فۆکۆ

فوكۆی ڕەهەندییەكان، فوكۆیەكی لاقەكراو


Loading

فوكۆ لە پاریس، فۆکۆ  لە سلێمانی؛ فوكۆی ڕەهەندییەكان، فوكۆیەكی لاقەكراو!

١
ژیل دولوز سەبارەت بە قۆناغەكانی فكری فوكۆ لە ناو گوتارو ئاركیۆلۆژیای زانستە مرۆییەكان و فوكۆی ژینیالۆژیای دەسەڵات و فوكۆی ژینیالۆژیای سوژە قەیران دەبینێت نەك كردەیەكی خۆویستیانە لە لایەن میشێل فوكۆوە. فوكۆ لە یەك زەمەندا نییە وەك فكرو وەك پراكتیك، فوكۆی وشەكان و شتەكان لە ناو نەزمی گوتارو ئاركیۆلۆژیای زانستە مرۆییەكان و چركەساتە ئیپیستمییەكاندایە، فوكۆی پاش ٦٨، فوكۆی حەقیقەت و دەسەڵات و مەعریفەو پەیوەندییەكانی حەقیقەت و دەسەڵات، دەسەڵات/ مەعریفەدایە. فوكۆی كۆتای حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان لە ناو هەڵوێستەكرن و بەرانبەربوونەوەو بەركەوتندایە لە گەڵ ڕاستی وتن Dire-Vrai، لە ناو ئازایەتیی و دلێری حەقیقەت و پاریزیادایە، فوكۆی چوارساڵی كۆتایی ژیانی لە كۆلێژ دو فرانس لە ناو مێژوی سێكسواڵیتێ و بەركەوتندایە لە گەڵ ئەزموونە ژیانییەكان و ژیان ئەزممونكردنەكانی گریك و سینیكدایە. فوكۆی ژیانی گاڵتەجاڕی و حەقیقەتی گاڵتەجاڕی، فوكۆی سەرقاڵ بە ژیانی سوقراتی و دیوژینی.بەڵام بە داخەوە فوكۆی كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان لە زمانی عەرەبی و فارسیدا ونە.

٢

میشێل فوكۆی ڕەهەندییەكان، میشێل فوكۆیەكی ستراكتورالیست بوو، فوكۆی ڕەهەندییەكان بە ئێستاشەوە، فوكۆی ئاركێۆلۆژیای زانستە مرۆییەكان بوو، فوكۆی ژینیالۆژیای دەسەڵات و مەعریفە بوو. Savoir/Pouvoir. فوكۆی ڕەهەندییەكان بە هەر جۆرێك و بەهەر هێزێك درێژی بكەینەوە تا ناوەڕاستی حەفتاكان و هەندێك جاری لێرەو لەوێ تا كۆتایی حەفتاكان دێت.

واتە ئەگەر بتوانین بڵێین ئەگەر فوكۆیەكی كوردی لای ئێمە ئامادە بوبێت، ئەوا تەنیا فوكۆی دابڕانە ئیپیستمییەكان و فوكۆی ژینیالۆژیای دەسەڵات و مەعریفەو حەقیقەت بوو. كەسانێك بە ئێستاشەوە لە ناو ڕەهەندییەكاندا وا دەزانن دواهەمین كتێبی میشێل فوكۆ ( كتێبی چاودێری و سزایەSurveiller et Punir) تا ئەو پنتەی زمانی پەراوێزبووی هۆلەندی یان سكەندەناڤی هاوكاری نەكردبوون بزانن دوا فوكۆیەك یان فوكۆی دوایی هەیە لە ناو مۆراڵ و ئیتیك و سوژەی مۆراڵی و سوژەی ئیتیكی و ژینیالۆژیای سوژەو بەرگری و فۆرمیولەبوونەكانی سوژەو سوبێكتیڤاسیۆن و فوكۆی ئۆنتۆلۆژیای میژوو فوكۆی سەرقاڵ بە تێكستی (ڕۆشنگەری چییە؟)ی كانت و فوكۆی سەرقاڵ بە تەنگەوەهاتنی خۆو فوكۆی گرنگی بە خۆدان و فوكۆی فۆرمیولە ئیتیكییەكانی سوژە.

ئەو میشێل فوكۆیەی لای خوێنەوارێكی پلە دووی ڕەهەندییەك وەرگیرابوو، فوكۆیەك بوو ووك هەر موفكیرێك لە ناو زانستە سیاسی و یاساییەكاندا دەسەڵاتی لەسەرەوە دەبینی، فوكۆیەك دەسەڵاتی لای چین و توێژێكی تایبەتی دیاریكراو دەبینی، دەسەڵاتی لە هاوپەیمانی و لە ناو پەیمان و دەساودەسكردنی دەسڵاتدا دەبینی تا ئەو شوێنەی هێزە سیاسییە كوردییەكانی دونیای ئێمەی لێبووبوو بەو دەسەڵاتەی میشێل فوكۆ باسی دەكات.كەچی ئەوە بەڵگەنەویسترین خاڵە كە دەسەڵات لای میشێل فوكۆ لە خوارەوە هەڵدەقوڵێت نەك لە سەرەوە.

دەسەڵات میكرۆفیزیای هەیە،دەسەڵات میكرۆییە نەك ماكرۆیی، دەسەڵات لە خێزان و مزگەوت و دەزگاو زیندان و زانكۆكاندایە نەك تەنیا لە سەرۆكایەتی هێزێكی سیاسی ئێمە. نەك تەنیا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ.