ژان لیۆن ژیرۆمی : دیۆگینی سینۆپی و له‌ناو ماڵه‌ كوپه‌ڵه‌كه‌یدا - تابلۆ زه‌یتی١٨٦٠ Philosophie als radikale هLebensform: Diogenes in der Tonne – Gemälde von Jean-Léon Gérôme (1860)

لەبارەی  سینیزم و کینیزمەوە


Loading

 پەیوەندی ئەم دووانەبەیەکترەوە چییە، چۆن لەیەکێکیانەوە دەچین بۆ ئەوەی تریان؟ نزیکەی دەیەیەک دەبێت ئێمە   ئەم دوو چەمکەمان هێناوەتە نێو کایەی ڕۆشنبیری کوردییەوە، ئەگەرچی دیاردەکە دێرینترە و پەیوەندی بە لەدایکبوونی دەسەڵات و ڕەخنەی کوردییەوە هەیە، بەڵام سەرباری بەشدارییەکانی  ئیسماعیل حەمە ئەمین و منیش بۆ تیشک خستنە سەر ئەم دوو دەستەواژەیە و دۆزینەوەیان لەنێو بوارەکانی سیاسەت و ڕوناکبیری و کایە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، کەچی هێشتاکە هەردوو ئەم چەمکە زۆر بەتەمومژاوی ماونەتەوە و لەلایەن خوێنەرانێکی زۆرەوە  داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەو دوو چەمکەمان لێ دەکرێت. لێرەدا هەوڵدەدەم  بەشێوەیەکی کۆپلەئامێزیی، لەڕێی ڕاڤەکانی سلۆتەردایکەوە، هەندێک تیشک بخەمە سەر جیاوازییەکانی نێوان سینیزم و کینیزم.

لە وتارەکانی پێشووماندا مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکەمان گەڕاندەوە بۆلای فیلۆسۆفی گریکی (دیۆگینسی سینۆپی) کە لەسەردەمی  پلاتۆندا لە ئەتینا دەژیا و ژیانی خۆی بە شێوازێکی خاکەڕایی و هیپییانە لەناو کوپەیەکی گەورەدا بەسەر دەبرد و بەردەوام ڕەخنەی لەڕای گشتی دەگرت. لەو ڕۆژگارەدا فیکری ئایدیایی و سیستەمخوازییانەی پلاتۆن و بەمیلیتێرکردنی ژیانی شارستانی لە برەودا بوو. کتومت وەکو ئێستای دۆخی کوردستان و ئێراق کە تێکڕای کۆمەڵگا لەمۆبیلەزەکردنێکی سەربازییانەدا دەژی.  دیۆگینس، وەک ڕەخنەگرێکی دڕ، بووە فیگورێکی ناڕازی و بەگژ هەموو  دابونەریت و سیستەمێکدا چووەوە، ئەو نەچووە ژێر ڕکێڤی دەسەڵات و سیستەمەوە.  لێرەوە نازناوی (کیۆنیان)  پێدا، (کیۆن )  بە گریکی واتە؛  سەگ، کینیزم واتە سەگایەتی، چونکە ئەو بەردەوام بە خەڵکی و بەدیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەوەڕی و ڕەخنەی دەگرت.

ئیتر ناڕەزایەتییەکانی (دیۆگینی سینۆپی)   شەقڵێکی دزێوانەی وەرگرت و وەکو فیگورێکی قێزەون و ناجۆر دەرکەوت و ڕەفتاری دژەباوی لەهەموو شوێنکاتێکدا دەنواند. لێرەوە ناڕازایەتی تاکە کەس وەک هەڵوێستێکی وجودییانە بەرانبەر بە دەسەڵات و بە کۆمەڵگا سەرهەڵدەدات. جارێک ئەلێکساندەری مەزن دەچێتە لای دیۆگینس کە لەبەر خۆردا پاڵ کەوتووە، پێی دەڵێت دیۆگینس چ داوایەکتان هەیە بۆتان بێنمە دی؟ دیۆگینس پێی دەڵێت: بەس بەری خۆرم لێ بەردە. بەدوایدا ئەلێکساندەر دەڕوات و بە یاوەرەکانی دەڵێت: ئەگەر ئەلێکساندەر نەبوومایە، حەزم دەکرد دیۆگینس بوومایە.

دیۆگینی سنیۆپی به‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ؛ لاچۆ ، تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت .

 

ئالێرەداهەمووگاڵتەجاڕی و  سینیزمی دەسەڵاتداران دەردەکەوێت، ئەلێکساندەر سەرسامی خاکەڕایی و سادەیی شێوەژیانی دیۆگینسە، دەزانێت ئەم شێوەژیانە ئاسوودەمەندانەترە، کەچی خۆی ناگۆڕێت بۆئەو. گاڵتەجاڕی ئەوەیە شتێک بزانیت ڕاستە کەچی هەڵینەبژێریت، شتێک بزانیت هەڵەیە کەچی بەردەوام بیت لەسەری. سلۆتەردایک لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا : ڕەخنەی ئەقلی سینیزم. (ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی) ئەم جۆرە هۆشیارییە سینیزمە وەکو : هۆشیارییەکی ڕۆشنگەری ساختە پێناس دەکات. واتە هۆشیارییەکە ڕۆشنمان دەکاتەوە بەڵام بە درۆ.  سینیزم ئەو جۆرە هۆشیارییە ڕەخنەییە کاتییەیە کە تا ئەو جێگایە ڕەخنە دەگرێت کە داواکانی دێننە دی، ئەو سەگەیە تا ئەوکاتە دەوەڕێت کە پارچە ئێسقانەکەی پێ نییە، هەرکاتێک مەرامی هاتە دی، ئیتر خامۆش دەبێت.

 سینیزم ڕەخنەیە بەڵام سەنگەری خۆی دەگۆڕێت، ئەو بۆ هەمیشە وەک ڕەخنە نامێنێتەوە، بەڵکو لەساتەوەختێکدا لەڕەخنە دەکەوێت، لە پێچێکدا لە وەڕین دەکەوێت، چیتر ئەو دزێو نییە. سینیزم ڕەخنەیەکە، خولیایی ئەو دەسەڵاتە. سینیزم هۆشیارییەکە ئازاری دەسەڵات نادات.  ئەو زانینێکە بۆ ئەوە دەژی بگاتە دەسەڵات.

ئەقلی سینیزم بەربڵاوترین جۆری هۆشیاری کۆمەڵایەتییە لە دنیای ئێمەدا. هەموو ئەو ناڕازایەتی و ڕەخنانەی لەدەسەڵات هەن شوناسێکی سینیزمانەیان هەیە، ناڕەزایەتییەکان تا ئەوێ بڕ دەکەن کە مووچەکانیان وەردەگرن. جۆرە هۆشیارییەکی وا بەربڵاوکە هەژموونێکی کۆنکرێتی هەیە لەنێو ژیانی کولتوری و سیاسی کوردیدا  جگە لەوەی تا ئێستا دیاگنۆزە  نەکراوە، نەشتوانراوە جۆرە هۆشیارییەکی ڕەخنەیی بکرێتەوە بەگژیدا.. ئەوەی بەرەنگاری سینیزم دەبێتەوە  نەدەسەڵاتی خێلە لای پارتی ونە ئەخلاقێکی دینییە لای ئیسلامیزم، کە کۆمەڵگا و تاکەکان لە نەستیاندا گوتاری خێڵایەتی و دینی و غەیبانیەت سترەکتوری بنچینەییە، وە نە بیری چەپ و سۆسیال دیموکراتییە لای یەکێتی و حیزبی چەپی کلاسیکی، کەڕۆشنبیرانمان لەوپەڕی ڕۆشنگەربوونی خۆیاندا ئەو جەمسەرگیرییە دەکەن،  چونکە تا ئێستا هەردوو ئەم جەمسەرە هەر لەخۆشیاندا سینیزمیان بەرهەمهێناوەتەوە. ئەوەی ئەم دوو هۆشیارییە تا ئێستا کردوویانە هەڵگێڕانەوەی پارەکەیە بۆ دیوەکەی تری، بەڵام بەوەیان نەزانیوە هەڵگێڕانەوەی پارەکە نرخی پارەکە هیچ ناگۆڕێت. وەک سلۆتەردایک دەڵێت:

(( ئەگەر یەکەمیان ماتەریالیزمی چەوساوەکان بێت و دووەمیان ئایدیالیزمی باڵادەستەکان بێت،  ئەوا سێهەمیان هەر لە بنەەماوە دەبێتەوە بە یەکەمیان، بەڵام بەخراپی. ل ٦٨٣)). واتە ئەم دیالێکتیکە هەر درۆ و چەواشەکارییە، دەبێت دیالەکتیکی نێگەتیڤ لەمانا ئەدۆرنۆییەکەیدا دابهێنرێت.

 بۆیە ئەو هۆشیارییەی کە بتوانێت بەرەنگاری سینیزم بێتەوە، بریتییە لە کینیزم. کینیزم ڕەخنەیەکە سەنگەری خۆی بۆ دەسەڵات ناگوێزیتەوە، ئەو بەشداری دەسەڵات ناکات، لەبەرئەوە دواجار گەندەڵاوی نابێت. کینیزم ئازادت دەکات، ڕوناکبیری ئازاد بەرهەم دەهێنێت، بەڵام سینیزم فشار و هەژموون دروست دەکات. کینیزم هەر بە دزێوی دەتهێڵێتەوە، ناڕازی بەرانبەر بە شتەباوەکان، بەڵام دزێوکاری و بەدکاریت فێر ناکات. کینیزم ڕەخنەدۆستە، بەڵام گازناگرێت، ئارام و هێورە، بەڵام تەوەزەل نییە. ئەو چەماوەتەوە بەڵام نەشکاوە. کەسی کینیکار تاوانکار نییە، تێکدەریش نییە، بەڵکو ئەو بەوە ئازاری دەسەڵات و سیستەم دەدات کاتێک نرخی بەها باوەکان دەگۆڕێت. یەکەمین هەنگاوی کینیزم بریتییە لە خودناسین. ئەمەش ڕێگایەیەکە بۆ پەسەندکاری و ڕەندکاری/فەزیلەت.  کینیکار ئەو مرۆڤە نوێیەیە کە سەردەمی نوێ دروست دەکات.  خزمایەتییەکی زۆر هەیە لە نێوان سینیزم و کینیزم داتا ئەو ئاستەی هەردووکیان وەک یەک ڕەخنە دەگرن، بەڵام دواتر سینیککار دەیەویت دەسەڵات بگرێتە دەست و سەنگەر دەگۆڕێت، بەڵام کینیکار نا. سلۆتەردایک پیناسیه‌کی ووردی سینیزم دەکات بەوەی: بریتییە لە زانینێکی ئۆبیەکتیڤی بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئۆبیەکتێکەکان.( ڕەخنەی ئەقلی سینیزم ل٥٤٦. ).

پیته‌ر سلۆته‌ردایك

لە ئێستادا سەرهەڵدانی ڕەخنە لە ئەقلی سینیزم پیداویستیتیرین جۆری هۆشیاری ڕەخنەییە لە دنیای کوردیدا کە گەرەکە دروست بێت. ڕەخنەیەکی لەم جۆرەش دەبێتە ئەو بەرەنگاربوونەوە هۆشەکی و ڕەوشتەکییەی پێیدەگووترێت: کینیزم. کینیزم تووڕەبوونە لە سینیزم بەوەی سەنگەری خۆی گۆڕیوە، ڕەخنەیەلێی بەوەی بەدرۆ ڕەخنە مەشق دەکات. کینیزم فەلسەفەی ژیانە لەکاتی قەیراندا.  کینیزم بریتییە لە دواهەناسەی ڕەخنە کە نامرێت و سەرلەنوێ لەوێوە دەست دەکاتەوە بەڕەخنە.. وەک برێشت دەڵێت: بەدوا هەناسەت، دەتوانیت سەرلەنوی دەست پی بکەیتەوە.  کینیزم لەخۆیدا دەبێتە ئەو پاڵهێزەی تین و جۆشمان لەژیانەوە پێ دەبەخشێت نەک لە تیۆری و ئایدیۆلۆژیاکانەوە. ئێمە دەبێت ژیان لە تارمایی تیۆرییەکان ڕزگار بکەین و کۆمەکی مرۆڤ بکەین لە خۆدروستکردنەوەیدا.

کینیزم لەدژی ئایدیالیزم تەنیا قسە ناکات، بەڵکو لەدژیشی دەژی.(( سلۆتەردایک ل ٢٠٨)). کینیزم شێوە ژیانێکی وجودییانە. کینیزم ئەوەیە بەرجەستەی باوەڕەکانت بکەیت، زانین و بیرۆکەکانت بە ڕەفتارەکانتەوە دیار بن، بەڵام سینیزم دووکەرتکردنی هۆشە، شیزۆفرینیایەکە شتێک دەڵێت و پێچەوانەکەی دەکات. کەسی سینیککار: باوەڕ بە خەڵک دەهێنێت، کەچی خۆی هیچ باوەڕ ناهێنێت.  سلۆتەردایک لەنێوان بەرجەستەکردن و دووکەرتبووندا خاڵی گرنگ دەدۆزیتەوە، وەک لە ل ٢٣٧ دا دەڵێت:

((شتەکە بۆئەوەیە، یاخود ئەوەتا  وا بکرێت دادڕاوەکان جارێکیتر پیکەوە بلکێنرێنەوە، وەیان ئەوەتا دووکەرتبووەکان ڕادەستی پرۆسێسێکی دووکەرتەیی و شیزۆفرینی بکرێنەوە. واتە یان ئینتیگراسیۆن یاخود شیزۆفرینیا.یان ژیان هەڵبژێرن یان ئاهەنگی خۆکوشتن بگێڕن.  سلۆتەردایک دووجۆر دووکەرتبوون دەستنیشان دەکات: دووکەرتبوونی مەعریفە و ڕەفتار، وە دووکەرتبوونی تاک لەگەڵ خەڵک دا.))

 

ئۆپۆزیسیۆن، بریتییە لەو دەسەڵاتەی سەنگەری خۆی گۆڕیوە، بۆ ئەمەش بیانووی ئایدیۆلۆژی خۆی هەیە.  ئۆپۆزیسیۆن ئەوە نییە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵکو ئەوە دەسەڵات لەناو خۆیدا بپوکێنێتەوە.  ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەلەدایک نەبووە دەسەڵات بگرێتە دەست، چونکە بەمە گەندەڵاوی دەبێت، بەڵکو بۆئەوە هەیە هەمیشە نەیار بمێنێتەوە.

لە نێو جیهانی ژیانی کوردیدا غیابێکی سامناکی ئەو تێڕوانینە وجودییانە بۆ ژیان بۆتە مایەی لەئارادابوونێکی زەبەنی تیۆرییە دەستکرد و نامۆکان، کە بەهیچ جۆرێک نەک هەر مرۆڤی جیهانی کوردی ڕزگار ناکەن، بەڵکو هانیدەدەن  بۆ بەپەلە بەشداریکردن لەئاهەنگی خۆکوشتندا. لێرەوەیە گوتاری شیزۆفرینیا لە دنیای کوردیدا زۆر کاراترە لە گوتاری ئنتیگراسیۆن.

گاڵتەجاڕییەکەش لەوەدایە ڕەخنەی ئەقلانی لای ڕوناکبیری کورد هەر بەئامرازی نائەقلانی و لە سوبیەکتێکی نائەقلانییەوە لەدایک دەبێت، لێرەوەیە خودی ئەم ڕەخنەیەش لەوەی پێشخۆی کارەساتاویتر دەردەچێت.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین