کاری ناز عەلی عەوڵا
کاری ناز عەلی عەوڵا

قادرمە سوورەکان – ​کوردستان مید


Loading

قادرمە سوورەکان
​کوردستان مید

کاری ناز عەلی عەوڵا
کاری ناز عەلی عەوڵا

​گوێم لە دەنگی دایکم بوو هاواریکرد:
– سۆما! ئەو جلانە لەسەربان بهێنەرە خوارەوە.

قاچەکانم دەلەرزین کاتێک بەسەر قادرمەکاندا سەر دەکەوتم؛ ئەم لەرزە شەش ساڵ بوو لەگەڵم بوو بە بەردەوامی. هەر لەو کاتەوەی کاتێک منداڵ بووین لەگەڵ براکەم کردمان بە شەڕ و بە پاڵێک فڕێیدامە خوارەوە بەسەر قادرمە چیمەنتۆکەدا. ئەمە بۆ هەمووان ڕووداوێکی ناخۆشە ڕوو بدات، بەڵام لێرە شتەکان جیاواز بوون؛ لێرە کارەسات بوو. ئەو ڕۆژە بینینی ئەو خوێنەی کە پێویست بوو شەوی بوکێنی هاوسەرەکەم بیبینێت، تەواوی ژیانی لێ کردبووم بە مۆتەکە.
​کاتێک بەسەر قادرمەکاندا سەردەکەوتم، دەستم بە توندی بە محاجەرەکانەوە دەگرت، وەک ئەوەی بمەوێت ئەو ڕابردووە بسڕمەوە. هەموو کاتێک کە بەسەر قادرمەکاندا سەردەکەوتم، هاوارەکانی ڕابردوو لە مێشکمدا دەزرینگایەوە و هێزی لە قاچەکانم دەبڕی. ئەو کاتەی دایکم بەسەر براکەمدا هاواری کرد:
– ئەی خوایە گیان ئابڕوومان چوو! ئەم کارەساتە چی بوو بەسەر خوشکەکەت هێنا هەی بێمێشک؟ ئەم کچە ئیتر کەس نایخوازێت!
​زۆر بەخێرایی جلەکانم لە تەنافەکە کردەوە و بە وریاییەوە بەسەر قادرمەکاندا هاتمە خوارەوە.

ئەمڕۆ لە قوتابخانە، لە وانەی زیندەوەرزانی جەستەی ئافرەتمان دەخوێند. دوای تەواوبوونی وانەکە لەگەڵ هەردوو هاوڕێ نزیکەکانم، شەیدا و ساکار، لە حەوشەی قوتابخانەکە دانیشتبووین. ئەو شتەی زۆر لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد، ئەمڕۆ دەرفەت بوو بۆ ئەوەی بپرسم:
– کچینە لەدەستدانی پەردەی کچێنی ئێستاش گرنگە لای پیاوی ئێمە؟
​ساکار کەمێک سەری لەقاند و وتی:
– پێم وانییە ئەگەر پیاوێک خۆشی بوێیت گرنگی بەو شتانە بدات، ئێستا کۆمەڵگە وەک پێشتر نەماوە.
شەیدا ڕووی کردە ساکار و وتی:
– نەخێر تۆ هەڵەیت! بێگومان لایان گرنگە تەنانەت ئەگەر بەهۆی ڕووداوێکیش بووبێت، ئەوان هەر تۆمەتبارت دەکەن بە کاری ناشیرین، دوای زەواجیش بەردەوام لە کاتی توڕەییدا باسی دەکەنەوە.

​لە ڕێگەی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، تاکە شت لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد ئەوە بوو: “بەڕاستی ئیتر داهاتووم لە مەترسیدایە؟ ئایا ئیتر کەس نایەوێت بەم شێوەیە من بخوازێت؟” جەستەم شەکەت دەبوو لەگەڵ ئەو بیرکردنەوانەدا. کاتێک نزیک بوومەوە لە ماڵەوە، چاوم چووە سەر کوڕێکی باڵابەرز کە لەوێ ڕاوەستابوو، جگەرەیەکی لەسەر لێوەکانی ڕاگرتبوو. چاوەکانی تێبڕیم؛ نیگای چاوە ڕەش و بادەمییەکانی بۆ ساتێک بە تەواوی لە جیهانی ڕاستی دایبڕاندم و نوقمی خەیاڵی کردم. نیگا بێدەنگەکانی، تەواوی دەنگەکانی گەڕەکەکەی لە مێشکمدا کوژاندەوە. هەستم دەکرد دڵم زۆر خێرا لێدەدات؛ بە هەنگاوی هێواش کەمێک دوور کەوتمەوە لێی.
​کاتێک گەیشتمە بەر دەرگا، کلیلەکە لەناو دەستمدا دەلەرزی. ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە کە ئەو هێشتا لەوێیە؛ ویستم بۆ کۆتا جار بیبینم. بینیم نیگاکانی ئەویش هێشتا لەسەر منن و زەردەخەنەیەکی کرد. ڕوخسارم گەرم داهات، خێرا سەرم داگرت و دەرگاکەم بە هێواشی کردەوە و چوومە ژوورەوە. ماڵمان زۆر قەرەباڵغ بوو پێم وابوو میوانمان هەیە، بەڵام زۆرێک لەو میوانە نوێیانەم نەدەناسی. ژاوەژاو ماڵمانی تەنی بوو دوای کەمێک سەرنجم دا هەندێکیان چەکیان بەدەستەوە بوو. بێ ئەوەی بەخێرهاتنی کەس بکەم، بە هەنگاوی خێرا و دڵەڕاوکێوە لە ڕاڕەوەکە ڕامکرد بەرەو چێشتخانەکە.
بە پەلە و شڵەژاوییەوە پرسیم:
– چی بووە دایکە؟!
دایکم دەستی بە سەرییەوە گرتبوو، پوورەکانم و ئامۆژنم هەوڵیان دەدا ئارامی بکەنەوە. بە قوڕگێکی پڕەوە وتی:
– براکەت دەعمی کردووە و پیاوێکی کوشتووە! ئێستا لە بەندینخانەیە. ئەو ماڵە هەڵیانکوتاوەتە سەرمان و دەڵێن خوێنمان دەوێتەوە!
ئامۆژنم ڕووی کردە دایکم و وتی:
– کەژاڵ! ئەم مانگە با سۆما لای ئێمە بێت، نەک خوانەخواستە تووشی شتێک ببێت لێرە.
دایکم دەستی لەسەر دڵی ڕاگرت، پاشان ڕووی کردە من و بە شڵەژاوییەوە وتی:
– سۆما! خێرا کەلوپەلە پێویستەکانت کۆ بکەرەوە.

​شەو ڕۆشتم بۆ ماڵی مامم ئەوان منداڵیان نەبوو. سبەی کاتێک سفرەی بەیانیم لەگەڵ ئامۆژنم ئامادە دەکرد، ئامۆژنم ئاهێکی هەڵکێشا و وتی:
– بە ناشکوری نەبێت ماڵی بێ منداڵ وەک چۆڵەوانی وایە، کەس نییە پەرداخێک ئاو بداتە دەستمان. منداڵی خۆت نەبێت کێ بەکەڵکت دێت!
​بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵی مامم مامەوە، بەڵام هیچ شتێک نەیدەتوانی وێنەی ئەو کوڕە لە خەیاڵەکانمدا دەربهێنێت. شەو دایکم و پوورەکانم هاتن بۆ ماڵی مامم و لام دانیشتن، دایکم بە هێواشی دەستی بە قژمدا هێنا و وتی:
– ئازیزم، باوکت لەگەڵ ئەو ماڵە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە براکەت خۆش ببن بەرامبەر بڕێک پارە، بەڵام لەگەڵ پارەکەدا داوای ئافرەتێکیش دەکەن بۆ کوڕەکەی تریان؛ تۆ دەتوانیت ژیانی براکەت ڕزگار بکەیت.
هەستم دەکرد بەرچاوم تاریک بووە، بە دڵێکی پڕەوە وتم:
– واتە تۆ دەتەوێت من لەم تەمەنەدا شوو بکەم بە کوڕی ئەو ماڵە دایکە؟!
پوورم ڕوخساری گرژ کرد و سەیرێکی کردم و وتی:
– خۆت بێئەقڵ مەکە سۆما! کوڕەکەیان دەڵێی شازادەیە! کوڕێکی ئاوا بەم حاڵەی ئێستاتەوە چۆن تۆی دەوێت ئەگەر ئەم کێشەیە نەبوایە؟
دایکم سەیری کردم و وتی:
– پوورت ڕاست دەکات کچەکەم؛ سەیر کە کوڕەکەیان گەنج و جوانە، کێ دەڵێت مێردێکی باشیش نابێت بۆ تۆ؟
دایکم وێنەی فەیسبووکێکی نیشان دام و وتی:
– سەیر کە ئەوە کوڕەکەیە.
کاتێک وێنەکەم بینی هەموو گیانم لەرزی! خوایە گیان ئەوە ئەو چاوە بادەمییانەیە کە نیگاکانی تا ئێستاش مێشکمیان داگیر کردبوو! واتە ئەو کوڕەی کە بڕیارە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، هەمان کوڕە کە مانگێکە خەونی پێوە دەبینم؟ بۆ یەکەم جار هەستم کرد چارەنووس کارتێکی بەختی بۆ فڕێداوم.
​دوای کەمێک بە شڵەژاوییەوە وتم:
– بەڵام دایکە من پانزە ساڵم، لێرە دادگا چۆن مارەمان دەکات؟
پوورم بەخێرایی وتی:
– کێشە نییە، ئێوە دەچن بۆ کەرکوک لەوێ بەپێی یاسا ڕێگەپێدراوە.

​بۆ ڕۆژی دواتر کاتێک چوومەوە بۆ قوتابخانە، بابەتەکەم بۆ ساکار و شەیدا گێڕایەوە. شەیدا ڕووی گرژ کرد و وتی:
– خوێنبایی؟! گوێ بگرە سۆما ئەو هاوسەرگیرییە ڕەت بکەرەوە باجەکەی هەرچییەک بێت؛ ئەو وەک هاوسەر سەیری تۆ ناکات تۆ دەبیت بە کۆیلەی.
ساکار بە سەرسامییەوە پرسی:
– وێنەی کوڕەکەت پێیە؟
وتم:
– بەڵێ.
مۆبایلەکەم دەرهێنا و نیشانم دان. ساکار بە پێکەنینەوە وتی:
– ئەی هاوار سۆما! ئەوە ئەڵماسە، بەخت ڕووی تێ کردوویت. کچێ ئەوە لێشتبدات هەر خۆشە! گوێ بگرە، تەنیا پێویستە خاڵی لاوازی هاوسەرەکەت بدۆزیتەوە پیاو هەموویان گەمژەن، ئەو کاتە بە ئاسانی دەتوانیت کۆنترۆڵی بکەیت.
شەیدا مۆبایلەکەی لە دەستم وەرگرت و وتی:
– ئەو کوڕە وتەکانی نیچەی پۆست کردووە، پێت وایە گەمژە بێت؟
ساکار وتی:
– بێگومان! ئەگەر خۆشی ببێتە نیچە، ئەوە لە ئاستی ئافرەتدا هەر گەمژەیەکی ترە.
شەیدا بە نیگەرانییەوە وتی:
– سەیری تەمەنی بکە، ئەو وەک باپیرەت وایە! سی ساڵە.
ساکار وتی:
– سی ساڵ تەمەنێکی زۆر نییە بۆ پیاو؛ پیاو هەمیشە دەبێت لانی کەم دە ساڵ لە ئافرەت گەورەتر بێت.
​سەرم لێ شێوا بوو، پرسیم:
– ئێستا پێویستە من چی بکەم؟ چارەسەری ترم نییە، دەبێت ئەو هاوسەرگیرییە بکەم.
ساکار چاوەکانی زەق کردەوە و وتی:
– واتە تۆ ئەو کوڕەت بەدڵ نییە؟
وتم:
– بۆ نا، بەدڵمە بەڵام… من نازانم ئەو چۆن کەسێکە.
ساکار وتی:
– تەواو، مادام بەدڵتە تەنیا کاتێک هاوسەرگیریت لەگەڵ کرد، وا نمایش بکە کە هەموو شتێک بەدڵی ئەو دەڕوات بەڕێوە؛ ئەو کاتە هەموو شتێک بۆ تۆ ئاسان دەبێت.
​قسەکانی شەیدا وەک چەقۆیەک بە دڵمدا دەهات و دەچوو، بەڵام ئەوەی لە کۆیلایەتی زیاتر لێی دەترسام ئەوە بوو: دەبێت ئەو کوڕە چۆن سەیری من بکات بەو ڕابردووەوە؟ تۆ بڵێی ئەویش منی بەدڵ بێت؟

​دوای هەفتەیەک لەگەڵ باوکم و دایکم و مام و پورەکانم و ئەمیر، چووین بۆ کەرکوک. لە دادگاکەدا بە لاچاوێک سەیری ئەمیرم دەکرد؛ باوەڕم نەدەکرد ئێستا ئەو دەبێت بە هی من! کاتێک دادوەرەکە پرسیاری لێ کردم:
– ڕازیت؟
بە پەرۆشییەکی زۆرەوە وتم:
– بەڵێ!

​ماڵئاواییم لە کەسوکارم کرد. چووینە بەردەمی ئۆتۆمبێلەکەی ئەمیر. ئەمیر دەرگاکەی بۆ کردمەوە و بە هێمنی وتی:
– سەرکەوە خانمەکەم …
خوایە گیان، چاوەکانم فێڵم لێ دەکەن؟! بۆ ساتێک وا هەستم کرد شازادەکانی دیزنیم. کاتێک بەرەو ماڵە نوێیەکەمان دەگەڕاینەوە، بە تەواوی نوقمی نیگا و زەردەخەنەکانی ئەمیر بووم. بە دەستێکی سوکانی ئۆتۆمبێلەکەی گرتبوو، جگەرەیەکیش بە دەستەکەی تریەوە بوو. بیرکردنەوە لەوەی ئەو چۆن بیرم لێ دەکاتەوە، وێرانی دەکردم؛ زۆر هەستم بە کەمیی خۆم دەکرد.
لەپڕ ئەمیر بە زەردەخەنەیەکەوە پرسی:
– پێم بڵێ، چۆن دەمبینیت؟ وەک دوژمن؟
لێوەکانم دەلەرزین و بەپەلە وتم:
– نەخێر، من وەک هاوسەری خۆم سەیرت دەکەم.
پێکەنینێکی نەرم کەوتە سەر لێوەکانی و بێدەنگ بوو. پاشان گۆرانییەکی هەڵکرد و لەگەڵیدا دەیوتەوە:
نازانم چۆن ئاوێتەت بم؟
ئەگەر بەهەشتی، پێم بڵێ، تا کڕنۆش ببەم بۆ گشت خواکان
گەر دۆزەخیشی، پێم بڵێ، تا زەوی پڕ کەم لە تاوان.*

​بیرم دەکردەوە … خوایە گیان، تۆ بڵێی من خەو ببینم؟ نامەوێت لەم خەوە خۆشە خەبەرم ببێتەوە. کاتێک گەیشتینە ماڵەوە، هەنگاومان نا بەرەو ژووری نوستن. ئەمیر دەستەکانی گرتبووم و دەرگاکەی کردەوە؛ سیسەمەکە ڕەنگی سوور بوو، سەر زەوییەکە ڕازێنرابووەوە بە پەڕەی گوڵی سوور.
بە هێمنی بە گوێمدا چرپاندی:
– بەدڵتە؟
زەردەخەنەیەک کەوتە سەر لێوەکانم، هەستم دەکرد ڕوخسارم سوور هەڵگەڕاوە، بە دەنگێکی کز وتم:
– زۆر.

​دوای یەکەم شەو، ئەمیر بە پەنجەکانی قژی بۆ شانە دەکردم. لەبن گوێمدا بە چرپەیەک وتی:
– تۆ دەزانیت خوێنبایی واتە چی؟
کەمێک شڵەژام و وتم:
– واتە کچێک شوو دەکات بە کوڕی دوژمنەکەیان بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتی.
ئەمیر زەردەخەنەیەک کەوتە سەر لێوەکانی و بە هێمنی وتی:
– نەخێر! واتە شۆردنەوەی خوێن بە خوێن؛ بەڵام من کە لەگەڵ تۆ خەوتم، هیچ خوێنێکم نەبینی.
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
– ڕاستە، بەڵام باوکم پێی وتبوویت کە ئەوە ڕووداوێکی منداڵی بووە.
بە هێواشی چەپڵەی لێ دا و بە پێکەنینێکی ترسناکەوە وتی:
– جوان سەیرم بکە؛ من لە گەمژە دەچم بەلای تۆوە؟ لەگەڵ دەیان ئافرەت خەوتووم کە شەوی هاوسەرگیری هەمان ئەو درۆیانەی تۆیان کردووە بۆ مێردەکانیان.
بە ترسێکی زۆر و قوڕگی پڕەوە وتم:
– بەڵام من درۆ ناکەم!
چاوەکانی لە چاوم بڕی و دەستەکانی بە ڕوخسارمدا هێنا و وتی:
– لەوانەیە ڕاست بکەیت، بەڵام ئەم ڕووداوە بۆ تۆ بوو بە پەردە بۆ شاردنەوەی هەڵەکانی داهاتوو، وانییە؟ پێم بڵێ، لەگەڵ چەند کوڕ خەوتوویت؟
​وشەکانی وەک تێزاب دڵمی کون دەکرد. ئەو وێنە جوانەی تا ئێستا بینیبووم، لە چاوتروکانێکدا لەبەرچاوم بوو بە وێنەیەکی ئەهریمەنی. هەموو جەستەم دەلەرزا، بە زەحمەت توانیم بەپێوە بوەستم. هەرچۆنێک بێت هەموو هێزی خۆم کۆکردەوە و زلەیەکم لێدا. ئەمیر هەستایە سەرپێ و بە چاوە سوورەکانییەوە سەیرێکی کردم؛ ئەو چاوانەی نوقمی خەیاڵیان کردبووم، ئێستا نوقمی لەرزیان کردووم. لەگەڵ یەکەم زلەی کە لێیدام، ڕاستەوخۆ بەر زەوییە ڕەقەکە کەوتم، گوێم لە دەنگی ئێسکەکانم بوو. خوێنی لوتم دڵۆپ دڵۆپ کەوتە سەر جلەکانم. پاشان دەستی کردە ناو قژمەوە و هەڵیستاندمە سەرپێ و بە دەنگێکی گڕ و مەرگئاسا وتی:
– ئۆو! وادیارە ئێستا هەندێک خوێنمان بینی. جارێکی تر دەستەکانت لە من بەرز بکەیتەوە وات لێدەکەم ئاوات بە مەرگ بخوازیت. تۆ پێت وایە کێیت؟ تۆ تەنیا ئاوێنەیەکی شکاویت کە مەرگی براکەمی تێدا دەبینم. تۆ لەم ماڵەدا کۆیلەیەکی گوێڕایەڵی منیت. ئەگەر بە یەک وشە دژایەتیم بکەیت، بە برا بێشەرەفەکەتەوە ناوەستم، یەک بەیەک لەگەڵ دایک و باوکتدا دەتاننێرم بۆ دۆزەخ!

​جەستەم بە تەواوی هێزی لێ بڕا بوو. نەمدەتوانی ڕێ لە هاتنەخوارەوەی فرمێسکەکانم بگرم؛ هەستم بە ئازارێکی زۆر توند دەکرد لە سەرمدا بەهۆی ڕاکێشانی قژمەوە. دوای کەمێک پاڵێکی پێوە نام بۆ سەر سیسەمی خەوەکە و ژوورەکەی بەجێهێشت. خوایە گیان، ئایا بەڕاستی من ئێستا لەناو ئەو دۆزەخەدام کە شەیدا باسی دەکرد؟ ئەو کوڕەی خەونم پێوە دەبینی ئێستا خەریکی وێرانکردنی خەونەکانمە؟ ئەمانە هەمووی تاوانی براکەم بوون؛ ئەگەر وەک کچێکی ئاسایی دەربکەوتمایە، دەکرا شتەکان جیاواز بن.

چەند هەفتەیەک تێپەڕی، ئەمیر هاتە بەردەمم و دەستەکانی بە ڕوخسارمدا هێنا و وتی:
– ئازیزەکەم، لە سەربان جۆلانەیەکی جوانم داناوە، دەمەوێت بڕۆین بۆ ئەوێ.
دەستەکانی گرتم و بە قادرمەکاندا ڕێمان کرد. خوایە گیان، نەمدەتوانی بە باشی ڕێ بکەم قاچەکانم هێزیان تێدا نەمابوو، تووشی هەناسەبڕکێ بووم. بە چرپەیەک لەبن گوێمدا وتی:
– ڕابردوو ئازاری هەیە؟ ئیتر هەموو ڕۆژێک دێینە سەربان و لەسەر جۆلانەکە دادەنیشین.
کاتێک لەسەر جۆلانەکە دانیشتین، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی:
– هاوڕێیەکم هەبوو لەگەڵ ژنەکەی زۆر خراپ بوو، زۆرکات لێی دەدا، بۆیە ژنەکەی بڕیاری دا ڕا بکات دەزانیت دواتر چی ڕوویدا؟
سەیرێکی چاوەکانیم کرد و بە دەنگێکی نزم وتم:
– نا.
ئەمیر چاوەکانی لە چاوم بڕیبوو، دەستەکانی هێنا بە پرچەکانمدا و وتی:

– چۆن نازانیت ئازیزەکەم؟ خۆت دەزانیت بۆ کچێک لێرە ڕاکردن کورتترین ڕێگایە بۆ ناو گۆڕستان. هەر دوای ئەوەی ژنەکەی ڕایکرد، باوکی بە خوێنی کچەکەی ئابڕووی خۆی کڕییەوە و کوشتی.
هەستم دەکرد هەناسەدانم قورس بووە. قسەکانی ئەمیر وەک کۆت و زنجیرێک دەست و قاچیان بەستمەوە؛ نەمدەتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانم بکەم. ئەمیر دەستی هێنایە پێش و فرمێسکەکانی سڕیم و ڕووخساری خۆی گرژ کرد و وتی:
– گیانەکەم، بۆچی دەگریت؟ مەترسە من وەک هاوڕێکەم هاوسەرێکی خراپ نیم، تەنیا ئەگەر یاری بە مێشکم نەکەیت.

​ماڵەکەمان بە ڕووکەش خانویەکی مۆدێرن و جوان بوو، بەڵام وەک زیندانێکی تاکە کەسی وابوو بۆ من. ئەمیر بە ڕۆژ دەڕۆشتە دەرەوە و شەوانە دەگەڕایەوە، هەندێک جاریش بە سەرخۆشی. ئەمڕۆ کەمێک زووتر گەڕایەوە ماڵەوە، مۆبایلەکەی لە دەستم وەرگرت بۆ ئەوەی بیپشکنێت؛ ئەمە ئیشی زۆربەی ڕۆژەکانی بوو.
چاوەکانی لە چاوم بڕی و وتی:
– تێلت بۆ دایکت کردووە؟
بە دەنگێکی هێمن وتم:
– بەڵێ، بیرم دەکرد.
هاتە بەردەمم و وتی:
– پرست پێ کردبووم؟
وتم:
– قسەکردن لەگەڵ دایکم پرس کردنی دەوێت؟
بە دەنگێکی بەرز وتی:
– هەموو هەنگاوێکت پرسکردنی دەوێت! بۆت هەیە مانگی یەک جار تێل بکەیت بۆ دایکت، ئەویش کاتێک من لە ماڵەوەم و ئاگادارم، تێدەگەیت لێم؟
بە دەنگێکی کەمێک بەرز و نیگەرانەوە وتم:
– بەڵام تۆ هەرگیز لە ماڵ نیت! من نازانم تۆ خەریکی چیت! تۆ تەنانەت نوێژەکانیشت ناکەیت.
بە هەنگاوی هێواش هاتە تەنیشتم دانیشت، مۆبایلەکەی لەبەردەمم ڕاگرت و بە گاڵتەجاڕییەوە وتی:
– نوێژەکانم؟! ئۆو، بیرم چۆوە تۆ کچێکی زۆر ئیمانداریت. بەڵام با شتێکت بیر بخەمەوە …
مۆبایلەکەمی کردە سەر سناپچاتەکەی ساکار و بە چاوێکی پڕ لە ئارەزووەوە سەیری وێنەکانی ساکاری کرد:
– ئەم کچە کێیە؟ زۆر سەرنجڕاکێشە! پێتوایە ئەویش منی بەدڵ بێت؟ گرەو دەکەم یەک ئاماژەی بدەمێ بە ڕاکردن دێت بۆ لام.
دڵەکوتێیەکی توند دایگرتم، دەستەکانم دەلەرزین. ئەمیر هەرچییەک بێت لە کۆتاییدا هاوسەرم بوو، چۆن دەکرا باسی ئافرەتێکی تر بکات کاتێک من لە تەنیشتییەوە وەستابووم؟ قوڕگم وشک بوو بوو، لێوەکانم دەلەرزین، وتم:
– ئەوە چ قسەیەکە دەیکەیت؟ تۆ هاوسەری منیت!
ئەمیر پێکەنینێکی ساردی کرد و بە خەمساردییەوە سەیری کردم:
– ئاساییە ئەزیزم … مەگەر دینەکەت ناڵێت پیاو بۆی هەیە چوار ژن بهێنێت؟ بۆچی ئێستا دژی دین دەوەستیتەوە؟ ئەگەر بڕیاربێت ژنێکی تر بهێنم، با هاوڕێکەت بێت باشترە، بەو شێوەیە لە ماڵەوە بەیەکەوە یاری دەکەن و بێزار نابن!
​هەستم دەکرد پێش چاوم ڕەش بووە، جەستەم گەرم بووبوو. هەستامە سەرپێ و هاوارم کرد:
– تۆ پیاوێکی زۆر بێشەرەفیت!
دوای ئەوەی هاوارم کرد، ئەمیر بۆ چەند چرکەیەک تەنیا سەیری کردم. بێدەنگییەکی وا ماڵەکەی تەنی کە دەمتوانی دەنگی لێدانی دڵی خۆم ببیستم. پاشان بە هێمنییەکی مەرگئاسا مۆبایلەکەی دانا و هاتە پێشەوە … چاوەکانی زەق کردەوە و بە هێواشی وتی:
– دووبارەی بکەرەوە.
جەستەم دەلەرزا، نەمدەتوانی هیچ وشەیەک بڵێم، قوڕگم وشک بووبوو. ئەمیر دەنگی بەرز کردەوە و وتی:
– وتم دووبارەی بکەرەوە!
بە بێدەنگی وەک پەیکەرێک ڕاوەستابووم. لەپڕ لەگەڵ یەکەم زلەی کەوتمە سەر زەوییەکە. لەگەڵ شەق و لێدانەکانی، خوێن بە دەم و لوتمدا هاتە خوارەوە. بۆ ساتێک جەستەم سڕ بوو؛ هەستم بە ئازار نەدەکرد. دوای ئەوەی شەکەت بوو لە لێدانم، بەجێیهێشتم و بەرەو ژووری نوستنەکە ڕۆشت و خەوت.
بە جەستەیەکی شەکەت و قاچێکی لاوازەوە هەستامە سەرپێ و چوومە بەردەمی ئاوێنەکە. وێنە شێواوەکەی خۆمم دەبینی؛ زۆر بە جوانی یەکی دەگرتەوە لەگەڵ ئەو ژیانەی لەناویدا بووم.

​سبەی کاتێک ئەمیر ماڵەوەی جێهێشت، بەپەلە چوومە سەر جادەکە و تەکسییەکم گرت بۆ ماڵی باوکم. کاتێک لە دەرگام دا، براکەم دەرگاکەی کردەوە، ڕوخساری گۆڕا کە منی بینی و وتی:
– کوا مێردەکەت؟ بۆچی بە تەنیایت؟
وەڵامم نەدایەوە و ڕۆشتمە ژوورەوە. کاتێک بە ڕوخسارێکی شێواوەوە گەیشتمە بەردەمی دایک و باوکم، بە قوڕگێکی پڕ و دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
 من چیتر ناگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵە!
دایکم بەخێرایی هات و لە ئامێزی گرتم و بە گریانەوە وتی:
– یاخوا من بمرم … چیت بەسەر هاتووە کچەکەم؟
فرمێسک بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە و دەستەکانم دەلەرزین. وتم:
– ئەو زۆر خراپە دایکە! هەرچییەک بڵێم لێم دەدات، من ناتوانم چیتر بەو شێوەیە بژیم. توخوا ئەگەر دەتانەوێت بمکوژن بەڵام با نەگەڕێمەوە بۆ لای ئەمیر.
باوکم بە ساردییەوە سەیری کردم و تەنانەت یەک وشەشی نەوت؛ چاکەتەکەی هەڵگرت و ماڵەکەی جێهێشت.
​دایکم کە بینی باوکم ڕۆشت، دەستی لەرزی. ئەو گریانەی سەرەتای گۆڕا بۆ چرپەیەکی سارد و وتی:
– سۆما … کچەکەم … دەزانیت براکەت بە چ حاڵێک لەو زیندانە هاتە دەرەوە؟ هێشتا ڕەنگی گرتووخانەی پێوەیە. ئەگەر تۆ بێیتەوە، ئەوان یان دەیکوژن یان تا دەمرێت دەبێت لە گرتووخانەدا بێت!
کەوتمە سەر ئەژنۆ و باوەشم کرد بە قاچەکانی دایکمدا، فرمێسک بە چاوەکانمەوە نەدەوەستا، بە هەنسکدانەوە وتم:
– توخوا دایکە! دەبێت چارەسەرێک هەبێت، با من نەگەڕێمەوە.
دوای کەمێک پوورم هاتە ماڵمان و دەستی هێنا بە قژمدا و وتی:
– سۆما گیان، سەیر کە ژیانی ژن و مێردایەتی کێشەشی تێدا دەبێت کچەکەم! خۆ هەر پیاو زلەیەکت لێ بدات و بێیتەوە، دەبێت دە شوو بکەیت تا دەمریت!
دایکیشم بەدوایدا وتی:
– کچەکەم پوورت ڕاست دەکات؛ وەڵامی مێردەکەت مەدەوە، ئەگەر جنێویشیدا تۆ هەر بێدەنگ بە.
پاشان بە دەستەکانی ڕوخسارمی پشکنی و وتی:
– ڕوخسارت شوێنەواری هیچی پێوە نییە گیانەکەم، ئەو کێشانە تێدەپەڕن، پیاو هەر وایە.

​بۆ ئێوارە هەرچۆنێک بوو ڕازیان کردم بگەڕێمەوە. پوورم بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی منی گەیاندەوە ماڵەکەمان، ئەو ماڵەی بۆمن لە زیندان ناخۆشتر بوو. ئەمیر دەرگاکەی کردەوە و بە زەردەخەنەیەکەوە وتی:
– بەخێربێنەوە!
پوورم بە هێمنی وتی:
– ئەمیر گیان، ئێوە ژن و مێردن؛ تۆ کوڕێکی تێگەیشتوویت، ڕەفتارت باش بێت لەگەڵ هاوسەرەکەت.
ئەمیر بە بێدەنگی سەیری چاوەکانمی دەکرد، دوای ئەوەی پوورم ڕۆشت، ویستم قسە بکەم بەڵام ئەمیر یەکسەر قۆڵی گرتم وڕاپێچی ژوورەوەی کردم و وتی:
– کەواتە ئێستا تێگەشتیت کە لەم دەرگایە زیاتر هیچ دەرگایەک بە ڕووی تۆدا ناکرێتەوە؟
بە بێدەنگی ڕاوەستام و هیچ وشەیەکم نەوت. ئەمیر دەستەکانی هێنا بە ڕوخسارمدا و وتی:
– دەی ئازیزەکەم، با لەبیری بکەین. تەواو؟ من دیارییەکی جوانم بۆ کڕیویت، دەمەزانی دەگەڕێیتەوە.
هەرکاتێک پێی دەوتم “ئازیزەکەم” من دەمەزانی فێڵێکی تر خۆی لەژێر قسەکانی حەشارداوە و ڕێگایەکی تازە دەگرێتەبەر بۆ ئەشکەنجەدانم. بەڵام لەوە بێپەناتر و ماندووتر بووم کە بتوانم بەرهەڵستی بکەم. بەدەستەکانی چاوەکانی گرتم و بە هەنگاوی هێواش چووینە ژوورەوە، پاشان دەستەکانی لابرد. ژوورەکە پڕ بوو لە گوڵی سوور، پاشان سەیری چاوەکانی کردم و دەستەکانمی بۆ لای لێوەکانی برد و ماچی کرد.
​خوایە گیان، دووبارە نوقمی ئەو نیگا بکوژانەی بوومەوە وەک سەرەتای بینینی. کەوتە سەر ئەژنۆ و گوڵێکی سووری بۆ ڕاگرتم و وتی:
– ئێمە ئاشت دەبینەوە؟
بە گومانەوە لێم دەڕوانی، بەڵام دڵم لەوە لاوازتر بوو بەرگەی چاوەکانی بگرێت؛ دەستم برد بۆ گوڵەکە. ئەمیر هەستایە سەرپێ و بە هێمنی وتی:
– سەیر کە، من دەتوانم هاوسەرێکی باش بم، بەڵام تۆ زۆر یاری بە مێشکم دەکەیت. ئاخر کێ بەرگەی ئەو ڕەفتارانەی تۆ دەگرێت؟ بەڵام کێشە نییە تۆ هەرزەکاریت و من لێت تێدەگەم، بە مەرجێک بەڵێن بدەیت ئیتر ڕاستگۆ بین لەگەڵ یەکتر، باشە؟
بۆ ساتێک گومانم کرد کە منیش بەشێکم لە کێشەکان؛ ڕەفتار و هەڵەشەییەکانم ڕەنگە بووبێتە هۆی ئەوەی ئەمیر بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ بکات. بە بێدەنگی سەرم لەقاند وەک نیشانەی ڕازیبوون. ئەمیر چاوەکانی تێبڕیبووم و وتی:
– ئافەرین کچی باش … بۆچی درۆ بکەین لەگەڵ ناخی خۆمان؟ من لە یەکەم ڕۆژەوە هەموو شتێکم لە چاوەکانتدا خوێندەوە. تۆ لەبەر پاراستنی براکەت هاوسەرگیریت لەگەڵ من نەکرد، تۆ بۆ ئەوە هاوسەرگیریت لەگەڵ کردم چونکە خۆشتدەویستم ئەی وانییە؟
​لەناو نیگا و دەنگە هێمنەکەیدا نوقم بووبووم؛ باوەڕم نەدەکرد کە جارێکی تر زەردەخەنە بە ڕوومدا دەکات. بە دەنگێکی لەرزۆک وتم:
– ڕاستە من تۆم بەدڵ بوو، بەڵام بەو زووییە ئامادەی هاوسەرگیری نەبووم، ئەوە ویستی خێزانەکەم بوو.
ئەمیر برۆکانی بەرز کردەوە و بە چرپەیەک لەبن گوێمدا وتی:
– ئەوە ئەو ڕاستییە بوو کە دەمویست دانی پێدا بنێیت. بەڵام دەتەوێت تۆش گوێت لە ڕاستییەکی ئازاربەخش بێت؟ من خۆشمناوێیت! هەرگیزیش خۆشمنەویستوویت! تۆ بۆ من تەنیا بیرهێنانەوەی ڕابردوویەکی تاڵیت.

