Emmanuel Levin portretas

لەپێناو «ئەویدی»دا


Loading

کاڕڵ مارکس لە پاشوتاری  کتێبی «کاپتال»دا، ئەرکی فەلسەفیی خۆی، سەراوبنکردنەوەی «فەلسەفەی دیالێکتیک»ـی گەورەترین فەیلەسووفی ئایدیالیست واتە هیگڵ پێناسە دەکات. بەبڕوای مارکس دیالێکتیکی هیگڵ لە سەر سەری ڕاوستاوە! جا بۆ ئەوەیکە ناوکە عەقڵانییەکەی لە توێکڵە عیرفانییەکەی بێتە دەرێ، ئەوە دەبێت سەراوبنی بکاتەوە (مارکس، 1379، ص 71).

میتافۆری «سەراوبنکردنەوە» وێنەیەک لە هیگڵ پیشان دەدات، کە سەری لە سەر زەوی داناوە و قاچەکانی بەرەو ئاسمان ڕاگرتوە؛ هەربۆیەش لە ئاکامدا جیهان سەراوبن و ئاوەژوو بەدیدەکات (احمدی، 1382،  ص 101).بە هێندێک بێنەوبەرە پێکردن دەتوانین میتافۆری «سەراوبنکردنەوە»  بۆ کۆی پرۆژەی فەلسەفی ئیمانوێل لێڤیناسیش، لە بەرامبەر فەلسەفەی «ڕێنێ دێکارت»دا، بەکاربێنین. دێکارت فەلسەفەی خۆی بە دارێک دەچوێنێت کە ڕیشەکەی مێتافیزیکە و قەدی دارەکەش فیزک و پزشکی و میکانیکیش لق و پۆپەکانییەتی (زمانی، 1386، ص 23) هەروەها زانستی ئەخلاقیش (Ethics) وەکو میوەی ئەم دارە پێناسە دەکات (کاپلستون ، 1385،ص 89). بەڵام لێڤیناسی دارەکەی دێکارت  سەراوبن دەکاتەوە و ئەخلاق نەک وەک «میوە» بەڵکوو وەکو «ڕیشەی» فەلسەفە پێناسەی دەکات و بە «فەلسەفەی یەکەم» (First Philosophy) ناوی دەبات(دباغ، 1388،  ص 227). بەکارهێنانی میتافۆری «سەراوبنکردنەوەی داری فەلسەفەی دێکارت» هیچ نیازێک جگە لە پیشاندانی دیمەنێکی گشتی لە فەلسەفەی لێڤیناس لەپشت نییە؛ لەبەرئەوەی لێڤیناس هەرگیز کەڵکەڵەیەکی پۆستمۆدێرنی بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەکی ناوازە و سەیروسەمەرە کە تەنیا «جێواز» بێت و بەس، لە مێشکیدا گەڵاڵە نەدەکرد.

 

لێڤیناس لە جەنگی جیهانی دووەم بە دیل دەگیرێت و کەسووکارە نزیکەکانی دەبنە قوربانی کۆمەڵکوژی نازییەکان. ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بە وتەی خودی لێڤیناس: هەمیشە جنێودانێکە بە ویژدانی گشت مرۆڤایەتی (لویناس، 1373، ص 7). ئەو بەم کارەساتانە سەرسام دەبێت؛ ئەو کارەساتانەی کە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت نەک ئەگەری ڕوودانیان کاڵنەبووەتەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و دڵتەزێنتر و خوێناویتر دەقەومن. لێڤیناس هاوپەیوەند بەم باسەوە  دەڵێت: «سەدەیەک کە لەماوەی سی ساڵدا تامی دوو جەنگی جیهانی، تۆتالیتاریزمی چەپ و ڕاست، هیرۆشیما، گولاگەکان (Gulag) و کۆمەڵکوژییەکانی ئاوسشڤیتز و کامبۆجی چێشتووە؛ سەدەیەک کە لەگەڵ مۆتەکەی گەڕانەوەی هەموو ئەوشتانەی کە ئەم ناوانەی کە بریتین لە بەربەریزم، لە خەیاڵداندا زیندوو ڕادەگرن، خەریکە لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە» (دیویس، 1386، ص 278- 277).

