێتینگ، دەرهێنانی هونەرمەند هۆرێن غەریب، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی سلێمانی لە ٢|٦|٢٠٢٣ و ڕۆژانی دوایی لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نمایش کرا)

 

تێکستی ئەم کارە شانۆییە پشتی بە کۆمەڵێک شیعری ماردین ئیبراهیم بەستووە و ناونیشانەکەشی ناونیشانی یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی ئەو، هەوڵدراوە لە کۆی ئەو شیعرانەی بەکار هاتوون چیرۆکێک دروست بکرێت. هەرچەندە چیرۆکەکە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە، بەڵام لەناو چەندەها چیرۆکی شیعری و جەستەیی و وێنەییدا کاڵ بۆتەوە، بەڵام هێشتا دەتوانین ڕوخساری ئەو چیرۆکە بناسینەوە کە ئەم نمایشە دەیەوێت بمانخاتە پەیوەندییەوە لەگەڵیدا. لە درێژەی ئەم نوسینەمدا، هەوڵدەدەم زۆرتر دەربارەی ئەو دیوانەی نمایشەکە قسە بکەم.

 

ئەوەی لەم سەرەتایەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ئەم نمایشە ئەگەر وەک پڕۆژەیەک ئەژماری بکەین بۆ کارەکانی داهاتووی کۆڕی شانۆی با، یان بۆ دەرهێنەر هۆرێن غەریب، سەرەتای جیابوونەوەیەک دەبینین لە نمایشەکانی پێشووتری هەمان دەرهێنەر کە بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە: قۆناغی نەوەدەکان کە بە نمایشی سترانی شەمەندەفەری تەنیایی و دوا ئەفسانەی بوون و سەرەتا بەرد بوو دا تێدەپەڕێت و دواتریش لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا بە نمایشی “وێنەی هونەرمەند دوای تافی لاویی” سەرەتایەک بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەبینرێت کە دواتر لە نمایشەکانی “پێکەوە لە بەهەشتا عەسرێ” و “ئەو دەمەی دنیا بێتامە حەیرانێک” و چەند نمایشێکی تردا خۆیی مانیفێست کرد.

لە قۆناغی یەکەمدا کار لەسەر دەقێکی نوسراو دەکرا، بەڵام لە ڕۆژانی پرۆڤەدا ڕەهەندەکانی ئەو دەقە تێکدەشکێنران و بە جۆرێکیتر بۆ نمایش دادەڕێژرانەوە. لەم قۆناغەدا دەقی نوسراوو وشە ڕۆڵێکی سەرەکییان نەدەبینی، بەڵکو جەستەی ئەکتەر و دروستکردنی ئەتمۆسفێری نمایشەکە بە ڕیتم و سینۆگرافیا و کەرەستە بەکارهاتووەکانەوە تۆڕێک لە یەکەی دەلالیی دروست دەکرد، لەمەشدا ڕەهەندی سایکۆلۆژیی بەهەند وەرنەدەگیرا و زۆرترین فۆکەس لەسەر گوتاری ئەبستمۆلۆژی و فەنتازیای نمایش بوو. لەم ڕووەوە و بەتایبەتیش بۆ ئامادەکردنی ئەکتەر سوودی زۆریان لە ڕاهێنانەکانی گرۆتۆڤسکی وەردەگرت. بۆ نموونە لە دوا ئەفسانەی بوون” دا کە پشتی بە دەقی “کۆتایی گەمە”ی سامۆیەڵ بیکێت وەرگرتبوو، بە ئاستەم بینەر خودی دەقەکە و ئەتمۆسفێری دەقەکانی بیکێتی دەبینی، بەڵام پانتاییەکی پڕ لە جووڵەی ئەفسوونئامێز و نوادنی تایبەت و هەندێک جار بایۆمیکانیکی، جگە لە ڕووبەرێکی پڕ لە کردار و بە گشتیش پانتاییەکی دەلالی قووڵ.

بەڵام قۆناغی دووەم کە بە وێنەی هونەرمەند دوای تافی لاویی دەست پێدەکات، یەکەم هەنگاو بەرەو شێوازێک لە شانۆی ئیمپرۆ دەنێن، شێوازێک کە لە کۆتایی هەشتاکان و نەوەدەکاندا گرووپێکیتر بە شەوازێکی جیاواز کاریان تێدا دەکرد.

  بەڵام بۆ ئەو گروپەی دواتر لەژێر ناوی کۆڕی شانۆی با دا خۆیانیان ناساند، سەرەتای دوورکەوتنەوە بوو لە دەقی پێشوەختە نوسراو. دواتر ئەو پرۆژەیە لە (ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێک) دا زیاتر شکڵی بەخۆیدا و لە ئەزموونەکانی دواتری هەمان گرووپدا درێژەی پێدرا تا نمایشی مارا ساد.

لێرەدا ئەوەی گرنگە باسی بکەین ئاراستەی گوتاری نمایشە لە (سترانی شەمەندەفەری تەنیایی) یەوە بەرەو (چاو ئەکەیتەوە لمە جەستە، سەحرایە ڕۆح) لە گوتارێکی ئەبستمۆلۆژی فرە ڕەهەند و فرە ئاماژەوە بەرەو گوتارێکی سیاسیی ڕاستەو خۆ و تاک ڕەهەند و ئاماژەی راستەو خۆ. لە هەوڵدانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانی وەک( کارەکتەر و چیرۆک و ڕوداوو چنین) و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان لەناو سیستمێکی ئیستاتیکیدا کە بەشێکی زۆری پشت بە ئامادەیی جەستەی ئەکتەر دەبەستێت، بەرەو سڕینەوەی ئەو پێکهاتانە لەناو سیستمێکی دروشمئامێزدا کە لە پانتاییەکی ئاوەڵادا مانیفێستی خۆی دەکات.

 

شانۆگەری - ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێک - کۆڕی شانۆی با - کۆچکردو ئیبراهیم چێوار لە فۆتۆکەدا کەسی یەکەمە.
شانۆگەری – ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێک – کۆڕی شانۆی با – کۆچکردو ئیبراهیم چێوار لە فۆتۆکەدا کەسی یەکەمە.

(وێنەی هونەرمەند دوای تافی لاوی) و (پێکەوە لە بەهەشتا عەسرێ) دەبنە سەرەتای وەرچەرخانی کاری ئەو گرووپە و دواتریش لەژێر ناوی کۆڕی شانۆی با دا درێژە بە هەمان شێوازی کارکردن دەدەن. بێگومان سەرەتای ئەو شێوازە کارکردنە بە سەختی دەستی پێکرد، بەڵام دواتر سادە و سادەتر دەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە وەک پەتایەک بە شار و شارۆچکەکانی تریشدا بڵاو دەبێتەوە و هەموان بەو شێوازە (ئاسانە) کار دەکەن کە بارکرابوون لە دروشم و ڕستەی ڕۆژانە و دەلالاتی ئایکۆنی.

 لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو ڕوخسارە سەرەتاییەی جیابوونەوەی ئەم کارە (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) لەو دوو قۆناغەی پێشوو باس بکەین؛

دەستپێشخەریەکانی ئەو جیابوونەوەیە لەوەدا دەبینین کە ئەم کارە لە لایەکەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شێوازەی قۆناغی یەکەم، بەوەی هەوڵدەدات لەبری دەلالاتی ئایکۆنی و ڕستەی ڕاستەوخۆ و درووشمئامێز، لەبری سادەیی تا ئاستی بەتاڵبوونەوەی مانا، دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە یەکە دەلالییەکان و سات بە ساتی نمایش بەوجۆرە بونیاد دەنێت. لە لایەکیتریشەوە هەوڵدەدات دوور بگەڕێتەوە بۆ شانۆی کلاسیک، زمانێکی شیعریی پڕ لە میتافۆر و زاراوەی جیاواز بەکار دەهێنێت و دەیانکاتە دایالۆگی کارەکتەرەکان. جگە لەوەش، چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە. دەتوانرێت یەکە نەریتییەکانی کات و شوێن و ڕوداو بناسرێنەوە، کارەکتەرەکان ڕەهەندی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییان هەیە و ڕوداوەکانی لەسەر بونیاد نراوە. ڕەنگە ئەم بۆچوونە، بۆ زۆرێک لەوانەی نمایشەکەیان بینیوە جێی پرسیار بێت، بەڵام ئەمانە هەموو بە هێڵێکی زۆر کاڵ بوونیان هەیە. بۆ نموونە کارەکتەری دایک (ژنە ڕەشپۆشەکە، خەدیجە) خێزانێکی هەیە کە لە سێ کچ و کوڕێک و مێردەکەی و دەزگیرانی کوڕەکەی پێکهاتووە، هەندێ جار لەبەر دەم دەرگای ماڵەکەی خۆیدا تەشی دەڕێسێت و هەندێ جاریش بەدوای منداڵەکانی و بەتایبەتی کوڕەکەیدا ڕادەکات و بەردەوامیش دژی شەڕە و داوا لە هەموان و بەتایبەتیش مێردەکەی دەکات کۆتایی بە شەڕ بهێنن.

 ئەوەی وای کردبوو ئەو هێڵە درامییە بزر بێت و بینەر فریای ڕاوکردنی چیرۆکەکان نەکەوێت، پەیوەستبوونی تەواوی دەرهێنەرە وەک ئامادەکاری دەقی نمایش، بە دەقە شیعرییەکەوە تا ئاستی پیرۆزکردن. بەجۆرێک خۆیی وابەستەی ڕستە شیعرییەکان کردبوو، تەنانەت بۆ دایالۆگی نێوان کارەکتەرەکانیش دەستبەرداریان نەدەبوو. بۆیە لەو شوێنانەدا کە بەریەک کەوتن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان کارەکتەرەکان ڕووی دەدا، ئەکتەرەکە دوو کردەی جیاوازی ئەنجام دەدا، بە جەستە کاردانەوەکانی بەرجەستە دەکرد، بەڵام بە دایالۆگ ڕستەیەکی شیعریی کارەکتەرەکانی تری تەواو دەکرد. بۆیە لەو کاتانەدا هەستت بە پچڕان و تا ڕاددەیەک ونبوونیش دەکرد لە نواندن دا.

 

گەڕانەوە بۆ شانۆی شیعریی

 ئەم نمایشە بە چەند ئاراستەیەکدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو وە هەوڵدەدات لەوێوە بە شێوازێکی جیاواز بگەڕێتەوە بۆ ئێستا. یەکێک لەو ئاراستانەش شیعرە شانۆییەکانی گریکی کۆنە کە گرنگترین بەرهەمەکانی خۆیانیان لەشێوەی شیعری شانۆییدا دادەڕشت، دواتریش دەقەکانی گرنگترین شانۆنامە نوسی هەموو چەرخەکان شەکەسپیر و هاوسەردەمەکانی و زۆری دواتریش، دەقەکانیان لەشێوەی دەقی شیعرییدا دەنووسی، جگە لەوەی چەند هەوڵێکی نوسەرانی کوردیش هەیە بۆ نوسینی شانۆنامەی شیعریی، وەک چەند بەرهەمێکی یەک پەردەیی عەبدوڵا گۆران و شانۆنامەی “ئاسک” ی شێرکۆ بێکەس و “دڵدارانی باران” ی ئەحمەد سالار . بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەو بەرهەمانە، هەرچەندە وەک بەرهەمێکی شیعریی ئەژمار دەکران، بەڵام کارەکتەرەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەستراونەتەوە بە یەکە درامییەکانەوە، دایالۆگەکانی نێوانیان کار و کاردانەوەی تێدایە و ساتەکان، یەک بەدوای یەکدا بە شێوەیەکی دراماتیکیی هەڵچنراون تا دەگەنە کۆتایی. واتە شیعرەکان بەشێکن لە هێڵە درامییەکە، نەک شیعرەکە سەربەخۆ نوسرابێت و ڕستەکانی دابەشکرابێت بەسەر ئەکتەرەکاندا، وەک ئەوەی لە (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) دا بینیمان.

 

 لێرەدا باسی هەندێک لەو لایەنانەی پێکهاتنی نمایشەکە دەکەین.  

 

تایتڵ – ناونیشان

زۆرجار تایتڵ گوزارشتی ڕاستەوخۆ لە ئایدیاکانی بەرهەمێک دەکات، هەندێک جاریش بەناوی یەکێک لە کارەکتەرە سەرکییەکانەوە یان ئەو شارەی سەنتەری ڕوداوەکانی چیرۆکەکەیە یان هۆکاری نا ڕاستەوخۆتر دەبنە تایتڵی بەرهەمەکان.  بەڵام بە ئاسانی، تایتڵ یەکەم بەشی بەرهەمەکەیە کە بەر بینەر یان خوێنەر دەکەوێت، وە زۆرترین خەڵک تایتڵەکە دەبینن و خێراترین مەزەنەیان سەبارەت بە بەرهەمەکە لا دروست دەبێت.

  “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” وەک تایتڵ فەرمانێکی ڕاستەوخۆی تێدایە و بەر لە هەر شتێک بەرمان دەکەوێت، بەناوی کەسێکی ترەوە نا، بەڵکو بەناوی نمایشەکەوە بۆ منی بینەر کە هێشتا نەچوومەتە ناو هۆڵی نمایشەکەوە، یەکەم ڕوانگەی منی بینەر چی دەبێت بەرامبەر بەو تایتڵە و کاردانەوەم چۆن دەبێت؟ بۆ کەسێک ئاشنا بێت بە شیعرەکانی ماردین ئیبراهیم، جیاوازە لە کەسێکیتر کە هیچ ئاشنایەتییەکی پێی نییە و نەیخوێندۆتەوە.

  بۆ کەسی یەکەم کە پێیان ئاشنایە، ئەو ڕوانگەیە دروست دەبێت کە ئەم نمایشە تەنیا خوێندنەوەی شیعرەکانە، ڕەنگە بە کەمێک شانۆکراویی. بەڵام بۆ کەسی دووەم کە نا ئاشنایە، ڕەنگە سەخت بێت بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات چ جۆرە نمایشێکی بۆ ئامادە کراوە. بەڵام بۆ هەردوکیان، لە تایتڵەکەوە (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) ڕاستەوخۆ دەکەونە بەردەم فەرمانێکی زبر کە زیاتر لە فەرمانێکی سوپایی یان پاتریارکیی دەچێت. کێ مافی ئەوەی هەیە لەبری من بڕیار بدات داخۆ دەخوازم بچم بۆ شەڕ یان نا؟ ئەم پرسیارە هۆکارە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو کۆمێنتانەی لە سۆشیال میدیا دەبینران کاردانەوەی خێرا بوون بەرامبەر تایتڵەکە.

    دیارە ئەم دۆخی بەریەککەوتنە لەگەڵ تایتڵدا، لە ساتی یەکەمدا زۆر جار کاردانەوەیەکی دەروونی دروست دەکات، جۆری ئەو کاردانەوەیەش بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت. ڕەنگە هەمان تایتڵ لە ڕووبەرێکی جوگرافیدا کە ڕاستەوخۆ بەر شەڕ نەکەوتووە؛ بەردەوام لەناو شەڕدا نەبووە؛ هەوڵی پاکتاوکردنی نەدراوە؛ بەدرێژایی چەندین ساڵ بەدەستی ناوەکی و دەرەکی نەچەوسێنراوەتەوە و مافی پێشێل نەکراوە؛ ڕۆژانە لەناو سیستمێکی سەرکوتگەردا ڕووبەڕووی چەندین جۆری مردن نەبۆتەوە، ڕەنگە بەشێوەیەکی جیاوازتر بەر ئەو تایتڵە بکەوتنایە، هەرچەندە هێشتا شێوازی داڕشتنەکەی وەک فەرمانێک (تۆ مەچۆ) کاریگەریی لەسەر خوێنەر یان بینەرەکانی دادەنێت.

       لە ڕووی دەروونیشەوە زۆرجار بەرامبەر بە فەرمانێک (تۆ ئەمە مەکە، تۆ ئەوە مەکە، وا بڕۆ، وا دانیشە) مێشک کاردانەوەیەکی توندی دەبێت بەرامبەر بە سنووردارکردنی ئازادییەکان و هەڵبژاردەکانی تاک. هەندێک جار کاردانەوەکە ئەوەندە توندە، کەسەکە هەڵسوکەوتی پێچەوانەی ئەوە دەکات کە داوای لێکراوە. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ئەوە ڕەفتاری پیاوە ئایینیەکان و کۆمەڵگە تەقلیدییەکانە لە بری پرسیار و شیکردنەوە و ورووژاندن، ئامۆژگاری کەسەکان دەکەن و بۆ هەر ئامۆژگارییەکیش، لە ئەگەری فەرامۆشکردنیدا، سزا و هەڕەشەیان ئامادە کردووە.

      هەڵبژاردنی ئەو فەرمانە بۆ تایتڵ وەک ئامادەکردنی سوپایەکی گوێرایەڵ وایە بۆ چوونە ناو سەنگەرێکەوە کە هۆڵی شانۆکەیە، یان پۆلێک قوتابیی گوێرایەڵ.

لە شیعرەکەدا کە دەیخوێنیتەوە، جگە لە تایتڵە سەرەکییەکە (تۆ مەچۆ بۆشەڕ) تایتڵێکی بچووکتریش هەیە کە زیاتر ڕوونکردنەوەییە، نوسراوە: (بۆ لازۆ)، وەک خوێنەر بەهۆی ئەمەوە، خۆت بە کەسی سێیەم دەبینیت و دەزانیت ئەو داوایە لە کەسێک کراوە کە تێکستەکەی بۆ نوسراوە؛ بەڵام نمایشەکە ئەو ڕوونکردنەوەیە یان ئەو ناونیشانە نێوەندگیرەی نییە، بۆیە فەرمانەکە ڕاستەوخۆ ئەوکی بینەر دەگرێت.

 

لازۆ وەک بەشێک لە تایتڵ و وەک سێبەرێک بەسەر نمایشەوە

 ئێمە لە تایتڵی شیعرەکەوە ئەوەمان بۆ ڕوونە کە لازۆ کەسێکە شیعرەکەی بۆ نوسراوە، لازۆش خۆی ناوێکی مێیینانەیە، بۆیە لە نمایشەکەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە پیاوەکان هەڵگیرسێنەری شەڕەکانن و ژنەکانیش شیوەن بۆ کوژراوەکانیان دەگێڕن، لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی برا و مێرد و کوڕەکانیاندا هەمیشە دڵ لە مشت و چاو لەڕێن. بۆیە وەک بەشێک لە سینۆگرافیا، دارە بێگەڵاکە دەبینین لە لایەکی شانۆکەوە هەڵواسراوە و ڕەگەکانی بە ئاسمانەوەن. ئەو دارە لە زۆر شوێندا زۆر لە دارەکەی شانۆگەری (لەچاوەڕواانی گۆدۆدا)ی سامۆیڵ بیکیت دەچێت، بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە هەست بە چاوڕوانییەکی تاقەتپڕوکێنی دەزگیران و دایک و کچەکان دەکەین، یان کە گوریسی خۆکوشتنی پێدا هەڵدەواسرێت.

 

مێینە

ئێمەی بینەر خۆمان لە بەرامبەر گوتارێکی نمایشدا دەبینینەوە کە شەڕەکان لە گەمژەیی و دڕندەیی و بێباکیی پیاوەکان بار دەکات و مێینەکانیش بە چەندین شێوە وەک قوربانیی پیشان دەدات، جەنگیش وەک مەکینەیەک بەیان دەکات کە بۆ هاڕینی پەیوەندییەکان و بەهاکان و شکۆ و سەربەخۆیی و ئازادیەکان هەڵدەگیرسێت.

 تەنیا مێیینەیەک بتوانێت بڕیارێکی ئازادانە بدات لە نمایشەکەدا، کارەکتەری دایکە ڕەشپۆشەکەیە. لە پاش دڵنیا بوون لەوەی ئەو پیاوە دڕندەیەی لە ماڵەکەیدایە، هەمیشە دەچێتە شەڕەکانەوە و هەمیشە دەکوژرێت و زیندوو دەبێتەوە و دەچێتە شەڕێکی ترەوە؛ ئیتر دڵنیا دەبێت لەوەی هەمیشە دەبێت لە تەنیشت دڕندەیەکەوە ڕۆژ بکاتەوە. بۆیە لە کۆتاییدا بڕیاری ئازایانەی خۆی دەدات، ماڵەکە بەجێ دەهێڵێت و بەدوای خۆیدا وێرانەیەکی تەواو بەجێ دەهێڵێت. بەڵام ئەم بەجێهێشتنە، وەک ساتەکانی تری نمایش، مێیینە هیچ کاریگەرییەک بەجێ ناهێڵێت، مێیینە ڕۆڵێکی پاسیڤی هەیە لە ڕوداوەکانی جەنگ دا.

ئەمە گۆشەنیگایەکی باوە و زۆرجار هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی کە مێ کاریگەریی لەسەر ڕوداوەکان و بەتایبەتی جەنگ نییە, بەڵام لە جەنگدا ژنانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەرئەنجامەکان هەیە. یەکێک لەو ململانێیانەی فەمینیستەکان لە دوای جەنگە جیهانییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا ڕووبەڕووی بوونەوە بریتی بوو لەوەی، لە ماوەی جەنگدا پیاوەکان دەچوون بۆ شەڕ و کارەکانیان بەجێ دەهێشت، خاوەن کارەکان و دەوڵەتیش شوێنی ئەو پیاوانەیان بە ژنان پڕ دەکردەوە. کە جەنگیش تەواو دەبوو، ژنەکانیان دەناردەوە ماڵەوە و کارەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ پیاوان.   فەمێنیستەکان نەیانتوانی چیتر ئەوە قبووڵ بکەن و فشارێکی زۆریان دروست کرد تا کەمێک هاوسەنگیی جەندەریی بسەپێنن. لەم بارەیەوە ماردین لە شیعرەکەدا دەڵێت دەگەڕێینەوە و باسی ئەو تفانە ناکەین کە بە تەوێڵی ژنەکانەوەیە:

 

(باسی ئەو تفانە ناکەین کە بە تەوێڵی ژنەکانەوەن
وەک سەگی قوڕاوی دەگەڕێینەوە
وەک داڵە کەرخۆرە ئێوارەی گەڕەک پڕ دەکەین لە شوومی)

 ئەوەی وەک ڕۆڵی ژنان لەم نمایشەدا دەیبینین ئەوەیە ژنەکان هیچیان پێ ناکرێت، تەنیا دەپاڕێنەوە و داوا لە پیاوەکان دەکەن نەچن بۆ شەڕ، تەنانەت ڕایەکیشیان دەربارەی خودی جەنگەکان نییە، جەنگەکان ڕەت ناکەنەوە، تەنیا داوا لە کوڕ و برا و مێردەکانیان دەکەن لای ئەمان بمێننەوە و نەچن بۆ شەڕ.

فێمێنیستەکان هەوڵدەدەن چەقبەستوویی چەمکی “ژن وەک قوربانی” تێکبشکێنن و ئەو ڕۆڵە فرە ئاڵۆز و ناکۆکانە بخەنە ڕوو کە ژنان لە جەنگدا دەیگێڕن وەک: شەڕڤان، کرێکار، سەرکردەی کۆمەڵگا، چالاکوانی ڕزگاریخواز، کارمەندی تەندروستی و تەنانەت سیخوڕیش و زۆر ڕۆڵی گرنگی تریش کە وا دەکات بەو تێڕوانینەدا بچینەوە کە ژنان وەک ناکارایەکی پاسیڤ باس دەکات و هەموو ڕۆڵە کاریگەرەکانی لێ دادەماڵێت. لە نمایشەکەدا بە زەقی بەر ئەو دیدگایە دەکەوین. تەنانەت لە قورسترین ڕوو بەڕوو بوونەوەشدا کە دایکەکە بڕیاری ڕۆیشتن دەدات، وەک نورای ئەپسن لە شانۆنامەی “ماڵی بووکوشووشە”دا بە هێزێکی ژنانەی گەورەوە ناڕواتە دەرەوە، بەڵکو بە لەتە بەلەمێکەوە وەک نیوەی کۆمەڵگا سەری خۆی هەڵدەگرێت و هیچ کردارێکی چاوەڕێکراو لەدوای خۆی بەجێ ناهێڵێت، وە ڕۆشتنەکەشی جگە لە وێرانییەکی زیاتر، هیچ کاریگەرییەک لەسەر شێوەژیانی خێزان و کۆمەڵگە و ڕۆڵی ژنان و جەنگ و هیچ شتێک بەجێ ناهێڵێت.

بۆئەوەی ئەم ئاراستەی ئیشکردنانە لەیەکتر جیا بکەینەوە، هەوڵدەدەم خوێندنەوەکانی خۆم لە سێ هێڵی سەرەکیی چیرۆک و سێ قۆناغی زەمەنی نمایشەکەدا دەستنیشان بکەم.

ئەم نمایشە بەسەر سێ هێڵی سەرەکیی چیرۆکدا دابەش بووە، ئەو سێ هێڵە باڵیان بەسەر هەر سێ قۆناغەکەی نمایشەکەدا کێشاوە.

 قۆناغی یەکەم کاتی شەڕ کە هەموو ئەکتەرەکان تێیدا بەشدارن.

 قۆناغی دووەم قۆناغی گەڕانەوەی کوژراوی شەڕەکانە بۆ ئەو کۆمەڵگایەی هەموو پیاوەکانی چوون بۆ شەڕ، ژنەکان چەندین گوڵدان لە پێشی شانۆکەدا بە هێڵێکی ڕاست دادەنێن.

 قۆناغی سێیەمیش گەڕانەوەی پیاوەکان و دڵنیا بوونی دایکە ڕەشپۆشەکەیە لەوەی کە باوک واز لە پیلانی شەڕەکانی ناهێنێت، هەر دەکوژرێت و جارێکیتر بە شێوەیەکی دڕندانەتر دەچێتەوە مەیدانی جەنگ، بۆیە بڕیار دەدات سەری خۆی هەڵبگرێت و دوای خۆشی وێرانەیەک بەجێ دەمێنێت، فەوزا و ئاژاوەگێڕییەکی بێکۆتا.

 

سێ هێڵە سەرەکییەکەی چیرۆکەکانیش:

١| هێڵی شیعرەکان وەک خۆیان، لە شێوەی خوێندنەوەیەکی بەردەوامدا لە سەرەتای نمایشەکەوە تا کۆتایی.

٢| هێڵی جووڵەی ئەکتەرەکان، ئەگەر بە ڕووتکراوەیی وەری بگرین و دایماڵین لە سینۆگرافیا و قەسیدەکان و وێنە گشتییەکان.

٣| هێڵی سینۆگرافیا، ئەمیش بە سەربەخۆیی و بە جیا لە هەر یەک لەو دوو هێڵەی تری چیرۆکەکان.

 

 

یەکەم: هێڵی شیعرەکان

 هێڵی زاڵی شیعرەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی، هەرچەند لە زۆر شوێندا تەنیا وەک باکگراوندێک دەمێنێتەوە بۆ هاوار و جووڵەی ئەکتەرەکان، بەڵام ئەم هێڵە، لەو ڕووەوە کە پەیوەندیی بە بیستنەوە هەیە، تا ڕاددەیەکی زۆر تێکڕای ڕووبەری نمایشەکەی داگیر کردووە. لەڕێگەی دابەشکردنی دێڕە شیعرییەکانەوە بەسەر کۆمەڵێک کارەکتەردا، ئەو کارەکتەرانەی لە خەیاڵی شیعرەکانەوە لەدایک بوون، چیرۆکێک بونیاد نراوە کە وەک هەر چیرۆکێکی درامیی سەرەتاو ناوەڕاست و کۆتایی هەیە. بەڵام وەک لە شوێنیتری ئەم نوسینەدا باسم کردووە، دروستکردنی کارەکتەرەکان تەواو نەکراون و دایالۆگیش وەک دایالۆگی شانۆیی دروست نەبووە.

 

شانۆگەری "تۆ مەچۆ بۆ شەڕ" بەرهەمی کۆڕی شانۆی با و لە بەرهەمهێنانی سۆ مارکێتینگ، دەرهێنانی هونەرمەند هۆرێن غەریب، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی سلێمانی لە ٢|٦|٢٠٢٣ و ڕۆژانی دوایی لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نمایش کرا
شانۆگەری “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” بەرهەمی کۆڕی شانۆی با و لە بەرهەمهێنانی سۆ مارکێتینگ، دەرهێنانی هونەرمەند هۆرێن غەریب، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی سلێمانی لە ٢|٦|٢٠٢٣ و ڕۆژانی دوایی لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نمایش کرا

 

دووهەم: هێڵی جووڵەی ئەکتەرەکان

   ئەم هێڵەش لەسەرەتاوە درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی، مەبەستم جووڵەی ئەندازەیی ئەکتەرەکانە وەک هێڵە بەیەکدا چووەکان، بتوانین دابەشی بکەین بەسەر سێ ماوەی زەمەنیی جیاوازی نمایشەکەدا:

 زەمەنی یەکەم؛ پێشبینی شەڕ دەکرێت و دواتر شەڕ هەڵدەگیرسێت، لەم زەمەنەدا زیاتر هێڵی ڕاست و چەماوە و زیکزاک دەبینین، ئەگەر فۆکەسمان لەسەر زەمینی شانۆکە بێت، کۆمەڵێک هێڵی جووڵەی ئەکتەرەکان دەبینین کە لە خاڵی یەکەوە دەڕۆن بۆ دوو، کۆمەڵێک هێڵی چەماوە و ڕاست دەبینین سەر شانۆکەی پڕ کردۆتەوە و ئەو هێڵانە بەناو یەکدا چوون، زۆر جار یەک دەبڕن و زۆر جار تەریبن.

