شێوەکاران لەئێوە زیاتر شانازی بەگەلەری سەردەمەوە دەکەن!

Loading

وەڵامی بەرێزان دەستەی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم مایەی نیگەرانیە بۆ شێوەکاران

دوای ئەوەی بەرێزان ئەندامانی دەستەی بەرێز لەسەر مەسەلەی داخستنی گەلەری سەردەم هاتنە قسە و قسەکانیان لەم چەند خاڵەدا کۆکردەوە دەربارەی گەلەری سەردەم؛

١/گەلەری داناخرێت و دەکرێتە کتێب خانەو کتێب فرۆش و کافتریاو پێشانگەشی تیادەکرێتەوە .
٢/باسیان لەوەکرد کە گەلەری تەنها یەکەم رؤژی چالاکەو دواتر کەس سەردانی ناکات و سستە
٣/ ئەودەزگایە تایبەتە بە جاپ وبڵاوکردنەوە
٤/ کێشەی دارایان هەیە

لێرەوە لەوەڵامی ئەو بەرێزانە کە باس لە ئەرگۆمێنت و پلانی داهاتویان دەکەن سەبارەت بەگەلەری بەڕوونی ئەوەی پێوە دیارە کە هونەری شێوەکاری وەک بەشێکی پەراوێزو ناگرنگ دەبینن، ئەگەر نا لە ڕووبەرێکی وەها بچوکدا چۆن دەکرێت لە یەک کاتدا کتێبخانەو کتێب فرۆش و کافتریاو پێشانگایی تیابکرێتەوە؟

گەلەری تایبەتمەندی خۆی هەیە پێویستی بەڕووبەرو مسافەی گونجاو هەیە بۆ بینین، جگەلەوەی لەهەموو دونیا کاتێک لە مۆزەخانە گەورەکان و گەلەریەکان کافتیریا دروستدەکرێت دەبێتە خزمەت بۆگەلەریەکە، نەک بەپێجەوانەوە،  ،بەمانای ڕووبەرێکی تری لەدەرەوەی هۆڵی بۆ تەرخان دەکرێت!
لەگەڵ ئەوەی ئەو شوێنەی گەلەری سەردەمی تیا دروستکراوە لەڕووی بیناوە پراوپر بەمەرجی گەلەری نییە لەگەڵ ئەوەشدا تایبەتمەندی و گرنگی خۆی بەمەرجەکانی پارێزگاریکردن لە تایبەتمەندی هۆڵ پاراستووە و تەنانەت حساباتێکی ووردی بۆ هەڵواسینی کارەکان کردووە، کە لەپێشانگای شێوەکاری وەک کاری دەرهێنان ئاماژەی پێدەکرێت. ئەوەی گەلەری سەردەم لە هۆڵەکانی تری ئەم شارە جیادەکاتەوە ئەو ووردەکاری و تایبەتمەندییەیە کەبەداخەواە برایانی دەستەی ئەنجوومەن ناڕوونیەکیان هەیە لەبارەیەوە، بۆیە هەست بەگرنگیەکەی ناکەن وەک شوێنێکی تایبەت.

لەوەڵامەکەیان وادەردەکەوێت کە ئەوانیش دیواریان هێشتۆتەوە بۆ هەڵواسینی تابلۆ،  وئەمە مایەی نیگەرانیە  ڕۆشنبیرانمان بەو شێوە سادەیە بروانە پێشانگا . جگەلەوە لەشاری سلێمانیدا چەند جۆرێک لە هۆڵ و قاوەخانەو کتێب فرۆش لەسەر ئەومۆدێلەی کە ئەوان لەسەرەوە باسی دەکەن هەیە. بەرێزان جوانی ئەم گەلەریە لەوەدایە خۆی مۆدێلێکە  پێویستە نمونەی زیادبکرێت، دەبێت دەزگای سەردەم شانازی بەو خاسیەتەی گەلەریەوە بکات، نەک مۆدێلی بگۆڕێتە سەر ئەو مۆدێلانەت تر کە بوونیان هەیە! تایبەتمەندی و ناسنامەی گەلەری سەردەم شوێنی شانازیە بۆ تەواوی دەزگای سەردەم نەک بەپێچەوانەوە.

