پۆلیسەكانی خەیاڵ

Loading

١

ئیدۆلۆژیاو گوتار بە ڕوویەكی گەورەو ئاستێكی گەورەیدا چییە جگە لە ماڵیكردن و دەستەمۆكردن و ڕێكخستن و ئاراستەكردنی خەیاڵ و خەیالكردن. واتە گوتارێك لە ناو دەزگا ئیدۆلۆژیی و فشارهێنەرو
دەزگاكانی ملكەچكردنیدا كاری ڕێكخستن و چوارچێوەدانان و ئاراستەكردنی خەیاڵ و خەیاڵكردنە. بەو مانایەی كاری لە نا-هارمۆنی خستن و لە سوریالیخستنی خەیاڵ و خەیالكردنە.خەیاڵ نابێت دەسبەرداری ببین و بە ئارەزویەكی نا-واقعی بێت و بڕوات. نابێت زیاد لە پێویست بڕوات، نابێت لە پەیمانی دەستەجەمعی دەربچێت، نابێت خەیاڵكردن هەندێك تابو و سنورو تخوب هەیە تێیپەڕێنێت. دەبێت خەیاڵ و فۆرموكانی تەجەللابوون و مانێڤستبوونی لە ناو نەزم و چوارچێوەیەكیی گوتاریی نەخشە بۆ كێشراو ئاراستەكراو بێت.

٢
لەو جێگایە ستەمكاریی و تۆتالیتاریەت دێتە ناو خەیاڵەوە كە، وەزیفەیەكی دەستەجەمعی و وەزیفەی ئیدۆلۆژی و وەزیفەی گوتاریی پێ دەبەخشرێت. لەو شوێنەی خەیاڵ و خەیاڵكردن بە زۆری زۆردار دەخزێنرێتە ناو ئەكتی دەستەجەمعی و ئەكتی ڕێكخراوەیی و ئەكتی كار بۆ دەستنیشانكردنەوە. خەیاڵی گەورە نوسەرو موفەكیرەكانی پێش شۆڕشی بەلشەفیك و پێش ڕوخانی قەیسەرو ئەرستۆكراتییەتی ڕوسی توانی بلیمەت و موعجیزەیەكی وەك (دایستۆیفسكی) بخولقێنێت.بەڵام ئەو كاتەی كە ناچار دەكرێن خەیاڵ و خەیاڵكردنی ئینسانی ڕوسی بخرێتە خزمەت ئەكتی شۆڕشگێڕیی و ئیدۆلۆژیای ماركسی و سۆسیالیستی و خەباتی چینایەتی، لەو كاتەوە ڕوسیاو تەواویدونیای ژێر تۆتالیتاریزمی سۆڤیەتی هیچ بەرهەمێكی نابێت كە نەك هاوشانی دەستۆیفسكی بێت، بەڵكو لە پەراوێزی ئەویشدا ناوێك نییە. لێرەوە مەكسیم گۆڕكێ دێت و خەیاڵی ئەدەبی و نا شۆڕشگێڕی و نا ئیدۆلۆژی ئینسانی ڕوسیی و سۆڤیەتی مەحكوم دەكات بە ئەدەب و هونەری پرۆلیتاریاو لە گەڵ مەرگی ئەكت و ڕەوایەتی و سەرمایەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیدا ئەویش دەمرێت.بە هەمان ئەندازەو بە هەمانشێوە لە سایەو سێبەری هەر شۆڕشێكی ناسیۆنالیستی و چەپ و كرێكاریی پێش گرتن و ڕاونان و زیندانیكردن و دورخستنەوەیان، قەدەغەكردن و یاساغكردن و ڕاونان و گرتنی خەیاڵ و خەیاڵكردنە.واتە لە بری ئەوەی ئینسانێك ئازاد بكەیت بە گوێگرتن لە حەسەن زیرەك و ماملێ و عەلی مەردان ….دەبێت ئەتمۆسفێرو تەقسی سرودی ئەنتەرناسیۆناڵ زاڵ بێت بەسەریداو تەواوی خەیاڵ و خەیاڵكردنی مەحكوم بكەیت بەوەی نەكەیت خەیاڵێكی بۆرژوایی و ئەرستۆكراتییانە بەرانبەر هەر شتێك، بكەیتە ئەكتێكی نا- ماتریالی

