ستەم، هەرەمی نییە
نووسین: ئۆدری لۆرد
وەرگێڕ: ئارێز محەمەدی
پێشەکی وەرگێڕ:

لەمڕۆ و لە جیهانی هاوچەرخدا کە نیشاندانی “ستەم” هەندێک جار بووەتە ئامرازێک بۆ هاودەردیی سیمبولیک و “خەبات” زۆرجار لە شێوەی دروشمی نائەنجام لە فەزای مەجازیدا کەمدەکرێتەوە، گەڕانەوە بۆ دەنگی ڕیشەدار و زەقی ئۆدری لۆرد، کردەوەیەکی سیاسی و ئەخلاقییە.
ئۆدری لۆرد، کە خۆی بە ژن، ڕەشپێست، لێزبیەن، دایک، سۆسیالیست، فێمینیست، شاعیر و بیرمەندی ڕادیکاڵ دەناساند، یەکێک بوو لە یەکەمین کەسانێک کە بە هەموو بوونیەوە پێداگری لەسەر ئەم خاڵە دەکرد: ستەمەکان ناتوانرێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە ناتوانرێت مرۆڤەکان پارچە پارچە بکرێن.
لۆرد پێش ئەوەی “ئینتەرسێکشناڵیتی” (تێکەڵبوونی چەوساندنەوەکان) ببێتە چەمکێکی ئەکادیمی، تێیدا ژیابوو و بە وشەکانی لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، هێنابووی.
وتاری “ستەم، هەرەمی نیە”، وتارێکە دژی لۆژیکی پلەبەندی لە تێگەیشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا. لۆژیکی باوێک کە تێیدا، هەندێک لە ستەمەکان “گرنگتر”، “سەرووتر” یان “ڕاستەقینەتر” دادەنرێن و شێوازەکانی تری ستەم، دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەمە هەمان لۆژیکە کە لە زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا چ لە فێمینیزمی لیبڕاڵی سپی پێست، چ لە خەباتی دژە-ڕەگەزپەرستی پیاوتەوەر، چ لە بزووتنەوەکانی LGBTQ+ی زاڵی ڕۆژئاوایی یان دوور نەڕۆین لە ئێرانداو لە بزووتنەوە جۆراجۆرەکان و بەدیدی ناوەندخوازانە و فارس تەوەری و پشتگوێ خستنی نەتەوەی بندەست و پرسی کورد، چەندین و چەندین جار بەرهەمهێنراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە من وەک ژنێک لە نەتەوەیەکی وەک کورد زۆر باش تێدەگەم کە چۆن هەندێک ئەزموون وەک ژن بوون یان کوئیر بوون لە بەستەرێکی نەتەوەیی، پەراوێزخراویی، یان چینایەتیدا سنووردار دەکرێن و لە گوفتومانە چارەنووس سازەکاندا دەخرێنە دەرەوە. چونکە ئێمە هاوکات هەم دەبێت دژی ڕەگەزپەرستی بجەنگین، هەم دژی هۆمۆفۆبیا، هەم دژی سێکسیزم و هەمیش لە دژی داگیرکاری. وە لە هەموو ئەم بەربەرەکانێیانەدا، هێشتاش نەیانەوێت لێت تێبگەن، تەنانەت لەلایەن ئەوانەیش کە لە یەک زمان و یەک نەتەوەشن.
وەرگێڕانی ئەم وتارە بۆ من، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگێک بە زمانی کوردی کە دەتوانێت پردێک بێت لە نێوان ئەزموونە جیاوازەکانی ئێمەدا: لە نێوان ژنانێک کە لە کەمینە نەتەوەیی یان زمانییەکاندا ژیاون، لە نێوان ئەو جەستانەی کە لە نۆرمە جنسیەکان تێپەڕیون و لە نێوان ئەو مێشکانەی کە ڕزگاری نەک بە تاک-ڕێچکە، بەڵکوو بە فرەچین تێدەگەن. لە فەزایەکی وەهادا، ئۆدری لۆرد دەرفەتێکە! دەرفەتێک بۆ بینین و بیستنی ئەوەی کە هەمیشە نەبینراوە و نەبیستراوە.
ئەو لە وتاری “ستەم، هەرەمی نییە”دا بە ڕوونی جەخت دەکاتەوە کە جیاوازی دانان لە نێوان جۆرەکانی ستەم، خۆی شێوەیەکە لە توندووتیژی کە ستەمی دیکە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەو بە جەستەیەکی ڕەش، زمانێکی شاعیرانە و هزرێکی شۆڕشگێڕانە، داوامان لێدەکات کە ستەم بەو جۆرە ببینین کە هەیە: لێکئاڵاو، فرەڕەهەند و بێ سنوورە دەستکردەکان.
