سەلمان ڕوشدی مامۆستای ئەڵمانیم بوو


هونەری گێڕانەوە

Loading

سەلمان ڕوشدی مامۆستای ئەڵمانیم بوو

یادەوەریەک لەگەڵ ڕۆمانی `ئایەتە شەیتانیەکان`ی سەلمان ڕوشدی

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

لە ئاپریلی ١٩٩٥ گەیشتمە فرانکفۆرت، بێگومان دوای دوو ساڵ ونبوم لە سۆڤیەتی کۆنی داڕماو. بەخت و دۆکۆمێنتەکان یاوەرم بوون، چیرۆکی هەڵاتنم و تەنانەت مانەوەی دووساڵم لە سۆڤیەتی کۆن `ئۆکراینا- بێلەڕۆسیا` و هۆکاری جێهێشتنی وڵات، لە سەرەتای  ژیانی سیاسیم لە شانزە ساڵیدا  لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە، تاوەکو دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی کوردان، و  ڕۆڵی خۆمم بە ڕاستی و دروستی  گێڕایەوە. بە موو لە ڕاستی لام نەدا، هەربۆیە بە ماوەیەکی زۆر پێوانەیی، بە دووهەفتە وەڵامی یەکەمی پەنابەرێتی سیاسیم وەرگرت. دوای دوومانگ پاسپۆرتی پەنابەرێتی سیاسی و مافی هەتا هەتایی ئەڵمانیام وەرگرت.

بە گشتی، دوای چوار مانگ  لە هاتنم بۆ ئەڵمانیا، ناوی خۆم لە کۆرسی شەش مانگەی فێربوونی ئەڵمانی نوسی. بەڵام کۆرسی ئەڵمانی  وەک ئێستا نەبوو چوار کاژێر بێت، و دابەش بێت بەسەر دوو ساڵدا و ڕاهێنانی زۆر و دووبارەکردنەوەی لە خۆ بگرێت، نەخێر، بەڵکو کۆرسی تاقەت پڕوکێن بوو، بە گرامەر دەستیپێدەکرد و  ڕۆژانە هەشت کاژێر و نیو وانەی ئەڵمانی بوو. دەبوایە لە حەوتی بەیانییەوە تاوەکو پێنجی عەسر لە قوتابخانەی ئەڵمانی بیت، دوای هاتنەوەت بۆ ماڵەوە، بە قەد چوار کاژێر ڕۆژانە خوێندنەوە و ڕاهێنان و کاریان دەدایتێ لە ماڵەوە جێبەجێی بکەیت، بەیانیەکەی لە وانەی یەکەم ڕاهێنانەکان کۆدەکرایەوە، و دەبوایە ئەرکەکانت تەواو بکردایە. میللەتانی دیکە کە هاتبوون بۆ ئەڵمانیا، تەنها  سەرقاڵی قوتابخانە و فێربوونی زمان بوون، بەڵام وەک هەموو کوردێکی هیلاک بەدەست دونیاوە، شەڕی ناوخۆ لە کوردستان و گرانی باری ئابووری وەهای لێ کردبووین لە پاڵ خوێندنی تاقەت پڕوکێندا بچین کاربکەین.

 دەبوایە خێرا دوای قوتابخانە سواری میترۆ بم تا ئەوسەری شار، پاشان دابەزم و سواری پاس بم و لە `قوتابخانەی کوێران`  کە دەکەوتە باکووری شاری نورنبێرگ. لەوێ، دەبوایە خەریکی پاکردنەوەی زیاتر لە حەفتا ژووربم… منێک کە لەژیانمدا کاری جەستەیم نەکردووە، منێک کوڕە بچوکی حاجی حەمەمینی ماوەتی بازرگان، ئاوەها لەم ژوور بۆ ئەو ژوور ڕاکەڕاکەم بوو بە گسک و مۆپێک و سەتڵێکی سوڕاوەوە…

 قوتابخانەی یەکەمی ئەڵمانیم بەمجۆرە  بەڕێکرد؛ کە دە هاتمە ماڵەوە کاتژمێر دەی شەو بوو، تاوەکو  دوشێکم دەکرد، نانم دەخوارد و دەهاتمە سەرخۆم، دوانزەی شەو بوو. پاشان دەستم بە وانەکانم دەکرد بە هیلاکی دوو کاژێرم لەگەڵ گراماتیک و خوێندنەوە و ئەرکەکان بەسەردەبرد،  دوای کاژێری دووی  نیوەشەو دەخەوتم و شەش و نیوی بەیانی دەبوایە هەستم لە خەو، حەوتی بەیانی دەبوایە سواری ترام بم بەرەو قوتابخانە، بەمجۆرە لە بازنەیەکی جەهەنەمی خوێندن و کاردا دەسوڕامەوە.

