Time - كات - Zeit

سەبارەت بە کات کاتی ڕووت، کاتی بێ خستنەسەر، کاتی بێ پێشگر و پاشگر


Loading

کات دەناسمەوە هەتا ئەو کاتەی کەس پرسیارم لێ نەکات لە بارەیەوە؛ بەڵام هەرکات بمەوێت ڕوونی بکەمەوە بۆ کەسێک کە پرسیاری لێوە کردووم، ناتوانم.” .. قەشە ئاگۆستین

 

یەک

ئەگەر بڕیاربێت، گریک لە زۆربەی مەسەلە فەلسەفییەکاندا قسەی یەکەمی کردبێت، ئەوا دەبێت سەرەتای فۆرمەلەبوونی فیکری ئادەمیی سەبارەت بە مەسەلەی کات، هەر لێرەوە سۆراغ بکەین.

ڕەنگە زینۆی ئیلیایی یەکەمین فەیلەسوف بێت کە کات بووبێت بە مەسەلە بۆی (لێرەدا مەسەلە مەبەست لە کێشە و بە گیروگرفتکرنە)، وە لە ئارگیومێتەکانییدا دژ بە بزاوتن بە کاری هێنابێت. بەکوردیی و بەکورتیی، ئیستیدلالەکەی ئەو دەڵێت: “ناتوانرێت ناکۆتا خاڵ، لە کاتێکی دیاریکراودا تێبپەڕێنرێت!”[١] لێرەوە بۆ یەکەمین جار، مرۆڤ لە ڕێگەی شوێنەوە هەوڵی تێگەیشتن لە کات دەدات و، کات هاوشێوەی ئۆبژە، بە شت دەکرێت. خاسییەت-پێدانی شوێن بە کات، دواتر لە فیزیای نوێدا سەرهەڵدەداتەوە و دوانەیی فەزا-کات دروست دەکات. ڕەنگە یەکەمین کەس، هەوڵی دابێت کات و شوێن (فەزا-کات (space-time) بە زمانی فیزیای نوێ) گرێبدات، زینۆی ئیلیایی بووبێت. ئەو، کات بەکار دەهێنێت بۆ سەلماندنی نەبوونی جووڵە لە شوێندا.

تابلۆ؛ زینۆ ئیلیا ده‌رگای ڕاستی و درۆ نیشانی گه‌نجان ده‌دات ..

دوو

سەیروسەمەرەیی کات لەوێدایە کە زینۆ بەکاری دەهێنێت دژ بە جووڵە و، کەچی ئەڕستۆ بەهۆی جووڵەوە کات پێناسە دەکات! ئەڕستۆ دووەمین کەسە کە لا لە مەسەلەی کات دەکاتەوە. ئەو لە فیزیکا(کتێبی ٤، چاپتەری ١٠[٢]) [ بۆ زیاتر ئاشنابوون بە سروشناسیی ئەڕستۆ، بڕوانە سێ وتاری ئێمە لەسەر فیزیکا، لە وێبسایتی فیزیا بۆ کورد [٣]]، بە ڕوونیی چەمکی کات بەکار دەهێنێت و، لەدوای، شوێن و بۆشاییدا، دیراسەی دەکات. ئەگەر بە زمانی فیزیای نوێ قسە بکەین، فەزا-کات و بۆشایی. لەوێدا ئەڕستۆ بۆ تێگەشتن لە کات، پەنا دەباتەوە بەر جووڵە و، دەبێتە مەرجی پێشوەکیی دیدە ئەڕستۆییەکە بۆ کات. کەواتە بۆ ئەڕستۆ کات بە جووڵە کراوە، یان دەکرێت تێرمەکە ئاوا دابڕێژینەوە: کاتە-جووڵە، جووڵە-کات.

