دەمی مەلا


چیرۆک

Loading

دەمی مەلا

چیرۆک 

فاروق هۆمەر 

“ئەم چیرۆکە باس لە ژیانی تاکە مەلایێک دەکات، نەک کۆی مەلایان. بۆ ئەوەی دەروون سادەکان بە هەڵە شیکاری نەکەن، دەبێ ئەو تێبینییە بدەم. دونیای ئێمە ئیستاش و رابردوش پڕی بووە لە مەلای دانا و زانا، بەجۆرێک زمانی کوردی و رۆشنبیری کوردی و بەدڵنیایش رۆح و کلتوری کوردیش خوڵقاوی دەستی مەلایانی خانەدانن و بۆ ئەبەد رۆڵی مەلا لە دونیای ئێمەدا بەوپەڕی پیرۆزییەوە دەمێنێتەوە. ئەم مەلایەی لای من لەو جۆرە مەلا گەورانە نییە و زۆرێک لە ئێوە دەیانناسن و دەشزانن ئەوانە خۆیان لەبەرگی مەلادا شاردۆتەوە و هیچکات مەلا نەبوون. چۆن دەزانم چاوەڕێ ناکەن ناوی مەلا گەورەکانی کوردتان بۆ بهێنم، ئاواش چاوەڕێم ناکەن ناوی خراپەکانیان بهێنم، کەواتە با چیرۆکەکەی خۆم بگێڕمەوە”:
ڕۆژێک وتارخوێنێکی ئاینی، لەدوای وتارێکی توڕە و ئاگراوی ڕۆژی هەینی کە هەموو دونیای بەجارێک فرێدابووە نێو ترسێکی گەورە و بێکۆتایی، بەوپەڕی ئاسودەیی و لەخۆڕازیبوونەوە بەناو کێڵگەیێکی هاوینەی سەوز و پاراودا بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە. سەری بەرز و شکۆداری بەمێزەر ‌پێچراوی بەرەو ئاسمان بڵند راگرتبوو، تەواو دڵنیابوو ئەمڕۆ لە هەموو روویێکەوە خودای لەخۆی رازیکردووە و لەپای ئەو هەموو ترسەی لەناو گیانی ئەو خەڵکەدا چاندبووی بە بەهەشتی تەڕ و پاراو چاکەی دەداتەوە. ئەو هەر دەرۆیشت و بێخەم لەشی سووک و خۆشڕەوی وەک پەپولەیێک بوو بەژێر ئاسمانی شیندا بفڕێ. جارجارێک ئەندێشەی بۆ لای ئەو خەڵکە تۆقیوە دەگەڕایەوە کە چەند گرێیەک لە خوار خۆیەوە دانیشتبوون و هەموو لەترسان و لە حەیشمەتی خۆشاردنەوە لەترسی خودا، لەتاو ئاگر و غەزەبی خودا تا دەهات بچوکدەبوونەوە و هەر دەتگووت کۆمەڵێک بوتڵی شووشەی خاڵی و بەتاڵن، دەستێکی شارەزا هەموویانی لەپاڵ یێکەوە رێکخستووە. لەناو هۆڵێک کە بێجگە لە زمان و دەمی خۆی پەیتا پەیتا دەیجوڵاند، بێجگە لە دەستەکانی خۆی بەترسەوە بۆ نزا و پاڕانەوە بەرەو ئاسمان بۆ خودای رادەکێشان شتێکی دی لەو ناوە گیان و بزووتی تیا نەبوو.
لە شوێنێکی وتارەکەی تاوتاوێک و لەناکاوێک دەوەستا، وچانێکی دەگرت و تەنیا بەسەرنج و نیگای چاوەکانی کە لە شوێنێکی نادیاری دەڕوانی، گورچ و زیرەکانە ناو هۆڵی کشومات دەکرد. هۆڵێکی مردووی دەخوڵقاند و ئەوجا بە زریکەیێک کە بۆ خۆشی نەیدەزانی ئەو زریکە شێت و ناگاهانە لە کوێی گیانیەوە ئاوا بە قین و قاڕ دەهاتەدەرێ، کتومت وەک ئەوەی شاخێک لەو نزیکانە بەبەرچاوی دونیاوە هەرەس بێنێ و بێتەخوارێ، ئاوا پڕی ترس و راچڵەکین بوو، دەیگووت: “خودایە ئێمە هەموو لە ئاستی گەورەیی تۆدا بوینەتە گوێرەکە” وشەی گوێرەکەی بەجۆرێک دەردەبڕی و درێژی دەکردەوە کە لە هۆڵەکەدا بۆ چەندجارێک دەنگبداتەوە.
ئەوجا هەناسەیێکی قووڵی هەڵدەکێشا و وەک ئەوەی خەڵکەکە تاقیبکاتەوە بزانێ وشەکانی تا چەندێک کاریگەری جێهێشتووە بەدەمی پرسیارێکەوە دەیگووت”ئێوە دەزانن ئێمە بووین بە چی؟”
هۆڵ کشومات، جوڵەیێک لە هیچ شتێکەوە نەدەهات. مەلا درێژەی بە خامۆشییەکی خوازراو و مانادار دەدا و حەزی بوو بۆ هەمیشە ئاوا درێژبێتەوە و بەو جۆرە هۆڵێکی تەواو سارد و خەمگین لەدووی خۆیەوە جێبهێڵێت.
منداڵێکی شەش حەوت ساڵان لەپڕ لە شوێنێکی هۆڵەکەوە بەرزبۆوە و گووتی”بووین بە گوێرەکە”
باوکی بەخێرایی پەلی منداڵەکەی راکێشا تاوەکو دای بنیشێنێتەوە، بەڵام مەلا ئەو هەلەی قۆستەوە و بەدوای ئەوەدا گووتی”بەڵێ باوکەکەم بەداخەوە هەموومان بووین بە گوێرەکە، لە پاداشت بە گەورەیی و نازی خودا بووین بە گوێرەکە” مەلا کەمێک خۆی خەمگین نیشان دا و یێک دوو تاڵ فرمێسکی لە چاوەکانی ڕژانە خوارێ و جارێکی دی بەدەم زریکەیێکی ترسناکتر لەوانی پێشووتر گووتی”بەڵێ، بوین بە گوێرەکە.. گوێرەکەی گەڕ”
وشەی گەڕ لە دەمی مەلاوە، بەجۆرێک دەرپەڕی هەر وەک ئەوەی تاوێرە بەردێک بووبێ و لە دەمی خۆیەوە بۆ یێکەمجار خوڵقاندبی، هاتەدەر بەناو خەڵکەکەدا رۆیی و لە میحرابەوە دەرپەڕی و کێشای بەدیوارەکەی بەرانبەری دا، پاشان کەوتە سەر ئەرزە کاشییەکە، هاڕەیێکی گەورە هەموو هۆڵەکەی لەراندەوە و بەدوای خۆیدا دونیایێک تیلماسکی شووشەی فڕێدا. مەلا لەپاش ئەو هەستەی کە زۆر شارەزایانە خوڵقانی و تەواوی ئەوانەشی لە هۆڵەکەدابوون هەستیان پێکرد، بە هێواشی وەک ئەوەی بەسرپەوە بۆ کەسێکی نزیکی خۆی بدوێ، گووتی”ئێوە بڕوانن ئەو منداڵەش کە هێشتا توڵفێکە و گوناهی لەسەر نییە، دەزانێ کە ئێمە بووین بە گوێرەکە”
ئەو سرپەیە ئەوەندە قووڵ و کاریگەر بوو تەواوی خەڵکەکەی خستە گریان. مەلا لەو کاتەدا چاوی چووە سەر پیرەمێردێکی لاوازی رەقەڵە کەمێک لە خوار خۆیەوە، دەستی بەریشییەوە گرتبوو چاوەکانی تەواو سوور هەڵگەڕابوون و دەم و دەست و سەرتاپای گیانی پێکەوە دەلەرزین.
مەلا رووی لە منداڵەکەوە بۆ خەڵکەکە گواستەوە و بە دوو چاوی تووڕە کە پڕیان پریشکی ئاگربوو قیژاندی”خودایە ئێمە گوناهمان کردووە، گوناه، گوناه. ددانی پێدا دەنێین، گوناهی گەورە گەورەمان کردووە و بۆ خۆمان دەزانین چەند تاوانبارین، بەڵام ئەمڕۆ سوێند دەخۆین هەموومان بۆ دەرگای تۆی میهرەبان و گەورەی جیهان دەگەڕێینەوە.دەرگای پڕ لە رەحمەتی خۆتمان بۆ بکەوە، تۆ بمانبوورە و بەگەورەیی خۆت بمانکەرەوە بە ئینسان”
مەلا سێجار لە دوای یێک گووتی خودایە بمانکەرەوە بە ئینسان.
مەلا دیاربوو ئەمڕۆ چێژی لەوە دەبینی زوو زوو پشوویێکی کورت بخاتە نێو قسەکانی و بەئارەزووی خۆشی وچانێکی مەبەستدار بخوڵقێنێ، بەنیازی ئەوەی تا ئەو شوێنەی بۆی دەکرێ کاریگەری قووڵ و تێگەیشتنی قووڵ لەناو مێشکی گوێگرەکانی دا بڕوێنێ. کۆی گوتارەکەی لەسەر رەگوریشەی پرسیار و دووبارەکردنەوە و داخوازی بەردەوام داڕشتبوو. لەپڕ وەستا و هەر لە پڕێکیش تا هێزی تیابوو جارێکی دی دەنگی هەڵبڕی و پرسی”بمانکاتەوە بەچی؟”
خەڵکەکە هەموو داچڵەکین، بەجارێک سەریان هەڵبری و هەر بەجارێکیش وەک ئەوەی کەسێک فەرمانی پێ کردبن پێکەوە سەریان شۆڕکردەوە خوارێ. کەس بوێری ئەوەی نەدەکرد وەڵامێک بداتەوە، خەڵکەکە هەموو سەریان بۆ ناو باوەشیان شۆڕ کردبووە و تێکڕا دەگریان. له دوورەوە ئەو هەموو بەشەرەی دەبینی هیچیان کەللەی سەریان پێوە نەبوو. هەر وەک ئەوەی وێنەکێشێکی سەرخۆش بۆ خۆشی و بەدەم گاڵتەیێکەوە وێنەی حەشاماتێکی بێسەری کێشا بێ. مەلا چاوی بەناو خەڵکەکەدا گێڕا و دیاربوو چاوەڕێی ئەوەی دەکرد ئیستا نا تۆزێکی دی منداڵەکە بە دەنگ بێ. جارێکی دی گووتی “خودایە هەر خۆت دەتوانی بمانکەیتەوە بە ئینسان. بمانکەیتەوە بەچی؟” مەلا بەجۆرێک دەدوا پرسیار لە کەسێک بکا و چاوەڕوانی هەمان کەسیش بێ وەڵامی بداتەوە. لەپڕ منداڵەکە لە شوێنی خۆی بەرزبۆوە و گووتی”مامۆستا گیان، بمانکاتەوە بە ئینسان”
منداڵەکە ئەمجارە تەواو ترسی شکابوو، دیار بوو بایەخی بە باوکی نەدەدا کە جارجارێک بەدەم شەرمێکەوە دەستێکی دەبرد و دەیویست لە شوێنی خۆی دایبنیشێنێتەوە. منداڵەکە لە شوێنی خۆی بەپێوە راوەستابوو، لەوەی دەکرد چێژ لەو یارییە خۆشەی نێوان خۆی و مەلا ببینێ، سەرە بچکۆلە تاشراوەکەی قیت و قۆز، لەناو حەشاماتێکی تۆقیوو، کە هیچیان سەریان پێوە نەبوو، بەرز راگرتبوو. منداڵێکی بوێر کە دیاربوو بە دڵ گوێ دەگرێ و هەر بەدڵیش وشەکان لە قورگییەوه گەرم و گوڕ و خۆش دێنەدەرێ.