سەلمان ڕوشدی – ئایەتە شەیتانیەکان – دەزگای پەخشی کناوەر ١٩٩٧ – وەرگێڕانی ئەڵمانی.

 ئەو ماوە کورتەی دوو مانگەی کەمپی پەناهەندەیی، چوار هەفتە لە شارۆچکەی `بایرۆت`  شارەکەی مۆسیقاری کلاسیک `ڕیتشارد ڤاگنەر` پەناهەندەبووم.  (شاری بایرۆت) یەکێکە لەشارە جوانەکانی هەرێمی سەربەخۆی بایەر `باڤاریا`، بەڵام منی خەونبینەر، هاتوو لە شەڕی براکوژییەوە، هیلاک بەدەست قەرزاری و ڕێگای دووساڵەی ناو مافیا و ساختەچی و کەڵکەچی و میلیتسیای ڕووسیەوە، هێشتا لە ژێر ئەو تراوما و شۆکە دەروونیەدا  دەژیام،  بەڵام تاکە سەبووریم لەم دونیا تازەیەدا دووشت بوو؛ پاسکیلێکی دزراو  و سەردانی کتێفرۆشیەکان. یان بڵێین؛ وەستان لەبەردەم جامخانە گەورەکانی کتێبخانە خنجیلانەکانی نێو شاری کۆنی شاری بایرۆت، و سەیرکردنی ئەو کتێبە بەرگ قەشەنگانەی کە نەمدەزانی بیانخوێنمەوە. بۆ یەکەمین جار لە ژیانمدا هەستم بە ئازاری `نەخوێندەواری` کرد، بێگومان ئازاری دەدام و دەمەویست بە زووترین کات لێی قوتاربم. کەچی تا ئێستاش سەیرم لێ دێت چەندان  کورد هەیە دەیاناسم، بیست ساڵ لێرە بە نەخوێندەواری ژیا و کە گەڕایەوە کردیانە ئەندام پەڕلەمانێکی زل و هەندێکیان ئەندامی سەرکردایەتی و هەندێکیان پۆستی ڕاوێژکاری..هتد.  بە ئێستاشەوە بیگرە، ئەوانە شەش لاپەڕەی کتێبێکی جیدی ئەڵمانیان بۆ ناخوێندرێتەوە، ئەوانە شارەزا و بڕیاڕدەرن لە کوردستان و منیش حەماڵی ڕیزی دواوەی عەرەبانەیەکی یەک باگیریی.

ئەوەش هەر گرنگ نییە لەلام، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوانە زۆر ئاسوودەن بەو نەخوێندەوارییەیان. جارێکیان لە یەکێک لەوانەم پرسی، کە بووە ئەندام پەڕلەمانی ئێراق و لە هەشتاکانەوە لەوێ بوو، بە مانای دەساڵ زیاتر پێش من؛ “فڵانی ئاگاداری شەڕی نێوان یۆهانس ڕاو و شرۆدەر و لاڤۆنتینیت؟“ بۆئەوەی خۆی بدزێتەوە لەو نەخوێندەواریەی گووتی“ من جگە لە کاری حزبەکەم و ئەوەی پەیوەندی پێوەیە، هیچیتر ناخوێنمەوە بە ئەڵمانی“  منیش گووتم “فڵانی حزبەکەت سۆسیال دیموکراتە و ئەوەشی کە ڕوودەدات ئێستا و ڕۆژنامە ئەڵمانیەکان باسی دەکەن، شەڕ و گۆڕانکاریەکانی نێو ماڵی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانییە…“ منجە منجەکی کرد، و نەهێنایە سەر خۆی.