 

 

زەمەنی دووەم؛ زەمەنی نەمانی پیاوەکانە لەسەر شانۆ، چاوەڕوانی و شیوەنگێڕییەکی تاقەتپڕوکێنی ژنەکانە، هەروەها ژنەکان گوڵدانەکان لە پێشەوەی شانۆکەدا لەسەر هێڵێکی ڕاست دادەنێن، دواتر تەماشاکردنی تەرمەکان کەئاو دەیانهێنێت و بەبەردەم ژنەکاندا تێدەپەڕن و ئەمانیش (بەتایبەتی دایک) شیوەنیان بۆ دەگێرن. لەم زەمەنەی نمایشەکەدا زیاتر هێڵی ڕێک و چەماوەی جوان دەبینین، بەتایبەتی دوای هێنانی ئینجانەکان هەست دەکەین هێڵی جووڵەی ئەکتەرەکانیش شێوەی گوڵ وەردەگرێت، یان بەیەکدا چوونی هێڵی ڕێک و چەمانەوە.

 

زەمەنی سێهەم؛ گەڕانەوەی پیاوەکان و کۆچکردنی دایکە ڕەشپۆشەکەیە لەگەڵ کچە بچکۆلەکەیدا بە لەتە بەلەمێک و دەرکەوتنەوەی ڕۆحی کوڕەکەیەتی لە پەنجەرەکەی پشتیەوە، بەلەمی دایکەکە لە ڕۆحی کوڕە کوژراوەکەی دوور دەکەوێتەوە تا دیار نامێنێت و دواتر وێنەی ڕۆحی کوڕە کوژراوەکەشی هێدی هێدی نغرۆ دەبێت تا دیار نامێنێت. لەمەشەوە سەرگەردانیی هەموان دەست پێدەکات، لە جیهانێکدا کە نە شەڕە و نە ئاشتی، بەڵام تا کۆتایی سێبەری شەڕێکیان هەر بەسەرەوەیە، وڵات وێرانتر دەبێت و هەموو شتەکانیان بەسەردا دەڕوخێت. لەم زەمەنەی نمایشدا هەست بە گەڕانەوە دەکەیت بۆ جووڵەکانی زەمەنی یەکەم وەک هێڵی ڕاست و چەماوە و زیکزاک، بەڵام بە فەوزای زیاتر و قەرەباڵغی و بەیەکدا چوونی زیاترەوە.

 

سێهەم:  هێڵی سینۆگرافیا

 ئەم هێڵەش بە سەربەخۆیی کاری خۆی دەکات، گەورەیی دیکۆرەکە، چەندێک زیاتر دوور بکەویتەوە باشتر وێنە گشتییەکە دەبینیت. جگە لەوەی پارچە جیاجیاکانی ناو سینۆگرافیاکە بەردەوام کرداریان تێدایە و بینەر دەتوانێت بە جیا بیان بینێت و بەشەکانیتر فەرامۆش بکات. دارە هەڵواسراوەکە، بەر دەرگای ماڵی جل ڕەش، کابینەی تەلەفۆنە گشتییەکە، سەکۆ بەرزەکەی پشتەوە، …. هەر بەشێکی شانۆکە، هەر ئەکتەرێک ئەگەر فۆکەسی بخەیتە سەر کاری خۆی دەکات و دەلالاتی خۆی فڕێدەدات.

لەم نمایشەدا بینەر هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بەر شەپۆلێک لە تۆڕە دەلالییەکان دەکەوێت، لە هەموو ئەو هێڵانەوە کە باسمان کرد، بەردەوام و بە درێژایی نمایشەکە بینەر دەکەوێتە ژێر شەپۆلی ئەو دەلالەتانەوە کە نمایشەکە لە چەندین گۆشە و لە ڕێگەی چەندین ڕووداوەوە کە بەیەکەوە لەسەر شانۆ ڕوودەدەن، فڕێیان دەدات. لەسەر هەموو ئاستەکانی نمایشەکە، هەم لە دەلالاتە شیعرییەکانەوە، هەم لە جووڵەی ئەکتەرەکان و لە دروستکردنی تابلۆکانەوە، بە تاک یان بە پارچە، گرووپێک بەیەکەوە یا چەند گرووپێک بە یەکەوە، یا هەموو سەر شانۆکە بەیەکەوە. ئەو تۆڕە دەلالیانەش بەناو هەموو هێڵەکانی چیرۆکەکاندا و بەتایبەتیش بەناو هەر سێ هێڵی سەرەکیی نمایشەکەدا درێژ بوونەتەوە، ئەمەش قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر بینەرێک بیەوێت هەموو ڕەهەندەکانی کارەکە لە بینینی تەنیا جارێکی نمایشەکەدا بخوێنێتەوە.

ئەم نمایشە لە سەرەتاوە ئامادەت دەکات بۆ دابەش بوون، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ بەرەوپێش چوونی نمایشەکەدا، وەک بینەر تا دێ زیاتر هەست بە پارچە پارچەیی و دابەشبوون دەکەیت، دابەشت دەکات بەسەر کۆمەڵێک ڕووبەردا کە بە هەموویان وێنەیەکی گشتی سەر شانۆکەمان بۆ هەر ساتێکی نمایشەکە بۆ ئاشکرا دەکات. ئەم دابەشبوون و لەت لەت بوونە لە هونەر و ئەدەبی پۆست مۆدێرنیزمدا زیاتر دەدۆزینەوە، پچڕان لە تێکشکاندنی یەکە دراماتیکییەکانەوە تا شێوازی گێڕانەوە و مۆنۆلۆگ و هەموو پێکهێنەرەکانی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان.

ئەم پارچە پارچە بوون و لێکترازانانە ئێمەی بینەر دەخاتە بەردەم ناکۆکییەک لەنێوان پۆست مۆدێرنیزم و کلاسیک یان شانۆی نەرێتییدا. چونکە ئەوەی لەسەر شانۆکە دەیبینین، لە ڕێگەی هەموو پێکهاتەکانەوە و دابەشبوونی ئەکتەرەکان و بارستاییەکان و بەگشتی سەر شانۆ وەک جوگرافیا بە هاوسەنگییەکی تەواو دابەشکراوە. لە کاتێکدا هەموو شتەکانیتر، ئەگەر وەک چیرۆک سەیری کەین، ئەو پچڕ پچڕیە لە چیرۆکەکاندا، یان ئەو نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان کەسەکاندا ئەگەر نەمانەوێت وەک کارەکتەریش سەیریان کەین، بوونی چەندین ڕووداوی جیاواز لەسەر شانۆ، کە زۆرجار ئەستەمە بتوانین پەیوەندییەک لە نێوانیاندا بدۆزینەوە، هەموو ئەم لێکپچڕان و لێکدابڕان و نا پەیوەندییانە لە شێوە و فۆرم و وشە و ڕوداوە بەرجەستەکراوەکاندا، هەوڵدانێکن بۆ ترازان لە نەریت، کەچی لەبەرامبەردا هارمۆنیی ڕەنگ و جلوبەرگ و بەگشتیی هاوسەنگییەکان لە ئاستی بینین دا، لەگەڵ هونەر و شانۆی نەریتییدا یەکانگیر دەبنەوە.

 

ڕەنگ

ئەو ڕەنگانەی زۆرترین ڕوبەری ئەم نمایشەیان داگیر کردووە بریتین لە شین و خۆڵەمێشی، بە ڕاددەی کەمتریش سوور و زەرد؛

 ڕەنگی شین؛ لەو ڕەنگانەیە کە جگە لە مانا مەجازییەکانی خۆی لە ژیانی ڕۆژانەدا کە بەپێی کەلتوورەکان دەگۆڕێت، وەک متمانە و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و چەندین مانای تر، لە هونەردا زۆرتر لە بەکارهێنانەکانیدا دەگۆڕێت، بۆ نموونە قۆناغێک هەیە لە ژیانی هونەریی پیکاسۆ دا بە قۆناغی شین ناسراوە، لەم ڕووەوە ڕەنگی شین زیاتر گوزارشت لە تەنیایی و تەریکیی و بێکەسی و خەم دەکات، لە ڕووی سایکۆلۆژیشەوەهەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە ڕەنگی شین دەشێت بۆ هێمنکردنەوە بەکار بهێنرێت، کەسێک بەرامبەر ڕەنگی شین لێدانی دڵی دادەبەزێت و ڕەنگە خەواڵووشی بکات.