ژوورەکەی بەجێ هێشت و پاشان دەنگی دەرگاکە هات، زانیم ڕۆشتە دەرەوە. لەناو دیوارە بێدەنگەکاندا بە تەنیا بەجێمام. بە هەنگاوی هێواش چوومە بەردەمی ئاوێنەکە. خوایە گیان، تۆ بڵێی ئەو ڕاست بکات؟ من باجی هەڵەی براکەم دەدەم؟ یانیش باجی گەمژەیی خۆم؟ سەیرێکی قژە لوولەکەم و چاوە گەورەکانم کرد؛ ئەو چاوانەی کە پێشتر هەموو هاوڕێکانم پێیان دەوتم لە چاوی ئاسک دەچێت … بەڵام وادیارە ئەو چاوانە هەرگیز سەرکەوتوو نەبوون لەوەی ئەمیر بەرەو خۆیان ڕابکێشن. قسەکانی ئەمیر لەناو گوێمدا دەزرینگایەوە. وەک فیشەک بەناو مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد. بۆنی گوڵەکان وەک گازێکی ژەهراوی خەریک بوو دەیانخنکاندم. پاڵم دا بە دیوارە ڕەق و ساردەکەوە، هەستم دەکرد لە ناخەوە پارچەپارچە بووم. جەستەم سڕ و بێهێز بوو؛ وادیار بوو من لەم ژیانەدا وەک وشەیەکی زیادە بووم کە مانای ڕستەیەکی جوانی شێواندووە. چاوەکانم داخست، هیچی تر هێزی گریان و هاوارکردنم نەبوو؛ چونکە وا دیاربوو جگە لە خۆم کەس گوێی لە هاوارەکانم نییە. بەلای ئەوانەوە هاوارەکانم نیشانەی ئازار نەبوون، تەنیا زریکەیەکی بێزارکەر بوون.

​ڕۆژەکان ئاسایی تێپەڕین و بێدەنگ و گوێڕایەڵ مامەوە تا شەوێک ئەمیر بە سەرخۆشی گەڕایەوە ماڵەوە. بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، چووە ناو جێگە و پاش کەمێک بە قوڵی خەوی لێکەوت. ژوورەکە بە تەواوی بێدەنگ بوو، تەنیا دەنگی هەناسە قوڵەکانی ئەمیر و لێدانی دڵی خۆمم دەبیست. بە دەستە لەرزۆکەکانم مۆبایلەکەیم دەرهێنا و بە هێواشی پەنجەیم گرت و بە پەنجەمۆرەکەی مۆبایلەکەیم کردەوە. ترسی ئەوەی لەو چرکەیەدا بەخەبەر بێتەوە، تەواوی گیانمی دەلەرزاند.
​ئەی خوایە گیان، چی دەبینم! و ادیار بوو بە تەواوی ئاڵوودەی کچێک بووبوو؛ کۆمەڵێک وێنەی زۆری لەگەڵ گرتبوو لەناو پارک، ناو ئۆتۆمبێل، ناو ڕێستۆرانت. سەیرێکی وێنەی کچەکەم کرد؛ چاوە سەوزەکانی و قژە خاوەکەی بە ئاسانی دەیتوانی کەسێک پەلکێشی خۆی بکات. بە هێدفۆنەکە گوێم لە نامە دەنگییەکانی گرت؛ دەنگە ناسک و بێخەمەکەی وەک خەنجەرێک دڵمی لەت لەت دەکرد. ئەو خۆشەویستییەی کە ئەمیر منی لێی بێبەش کردبوو، بەو کچەی دەبەخشی؛ دیارییەکانی، پێکەنینەکانی، خۆشییەکانی لەگەڵ ئەو کچە بەش دەکرد. وا دیار بوو تەنیا توڕەیی و خەم و بێزارییەکانی بۆ من بوو.
​بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە چاودێریی جوڵەکانی ئەمیرم دەکرد و بەخێرایی وێنەکانی کچەکەم نارد بۆ مۆبایلەکەی خۆم و سکرین شۆتی چاتەکانیانم کرد. پاشان ئینتەرنێتەکەم کردەوە و هەموو بەڵگەکانم نارد بۆ شەیدا و پێم وت:
– ئەم بەڵگانە ژیانی من ڕزگار دەکەن، تکایە پارێزگارییان لێ بکە؛ ئەگەر هەر شتێکم بەسەر هات، ئەوە تاوانی ئەمیرە و هەردووکیان بدە بە دادگا.