مەلا لەناو ئەندێشەی خۆی قووڵ رۆچوبوو، باکی بە هەموو سەوزی و جوانی ئەو سروشتەی خودا نەبوو کە لاملاولایەوە پاک و بێگەرد وەک مشتێک ئەڵماس دەدرەوشانەوە. هەر وەکو ئەوەی هێشتا لەناو ئەو حەشاماتە تۆقیوەدا گوتار بدا و لە میحرابی پیرۆزی مزگەوت راوەستابێ، ئاوا سووک و خۆش و ئەندێشاوی هەنگاوی دەنا و پێکانی بە وریایی هەڵدەگرت و بە هەمان وریاییش دایدەنانەوە. لەپڕ تووشی کۆکەیێکی سەیر و لەناکاو بوو، کۆکەیێک و دووان نەبوو، کۆکە یێک لەدوای یێک دەزرنگانەوە و خزەی سنگی شێوەی کێشانی دەستێکی شێت بەسەر دەمی تەپڵێکا تەواو هەراسانی کرد. لەتاوا لە شوێنی خۆی وەستا و دەمی شۆڕکردەوە خوارێ و تفی کردەوە. بۆ ئەوەی کۆکەی رابگرێ تا توانی تفی کردەوە.لە شوێنی خۆی سەرسام وەستاو روانییە شوێنی تفەکەی. نەخێر بڕوای بەدوو چاوی خۆی نەدەکرد. ئەوەی لەبەردەمی دا کەوتبوو شوێنی بڕوا پێهێنان نەبوو. کلکی مشکێک لە دەمیەوە هاتبووەدەرەوە. ئەگەر چی زۆری بەلاوە سەیر بوو، بەڵام بەسەر خۆی نەهێنا و هەوڵی دا لەبیر خۆی بباتەوە. کەمێک جووڵا ویستی لە شوێنەکە دوور بکەوێتەوە، تاوێکیش دوور کەوتەوە، بەڵام کلکی مشک و خەیاڵی کلکێک لە دەمییەوە هاتۆتە دەرەوە بەگیری هێنا و جارێکیدی گەڕانیەوە بۆ ئەو شوێنەی تفەکەی لێ رۆ کردبوو. زۆر بە وردی بەسەریا نوشتایەوە و لێی روانی، دیمەنی کلکی مشکەکە شتێک بوو نەدەشارایەوە. دەستێکی برد و کلکە مشکەکەی بەرز کردەوە، بەڵێ کلکێکی تەڕ کە هێشتا تفی ناو دەمی ئەوی لێدەتکێتەوە.
ئاخر کلکی مشک لەناو دەمی ئەودا چیدەکات؟ خەیاڵ وروژا و مێشکی کەوتە هەژان. دەمێک کە بێجگە لەپیرۆزی ناوی خودا وشەیێکی دی لێوە نایێتە دەرەوە.
هەرچی سەری دەهێنا و دەبرد شتێکی ئەوتۆی لێ تێنەدەگەیشت و هۆیێکی قایلکەریشی بۆ ئەوە نەدەدۆزییەوە کە رووی داوە. نیگەرانی دای گرت و چیدی هەوڵی دەدا لەبیر خۆی بباتەوە، بەڵام دەروویێک و رێگەیێکی پێنەدەزانی چیبکات و چۆن بۆی بکرێ لەناو خۆیدا بیشارێتەوە.کلکی مشک؟ لە کوێش لەناو دەمی منەوە. شتی وا چۆن دەبێ. نا ئەوە راستی نییە.
مەلا رەنگی شێوابوو، چیدی ئەندێشەی لای مزگەوت و گوتار و ئەو خەڵکە تۆقیوە نەمابوو کە ئەمڕۆ هەموو لەبەرچاوییا دەگریان و وەک منداڵ دەنوزانەوە. خەیاڵی تەنیا لای مشک بوو، کلکی مشکێک کە دڵنیابوو لە دەمی خۆیەوە لەگەڵ کۆکەیێکی جەرگتاوێن و تۆپەڵێک تف هاتبوونە خوارەوە. سەری شۆڕ بۆ ئەرزەکە دانەواندبوو، گەر لە دورەوە کەسێک لێی بڕوانێ کتومت ئەوەی دەنواند گیانێکی رەق و تەقە و کەللەی سەری پێوە نییە، یاوەخود تاوێرێکی بەردە و لەوێدا فڕێدراوە. منداڵەکەی بیرکەوتەوە، زیت و وریا لەبەردەمیا بە کەللەسەرێکی بچکۆلەی رووتەوە راوەستابوو. مەلا خەریکبوو لەگەڵ ئەو بدوێ و پێی بڵێ”خودایە مشک لە دەمانەوە نەیەتە دەرەوە” تۆزێک کپ بوو، هەر بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لە میحرابی مزگەوتەکەی بۆ ئەو خەڵکە تۆقیوە دەدوا و هەوڵی دەدا تا بتوانێ زیاتر بیانتۆقێنێ، گووتی”چی لە دەممانەوە نەیەتە دەرەوە”
مەلا رۆشن و ڕوون بەژنی منداڵەکەی دەهاتەوە پێش چاو چۆن پەیتا پەیتا بەوەڵامی مەلاوە دەهات، ئەمجارە ئەوەتا لەبەردەمی دا وەستاوە و پێی دەڵێ”مامۆستا گیان کلکی مشک” منداڵەکە سێ جار ئەوەی دووبارە کردەوە.