ئەو زەمەنە کە لەشاری بایرۆت، بەو ئازاری نەخوێندەواریەمەوە سەیری کتێبەکانم دەکرد، کە چۆن ئاوەها بە جوانی چاپ بوون و نمایشدەکرێن،  بیرمدەکەوتەوە کە یەکەمین ڕۆمانم `کەنارە سپییەکانی مردن` لە ١٩٩٥ دا بە ژمارەیەکی کەم، بە ڕۆنیۆ لەلایەن کۆمەڵێک دۆستی ئازیز لە بینای `تۆفیق قەزاز` چاپ بوو.  قاتی سەرەوەی ` قەسرەکەی تۆفیق قەزاز` وەک چۆن ئێمەی سلێمانیەکان وەهای پێدەڵێن، دەزگایەکی چاپ و ڕۆنیۆ بوو،  لەوێ یەکەمین ڕۆمانم چاپکرا. لە تەنیشت ئەو چەند ژوورەی دەزگای کۆپی و ڕۆنیۆیە، لەوسەری ئەو بینا پڕ جادووە،  مامۆستا `بەهادین نوری` ژوورێکی هەبوو، کۆرسی مارکسیزم – لینینزم و گرفتەکانی چەپی دەگووتەوە. مامۆستای ئەزیزمان بە نیاز بوو حزبێک دامەزرێنێت، یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆرسەکەی هاوڕێی چیرۆکنوسم `یوسف عزەدەین` بوو… ئاوەها بیرمدێت،  چەند ژمارەیەکم لە یەکەمین ڕۆمانم چاپکرد، بێگومان ئەو زەمەنە نە کتێبخانە هەبوو تێدا دایبنێم و نە ژمارەکانیش ئەوەندە زۆر بوون بیدەم بە برای ئەزیزم `ساڵح بێچار` کە لەگەڵ کاک `تەیب` هاوڕێمان پێکەوە لە سووچی فەرمانگەی تەلفۆناتی کۆن، لەسەر جادە کتێبیان دەفرۆشت. ئەو زەمەنە جگە لە خەمی نوسین و چارەنوسم لەناو ئەم وڵاتە دڵڕەقەدا،  تەنها خەمی  پەڕەسێلکەیەکی ئاوارەبووم هەبوو، بەوەی ماڵی خۆی لە نیشتمانی چێ بکات، بەداخەوە شەڕی ناوخۆ ئەو بوارەی نەدا؛ یان دەبوایە  بەشداربم لەم شەڕەدا یان دەبوایە ئەم شەڕگە نەگریسە جێبهێڵم…

زۆرجاریش لەبەردەم ماڵی (ڕیتشارد ڤاگنەر)ی گەورە کۆمۆپۆنیستی ئەڵمانی دا دەوەستام و خەیاڵم دەکردەوە ئێستا لە سووچێکەوە `ڤاگنەر` لەگەڵ` نیتچە` و `کۆسیما`ی هاوژینی ڤاگنەر پەیدا دەبن. بەڵام منێک بە پاسیکیلێکی دزراوەوە سەیری ئەم کۆشکەم دەکرد و خەونم دەبینی، خەون بەوەی ڕۆژێک دێت بەم پاسکیلە دزراوە لە کەنار ئەم کولتورە ئاڵۆز و چڕە ئەڵمانییە ناوەستم، ڕۆژێک دێت بەم زمانە دەخوێنمەوە و دەنوسم و وەرگێڕان دەکەم و ئەم کولتورە وەک `دیاری شوان` دەبەمەوە نێو ئەدەبی کوردی… بەسەر ئەو پاسکیلە دزراوەوە ڕۆژانە لێم دەخوڕی و خەونم دەبینی، تا ڕۆژێک کەوتمە چاڵێکەوە، بە ڕێکەوت بوو کە ملم نەشکا و تووشی ئیفیلیجی نەبووم.  

دیارە ژمارەیەکی بێ شومار پاسیکیل لەم کەمپەدا بێ قفڵ و هیچ شتێک لەبەردەم کەمپەکە ژمارەیان لە زیادبووندا بوو. جارجارە پۆلیس دەهات و ئەو خاوەن پاسکیلانەی لای پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردبوو، پاسکیلەکانیان بۆ دەدۆزرایەوە. کەس نەیدەزانی لە کەمپێکی چوار سەد کەسیدا کێ ئەم پاسکیلانەی هێناوە بۆ ئێرە و کێ سواری دەبێت، هەربۆیە پۆلیس لەگەڵ دۆزینەوەی پاسکیلەکە دەیانبرد و چیتر لێکۆڵینەوەیان نەدەکرد. پەناهەندە میهرەبانەکان، کوردەکان ئازیزەکان، دانەیەکیان بەخشی بە من، دوایی بۆ دەرکەوت کۆی ئەم بەخشینە پاسکیلی دزراوی بێ دایک و باوکن.