 ڕەنگی خۆڵەمێشی:  زیاتر وەک ڕەنگێکی بێ شوناس ناسراوە، چونکە تێکەڵەیەکە لە ڕەش و سپی، یان دەکەوێتە نێوانیانەوە، واتە وەک ئەوان فێندەمێنتاڵ نییە (تەواو ڕەش یا تەواو سپی). ڕەنگێکە کەمتر حەزی بە دەرکەوتنە، زۆرجار لە باکگراوندایە، وەک ڕەنگەکانیتر سەرنج ناخاتە سەر خۆی و زۆرجار هەر نابینرێت. بەڵام لە دیوێکی تریشدا ڕەنگێکی ساردە و دەشێت خەمۆکیی دروست بکات. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا زیاتر ڕەنگی هەژارەکان بوو.

بەشێکی زۆر لە تابلۆکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕەنگی شین و خۆڵەمێشی تیایاندا باڵادەستن. بەڵام دواتر کە ئایدیای دژی شەڕ تێکەڵ بە تابلۆکان دەبێت، ڕەنگی خۆڵەمێشی زۆرترین پانتایی تابلۆکان داگیر دەکات، بۆ نموونە لە کارەکەی گۆیا دا (فرانسیسکۆ گۆیا ١٧٤٦ – ١٨٢٨) بەناوی “کارەساتەکانی جەنگ” کە بەرهەمێکی ٨٢ زنجیرەییە و لە نێوان ساڵانی ١٨١٠ – ١٨٢٠ دا وەک کاردانەوەیەک دژی شەڕ و بەتایبەتی هێرشی بەرفراوانی سوپاکەی ناپلیۆن بۆ ئیسپانیا کێشاونی، هەر یەک لە کارەکان ناوی تایبەتیی خۆیانیان هەیە. کۆی کارەکانیش ڕەنگی خۆڵەمێشی رەنگی سەرەکییە لە دروستکردنیاندا.

 

گۆیا ١٨٦٨، هەمان شت، یەکێک لە زنجیرەکارەکانی دەربارەی شەڕی ئیسپانیا و ناپۆلیۆن بۆنابارت لەسەدەی نۆزدەدا. Francisco Goya 1868، Lo mismo (The same). man about to cut off the head of a soldier with an axe

 

دواتر و بەشێوەیەکی کاریگەرتر تابلۆی جێرنیکای پیکاسۆ (پابلۆ پیکاسۆ (١٨٨١ – ١٩٧٣) لە ساڵی ١٩٣٧ دا دژی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، بە یەکێک لە گرنگترین کارە هونەرییەکانی دژی شەڕ ئەژمار دەکرێت لە سەدەی بیستەمدا. لەم کارەشدا ڕەنگی خۆڵەمێشی ڕووبەرێکی فراوانی تابلۆکەی داگیر کردووە.

   بەکار هێنانی ئەم دوو ڕەنگە وەک ڕەنگی سەرەکی لە نمایشی “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” دا هەمان کاریگەریی ئەو بەکارهێنانەی هەیە لە کارە هونەرییەکاندا، لێرەشدا بەر هەمان ساردیی و خەمۆکیی و تەریکی و بێکەسی دەکەوین. جگە لەوەی لە دروستکردنی ئەتمۆسفێری گشتیی نمایشەکەدا دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕەنگانەی زۆرتر سەدە تاریکەکانی پێ دەناسرێتەوە.

لەم خاڵەوە دەمەوێت بچینە ناو ئەو ڕووبەرەی تری نمایشەکەوە کە پەیوەندی بە تابلۆی دوا شێوەوە هەیە و تا کۆتایی نمایشەکە بەردەوام دەبێت.

 

نمایش وەک وێنەیەکی جوڵاو

  لە ساتەکانی یەکەمی نمایشەکەوە بە هەموو ئەکتەرەکان مێزەکە ڕێک دەخەن و بە جەستەی خۆیان تابلۆی “دوا شێو”ی لیۆناردۆ دا ڤینشی (١٤٥٢ – ١٥١٩) بەرجەستە دەکەن.

تابلۆی “دوا شێو” وەک سەرەتایەک بۆ لێکهەڵوەشانی تاکەکان و سەرەتایەک بۆ جەنگ و شەرعییەتدان بە قوربانیدان، وە سەرەتایەک بۆ لەدەستدانی متمانە. ئیتر لەوێوە لێکهەڵوەشانی وێنەکە و دروستکردنی سەدان وێنەی جووڵاو.

چیرۆکەکەی “دوا شێو” بەم جۆرەیە:

         ئەو ئێوارەیە عیسا لەگەڵ هەر ١٢ هاوڕێکەیدا بەیەکەوە نان دەخۆن، لە کاتی نانخواردنەکەدا، عیسا پێشبینی ئەوەی کرد کە یەکێک لە ١٢ هاوڕێکەی کە لەو شێوەدا ئامادەن خیانەتی لێ دەکات. سەرەڕای ئەوەی هەر ١٢ هاوڕێکەی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە خیانەت لە عیسا ناکەن، لە ناویاندا یەهوداش کە دواتر خیانەتی لێکرد. عیسا پێیان دەڵێت ئەو کەسەی خیانەتی لێدەکات لە ژیانیدا ناحەسێتەوە. ئەگەر بەم گریمانەیەوە بچینە ناو نمایشەکەوە، ئێمە ڕووبەڕووی ساتەوەختێک دەبینەوە کە ئەگەری خیانەتێکی شاردراوە هەیە بۆ بەکوشت دانی یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە، سەرەتاش چاوەڕێی یوحەننا دەکەن.

 

دیمەنێک لە شانۆگەری تۆ مەچۆ بۆ شەڕ - ٢٠٢٣
دیمەنێک لە شانۆگەری تۆ مەچۆ بۆ شەڕ – ٢٠٢٣

 

ئێمە لە دیمەنی پێشتردا یوحەننا دەبینین بەدەستی باوکی و هاوڕێکەی باوکی پڕچەک دەکرێت و ئامادە دەکرێت تا بڕوات بۆ شەڕ، دواتریش لە چەند دیمەنێکی نمایشەکەدا هەوڵ دەدات تەلەفۆن بکات و هێڵی تەلەفۆنەکە کار ناکات. لە ساتی یەکەمی نمایشەکەوە کە باوکی یوحەننا جارێ یاری لەگەڵ کچە منداڵەکەیدا دەکات، یوحەننا لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیدایە، بەڵام هەرگیز بەدەستی ناهێنێت. پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە، یان بە پێشین و ڕابردووەوە، پەیوەندی بە دەزگیرانەکەیەوە یان بە دایکی و ئەندامانی خێزانەکەیەوە.

 لەم ڕووەوە، هەر لە ساتی یەکەمەوە ئێمە بەو لێکترازان و دوورییە ئاشنا دەبین کە یوحەننای تێدایە. لە دانیشتنەکەی هاوشێوەی “دوا شێو”یشەوە پەی بە نهێنییەک دەبەین کە دەشێت یوحەننا خیانەتی لێکرابێت و بەتەنیا ڕەوانەی شەڕ کرابێت. لەم ڕووەوە یوحەننا وەک مەسیح دەبینین کە بەتەنیا بەجێیان هێشت، یان وەک وتە بەناوبانگەکەی بەر لە خاچ، گوایە عیسا بە باوکی (خودا) دەڵێت، بۆ چی بە تەنیا جێت هێشتم؟ یوحەنا دەیەوێت تەلەفۆن بکات و بڵێت بۆچی بەتەنیا جێتان هێشتم؟ جگە لەمە، ئەو ڕستەیەی چەند جارێک لە نمایشەکەدا بەر گوێمان دەکەوێتەوە: بۆ دەڕۆیت ڕافائیلی من بۆ؟ (ڕافائیل باوکی یوحەنایە)، بەمەش جەخت لە تەنیایی خۆی دەکاتەوە کە باوکی بەجێی هێشتووە. لەو کاتەشدا کە یەکێک لە سەربازەکانی دوژمن یەک یەک ملوانکەی ناوی هاوڕێ کوژراوەکانی بۆ فڕێ دەدات و ئەمیش بە برینداری دوای کەوتووە و هەوڵ دەدات هەڵیان بگرێتەوە، دواتر لەسەر مێزەکەش خێزانەکە دەبینین تەماشای وێنە تیشکییەکان دەکەن وەک ئەوەی تەماشای وێنە و ناوی کوژراوەکان بکەن. هەموو ئەمانە و زۆری تریش بەشێکن لەو چیرۆکە وێنەییەی لە ساتی یەکەمی نمایشەکەوە درێژ دەبنەوە تا کۆتایی.

 ئەگەر وێنە لە نمایشەکەدا بەسەربەخۆیی وەرگرین و جیای بکەینەوە لە کۆی پێکهێنەرەکانی تری نمایشەکە، بەتایبەتی لە دەنگ و دێڕە شیعرییەکان، دەتوانین چیرۆک و بەسەرهاتێکی جیاواز بخوێنینەوە کە ڕەنگە هەندێک جار نەچێتەوە سەر شیعرەکانی ماردین، بەڵام بە گشتی ئیلهامی لە شیعرەکان وەرگرتووە، وەک وەرگێڕانی شیعرەکان لە وێنەی نوسراوەوە بۆ وێنەی بینراو، لە وشەوە بۆ جەستە و کەرەستەکانی سەر شانۆ، لە نموونەی بەلەمە شینەکە و ئینجانەکان و دارەکە و چەندین کەرەستەیتر کە گوزارشتی ڕاستەوخۆیە یان وەرگێڕانێکی وێنەیی ڕاستەوخۆیە لە دێڕە شیعرییەکان. دەتوانین ئەو وێنانە لە شێوەی زنجیرە تابلۆکانی گۆیا (کارەساتەکانی جەنگ) جیا بکەینەوە و بەجیا لە چیرۆکەکانی تری ناو نمایشەکە خوێندنەوەیان بۆ بکەین. لە کۆمەڵێک وێنەی پچڕ پچڕەوە کە لە لایەکەوە یوحەنا دەیەوێت تەلەفۆن بکات، ڕافائیل بە پاسکیلەکەی دەستیەوە یاری لەگەڵ کچە بچکۆلەکەی دەکات، کەسێک بە دارەکەوە دەبەستنەوە، خوشکێک دەیەوێت خوشکەکەی خۆی بخنکێنێت،…هتد، تا دەگات بە ساتی ڕێکخستنی مێزەکە و “دوا شێو” ، لەوێدا بەشێکی زۆری فیگەرەکانی ناو تابلۆ پچڕ پچڕەکان کۆدەبنەوە، بەڵام دواجار ئەوانیش لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە، ئێمەی بینەریش بەناو وێنە بێشومارەکاندا تێدەپەڕین تا دەگەین بە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی هەموو پارچەکان، بەتەوای لەت لەت بوونی تابلۆ وردەکانی ناو تابلۆ گەورەکەی سەر شانۆ. هەر یەکێک لەو شتومەکانەی لەو پانتاییەدا بەکار هاتوون، لە پاسکیل و تەلەفۆنەکەوە تا گوریس و ئینجانەکان و تفەنگ و نیو بەلەم و جلو بەرگەکان و ستایەڵی قژ و ڕیشەکان، بە هەر هەموویان لەناو ئەو زنجیرە تابلۆیەدا چەندین هێمایان لێ بار کراوە کە زۆربەیان لە شیعرەکانەوە هاتوونەتە دەرەوە.

    کەمێک زیاتر لەم بارەیەوە بدوێین، لە چەندین بەرهەمی ئەدەبی و هونەریدا پاسکیل ئامادەییەکی هێمائامێزی هەبووە. لە بەناوبانگ ترینی ئەو کارانەش دەتوانین بیر لە تابلۆی پاسکیلسوار بکەینەوە کە ساڵی ١٩١٣ هونەرمەندی ڕوسیی فیوچەریست ناتالیا گۆنچارۆڤا کێشاویەتی، یان فیلمی پاسکیل دز ساڵی ١٩٤٨ و چەندین بەرهەمی تر. یەکێک لەو هێما ئاشکرایانەی پاسکیل لە کارە هونەرییەکاندا هەڵیدەگرێت بریتییە لە بەرەو پێش چوون و بەردەوامیی و ئومێد و نوێ بوونەوە. لە سەدەی نۆزدەوە چەندین پۆستەر دروستکراون پاسکیلیان تێدایە و ئاماژەن بۆ ئازادی و ڕزگاری و بەرەو پێش چوون، یان وەک لە فیلمی پاسکیل دز دا دەیبینین، تا بتوانیت لەگەڵ جیهانی نوێدا کە سەرمایەداری شکڵ و شێوەی پێ بەخشیوە، فریا بکەویت و هاوشان بیت، دەبێت بتوانیت پاسکیل بئاژوویت، تا بتوانیت هاو زەمانی چاخی خێرایی بیت.

لەم کارەشدا “تۆ مەچۆ بۆ شەڕ” پاسکیل بە هەموو ئەو باکگراوندە مێژووییەوە بوونی هەیە، بەڵام ئاراستەی ئاژووتنەکە ئیتر بەرەو ئایندەیەکی گەش نییە، وەک ئەوەی لە سەردەمی کلاسیک و لە هونەری فیوچەریزم و تەنانەت ئەبستراکت و هاوچەرخیشدا دەیبینین، بەڵکو هێدی هێدی بەرەو فەنا بوون و وێرانیی دەڕوات.

 لە زۆر شوێندا منداڵە پاسکیل سوارەکە کە دەگەڕێت و نامەیەک لێرە و لەوێ دابەش دەکات، منداڵەکەی شانۆنامەی “چاوەڕوانیی گۆدۆ”ی سامۆیڵ بیکێتمان بیر دەخاتەوە، هەر جارێک دێت و نامەیەک دەگەیەنێت، ڕووداوەکان ئاڵۆزتر دەبن و کارەساتی گەورەتر ڕوو دەدەن. هەموانیش چاوەڕێی ڕوداوێکی هەژەندن(عجیب و غریب) ژیان لە ناشرینترین دۆخی خۆیەوە بگۆڕێت بۆ جوانترین و شایستەترین ژیان. ئەمە ڕوو نادات و هەموان دەکەوونە ژێر هەرەسی جیهانێکەوە کە شەڕ و ماڵوێرانی باڵی بەسەردا کێشاوە.