کاتێک مەلا گەیشتەوە ماڵێ، ژنەکەی بانگ کرد و پێیگووت”مەلاژن، ئەمڕۆ شتێکی خراپ لە مندا رووی داوە و زۆر نیگەرانی کردووم. لە راستیا نازانم چۆن باسی بکەم و چۆن لێی بدوێم. هیچی لێ تێناگەم، ئاخر بە هیچ جۆرێک شتێکی وا قابیلی روودان نییە”
مەلاژن هێشتا لەسەر بەرماڵەکەی هەڵنەستابوو، تەزبیحێکی درێژی بەدەستەوە گرتبوو خەریکی نزا و پاڕانەوە بوو. هەر ئەوەندەی مەلای بینی، دەرزییەکی سنجاقی بچکۆلەی لە شوێنێکی تەزبیحەکەی چەقاند و فڕێی دایە لاوە، بەرزە پێ بەرەو لای مەلاوە رایکرد. مەلا تەواو رەنگی پەشۆکابوو، زمانی دەلەرزی، بە کەمێک هێواشی و بە کەمێک پچر پچرییەوە گووتی”نازانم، هیچ نازانم. ئەو هەموو کتێبە قەبە قەبانەم ئەزبەر کردوون و ئەو هەموو دونیایەش گەڕاوم شتێکی وام نەهاتۆتە ڕێ. ئەمڕۆ…”
مەلا تۆزێک وەستا، بەڵام وەستانەکەی لەوەی نەدەکرد بۆ ئەوە بێ کە کاریگەری وشەکانی لەناو دڵی مەلاژن دا بڕوێنێ، بەڵکو لەوەی دەکرد ترسێک لە گێڕانەوەی دوو دڵ و نیگەرانی کردبێ. هەر لە خۆوە بۆ لای پەنچەرەی هوڵەکەوە چوو، پەردەکانی دادانەوە، ژورێکی تاریکی بە کەشێکی تاریکەوە خوڵقاند، ئەوجا کەمێک نزم و بەشێوەی سرپە گووتی”خۆ دەبێ بە کەسێکی بڵێم. هەر وا باشە لای کەسێکی دڵسۆزی بدرکێنم. خۆ ئەگەر نەیڵێم هەستدەکەم دڵم خەریکە بتەقێ. با بەتۆی بڵێم، نازانم بە تۆی بڵێم یاوەخوود نا؟ لە تۆ دڵسۆزتر کێی دی شک دەبەم. تۆ بەڵێنم پێ دەدەی کە بەکەسێکی دی ناڵێی؟”
ژنەکەی بەدەم چاوەڕوانییەوە کە هەڵپەی زانین خەریکبوو ئارامی لێ هەڵدەگرت، گووتی “بێگومان بەڵێن بێ بە هیچ رۆحلەبەرێکی ناڵێم”
مەلا چارەیێکی نەما، هەستی کرد کارێکی کردووە کە ناتوانێ لەوە زیاتر پەنهانی بکات و لە دڵی خۆیدا هەڵیبگرێ. ئاگرێکە دەبێ هەرچی زووە بڕژێ و بێتەدەرێ و دەرونی سارد بکاتەوە، ئاخر ئەو نهێنییە هاتبووە سەری زمانی و چیدی شوێنێکی بۆ گەڕانەوە و مانەوە لەجێی خۆی نەبوو. لەلایێکیشەوە ئەوەندە دەربەستی گەڕانەوەی ئەو نهێنییەی بۆ نێو دڵ و بۆ قووڵاییەکانی ناخی لەلا نەمابوو، شاردنەوەی چ کەڵکێکی بۆ دەگرێ. لە نووکەوە هەموو ئەوەی بۆ ژنەکەی گێڕایەوە کە چۆن لەڕێی گەڕانەوەی دا لەناکاوێک کۆکیوە و تفی کردۆتەوە و کلکی مشکێک لە دەمیەوە هاتۆتە دەرەوە.
