ئایا به‌غدا هێشتاكه دوژمنە؟
ئاكۆ قادر حه‌مه

پێئه‌چێت ناونیشانی ئه‌م وتاره بۆ هه‌ندێك كه‌س سه‌غڵه‌تكه‌ر بێت به‌ڵام ئه‌مه ڕای به‌شێك له بیرمه‌ندان و تیۆرسێنه سیاسی و ده‌ستوورییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و بۆچوونه لای زۆر كه‌س ڕه‌تده‌كرێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه كه پێیان وایه سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ده‌وڵه‌تان له جیهانی ئه‌مڕۆدا زۆر پراگماتی كار ده‌كات و دوژمنی هه‌میشه‌یی و دۆستی هه‌میشه‌ی نییه، یان لانی كه‌م وا مامه‌ڵه ده‌كات كه دۆست و دوژمنه‌كانی زوو زوو ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئه‌مه به ته‌واوه‌تی ڕاست نییه، چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و كولتووری ده‌كرێت زۆر شت له‌نێوان میلله‌تاندا بگۆڕن، به‌تایبه‌ت میلله‌تانێك كه له‌سه‌ر به‌هاگه‌لێكی هاوبه‌ش ڕێكده‌كه‌ون، له‌وانه دۆزینه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی دیكه بۆ پێكه‌وهه‌ڵكردن و سازان، وه‌ك وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه، كه چۆن توانییان دوژمنایه‌تی دێرینه‌ی خۆیان بگۆڕن، نه‌ك پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن به‌ڵكو ببنه یه‌ك یه‌كه‌ی یه‌كگرتوو، به‌ڵام دیسان به دۆزینه‌وه‌ی دوژمنێكی ده‌ره‌كی دوورتر له یه‌كێتێكه‌یان، ڕوسیا و جیهانی ناپێشكه‌وتووی نادیموكرات و گروپه توندڕه‌وه ڕیشه‌خوازه‌كانی ناو ئه‌م جیهانه.
ئێسته میلله‌تانی ئه‌وروپا له‌بری ئه‌وه‌ی دوژمنی یه‌كدی بن له‌سه‌ر كێشه بچووكه سنووری و لۆكاڵییه‌كانیان، یه‌كگرتوون، به‌ڵام دوژمنێكی دوورتریان بۆ خۆیان دروست كردووه، یان لانی كه‌م وا مامه‌ڵه‌ی ده‌كه‌ن، ڕوسیا، له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه ئوسوڵییه‌كانی جیهانی ئیسلامی و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی هه‌ڵگری به‌ها گه‌ردوونییه‌كانی وه‌ك مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه تاكه كه‌سیه‌كان نین.
یه‌كێك له‌هه‌ره بیرمه‌نده دیاره‌كانی بواری سیاسه‌ت و یاسایی ده‌ستووری كه به‌هه‌موو هێزییه‌وه به‌رگری له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر چه‌مكه لیبڕاڵه‌كانی وه‌ك مافی مرۆڤ و دیموكراتیه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و ملكه‌چكردنی هه‌مووان له‌به‌رامبه‌ر یاساكاندا، و بڕوای وابوو كه ده‌وڵه‌ت و سه‌ركرده‌ی هه‌ره مه‌زن له ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له دۆخه له‌ناكاوه‌كاندا یاساكان په‌كبخات و دۆخی ئاوارته بهێنێته ئاراوه و هه‌روه‌ها ئه‌و تاكه كه‌سه باشتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌پارێزێت له په‌رله‌مانێك كه به تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه خاوتره‌وه و بڕیاره‌كانیشی نه‌رمترن، ئه‌و بیرمه‌ند “كارل شمیته”، هه‌م له یه‌ككاتدا شاره‌زایه‌كی قوڵی له سیاسه‌ت و له یاسایی ده‌ستوریشدا هه‌بوو، هه‌م نازییه‌ك بوو تا سه‌ر ئێسقان.
بیرۆكه‌یه‌كی تری مشتومڕئامێزی شمیت چه‌مكی “سه‌روه‌رییه”، لای ئه‌و سه‌روه‌ری ته‌نیا جێبه‌جێكردنی یاسا نییه، به‌ڵكو توانای ڕاگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی یاساشه له دۆخه ئاوارته‌كاندا، ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره ده‌كات سه‌رۆكه، هه‌رچه‌نده ئێمه له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌و چه‌مكه نییه به‌ڵام گرنگه بۆ تێگه‌شتن له دۆخی ده‌سه‌ڵاتی بێده‌وڵه‌تی كورد له باشووردا، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵادارانی ناسیۆنالیستی كلاسیكی كورد هه‌میشه دۆخی كوردی‌یان به ئاوارته بینیوه و هه‌میشه له‌سه‌رووی ده‌زگاكانه‌وه مامه‌ڵه‌یان كردووه، دۆخی كورد له باشووردا له ٣٤ ساڵی ڕابردودا هه‌میشه به ئاوارته مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه، و سه‌رۆكی كه‌ڵته سیاسییه‌كان له‌سه‌رووی یاساكانه‌وه جوڵانه‌ته‌وه.
ئه‌و “چه‌مك”ه‌ی كارل شمیت كه ده‌مانه‌وێت له‌م نووسینه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه بۆ تێگه‌شتن له دۆخی ئێستای مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، چه‌مكی “دوژمنه”، لای شمیت دیاریكردنی “دوژمن” بنچینه‌ییترین كاری هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه، ئه‌و بڕوای وابوو ده‌وڵه‌تان ناتوانن بژین به بێ دیاریكردنی دوژمنه ڕاسته‌قینه‌كانیان، هه‌روه‌ك چۆن ده‌بێت هاوڕێكانت دیاری بكه‌یت.
لای شمیت دوژمن، كه‌سی نییه، هه‌روه‌ك دوژمنكاری سیاسی، دوژمنایه‌تییه‌كی كه‌سی یان ئه‌خلاقیی نییه، به‌ڵكو دوژمن “ئه‌ویترێكی به‌كۆمه‌ڵه” كه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر بوونی سیاسی به‌كۆمه‌ڵیی ئێمه.
واته دوژمن بریتییه له هه‌ر لایه‌نێكی “ناوه‌كی یاخود ده‌ره‌كی” كه ببێته هۆی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسیمان، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌موو ڕكابه‌رێكی سیاسی دوژمن نییه. دوژمن ته‌نیا ئه‌وانه‌ن كه هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه له بوونمان ده‌كه‌ن.
لای ئه‌و سیاسه‌تی لیبڕاڵ به‌س نییه بۆ ژیانی ده‌وڵه‌تان، چونكه مشتومڕه بنچینه‌یه‌كان له‌ناو مشتومڕه‌كانی ئابووری و یاسایی و هتد ون ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌بیر ده‌كات كه سیاسه‌ت له جه‌وهه‌ریدا بابه‌تێكی سه‌ره‌كییه له‌باره‌ی بوون یان نه‌بوونه‌وه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سیاسی، وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك.
بۆیه سیاسه‌تی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك پێویسته ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت كه پارێزگاری له كێ ده‌كات؟ بۆ كێ ده‌جه‌نگێت و بۆ كێ ده‌مرێت؟ و كێش له سیاسه‌ت ده‌كاته ده‌ره‌وه؟
هه‌رچه‌نده بیرۆكه‌كانی شمیت له‌باره‌ی پێویستی دیاریكردنی دوژمنی هه‌میشه‌یی بۆ میلله‌تان ده‌كرێت جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان بێت، و ڕه‌خنه‌ی زۆریشی ئاراسته كراوه له‌و ڕووه‌وه كه سته‌مكاران به ئاسانی ده‌توانن سودمه‌ند بن له‌و بیرۆكانه و بیكه‌نه به‌هانه‌ی له‌ناوبردنی ڕكابه‌ره سیاسییه‌كانی نێوخۆیان و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی دكتاتۆریانه‌یان، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ دۆخی ئێمه كورد سودێكی لێوه‌ربگرین.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شمیت سه‌روكاری له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه و ئێمه‌ش بێ ده‌وڵه‌تین، به‌ڵام وه‌ك كۆمه‌ڵه و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌كرێت گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ین.
كورد هه‌میشه دۆخێكی شلۆقی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و بێده‌سه‌ڵاتیدا هه‌یه، بۆ نموونه له باشوور، به‌درێژای سه‌د ساڵی ڕابردوو، كورد كه‌مترین كات خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ریی خۆی بووه به‌سه‌ر كوردستاندا، به‌ڵام به ته‌واوه‌تیش بێ سه‌روه‌ریی نه‌بووه، له هه‌موو دۆخه‌كاندا به‌تایبه‌ت له دوای هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول له ساڵی ١٩٦١، كورد به “هێز” به‌شێكی كوردستانی له بنده‌ست بووه، به پێی كات په‌لیكێشاوه یان ناوچه‌ی سه‌روه‌ری به‌هێزسه‌پێنراوی كه‌می كردووه.
له خه‌یاڵی گشتی ناسیۆنالیستی كوردییدا، كه له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه له لایه‌ن شاعیران و مێژوونوسانی به‌رایی خۆیه‌وه ڕه‌نگڕێژكراوه، كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌شبووه، چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری كوردستان، “دوژمن”ی مافه‌كانی كوردن، به‌ڵام هیچ كاتێك هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كوردی وه‌ك یه‌ك ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ هه‌موو دوژمنه‌كانی كورد نه‌كردووه، ئێمه له‌م به‌شه‌ی خواره‌وه‌دا ته‌نیا نموونه‌ی شۆڕشی هێزه كوردییه‌كان له باشوور وه‌رده‌گرین كه زۆر “ساختانه” مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دوژمنه ڕاسته‌قینه‌كانی كورددا كردووه.
