دەستپێک
١. هەوڵی سەرەکیی ئەم تێکستە ئەوەیە بتوانێت دیدێکی جیاواز، سەبارەت بە هیگڵ بخاتە بەردەست، سەبارەت بە دژوەستانەوەی لەگەڵ سروشت. تێکستەکە نایەوێت ڕەخنەیی بێت، ڕەخنەیی بێت بەو مانایەی بیەوێت ڕهخنهی هیگڵ بکات سەبارەت بە دژە- سروشتبوونی ئەو، کە ئێمە لەڕێی خوێندنەوەی تێکستەکانیدا پێی گەیشتووین. هەروەک چۆن نایەوێت پیاهەڵدانیش بێت بۆ ئەو دیدەی.
٢. بۆ تێگەیشتن لە دیدگای هیگڵ سەبارەت بە سروشت، گرنگە لا لە هەردوو چەمکی (ڕۆح و ئازادی) ی بکەینەوە وەکو دوو چەمکی زەرووریی بۆ تێگەیشتن لە سروشتی-هیگڵیی.
لەبری پێشەکیی
٢. هەمیشە غایلهی سەرهکی من، خوێندنەوەی هیگڵ بووە وەکو خۆی. هیگڵێک بەدەر لە هەر شرۆڤه و موتوربەکردنێکی تر. هیگڵێک نە چەپی مارکسیستی، وە نە ڕاستڕەوی دینیی. بێگومان باس لەوەش ناکەم، کە چ غەدرێکی گەورە و نابەجێ لەم بەرەیە کراوە. هەتا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم، تاکە کتێبێکی ئەم گروپەمان بۆ وەرنەگێڕدراوە، نەک هەر وەرگێڕان، بەڵکو ئامادهبوونیشیان تەواولە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکەی ئێمەدا ونه .
٣. ڕەنگە زیادەڕەوەیی نەبێت لەوەی کە گەورەترین غەدر لە مێژووی فیکریی دوای هیگڵدا، لە خودی هیگڵ کرابێت. چ وەکو فەلسەفەکەی، چ وەکو ئەو چەمکانەی بەکاری هێناون. زۆریی گەڕانەوە بۆ هیگڵ، دەلالەت لە زیندوویی فەلسەفەی ئەو دەکات، نەک شتێکی تر. تۆ بڕوانە، ئەوەی هیگڵ ناودەهێنێت، بەزۆریی لەڕێگەی لێكدانهوهكانی کۆژێڤ و هیپۆڵیتەوەیە، یان بە لینک و لەڕێی مارکسەوە، یان ڕەخنەکردنێتی لەڕێی فەلسەفەی نیچەیی-دولوزییەوە. جێی خۆیەتی بپرسین، ئەی هیگڵ خۆی لەم نێوەندەدا چی بەسەر هات؟! خۆی چی دەڵێت و، چی هەیە بۆ یار و نەیارانیی؟!
٤. تۆ بڕوانە و چاو لە مێژووی فەلسەفە بکە، هەر لە ئەفلاتوونەوە هەتا دەگات بە ئەڕستۆ، دیکارت، هیوم، کانت …هتد، هەرکە ویستبێتمان بیانخوێنینەوە، ڕاستەوخۆ ڕۆیشتووینەتە سۆراغی خۆیان و تێکستەکانیان، خۆیان بوون بە تاکە دەربڕی بیر و ئایدیاكانی خۆیان. لە کاتێکدا ئەم شتە بۆ هیگڵ تەواو جیاواز بووە، هیگڵ هەمیشە لەڕێگەی دەستی دووەمەوە خوێندراوەتەوە، هیگڵی مارکسیی و، ژیژەکیی و چی و چی تر.
٥. کەواتە با بهێڵین، هیگڵ خۆی بدوێت، خۆی ببێتە تاکە لێكدهرهوه و وتەبێژی فەلسەفەکەی خۆی. هیگڵناسی ئێرانیی (د. محمد مهدی ئەردەبیلی) گوتارێکی هەیە بە ناونیشانی «تکلم هگل بە فارسی» «هاتنەگۆی هیگڵ بە فارسی» جێی خۆیەتی ئێمەش بڵێین «هاتنەگۆی هیگڵ بە کوردیی» وە بهێڵین هیگڵ وەکو خۆی تەرجومە بکرێتەوە ناو زمانەکەمان و، خۆی زمانحاڵی کوردییانەی خۆی بێت.
٦. ڕەنگە سەختی خودی فەلسەفەکەی هیگڵیش یارمەتیدەری ئەو لێشاوە بێت لە نەخوێندنەوەی لەڕێگەی خۆیەوە و، لە بەرامبەردا، خوێندنەوەی لەڕێی دەستی دووەمەوە.
٧. تۆ بڕوانە چەمکی گایست «Geist» کە هیگڵ لە مەنزوومە فیکرییەکەی خۆیدا بەکاری دەهێنێت، وە لە ڕاستیدا کلیلییترین تێرمی ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە سەیروورە و دیالەکتیکی نەفی و ئیسپاتی ئەو. بەڵام ئەم چەمکە، بەجۆرەها شێوە وەرگێڕانی بۆ کراوە، جارێک بە ئەقڵ، جارێکی تر بە ڕۆح (کە ئێمە پێمانوایە گونجاوترین وەرگێڕانی چەمکی گایستە) – ههروهها زەین، نەفس، هۆش. لە کاتێکدا زۆر بە ئاسانی دەکرا گایست وەکو خۆی دابنرێتەوە و، لە پەراوێزدا ڕوونكردنهوهیهكی مەبەستی هیگڵ بکەین لە بەکارهێنانی ئەو چەمکەدا. زۆر بە سادەیی، هەروەکو چۆن، ئایدیا لای ئەفلاتوون، دازاین «Dasein» لای هایدێگەر، فینۆمینۆلۆژیا لای هۆسڕڵ، وەکو خۆیان دانراون و بەکارهێنراون. بە هەمانشێوەش دەکرێت، گایستی هیگڵیی وەکو خۆی دابنرێتەوە.
ئەی چۆن لە گایستی هیگڵ تێبگەین؟
٨. ڕۆح لەڕێگای دەرەنجامی نەفیکردنەوەی ئەوانەی پێشووی خۆیەوە، پلەیەک لەوانەی پێشوو باڵاترە. ڕۆح لای هیگڵ، بەرزکەرەوەی هەردوو سوژە و ئۆبژەیە لە یەک مەنزومەدا(کە خودئاگاییە). ڕۆحە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئێسقان(ڕۆح ئێسقانە، بە لای منەوە، یەکێکە لە جوانترین گوزارەکانی نێو کتێبی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح(١))؛ بەرزنشین(transcendental)ەو لە هەمان کاتدا ناونشین(immanent). ڕۆح ئەقڵە، بەڵام ئاکچواڵیزە بوو.
٩. ڕۆحی هیگڵیی باڵایی کۆی ئەو مەفاهیمانەی پێشووە کە وەکو ڕۆح بەکارهاتوون؛ نەفیکردن لە هەمانکاتدا پاراستن(نەفیی، پاراستن، بەرزکردنەوە-Aufhebung). هەڵەیە ئەگەر ڕۆحمان بە تەنها وەکو هۆش، زەین، عەقڵ، ئاگایی، گیان وەرگێڕا. هیگڵ بە گوزارشی خۆی، کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی؛ ئەو هەمان چەمکی ڕۆح بەکاردەهێنێتەوە کە لە ئیلاهییاتدا بەکارهاتووە، ڕۆحێک کە ئاینی لە هونەر و هونەری لە فەلسەفهدا نەفیکردووە. بەڕای ئێمە، باشترین چارەسەر بۆ دەرچوون لەم پارادۆکسە، دانانی چەمکی گایستی (ڕۆح – Geist) ئهڵمانیەكهیه وەکو خۆی.
ڕۆح بەرەنجامی ئەو پرۆسهیه کە بە ئاگایی وەکو پۆتێنشاڵ دەست پێدەکات و بە ڕۆح وەکو ئاکچواڵ و ئێستاكێ کۆتای پێ دێت. ڕۆح باڵایی سروشتە، فینۆمینۆلۆژیا تەجەللای ڕۆحە لە مێژوودا، هەرجارە و بەشێوازێک. ڕۆح کۆکەرەوەی سوژە و ئۆبژە، کۆتا و ناکۆتایە.
١٠. ڕۆح لە سەرەتادا پەتییە، ناڕاستەوخۆیە، پۆتێنشاڵە، بوونە-لەنێو-خۆیدا(being in itself)؛ دەبێت ڕۆح لەسەفەرەکەیدا بگاتە قۆناغی خودئاگایی، ببێت بە بوون-بۆ-خۆ(being for itself)، ڕاستەوخۆ، ببێت بە ئاکچواڵ؛ لەیەککاتدا هەم بەئاگا بێت لە بابەتەکە و، لە لایەکی دیکەوە، بەئاگابێت لە خودی خۆی.
١١. ڕۆح خۆی هەتوانی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، وە دەبێت ڕۆح خۆی هەستێت بە چارەسەریی کێم و برینەکانی خۆی؛ وە دەبێت ئەو هەتوانە لە ناوەوە ئاڕاستە کرابێت نەک لە دەرەوە.
ڕۆح وەکو هەڵگر و یەکخەری کۆی ناکۆکییەکان؛ لێرهوه پێویسته ڕۆح پلەیەک لە نێگەتیڤیتەی خۆی هەڵگرتبێت؛ بڕێکی نا-سفر لە نێگەتیڤ (دەکرێت ئەم دیدە پەرەی پێ بدرێت بۆ خوێندنەوەی فیزیای کوانتەمیی)، بۆ ئەوەی پڕۆسه دیالێکتیکیەکە لە جووڵە بەردەوام بێت؛ لە پۆزەتیڤەوە بۆ نەفی، لەوێشەوە بۆ نەفی-نەفی.
ڕۆح بەرهەمی کۆی ئەو هەنگاوانەی پێشووە کە تەی کردووە، بەرهەمی ڕابوردووی خۆیەتی؛ ڕۆح لەناو مێژوودایە. لە ململانێی نێوان ماتەر و سروشتدا، ڕۆحە یەکلاییکەرەوەی ناکۆکییەکان. ڕەنگە جوانترین و گونجاوترین پێناسە بۆ گایستی هیگڵیی کرابێت، هەر ئەو دێڕە کورت و پڕ مانایەی مارتن هایدێگەر بێت، لەو وانانهی کە لەنێوان ساڵانی (١٩٣٠-١٩٣١)دامهڕ شرۆڤهی فینۆمینۆلۆژیا لە زانکۆی فرایبۆرگ پێشکەشی کردوون . هایدێگەر گایستی هیگڵیی دەبەستێتەوە بە (لۆگۆس) ی گریکەوە و دەڵێت: «Geist is λόγος» ڕۆح لۆگۆسە(٢). شایەنی باسە، ئەم کتێبە بریتییەلە بەرگی ٣٢ لە کۆی ههشتاو ههشت بەرگ، لە کۆ بەرهەمی مارتن هایدێگەر.
ئازادی
١٢. ماهییەتی ڕۆح ئازادییە، مێژووی ڕۆحیش بریتییە لە ڕووبەڕوو بوونەوە، بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆی؛ بۆ هیگڵ، مێژووی جیهان، پەرەسەندنی ئاگامەندیی مرۆڤە سەبارەت بە ئازادیی. ئەم سەفەرە لای ڕۆژههڵاتیهكانهوه دەستپێدەکات. بەڵام ئەم ئازادییە ئازادییەکی سەرەتاییە و تەنها تاکە کەسێک (کە فەرمانڕەوایە) ئازادە؛ دەرەنجامی ئەمەش جگەلە تاکڕەویی و دڕەندەخویی فەرمانڕەوا هیچی تری لێ ناکەوێتەوە.
کێشەکە لای هیگڵ ئەوە نییە ئازادی بۆ یەکەمینجار لە کوێدا سەریهەڵداوە؛ بەڵکو گرنگتر لەوە، ئاگامەندییە بە ئازادیی. هەربۆیە لای هیگڵ، یۆنانییەکان یەکەمین نەتەوەن کە سەبارەت بە ئازادیی ئاگامەندن. بەڵام یۆنانییەکان هاوشێوەی ڕۆمییەکان تەنها ئەوەیان دەزانی کە هەندێک لە مرۆڤ ئازادە، نەک مرۆڤ بەشێوەی گشتی. تەنانەت هیگڵ لەوە دوورتر دەڕوات و ڕەخنەی ئەفلاتوون و ئەڕستۆ دەکات کە ئەوانیش ئەوەیان نەزانیوە. بۆ یەکەمین جار بەهۆی مەسیحییەتەوە، جێرمانەکان، لەوە بە ئاگا دەبن، مرۆڤ وەکو مرۆڤ بەگشتی و بە سروشتی خۆی ئازادە.
بایەخدانی هیگڵ بە ئازادیی، بە جۆرێکە، هەندێکجار مرۆڤ لە خوێندنەوەی فەلسەفەکەیدا، کەباس دێتە سەر ڕۆح و ئازادیی، هەستدەکەیت ئەو دوو تێرمە بۆ هیگڵ، هاوواتای یەکترن و بۆ یەک مەبەست بەکارهاتوون. بۆ ئـەو، ئامانج و جەوهەری ڕۆح، ئازادییە. بە ڕای من، هیگڵ ئەمەی لە شێڵینگی دۆستییەوە وەرگرتووە، کە پێی وایە، سەرەتاو کۆتایی هەر فەلسەفەیەک، بریتییە لە مەسەلەی ئازادیی (٣).
هیگڵ وەکو فەیلەسوفی دژە سروشت
١٣. دژە سروشتبوونی هیگڵ لە کوێدایە؟ بۆچی ئێمە پێمان وایە فەلسەفەکەی ئەو، نەیاری سروشتە و هێند سەرسەختە بەرامبەر بە سروشت.
جیاواز لە فەیلەسوفەکانی تر، کە سروشت وەکو فهرمانێكی پیرۆز چاولێدەکەن (فەیلەسوفە ترادیشناڵیستەکان، بە نموونە؛ ڕێنێ گوێنون، فریتۆف شوان… هتد) بهڵام بۆ هیگڵ ئەم کارە ڕێڕەوێکی تر وەردەگرێت. هەرچەندە سروشت بۆ هیگڵ ئهو ناوهندهیه که دهبێت ڕۆح پێیدا گوزەر بکات لە جوڵە دیالێکتیکیەكهیدا؛ هاوکات لینکی بەیەکگەیاندنی لۆجیک و ڕۆحیشە. بەڵام سروشت نابێت ببێتە لەمپەر لەبەرامبەر گەشەی ڕۆحدا.
هیگڵ هەر لە سروشتدا نامێنێتەوە، بەڵکو لەوە زیاتر دەڕوات بۆ ئەوەی بگات بە ڕۆح. بۆ هیگڵ سروشت دیوێکی سەختی هەیە و ڕێگرە لە بەرامبەر ئازادییدا. کەش و هەوای سارد و گەرم، ڕێگە بە مرۆڤ نادات بە ئازادیی ئەملاوئەولا بکات. بە قەولی خۆی، ئاو و هەوای سەخت، لەگەڵ ڕۆحی ئازاددا ناسازگارە.
به پێچهوانهی ئایدیاڵیستهکانی ترهوه، سروشت لای هیگڵ پشتگوێ ناخرێت، سروشت بۆ هیگڵ ئهو ناوهندهیه که ڕۆح دهبێت پێیدا سهفهر بکات، کاروانسهرای ڕۆحه له کاتێک له کاتهکاندا؛ له ساتێک له ساتهکاندا ڕۆح دهبێت به ئێسقان و لهوێدا خۆی تهجهللا دهکات. سروشت لینکی پهیوهندی نێوان لۆجیک و ڕۆحه.
١٤. ئەوەی بۆ هیگڵ مایەی گرنگیی پێدانە، مەسەلەی تەجەللابوون و تەوزیفبوونی رۆحە، لە کایە جیاوازەکانی مەعریفەی مرۆڤایهتیدا، هەر لە یەقینی هەستەکییەوە«Sense-Certainty» بۆ ئاگایی، خودئاگایی، ئەقڵ، ڕۆح، هونەر، دین، فەلسەفە و یەقینی ڕەها. لە ساتێک لە ساتەکاندا، ڕۆح دەبێت خۆی لەڕێگەی سروشتەوە دەربخات و خۆی ئاکچواڵایز (ئێستاكێ) بکاتەوە. بۆ هیگڵ میانجیگەریی«Medium» و ناڕاستەوخۆیی زۆر گرنگە. سروشت دەبێتە ئەو میدیەمەی کە ڕۆح دەبێت خۆی تێدا ببینێتەوە، دەرگیری ئەو سنوورانە دەبێت کە سروشت وەکو ماتەر بۆ ڕۆحی دادەنێت. سروشت نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئاکشنەکانی ڕۆح.
بەڵام سروشت ئەمە ناکات و قسەی خۆی هەیە. سنوور و سەختی خۆی هەیە. بە گوزارشی خۆی، کەش و هەوای سارد و ژینگەی هەوراز و نشێو، ڕێگر دەبن لەبەردەم جوڵەکانی مرۆڤ و ناهێڵن بە ئازادیی بسووڕێتەوە. ئازادیی بۆ هیگڵ، بەجۆرێکە هەندێکجار لە نێوان ڕۆح و ئازادییدا، لێت تێکدەچێت مەبەستی کامیانە. ئازادیی وەکو دوا مەقامی ڕۆح، نابێت هیچ شەرعییەتێک بیوەستێنێت، وە لەنێویاندا خودی سنوورەکانی سروشت.
١٥. سروشت لای هیگڵ، نەتوانکارە لەوەی زمانحاڵی خۆی بێت. ئەوەی بەم کارە هەڵدەستێت، بریتییە لە فەلسەفەی سروشت (Naturphilosophie). واتە ڕۆح لە ڕێگەی Naturphilosophie یەوە، دەگاتەوە بە سروشت و، لە ڕێیەوە، ڕۆح دەتوانێت ئارمانجی سروشت ئاراستە بکات(٤).
١٦. نەک هەر ئەمە، هیگڵ له پشهكیی ئەو لێکچەرانەی (وانه) کە لەسەر فەلسەفەی ئیستاتیکا پێشکەشی کردوون؛ لە نێوان جوانی سروشت و جوانی هونەردا، دووەمیان هەڵدەبژێرێت. ئەو پێی وایە، جوانی هونەر بەرزترە لەو جوانیەی لە سروشتدا هەیە، چونکە هونەر بەرهەمی ڕۆحە و، ڕۆحیش پلەیهک باڵاترە لە سروشت و دەرکەوتەکانی (٥).
بە بیانووی کۆتاقسە
دووبارە سەرەتا
١٧. هەردەبێت ئاگایی ببێت بە خود-ئاگایی؛ هەردەبێت ئاگایی لە بوون-لەنێو-خۆوە(پۆتێنشاڵ) ببێت بە بوون- بۆ-خۆ(ئاکچواڵ)؛ ئازادیی لە سەفەرەکەیدا هیچ پەلەی نییە، گوێی لە قسەی ئەم و ئەو نییە، سەفەری ئەو سەفەری ڕۆحە بە ناوەندە جیاوازەکاندا، بە سروشتیشهوە. سەیروورە (پڕۆسه) خاسیەت ئاو و ئاگری هەیە، هاوشێوەی ئاو ناوەستێت، هاوشێوەی ئاگریش ئەوانی تر لە خۆیدا نەفی دەکات و لە خۆیدا هەڵیاندەگرێت. کونەپەپوو لە کاتێکدا نێچیری خۆی ڕاو دەکات، کە ئەوانی تر هەموو نوستوون؛ هەموو کاری خۆیان تەواو کردووە، ئەم دێت و کۆتا خاڵی ناکۆتایان لەسەر دادەنێت.
تهواو
سەرچاوەکان
-
Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated By: A. V. Miller, Pp. 208.
-
Martin Heidegger, Hegel’s Phenomenology of Spirit, Translated By: Parvis Emad and Kenneth Maly, Pp. 182-183.
-
German Idealism (1760-1860) the Legacy of Idealism, Terry Pinkard, Pp. 173.
-
Hegel, Introductory Lectures on Aesthetics, Translated By: Bernard Bosanguet, Ch. 1, Pp. 4.
-
German Idealism (1760-1860) the Legacy of Idealism, Terry Pinkard, Pp. 268