ژنەکەی هەر ئەوەندە ئەو هەواڵەی زانی، هەستی کرد بارێکی زۆر قورس کەوتۆتە ناو مێشکی و چیدی بۆی ناکرێ بیپارێزێ. هەر ئەو کاتەی مەلا نهێنییەکەی بۆ درکاند، کتوپڕ پەشێویی و نائارامییەکی سەیر تەنگی پێ هەڵچنی و نەیدەزانی چیبکات. لە ژورەکەدا کەوتە گەڕان. پەردەی پەنجەرەکانی هەڵدانەوە، تاریکی ژورەکەی رەواندەوە و ژورێکی رووناک لەبەردەمی دا پەیدابوو، تەماشایێکی دەرەوەی کرد و کەمێک بەدەم خۆ خەریک کردنەوە لە دونیای بەر پەنچەرەکەی رووانی. بەبێ ئەوەی هیچ هۆیێک لەئارادا بێ چووە داڵانەکە و هەر لە خۆوە جارێکی دی گەڕایەوە ژورێ. تەزبیحەکەی هەڵگرتەوە و هەوڵی دا دەست بکاتەوە بەنزا و پاڕانەوەی پێشتووتری خۆی، بەڵام هیچ ئارەزوویێکی بۆ ئەوە نەبوو. نەخێر شتێک ماندووی کردبوو، بەڵام هێزی ئەوەی نەبوو تەواوێک پەی پێبەرێ. شتێکی گەرم وەک پشکۆی ئاگر کەوتبووە ناخییەوە و دەبوو باسی بکات، بەڵام بۆ کێ. ئەو بەڵێنی دابوو تا لەژیاندا بێ بە هیچ رۆحلەبەرێکی نەڵێ.
نەخێر ناتوانێ ئەو نهێنییە بپارێزێ کە وا خەریکە لەناخەوە رۆحی دەخوا و هێواش هێواش وردوخاشی دەکات. بەبیانووی خۆڵ فڕێدانەوە چووە دەمی دەرگا، لەوێ ژنە دراوسێکەیانی بینی، لە دورەوە دەگەڕایەوە ماڵێ. دوای هەواڵپرسین لێی چووە پێشێ.
ژنە دراوسێ هەستی کرد، مەلاژن لەسەرخۆی نییە و شتێک نیگەرانی کردووە، بەوپەڕی خەمۆرییەوە رووی تێکرد و گووتی”خێرە مەلاژن، خۆ منداڵەکان نەخۆش نین؟”
مەلاژن حەژمەتی خۆشییەکی تێگەڕاو و کەمێک دڵتەنگی و نا ئارامییەکەی خاو بۆوە و ئەوجا سەیرێکی ئەملاولای خۆی کرد و گووتی”مێشکم پڕی بووە لە شتێک خەریکە گیانم دەسووتێنێ، بەڵێنم پێدەدەیت ئەگەر بۆتی بدرکێنم لای کەس باسی ناکەیت؟ ئاخر من پێشتر بەڵێنم بە مێردەکەم داوە کە هیچکات بۆ کەسی نەدرکێنم”
“بێگومان،” ژنە دراوسێیەکەیان گووتی. ئەوجا درێژەی دایە و جارێکی دی گووتی”تۆ بۆ خۆت دەزانی من چەند نهێنی پارێزم. بە هەناسەش بۆ هیچ رۆحلەبەرێکی دەرنابڕم. ترست نەبێ بۆمی باس بکە”
“تۆ دڵنیایت کە بۆ هیچ کەسێکی دەرنابڕیت؟”
“ئەگەر لێمی رانابینیت، هەر بۆ خۆتی هەڵبگرە و مەیدرکێنە. ئاخر من کەی نهێنی تۆم بردۆتە دەرەوە ئەوساڵەشت بیرە کە مەلا نیازی بوو ژنێکی ترت بەسەر بێنێ و دوایی پەشیمانبۆوە، لای هیچ کەس باسم کرد؟”
“باشە، باش پێتی دەڵێم. دەزانم تۆ هاوڕێیەکی دڵسۆزی منیت. ئەمڕۆ کە مێردەکەم بەناو کێڵگەکاندا بۆ ماڵەوە گەڕاوەتەوە، دەزانی چی تف کردۆتەوە؟ سەروکلکی مشک، یێک دونیا سەروکلکی مشک لە دەمیەوە هاتۆتە دەرەوە! نازانم ئەو بەدبەختە تووشی چی بووە، من زۆر بۆی پەرێشانم”
