ڤیبه‌ر - ماركس - دۆركهایمه‌ر

گەرەکە چۆن پێناسەی ئیدیۆلۆژی بکەین، فەیلەسوفانی سیاسی چۆن وەڵامی ئەمە دەدەنەوە؟


Loading

 

پێشەکی

توێژینەوە سەبارەت بە ئیدیۆلۆژی وەک فۆرمێکی هزری سیاسی بۆ ڕوونکردنەوە، تێگەیشتن و هەڵبژاردن زۆر گرنگە، چونکە ئەمە بناغەی بڕیاردان، هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی ئیدیۆلۆژییەکان دابین دەکات. هەروەها ئەمە دەبێتە هۆی جیاوازیکردن لە نێوان ئیدیۆلۆژی و فۆرمەکانی دیکەی هزری سیاسی. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدا پێناسەی ئیدیۆلۆژی بکات و ئەدگار، تایبەتمەندی و کاراییەکانی تاقی بکاتەوە، پاشان جیاوازی لە نێوان فەلسەفەی سیاسی و ئیدیۆلۆژیدا بکات، هەروەها فەیلەسوفان چۆن وەڵامی ئەو پرسە دەدەنەوە.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی جیاوازیکردن لە نێوان فەلسەفەی سیاسی و ئیدیۆلۆژییەوە، ڕەخنەی بە ئیدیۆلۆژیکردنی فەلسەفەی سیاسی بکات.

 

ئیدیۆلۆژی چییە؟

ئیدیۆلۆژی زاراوەیەکی نەسازە و ناکۆکی زۆر لەسەرە، ئاخر یەکسان دەکرێ بە بیروباوەڕە تۆتالیتێرەکان، هەروەها وەک هەڵە، پروپاگەندە ئەدگاری پێدەدرێ. یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ناکۆکی سەبارەت بە ئیدیۆلۆژی پەیوەستە بە داڕشتنی سیستەمی باوەڕ، تیۆرییە سیاسییەکان، یۆتۆپیا، ئەفسانەکان، … هتد. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەمە دابەشکردن و پۆلێنکردنی دووانێتی ”ئێمە/ ئەوان”ە. ئێمە فەلسەفەمان هەیە، ئەوان ئیدیۆلۆژی؛ ئێمە پرنسیپی بەهادارمان هەیە و ڕاستگۆین لەگەڵ پرنسیپەکانمان، ئەوان دۆگمایان هەیە و دەرمارگیرن بۆ دۆگماکانیان؛ ئێمە باوکانی دامەزرێنەرمان هەیە، ئەوان ستەمکار و پێغەمبەری هەڵە (1). یەکسانکردنی ئیدیۆلۆژی بە گۆڕانکاری پەیوەستە بە بینینی ئیدیۆلۆژی وەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە پەیوەندی بە ڕادیکاڵیزم و تۆتالیتاریانیزمەوە هەیە. پاشان ڕادیکاڵیزم دەبێ بە کۆنزەرڤاتیزم کاتێک دەسەڵات وەردەگرێ. کۆنزەرڤاتیزم ڕەنگە بگەڕێ بە دوای گۆڕینی شتەکان بۆ ئەوەی کە پێشتر هەبوون(2).

لە ڕووی مێژوویییەوە زاراوەی ئیدیۆلۆژی لە لایەن دی تێرسی (de Teracy)یەوە دا‌هێنراوە، کە بە واتای ”زانستی ئایدیاکان” بەکاری هێناوە. دی تێرسی لکێکی نوێی لێکۆڵینەوەی دروستکردووە، کە لە ئایدیاکان دەکۆڵێتەوە. ئەو بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە ئیدیالی کردارنواندن و هزر لەسەر بنەمایەکی ئەزموونی و پراکتیکی بونیاد بنێت. لێرەوە هەردوو زانستی ئایدیاکان و ڕەخنەی ئایدیاکان سەریان هەڵدا (3).

كاریكاتێر ماركس له‌سه‌ر شانی كرێكاران ..

ئیدیۆلۆژی بۆ سیاسەت شتێکی جەوهەری و کرۆکییە، چونکە فاکتەرێکە بۆ ڕێنماییکردن، کۆنتڕۆڵکردن و یارمەتیدان لە ڕەفتاری سیاسی نەتەوەکان، گروپەکان و تاکەکاندا. هەروەها ئیدیۆلۆژی سیاسەت دادەپۆشێ، مەرجداری دەکات، کۆنتڕۆڵی دەکات، لەبەر ئەوە ئیدیۆلۆژی لە پێش سیاسەتەوە دێت، واتا تۆ لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژی سیاسەت دەکەیت. ئیدیۆلۆژیی سیاسی سیستەمێکی بیروباوەڕە کە سیستەمی سیاسی پەسەندکراو بۆ کۆمەڵگە ڕوون دەکاتەوە و ڕەوایەتی پێدەدات، جا ئەم سیستەمە ئامادەکراو بێ یان پێشتر هەبێت. ئیدیۆلۆژیی سیاسی پێکدێ لە کۆمەڵێک گریمانە و باوەڕی بنەڕەتی ئەزموونی و نۆرماتیڤ کە پەیوەستن بە سروشت و مەبەستی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی دۆخی مرۆڤ ڕوون بکاتەوە و ڕێنومایی سیستەمی پەسەندکراوی سیاسی بکات. هەروەها ئامانجی ئیدیۆلۆژیی سیاسی ڕاستەخۆ کاریگەری نواندنە لەسەر ڕەفتاری سیاسی(4). تیۆری جیاواز لەبارەی ئیدیۆلۆژی هەن وەک تیۆرییە ئایدیالیستییەکان، فەنکسیۆنال (functional)ەکان، ماتریالیستەکان، … هتد. لە ترادیسیۆنی ماتریالیستیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ مارکس، ژێرخان بریتییە لە پەیوەندییە ئابوورییەکان و سەرخانیش بریتییە لە دۆخ و ئیدیۆلۆژییە سیاسییەکانی کۆمەڵگە. بۆ کارل مارکس ئیدیۆلۆژی بریتییە لە ئایدیاکانی چینی سەرمایەداری سەروەر کە بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستەمی سەرمایەداری و زاڵبوونی بەسەر کۆمەڵگەدا هەوڵدەدات. لە ڕوانگەی مارکسەوە ئیدیۆلۆژی بریتییە لە دەسەڵاتی سیاسی چینی باڵادەست، هەروەها ڕەوایەتیدانە بە بەرژەوەندی چینی باڵادەست. لە ترادیسیۆنی مارکسیزمدا، ئیدیۆلۆژی هەڵەیەکی دوو سەرەیە، چونکە لەسەر بنەمای بەڵێنی هەڵە و هیوای هەڵە داڕێژراوە. تیۆریی مارکسیستی بۆ ئیدیۆلۆژی چەند کێشەیەکی هەیە. یەکەم، زۆر سادەکردنەوەی ئایدیا سیاسییەکان و کردارنواندنەکانی مرۆڤ و کورتکردنەوەیان تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئابووری. بەڵام بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ هەموو کات لە ڕێگەی ئابوورییەوە کۆنتڕۆڵ نەکراون، چونکە خەڵک هەیە هەمان ئایدیای سیاسی هەیە، هەرچەندە لە چینی جیاوازیشن. هەروەها خەڵک هەیە لە هەمان چینی کۆمەڵایەتین بەڵام ئایدیای سیاسی جیاوازیان هەیە. دووەم، ئارگومێنتەکانی مارکس و ئەنگڵس لەسەر بنەمای جیاوازییەکی ناوەندی لە نێوان ئاگامەندی ڕاستەقینە و بیروباوەڕی هەڵە دامەزراوە. سێیەم، ئارگومێنتەکانیان پابەندە بە سروشتی ئیدیۆلۆژییەوە، ئەگەر ئیدیۆلۆژی ئاگامەندییەکی هەڵە بێت، ئەوا کاتێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان دادەمەزرێندرێنەوە دیارنامێنێت. چوارەم، مارکسیزم ڕەخنەی سەرمایەداری دەکات، لە کاتێکدا ئەویش وەک سەرمایەداری ئیدیۆلۆژییە و ئاڕاستەی بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو کراوە (چینی پڕۆلیتاریا). هەروەها مارکسیزم بە هەمان شێوەی سەرمایەداری ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی گروپی فەرمانڕەوا دەدات کە پارتیی کۆمۆنیستە (5).