٣

ئیشكالێكی گەورە لە ئێستاداو لە ناو دونیای كاپیتالیزم و بازاڕدا ناكرێت قسەو باس لە خەیاڵ بكرێت، چ جای ڕەهاكردن و بەردان و ئاوەڵاكردنی دونیا بۆ خەیاڵ و خەیاڵكردن. ئەم جۆرە لە ستەمكاری و بەربەریزمی كاپیتالیست و بازاڕە خۆی ماكینەی خولقاندن و پێكهێنان و دروستكردنی خەیاڵە. كاپیتالیزم بۆ من لەوێدا زۆر و زیاد لە پێویست مایەی مەترسی و دۆزەخ خولقاندنە كە، كەمالیاتمان لێدەكات بە ناچاری و پێویستی و زەرویات. واتە خولقاندنی دۆخ و كەشێكی ڕۆحی و سۆسیۆلۆژی وەها كە، پێش خستنەبەردەست و بە بازاڕخستنی تەكنیك و داهێنراوێك، دۆخێكی خەیاڵی وەها دەڕەخسێنێت كە ئێمە وەك ناچاری و پێویستی خەیاڵ بە داهێنان و ئامرازێكەوە بكەین. با نمونەیەك وەرگرین : ساڵانی حەفتاو هەشتاكان لە ماڵەكانی ئێمەدا تێلێفزیۆنگەلێك بوونی هەبوو ئێمە بۆ گۆڕینی كەناڵێك دەبایە هەستاباین و بە دەست كەناڵەكانمان گۆڕیبا، ئێستا لە شوێنی خۆمان و بە بێ هەستان لە ڕێگەی كۆنترۆڵەكانمانەوە چ كەناڵێكمان بوێت، دەیخەینە سەری. ئەوەی لەم نمونە سادەیەدا دەستمان دەكەوێت، خولقاندن یان دەستدان و بە كردەكردن و خستنە ناو كردەیەكی بوونێكەوەیە كە، پێشوتر وەك خەیاڵێك بۆ ئێمە خولقێنراوە كە، خۆزگەمان دەخواست ئامێرێك هەبوایەو ئێمە لە جێگەی خۆمانەوە بە بئ جوڵەیەكی فیزیكی كەناڵەكانمان گۆڕیبا. لێرەوە دەمانەوێت بڵێین : لە ئێستاو لەناو ئەتمۆسفێری زاڵی كاپیتالیست و كاپیتالیزمی نوێدا قسەو باس لە خەون و خەیاڵكردنێكی ڕەسەن و بەرهەمهێنەرو ئینسانی، پوچ و بێ ماناو هیچە چونكە پێش خ
وەخت تەواوی خەیاڵەكانمان بۆ خولقێنراوەو ئێمەش ماكینەی مەسرەفكردنی ئەو خەیاڵ و خەیاڵكردنە خولقێنراوانەین. خەیاڵ و خەیاڵكردن و وێنە خەیاڵییەكانی ئینسانی ئێستا، بەرهەمهێنانەوەی سیمیلاكرو نوسخەی دوبارەوە نەبووی ئەو بازاڕی كاپیتالیست و ماكینەكانێتی. هەموو شتێك لە ناو دونیای مەسرەفگەرایی وێنە سیمیلاكرو وێنە میدیاییەكاندا، دەچێتەوە سەربازاڕو بازڕگەرایی و ماركیتینگ .تەنانەت وینە عرفانی و تەسەوفی و گنۆسییەكانی ئینسانیش سەر بە بازاڕو دونیای سیمیلاكرە.

٤

ئێمە وتمان و دەڵێین تەواوی وێناكراوەكانی خەیاڵ و خەیاڵكردن مەحكومە لە ناو ئەو پەیوەندییەی كە، ئێمە لە كۆنتێكست و سیاقێكی دیاریكراودا بە شتەكانەوە هەمانە. با خوداوەند و وێنەو خەیاڵی خۆمان وەرگرین بەرنبەر وێناكردن و خەیاڵكردن بەرانبەر خودا. شەریعەت و فقە و تەفسیرەكان لە وێدا گوتاریی و ئیدۆلۆژین كە پێشوەخت سەروكاریان داتاشینی وێنەیەكە بۆ خوداوەند ئەگەر چی لە ناو هەوڵ و كردەیەی (وێنا نەكردن و خەیاڵنەكردنی خودا)ش دا بێت. شەریعەت چییە جگە لە خودایەكی خەیاڵكراوی دەستەجەمعی ناو ئەكتی دەستەجەمعی و مێگەلی خودا. با بچینە ناو عەقیدەوە كە بە
ۆلە ئیمتیاز سەروكاری لە گەڵ تاك و تەنیایی و تاقانەیی و بێ نموونەی خودادا هەیە، واتە (تەوحید و یەكتاپەرستی) ) خودایەكی تاك و تەنیا.ئێمە لێرەدا سەروكارێكمان لە گەڵ خوداو خوداوەندێكدا هەیە كەمیشە بۆ ئێمەو لە ڕێگەی ئێمەوەیە كە لەدەرەوە دەدرێتەوە بە ناوەوە، واتە خوداوەندی ناو شەریعەت هەمیشە بوونێكی كۆنكرێتی و مەلموس و ڕەقیبێكی توندو زبرەو دەمان خاتەوە ناو ئەكتی مێگەلیی و ئەكتی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكان، ئەمەش خودا نییە لە خۆیدا، بەڵكو خودایەكە لە پەیوەندی و لە ناو تۆڕی پەیوەندییەكانماندا. خودا تا ئەو ئاستەی وێناكراو و خەیاڵكراوێكی ناو (ئەكتێكی فەردی نا ماتریالییە) زۆرترو زیاتر لە خوداو خودابوونەوە نزیكە تا ئەو كاتەی دێتە ناو پەیوەندییەكان و مامەڵەوە، دێتە باو زانستە تیۆلۆژییەكان. تەنانەت فەلسەفەو تیۆلۆژیایەك كە سەروكارێكی تێیست و ئیمانداری لە گەڵ خودا هەیە لە ناو ئەرگیومێنتە ئەقڵیی و دەق و تێكستەكاندا، لەوێشدا خەیاڵ و خەیاڵكردن بە خوداوەندو خودایەكی خەیاڵكراو، لە ناو لۆگۆس و زماندایە، واتە خودایەكی تەعریفكراو و پێناسەكراوە. خوداو ئیمان لە دونیای مەسرەفگەرایی و كاپیتالیستیی و بازاڕدا، سروشتێكی بازاڕییانەی هەیە، خودای ناو فەزای مەجازی تەكنیك و ئیمانی ناو فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خوداو ئیمانێكی مەسرەفكردن و ماركیتینگ و بازاڕگەرمكردنە. ئەو خوداو ئیمانەی لە ڕێگەی واعیزو وتاربێژو ێامۆژگاریكارێكی تیڤییەكانەوە دێتە ماڵەكانمانەوە، خودایەكە سەر بە دونیای خەیاڵكراو و مونتاژكراوی ناو ستۆدیۆو ناو بازاڕی میدیای وێنە سیمیلاكرییەكان. ئێستا ئیمان و خوداوەند لە ناو مەسرەفكردن و بازاڕخۆشكردن و نمایشكردندان. وێنە عرفانی و تەسەوفیی و ئیزۆتیریكییەی مەولاناو حەحوی لە ناو تەكنیكدا، وێنەی خولقێنراو مەسرەفكراوی ناو دونیای تەكنیك و میدیاو ماركیتینگەو چ سەروكارێكی لە گەڵ خودای ناو خەیاڵ و خەیاڵكردن و وێناكردنە فەردییە پەتییەكانی ئێمەدا نییە.

٥

خەیاڵ و وێنە پێش مۆدێرنیتێ و پێش دەركەوتنی ئەكتی دەستەجەمعی و ئەكتی خەیاڵی ناو حیكایەتە گەورەكانی دونێای مۆدێرنەو دونیای تەكنیك و دونیای وێنەدروستكردن بۆ مەسرەفكردن، خەیاڵكردنێك بوو زیاد لە سروشت و لە خەیاڵێكی ئۆتۆنۆمەوە نزیك بوو. تەماشای ئەو كەموو دەق و تێكستە زەمەنبڕەی گریك و سەدەكانی ناوەراستی دونیا بە دونیای ئیسلامیشەوە چ ڕەهابوون و چ بەرەڵاكردنێكی خەیاڵ و خەیاڵكردن بوونیان هەبووە. واتە خەیاڵكردن لە زەمەنی پێش پەیدابوونی كۆمەڵگەیەكی دیسپلینی و كۆمەڵگەی كۆنترۆڵی….خەیاڵكردن بەرهەمگەلێكی موعجیزەیی لێدەكەوتەوە، چونكە سەر بە ڕەگەزو سولالەی میگەل و شۆڕش و ئیدۆلۆژیاو شەریعەت نەبوو.
ئەگەر گەڕانەوەو دوبارە بوونەوە مەحاڵ بێت، ئەگەر ئەوەی ئێستا هەیە خەیاڵی حازربەدەست و ئامادەكراو و سیمیلاكرو ساختە بێت، هەر خەیاڵێك بكەین دەچێتەوە سەر وێنەو وێناكردنێك كە، پێی بزانین یان نا، سەر بە دونیای مەسرەفگەرایی و بەكاربردنە، ئایا خەیاڵ و خەیاڵكردنێك كە سەر بەو ڕەگەزانە نەبێت و تەواو ئۆتۆنۆم و خۆمانە بێت بوونی هەیە و چۆن؟