له ساڵی ١٩٦١ و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی كورد له كوردستانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌غدا وه‌ك دوژمنێكی سیاسی خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستبه‌رداری دوژمنایه‌تی تاران، دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ر ده‌بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی له ١٩٦١ه‌وه تا ١٩٧٥ به‌غدا وه‌ك “دوژمنی سیاسی” كورد و وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی وجودی سه‌ر كورد ده‌چه‌سپێنێت، بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دوژمنه‌دا هاوكاری له هه‌موو دونیا وه‌رده‌گرێت، له تاران دوژمنی ناسیۆنالیستی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات، له ئیسرائیل، له ئه‌مریكا.
جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ درێژه‌دان به دوژمنسازی به‌غدا، هاوكاری له دیمه‌شق و تاران، دوو دووژمنه‌كه‌ی تری ناسیۆنالیستی كورد ده‌خوازێت.
پاشان ئه‌م دوژمنسازییه تا نه‌وشیروان مسته‌فا دێت، نه‌وشیروان مسته‌فا له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا بۆ لۆمۆندی فه‌ڕنسی ده‌ڵێت: ئاواته‌خوازم عێراق ببێته سه‌د پارچه‌وه. به‌غدا وه‌ك دوژمن به بوونی كورد له خه‌یاڵی هه‌موو كوردێكی باشووردا ده‌چه‌سپێت تا ٢٠٠٣.
٩ی نیسانی ٢٠٠٣ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، ئایا به‌غدا دوژمنه یان نا، به فشاری ئه‌مریكییه‌كان به‌غدا ده‌بێته پێگه‌ی دووه‌می جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا. ئه‌مریكییه‌كان پلانیان ئه‌وه‌یه، به‌غدا له دوژمنی وجودی كورده‌وه بكه‌نه شوێنێك بۆ ژیانی پێكه‌ویی كورد و عه‌ره‌ب.
تاڵه‌بانی ده‌بێته سه‌رۆك كۆماری قه‌واره‌ی عێراق، كه ساڵانێك به دوژمنی بینیبوو، مه‌سعود بارزانی ده‌بێت به خاوه‌ن سه‌روه‌ری كوردستانی باشوور و نه‌وشیروان مسته‌فا زۆرینه‌ی خاڵه‌كانی تایبه‌ت به كورد له ده‌ستووردا ده‌چه‌سپێنێت، چركه‌یه‌كه و هه‌مووان له‌وه دڵنیان به‌غدا جارێكی تر بۆ كورد دوژمن نییه.
ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٥ ده‌ستووری عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا، چیتر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌ناو یه‌ك یه‌كه‌ی یاساییدان و دوژمن نین، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكی كه‌م و مه‌سعود بارزانی كه هێشتاكه كوردێكی شۆڕشگێر سه‌رۆكی عێراقه.. ده‌كاته‌وه به دوژمن، ئه‌مجاره له‌بری تارانی دوژمنی وجودی ناسیۆنالیستی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌نقه‌ره‌ی دوژمنی كوردانی باكوور ده‌كاته هاوپه‌یمان بۆ دوژمنایه‌تی به‌غدا.
له‌و كاته‌وه وا نزیكه‌ی ده‌یه و نیوێكه، پارتی دیموكراتی كوردستان به پاڵێشتی دوژمنێكی ده‌ره‌كی كه ئه‌نقه‌ره‌یه، ململانێیه‌كی دوژمنكارانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا دروست كردۆته‌وه. له كاتێكدا به‌غدا لانی كه‌م یه‌ك سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵام به ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازی توركیا له‌سه‌ر خاكی هه‌رێم دروستكراون، سه‌ره‌ڕای ڕاستی هه‌وڵی له‌قاڵبدانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی به عه‌قڵێكی كلاسیكی عه‌ره‌بیی عێراقییه‌وه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی زبری له‌ناوخۆی هه‌رێمدا به‌كارنه‌هێناوه، له‌كاتێكدا ئه‌نقه‌ره پاشان تاران ده‌سه‌ڵاتی زبری خۆیان له ڕێگه‌ی موشه‌ك و درۆنه‌كانیانه‌وه ٣٤ ساڵه زیادی كردووه كه‌می نه‌كردووه، ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه پێناسه‌یه‌كی تر بۆ دۆست و دوژمن بكه‌ینه‌وه؟ و به بارزانی و پارتی دیموكراتیش بڵێین ئیتر ته‌نیا ئێوه نین دوژمنه بوونییه‌وه‌ییه‌كانی كورد له باشوور دیاری ده‌كه‌ن.