لیفلێتی پێشانگایەکی ئاڤان سدیق لەگەلەری سەردەم
لیفلێتی پێشانگایەکی ئاڤان سدیق لەگەلەری سەردەم

لە خاڵی دووهەمدا کەباس لەوە دەکەن کە گەلەری تەنها یەکەم ڕۆژی جالاکە  و دوای پێشانگاکان سست دەبێت. من پرسیاردەکەم ئەو بەرێزانە خۆیان چەند جار سەردانی پێشانگاکانیان کردوە ؟ ئایا ئاگاداری ئەوەهەن جەند کەس بەفعلی سەردانی پێشانگەکان دەکەن ؟بەداتا لایانە کە چەندکەس سەردانی گەلەری دەکەن؟

تەنها ئەم گەلەریە لەم شارە  ئەو خاسیەتیەی هەتە کەماوەی پێشانگاکانی یەک مانگ دەخایەنێت و ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشی بۆ بینەرەکانی ڕەخساندوە  لەڕووی کاتەوە . ئاگاداری ئەوەهەن چەندین مامۆستای دڵسۆزی کۆلێژی هونەرو پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە واری پراکتیک قوتابیەکانیان دەهێنە هۆڵ و قسەو باسی لە بارەوە دەکەن؟  ئەگەر رێژەکە بە پێی پێویستیش نەبێت . خۆ هەولێکی گرنگە.  ئایا بەرێزان ئاگاداری کە تەنها گەلەریە دوای پێشەنگاکان کۆڕی رەخنەی لەسەر پێشانگاکان دەکات و دەرگا بۆ گفتوگۆی جیدی واڵادەکات لە بوارە شێوەکاری کە بەگشتی گفتوگۆ لەو بارەوە لە هەرێم زۆرکەمە .

ئایا ئێوەی بەرێز زانیارێتان لەسەر ئەوە هەیە کەلە هەموو دونیا گەلەرییەکان بە پێی تایبەتمەندی خۆیان بینەریان هەیە؟ جگەلەوەی لە ئەکتیڤیتیەکانی گەلەری هەفتانە نمایشی فیلمی تازە بووە، ئایا ئێوە ستراتیجێکی دیاری کراوتان هەیە کە کار بۆ ڕاکێشانی جینێکی تایبەت بکات لە بینەران ؟

ئێوە باس لەوەدەکەن یان ئیرگۆمێنتان ئەوەیە کە دەزگاکەتان تایبەتە بە کاری چاپ و بڵاو کردنەوە . تا ئێرە زۆر ڕاستەو جێگەی ناکۆکی نییە و جێگەتان دیارە. بیڵام ئایا پرسیارتان لە خۆتان نەکرد بۆ شاعیری گەورە شێرکۆ بیکەس ئەو گەلەریەی دروستکرد و داکۆکی لەسەربەخۆی گەلەری دەکرد لە خۆبەرێوەبردن ؟ خۆ ئەوکاتیش هەر کاری دەزگا بۆ جاپ و بڵاوکراوە بوو ، بەرێزان کە ئێمەی شێوەکاران نائومێد بوین بریارەکەی بەرێزتان لەئاست چاوەروانی ئێمەی شێوەکاران نەبوو ئیمە بەپێجەوانەوە چاوەروانی هاو ئاهەنگی و کاری باشتر بین لە ئێوە تا ئیوەی نوسەران پاڵپشتی فعلی شێوەکاران بن ، نەک ئیوە خۆتان بێبەری بکەن بەوەی دەزگایی ئێوە کاری چاپ و بڵاو کردنەوەیە .