سەیرم لێ دێت کورد تاوەکو ئەمڕۆ لە دەستکەوتنی شتەکانی ئەم دونیایەشدا دەبێت؛ ئۆتۆمبێلی بێ دایک و باوک، سیم کارتی علوج، پاسپۆرتی ساختە، و پەڕینەوەی یاساخی بە نیسیب بێت. کورد وەک ئەو `کەسە پیرۆزە` وەهایە بە گوزارشی فەیلەسوفی ئیتاڵی `جۆرجێو ئاگامابێن` یان بڵێن ئەو `هۆمۆ ساکەر`ە ڕۆمانییە وەهایە، کە خوێنی بەخشراوە و دەبێت سووچێک بدۆزێتەوە بۆئەوەی نەیکوژن. ئەو هۆمۆ ساکارە  خوێن بەخشراوە، خوێنی لە هەموو شوێنکدا بەخشراوە بەو کەسەی دەیکوژێت… هەربۆیە دەبێت لەگەڵ `دەستی دوو`ی دونیادا مامەڵە بکات لە ئۆتۆمبێلی علوجەوە بیگرە تاوەکو `سیاسی نیوداش` قەدەرێتی. کورد قەدەرێتی وەک زۆڵێک، وەک باستاردێک بژی، چاوەڕێی دانپێدانان بێت لەلایەن باوکی جیهانەوە، جیهانێک دەمێکە ئەوی لەبیرکردووە.     

ئاوەها خەونی فێربوونی ئەڵمانی لای من جگە لەم زیندەخەونە فەلسەفیانە، خەونێکی دیکە بوو  بەوەی  سیگمۆند فرۆید و کارڵ گوستاف یونگ و ولیەم ڕایخ و ئالفرێد ئادلەر و زانایانی دەروونزانی، کە ژیانی ئەکادیمیم بە زمانی عەرەبی لەگەڵ بەسەربردبوون، خەونم دەبینی بە زمانی ئۆرگینالی خۆیان کە ئەڵمانییە، بیانخوێنمەوە. ئاوەها خەونی ئەوەم هەبوو کتێبی `مێژووی شێتاتی` میشێل فوکو دیراسە بکەم،، بونیادگەرەکان، پۆست ستراکچاڵیزم، فەیلەسوفە پۆست مۆدێرنەکان، … هتد. بەڵام سێبەری بەهێز، کە بەردەوام خەونم پێوەدەبینی، سێبەری `سەلمان ڕوشدی` بوو، نوسەری `ئایەتە شەیتانیەکان`، ئەو نوسەرەی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩ فەتواکەی لە دژی دەرکرد. خەونم ئەوە بوو لە نێزیکیەوە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە بیناسم و کتێبەکانی بخوێنمەوە. من تا ئەو ساتەوەختە هیچ کتێبێکی ڕوشدیم بە زمانی عەرەبی دەست نەکەوتبوو، شارەزای ئەدەبیاتی ئەم نوسەرە نەبووم.

ئیدی کۆرسی زمان دەستیپێکرد، ڕۆژانە دەچووم بۆ کۆرس و شەش مانگی ڕەبەقم لەگەڵ ئەم زمانە ئاڵۆزە بەسەربرد، کە `تۆماس مان`ی ڕۆماننوسی ئەڵمانی لە شوێنێکدا دەڵێت؛ سی ساڵ پێویستە بۆ فێربوونی ئەڵمانی و سی ڕۆژیش بۆ ئینگلیزی… دوای ئەم شەش مانگە سەختەم بڕی و دووهەمی کۆرسەکە بووم. جێگەی شانازی بوو دوو کورد بووین بەیەکەم و دووهەمی کۆرسەکە، دکتۆر سامان و من، ئەو نمرەی یەک کۆما شەشی هێنا و منیش دوو کۆما شەش و ئەوانیتر لە نەتەوەکانی دیکە تەنها دەرچوون یان تەنها بڕوانامەی ئامەدەبوونی کۆرسیان پێ بەخشرا، کە بێگومان ئەمەش بۆ کۆرسی دیکە و خوێندنی دیکە سوودی نەبوو.

دیارە بۆ یەکلاکردنەوەی بڕوانامەکەم لە سایکۆلۆژیا و زانستەکانی پەروەردە، دەبوایە ساڵێک چاوەڕێ بکەم بۆ کۆرسێکی باڵاتری ئەڵمانی، چونکە کارکردن لەم بواری سایکۆلۆژیا و پەروەردەی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە زمانێکی چڕ و قسەکردنێکی زۆر و خوێندنەوەیەکی زانستیە. هەربۆیە خۆم لە قوتابخانەیەکی باڵادا نوسی، باش بوو لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووم، دەنا گەر بچوومایە سی ساڵییەوە ئەم قوتابخانەیە وەرینەدەگرتم.

`ڕاسیزمی شاراوە` ئەوەهایە، ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو ناڕاستەوخۆ ڕێگرت دەخاتە بەردەم، بەناوی تەمەن، نەگونجانی کولتوریی…هتد، فڕێتدەداتە دەرەوەی بازنەی خۆی. یەکێک لەو ڕێگرە ڕەگەزپەرستییە شاراوایە پشتگیرییە ماڵییەکان قوتابخانەی ئەڵمانی بوو بۆ پەناهەندەکان. بۆ نموونە؛ لەهەشتاکاندا کۆرسەکان ساڵ و دوو ساڵی دەخایاند، بەمانای وانەیەک لە هەفتەیەکدا بە چەندەها شێوە دووبارە دەکرایەوە و ڕاهێنانی لەسەر دەکرا، بەڵام لە زەمەنی ئێمەدا هەموویان ترنجاندبووە کۆرسی شەش مانگییەوە و زۆر بە زەحمەت وەریدەگرتیت. ئەو قوتابخانەیەی من ناوی خۆم نوسیبوو ` ئۆتۆبێنیکە شتیڤتون` بوو، بۆ ئەڵمانە ئاوارەکانی زەمەنی هیتلەر تەرخانکرابوو کە پێیاندەگووت `دووبارە نیشتەجێبووەکان`، ئەمانە کاتی خۆی لە جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە دەست نازییەکان هەلاتبوون و لە ڕووسیا پەناهەندە بوون، ئیدی نەوەکانیان دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و حوکمەتی ئەڵمانی دووبارە پشتگیری دەکردن بۆ نیشتەجێبوون و ژیان لە ئەڵمانیا کە زێدی باوباپیرانە، بەڵام بە ئێستاشەوە ئەم نەوەیە تا ئێستاش نەریتە ڕووسییەکانیان لە دەستنەداوە.  ئەم قوتابخانەیەش بەر هێرشی ڕاسیزمی شاراوە کەوت،  چونکە کاتی خۆی دووساڵی دەخایەند، بەڵام ئێستا هەمان پڕۆگرامیان کورتکردبۆوە بۆ شەش مانگ بەچڕی و هەر دوو مانگێک تاقیکردنەوە بوو، گەر لە دوومانگێکدا دەرنەچوویتایە، دەردەکرایت.

بێگومان شەڕی ناوخۆ و هێرشی پارتی بۆ سلێمانی و باری خانەوادەی ئێمە کە لە سەرەتای ئەو شتەی پێدەڵێن `شۆڕشی نوێی`  بەشداربووین، فشارێکی زۆرمان لەلایەن بەعس و  پارتی لەسەر بوو، بە تایبەت لە دوای سی و یەکی ئاب و تاوەکو دەرپەڕاندنی پارتی بە هێزی پاسداران لە ناوچەی سەوز. هەموو ئەمانە، ئێمەی پەناهەندەی ئەوروپا باجمان دەدا، قورسایی پارە ناردنەوە و زۆریتری دەچووە سەرمان. لەسەرێک خۆمان وەک پەناهەندەی نوێ، هێشتا وەک کەڕولاڵ وابووین، لەسەرێکی ترەوە دەبوایە پارە بۆ برا و هاوڕێی و تەنانەت درواسێ و ئازیزان بنێریتەوە کە لە ژێر باری سەختی ئابووری و شەڕی براکوژیدا دەیانناڵاند. کوردی ئەوروپای ئەو زەمەنە، زۆر کوردانە، زۆر بوێرانە، زۆر خۆبەخشانە، کەوتنە ناردنەوەی پارە و بازاڕی کوردستانیان ئاوەدان کردەوە. بێگومان ئەمە لە کاتێکدا بوو کە حزبی کوردی خەریکی تاڵانی و شەڕی ناوخۆ بوون… بەمجۆرە، قوتابخانە باڵاکەی ئەڵمانی زۆر لەوەی یەکەم سەختر بوو، دەبوایە هیچ کارێکی تر نەکەیت، هیچ سەرقاڵیەکی دەروونی و خێزانیت نەبێت، جگە لە وانە و ئەرکی ڕۆژانە و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی مانگ. تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانەش نمرەکانی بۆ کۆتایی دوو مانگی یەکەم کۆدەکرانەوە و گەر دەرنەچوویتایە، یەکسەر دەردەکرایت و فرسەتی عومرت لەدەستدەچوو.

