![]()
گێڕانەوەیەک لە بەرزەخدا:
خوێندنەوەیەک لەسەر شانۆنامەی “هەستانەوە“ی دانا رەئووف
نووسینی: فائزە مەحموودی

١–دیمەنێک لە دەرەوەی زەمەنی زیندووان
شانۆنامەی هەستانەوە بە بڕیارێکی پێکهاتەییەوە دەست پێدەکات کە لە ناوەرۆکی بەرهەمەکە جیا ناکرێتەوە: سێ ژن، هەر سێکیان مردوو، لە فەزایەک لە دەرەوەی تەکووزی زیندووان، لە بەرزەخ یان بەرەبەرەی پەسڵان لە تەنیشت یەک دادەنیشن و سەربوردەی خۆیان دەگێڕنەوە. نابێ ئەم هەڵبژاردنە فۆرمییە تەنیا بە ئامرازێکی گێڕانەوەیی بۆ لە تەنیشت یەک دانانی سێ چارەنووس بزانین؛ ئەم هەڵبژاردنە، خۆی لە خۆیدا، یەکەم گوزارەی لێکدانەوەیی دەقە. ئەو ژنانەی وا لە جیهانی زیندوواندا مافی قسەکردنیان نەبووە، چارەنووسیان بەردەوام لە لایەن ئەویترەوە، لە بێدەنگیی خۆیاندا، دیاری کراوە. تەنیا لەم ساتەوەختدا، پاش مەرگ، دەبنە خاوەن دەنگ. ئەوەی وا لە درێژەی شانۆنامەدا دەیبیستین، گێڕانەوەی خودی ئەم ژنانەیە لە ژیانی خۆیان؛ گێڕانەوەیەک کە تا بەر لە مەرگ، نەدەهاتە گۆ.
هەر ئەم چوارچێوەیەیە وا مانایەکی هاوبەشی سەرتر کە ناوەرۆکەکەیان بەم سێ سەربوردەیە دەبەخشێت: ئەم ژنانە ئێستا، لە نەبوونی جەستە وەک نەبوونی ئەو تەکووزە کۆمەڵایەتییەی وا بێدەنگی کردبوون، گوێ بۆ یەک دەگرن. بیستران، ئەو شتەی وا لە ژیاندا لێی بێبەش کرابوون و تەنیا لە مەرگ و گفتوگۆدا لەگەڵ هاوچارەنووسەکانی خۆیاندا مەیسەر دەبێت. ئەو سێ گێڕانەوەیەی وا لە درێژەدا دێن، گێڕانەوەی ژنێکە بۆ دوو ژنیتر، نە دانپێدانانێک بۆ جیهانی زیندووان.
٢– سێ سەربوردە، یەک لۆژیک
کەیسی یەکەم
یەکەم ژن، لە هەوڵی تێپەڕین لە سنوور و پەنا بردن بۆ وڵاتێکیتر، لە لایەن براکەیەوە دەکوژرێت. بنکەی بنەماڵە، لە ڕێگەی لۆژیکی نامووس، هەم پاڵنەر و هەم جێبەجێکاری کوشتنەکەیە. ئەو سنوورە جوغڕافیاییەی وا ئەو هەوڵ دەدا لێی تێپەڕ بێت، هەر لەو کاتەدا دەبێت بە سنووری نێوان مان و نەمان؛ وەک ئەوەی ژن تەنانەت لە کاتی کۆچ کردنیشدا ئیزنی ڕاکردن لە سیستەمی خاوەنایەتیی بنەماڵە بەسەر جەستەیدا نییە.
کەیسی دووهەم
دووهەم ژن، کاتێک کە ژیانی هاوبەشی شکستخواردوو دەبێ ، ئەو بەپێچەوانەی وێنەی باو لە قوربانیی پاسیڤ، کردەوەی دەبێت؛ هەڵدێت و پەنا بۆ بنکەی یارمەتیدەر دەبات. بەڵام هاوسەرەکەی تەنانەت لەو پەناگەیەش دەیدۆزێتەوە و دەکوژرێ. سەربوردەی ئەو دوا بە دوای یەک سێ بنکە نمایش دەکات؛ بنەماڵە کە ڕجووی گەڕانەوەی بۆ نییە، هاوسەرگیری کە بوو بە فەزای توندوتیژی و بنکەی فەرمیی پشتیوانکار کە نەیتوانی ئەوجۆرەی وا پێویستە بیپارێزێت. هەر ئەم ناکامییەیە وا سەربوردەی ئەو لە دوو کەیسەکەی تر جیا دەکاتەوە و لەهەمان کاتدا لەوانیشی گرێ دەدات: تەنانەت ئەو کاتەی وا ژن بە شێوەی ئاگامەندانە پەنا بۆ میکانیزمێک لە دەرەوەی بنەماڵە و لە دەرەوەی لۆژیکی نەریتی دەبات، هەر ئەو دەستی توندوتیژییە دەیدۆزێتەوە.
کەیسی سێهەم
سێهەم ژن، کۆیلەی داعشە، شەڕ و ئایدیۆلۆژیی توندئاژۆ، لە ڕێگەی سیستەمی ڕێکخراوی کۆیلایەتیی جنسییەوە، جەستەی ژن دەکات بە مڵکی خۆی و دواجار هەر ئەو سیستەمەیە کە مەرگەکەشی وەدی دێنێت؛ ئەو مەرگەی وا بەپێچەوانەی ئەو دوو کەیسەی پێشتر بینیمان، تەنانەت وەکوو دوایین بڕیاریش هی خۆی نییە.
کاتێک ئەم سێ کەیسە، هەر ئەو جۆرەی وا خودی ژنەکان لە بەرزەخ لە تەنیشت یەک دایدەنێن، لە درێژەی یەکدیدا بخوێنینەوە، بابەتێکی سەرتر لە سێ ڕووداوی سەربەخۆ ئاشکاردەبێت: زنجیرەیەک لە توندوتیژیی باوکسالارانە کە لە قەبارە جۆراوجۆرەکاندا لە وردترین یەکەی کۆمەڵایەتی بنەماڵـەوە هەتا بنکە فەرمییە نێوەندییەکان هاوسەرگیری،بنکەی یارمەتیدەر و هەتا قەبەترین ئاستی سیاسی شەڕ دووبارە بەرهەم دێتەوە. گرنگیی ئەم پێکهاتەیە لەوە دایە کە دوو داوی لێکدانەوەیی باو پارێز دەکات: یەکەم، دابەزاندنی توندوتیژی لەدژی ژنان بۆ ئاستی خەسارە فەرهەنگی و خۆماڵییەکان، بەدەرەوەییکردنی توندوتیژیی وەکوو بەرهەمی بێئەملاولای شەڕ. حوزووری کەیسی دووهەم، بە ناکاممانەوەی بنکەی یارمەتیدەر لەو ناوەندەدا، شانۆنامەکە لە دوو داو دوور دەخاتەوە: دەری دەخات کە تەنانەت بنکە مۆدێرن و فەرمییەکانیش، کە بەپێی پرەنسیپەکان دەبێ لە دەرەوەی ئەم لۆژیکە بجووڵێنەوە، لە کردەوەدا لە کاریگەرییەکانی بەدوور نین.
٣.نکرۆپۆلیتیک: کێ مافی مردنی هەیە؟
بۆ تێگەیشتن لەم زنجیرەیە دەکرێ سەرنجی چەمکی نکرۆپۆلێتیکی ئاشیل مێمبە بدەین. ئارگیۆمێنتی مێمبە بۆ ڕەخنەگرتن لە تیۆریی ژینگەسیاسەتی فۆکۆ ئەوەیە کە لە زۆرینەی سیستەمەکانی دەسەڵاتداریدا بەتایەبەت لە دۆخە ئاوارتەکاندا، شەڕ و پێکهاتە باوکسالارانەکان، کارکردنی سەرەکیی دەسەڵات نەک بەڕێوەبەرایەتیی ژیان، بەڵکوو دەستنیشان کردنی ئەوەیە کە مەرگی چ کەسێک گرنگ نییە و کام یەک لە جەستەکان بەبێ سزادان دەکرێ بکووژرێن.
هەر سێ ژنی ناو شانۆنامەی هەستانەوە لە وەها بارودۆخێک دان. برا، هاوسەر و داعشی، هەر کامیان لە پێگەیەکی دەسەڵاتدا دەوەستن، بەڵام هەر سێکیان یەک نیازی هاوبەشیان هەیە: دەرەتانی کوشتن بەبێ سزا. خاڵێک وا کەیسی دووهەم لەم چوارچێوەیەی جیا دەکات ڕادیکاڵتر لەو شتەیە وا لە ڕوانینی یەکەمدا دێتە بەر چاو: تەنانەت کاتێک ژن پەنا بۆ بنکەی پشتیوانکاریی فەرمی، ئەو بنکەکەی وا بەڵێنی پاراستن دەدات دەبات، هەر ئەو تەکووزییە نکرۆپۆلێتیکە دەیبینێتەوە.
ئەمە دەری دەخات کە تەکووزیی داڕێژراو لە شانۆنامەدا تەنیا بەرهەمی بنکە نەریتیـیەکان نییە؛ ژێرخانە مۆدێرنە پشتیوانکارەکانیش، لانیکەم لە کردەوەدا، لە هەمبەریدا دۆشداماون. مەرگی ئەو سێ ژنە، لە فەرهەنگی نامووستەوەردا بە چاوپۆشی کۆمەڵایەتی، لە توندوتیژیی ماڵەوەدا بە ناکارامەبوونی بنکە پشتیوانکارەکان و لە لۆژیکی شەڕدا بە نابەدیمانەوە لە گێڕانەوەی فەرمیدا، دەبێت بە بابەتێکی چاوپۆشیهەڵگر.
لێرە دایە کە چوارجێوەی بەرزەخ، هەم دیسان گرنگیی خۆی دەنوێنێت؛ لە جیهانی زیندوواندا، ئەم سێ مەرگە وەکوو سێ ڕووداوی پەرتەوازە و لێکجیا دێنە بەر چاو. تەنیا لە فەزای پاش مەرگدا، لە گفتوگۆی نێوان ئەم سێ ژنەدا، لۆژیکی هاوبەشی پشت ئەم ڕوودوانە ئاشکرا دەبێت. شانۆنامەکە، بە لەتەنیشت یەک دانانی ئەم ژنانە لای یەک، هەر ئەو کارە دەکات وا لێکدانەوەی نکرۆپۆلێتیک ئەنجامی دەدات؛ پێوەندیی نابەدیی نێوان ئەو توندوتیژییانە دەر دەخات وا لە جیهانی زیندوواندا بەئانقەست لێک جیا کراونەتەوە.

