سوارچاكانی كورد له‌چیای قه‌وقاز ده‌په‌ڕنه‌وه‌ - ١٩١٥ -نیورك تایمز Kurdish Cavalry in the passes of the Caucasus mountains (The New York Times, January 24, 1915)

ڕیفراندۆم وەک قەدەرێکی سیاسی


Loading

ڕاستە لەدوای بەهاری عەرەبییەوە لەڕووی سیاسییەوە هەلومەرجی زۆرتری بابەتییانە ڕەخسا بۆ کورد کە بەهەنگاوێکی گەورەترەوە بچێتە نێو جیهانەوە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە دۆزی کورد لەبنەڕەتدا و بەبێ هەبوونی ئەو هەلومەرجە بابەتییانەش، لەخودی خۆیدا پاساوی ئەوە شک نابات کە بەئیرادەیەکی سیاسییەوە بچێتە نێو جیهانەوە و بە ئیرادەی خۆی لەسەر گۆی زەوی نەخشەی سیاسییانەی خۆی بکێشێت. لەڕاستیدا دۆزی کورد جگە لە دۆزێکی هەبوونئارایی هیچ ڕەهەندێکی تری نییە، واتە پرسی کورد نەپرسێکی ئایینییە و نە پرسێکی فەرهەنگییە و نە تەنگژەیەکی دیموکراسییە و نە قەیرانێکی سێکولارییە و نە دەردێکی دۆگمادارە، بەڵکو مەسەلەیەکی هەبوونگەرییانەی گەلێکە دەخوازێت ببێتە سەروەری خۆی. ئەوەی ئێمە دەڵێین; کورد، ڕێک گرێمان دەداتەوە بەو ئازادییەی بۆ کورد دەمانەوێت. واتە خودێک، سوبیەکتێک دەیەوێت ببێت بە خودی خۆی. لەڕووی فەلسەفییەوە سوبیەکت بریتی نییە لەوشتەی وەک خۆی لەئارادیە، بەڵکو بریتییە لەو شتەی هەوڵ دەدات بگۆڕێت بۆخودی خۆی. خودێک دەیەوێت ئازاد بێت لەهەموو جەبرەکانی بێگانە، لەڕووی سیاسییەوە واتە سەرـ بەخۆـ بێت. کوردبوون ڕێک بریتییە لەو ئازادییە سیاسییەی کە هەموو گەلێکی بندەست بۆی تێدەکۆشێت.

سوارچاكانی كورد له‌چیای قه‌وقاز ده‌په‌ڕنه‌وه‌ – ١٩١٥ -نیورك تایمز
Kurdish Cavalry in the passes of the Caucasus mountains (The New York Times, January 24, 1915)

لەسەردەمی یۆنانی کۆندا مانای ئازادی بریتی بوو لە ئازاد بوون لە دەسەڵاتی فارسەکان، بەڵام لە قۆناغی دواتردا ئازادی ڕەهەندی وردتر و تاکانەییتر وەردەگرێت ودەبێتە کێشەیەکی ناوەکی. بیری ڕیالیستانەی سیاسی دەبێت ئاگاداری ئەو دوو ڕەهەندەی ئازادی بێت: جارێک وەکو ڕزگاربوون لە ژێردەستی بێگانە و جارێکیتریش وەکو ئازادی تاکەکان. لەناو ئەم پێڤاژۆ مێژووییەدا تێکۆشان بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ بریتی دەبێت لەو هۆشیارییەی چیتر وەکو ئەو خودە هۆشمەندە دەرک بەخۆی دەکات کە دەخوازێت خۆی سەروەری خۆی بێت. ڕەنگە ئەو خودە وەکو جڤاتێک لەخۆیدا تژی بێت لە ناکۆکی و ململانێ، بەڵام لەبەردەم پرسی بوون دا ئەو داخوازییە ناوەکییانە دەبنە داواکاری لاوەکی. جڤاتێک چەندێک ناکۆکی لەناوخۆیدا هەڵگرتبێت، ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندی و فرەیی ئەو جڤاتەیە، بەڵام بۆ پاراستنی هەبوونی کۆگەلییانەی خۆی دەبێت مەسەلەی بەزیندوومانەوە و ئاسایش لەبەردەم هەڕەشە دەرەکییەکاندا ببێتە ئەرکی پێشینەیی و لەپێناویشیدا خۆی یەکانگیر بکات.