​بۆ بەیانی، دوای ئەوەی ئەمیر لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، لەسەر مێزی نانخواردن دانیشتبوو و وەک هەمیشە بە ساردی سەیری دەکردم. مۆبایلەکەم دەرهێنا و بینیم شەیدا وێنەکانی سەیڤ کردووە؛ بۆیە وێنەیەکی ئەمیر و کچە چاوسەوزەکەم خستە سەر مێزەکە. بۆ چەند خولەکێک بێدەنگ ڕاما بەدیار وێنەکانەوە. ڕەنگی ئەمیر وەک کاغەز سپی هەڵگەڕا، چاوەکانی لە شۆکدا خەریک بوو دەربچن. ویستی بە پەلە مۆبایلەکە لە دەستم دەربهێنێت بەڵام من هەنگاوێک گەڕامە دواوە و بە دەنگێکی ئارام کە خۆشم سەرم سوڕمابوو لەو هێزە، وتم:
– بێسوودە … هەموو وێنە و چاتەکانتان لای شەیدان. پێموتووە ئەگەر تەنیا پەنجەیەکم خوێنی لێبێت، یان مۆبایلەکەم بشکێنیت، هەمووی دەنێرێت بۆ باوکی کچەکە؛ تۆ دەزانیت ئەگەر بۆی بنێرێت چی بەسەر کچەکەدا دێت، وانییە؟ هیچی تر لە مردنی خۆم و ئەو خێزانەش ناترسم کە پشتیان لێ کردووم، بۆیە هەڕەشەکانت بێسوودن.
​ئەمیر وەک ئەوەی هێزی لێ بڕا بێت دانیشت. ئەو پیاوەی دەنگی بەسەر مندا بەرز دەکردەوە، ئێستا لەبەرامبەر ترسی لەدەستدانی کچێکدا دەنگی دەلەرزی. بە دەنگێکی گڕ و نزم وتی:
– پێم بڵێ چیت دەوێت؟
سەیرێکی چاوەکانیم کرد، ئەو چاوانەی چیتر نەیاندەتوانی کوێرانە پەلکێشی خۆیانم بکەن، وتم:
– تەڵاق … دەمەوێت جیابینەوە. تۆ کەسێکی تر لە ژیانتە و لێرەش دۆزەخێکت بۆ من دروست کردووە، من نامەوێت چیتر لەگەڵ تۆ بژیم، تۆش دوای من دەتوانی بڕۆیت و ژیان لەگەڵ ئەو کچە دروست بکەیت.
ئەمیر سەری خستە ناو دەستەکانی و ڕوخساری گرژ کرد و وتی:
– ئەگەر تەڵاقت بدەم، واز لەو کچە دەهێنیت؟
بە ساردییەوە وەڵامم دایەوە و وتم:
– بەڵێ، سوێند دەخۆم هیچ کارێکم پێی نابێت و هیچ کەسێکیش نازانێت.

​ئەو ڕۆژەی کە چووین بۆ دادگا، بەسەر قادرمەکانی دادگاکەدا سەر دەکەوتم … بەڵام ئەمجارە بۆ یەکەم جار دوای هەشت ساڵ قادرمەکان قاچەکانمیان نەدەلەرزاند. چیتر پێویستم بەوە نەبوو دەست بە محاجەرەکانەوە بگرم. لەناو دادگاکەدا بۆ دواین جار ئەمیر سەیرێکی کردم و قەڵەمەکەی بە دوودڵییەوە بە دەستەوە گرتبوو، بە بێئومێدییەوە وتی:
– تۆ دڵنیایت ئەمەت دەوێت؟
هەرگیز لە هیچ بڕیارێکی ژیانمدا بەو شێوەیە دڵنیا نەبووم. بێ دوودڵی وتم:
– بەڵێ، ڕێک ئەوەم دەوێت.
​کاتێک لە دادگا هاتمە دەرەوە، هەناسەیەکی قووڵم هەڵمژی. ئاسمان شینتر دەهاتە بەرچاوم. بۆ یەکەم جار هەستم کرد خاوەنی بڕیاری خۆمم و بۆ ڕزگارکردنی خۆم لەبەردەم هیچ کەسێکدا ناپاڕێمەوە. چیتر نەمدەویست ڕوخسارم بشارمەوە و شەرمم لە خۆم نەدەکرد؛ ئێستا وەک مرۆڤێک، خۆم قبوڵ کردووە، ئیتر بۆم گرنگ نییە ئەگەر تەواوی بوونەوەرەکانی سەر ئەم زەوییە ڕەتم بکەنەوە. 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.