 

ئەدگارەکانی ئیدیۆلۆژی

ئیدیۆلۆژی چەند ئەدگار، مۆرک و تایبەتمەندییەکی هەیە. یەکەم، ئیدیۆلۆژی وەک شێوازێکی سیستەماتیکی هزری سیاسی خۆ_بەس و لە خۆدا_پڕە. کۆمەڵێک ئایدیای یەکگرتووە لەسەر بنەمای پێشدانراوێک (پێشەکییەک_ مقدمە) یان زیاتر. دووەم، ئیدیۆلۆژی هەر دوو لایەنی نۆرماتیڤ و پراکتیکی لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان پەیوەستە بە سیستەمێکی سیاسی دیاریکراوی پەسەندکراو، دووەمیان پەیوەستە بە مەرجی تایبەتی سیستەمی سیاسی هەبوو. سێیەم، ئیدیۆلۆژی لە ستاندارد و ڕێساکانی سازش ناکات. ستانداردەکانی نەشیاوی دانوستاندنن، لەبەر ئەوە ئیدیۆلۆژی لەسەر بنەمای دۆست و دوژمن جیاوازی لە نێوان خەڵکدا دەکات. چوارەم، ئیدیۆلۆژی کەسێندراوە و پیرۆزکراوە، لە ئەنجامدا، ئیدیۆلۆژی دۆکۆمێنتی پیرۆزی هەیە، وەک مانیفێستەکان، ڕاگەیاندراوەکان، پاڵەوانەکان، سەرکردەی کاریزمایی، باوکانی دامەزرێنەر، سرووت و سێرمۆنی وەک سروودەکان، دروشمەکان و پشووەکان. پێنجەم، ئیدیۆلۆژی گەشەکردووە، بەڵام دژی گۆڕانکاری ڕادیکاڵە لە خۆیدا، بۆیە گۆڕانکاری لە ئیدیۆلۆژیدا هێواش و بە ئازارە. شەشەم، لە ئیدیۆلۆژیدا، بۆشایی، ناڕوونێتی، لێڵی و نەسازی هەیە. بۆیە ئیدیۆلۆژی پێویستی بەوەیە کە هەڵەکانی ڕەوایەتی پێبدات و لەگەڵ سەرکەوتن بیان گونجێنێت. حەوتەم، ئیدیۆلۆژی لە نزیکەوە پەیوەستە بە بزووتنەوە سیاسییەکانەوە، بۆیە داواکاری بۆ ڕێکخستن و دامەزراوە بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی حزبی سیاسی. هاڤڕکێ و ململانێی ئیدیۆلۆژییەکان یەکسان نین بە هاڤڕکێی ئیدێ و هزرەکان، بەڵکو هاڤڕکێی خواست و ڕێکخستنەکانن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات(6).

لە ڕوانگەی فریدین، ئیدیۆلۆژی (یەکەم) بەگشتی پەیوەستە بە گروپێکەوە، نەک چینەکانەوە، چونکە ئیدیۆلۆژی لە لایەن گروپەکانەوە ئاڕاستەدەکرێ، دروستدەکرێ، و بەکاردەهێنرێ. دووەم، ئایدیاکان هەندێک ئەرک جێبەجێ دەکەن بۆ نموونە، بەکۆمەڵایەتیکردن، سادەکردنەوە، ئاوێتەکردن، … هتد. سێیەم، ئیدیۆلۆژی شێوەیەکی بیرکردنەوەی سیاسییە کە شێوە بە جیهانی کۆمەڵایەتی هەبوو یان وێناکراو دەدات. چوارەم،  ئیدیۆلۆژی بەشێوەیەکی نەشیاوی دەستبەرداری پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە (7).

کارایییەکانی ئیدیۆلۆژی

چەند کارایییەکی ئیدیۆلۆژی هەن، یەکەم، ئیدیۆلۆژی ئایدیاکان بۆ تێگەیشتن، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی گەردوون فۆرمولە دەکات. ئیدیۆلۆژی ڕێگە بە مرۆڤ دەدا تاکو لە دەرەوەی خۆی بڕوا بە شتێکی دیکە بکات. هەروەها ئیدیۆلۆژی یارمەتی مرۆڤ دەدات تاکو ناڕوونی و ناجەختی لە ژیانیدا نەمێنێت. ئەم ئایدیایانە لە دەسەڵاتێکی سەرووترەوە دێن، وەک دەسەڵاتی ئاینی، زانستی یان مۆڕاڵی، بۆیە ئیدیۆلۆژی داهاتوو زۆر جەخت و پێشبینیکراو دەکات. دووەم، ئیدیۆلۆژی ڕەچەتە فۆرمولە دەکات تاکو وەک ڕێنوما لە لایەن تاکەکانەوە لە بڕیاردان و کردارنواندنەکانیاندا بەکاربهێنرێ. ئەم فۆرمەلەیە کۆمەڵێک ڕێسایە کە ئەوە ڕێکدەخات مرۆڤ چۆن لەنێو سیاسەتدا کرداربنوێنێ. هەروەها ئیدیۆلۆژی پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئامانجەکان، بیروباوەڕەکان، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمی گروپەکان، نەتەوەکان و تاکەکانی دیکە بەرهەمدەهێنێ. ئیدیۆلۆژی ڕەوایەتی بە دەسەڵات دەدات، بەکاری دەهێنێ، ڕوونی دەکاتەوە، ڕێکی دەخات، و سنوورداری دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵات بۆ ئۆتۆریتەیەکی بەهێز بگۆڕێت. سێیەم، ئیدیۆلۆژی وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی ململانێ و هاڤڕکێ و ئاوێتەکردن بەکاردێت. ئیدیۆلۆژی لەسەر ئاستی کەسەکی یارمەتی تاکەکان دەدات تاکو بەشداری هاڤڕکێ ناوەکی و دەرەکییەکان بکەن. چوارەم، ئیدیۆلۆژی خۆ_پێناسەکردن و شوناسی تاکەکان، گروپەکان و نەتەوەکان دابین دەکات. ئەوان لەژێر ڕۆشنایی ئیدیۆلۆژییەکە خۆیان دەناسێنن و پێناسە دەکەن. بۆیە ئەوان لە ڕێگەی ئیدیۆلۆژییەکەیانەوە دەتوانن وەڵامی پرسیاری من کێم؟ بدەنەوە (8).

ئیدیۆلۆژی کارایی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی هەیە. فرۆید دەبێژێ نائاگایی (لا شعور) لەنێو جیهانی سیاسەتدا پتر لە هەر جێیەکی دیکە خۆی مانیفێست دەکات. مرۆڤەکان پاڵهێزی خۆپەرستییان هەیە لەنێو سیاسەتدا و لە ڕێگەی ئیدیۆلۆژییەوە ڕەوایەتی پێدەدەن. ئەوان لە ڕێگەی ئیدیۆلۆژییەکەیانەوە ڕەوایەتی بە ستەمکاری دەدەن و ئەوانی دیکە تاوانبار دەکەن. بۆ ئەوەی لە ڕەفتاری سیاسی تێبگەی گەرەکە زۆر گرنگی بە پاڵهێز و هۆکاری سایکۆلۆژی پشت ڕەفتارەکان بدەیت. ئەریک فڕۆم، دەبێژێ مرۆڤی مۆدێرن هەست بە تەنیایی، بێئاسایشێتی، نزمێتی، بێدەسەڵاتی دەکات، بۆیە لەنێو ئیدیۆلۆژییەکان و بزووتنەوە تۆتالیتارەکاندا بەدوای باڵایەتی، دەسەڵات، ئاسایش و ئەندامێتی دادەگەڕێت (9).