هەربۆیە وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ من تەنها کارێکی فکری نییە. ئەم وەرگێڕانە بە کردەوەیەکی سیاسی ناودەبەم. بانگهێشتێکە بۆ ئەوانی تر بۆ بیستنی دەنگێک کە لە قووڵایی پەراوێزەکانەوە هەڵدەستێت. کەواتە با ئەم دەنگە لە زمانی کوردیشدا، لەو نەتەوەیەی کە هاوکات لە چەند بەرەدا دەجەنگن، ڕەنگبداتەوە و خۆیان تێدا ببیننەوە.

من وەک ڕەشپێست و وەک ژنێک لە دایک بووم. ئێستا هەوڵ دەدەم ببمە بەهێزترین کەس کە بتوانێت ئەو ژیانەی پێی بەخشراوە، بژی. هەروەها هەوڵ دەدەم بە ڕێگەیەکدا بڕۆم کە بتوانم یارمەتی دروستکردنی گۆڕانکاری بدەم بۆ داهاتوویەکی شیاوی ژیان لەسەر ئەم زەوییە و بۆ منداڵەکانم.
من هەمیشە خۆم وەک ڕەشپێست، لێزبیەن، فێمینیست، سۆسیالیست، شاعیر، دایکی دوو منداڵ لەوانە کوڕێک و ئەندامی ھاوژینێکی نەتەوە جیاواز، یان بەشێک لەو گروپە دەبینم کە زۆرینە تێیدا من وەک کەسێکی سەخت، لادەر، نزم یان بە زمانێکی سادە، “هەڵە” پێناسە دەکەن.
بەهۆی ئەندامێتیم لە هەموو ئەم گروپانەدا، تێگەیشتووم کە ستەم و قبووڵنەکردنی جیاوازی بە هەموو شێوەیەک و قاڵبێک و ڕەنگێک و سێکسوالیتەیەک دەردەکەوێت. لە نێوان ئەوانەی کە وەک ئێمە ڕزگاری و داهاتوویەکی باشتر و یەکسانتر بۆ منداڵەکانمان ئامانجی هاوبەشیانە، نابێت ستەم پلەبەندی بکرێت. من فێر بووم کە ڕەگەزپەرستی (باوەڕ بە باڵادەستی زاتی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزەکانی دیکەدا و لە ئەنجامدا بە مافی زاڵبوونی) و هێترۆسێکسوالیتی -جیاڕەگەزخوازی (باوەڕ بە باڵادەستی زاتی نموونەیەک لە خۆشەویستی بەسەر هەموو نموونەکانی دیکەدا و لە ئەنجامدا بە مافی زاڵبوونی)، هەردووکیان لە هەمان سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێن کە نەژادپەرستی واتە باوەڕ بە باڵادەستی نەژادێک بەسەر هەموو نەژادەکانی دیکەدا و لە ئەنجامدا بە مافی زاڵبوونی.
دەنگێک لە کۆمەڵگەی ڕەشپێستەکانەوە دەڵێت: “ئۆه، بەڵام ڕەشپێست بوون ئاساییە”. بەڵێ، من و زۆرێک لە کەسانی ڕەشپێستی هاوتەمەنم بە ئازارەوە ئەو ڕۆژانە بە بیر دێنینەوە کە ڕەشپێست بوون ئاسایی نەبوو!
من هەرگیز باوەڕم نییە کە بەشێک لە من لەوانەیە سوود لە ستەمی بەشێکی دیکەی ناسنامەکەم وەربگرێت. دەزانم کە نەتەوەکەم ناتوانێت لە ستەمکردن بۆسەر گروپێکی دیکە کە بەدوای مافی بوونی ئاشتیخوازانەی خۆیان دەگەڕێن، سوود وەربگرێت. بە پێچەوانەوە، ئێمە خۆمان نزم دەکەینەوە کاتێک کەسانی دیکە لەو ناسنامە و مافە بێبەش دەکەین کە خودی خۆمان بۆ بەدەستهێنانی بۆ منداڵەکانمان، خوێنمان داوە. هەموو ئەو منداڵانە دەبێت فێر بن کە بۆ هاوکاری لەگەڵ یەکتر بۆ داهاتوویەک کە هەموویان تێیدا بەشدارن، پێویست نییە هەموویان وەکو یەکتر بن.
هێرشە ڕوو لە زیادبووەکان دژی هاوڕەگەزخوازان تەنها پێشەکییەکە بۆ هێرشی زیاتر دژی هەموو نەتەوەی ڕەشپێست، چونکە ستەم لە هەر کوێیەک لەم وڵاتەدا دەربکەوێت، نەتەوەی ڕەشپێست قوربانی پۆتێنشیالی ئەون. ئەمەش یەکێکە لە پێوەرەکانی سینیزمی ڕاستڕەوانە کە ئەندامانی گروپە ستەملێکراوەکان هان دەدات بۆ کردەوە دژی یەکتر. تا کاتێک ئێمە بەهۆی ناسنامە بچووکە کەسییەکانمانەوە لە یەکتر جیا بمێنینەوە، ناتوانین لە کردەوەی سیاسی کاریگەردا یەکبگرین و هاوهەنگاو بین.