 لەژێر ئەو فشارانەی ژیانم، زۆرجار بیرمدەکردەوە واز لەو کۆرس و تاقیکردنەوە سەختانەی ڕۆژانە بهێنم، بەڵام تاکە هۆکارێک پاڵی پێوەدەنام `سەلمان ڕوشدی` و کتێبەکانی بوو. هەربۆیە بیرم لە فێڵێکی سایکۆلۆژی کردەوە بۆ هاندانی خۆم؛  ئەوسا  لە شەقامی `کۆڵانی شوانکاران` دەژیام، ئەمە ناوی ئەو شەقامە بوو کە لە خانەیەکی دوو ژووریدا، لەگەڵ هاوسەرە دێرینەکەمدا دەژیام و چاوەڕێی لەدایکبوونی کوڕەکەمان بووین. ئەم بەشە دەکەوتە سێنتەری نورنبێرگ، کۆڵانێکی باریکی هەبوو، کە کتێبخانەیەکی تێدا هەبوو بە فەڕەنسی لێی نوسرابوو `لێبراسیۆن` مانای `ئازادی` دەگەیاند. کتێبفرۆشیەکی بچوک بوو، لەپشت جامخانەکەوە کابرایەکی ڕیشن دانیشتبوو، دەموچاوێکی هێمن و کولتوری هەبوو، بە جیاواز لە دەموچاوی ئاسایی ئەڵمان کە پڕن لە تووڕەیی و دەهریی بوون لە دونیا، بێگومان بەبێ هیچ هۆیەکی دیار و بەرجەستە. بیرمدێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەم چوومە ژوورەوە و بە ئەڵمانییە سەرەتاییەکەمەوە باسی کتێبەکەی سەلمان ڕوشدیم کرد `ئایەتە شەیتانیەکان` عەینەکەی دانا و گووتی “دیارە تۆ ئاینی نیت؟“

بە پێکەنینەوە گووتم؛ لە پانزە ساڵیمەوە پشتمکردۆتە مزگەوت و هەرگیز جارێکیتر ڕێگەم تێی ناکەوێتەوە.“

 کتێبەکەی بۆ داواکردم و دەبوایە چەند ڕۆژێکی تر بچمەوە بۆ لای وەریبگرم. کتێبخانەکە چەند هەنگاوێک لە ماڵەکەم دوور بوو، ڕۆژانەش کە لە قوتابخانەی باڵا دەهاتمە و سڵاومان لەیەکتر دەکرد. ئەو ڕۆژەی بانگی کردم، زانیم کتێبەکە گەیشتووە، بەڵام پرسیارێکی هەبوو زۆر بە ترس و دڵەڕاوکێیەوە گووتی“ببورە، خراپ تێمەگە، ئەڵمانیەکی تۆ لە چاو ئەوەی ساڵ و نیوێکە لێرەیت پێرفەکتە بەڵام…“

منیش دەمزانی چی لەدڵدایە و بۆئەوەی لەو سووربوونەوەی قوتاری بکەم، بۆم تەواوکرد و گووتم “بەڵام ئەم کتێبە ئەدەبێکی باڵایە و لە ئاست توانای ئەڵمانی مندا نییە، وانییە، دەتەوێت ئەوە بڵێیت؟“

گووتی“ببورە مەبەستم ئەوە نەبوو…“

منیش بە پێکەنینەوە گووتم“ تەواو لۆجیکە لە بەڕێزتانەوە کە ئامۆژگاریم بکەن لە دەقی سادەوە دەستپێبکەم، بەڵام دەزانی بۆ ئەم کتێبە دەکڕم؟“

کونجکوڵیەکەی جوڵاو و گووتی “ڕاستی ئەوە پرسیاری من بوو لەیەکەم ڕۆژی داواکردنی کتێبی ئایەتە شەیتانیەکانی سەلمان ڕوشدی“

منیش گووتم“ ئەم کتێبە دەکڕم و لەسەر مێزی نوسینەکەم دایدەنێم، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی کە لە خوێندن و دەرس و دەور بێزاربووم سەیری بکەم، لاپەڕەکانی هەڵدەمەوە، بۆئەوەی هانمبدات بۆئەوەی زیاتر خۆم لە وانەکاندا هیلاک بکەم تا دەگەمە ئاستی خوێندنەوەی ئەدەبی باڵا“

سەیرێکی کردم و بزەیەک هاتە سەرلێوی و گووتی“ کەواتە سەیری ڕوشدی دەکەیت و ئەو دەبێتە مامۆستات“

منیش گووتم“ تەواو ئەوەیە، هەر کە سەیری کتێبەکە دەکەم دەبێت بڵێم؛ دەبێت بگەمە ئەو ئاستەی کە بتخوێنمەوە…“