ئێستای دۆخی کوردی ڕێک ئەو قۆناغەی یەکەمی هەلومەرجەکانی ئازادی دەژی. لەسەردەمی ناپلیۆن دا کۆمەڵگەی فەرەنسی لە قووڵترین دادڕان و لە توندترین ناکۆکییەکانی خۆیدا دەژییا، هەژارییەکی زۆر و دەڵەمەندییەکی کەم، ناڕەزاییەکی زۆر و ئاسوودەییەکی کەم، ناپلیۆن بەو بلیمەتییە کاریزماییەی خۆی توانی جۆرێک لە کۆمیونیکاسیۆنی کۆگەلی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی فەرەنسادا چێ بکات و بەدروشمی پێکەوەبوون و پێکەوەژیان هەستی نەتەوەیی لای هەموو توێژەکانی فەرەنسادا پتەو بکات. ئەو دەیگووت: ئێمە کە ئەمڕۆ سی ملیۆنێکین لەڕێی ڕۆشنگەری و بازرگانی و موڵکایەتییەوە یەکمان گرتووە… بۆیە ئیتر کاتی فەلسەفاندن نییە بەڵکو کاتی حوکمکردنە.

 

ڕاستە کورد ئەو ئامرازانەی فەرەنسییەکانی لەبەردەستدا نییە کە یەکیان بخات، بەڵام هەڵبەت ئامراز و میدیۆمی تر شک دەبات کە کۆیان بکاتەوە. خودی کوردبوون لەخۆیدا شائامرازی یەکخستنی هەموو کوردێکە لەهەر جێیەکی دنیادا بێت. خاک ئامرازێکی تری یەکخستنمانە، کورد لەدرێژایی مێژوویدا نەخشەیەکی سیاسی یەکگرتووی نەبووە، کەچی ئەمڕۆ هەموو کوردێک زۆر بەئاسانی دەتوانی نەخشە و سنوورەکانی کوردستان بکێشێت، دەزانێت باکور و باشور و خۆرهەڵات و خۆرئاوای خۆی کوێیە. زمانیش بریتییە لە ئامرازێکی تری پێکەوە گرێدانەوە، بگرە خودی زمان بریتییە لەو میدیۆمە پەیوەندی دروستکەرەی نەتەوە دەسازێنێت، بێهۆ نییە کورد سەرباری ئەو فرە دیالێکتیکییەی لەزمانەکەیدا هەیە کەچی هەر ئیش بۆ زمانێکی هاوبەشی یەکگرتوو دەکات، وەک ئەوەی دەرکی بەوە کرد بێت کەوا زمان دەتوانێت یەکیانبخات، زمان دەتوانێت سنووری خێڵایەتی و ناوچەیی تێپەڕێنێت و بمانگوێزێتەوە بۆ هەرێمێکی گەورەتر کە وڵاتە. لێرەوەیە زمان وەک ئامرازێکی ئەفرێنەر پێش نەتەوە دەکەوێت. بەر لە دووسەد و دەساڵێک واتە لە ساڵی ١٨٠٨ دا فیلۆسۆفی ئەڵمانی فیشتە کۆمەڵێ گوتاری بۆ نەتەوەی ئەڵمان لە وانەیەکی زانکۆییدا بەناوی (( چەند گوتارێک بۆ نەتەوەی ئەڵمان)) گووتەوە، لەکاتێکدا ئەڵمان وەکو نەتەوە لەو سەردەمەدا هێشتا لەدایک نەبوو بوو، بەڵکو چەندین میرنشین و شانشین بوو، وەک سلۆتەردایک دەڵێت; فیشتە بەمە ویستوویەتی پێمان بڵێت زمان خولقێنەری نەتەوەیە. واتە نەتەوە شتێکە دەبێت قسەی بۆ بکرێت، بدوێنرێت. 

 یەکێک لەو ئامرازە تازە دۆزراوانەی کە ڕۆڵێکی زۆرگرنگ بۆ گوتاری یەکگرتوویی کوردی وازی دەکات بریتییە لە نەوت. نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی ئابووری کوردستان بریتییە لەو فاکتۆرەی کە دەتوانێت هەموو گوتارە لایەنە سیاسییەکانی کورد یەک بخات. بەشداریکردنی نەوت لە گەشەپیدان و برەوپێدانی هۆشیاری نەتەوەیی هیچ کات نابێت فەرامۆش بکرێت، تاوەکو هۆشیاریش بە خود لەبرەودا بێت، دەسەڵات زۆرتر خۆی دادەڕێژێت، لێرەوەیە نەوت بریتییە لەو کەرتە ئابوورییە زیندووەی وەک وزەیەکی ئەفرێنەر ڕۆحی نەتەوە دروست دەکات. هەر لەڕێی نەوتیشەوەیە ئێمە ئەمڕۆ دەرک بەوە دەکەین کە بۆچی جیهان بایەخی زۆرتر بە ناوچەی کوردستان دەدەن، هەڵبەت لەبەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان کە لەژێر خاکی کوردستاندا گەنجینە کراوە. گەر بەزمانی دیپلۆماسی بڵێین ئەوا دەڵێین؛ ئەوەی ئەوان دەیانەوێت لای ئێمەیە و ئەوەی ئێمەش داوای دەکەین پشتگیری ئەوانە لە داخوازییەکانمان.

بەبێئەوەی دەستبکەین بە گێڕانەوەی ڕووداوە فەرهەنگی و مێژووییەکانی جیهان، ئەمڕۆ مرۆ بەئاسانی لەو ململانێ جیهانییەوەی لەئارادایە دەتوانێت ئەوە هەڵهێنجێنێت کەوا جیهان بریتییە لە شانۆی ململانێی هێزەکان، گەر لەو ململانییەدا هێزت نەبوو، وەکو تەماشاکەرێکی بێهێز یاریت پێ دەکەن، بۆیە کۆششی هەر خود و جڤاتێکی سیاسی بۆ ئەوەی ببێت بە یاریکەرێک لەسەر ئەو شانۆیە بەرجەستەی هۆشیارییەکی پێگەیشتووی مێژووییانە دەکات. مێژوو خۆی چییە جگە لە دەرککردن بەو ساتەوەختەی تێیدا دەژین، بگرە هیچ نییە جگە لەگرتنەوەی ئەو دەرفەتەی تەنیا جارێک بۆت هەڵدەکەوێت و ئیتر دووبارە نابێتەوە. لەناو ئەو کۆبەندییانەی هێزەکانی جیهانیشدا ئەگەرچی تاوەکو ئەمڕۆ کورد هێزێکی یاریکەر و هەبوونێکی مێژووییشی نەبوو بێت، بەڵام کورد لە زۆرێک لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا ئەرکی مێژووییانەی خۆی ڕاپەڕاندووە و گەر بە ئامانجیش نەگەیشت بێت هۆکارەکەی بەدکاریی زلهێزەکان لەلایەک و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی خۆی لەلایەکی ترەوە هۆکاری بێهوودەکردنی ئەو هەوڵانە بوون. شۆڕش و ڕاپەڕینەکان و بزووتنەوە چەکدارییەکان، دروستکردنی ئەمارەتەکان و هەرێمەکان لە وێستگەی مێژوویی جۆراوجۆردا هەموو جۆرێکن لەو بەشدارییانەی کورد بەپێی هەلومەرجی واقیعییانەی سەردەمەکەی خۆی پێشکەشی مێژووی کردوون لەسەر ڕێی  سەربەخۆبوونی سیاسییانەی خۆیدا.

 

ساتەوەختی بڕیاردانی ڕیفراندۆمیش لە سێپتێمبەری ٢٠١٧ دا بریتییە لە ترۆپکی ئەو بەشدارییانەی کورد بەشێوەکی کۆلێکتیڤی یەکانگیر و لە چوارچێوەی دۆکیومێنتێکی سیاسیدا خستییە ناو مێژووەوە.

ڕیفراندۆم له‌سێپتمبه‌ری ٢٠١٧ ئه‌زموونێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمیشدا دواجار کورد گەیشتەوە بە دیداری قەدەری سیاسییانەی خۆی. قەدەرێک لەڕووی مێژووییەوە بەردەوام لکاوە بە ڕۆحی کوردبوونەوە، ئەویش دووبارەکردنەوەی سیناریۆکانی گەلەکۆمەکی لێکردنی دەرەکی و دەستی ناپاکی ناوەکی. ئەم دوو فاکتۆرە هەمیشەییە ڕۆحی کوردبوونیان داغان کردووە. ڕیفراندۆم بە دیوێکدا کەرنەڤاڵێکی کۆلێکتیڤی هێنایە ئاراوە و هەموو ئەوانەی دڵشاد کرد کە دەیانویست دۆخی خۆیان بگەیەننە ئاستێکی باڵاتر وبگەن بە قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ، بەڵام بەدیوەکەی تریدا هیستریایەکی نێوەکی بەرپاکرد و هەندێک لایەنی سەیر وسەمەرە بەشێوەیەکی هیستری کەوتنە دژایەتیکردنی و دواجار لە وێڵستانێکی قیناویدا بەچەواشەیی مانەوە، زۆرینەی ئەوانەی لەدژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی وەستانەوە لە ڕق و نەفرەتەوە بوو نەک لە لۆجیکەوە، چونکە لە بنەڕەدا هیچ لۆجیکێک نییە بۆ ڕێگریکردن لە سەربەخۆبوونی گەلێک. ئەم هیستریایە دەروونێکی نەخۆش، قێزەون، قیندار و کینەداری بەرانبەر بە خودی خۆی بەرپای کرد.