 

سێ

جووڵە بۆ ئەڕستۆ “دەرچوونە لە حاڵەتی پۆتێنشاڵەوە بەرەو ئاکچواڵ.” بە جووڵەکردنی کات و، مەدەد خواستن لە جووڵە بۆ شەرحکردن و تێگەشتن لە کات، لە کێشە بەدەر نییە و، گیروگرفتی خۆی هەیە. دەکرێت بپرسین کات پۆتێشناڵە یان ئاکچواڵ؟! یان سەیروورەی ئەو دووانەیە پێکەوە؟! ئەگەر ئەو کاتەی ئێمە ئەزموونی دەکەین، کاتێکە و ئاکچواڵیزە بووە(بەو حوکمەی پۆتێنشاڵ هێشتا خۆی دەرکەوتە نەکردووە)، کەواتە کات شت نییە و، نابێت بە بوونەوەر پێناسە بکرێت. ئەم خاڵە یەکێکە لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە ئێمە گرنگە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەین. چونکە دیدی گریک، بۆ خیلقەت دیدێکی سیمبووڵیکە، ئەوان وەکو بوونەوەر مامەڵە لەگەڵ سروشتدا دەکەن. کاتێک ئۆدیسیوس لە سەفەرەکەیدا دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئاودا بەشەڕ دێت. ئەو وەکو مەخلوق مامەڵە لەگەڵ ئاودا دەکات.

کێشەی بە جووڵە دانانی کات، هەر لەمەدا خۆی نابینێتەوە، چونکە خودی جووڵە ئاماژەیەکە بۆ ناکامڵیی! هەر شتێک کە دەبزاوتێت، تیرێکە و بەرە و کەماڵ-چوونە ئاڕاستەکەی. کەواتە دەبێت کات ناکامڵ(ناتەواوکۆ) بێت و، لە هەوڵی لە-خۆ-کامڵکردندا بێت! ئەگەر کات ئاڕاستەی هەیە، ئایا ئەو ئاڕاستەیە، هەر ئاڕاستە تەقلیدییەکەیە؟ تیرێکە و، لە ڕابردوودا هاوێژراوە و، ڕووە و داهاتوو بۆ نەزانراو پەل دەهاوێژێت؟!

کێشەکان هەر ئەمە نیین، لەحزەی دەستپێکی کات، موعەممایەکی تری باسەکەیە و من تەنها لایەکی بچووکی لێ دەکەمەوە. ئەگەر لە فیزیادا لەگەڵ ساتی تەقینەوەی یەکەمین پارتیکڵ، فەزا-کاتی لێ بکەوێتەوە، ئەوا باسکردن لە کاتی ئەو پارتیکڵە بێ مانایە. عەقڵی کانتیی، ناتوانێت لە سینگیولاریتی(Singularity) تێ بگات. چونکە، بۆ کانت، کات و شوێن دوو ئەمرن پێشوەکیی(a priori). ئێمە بۆ ئەوەی لەو ساتە  تێبگەین، دەبێت ئەو دووانەمان پێشتر بە مەرج گرتبێت، لە کاتێکدا تەقینەوەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو دایمێنشنە و پێشتر بوونیان نییە.

چوار

لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا، ئەوەی دەیەوێت لەم میراتە گریکییە دووربکەوێتەوە و، تەفسیرێکی جیاوازی کات بکات، هێنری بێرگسۆنە. بێرگسۆن کات لەگەڵ شوێندا دیراسە ناکات، بەڵکو کات وەکو کاتی ڕووت، نەک کاتی بەشوێن-کراو، یان کاتی بە جووڵەکراو. لە راستییدا ئەوەی من دەمەوێت هەر ئەمەیە، کاتێک بەدەر لە هەر پێشگر و پاشگرێک، کاتی ڕووت، (کات)ێک کە بۆ پێناسەکردن و لێتێگەیشتنی، هەوڵنەدەین پەنا ببەینەوە بەر هیچ زیادخستنە سەرێک!(شوێن بە نموونە) من دوای گەڕانێکی زۆر، تێگەیشتم لە میراتی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا، تاکە کەسێک کە ئەمکارەی کرووە، هێنری بێرگسۆنە. بەڵام تێگەیشتن لە بێرگسۆن هەروا ئاسان نیییە! بوونی زمانێکی چڕ و ئاڵۆز، هێنانەوەی تێرم لەدوای تێرم و پێناسەکرنی چەمکێک بە چەمکێکی تر، وا دەکات دەرگیربوون لەگەڵ بێرگسۆندا، هەر وا ئاسان نەبێت! سەختیی بێرگسۆن لەوێدایە، کە دێت شتێکت بۆ پێناسە بکات و ڕوونی بکاتەوە، ناڕوونییەکی تر زیاد دەکات!  وەرە تۆ زمانێک بەو ڕادە چڕیی و ئاڵۆزەت هەبێت، باس لە مەسەلەیەکی سەخت و دژواری وەکو کات بکەیت! ئەمە ناو دەنێم، دوانەیی زمان و زەمان!