سوپاس بۆ قوتابخانەی باڵای ئەڵمانی و مامۆستا دڵڕەقەکانیان کە نەیاندەهێشت خاوببینەوە لە خوێندن و بە جۆرێک هەموو ژیانمان ئەو ماوەیە تەنها زمانی ئەڵمانی بوو. دوای تەواوکردنی  قوتابخانەکە و دامەزراندنی دووساڵەم لە مۆزەخانەی `فێمبۆ هاوس` ی سەر بە مۆزەخانەکانی شاری نورنبێرگ، وەک ڕێکخەری کارەکانی مۆزەخانەکە و یارمەتیدەری بەڕێوبەڕی مۆزەخانە.   دوای ساڵێک لە کاری ئیداری، وردە وردە کتێبی شانۆنامە و ڕۆژنامەم بەو میتۆدە دەخوێندەوە کە لە قوتابخانەی ئەڵمانی باڵا فێریان کردبووین. بێگومان ئەو زەمەنە تازە مۆبایل هاتبووە دونیایەوە، خەتی ئینتەرنێت مۆدمێکی خڕەخڕەکەری گرانبەها بوو کە دەتبەست لە پلاکی تەلەفۆنەکەت. ئینتەرنێت زۆر گران بوو، هێشتا لە هەندێک فەرمانگە نەبێت، لە شوێنی تر ئینتەرنێت نەبوو.

ئەو زەمەنە ئەپ نەبوو، فەرهەنگەکان وەک ئێستا بە سادەیی لەبەردەستدا نەبوون، کە بتوانیت بگەڕێیت بە دووی وشەیەکدا بەیەک کلیک سەد ڕوونکردنەوەت بداتێ. نەخێر تەنها فەرهەنگی ئەڵمانی – ئەڵمانی `دوودن – Duden` هەبوو، بە قەد بلۆکێک بوو، وابزانم هەزار و شەش سەد و قسور لاپەڕەی تەنک بوو. لەگەڵیشیدا بلۆکێکی ترم هەبوو `فەرهەنگەکانمان ناو نابوو بلۆک` کە فەرهەنگی `شەراجلەی ئەڵمانی – عەرەبی` بوو، هاوڕێیەکی یابانیم `هیاشی` کە بە کوردی مانای `دارستان` دەگەیەنێت، لە ساڵی  ١٩٩٦ لە دیمەشق بۆی کڕیبووم و بە پۆست بۆی ناردم. ئەم دوو بلۆکەم لەمسەر و لەوسەری خۆم دادەنا و دەستمدەکرد بە خوێندنەوە. وابزانم یەکەمین ڕۆمان بە ئەڵمانی خوێندمەوە، ڕۆمانێکی کورتی` ئەندرێ ژید`  بوو Die enge Pforte  -`دەروازە تەنگەکە`   ئیدی لە ڕێگەی ئەم کورتە ڕۆمانەوە، بەرە بەرە کەوتمە خوێندنەوەی کورتە چیرۆک و گوتاری فیکری و سیاسی کورت. بێگومان گرانی کتێب وەهایدەکرد بەپێی کات و ڕۆژانی پشووی کار، بە پاسکیل بچم بۆ کتێبخانەی نورنبێرگ، ئەمجارە بە پاسکیلی کڕدراوی دەستی دوو، نەک دزراو.

ئیدی شەوێک دەستمدایە `ئایەتە شەیتانیەکان` و دەستمکرد بە خوێندنەوەی ئەم شاکارە گەورەیە، وردە وردە وەک ئاو لەگەڵیدا دەڕژامە ناویەوە، لەگەڵ `سەلاحەدین حەماخا` و `جوبریل فریشتە` دەکەوتمە گفتوگۆ، لەگەڵ تەقینەوەی فڕۆکەکەدا  و هاواری جوبریل فریشتە، منیش هاوارمدەکرد؛ “بۆ ئەوەی دووبارە لە دایکبیتەوە، دەبێت بمریت…“