من لە ناو کۆمەڵگەی لێزبیەنەکاندا ڕەشپێستم و لە ناو کۆمەڵگەی ڕەشپێستەکاندا لێزبیەنم. هەر هێرشێک دژی نەتەوەی ڕەشپێست، مەسەلەیەکی پەیوەندیدارە بە هاوڕەگەزخوازانەوە ( چ ژن،چ پیاو)، چونکە من و هەزاران ژنی ڕەشپێستی دیکە بەشێکین لە کۆمەڵگەی لێزبیەنەکان. هەر هێرشێک دژی هاوڕەگەزخوازان مەسەلەیەکە پەیوەندیدارە بە ڕەشپێستەکانەوە چونکە هەزاران هاوڕەگەزخواز ڕەشپێستن. بۆیە هیچ پلەبەندییەک لە ستەمدا نییە.
ئەمە بێ پلان نیە کە “یاسای پاراستنی بنەماڵە” کە بە توندی دژی ژن و دژی ڕەشپێستە، هاوکات دژی پیاوانی هاوڕەگەزخوازیشە. من وەک ڕەشپێستێک دەزانم دوژمنەکانم کێن و کاتێک کۆ کلاکس کلان لە دیترۆیت دەچێتە دادگا بۆ ئەوەی هەوڵ بدات دەستەی پەروەردە ناچار بکات بۆ قەدەغەکردنی ئەو کتێبانەی کە بە باوەڕی ناوبراو “ئاماژەو سەرنجیان بۆ هاوڕەگەزخوازی هەیە”، ئەوکات دەزانم کە لە ئیمتیازی لوکسی خەبات، تەنها لە یەک شێوەی ستەم بێبەشم. من ناتوانم نرخی ئەو باوەڕە بدەم کە ئازادی تەنها مافی گروپێکی تایبەتە. وە لە هەر کوێیەک هێزە جۆراوجۆرەکانی جیاکاری بۆ لەناوبردنی من دەردەکەون، لەم نێوەدا هەرگیز ناتوانم تەنها دەست بۆ هەڵبژاردنی جۆرێک لە ستەم ببەم. چونکە کاتێک ئەوان بۆ لەناوبردنی من سەرهەڵدەدەن، کاتێکی زۆر نابات کە دێنە سەر لەناوبردنی ئێوەش.
پەراوێز:
١. هێتێرۆسێکسیزم (Heterosexism): ئاماژە بە سیستەمێک لە باوەڕەکان و پێکهاتەکان دەکات کە ئاڕاستەی دیگەرجینسخوازانە (هێتێرۆنۆرماتیڤ) وەک “سروشتی” و “باڵادەست” دادەنێت و ئاڕاستە سێکسییەکانی تر ڕەتدەکاتەوە یان سەرکوت دەکات.
٢. کوکلاکس کلان (Ku Klux Klan): گرووپێکی ڕاست-توندڕەو، ڕەگەزپەرست و سپی-باڵادەستە لە ئەمریکا کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە توندوتیژی دژی ڕەشپێستان، جوولەکەکان، کۆچبەران و کەسانی دیگەرباش. ئاماژەی لۆرد بۆ ئەم گرووپە نیشاندەری پەیوەندی نێوان توندوتیژی نەژادی و ڕەگەزییە.
٣. یاسای “پارێزگاری لە بنەماڵە” (Family Protection Act): ئاماژە بە هەوڵە پارێزگارییەکان لە دەیەی ١٩٨٠ی ئەمریکا دەکات بۆ سەپاندنی مۆدێلە نەریتییەکانی بنەماڵە و سنووردارکردنی مافەکانی دیگەرباشان، ژنان و کەمینەکان لە پەروەردە و کەلتووری گشتیدا.
٤. هەرێمی (پلەبەندی) ستەم (Hierarchy of Oppressions): چەمکێکی ڕەخنەگرانەیە کە لۆرد دژی دەوەستێتەوە. ئاماژە دەکات بە مەیلێک لە هەندێک بزووتنەوەدا بۆ پێشخستنی جۆرێکی ستەم (بۆ نموونە ڕەگەزپەرستی) بەسەر ستەمەکانی تردا (وەک سێکسیزم یان هۆمۆفۆبیا) و پشتگوێخستنی تێکەڵبوونی ئەوان.
٥. لێزبینە ڕەشپێستەکان لە دەیەی ١٩٨٠: لەو سەردەمەدا، زۆرێک لە بزووتنەوە فێمینیستییە سپییەکان و هەروەها بزووتنەوە دژە-ڕەگەزپەرستییە پیاوتەوەرەکان، بێ بایەخ بوون بە ئەزموونی تایبەتی ژنانی ڕەشپێستی لێزبیەن. دەنگی ئۆدری لۆرد، ناڕەزایەتییە لەم دووانەسازییانە.
سەرچاوە:
