هێگڵ - هێڵكاری

فەلسەفەی سروشتی هیگڵ


Loading

ئەبستراکت

Hegel, Geist, 1807

هەوڵی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە، وا بکەین فەلسەفەی هیگڵ بە کوردیی بدوێت. بە قەولی خۆی: “لۆتەر وای کرد، ئینجیل بە ئاڵمانی بدوێتهەوڵی منیش ئەوەیە وابکەم فەلسەفە فێرببێت بە ئاڵمانی قسە بکات”.[١] وە فۆكۆسی سەرەکیی ئێمە لێرەدا، زیاتر وەستانە لەسەر فەلسەفەی سروشت. بۆ هیگڵ، فەلسەفەی سروشت لە ڕووی گرنگییەوە؛ لە پاش لۆجیک، وە پێش فەلسەفەی رۆح دێت. واتە سروشت خاڵی بەیەکگەیاندنی لۆجیک و ڕۆحە پێکەوە.

 

لینین لەو تێبینییانەی کە لەسەر لۆجیکی هیگڵ نوسیویەتییەوە (لەنێوان ساڵانی ١٩١٤-١٩١٥)، سەبارەت بە گرنگیی هه‌رسكردنی لۆجیکی هیگڵ دەڵێت: “بە تەواوەتیی نامومکینە، لە سەرمایەی مارکس تێبگەین، بە تایبەت چاپتەری یەکەم، بەبێ شرۆڤه‌كردن و تێگەیشتن لە تەواوی لۆجیکی هیگڵ. لە دەرەنجامدا، هیچ یەکێک لە مارکسیستەکانی  نیوەی سەدەی ڕابردوو، لە مارکس تێنەگەیشتن!”[٩] 

من ئەم دەربڕینە لە لینین قەرز دەکەم و، دەڵێم، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە ئێستا هیچ گرنگییه‌ك بۆ ئەم بەشەی پێكهاته‌ فیکرییەکەی دانانێن و، زیاتر فۆكۆس  لەسەر فینۆمینۆلۆژیای گایستە، بە پشت کردن لە لۆجیک و فەلسەفەی سروشت. لە کاتێکدا شارەزابوون لەو دووانە، ئەمرێکی بەدیهیی و پێشوەکیین لە فینۆمینۆلۆژیا. لێرەوە ئێمە فەلسەفەی سروشتی هیگڵ بەکێشە دەکەین، وە پێمانوایە هێشتا ئەم بەشە لە سیستەمە فەلسەفییەکەی شتێکی ماوە بۆ گوتن. وە دەکرێت کۆمەکمان بکات، لە کاتی دەرگیربوون لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارانەی کە زانست(بە مانا ئەزموونییەکەی)ی نوێ ڕووبەڕوومان دەکاتەوە!

 

 

پێشەکی

فەلسەفەی سروشت بەشی دووەمی ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکانە(چاپی ١٨٣٠)[٢] کە لە لایەن مامۆستا میللەرەوە(A. V. Miller) کراوەتە ئینگلیزی. کتێبەکە، جگەلە تێکستە ئەسڵییەکە، کۆمەڵێک زیاکراوی(Zusatz) تێدایە کە لەلایەن خوێندکارێکی خودی هیگڵەوە(Michelet)، نوسراونەتەوە و تێبینی کراون. زیادکردنەکان بە پیتێکی بچوکتر لە تێکستە ئەسڵییەکە تایپ کراون.

ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان، دەکرێت وەکو ئەو سیستمە هیگڵییە ببینرێت، کە هیگڵ خەونی پێوە دەبینی لە سەرەتای نووسینەوەی ف. گایستدا. لەسەر بەرگی چاپی یەکەمی ف. گایست بە زمانی ئاڵمانی، بەمشێوەیە نووسراوە:

سیستەمی زانست: بەرگی یەکەم، زانستی ئەزمونی ئاگایی(فینۆمینۆلۆژیای گایست)

بەڵام دواتر هیگڵ فیکرەی دەگۆڕێت و، ئینسایکلۆپیدیا بەمجۆرە دادەڕێژێتەوە:

 

بەشی یەکەم: لۆجیک،

بەشی دووەم: ف. سروشت،

بەشی سێیەم: ف. ڕۆح.

 

 

 

مارتین هایدیگەر، لەو لێکچەرانەی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٣٠-١٩٣١)دا پێشکەشی کردوون لە زانکۆی فرایبۆرگ لەسەر شەرحی فینۆمینۆلۆژیا(ئەم کتێبە ڕیزبەندی ٣٢ی وەرگرتووە لە کۆی ٨٨ بەرگ لە کۆبەرهەمەمی (Gesamtausgabe)هایدێگەر). بە وردیی لەسەر ئەم ڕوو وەرگێڕانەی هیگڵ دەدوێت سەبارەت بە سیستەمە فەلسەفییەکەی خۆی. خوێنەر دەتوانێت بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێتەوە ئەو لێکچەرانە.[٣]

بەرلەوەی بڕۆمە سەر تێکستەکەی هیگڵ، دەمەوێت لەسەر دوو خاڵ بوەستمەوە، کە مامۆستا فیندڵی(شایەنی باسە، لە وەرگێڕانی فینۆمینۆلۆژیاشدا، فیندڵی وەکو تەفسیرکەری تێکستەکە، هاوشان بە میللەر کاری کردووە)، وەکو پێشەکیی بۆ وەرگێڕانەکەی میللەر نووسیویەتییەوە. فیندڵی جەخت لەسەر دوو خاڵی زۆر گرنگ دەکاتەوە:

 

 

١. ئەو لە قووڵی و گرنگیی تەفسیری هیگڵ بۆ سروشت، وا دەکات هیگڵ بخاتە ڕیزی فەیلەسوفانی وەکو، ئەڕستۆ، دێکارت، وایتهێدەوە. کە لەسەر سروشت تەفسیریان هەبووە.

٢. ئەگەر کەسێک بیەوێت سۆراغی «ماتریاڵیزمی دیالێکتیک»ی مارکس و ئەنگڵس بکات، ئەوا دەبێت لە فەلسەفەی سروستی هیگڵدا بۆی بگەڕێت.

 

 

 

دابەشکاریی

هاوشێوەی نیزامە سێکوچکەییەکەی هیگڵ، فەلسەفەی سروشتیش(لێرە بەدواوە، ف. س.) لە ٣ بەشی سەرەکیی پێکدێت:

١.میکانیک (بابەتەکانی فەزا-کات، ماددە و جووڵە، سیستەمی هەسارەکان)،

٢. فیزیا (بابەتەکانی ڕووناکیی و پرۆسێسە کیمیاییەکان)

٣. ئۆرگانیک(زیندەناسیی).

 

 

 

 

 

 

 

شایەنی باسە، یەکێک لە گرنگترین ڕێبەرانی نەوەی یەکەمی فیزیای کوانتەمیی، ڤێرنەر هایزنبێرگ، کە دۆزەرەوە و خاوەنی “پرنسیپی نادڵنیاییە-Uncertainity Principle”؛ لە کتێبی «فیزیا و فەلسەفە»دا[٤]، چاپتەری شەشەمی تەرخان کردووە بۆ پەیوەندی نێوان تیۆریای کوانتەم و بەشەکانی تری زانستە سروشتییەکان؛ لەوێدا، بە ئاگا، یان نائاگا هەمان دابەشکاریی هیگڵی پەیڕەو کردووە. ئەو لە فیزیای نیوتنەوە دەست پێدەکات و، بەرەو کوانتەم و کیمیا و، لە کۆتایشدا دەکات بە ئێڤڵووشن و زیندەناسیی. کوانتەم پێش ئەوەی کێشە و مەسەلەی فیزیا بێت، کێشەیەکی کیمیاییە. نابێت چاوبپۆشین لەو پەیوەندییە نزیکەی نێوان فیزیا و کیمیا، وەکو دوو نزیکترین لق لە زانستە سروشتییەکان. ئەم دوو زانستە، لەڕێی کوانتەمەوە، وەحدەتێکیان پێکهێناوە.

خاڵێک کە بۆ من جێگای تێڕامانە، ئەو پێناسەیەی هایزنبێرگە بۆ تیۆریای ئێڤڵوشن. ئەو دەڵێت: ئێڤڵوشن مێژوو بۆ ئەو دوو زانستە زیاد دەکات. ئەم وتەیە لە حەد بەدەر هیگڵییە! وە ئەمە شتێکە کە زانستی ئێستا دەرحەقی زۆر لاموبالاتە، ئەویش ئەو مێژووەیە کە گەیاندوویەتی بە ئێرە و بەم دۆخەی ئێستای.

 

 

 

چەند ڕوونکردنەوەیەکی پێویست

دوو هەڵە تێگەیشتن(یان بەهەڵە تێکەڵکردن) هەیە کە دەبێت پێشتر ڕوونیان بکەینەوە، ئەوانیش پەیوەندی:

١. فەلسەفەی سروشتە لەگەڵ زانستە سروشتییەکان،

٢. فەلسەفەی سروشت لەگەڵ فەلسەفەی زانست.

 

 

 

بۆ خاڵی یەکەم؛ دەڵێین، زانستە سروشتییەکان فاکتە ئەزموونییەکان بونیاد دەنێن، لە کاتێکدا، پرسی سەرەکیی فەلسەفەی سروشت، پرسیاری گشتییە لە سروشت. واتە زانستە سروشتییەکان پرسیاری “سروشت چییە؟” ناکەن، لە کاتێکدا ئەمە بۆ فەلسەفەی سروشت پرسیارە سەرەکییەکەیە! وە دەیەوێت سروشی وەکو گشتێک تێبگات.

 

هەرچی بۆ خاڵی دووەمە؛ دەڵێین، ڕەنگە ئەوەمان بە زەیندا بێت، کە جیاوازی فەلسەفەی سروشت چییە لەگەڵ فەلسەفەی زانست! زۆر بە سادەیی دەڵێین بابەتی فەلسەفەی سروشت، خودی سروشتە، لە کاتێکدا، بابەتی فەلسەفەی زانست، زانستە سروشتتیەکانە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە فەلسەفەی سروشت، پشت بە دۆزینەوەکانی زانستە سروشتییەکان نەبەستێت.

(بۆ زانیاری زیاتر، یڕوانە هەردوو فەرهەنگی هیگڵ[١٠][١١]).

 

 

یەکێکی تر لەو هەڵە تێگەیشتنانە لە هیگڵ، دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی تێرمی زانست لە نێو ئینگلیز-زمانەکاندا(Science) لەباتی تێرمی(Wissenschaft)ی ئەڵمانیی. ڤیزنشافت، هیچ بەرامبەرێکی نییە لە زمانی ئینگلیزیدا، چ جای بگات بە زمانی کوردیی! ئەم تێرمە، مانایەکی فراوانتری هەیە لە زانست. کە دەڵێین ڤیزنشافت، هونەر، ئایین، مێژوو، ئاکار، …هتد دەگرێتەوە.[١٠]

 

 

 

فەلسەفەی سروشت و فەلسەفەی هونەر

بۆ هیگڵ، ئەو جوانییەی کە لە هونەردایە، لەو جوانییە باڵاترە کە لە سروشتدا خۆی نومایان کردووە. دەکرێت ئەوە بە ڕوونیی ببینین لەو پێشەکیەی کە بۆ لێکچەرەکانی ئسیتاتیکا نووسیویەتییەوە. هۆکاری بەرزی هونەر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هونەر بەرهەمی عەقڵە، وە عەقڵ و بەرهەمەکانی بەرزترن لە سروشت و دەرکەوتەکانی. هیگڵ لە وەڵامی ئەو رەخنەیەی کە پێی وایە، سروشت بەرهەمی خودایە و، هونەریش بەرهەمی مرۆڤی فانیی و کۆتادار(finite)، هەربۆیە سروشت باڵاترە، چونکە خوداییانەیە، دەڵێت: وەکو ئەوەی ، مرۆڤ هی خودا نەبێت! یان خودا لەڕێی عەقڵی مرۆڤەوە هیچ کارێک نەکات. خودا شانازیی پێ بڕاوە، بەو کارەی کە عەقڵ پێی هەڵدەستێت(God is more honored by what mind does).