بۆ ئەو مەسەلەیەی کە باس لە کێشەی دارایی دەکەن و دەڵێن ئێوە لەقەیراندان.  لە ئێستا دا کە وڵات لەقەیرانی گەورەگەورەدا تێدەپەرێت، بەرپرسیارێتەی مێژووی لە ئەستۆی هەمووماندایە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی قەیرانەکان نەک تەسلیم بوون وچۆکدادان و نزمکردنەوەی ئاست و کوالیتیە بکەن. ئەرکی ڕۆشنبیرانە بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ بارو دۆخەکەبکەن . وەک لای زۆربەمان ڕوونە دەزگایی سەردەم تەواوی بینای دەزگایی لە بەردەستدایە تا بتوانێت لایەنی دارای خۆی پێببوژێنێتەوە، و تەنها پێویستی بە پیلان وسراتیجی زیرەکانە هەیە، نە ک ئاسانترین چارەسەر کە هەلێبژێرێت ئەوەبێت گەلەری بکاتە شوێنێکی تر .

قسە لەسەر ئەوەنیە دەکرێتە چی،  قسە لەسەر ئەوەیە دەزگا گەلەریەکی باشی هەیە لەڕووی کوالێتیەوە چۆن دەتوانێت دەستبەرداری ئەو مێژوە جوانەبێت کە (شێرکۆ بێکەس) بە هاوکاری شێوەکاران دروستیان کردوە ؟ بۆ ئەو کتێبخانەیەو کتێب فرۆشیە لە بەشێکی تری دەزگاکەتان ناکەن تادەزگا زۆرترین چالاکی هەبێت ؟ گۆڕینی ناسنامەی گەلەری ئیتر ئەو شوێنە هەر ناسنامەیەکی تری هەبێت گرنگ نییە ئەوەی مایەی نیگەرانیە کە گەلەری سەردەم نەبێت.

بەرێزان ئەوەی من لە وەڵامەکەی ئێوە تێگەشتم و زۆر ئازاریدام کە ئێوەی نوسەری دیارو بەرێز هونەری شێوەکاری بەکارێکی لاوەکی و نا گرنگ نازانن و وەک پاشکۆیەک سەیری دەکەن، کە ئیتر دیوار وبزمار هەبێت شێوەکاران دەتوانن پێشەنگا بکەنەوە ، وەک ئەو نمونانەی لە هۆڵەکانی تر کەلەم شارەدابوونیان هەیە. لەوەڵامەکەتان دیارە هەستان بە بەهای گەلەریەکە نەکردوە ، بۆیە وەها بە ئاسانی دەتانەوێت ناسنامەی بگۆڕن.  ئیمەی شێوەکارانیش بەئەرکی خۆمانی دەزانین داکۆکی لە شوێنێک بکەین کە لە ڕابوردوودا تەنها تروسکایەک بووە بۆ نمایشی کاری جدی، سەیرەکە لەوەدایە ئێمە زیاتر لە ئێوە شانازی بە شوێنێکەوە دەکەین، کە دەزگا خۆی لەڕابردوودا دروستیکردووە .و هەوڵی مانەوەو پاراستنی دەدەین. کەدەبوایە پاراستنی گەلەری لە ئەستۆی ئێوەی ئەندامانی دەستەی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم دابوایە و ئێوە ی نوسەرو ڕۆشنبیر پاڵپشت و هاوکاری شێوەکاران بوونایە .

لەگەڵ ڕێزماندا

کولتور مەگەزین: کولتور مەگەزین  ئەم دیالۆگە لەچوارچێوەی دیالۆگێک لەسەر هونەر و ئەدەب و دامەزراوەکانی تەماشا دەکات و بەختەوەرین کەهەردوولایەن لەسەر ئەم ڕووبەڕە بیروڕاکان دەگۆڕنەوە. سوپاسی هونەرمەندان و دەزگای سەردەم دەکەین.