G. W. F. Hegel

ئێستاش هەر دەجووڵێت


Loading

  • 1

    فینۆمینۆلۆژیای گایستی هیگڵ – و: مایکڵ ئینوود

eppur si muove – ئێپور سی موۆڤێ” گوایە چرپەیەکی ژێرلێویی گالیلیۆیە، لە کاتی دادگاییکرنیدا، بەوەی کە، هەرچەند لەبەردەم دادگادا پەشیمانبوونەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام لە ژێرەوە، دەڵێت: ئێستاش هەر دەجووڵێت، کە مەبەست لێی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆردا.

من ئەم دەربڕینەی گالیلیۆ لە نیشتیمانی خۆی دەخەم و، لە شوێنێکی تر و لە سیاقێکی تردا؛ لە نیشتیمانێکی تردا، دەیچێنمەوە کە باسکردنە لە فینۆمینۆلۆژیای گایستی هیگڵ. فینۆمینۆلۆژیا دوای زیاد لە دوو سەدە، جگە لەو دوو وەرگێڕانەی کە بۆی دەکرێت، دووبارە و سەرلەنوێ، تەرجەمە دەکرێتەوە. وەکو ئەوەی ئێستاش هەر دەجووڵێت و، کاریگەریی خۆی هەیە.

بڵاوبوونەوی دوو وەرگێڕانی نوێی فینۆمینۆلۆژیای گایستی هیگڵ، بە زمانی ئینگلیزی، لە ساڵی ٢٠١٨. ڕێک ئەوەمان پێ دەڵێت، کە هیگڵ، دووبارە دەگەڕێتەوە ناو دونیای ئینگلیز-زمانەکان. هەرچەند پێشتر لەلایەن شیكاركارانه‌وه‌، بە تایبەتتر بێرتراند ڕەسل، پشتگوێ خرابوو[بۆ زانینی زیاتر لەسەر لینکی نێوان تەحلیلییەکان و هیگڵ، بڕوانە پەراوێزەکانی ژمارە ٤ و ٥]. لێرەوە، ئامانجی ئەم تێکستە، وەستانە لەسەر دوا هەوڵی وەرگێڕێکی ئینگلیز-زمانەکان لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحی هیگڵ. لەوێشەوە لاکردنەوەیەکە بۆ وەرگێڕانەکەی د. محەمەد کەمال و، ناهاوڕابوونە لەسەر هەڵبژاردنی وشەی هۆش، لەباتی ڕۆح وەکو ناونیشان بۆ کتێبەکە.

 

  • 2

هێندەی من ئاگادار بم، هەتا ئێستا، چوار وەرگێڕانی ئینگلیزی، بۆ کتێبی فینۆمینۆلۆژیا کراوە، یەکەمین وەرگێڕان ساڵی ١٩١٠ لەلایەن مامۆستا J. B. Baillie یەوە بە ناونیشانی (The Phenomenology of Mind). ئەوانی تر، یەک یەک بەم شێوازەی لای خوارەوەن:

  1. The Phenomenology of Spirit, A. V. Miller, 1977

  2. The Phenomenology of Spirit, Maechal Inwood, May 2018

  3. The Phenomenology of Spirit, Terry Pinkard, August 2018

شایەنی باسە، جگە لە مامۆستا بەیڵی، هەموو ئەوانی تر، (میلەر، ئینوود، پینکارد) هەریەکە تێرمی «Geist»یان بە «Spirit» وەرگێڕاوە. من بۆ «Mind» هۆش دادەنێم و، بۆ «Spirit»یش ڕۆح.

 

  • 3

جێگەی ئاماژە پێدانە کە لەنێو کورد-زمانەکاندا، مامۆستا محەمەد کەمال گایستی بە هۆش وەرگێڕاوە[٩]. ئەوەندەی من ئاگادار بم و مەعریفەم یارمەتیم بدات، ئەوانەی لایان لە هیگڵ کردووەتەوە، جگەلە مامۆستا جەیمس بلاک بەیلی و هێربێرت مارکۆزە(کتێبی عەقڵ و شۆڕش[٨])، کە پێیانوایە مەبەستی هیگڵ لە گایست، هۆش یان عەقڵە، هەموو ئەوانی تر، گایستیان بە ڕۆح تەرجەمە کردووە. پێم سەیرە، کە چۆن مامۆستا محەمەد کەمال، ئەمەی بەسەردا تێپەڕیوە! من باس لە باشی یان خراپیی وەرگێڕانەکەی بەڕێزیان ناکەم(سەرەڕای بوونی تێبینیم لەسەر وەرگێڕانەکەی بەڕێزیان، کە ڕەنگە لە کاتی تر و لە شوێنی تردا لەسەری بوەستمەوە)، وە باس لەوش ناکەم کە چ ڕێزێکی زۆرم بۆ ئەو کارەی بەڕێزیان هەیە و چەند لە لام گەورەیە! بەڵام ناتوانم لەوەدا لەگەڵ بەڕێزیان هاوڕابم، کە گایست (Geist) بکرێت بە هۆش. ڕەنگە ئەگەر وەرگێڕانەکەی بەڕێزیان لەدوای ئەم دوو وەرگێڕانەوە بڵاوببوایەتەوە، ئەو ناونیشانە، ئەمەی ئێستا نەبووایە!

 

  • 4

دەکرێت بەڵگەیەکی تر هەر لەناو خودی فەلسەفەدا، بدۆزینەوە سەبارەت بەو گایستەی کە هیگڵ مەبەستییەتی. ڕەنگە یەکێک لە تازەترین لقی فەلسەفە، بریتیی بێت لە فەلسەفەی هۆش. لەوێدا، کۆمەڵێک کێشە، دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکرێت، کە جیاوازە لە غەمە هیگڵییەکە!

ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت، گەر بڵێین کرۆکی «فەلسەفەی هۆش-Philosophy of Mind» بریتییە لە چەند تەوەرێکی سەرەکیی. ئەوەی کە ئاگایی تەنها پەیوەستە بە مرۆڤەکانەوە، یان بوونەوەر و، بە تایبەتتر ڕۆبۆتەکانیش دەتوانن ساتەوەختی ئاگاییان هەبێت؟! لەمەش گرنگتر، مەسەلەی ئازادیی و ویستی ئیختیارە بۆ ڕۆبۆتەکان. هەتا چەند ئەخلاقییە، ئێمەی مرۆڤ(وەکو خالیق) لەکاتی خەلقکردنی ڕۆبۆتەکاندا، ئازادیی کردار ببدەین بەدەست خۆیانەوە!

خاڵێکی تر، بریتییە لە دوالیزمەی زەین«res cogitans» و عەینی«res extensa» دێکارتیی. ئەوەی کە، چۆن ئاگایی، کە ناماتەرە، نافیزیکیی و سەبجێکتیڤە، کار دەکاتە سەر جەستە، کە ماتەر و ئۆبجێکتیڤ و فیزیکییە! چۆنە ئەم دووانە بوون بە هۆ و هۆکار بۆ یەکتریی!

ئەم مەسەلەیە، هەر لێرەدا ناوەستێت و، پەلدەهاوێژێتە ناو تەکنیکی ڕۆبۆتیک(Robotics) و زیرەکیی دەستکرد(Artificial Intelligence). ئەویش مەسەلەی نەرمەکاڵا«software» و ڕەقەکاڵایە«hardware» لە زانستی کۆمپیوتەردا. کارکردنی کۆدەکان، یەکسانە بە عەقڵ و کاردانەوەشیان لەلایەن هاردوێرەوە، مێتافۆری جەستەیە.

مێژووی فەلسەفەی هۆش لە دێکارتەوە دەستپێدەکات و بە گیلبەرت ڕایڵ و دانییەڵ دێنێت دەگات بە جۆن سێرڵ(John Searle). سێڕڵ پێی وایە، فەلسەفەی زەین بووەتە جێگرەوەی فەلسەفەی تەحلیلیی و ئێستا ئیتر ئیشی فەلسەفە دەرگیربوونە لەگەڵ زیرەکیی دەستکرد و خەلقی ڕۆبۆتی مرۆڤ-شێوەوە. ئەوەی من مەبەستمە، ئەوەیە کە، دەبینین لەم فەلسەفەیەدا، دیالێکتیکی ڕۆحە هیگڵییەکە، ئامادەیی نییە و، باس باسی شتێکی ترە. تەنانەت ئەو ئاگاییەی کە لێرەدا باسی لێوە دەکرێت، ئەو ئاگاییە هیگڵییە نییە، کە مێژووی هەیە و، هەرجارە و بە فۆرمێک خۆی تەجەللا دەکات[بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بخوێنیتەوە، بڕوانە پەراویزی ژمارە ١٢].

 

  • 5

فینۆمینۆلۆژیای گایستی هیگڵ – و: تێری پینکارد

من تێری پینکاردم لەڕێی کتێبی «فەلسەفەی ئاڵمانیی، میراتی ئایدیاڵیزم[٥]»ەوە ناسی. هەر ئەوکات تێگەشتم، کە لەگەڵ هیگڵناسێکی وردکاردا دەرگیرم. شایەنی باسە، پینکارد کۆمەڵێک کتێبی دیکەی هەن لەسەر هیگڵ، لەنێویاندا کتێبێک، بە قەبارەی زیاد لە ٧٠٠ لاپەڕە لەسەر ژیانی هیگڵ. ڕەنگە ئەمە تاکە کتێب بێت لەسەر ژیانی ئەو فەیلەسووفە[بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ژیانی هیگڵ، بڕوانە پەراوێزی ژمارە ٦ و ٧].

هەرکەس سەروکاری لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵدا هەبووبێت و کاری لەگەڵ تێکستی تاقەتپڕووکێنی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا کردبێت. تێدەگات کە ئەو کتێبە، کۆمەڵێک تێرمی ئاڵمانی تێدایە، کە دەبێت بە حەزەرەوە دەستیان بۆ ببرێت. ئەوەی من تێبینییم کردبێت، پینکارد ئاگاداری یەک بە یەکی ئەو چەمکانەیە و، لە پێشەکیی کتێبەکەدا، یەک بە یەک لەسەریان ڕۆیشتووە و شەرحی کردوون[١]. لە خوارەوە هەندێک لەو چەمکانە بە ئاڵمانیی و ئینگلیزیی و کوردیی دەخەمە بەردەست. تێرمگەلی وەکو:

کوردی

ئینگلیزی

ئاڵمانی

ڕۆح

Spirit

Geist

سیستەمی زانست

System of Science

Wissenschaft

چەمک یان تێگە

Concept or Notion

Begriff

ئەخلاقی جڤات

Ethics

Sittlichkeit

ئەخلاقی عەقڵانی

Morality

Moralitat

من نامەوێت، لەسەر دانە بە دانەی ئەو تێرمانە بوەستمەوە، چونکە لە توانای ئەم تێکستە بەدەرە و، لەو ئارمانجەی تێکستەکەی بۆ نووسراوە، دەڕواتە دەرەوە. بەلام لەسەر سێ چەمک گرنگ و جەوهەریی دەوەستمەوە، ئومێد دەکەم لە ئاییندەدا زیاتر بتوانم لایان لێ بکەمەوە.

 

  • 6

یەکێک لەو تێرمانەی هیگڵ بەکاری هێناون، تەنانەت لە چاپی یەکەمی فینۆمینۆلۆژیادا وەکو ناونیشان بەکارهاتووە بریتییە لە تێرمی (Wissenschaft). ئەم تێرمە هیچ بەدیلێکی نییە لە زمانی ئینگلیزییدا. وەرگێڕانی ڤیزنشافت بە زانست (Science) لە ئیشکال بەدەر نییە. ئەو زانستەی هیگڵ مەبەستییەتی، زیاتر زانستە گۆتەییەکەیە، کە زانستە سروشتیی و مرۆڤایەتییەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، نەک تەنها زانستێکی تەجروبیی ڕووت. دیارە دیدی گۆتە(Goethe) ڕوونە، کە دژ بە بە دیدی نیوتنە(Isaac Newton)، هیگڵیش ڕێک لەژێر کاریگەری گۆتەدا، هەمان وشە بەکاردەهێنێتەوە[٢]. ڕەنگە جوانترین وەرگێران بۆ ڤیزنشافت بریتیی بێت لە «سیستەمی زانست». ئەوەی هیگڵ دەیەوێت، دانانی سیستەمێکی فەلسەفییە، کە بەردی بناغەی ئەو سیستەمە، لۆجیکە و، دەرکەوتەکەیشی رۆحی ڕەها.