لەوە سەیرتر ئەوەبوو، هەر لەو ماوەیەدا  ڕۆمانێکی کوردیم خوێندەوە و لام سەیر بوو کە ئەم ڕۆمانە فەسڵێکی تەواوی سەلمان ڕوشدییە بەدەستکارییەوە. بەو سیفەتەی بەرهەمەکانی ڕوشدی ئەو زەمەنە  بە کوردی لەبەردەست نەبوون. تەنانەت لە ڕۆمانێکی دیکەی هەمان نوسەری پلاجاریستدا، پاڵەوانەکەی و جوڵەی ڕۆمانەکەی لەسەر ڕۆمانی `منداڵانی نیوەشەو` ڕوشدی بونیاد نابوو. تەنانەت بەشێکی زۆری ئەو کارە فیکریانەی خوێنەری کوردی بێئاگای پێ سەرقاڵ دەکرد، کۆپی چەمک و دەستەواژە و ئایدیاکانی نوسەرانی وەرگێڕدراو بۆ ئەڵمانی بوو…  گومانی تێدا نییە کە بەمە دەڵێن `پلاجیاریزم` ، پلاجاریزم  ئەوەیە دەقێک دێنیت دەکەویتە ڕتوش و گۆڕینی فۆرمەکەی، بەڵام ناوەڕۆک و جوڵەی ڕۆمانەکە یان ئایدیایە و بیرۆکە هزری و فەلسەفیەکە کۆپی دەکەیتەوە، وەک  ڕۆمان و ئایدیای خۆت بە خوێنەری دەفرۆشیتەوە… بەهەر حاڵ، نە ئێستا و نە جارانیش بیرم لەوە کردۆتەوە لەسەر ئەم بابەتە بنوسم،  یەکەم؛ چونکە نە کاتی ئەو شەڕە بێ سوودانەم هەیە، نە لەو بڕوایەشدام پلاجاریست لە دەروونی خۆیدا بەوە ئاسوودەیە. هەربۆیە پەنابردنە بەر دەستەگەری و بە هەوا و هەوەسی خوێنەر نوسین چارنوسیەتی، ئەو بە ئارەزووی خوێنەر دەنوسێت و بە ئارەزووی ئەوان کۆپی دەکات و فۆرمەلەی دەکاتەوە. ئەمەش کاری مردووانە، مردووش ئەزیزان دەستی بۆ بەریت یان نا هەر مردووە، جا بۆچی من بکوژی لاشەیەک!  دووهەم؛ بیرمکەوتەوە، کە زەمەنێک دێت نەوەیەکی تری کوردی دێنە ئەم بۆ ئەم وڵاتە بۆ خوێندن، ئەو پلاجاریزم و پلاجیاریستە دەدۆزنەوە و دەکەونە شەن و کەوکردنی، هەربۆیە باشترە من خەریکی کاری خۆم بم و کاتی خۆم لەگەڵ پلاجیاریستێکی مردوو نەفەوتێنم… ئاوەها، بەداخەوە،  جارێکی تر سەلمان ڕوشدی تیررۆرکرایەوە. 

 بەداخەوە  ئەمەی سەرەوە ئاماژەم پێدا، تیرۆرێکی دیکەی پلاجیاریستی  `سەلمان ڕوشدی` نوسەرە، کە پێشتر لە ساڵی `١٩٨٩` وە لەلایەن خومەینی و ئیسلامی سیاسی بەدڕەو تەکفیرکراوە و هەوڵی تیرۆری درا. ئیسلامێکی سیاسی کە دژ بە هەموو جوانییەکی ئەم دونیایە، تەنانەت دژ بە جوانیەکانی خوا و مانا گەورە عیرفانیەتی خودایی و هێزە میتافیزیکیەکەیەتی، کە سەلمان ڕوشدی لە ڕۆمانی ` ئایەتە شەیتانیەکان` و `منداڵانی نیوەشەو` و ` هاڕون و دەریایەک لە حکایەت` و `ئەو زەویەی ژێر پێیەکانمان`، تاوەکو  ڕۆمانی لەمەڕ گەشتی ژیانی ئیبن خەلدون ` دوو ساڵ و هەشت مانگ و بیست هەشت شەو`  بەرگری لە خوایەکی عیرفانی و میهرەبان و مانا گەورەکانی لێبوردەیی ئاین کردووە، بێگومان لە دژی هێزی ڕەشی تەکفیر و بازرگانە سیاسیەکانی ئاین. بەداخەوە  لە ١٢ ئاوگوستی ٢٠٢٢ بەر چەقۆ دراوە و ژیانی لەلایەن ئەو هێزە تاریکانەی بە دوویەوە بوون کەوتە مەترسیەوە. 

 ئاوەها  لە زستانی ساڵی  ١٩٩٩ و تەواو لە شەوی  دوو لەسەر سێی بەفرانبار `مانگی شوبات`، حەوت سەد و شەش لاپەڕەی ڕۆمانەکەی سەلمان ڕوشدی`ئایەتە شەیتانیەکان`م خوێندەوە، ئەو چەند مانگەی لەگەڵ ئەم ڕۆمانەدا بەسەرمبرد، ئاستی خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئاڵۆزی ئەڵمانیمی زۆر بەرزکردەوە. ئاوەها، ڕوشدی مامۆستای یەکەمی ئەڵمانی بوو… هەر بمێنێت.

ئەڵمانیا – بۆن

ئاوگوست ٢٠٢٢      

    

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