 

پەیوەندی نێوان ئیدیۆلۆژیی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی

بۆ تێگەیشتن لە ئیدیۆلۆژی و پەیوەندی بە فۆرمەکانی دیکەی هزری سیاسییەوە، پێویستە بپرسین، داخۆ ئێمە چۆن جیاوازی لە نێوان ئیدیۆلۆژیی سیاسی و فۆرمەکانی دیکەی هزری سیاسیدا دەکەین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەرەکە بەراوردی ئیدیۆلۆژی لەگەڵ فۆرمەکانی دیکەی هزری سیاسی بکەین. ئیدیۆلۆژی جیاوازە لە فۆرمەکانی دیکە هزری سیاسی لە ڕووی، یەکەم، ئیدیۆلۆژی یەکایەتی و یەکگرتنێکی زۆر سیستماتیکە سەبارەت بە چەند بیروباوەڕێک یان یەک باوەڕی دیاریکراو. دووەم، ئیدیۆلۆژی پەیوەستە بە ڕێکخراوەکانەوە کە ئیدیۆلۆژییەکە ڕیالیزە (تەهیقیق) دەکەن. سێیەم، ئیدیۆلۆژی لەسەر بنەمای چەند پێشدانراوێکی بنەڕەتی دادەمەزرێندرێ. لێرە لەم توێژینەوەیەدا، بەتایبەتی دەمەوێ سەرنج بخەمە سەر پەیوەندی نێوان ئیدیۆلۆژیی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی. لەنێو ترادیسیۆنی هزری سیاسیدا، زاراوەکانی ”ئیدیۆلۆژیی سیاسی” و ”فەلسەفەی سیاسی” وەک دژواتا بەکاردێن. بەڵام لە ترادیسیۆنی کۆمۆنیستیدا، چەند زاراوەیەک هەیە کە لەبری یەکدی و وەک هاوواتا بەکاردێن، وەک ”فەلسەفەی کۆمۆنیست”، ”تیۆریی کۆمۆنیست”، ”ئیدیۆلۆژیی کۆمۆنیست” و ”کۆمۆنیزم”، هەرچەندە ئەم زاراوانە واتای تەواو جیاوازیان هەیە و پەیوەندیان بە ڕووی جیاوازی ئایدیا سیاسییەکانەوە هەیە، لە ئەنجامدا، ئەمەش بەهەڵە تێگەیشتن و شێواندنی زاراوەکانی بەرهەمهێناوە (١٠).

فەلسەفەی سیاسی وەها پێناسە دەکرێ ”گەڕان ولێکۆڵینەوەیەکی بێبەرژەوەندی و قازانجە بۆ پرنسیپەکانی دەوڵەتی باش و کۆمەڵگەی باش”. فەلسەفەی سیاسی هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: باشترین فۆرمی حوکوومەت چییە؟ داد، لەنێو دەوڵەتدا، چییە؟ باشترین فۆڕمی دەوڵەت و کۆمەڵگە چییە؟ ڕۆڵی پەروەردە لەنێو دەوڵەتدا چییە؟ هەروەها فەلسەفەی سیاسی بەها سیاسی و ئێتیکییەکان ڕوون دەکاتەوە کە ڕەوایەتی مۆڕاڵیان هەیە. فەیلەسوفی سیاسی بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی شتە سیاسییەکان هەوڵدەدات. هەروەها دەیەوێ ڕەفتاری سیاسی مرۆڤ و کۆمەڵگەی سیاسی ڕوون بکاتەوە. فەیلەسوفی سیاسی گرنگی بە چۆنیەتی ڕەفتارنواندنی مرۆڤ لەنێو سیاسەت نادات، بەڵکو ئەوان پێشنیازی ئەوە دەکەن گەرەکە خەڵک چۆن ڕەفتار بکەن. هەروەها فەیلەسوفانی سیاسی بەشێوەیەکی سەرەکی تیۆری و فەلسەفە سیاسییەکانیان لەسەر بنەمای پەروەردە دادەڕێژن. لە لایەکی دیکەوە، تیۆریی سیاسی بەم شێوەیە پێناسەدەکرێ ”گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی بێبەرژەوەندی و بێقازانجە بۆ زانینی سیاسی و ڕیالێتی کۆمەڵایەتی”. تیۆریی سیاسی کۆمەڵێک پێشدانراون سەبارەت بە ڕەفتاری سیاسی ڕاستەقینەی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان، کە بەشێوەیەکی لۆژیکی ڕیزبەندکراون، ئەزموونکراون و لە ڕووی کاراییەوە پەیوەستن بەیەکەوە. تیۆریڤانانی (تیۆریداڕێژەرانی) سیاسی گشتاندن سەبارەت بە جیهانی سیاسی لێرەبوو گەشەپێدەدەن کە شیاوی سەلماندن، ئەزموونکردن و تاقیکردنەوەن بەڕێی داتا و زانیاریی دەرککراوەوە. ئەوان پرسیار سەبارەت بە مۆڕالێتی سیاسی و سیستەمی سیاسی ئیدیال ناکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئیدیۆلۆژیی سیاسی هەردوو پێشدانراوە ئەزموونی و نۆرماتیڤییەکانی تیۆریی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی لەخۆدەگرێ. هەندێ لە سکۆلارەکان (لێکۆڵیارەکان) فەلسەفەی سیاسی وەک تیۆریی نۆرماتیڤ (بەهایی و پێوەری) دادەنێن، لە کاتێکدا تیۆریی سیاسی ”ئەزموونی و وەسفییە”. ئیدیۆلۆژی خۆی لەسەر بنەمای ئارگومێنت، ئایدیاکان، و تیۆرییە فەلسەفییەکان بونیاد دەنێت، بۆیە جیاکردنەوەی ئایدیا فەلسەفییەکان و فێرگەکانی هزر لە ئیدیۆلۆژی ئاسان نییە. بۆیە گەرەکە ئەم توخمەی ئیدیۆلۆژی ڕەتبکرێتەوە، چونکە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و ئیدیۆلۆژی ناتوانرێ وەک بنەمایەک بۆ پێناسەکردنی ئیدیۆلۆژی دابنرێت (١١).

لە ڕوانگەی فریدن، فەلسەفەی سیاسی و ئیدیۆلۆژی پێکەوە لە پەیوەندییەکی پتەودا نین. بەڵام هەردووکیان وەک فۆرمی هزری سیاسی لە کۆنسێپتە سیاسییەکان و نێوپەیوەندییەکانیانەوە بەرجەستەبوونە. ئەو تیۆریڤانە سیاسییانەی کە بەڕێی مێتۆدەکان و ڕوانگەکانی فەلسەفەی سیاسییەوە ئاڕاستەکراون، هێڵێکی جیاکەرەوەی ڕوون لە نێوان ئیدیۆلۆژی و فەلسەفەی سیاسی دەکێشن. سەرچاوەی سەرەکی سەرلێشێوان و بەهەڵە تێگەیشتنی هزری سیاسی لە تێگەیشتنی فەلسەفەی سیاسی وەک بەشدار لە هەردوو هەڵسەنگاندن و بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆی هزری سیاسییەوە سەرچاوەدەگرێ. بۆیە فەلسەفەی سیاسی گەرەکە نەساز و ناکۆک بێت لەگەڵ، یەکەم، بەئیدیۆلۆژیکردنی ڕەهەندی بەرهەمهێنانی هزری سیاسی، دووەم، شرۆڤەکردنی ئیدیۆلۆژی لەسەر بنەمای ڕەهەندی ڕاڤەیەکی هەڵسەنگێنەر و پەرچێنەر بۆ سروشتی هزری سیاسی (١٢).