شایەنی باسە، سەفەری ڕۆح  لە میدیەمی هونەردا، لە میعمارییەوە دەست پێدەکات و، لەوێشەوە بۆ جۆرەکانی تری هونەر، یەک لەدوای یەک: پەیکەرتاشی، وێنەکێشان، مۆسیقا، شیعر. واتە میعماریی نزمترین جۆری هونەرە و شیعر بەرزترین فۆرمی هونەر. شیعر دوا سات و، بەرزترینە چونکە لە قەید و بەندی فەزا-کات دەرچووە. لە کاتێکدا ئەمە بۆ میعماریی ڕێک پێچەوانەیە. میعماریی سەخت سەخت دەرگیری پلە یەکە لەگەڵ سروشت و ماتەر.[٦] بۆ زانیاری زیاتر لەمەڕ دژە-سروشتبوونیی هیگڵ، بڕوانە وتارێکی ئێمە لە وێبسایتی کولتور مەگەزین.[٧]

 

 

 

پێشەکییەکەی هیگڵ بۆ فەلەسەفەی سروشت

لەڕاستیدا، من کە دەستم بۆ فەلسەفەی سروشت برد، بە تموحی زانینی دیدی هیگڵ بوو سەبارەت بە کات و شوێن(فەزا-کات)؛ بەڵام دوای خوێندنەوەی پێشەکی (ف. س.) بۆم ڕوون بوویەوە کە ناکرێت هەروا ڕاگوزەر بەسەر ئەو پێشەکییەدا باز بدرێت. من پێشەکی (ف. س.) هاوشێوەی ئەو نووسینی ئەو دەستپێکە دەبینم کە هیگڵ بۆ ف. گایست دەینووسێت!

 

سەرەتای (ف. س.) بەوە دەست پێدەکات کە بۆچ لە سەردەمی هیگڵدا، ئیتر وەکو پێشوو، ئەو حەزە بۆ فەلسەفە، نەماوە، وە بە قەولی هیگڵ، پشکی ئەم ڕوو وەرگێڕانەش لە فەلسەفە، بەر (ف. س.) کەوتووە. دەکرێت ئەم خەمە هیگڵییە، واتە بینینی فەلسەفە وەکو زانستە گشتییەکان(common science)، بگێڕینەوە بۆ ئەڕستۆ(بە چاوپۆشین لە هەوڵەکانی ئەدمۆند هۆسرڵ). بڕوانە کتێبی فیزیکا.[٥]

ڕەنگە بکرێت، هۆکارەکانی پشتکردنە (ف. س.)، بە دیدی هیگڵ بۆ٣ هۆکار کورت بکەینەوە:

 

١. زانستەکە کەوتووەتە دەستی کەسانێکی نەشارەزا(unskilled hands)، لەباتی بیرکرنەوەیەکی عەقڵانیی بەکولتورکراو(cultivated).

٢. تێڕوانینی دەرەکی لەسەر ئاستی فۆرم(یان تێگەیشتنی ئەبستراکت لە ئاستی دەرەکیی)، وای کردووە ئینحیراف بکات بۆ ئامرازێکی لەفیکربەدەر و، بیرکردنەوەی موزەییەف.

٣. فەوزەوییەکی تێکەڵ لە تەجرووبەگەرایی خامگەرا(crude empiricism)، کە وای کردووە ببێت بە فیکرێکی بەدەر لە تێگەیشتن(uncomprehended thought).

دواتر هیگڵ دەپرسێت: “ئەوەی کە فەلسەفەی سروشتە چییە؟”؛ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، باشترین میتۆد، جیاکردنەوەی (ف. س.)ە لە بابەتەکەی بەردەستی(subject-matter). وە ئەم دیاریکردنە(مەبەست لێی دایاریکردنی ئەوەی کە (ف. س.) چییە) پێویست بە دوو تێرم دەکات(دوو جۆر لە پەیوەندی):

١. لە ئاستی گشتییدا؛ پەیوەندی (ف. س.) بە زانستەکانی وەکو؛ فیزیا، مێژووی سروشتی، وە سایکۆلۆژی.