 

چەمکگەلی وەکو (,Duration, Conscientious, Matter, Image, Memory, Intuition, Free will) بۆ فەلسەفەی بێرگسۆن، چەمکی حەیاتیین و، پێویستە خوێنەر بە حەزەرەوە دەستیان بۆ ببات.

پێنج

ئەو  بۆ دەرچوون لەو بۆشاییەی کە نەبوونی شوێن دروستیدەکات، پەنا دەباتە بەر حەدس(Intuition). نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەو لەباتی کات(time) تێرمی ماوە(دەیمومە) یان دیورەیشن(la durée) بەکار دەهێنێت. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵەی بێرگسۆن، کەچی هێشتا مارتین هایدێگەر پێی وایە هەر لەنێو میراتە  گریکییەکەدا ماوه‌تەوە[٤]. لای بێرگسۆن کات شت نییە(دژ بە دیدی گریک) و دەبێت وەکو پرۆگرێس چاوی لێ بکەین. نەک هەر کات، بەڵکو چەمکێکی جەوهەریی وەکو وێنە(Image) کە ژیل دۆڵۆز سوودی لێوەردەگرێت بۆ تێگەییشتن لە سینەما، بۆ ئەو زیاتر تەجەللایە نەک شت.[٥]

ئێمە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی دیورەیشن لای بێرگسۆن ناچارین لە هەردوو چەمکی حەدس و ئاگایی(Consciousness) تێبگەین. ئەگەر بۆ کانت هەردوو کاتیگۆری شوێن و کات، ئەمرێکی پێشوەکیی بن، بۆ مەعریفە، ئەوا بۆ بێرگسۆن حەدس و ئاگایی ئەو ڕۆڵە دەگێڕن بۆ تێگەیشتن لە مەسەلەی کات.

كات – دوورییه‌كان

ئەمە هەر لێرەدا ناوستێت و، پەل دەکێشێتە ناو مەسەلەی عەدلی ئیلاهیی(سیۆدیسیی-Theodicy) کە ئێمە نامانەوێت لێرەدە لەسەری بوەستینەوە. بێرگسۆن بە ڕەخنەکردنی کانت، پێیوایە بەشوێنکردنی کات جۆرێکە لە جەبر و، ئازادی ئیرادە(Free will) ناهێڵێت. نەک هەر ئەمە، ئەو زیاتر دەروات و، پێی وایە کە، جیاوازیی و وەحدەت لە دوالیزمەی سوژە و ئۆبژەدا، دەبێت بەهۆی کاتەوە لێیان تێبگەین نەک شوێن.[٦][٧]

دیورەیشن بۆ بێرگسۆن، کات و ئاگاییە پێکەوە. پێناسەکردنی ئەو چەمکانە لای بێرگسۆن سەختە و هەروا ئاسان نییە. بە قەولی بێرتراند ڕەسل، بێرگسۆن نە سەر بە بەرەی ئایدیاڵیزمە، وە نە سەر بە بەرەی ڕیاڵیزم، بۆیە، هەر هەوڵیک بۆ پۆلێنکردنی ئەو، فەشەل دەهێنێت[٨]. ئەمە پەلی کێشاوە بۆ ناو ئەو تێرمانەش کە بە کاری هێناون. کار دەگات بەوەی ڕەسل بڵێت تێرمی دیورەیشن سەختە و من بە باشی لێی تێنەگەیشتووم!

من بۆ پێناسەکردنی چەمکی دیورەیشن، پەنا دەبەمە بەر کتێبێکی ئەو، بە ناونیشانی “سەرەتایەک بۆ مێتافیزیک” و هەوڵدەدەم ئەو پێناسیەی تێدا بدۆزمەوە. ئەو لەوێدا دەڵێت:  “دیورەیشن بریتییە لە فرەیی (چەندجارێتیی-Multiplicity) لە لەحزەدا(سات-Moment)، کەهاوشێوەی تاڵە دەزوو پێکەوە بەستراونەتەوە و وەحدەتێکیان پێکهێناوە، هەرچەند ئەم دیورەیشنانە بچووک بن، بەڵام ناکۆتان لە ژمارەدا”.[٩] ئەمە مۆنادەکانی لایبنیتسم بیردەهێنێتەوە.

شەش

هەر لەم میراتەدا(فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەکو درێژە پێدەری گریک) گوێمان لە دەنگی تر دەبێت و بەو ڕادەیەی کە ئەسلەن بوونی مەسەلەیەک بە ناو کاتەوە بوونی نەبێت؛ مامۆستا مەکگارت. ئەو هیگڵناسێکی گەورەی نێو ئینگلیز-زمانەکانە. لە یەکێک لە گرنکترین پەیپەرەکانییدا، مەسەلەی نا-ڕیاڵبوونی کات تاوتوێ دەکات و، بە سەراحەت دەڵێت من باوەڕم بە کات نییە. کات لەلای ئەو، بۆیە ناواقعییە، چونکە لە یەککاتدا، ڕابردوو و، ئیستا و، داهاتووی لەگەڵ خۆیدا کۆکردووەتەوە. ئەگەر بمەوێت کرۆکی ئیستیدلالەکەی مامۆستا مەکگارت بهێنمەوە، ئەوا بەمشیوەیە دایدەڕێژمەوە:

مەرگی قازی محمد، بۆ ئێمە ڕابوردووە و، بۆمەلا مەستەفای هاوسەردەمی ئێستا و، بۆ سڵێمان پاشای بابانیش داهاتوو![١٠]

دالی؛ مكوڕی بیره‌وه‌یه‌كان ١٩٣١
The Persistence of Memory,
1931

دوو قسە، لە بری کۆتایی

شت لە کاتی بەکارهێناندا، بیرکرنەوە لە بوون و ماهییەت لەدەست دەدات، ئۆبژەیەکی ئەڕستۆیی هەتا لەناوفیکردایە و نەهاتۆتە نێو بوونەوە، شایەن بە بیرلیكرنەوەیە بە هەر چوار هۆکارەکە(ماتەریی، فۆرمیی، کارایی، ئارمانجیی). ئێمە کات لە کاتی بەکارهێناندا بەکاردەهێنین، هەربۆیە بیرکردنەوە لە کات ئەو دژوارییەی بۆ دروست کردوویین.

ئەگەر بۆ زانست، فەزا-کات پێکەوە گرێدرابێت و، دال و مەدلول بن، بۆ یەکتر؛ ئەوا بۆ فەلسەفە بوون ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. ئەوە بوونە کە لەگەل کاتدا دیراسە دەکرێت، نەک فەزا. بڕوانە کتێبی “بوون و کات”ی مارتن هایدێگەرە، نەک هەر ئەمە، ئەو کتیبێکی دیکەی هەیە، بە نەونیشانی “مێژووی چەمکی کات[١١]”، لەو کتێبەدا، هێند باس لە چەمکگەلی وەکو فینۆمینۆلۆژیا و بوونە، خوێنەر وەسوەسەی ئەوەی بۆ دروست دەبێت کە هەر بە جددی کتێبێک لەسەر کات دەخوێنێتەوە! یان بوون!

لە نووسینەکانی داهاتوودا، هەوڵدەدەم لا بکەمەوە لەسەر دوو ئایکۆنی گرنگی نێو فەلسەفە، ئەڕستۆی گریکیی بە کتێبی فیزیکا و، هیگڵی ئەڵمانی بە کتێبی فەلسەفەی سروشت.

سەرچاوەکان

 

 

  1. John Burnet, Early Greek Philosophy, Zeno of Elia, The Fragments, Motion, Pp. 235.

  2. Aristotle, Complete Works, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye, Physics, Book IV, §10.

  3. http://physic4kurd.net/?cat=485

  4. Martin Heidegger, Being and Time, Translated by: John Macquarrie & Edward Robinson, 2001, Pp. 49.

5.Leonard lawlor, Henri Bergson, Stanford Encyclopedia of Philosophy, March 21, 2016.

  1. Henri Bergson, Matter and Memory, Translated by: , Pp. 77.

  2. Frederick Copleston, History of Philosophy, Vol 9, Pp. 185.

  3. Bertrand Russell, The Philosophy of Bergson, January 1, 1923.

  4. Henri Bergson, An Introduction to Metaphysics, Translated by: T. E. Hulme, Pp. 59.

  5. J. McTaggart, The Unreality of Time, October, 1908.

  6. Martin Heidegger, History of the Concept of Time.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.