 

  • 7

هیگڵ سەبارەت بە دەرگیر بوونی سوژە و ئۆبژە، هیگڵ جیاوازی لەنێوان دوو ئۆبژەدا دەکات. ئۆبژەیەک کە ڕووتە و سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، وە هێشتا دەرگیر نەبووە لەگەڵ هیچ سوژەیەکدا، واتە هێشتا ئۆبژەیەکە بۆ خۆی. ئەم ئۆبژەیە بریتییە لە Objekt. بەڵام بە تەداخولکردنی سوژە، ئیتر ئۆبژە ناتوانێت ئۆبژەیی-بوونی موتڵەقی خۆی بپارێزێت. ناچار دەبێت بەرز ببێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر، بۆ ئەوەی بتوانێت پێکەوە لەگەڵ سوژەدا لە مەنزوومە دیالەکتیکییەکەدا، بەردەوام بێت. واتە ئۆبژەیەکە بۆ سوژە. ئەم ئۆبژەیە، بریتییە لە Gegenstand. ئەوەی شایەنی باسە، ئەوەیە کە ئەو جیاوازییەی هیگڵ دەیکات لەنێوان ئەو دوو جۆرە لە ئۆبژە، لە زمانی ئینگلیزییدا تەنها یەک تێرمیان بۆ داناوە کە بریتییە لە Object. وە ئەمە بۆ زمانی کوردییش هەر ڕاستە. ڕەنگە بکرێت ئەگەر بەمشێوەیە دایانبڕێژینەوە، ئەوەی هیگڵ مەبەستییەتی، بپێکێت: Objekt بکرێت بە، ئۆبژە بۆخۆی؛ Gegenstand یش بە، ئۆبژە بۆ سوژە[بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، بڕوانە پاروێزی ژمارە ١١].

 

  • 8

خاڵێک کە دەبێت باسبکرێت، تێرمی ئاوفهێبونگە«Aufhebung» کە ڕۆڵێکی زۆر جەوهەری دەگێڕێت لە دیالەکتیکی هیگڵییدا. وە لەڕاستییدا، داینەمۆ و بزوێنەری سەیروورە دیالەکتیکییە هیگڵییەکەیە. ئاوفهێبونگ خاوەنی دوو مانای پێچەوانەی یەکترە لە زمانی ئاڵمانییدا، بە هەردوو مانای نەفییکردن و پاراستن دێت. وەلێ هیگڵ، ڕێک هاوشێوەی دیالەکتیکییە سێکوچکەیەکەی خۆی، ئەم تێرمەش، بە هەمانشێوە بۆ سێ مەبەست بەکار دەهێنێت. سێ مانای جیاواز، بەڵام دەبێت ئێمە هەرکاتێک ئاوفهێبونگمان بەدیکرد، ئەم سێ مانایە لە زەینماندا بێت:

نەفییکردن، پاراستن، بەرزکردنەوە. شایەنی باسە کە تەنانەت لە زمانی ئینگلیزییشدا، هاوواتایەکی ڕێک بۆ ئەم وشەیە بوونی نییە. وشەکانی (sublate, cancel, resolve, dissolve, abolition, annulment, nullification) هەریەکە دیوێک و لایەنێکی ئاوفهێبونگمان پێدەڵێن، نەک هەمووی[10].

 

 

سەرچاوەکان

 

  1. Hegel, The Phenomenology of Spirit, Translated by: Terry Pinkard, August 2018, See his Introduction.

  2.  Walter Kaufmann, Discovering Mind, Vol I, See Ivan Soll’s Introduction.

  3.  Paul Redding, Analytic Philosophy and the Return of Hegelian Thought, 2007

  4. .Tom Rockmore, Hegel, idealism, and analytic philosophy, 2004

  5.  Terry Pinkard, German Philosophy 1760-1860: The Legacy of Idealism, 2002

  6.  Terry Pinkard, Hegel: A Biography, 2000

  7.  http://hegel.net/en/hegelbio.htm

  8. Herbert Marcuse, Reason and Revolution, 1955

  9. هیگڵ، فینۆمینۆلۆجی هۆش، وەرگێڕانی: د. محەمەد کەمەل، ٢٠١٦

  10. هاوار بەرزنجی، پارمێندیس و هیراکلیتس، تێز و ئەنتی تێز، گۆڤاری لۆگۆس ژمارە ٢، ٢٠١٧

  11.  http://bonyadhomayoun.com/?p=1199

  12.  John Searle, Mind: A Brief Introduction, 2004

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.