 

پەیوەندی نمایش بە بینەرەوە

ئاڕاستەی گوتاری نمایش هەمیشە ڕووەو ئەو نێوەندە سۆسیۆ – کولتورییەیە کە کارەکەی تێدا بەرهەم دێت، لێرەدا نامەوێت درێژە بەم لایەنە بدەم، چونکە لە زۆر شوێنیتردا باسم کردووە. بەڵام زۆرجار گرووپێکی شانۆیی دەقێکی جیهانی دەهێنن و مۆرکی ناوچەیی خۆیانی دەکەن بە بەردا، هەرچەندە گوتاری کارەکە بە ئاراستەی هەموو جیهانیش بێت. ئەم بیرکردنەوەیە هەر لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی شانۆوە لای ئێمە و لە یەکەم نمایشی سەر سەکۆکەی ماڵی بەهێ خانەوە کە شانۆگەری “عیلم و جەهل” نمایش دەکەن، کارەکەیان لە نمایشێکی بەغداوە وەرگرتووە کە ناوی “ئەگەر پارێزەر نەبوایە”، بەڵام ئەوان دەستکاری دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن “تەکرید”یان کردووە. بەهەر حاڵ، مێژووی شانۆ چەندین نموونەی بەرچاوی تێدایە کە دەقە شانۆییەکان بەپێی هەلومەرجی ئەو ساتە مێژووییە و ئەو ڕووبەرە جوگرافییە دادەڕێژنەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئامانجیان دروستکردنی پەیوەندی یان بەجێهێشتنی کاریگەرییە لەسەر بینەرەکان.

 بۆ نموونە گرۆتۆڤیسکی باوڕی وابوو لەڕێی کارکردنەوە لەسەر میتۆلۆژیا و ئەفسانە هاوبەشەکانی بینەرەکانەوە بتوانێت کاریگەرییان لەسەر دابنێت، یان ئارتۆ خەونی بە شانۆیەکەوە دەبینی بتوانێت گەمارۆی بینەرەکان بدات و بەو شێوەیە کاریگەرییان لەسەر بەجێ بهێڵێت، برێخت لە ڕێگەی لابردنی دیواری چوارەم و هەندێجار گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ بینەران بیری لە دروسکردنی هەڵوێستی ئەقڵانی دەکردەوە لای بینەران.

ئەم نمایشە، وەک لە سەرەتادا باسم کرد، لە چەند هێڵێکەوە ڕووبەڕووی بینەرەکانی دەبێتەوە. لە هەندێک شوێندا ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت و لە هەندێک شوێنی تریشدا قوربانیی بە ساتە شانۆییەکە دەدات لەپێناوی ڕستە شیعرییەکەدا. نموونەی ئەو ساتانەی ئامانجی خۆی دەپێکێت، ئەو کاتەی تەرمەکان بە ئاوەکەدا دێن و کچەکان شیوەنیان بۆ دەگێڕن، بەتایبەتی دواجار کە هونەرمەند ڕوبار ئەحمەد بە گریانەوە دەکەوێت و دەنگی دەرنایەت و کچەکان دەوری دەدەن، . بە پێچەوانەشەوە، ئەو کاتەی هونەرمەند پێشڕەو حسێن دەیەوێت بە بیانووی “چا” کەوە ساتێکی نواندنی بەرز بۆ خۆی دروست بکات، دەیکات، بەڵام خوێندنەوەی دێڕە شیعرییەکان بەدوای ئەو ساتەدا کردەی نواندنەکە دەوەستێنێت و دەیخاتەوە ناو ڕستە شیعرییەکانەوە. ئەو کاتەی هونەرمەند کەنار سەرچڵ هاواری ڕێنوار دەکات و باسی حەسیب دەکەن و کەسیشمان نازانین ئەمانە کێن، جگە لەوەی نازانین بۆ چی ئەو پیاوانە ناویان ڕافائیل و یوحەننایە؟ بەڵام کە دواتر چەندین ناو بەدوای یەکدا دەڵێن بیر لە هەموو ئەو هاوڕێیانەمان دەکەینەوە کە لە جەنگەکاندا و بەدەستی ڕژێمی پێشوو یان لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا تیرۆ کران و لە شەڕی ناوخۆدا بە کوشت دران، یانیش دەربەدەر کران.

 بەڵام بە گشتی ئەم نمایشە لە ڕووی فۆرم و داڕشتنەوە دابڕانێکی گەورەی لەنێوان خۆی و بینەرانیدا دروست کردبوو. لە بەشەکانی پێشوودا باسی کاریگەریی هونەری شێوەکاریمان کرد بەسەر فۆرمی گشتیی کارەکەدا، ئەو کاریگەربوونە، نەیتوانیبوو یان نەیویستبوو بەپێی هەلومەرجی ژیان و بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی بینەرەکان لەم ڕووبەرە جوگرافی و لەم نێوەندە سۆسیۆ – فەرهەنگییەدا خۆی دابڕێژێتەوە. ئەمەش تەنیا لە ڕووی فۆرمە شێوەکارییەکەیەوە نا، بەڵکو لە تێکڕای ساتە چنراوەکانی نمایشەکەدا، لە نموونەی ناوی کارەکتەرەکان و جلوبەرگ و پێکهاتەکانی سەر شانۆوە، تا بوونی کارەکتەری وەک پۆستەچی بەو فۆرمە نامۆیەوە و خەیاڵی کەشتییەک لە کەنارێکی شانۆدا و بەلەمێک و دەریایەک لە سەرەوەی شانۆ، جگە لە بوونی چەندین کردار لە یەک ساتی نمایشدا و یەکانگیرنەبوونی شیعرەکان لەگەڵ هەڵچوون و پەرچەکردارەکانی کارەکتەرەکاندا. لەلایەکی تریشەوە، بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو: ڕاهاتنی بینەران بە نمایشی سەرزارەکی و سادە و ڕووکەش، نەک تەنیا بەهۆی نمایشە شانۆییەکانەوە، بەڵکو لەوە زیاتر، وەک ئەوەی لەزۆر شوێنیتردا باسم کردووە، دەسەڵات لەڕێی میدیا و هەموو ئەو توانایانەوە لەبەردەستیدایە، تێکڕای دانیشتوانی ڕاهێناوە لەسەر هامچێژی و سادەییەکی تەواو و شەرحکردن تا ئاستی بەتەڵکردنەوەی هەموو چەمک و ئایدیاکان لە مانا.

 لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە یەکێک لە لایەنە زۆر پرشنگدارەکانی ئەم نمایشە، ئامادەیی ئەکتەرەکانە بە وزەیەکی داهێنەرانەوە. هەموومان دەزانین ئەداکردنی ئەو شیعرانە چەند ڕووبەری نواندن سنووردار دەکات، بەتایبەتیش وەک لە سەرەتادا باسمکرد، شیعرەکان بە هەناسەی شیعریی خۆیانەوە بەکار هێنراونەتەوە و دەستکاری نەکراون و شانۆیاوی نەکراون. لەم ڕووەوە ئەکتەرەکان بە هەناسەیەکی درێژەوە ئەرکی خوێندنەوەی شیعرەکان ڕادەپەڕێنن، بەڵام سات بە ساتی نمایشیش، بەبێ پچڕان دەیان بینین بە دەنگ و جەستە و گوزارشتی ڕوخسار و هەناسە و وەستان و جووڵەکانیان، سەر شانۆیان داگیرساندووە. هەر ئەمەش بە پلەی یەکەم ڕاگری بینەر بوو بتوانێت زیاد لە کاژێر و نیوێک بەدیار نمایشەکەوە بمێنێتەوە، چێژی لێ ببینێت و مێشکی خۆی هیلاک بکات تا فریای ساتە پڕ لە کردارە جۆراو جۆرەکانی سەر شانۆ بکەوێت.

 لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە هەموو بەشدارانی ئەم بەرهەمە و کۆڕی شانۆی با دەکەم و هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنی هەمیشەییان بۆ دەخوازم.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