 

 

ڕووسیا – سۆڤیه‌تی جاران – سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین – ناسراو به‌ گولاگ – كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ – Ati – magazine

 

لێرەدا دەڵێی لێڤیناس دەیەوێت ناڕاستەوخۆ دەنگی خۆی بخاتە پاڵ دەنگی «ڤاڵتەر بنیامین»ـەوە و ئەو وتەیەی ئەو دووپاتکاتەوە: «هەموو دۆکۆمێنتەکان و بەڵگەکانی شارستانیەت، لە هەمان کاتدا دۆکۆمێنتەکان و بەڵگەکانی دڕندەیین» (بنیامین، 1389، ص 156). هەر بۆیەش «سەرسامبوون»ـی لێڤیناس، سەرسامبوونێکی ئەرەستۆیی نییە و ناشتوانێت دەستپێکی مەعریفەیەکی میتافیزیکی بێت؛ بەڵکوو دەبێت سەرەتای هەڵکشان و تێپەرین لەم نەریت و مێژووە خوێناوییە بێت. ئەو نەریتە بیرکردنەوەییەی کە بە بڕوای ئادۆرنۆ، نیچە لەسەر سەربانەوە بانگی بۆ دەکرد، ئەویش: «مەحاڵبوونی دەرهێنانی ئەرگۆمێنتێکی بنەڕەتی لە عەقڵ، دژ بە کوشتن»ـە (آدورنو، 1389، ص 208).

لەڕاستیدا لێڤیناس بەرەوپیری ئەم جۆرە بیرکردنەوە ڕەخنەییە دەچێت و لەڕێگەی ئەوەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت؛ جا هەربۆیەش لە ئاگۆرای فەلسەفەدا جاڕی «یەکەمبوون»ـی ئەخلاق دەدات و مەرجی بنچینەیی ئەخلاقیش، وەڵامدەربوونەوە بەنیسبەت هەژارترین بەشی «ئەویدی» واتا «ڕووخسار» ڕادەگەیەنێت کە دواجار لە فەرمانی «مەکوژە»دا دەردەکەوێت. هەر بۆیەش لێڤیناس دەست بۆ ڕەخنەکردی ڕیشەییانەیی «مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا» دەبات. لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەگاتە ئەو ئەنجامە کە لە «پارمێنیتس»ـەوە هەتا هایدیگەر، هەمیشە «سوبێکت»، ئەویدی یاخود ئۆبێکتی قوتداوە و خەساندوویەتی و سەرکوتی کردوە. لێڤیناس بۆ کۆتایی پێهێنان بەم مێژووە، نە خوازیاری ئەوەیە کە ئۆبێکت بخاتە پێشەوە (چونکە ئەمە کارێکی ئەزموونکراو و پێشتر ئەنجامدراوە) و نە بەتەمای تێکەڵکێشکردنی سوبێکت و ئۆبێکت لەیەکتردا یە (کە ئەمەیان ئێجگار مەترسیدارتر و کارەساتبارترە).

 

بۆ تێگەیشتن لە گرنگایەتی «لێڤیناس» لە مێژووی فەلسەفەدا، واباشە  سەیری ئاسمانی بەستەری نێوان فەلسەفە و گەردوونناسی بکەین. ئیمانوێل کانت لە پێشەکی کتێبی «ڕەخنەی عەقڵی پەتی»ـدا، پڕۆژەی فەلسەفی خۆیلەگەڵ  بونیادی گەردوونناسیی «نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس» بەراوورد دەکات (کورنر، 1380، ص 155).کۆپەرنیکۆس «شۆرش»ێکی لە زانستی گەردوونناسیدا بەرپا کرد؛ واتا ئەووێنا کۆن و باوەی کە بۆ جیهان لەئارادابوو، بە خاکی دەسپێرێت و زەوی لە پێگەی چەقبوونەوە لادەبات (برنال، 1372، ص 161). هەر بەو شێوەیەی کە کۆپەرنیکۆسپیشانیدا کە دەبێ لەجیاتی «زەوی»، «خۆر» لە چەقی کۆمەڵەی خۆردا بگیرسێتەوە؛ کانتیش لە ناسینی شتەکانەوە بەرەو ناسینی خودی زەین ڕۆیشت و  لەبری «ئۆبێکت»، «سوبێکت»ی لە چەقی بابەتی مەعریفەی فەلسەفیدا دانا. هەر بۆیەش نازناوی «شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی» بە فەلسەفەی کانت دەبەخش، بەڵام من لێردا دەمەوێت سەرکێشیەک بکەم و نیشانی بدەم کە لەڕاستیدا ئەوە نەک کانت، بەڵکوو لێڤیناس بوو کە شۆڕشێکی ڕیشەیی لە مێژووی فەلسەفدا کرد.

 

«ژاک لاکان»  پێیوایە کە لەڕاستیدا کەسایەتی شۆڕشگێر کە دابڕانی لە مێژوی فیزیا و ئەستێرەناسیدا دروستکردووە، «کێپلەر»ـە نەک کۆپەرنیکۆس (فرهادپور، 1390، صوت). یۆھانس کێپلەرسەلماندی کە هەسارەکان لە کۆمەڵەی خۆردا، لەسەر خولگەیەکی هێلکەیی کە خۆر یەکێک لە چەقەکانی ئەو خولگەیەیە، دەسووڕێنەوە (برنال، 1372، ص 205). لەڕاستیدا کێپلەر لەمیانەی نیشاندانی هێلکەییبوون نەک بازنەییبوونی شێوەی خولگەی هەسارەکان، خودی چەمکی چەقی هەڵوەشاندەوە؛ چونکە لە شێوەی ئەندازەی هێلکەییدا لەباتی چەق، دوو تیشکۆ (Focus) بوونی هەیە.

 

جا ئێستا لەژێر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونەی «لاکان»ـەوە ئەگەر دیسان لە ئاسمانی مێژوی فەلسەفە بڕوانین، ئەوە بێئەملاو ئەولا دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە ئەو کەسەی کە بەڕاستی  شۆڕشێکی بەرپاکرد و بووبە هۆی دابڕان لە مێژوی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا، لێڤیناسە نەک کانت. چونکە ڕاستە کۆپەرنیکۆس خۆری لە جێگای زەوی دانا، بەڵام دووبارە پابەندبوونی خۆی بە چەمکی چەق ڕاگەیاندەوە و هەر ئەوەش بووبە هۆی ئەوەی شێوەی ئەندازەیی خولگەی هەسارەکان هەر «بازنە» بمێنێتەوە.

کانتیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە  سوبێکتی لە شوێنی ئۆبێکت دانا، بەڵام ئەویش دووبارە پابەندبوونی خۆی بە چەمکی چەق دوپاتکردەوە و بووبە هۆی ئەوەی شێوەی ئەندازەیی بواری تێڕامانی فەلسەفی هەر «مەعریفەناسی» بمێنێتەوە. کەچی هەر بەو جۆرەی کە کێپلەر هەم چەمکی چەقی هێنایە ژێر پرسیارەوە، هەمیش شێوەی خولگەی هەسارەکانی گۆڕی؛ لێڤیناسیش لەمیانەی بەرنگاربوونەوە  لەگەڵ یەکەمبوونی «ناسین» یان «بوون» لە تێفکرینی فەلسەفەدا، شێوەی ئەندازەیی بواری فەلسەفە دەکاتە «ئەخلاق» و هەر ئەمەش بەو ئاقارەیدا دەبات کە پرسی چەق لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا هەڵوەشێنێتەوە و لەجیاتی گەڕان بەدوای چەقدا، وابکات کە  «ئۆبێکت» و «سوبێکت» بەشێوەی هاوکات و پێکەوە و وەکو دوو تیشکۆ بێنە کایەوە و لەگەڵ یەکتردا مامەڵە بکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە،  بۆ زۆرتر ڕوونبوونەوەی «کردەی فەلسەفی» لێڤیناس، لەوانەیە واباشتر بێت پەنا بۆ میتافۆری «هەڵکەندنەوە» ببەین. هەڵکەندنەوە بریتیە لە بەتاڵکردنەوەی کەلێنی نێوان دوو شوێن یان دوو شت کە پێشتر پڕکراوەتەوە. هەڵکەندنەوەی کەلێنی نێوان هەمان و ئەویدی یاخود سوبێکت و ئۆبێکت، کە لەدرێژایی مێژوودا بە مەعریفە و بوون و هەقیقەت سیخناخکراوە و هەمیشە وا پیشاندراوە کە یەکانگیری و یەکگرتووییەکی جەوهەری و ئەزەلی لەنێوانیاندا لەئارادایە.