“هیچ خۆتی بۆ پەرێشان مەکە، ئەو جۆرە گرفتانە جارجارێک پەیدا دەبن. ئەوەش تێدەپەڕێ و رزگاری دەبێ. بەڵام ئەوە کارێکی چاک دەبێ بۆ خۆشت لای کەس باسی نەکەیت، دەنا وەک قاو دەکەوێتە ناو خەڵکی”
ژنە دراوسێش لەدوای زانینی ئەو رووداوە سەیرە، لەدەمی چوونەژورەوەی بۆ ناو حەوشەکە زوو زوو لەبەرخۆیەوە دەیگووت، سەروکلکی مشک؟ دەمی مەلا؟ ئەم کافرباوە هەبێ و نەبێ رۆحی پشیلەی هەیە. کێ دەڵێ پشیلەیێکی نەخواردووە. ئاخر مەلا تۆ پشیلە نەبی، سەروکلکی مشک بۆچی لەناو سک و گیانی تۆوە دێتەدەرێ؟
ژنە دراوسێش هێندەی نەمابوو تەواوێک شێت بێ و لە گیانی خۆی بێتەدەرێ، نەیدەزانی چۆن خامۆش بێ و چۆن ئەو روداوە لەناخی خۆیدا بشارێتەوە. هەر لەبەرخۆیەوە بەردەوام و پەیتا پەیتا دەیگووت”مشک، پشیلە، دەمی مەلا”
نەخێر ئەم نهێنییە لەناو سکی منا جێی نابێتەوە، ئاخر من چۆن پشیلەیێک لەناو خۆما هەڵبگرم. نەخێر بە هیچ جۆرێک شتی وا ناکەم. هەر ئەوە ماوە مشکێکیش لە دەمی منەوە بێتە دەرێ. ئای خودایە ئیستا چی بکەم. ژنە دڵی تێکەڵ هات، هەر لە خۆوە وای هەستدەکرد مشکێک کەوتۆتە ناو گیانییەوە و دەبێ فڕێی بدات. بەپەلە رایکردە حەوشێ، هەستی کرد گیانی خەریکە بڕژێتە خوارێ. تا توانی تفی کردوە و رشایەوە. بەترسێکەوە لە رشانەوەکەی روانی. چاوەڕێی ئەوە بوو مشکێک، شتێکی سەیروسەمەرە لە دەمیەوە هاتبێتە خوارێ. هەرچی وردبۆوە لە رشانەوەکەی هیچی تیانەبوو. دڵی خۆش بوو، بەڵام ترس و نیگەرانی لێ نەدەبۆوە. لەبەرخۆیەوە گووتی نەخێر. نەخێر هەرچی کرد بۆی نەکرا ئەو نهێنییە لەناو خۆیدا بپارێزێ، هەر ئەوەندەی گەڕایەوە ژوورێ، ماخۆلانی پێکەوت. نەیدەزانی چی بکات. چاوی لێرە و لەوێ گێڕا و کەسێکی نەدۆزییەوە. هەر ئەوەندە بوو پێی نابۆوە ماڵێ، هاوڕێیەکی بۆ کارێک سەردانی کرد. بە هەل زانی ئەوەی لە دڵیا پەنگی خواردبۆوە بۆی دەرببڕێ و خۆی لە مشک و پشیلەی ناو گیانی مەلا قووتار بکات و گووتی”شتێکت بۆ دەگێرمەوە، بەڵام بەڵێنم پێ بدە بۆ کەسی ناگێڕیتەوە. ئاخر من سەرم بەخشیەوە بە ژنی مەلا ئەو نهێنییەی لای خۆم بمرێنم و بۆ کەسی نەدرکێنم. ئەزانی ئەمڕۆ چی روویداوە؟ مەلا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، کاتێک تفی کردۆتەوە یێک جرجی گەورە لە دەمیەوە هاتۆتە دەرەوە. من پێموابوو ئەو مەلایە پیرۆز و رۆح خاوێن بێ، بەڵام کێ دەزانێ؟”
کەمێک هەردوو ژنە خامۆشبوون و ژنەکەی دی کە تازە بە نهێنییەکەی زانیبوو گووتی”باشە کێ ناڵێ مەلا پشیلەی خواردبێ؟
هەردوکیان بۆ تاوێک کڕ و خامۆشبوون، دیاربوو هەردوو پێکەوە بیریان لەوە دەکردوە چۆن مەلا پشیلەیێکی خواردبێ.
هاوڕێی ژنە دراوسێکە گووتی”یێک جرجی گەورە؟ ئای دەبێ چ جرجێکی زەبەلاح بووبێ! باشە چۆن جرجێک لە دەمیەوە هاتۆتە دەرەوە؟ پیاوێکی ئەنتیکەیە! بەڵام خەمت نەبێ و لە من مەترسە، لە دەمی من دەرناچێت”
ئەوەندەی پێنەچوو دراوسێیەکی دیش ئەوەی بەر گوێ کەوت کە رەوە جرجێک لە دەمی مەلای مزگەوتی گەڕەکەکەیانەوە هاتۆتە دەرەوە. هێندەی نەبرد تەواوی شارەکە ئەوەیان زانی کە مشک و جرج و ئەسپێ و جروجانەوەری گەورە گەوره لە دەمی مەلای گەرەگێکی شارەوە دێنەدەرەوە.
ئیدی هەر خەڵکی بوو لێرەوئەوێی شار و گوندە دورەکانەوە دەهاتنە نزیک ماڵی مەلا و ئەو مزگەوتەی گوتاری لێ دەدا و لەو ناوە چاوەڕێیان دەکرد تا بەچاوی خۆیان ببینن چۆن ئەو ئەژدیها ترسناکە جروجانەوەری گەورە گەورە لەدەمییەوە دێنە دەرەوە. مەلای داماو نەیدەزانی چۆن خۆی لە خەڵکی بشارێتەوە، بۆ هەر کوێ دەچوو شارێکی بەدواوە بوو لێیان دەڕوانی و نەیاندەهێڵا بە ئارامی بژی، تا بەتەواوی شێت بوو. رۆژێک لە ماڵەوە هاتەدەر و رۆی و نەگەڕایەوە و کەس نەیزانی چی لێ بەسەرهات و چۆن ونبوو، بەڵام حیکایەتی ئەو مەلایەی کە جروجانەوەری گەورە گەورە لە دەمیەوە دەهاتنەدەرێ راستییەک بوو تا ئەمرۆش لەناو خەڵکی دا وەک هەقیقەتێک بەچاوی خۆیان دیتوویانە، ئەفسونێکە و هەر کەس بەئارەزووی خۆیان دەیگێڕنەوە. کەسانێک هەبوون هەزار و یێک سوێندیان دەخوارد بەدوو چاوی خۆیان مەلایان دیووە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شوێنێکا لەتاو ئازاری ناو سکی راکشاوە و دەمی کردۆتەوە و رەوە جرجێکی زەبەلاح یێک لە دوای یێک لە دەمییەوە هاتونەتە دەرەوە. یێکێکی دی سوێندی دەخوارد کە بەدوو چاوی خۆی دیوێتی چۆن جرج دونیای داپۆشیوە. جرج، هەموو شوێنێک جرج بوو، هەتا چاو بڕی دەکرد دونیا پڕی بوو لە جرج.
بەڵام ئەوەی سەیربوو ئەو مەلا تازەیە بوو کە لەدووی مەلا کۆنەکەوە هاتبوو لە شوێنی ئەو گووتاری هەینی بخوێنێتەوە. ئەو لە یێکەمین گوتاری خۆیدا بۆ خەڵکەکە، هەر لەو میحرابەی ئەوێ رۆژێ ئەوی لێ راوەستابوو، بە هەمان توڕەیی و بەهەمان زریکەوە کە کەس نەیدەزانی لە کوێوە گیانی بەبەرهاتووە دەیگووت”هەر کات خودا غەزەبی خۆیمان بەسەر بڕژێنێ دەمانکات بە جرج. خودایە تۆ بمانپارێزە نەبین بە جرج. مەلا وچانێکی گرت و کەمێک چاوی بڕییە خەڵکەکە و پرسی”نەبین بە چی؟”
کشوماتییەکی سەیر هەموو خەڵکەکەی داگرت، کەس بوێری جوڵانەوە و سەر هەڵبرینێکی نەبوو، لەپڕ هەر هەمان ئەو منداڵەی کە هەمیشە لەوێ بوو، بەوپەڕی بوێرییەوە لە شوێنی خۆی راپەڕی و وەک یارییە منداڵانەکەی خۆی بە ترسێکەوە گووتی”مامۆستا گیان بە جرج!”
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