فەلسەفەی سیاسی و ئیدیۆلۆژی لە ڕووی مێتۆد و کاتیگۆریشەوە جیاوازن. فەلسەفەی سیاسی پەرچاندن و خۆ_ڕەخنەیی بەردەوام لەخۆ دەگرێت. هەروەها فەیلەسوفانی سیاسی لەنێو هزرەکانیاندا پتر جەخت لەسەر توخمە هۆشەکی و لۆژیکییەکان دەکەنەوە. ئەوان هۆشەکێتی بۆ باوەڕە سیاسییەکان بەکاردێنن، تاکو لەسەر بنەمای هۆکارگەلی باش و ڕەوایەتی پێدراو بناغەبڕێژرێن. هۆشەکێتی پێچەوانەی هەردوو سۆزەکێتی و ناهۆشەکێتییە. ئیدیۆلۆژی بەڕێی ورووژاندنی هەستەکی و سۆزەکییەوە یارمەتی دەدرێت. ناهۆشەکێتی و نائاوەزمەندێتی پەیوەست بە ئیدیۆلۆژییە ئاپۆرەیی و حەشاماتییەکانەوە سەرهەڵدەدەن، کە بۆ پاڵهێزە سۆزەکی و هۆشەکییەکان کراوەن؛ بۆیە گەرەکە ئایدیاکان نەخشەی کۆمەڵایەتی و بڕیاری سیاسی بە زمانێکی گەیەنراو و شیاوی تێگەیشتن بۆ هۆشمەندەکان، ئاپۆرە و هزرڤانە پڕۆفێشناڵەکان بگوازنەوە. ئەم ئاوێتە و تێکەڵەیەی هۆش و سۆز لە لای فەیلەسوفان نەشیاوی قبوڵکردنە (١٣).

کرانستۆن جیاوازی دەکات لە نێوان فەلسەفە بە واتا ئەکادیمییەکەی، کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی سیستەماتیکی سەبارەت بە ئێتیک، مێتافیزیک، لۆگیک، … هتد لەگەڵ فەلسەفە بە واتا گشتی و میللییەکەی وەک ڕوانگەی پەرچێندراوی ژیان. لە ڕوانگەی کرانستۆن، ئیدیۆلۆژی بەگشتی لەگەڵ فەلسەفە بە واتا میللی و گشتییەکەی تێکەڵدەکرێ، نەک فەلسەفە بە واتا ئەکادیمییەکەی (14).

 

دەرەنجام

ئەم توێژینەوەیە سەرەتا هەوڵی دا ئیدیۆلۆژی پێناسە بکات. پاشان تایبەتمەندی، مۆرک و ئەدگارەکانی ئیدیۆلۆژی ڕوونکرانەوە. ئەوجا شرۆڤەی کارایییەکانی ئیدیۆلۆژی کرد. لە کۆتاییدا، ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی بە پەیوەندی نێوان ئیدیۆلۆژی و فەلسەفەی سیاسی دا، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ئەم دووانەدا بکرێ و تێکەڵ بە یەکدی نەکرێن. بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لەوەی کە فەلسەفەی سیاسی بەئیدیۆلۆژی بکرێت.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان

 

(1)Christenson. Reo M  et al (1972) Ideologies and modern politics. Nelson. Nelson’s University Paperbacks.

(2) Hamilton. Malcolm B (1987) The elements of the concept of Ideology. Political studies,Vol. 35. No. 1, pp 18 – 38.

(3) Freeden. Michael (2003) Ideology: a very short introduction.Oxford: Oxford university press.

(4) Christenson. Reo M  et al (1972) Ideologies and modern politics. Nelson. Nelson’s University Paperbacks.

(5) هەمان سەرچاوەی پێشوو

(6) هەمان سەرچاوەی پێشوو

(7)Freeden. Michael (1996)ideologies and political theory: a conceptual approach.Oxford: Oxford university press.

(8) Christenson. Reo M  et al (1972) Ideologies and modern politics. Nelson. Nelson’s University Paperbacks.

(9) هەمان سەرچاوەی پێشوو

(10)هەمان سەرچاوەی پێشوو

(11)Hamilton. Malcolm B (1987) The elements of the concept of Ideology. Political studies, Vol. 35. No. 1, pp 18 – 38.

(12) Freeden. Michael (1996)ideologies and political theory: a conceptual approach.Oxford: Oxford university press.

(13) هەمان سەرچاوەی پێشوو

(14)Cranston. Maurice (1979) That is an ideology? Revue européenne des sciences sociales, T. 17, No. 46, L’ubiquité de L’idéologie:Hommage à Raymond Polin (1979), pp. 59-63Published by: Librairie DrozStable.