ئەخلاق لای لێڤیناس هەڵکەندنەوە و دەرهێنانەوەی ئەو شتانەیە کە نێوانی سوبێکت و ئۆبێکت یان من و ئەویدیان ئاخنیووەتەوە و دواجاریش پیشاندانەوەی ئەو کەلێنەیە وەکو مەودایەک کە هەمیشە لەئارادابووە و هەرگیز بەتەواوی «پڕ» نەبۆتەوە و ناشبێتەوە.  بەم پێیە سوبێکتی ئەخلاقی، تەنها لەڕێگەی «پڕنەکردنەوە»ـی ئەم کەلێنەوە لەدایک دەبێت و دێتە ئاراوە: پڕنەکردنەوە بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدی و درککردن بە ئەرکی بەرپرسیارێتی لەڕادەبەدەر بەرامبەر بە ئەویدی. ئەم بەرپرسیارێتییە نە بەگوێرەی «دەبێ»ـی عەقڵییەوە دێتە کایەوە و نە لە هەست و سۆزێکی دەروونییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکوو ڕێک لە چرکەساتی کرانەوە بەرەو ڕووی  ئەویدیەوە، ئەم بەرپرسیارێتییە بێکۆتاییە کە کرۆکی سوبێکتە، دێتە ئاراوە. هەربۆیەش ئەم بەرپرسیارێتییە، وەک بەرپرسیارێتییەکی ئایدیالیستی ئەژمار ناکرێت، لەبەرئەوەی ڕێک لەهەناوی واقیعی کۆنکرێت و ئەزموونیانەی «کەلێنی نێوان سوبێکت و ئۆبێکت»ـەوە سەرهەڵدەدات. لەم ڕووەوەیە کە لێڤیناس پێیوایە ئەخلاق، سەرەتا و دەستپێکی فەلسەفەیە و جا هەربۆیەش «فەلسەفەی ئەخلاق»ـەکەی ئەو بێ ڕێسا و یاسایە. هەر بەو شێوەیەی کە  «بوون» لە ئۆنتۆلۆژیدا شتێکی سانا و ساکار و سەرەتاییە، لای لێڤیناسیش «ئەخلاق» یان هەمان «پەیوەندی لەگەڵ ئەویدی»دا حاڵەتێکی سادە و سانا و ڕاستەقینەیە کە لەبری «ڕوونکردنەوە» پێویستی بە «وەسفکردن» هەیە؛ چونکە زمانی وەسفکردن، هەڵگری جۆرێک لە نواندنەوەی واقیعی دەرەوەیی و ئەزموونییە. هەربۆیەشە لێڤیناس فەلسەفەی خۆی ناو دەنێت «فینۆمینۆلۆجی ئەویدیکەیەتی» و تێیدا هەڵدەستێت بە وەسفکردنی چرکەساتەکانی سەرهەڵدان و پێکهاتنی سوبێکت.

 شتێکی هەڵەمان نەگوتوە ئەگەر بڵێین لێڤیناس دروشمە بەناوبانگەکەی «ئەدمۆند هوسرڵ» کە بریتییە لە «گەڕانەوە بۆ خودی شتەکان»، کرد بە «گەڕانەوە بۆ خودی ئەویدی» ئەویش بەو پێشمەرجە کە سەرەتا دەبێت «کۆی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا» بخرێتە نێوان دوو کەوانەوە!

سەرچاوەکان یەک بەدوای یەکدا:

 

١. مارکس، کارل.(1379). سرمایه. ترجمه ایرج اسکندری. تهران: فردوس

٢. احمدی، بابک. (1382). واژه نامه فلسفی مارکس. تهران: نشر مرکز.

٣. زمانی ، مهدی. (1386). تاریخ فلسفه غرب 2. تهران: انتشارات دانشگاه پیام نور.

٤. کاپلستون، فردریک. (1385). تاریخ فلسفه – جلد چهارم: از دکارت تا لایب نیتس. ترجمه غلامرضا اعوانی. چ 2. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی + سروش.

٥. دباغ، سروش. (1388). درس گفتارهایی در فلسفه اخلاق. تهران: موسسه فرهنگی صراط.

٦. لویناس ، امانوئل. (1373) . «گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان.ش 22. صفحات 2 تا 9.

٧. دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

٨. بنیامین ، والتر. (1389). عروسک و کوتوله. ترجمه مراد فرهادپور، امید مهرگان. چ 3. تهران: گام نو.

٩. آدورنو، تئودور / هورکهایمر، ماکس. (1389). دیالکتیک روشنگری. مترجمان مراد فرهادپور، امید مهرگان. چ4. تهران : گام نو.

١٠. کورنر، اشتفان. (1380). فلسفه کانت. ترجمه عزت اللە فولادوند. چ ٢. تهران: انتشارات خوارزمی

١١. برنال، ج.د. (1372).فیزیک در تاریخ. ترجمە علی معصومی. چ اول. تهران: انتشارات فرهنگان

١٢. فرهادپور، مراد (1390). «میزگرد مبانی مدرنیته».  با حضور مصطفی ملکیان، مراد فرهادپور و شهرام پرستش.سه‌شنبه سوم خرداد ۱۳۹۰. برگزار کنندە: کمیته مطالعات فرهنگی انجمن ایرانی مطالعات فرهنگی و ارتباطات. فایل صوتی. دقیقە ١٩

بۆ كۆی دۆسیه‌كه‌ فه‌رموون:

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه%E2%80%8Cلسه%E2%80%8Cفی/سندوق/دۆسیەی-لێڤیناس/

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – هه‌موو بڵاوكردنه‌وه‌ ته‌نها وه‌ك لینك ڕێگه‌پێدراوه‌، ده‌نا ده‌بێت پرس به‌ كولتور مه‌گه‌زین و نوسه‌ری بابه‌ت بكرێت