٢. بە تایبەتتر؛ پەیوەندی ئەم فەلسەفەیە، بە فیزیاوە. ڕەنگە ئەمە گرنگترینی ئەو خاڵە بێت لە پێویستە لەسەری بوەستینەوە. 

 

 

 

فیزیا و فەلسەفەی سروشت

بە دیدی هیگڵ، (ف. س.) بە ئەندازەی هەر لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی سروشت کۆنە. تەنانەت دەڵێت،(ف. س.) لە فیزیا کۆنترە! هەر بۆیە پێی وایە، فیزیکای ئەڕستۆ، زیاتر (ف. س.) بووە تا فیزیا. چەند دێڕێک پێش ئەمە، هیگڵ وا پێناسەی (ف. س.) دەکات، کە فیزیایەکی عەقڵانییە(rational physics). ڕەنگە هیگڵ هەمان دیدی بۆ فیزیکای ئەڕستۆ هەبێت!

تەنها لە سەردەمی مۆدێرنەدایە کە ئەم دووانە(مەبەست لێی (ف. س.) و فیزیایە) لێک جوودا بوونەتەوە. بەڵام بۆ هیگڵ، ئەم دووانە، زۆریش لەیەکتر دوور نەکەوتونەتەوە، وەکو ئەوەی لە پێشدا بیری لێ دەکرایەوە. (ف. س.) و فیزیا لەیەکتر جیاواز نیین وەکو جیاوازی نێوان دەرککرن و فیکر، بەڵکو هەردووکیان بیرکردنەوە و تێگەیشتنن لە سروشت. ئەوەی جیاوازیان دەکات، بریتییە لە جۆری بیرکردنەوەکە.

هەر بۆیە، دەبێت دەغدەغەی ئێمە، بریتیبێت لە: یەکەم، فیکر چۆن خۆی دەردەخات لە فیزیادا؟ دووەم، سروشت چییە؟ سێیەم، دابەشکارییەکانی فەلسەفەی سروشت چیین؟

هیگڵ لەدوای ئەمەوە، پێشەکیی فەلسەفەی سروشت بۆ دوو بەشی سەرەکیی دابەش دەکات:

١. ڕێگاکانی سەرنجدان لە سروشت

٢. تێگە(چەمک)ی سروشت

 

کۆتایی گوتاری یەکەم

 

 

 

Resources

[1] G. W. F. Hegel, The Encyclopaedia Logic, Part I of the Encyclopaedia of Philosophical Sciences with the Zusatze, A new translation with Introduction and notes by T. F. Geraets, W. A. Suchting, and H. S. Harris, Hackett Publishing Company, 1991, pp, xvi, xvii.

[2] Hegel’s Philosophy of Nature, Part II of the Encyclopaedia of Philosophical Sciences (1830), translated by A. V. Miller, forwarded by J. N. Findlay, Oxford University Press – New York, 2007.

[3] Martin Heidegger, Hegel’s Phenomenology of Spirit, translated by Parvis Emad and Kenneth Maly, Indian University Press, Pp. 2-13.

[4] Werner Heisenberg, Physics and Philosophy: The Revolution in Modern Science, Harper & Brothers Publishers – New York, Pp. 93-109.

[5] Aristotle, The Complete Works, Volume One, Physics, Book I, §2, 185a1, translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye, Oxford, 1950.

[6] Hegel, Introductory Lecture on Aesthetics, translated by: Bernard Bosanquet, Penguin Books, Pp. 4, 34, 90-97.

[7] http://cultureproject.org.uk/kurdish/hegel-als-anti-natural-hawar/

[8] Aristotle, The Complete Works, Volume Two, Metaphysics, Book I, §2, 982b10-25, translated by W. D. Ross, Oxford, 1924.

[9] V. I. Lenin, Collected Works, Vol. 38, Progress Publishers, Moscow 1976, Pp. 180.

[10] Michael Inwood, A Hegel Dictionary, Blackwell Publisher USA & UK, 1992, philosophy of nature(Pp. 194-197), science and system(Pp. 265-268.) 

[11] Glenn Alexander Magee, The Hegel Dictionary, Continuum Philosophy Dictionaries USA-NY, 2010, philosophy of nature(Pp. 155-159), science (Pp. 213-214).

 

 

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