ئاواتەکانی دیکنز

 ھۆزار ئەحمەد – چیرۆك

,Günter Grass Der Butt , 1977
276
سكێچی چارلس دیكنزی ڕۆماننوسی ئینگلیزی ١٨١٢- ١٨٧٠   له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند جۆرج كوریشكه‌ن – ١٨٣٧- چالس له‌ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵید١
Sketches of Charles Dickens (aged 25), drawn in April 1837 by George Cruikshank.

سەرت لە گێژەوە دەھات، دەنگی مەکینە و ھۆڕنی سەیارەکان و دەنگی جریوەی چۆلەکە و دەنگی مۆلیدە و خەڵک و ھەموو شتێکی نێو بۆشایی، وەک دنیایەکی شێواو و تێکەڵ و پێکەڵ بە دەوری سەرتدا دەسوڕا، گوێت پڕ ببوو لە دەنگ…

 

 

لێرە مردوویت، ھەمووی بەلاتدا تێدەپەڕن، مایەی سەراسیمە نیت و کاتەکانت زۆر ھێواش دەڕوا، دەتەوێ ھەڵسیت و سەیری جەستەت بکەیت ناتوانێت، ھیچ کوێیەکی خۆت نابینیت، مەگەر ئەوەی  لێت بڕوانێت. ناتوانیت ھاوار بکەیت و ھەناسە بدەیت، تەنیا دەبینیت و دەبیستیت. بەسەرتدا تێدەپەڕێت و دەگەڕێتەوە، بینینت پڕ دەبێت لە شادی ئەو ورد دەبێتەوە لێت بەسانایی ھەڵتدەگرێت، تەوێڵی چینێکی تەنکی خۆڵەمێش دایپۆشیوە، دەستەکانی زبر و وشک، بەسەرتدا دێنێت و ھەڵگێڕ و وەرگێڕت دەکا، ئەمجار بەووردی سەیرت دەکا و لەبەر خۆیەوە دەڵێت ؛-“ئاواتە مەزنەکانی دیکنز”

 

لە دەرەوەی ماڵەکەت، تاریکایی چەشنی دیوارێک بە ئاسمانەوە گیر بوو بوو، نمە بارانێک لەنێو تاریکاییەکە وەک پەمۆ دادەکەوت، لەودیووی پەنجەرە و پەردە ھەڵدراوەکە، ھیچ شنەبایەکە بۆ ڕامانەکەت نەدەھات، خۆت ڕووتکردەوە، قاچەکانت درێژ کردبوو، ڕووخسارت وەک چەند جارەبوو، چاوەکانت و گوێکانیشت ھەڵخستبوو بۆ تیڤیه‌كه‌… بێژەر فەرموون لەگەڵ کورتەی ھەواڵەکان:-

تەقینەوەیەک لە پارێزگای کەرکوک ڕوویدا سێ کەس شەھید بوون و پێنج کەسیش برینداربوون …

تەقینەوەیەکی تر لە پارێزگای دیالە ڕوویدا، شەش کەس کوژران و دەکەسی تر بریندر بوون…

زیاتر لە سی ھەزار گەنجی بێکار ھەن، کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن…

شەوی ڕابردوو شاجوانی ساڵ ھەڵبژێردرا!

بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر، کە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا بەھۆی شۆرتی کارەباوە گڕی گرت، گووتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند:- پێویستە زیانمەندان بە گرێبەست قەرەبوو بکرێنەوه‌…

ئەمڕۆ وتەبێژی حوکمەتی ھەرێم ڕاگەیاند بە جیدی بیر لە کارەبای ٢٤ سەعاتی دەک….ه‌…

کارەبا دەبڕێت، لەنێو تاریکایی دەنگی نەرمە باران، یاغر یاغر دێتە گوێت، لەبەر خۆتەوە بڵمەیەک دەکەیت، بیرت نەماوە چیت گووت، یا بۆت گرنگ نەبوو چی بڵێیت.

ڕادیۆکه‌ دێته‌ به‌ر گوێت؛

ئیزگەی یەکەم:- بڕۆن بڕۆن ئێوە دۆڕان… بڕۆ بنو لەسەر سینگی برادەر…

ئیزگەی دووەم:-

بگەڕێوە بۆ کوێ دەڕۆییت، لەکوێ ھەوارت ھەڵدەدەیت…

ئیزگەی سێیەم:-

ئەی جەماوەری بەشەڕەف، ھەونیشتیمانیان لەپێناو ئاسایش و ھێمنی، دەنگ بدەن بە لیستی نیشتیمانی…

ڕێژنەی دەنگەلێک، بەسەدای قڕەقڕ، ھەتڕەشی لێت برد، لێ ھەر زوو ھۆشت نەما و ھەناسەیەکی قووڵ لە سینەتی بەتاڵ کردوو، بیرتھاتەوە لە گەڕەکەکەی خۆت دەژیت، تاوێک ویستت ھەڵسیت و بچیتە بەر دەرگا و بزانیت بریسکە و دووکەڵی دەنگەکە لە ئاسمانە یاخود زەوی، دواتر لەبەر خۆتەوە شتێکت ووت و ھەڵسایت و جلەکانت پۆشی و سەیری پەنجەرەکەت کرد، دانیشتیتەوە.

ئیزگەی چوارەم:- ئەو کاتەتان باش و سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە من کاندیدی ژمارە یەکم، لەسەر لیستی عەدالەت، ناوم یاسایە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم ھەیە لە یاسا و ماستەر لە مافەکانی مرۆڤ و دکتۆرا لەھەمان بەش، چەندین ۆرکشۆپم ئەنجامداون، چەندین وەڵات گەڕاوم بۆ لێکۆڵینەوە لە سروشتی دادگاکانیان و مافی مرۆڤ لە وڵاتەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە پازدە کتێبم ھەن. جا بۆ ئەوەی ببن خاوەن مافی خۆتان، متمانەم پێ ببەخشن، ئەگەر دەتانەوێ دادگا ببێتە دادگای خەڵک، دەنگ لە ئێوە و خزمەت لە ئێمە، دەنگ بدەن بە لیستی برایەتی، دەنگەکانتان پارێزراون، جەماوەری بەشەڕەف و…

باران دادەکەوت و تۆش پاڵت دابوویەوە.

 

 

 

                                *              *             *

     تاوێک دەنگی باران کپ بوو، چاوەکانت بۆ پەنجەرەکە ھەڵبڕی، دەتگووت ھەر لێدانێکی دڵت دڵۆپێک بارانە بەر ئەرز دەکەوێت. ھیچ نەبزویت و ئەگەر ھەستەکانی ئەو کاتەت بیر بێت، کڵۆل دەبویتەوە لە قاوغی خۆت، لەپڕ لێک کشایتەوە، بە دەنگێک ڕاچڵەکایت، دەنگی ئەمجارە لە دەرگاوە ھات، بە نێو تاریکایی ماڵەکەتدا چوویت دەرگات کردەوە، کیلۆنی دەرگاکەت ڕاکێشا،

ئوتومبێڵێک لە خێزانی فۆرت، لەبەر دەرگا وەستاوە، یەک لە پۆلیسەکان دەڵێت؛  دەکرێ تا ئێرە بێیت…

چوویتە پێش، کەلەپچەیان کردیت و خستتیانە نێو ئوتومبێڵەکە.

پۆلیسێکیان؛ ھاھاھا بەخوا چاک فێڵمان لە قانون کرد…

پۆلیسی دووەم؛  ئەی چۆن ئەگەر نەھاتبایە دەرەوە نەماندەتوانی لە نێو ماڵەکەی قۆڵبەستی بکەین.. ھاھاھا…

-ۆلیسی سێیەم؛ من دڵنیام ئەو خەڵاتەی بەڕێوبەری پۆلیس سێ گەڵا دۆلارە دڵنیام…

ھەموو گیانت پرسیار بوو، دەشبووو بپرسیت؛ تکایە لێرە چ باسە؟  یەکێکتان پێم بڵێن بۆ دەستگیرتان کردووم، من چیم کردووە؟!

پۆلیسەکان بەیەکەوە؛ ھاھاھا…

پۆلیسی یەکەم؛ سەیری بکە ھێشتا دەڵێ چیم کردووە، دەزانی تا ئیستا چەند کەس بریندار بووە؟ چەند کەس کەوتوەتە نێو مەزرا؟ بێدەنگ بە، لە بنکە بەرگری لە خۆت بکە…

وای بۆ نەدەچویت، ئەو نەرمە بارانە ڕەنگی خۆی بخاته‌ بەر ھەر شتێکی ڕوو لە خۆی، چاوەکانت یەک ئاڕاستە لە جامی سەیارەکە بۆ دەرەوە دەیڕوانی، لە جامەکە زۆر شتت بینی ھەوڵت نەدەدا، چاوەکانت یا ملت بۆ ھەر شتێکی دیاریکراو بسوڕێنیت.  ھەمووی بەخێرایی ئوتومبێلەکە بە بەرچاوانت تێدەپەڕین، دێتەوە بیرت لە ترافیک لە نێو ئەو ھەموو شتەی ئەودیوو جامەکە تەنیا بە وردی سەیری  زەبری (با) ت دەکرد، کاتێک بەر بسکی کچە بنێشت فرۆشەکەی ترافیک و یا شەرواڵی پیرەپیاوەکەی سایدی ئەو بەری ڕادەژەند، ئەو لێتی دەڕوانی بەقووڵی سەیری چاوەکانی کردیت، زۆر کڵوڵ و غەمبار دیاربوو، ھەستت بەمە کرد ڕەنگە ھی پیری بێت یا حاڵی خۆت بێت،  سەرتدا بە جامەکە، بەھۆی ھەناسەکانت خوناو نەیھێشت چیتر ببینی.

 

ئێستا تۆ لە بنکەی پۆلیست:

پۆلیسی یەکەم؛ گەورەم ئەوە ھەمان ئەو کەسەیە، کە سەرە مەزراکانی ناوەندی ھەولێری دزیبوو…

لێکۆڵەر؛ دەتوانی بڕۆیت، ئەتۆش دانیشە….

– ناوت چییە؟

-ئومێد…

– دەخوێنیت؟

-خوێندنم تەواو کردووە.

– چی بەشێک؟

– بەشی یاسا…

– ئێ باشە دزەکەمان شارەزایی یاسایە، ئەی باوکت چ کارەیە؟

– پێشمەرگەبوو…

– پێشمەرگەی کێ بوو؟

– پێشمەرگەی ھی سنوورە.

-ڕەنگ دەڵێم  کەرە…

– گەورەم دەترسم…

-لەچی دەترسی؟

-لە قسەی ھەڵە…

– شەرم ناکەی باوکت پارێزگاری لە تۆ و نیشتمان کرد، ئەتۆش خەریکی دزی لە نیشتمان دەکەیت؟! سەرەمەزراکانت بۆ چی بوون؟

– وەکو ئاسن دەمفرۆشتنەوە.

– بە کیلۆ؟

– بەڵێ.

– کیلۆی بەچەندە؟

–  سه‌د دینار.

– بۆ مردوون لە برسان، سه‌د دینار چی پێدێت؟

– گەورەم بێکار و برسیم…

– قسەی قۆڕ ئەمڕۆ کەس لە برسان نەمردووە.

-ئەی بۆ کاری پارێزەری ناکەیت؟

-نازانم تاوانبار کێیە و تاوان چییە؟!

-فەلسەفەی حیز، دیارە دزیت پێ باشترە لە ناساندنی تاوانبار؟!

-ئاخر لە دزی دڵنیام…

– چیتر قسەی قۆڕ مەکە، بەھەرحاڵ ئێمە دەبێ ئەو فایلە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بنێرینە دادگا، لەبەرئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی سەرەمەزرا دزەکە، لەسەرووی دەسەڵاتی ئێمەوەیە.

Read More

دادگایی کرایت و بڕیاری گیرانت دەرچوو بە شەش مانگ، لە گرتووخانەی بەشی کەتنەکان.

 

                     *              *               *

  شەش مانگ زۆری کات بێداربوویت و پشتتکردبووە دیوارەکە، چاوت دەگێڕا بۆ شتێک ھەر شتێک، یا جاڵجالۆکەیەک، یا مارمێلکەیەک، ھەر شتێک وات لێبکات ئاگات لە چیرۆکەکانی نێو بەندینخانە نەمێنێت.

ئەو دەنوزایەوە، ھەمووان لەگانکەر و قوندەر و دز و موتەدەین دەوریان داوە، پێی دەڵێن چیرۆکێکمان بۆ زیاد بکە، تۆش دەتویست پەردەی گوێکانت، ھەڵپاچێنیت و چیتر گوێت لە ھیچ شتێک نەبێت…

“ چاویلکە خۆرەکەم  ھێنا خوارەوە، بە ڕۆژی ڕووناک لە ژێر سێبەری دارێک لە نێوەڕاستی شار، ھەڵمکێشا و دوکەڵەکم بۆ ئاسمان ڕادەشت… ھاھاھا… ھەمووان پێکەنین و تەنیا ئەو نەبێت.  ئەو لەگەڵ ئێمە لە چایخانەکە بوو ھەر بەڕاستی تێگەیشت من حەشیشەکێشم، بەر لەوەی من ڕوونکردنەوە بدەم جیھازی کردبوو، من ئیتر بەھۆی گێڕانەوەی خەونێک بۆ شەش مانگ زیندانی كرام. پێیان گووتم؛ پێش ئەوەی بخەوی بیربکەوە کە یاسا بۆھەمووانە…“

 

تۆ بینیت و  ئەوانیش پێکەنین، به‌ڵام تۆ  ھیچ ویستێکی پێکەنیت نەبوو، دڵت گوشرابوو ئەوکێت گیرابوو، تۆپەڵێک ئاگر دەیویست ھەناسەکانت بە گیربێنێت، دڵۆپێک فرمێسک بوو بە فریادڕەست و بە خێرایی سڕیتەوە. تۆ و ھەموو گیراوەکان بێدەنگن گوێتان بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕاخستبوو، وەک ئەوەی بەشێک بن لەھەستەکانی.  پاش ئەوەی ھەموو چیرۆکەکانت بیست، سەیری ڕووخساریانت کرد، بە دوای وشەی تاوان دەگەڕایت،

ئەو سیما شێنەییەی لە لاچەپت بوو بەھۆی لایکێکی فەیسبوک، ئەوی تریان دزینی چەند پاکەتێک تایت، سمێڵ سوورەکە بەھۆی گاینی کچە بەرپرسێک، گیرابوو… ته‌نانه‌ت پیاوە ورگنەکە ھۆی گیرانی ھاوارکردن و بۆکس پیاکێشانی بوو بە پزیشکێک،  ماتۆڕسوارەکە ئاژووتنی ماتۆڕسکێلەکەی بەخێراییەک بوو، یەکیان تەنیا بیانووی پێ گیرابوو، کە گوایە بۆتە ھۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی پێشمەرگەیەکی دێرین، کیر و گونی لەکامیراکە لەگەڵ ورگە زلەکەی پەخش ببوو.

 

 

                         *                *                *

ڕۆژێک دوای شەش مانگ ھاتیتە دەرەوە، کەسی لێ نەبوو، واش بیرت نەدەکردەوە کەسێک بێت بەدواتدا، چاوەکانت بۆ ھیچ لایەک نەگێڕا.

با لە دەلاقە شکاوەکە دێتە ژوورەوە، سوڕێک لێدەدا و زەبرەکەی بەر قاچەکانت دەکەوێت و لە ژێرەوەی دەرگاکە دەچێتە دەرەوە،  نیگا و ھزرت، مژوڵی سەر شاشەی موبایلەکەتە، ئەکاونتی فەیسبوکەکەت دەکەیتەوە. سەیری بڵاوکراوەکان دەکەیت….

یەکێکیان:  ژنێك کورژراوە، دوایی ئەوەی نەیویست لە دادگای بەرایی ھەولێر ئامادەبێت، تاوەکو ڕەزامەندی بدات کە ژنی دووەم بێتە ماڵەکەی.

 

دووەمیان: دوو بنەماڵە لە دامێنی یەک لە چیاکانی کوردستان لەسەر پارچەیەک زەوی بوو بە شەڕیان، شەش کەس لە ھەردوولایەن کوژراون. ئەمە ھەفتەی ڕابوردوو بوو، تاوەکو ئیستا پۆلیس ھیچ کام لە پازدە کەسی داوالێکراوی دەستگیر نەکردووە.

ئەوەیتریان: مەھزەلەی سیاسەت لێرەیە، سه‌دو شه‌ست ڕۆژ بەسەر ھەڵبژاردن تێپەڕیوە، تا ئێستا حوکمەت پێکنەھاتووە.

 

لیستی لێدوانەکان دەکەیتەوە، دوێنێ وێنەیەکت بڵاوکردبۆوە، تیایدا سەیری لێدوانەکان دەکەیت ؛

– خۆشبەخت بی، تەمەن درێژ بی، زۆر جوانە، ھەر سەرکەوتووبی، پڕ تەمەن بی….

زەنگت بۆ دێت و پێشنیاری چوونه‌ ده‌رێكت لە پێشە، بێئەوەی ھیچ ھەڵبژاردەیەکی دیکەت ھەبێت، بێ دوودڵی ھەڵدەسیت و ئامادە دەبیت.

له‌ (شەقامی ئیسکان)  تەراتێن دەکەیت و بە وردە ھەنگاوەکانت دەڕۆیت و لە ھەموو لایەک گوێبیستی قسە دەبیت، ھاوڕێکەت پێت دەڵێت؛ ده‌ده‌ی، شەکرێک بشکێنە…تۆ زەردەخەنەیەکی بۆ دەکەیت و بەخێرایی زەردەکە لەسەر لێوانت نامێنێت، پێتوایە میوانی ناوەختە، ھیچ ناڵێیت و  تەنیا ھەندێک قسە دەبیستیت كه‌ لە ڕەمز دەچن، یا دەردەدڵی. بیرت لەوە نەکردەوە چەند کەس لەوێ لەسەر مێزێکی چایخانە دانیشتوون، تۆ تەنیا لێیانت دەڕوانی، سەیری سیمایانت دەکرد، ھیچت نەدەگووت ھیچ، وەک بڵێیت کەڕیت یان  کوێریت.

گەر مەزندەی بکەیت دوو سەد جار سەیری کاتژمێرت کرد، کاتژمێر یەک بوو، خۆشحاڵ بوویت کاتێک چایخانەکەت جێھێشت، ھەروەک چۆن خۆشحاڵ بویت ماڵەوەت جێھێشت، تۆ دەتویست هه‌ر خوله‌كه‌ی  شوێنێک بگۆڕیت. بەگیرفانی غاڵی گەڕایتەوە.

لەو نێوه‌دا بە ڕێگاوە بوویت، ھەواڵێکی ڕۆتینیت بیستبوو؛ کونسڵگەرێکی تورک کوژراوە، تەنیا بیستبووت، چەندین مەفرەزەی ئاسایش خاڵیان دانابوو، ھەموو شتێکیان دەپشکنی، تۆ بەوردی سەیرت دەکرد، دەبوو بە نێو یەک لەو خاڵانە تێبپەڕیت…

 

ئەفسەر؛ کوا ناسنامەکەت؟

گووتت؛  ھەویەم ساڵێکە لەمامەڵەی دامەزراندنە.

ئەفسەر ؛ بۆ کاکە ئێرە کوێیە بێ ھەویە دەسوڕێیتەوە لەو کاتەشدا!

گووتت؛  ئەی منیش ھاوشاری نیم!

ئەفسەر؛ زۆر مەڕێسە، کێ دەزانێت چیت لەژێر سەریدایە، بەم وەختە!

بە گاڵتەوە گووتت؛ لە ژێر توێژی سەرم مێشکێکی کوردانەی تێدایە…

یەکەم زلە ھی ئەو بوو، زیکەیەک لە مێشکت بە دیاریکراوی بیرت نییە، چەندە لە نێو گوێکانت دەزرینگایەوە، ڕەنگە ھی ئەوە بێت لەشیان شێلایت، دڕکە پەتکت ھەر فریای ئەوە کەوت ئازارەکانی لەشەت بگوازێتەوە نێو مێشکت.

تۆ دەنوزایتەوە و بە نەفەسی پاڕانەوە دەتگووت؛  بۆ لێمدەدەن؟ تکایە!

ئەو گووتی؛ لەبەر ئاسایشی شار..

بەتەنیا گەڕایتەوە، قاچەکانت ھەرگیز پێشوتر ئەو بارە قورسەیان ھەڵنەگرتبوو، تەنیا لەشی خۆت بوو، لەگەڵ ھەر ھەنگاوێک بەردەبویتەوە، ئازارەکە دوو ئەوەندە دەبوو، وەک سەرخۆشێک ھەنگاوت دەنا، وەک پیرێک پشتت چەمابویەوە، وەک نەخۆشێک ژێرپەنجەی ئێسکی گرتبێت، دەستەکانت دەلەرزین و وەک کوڵبەرێک تەواوی دەمارەکانی لەشت ھەڵسابوون، سەرت قورس ببوو، کاتژمێر دووی شەو بوو، لەتاو ئازار جنێوت بەکات و خەو و خۆت و پیرۆزیەکان دەدا، دواتر خەوتیت.

 

 

,Günter Grass
Der Butt , 1977

   *             *             *

کاتژمێر دەی بەیانی بوو لەگەڵ زەنگی تەلەفۆن لە خەو ڕابوویت…

– بەڵێ؟

 تەلەفۆن؛  بەڕێزم ئەو سیڤیەی پڕت کردۆتەوە، لە زمانی تورکی لاوازیت، وە بڕوانامەکەشت قانونە، کارەکانی ئێمە لەگەڵ یاسا کێشەیان نییە، لەسەر داواکاریت بە بەڵێ و نەخێر گووتت وەڵامت بدەینەوە، بەداخەوە ناتوانین وەرتبگرین….

 

  نانی بەیانیت نەخواردووە، دەیان ڕۆژ بوو خۆت نەشوشتبوو، بۆن خنک لە ھەر ئەندامێکی له‌شت پەرش دەبۆوه‌،  ھێشتا ناڵەتە لەگەڵ ئازاری دوێنێ شەو… بیردەکەیتەوە، بە قووڵی بیر دەکەیتەوە، بەڵام نازانیت بەدیاریکراوی بیر لەچی دەکەیتەوە، کێشەی بەردەوامت بیرکردنەوە بوو لە زۆر شت لە یەک کاتدا. چویتە لای دەستشۆر و مشتێک ئاوت لە ڕووخسارت ھەڵسووی، بەوردی سەیری تاڵە سپیەکانی بەرگوێکانت کرد و پێکەنیت.

 

دوای  نیوەڕۆ، دەچیتە (پارکی وەفایی) زه‌رفه‌ عەلاگەیەکت لە دەستە، لەو خەڵکانەت دەڕوانی سەیریان دەکردیت، یان سەیری عەلاگەکەیان دەکردیت، لە چاوەکانیان وێنای پرسیاری زۆر شتت دەکرد، بۆنموونە؛ دەیانپرسی ئەوە عەلاگەی شتومەکی کارە؟ یا دیاری نەخۆش و ھاوڕێ یا خۆشەویستەکەت؟… تاوێک وەستایت، چەند دەبێت، ئەو وشەیە نەھاتۆتە خەیاڵت بە ڕێکەوت لە پرسیارەکانی چاوی خەڵک بیرت لە خۆشەویستی کردەوە، پێدەکەنیت. بەقووڵی لە چاڵایی چاوەکانت دەنگی ناوەوەت و  لێوە بێدەنگ و وشکەکانت پێدەکەنیت، ئاگات لێ نەبوو کاردانەوەیان چییە بۆ پێکەنینەکانت. دەڕۆیشتی و پێدەکەنیت و بۆ ماوەی دوو یا سێ چرکە دەوەستایت و پێدەکەنیتەوە، تا گەیشتیتە نێو پارک، هه‌ر  پێکەنیت.

دانیشتوویت، باڵەکانی لێکدەدا و ھەڵدەفڕی و دەنیشتەوە، دەیجریواند و کۆدەبوونەوە، دەفڕین و دەنیشتنەوە، بەڕوونی ئاسمان و چۆلەکەکانت دەدیت لە نێوان لاسک و لقە بێ گەڵاکانی دارچنارەکەی سەرت. دوا دێڕەکانی کتێبەکەی نێو دەستت دەخوێندەوە :-

” پیپ: چم لەدەست دەھات، جگە لەوەی بەدوایدا بڕۆم پێی نیشانبدەم کە سەرشۆر و شەرمەزار گەڕاومەتەوە، بۆ لای ئەو. بەڵێ، دەبوو بۆلای بیدیش بگەڕێمەوە، پێی بڵێم؛ ئەو ھەستە گەرموگوڕەی ڕۆژگارێك بۆ ئاواتەکانم ھەمبوون، ئەمڕۆ ھەمووی بەباچوون!”

بۆ تاوێک دامایت، نەتدەزانی بیر لەچی بکەیتەوە، سەیری گەڵای دار چنارەکانی نێو پارکی وەفایت کرد، کە لەگەڵ سیرکە و ھاشوھوشی بایەکە، خۆیان دەکێشا بەیەکتر، پارکت جێھێشت.

 

لەشەقامەکەی بەردەم پاڕکەکە وەستایت، لەبەر خۆتەوە ئەو دێڕانەی نێو کتێبەکانت دەگووتەوە و دەگووتەوە، دەیان جار گوتبووتەوە، تۆ گوتتەوە، تەنیا خووت پێوە گرتبوو، ھیچ چێژت لێنەدەبینی و دەتووتەوە:-

 

گرافیکی گونتەر گراس؛ ساڵی سەگ

” من چیم ئەویست لە نیشتیمان

جگە لەنانێک و کونجێکی دڵنیایی و گیرفانێکی بەحورمەت.

مشتێ ھەتاوی ئارام و بارانێکی خۆشەویستی،

پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ!

من چیم ئەویست و لەوە زیاتر نەیدامێ..

بۆیە ئیتر نیوەڕۆیەک دەروازەیەکم شکاند و چوومە دەرێ،

بە ئێجگاری چوومە دەرێ…*

 

بێئەوەی لە ڕاست و چەپت بنواڕیت، پەڕیتەوە، چەند مەترێك دوور لە شۆستەکە سەیارەیەک، دەتشێلێت.

ھەستت ھەڵخستبووە سەر نزا، دوو دڵبوویت، تەنانەت ئەو کاتیش کە سەیری قوڵایی ئاسمانت کرد، بیرت لە ھەموو خودا و دینەکان کردەوە، بیرت لە بەختی خۆت کردەوە و لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و لە ماوەی چەند چرکەیەک بیرت لە ژیانی خۆت کردەوە، بیرەکانت نەیانھێشت نزا بکەیت.

 

                          *                *                 *

سەیری دەوروبەری دەکات و تاوێک دەوەستێت، دەستەسڕەکەی لە گیرفانی دەردێنێت تەوێڵی دەسڕێت، ڕەنگە خۆڵەمێشیکە نامێنێت و دەیخاتەوە نێو گیرفانی شەڕواڵەکەی و  و ھەڵتدەداتە نێو عەرەبانەکەی، بە گسکەکەی دەستی تۆز لە دوای خۆی جێدێڵێت و دواتر چەندین قوتوو بپسی و پاکەتی سیگار و پاشماوەی شەقەمەکان دادەکەونە سەرسەرت و چیدی ئاسمان نابینیت.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

 * قه‌سیده‌یه‌كی شێركۆ بێكه‌س من چیم ده‌وێت له‌ نیشتمان

You might also like More from author

error: Content is protected !!