 ئیتر لەو دەمەوە لەڕووی پسایکۆلۆگییەوە دۆخی دەروونی کوردی تووشی دووکەرتبوون و شیزۆفرینیایەکی سامناک بووە، سیاسییەکان و ڕوناکبیران هەموو دەستیان لەکەدارە بەو دادڕانە ڕۆحییەوە، تاکە هەنگاوێک بۆ چارەسەری دەروونییانە و تیراپییەکی ڕۆحییانەی جڤاتی کوردی هێنانە ئاراوەی ئایدیایەکی سیاسی کۆگیرە کە دۆخی شیزۆفرینی کۆمەڵگە دووبارە ئینتیگراسیۆن پێ بکاتەوە، کە ئەو دادڕانە دەروونییە دووبارە ساغ بکاتەوە. بیرۆکەیەکی وەها هەم پرۆژەیەکی سایکۆلۆژی دروستە بۆ دووبارە یەکگرتنەوە و ساڕێژبوونەوەی دەروونە دووکەرتەوەبووەکان و هەمیش پرۆژەیەکی سیاسی ژیرانەیە بۆئەوەی جڤات لەچەند قەوارەیەکی بچووکی خێڵئاساوە بگۆڕێت بۆ ئایدیایەکی گەورەتر کە دەوڵەتە، دەوڵەتیش بریتییە لەو ئامرازەی دەتوانێت هەموو خێڵ و تیرە و هۆز و ئاینزاکان لەنێوخۆیدا یەکانگیر بکات. دەوڵەت ڕێک بریتییە لەدایکێکی سیاسی کە لەئامێزیدا هەموو نەتەوە دەحەسێتەوە، لەڕووی مێژووییشەوە هەموو جڤاتێک تەنیا لەناو دەوڵەتدا چوارچێوەی سیاسییانەی خۆی دەنەخشێنێت. زۆر گرنگە بۆ ڕوناکبیری کوردی پشتیوانی بانگخوازانی دەوڵەت بکات، چونکە تەنیا کە دەوڵەت دروستدەبێت ئیتر خێڵ و هۆزەکان دەپوکێنەوە، وە تەنیا کە نەتەوە دروست دەبێت ئەوسا لەمەوە تاکی ئازاد دروست دەبێت نەک بەپێچەوانەوە. زۆرینەی ئەوانەی لەدژی بانگی دەوڵەت وەستانەوە بەو پاساوە بوو کە گوایا هێشتا زەمینەکە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە نەڕەخساوە بۆمان، بێئاگا لەوەی کاتێک کە دەوڵەت دروست دەبێت ئەوسا لەڕێی دامودەزگاکانییەوە ئەو کەشە دیموکراتییە چی دەبێت، هیچ دەوڵەتێک نەبووە سەرەتا کەشی کۆمەڵایەتی بسازێنێت و دواتر دەوڵەت دروست بکات، ڕێک وەک ئەوه‌ وایە ئێمە بۆئەوەی باخچەکەمان دروست بکەین، سەرەتا دەبێت پەرژینێکی پتەو بچەقێنین دواتر باخچەکە بڕازێنینەوە بە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ و دار ودرەختی هەمەجۆر و بەپیت. ئەمەش جۆرێکە لەو پراگماتیزمەی کە مامەڵەیەکی عەقلانیتر دەکات لەگەڵ زەمینە ماتریالییەکەی واقیعدا، نەک ئەو ئایدیالە ناواقیعییانەی هەندێک لایەن بۆ دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی تێی کەوتن.

لەگەڵ ئەوەشدا دوای ئەو ڕێژە بەشدارە گەورەیەی لەڕۆژی ڕیفراندۆمدا بینیمان، ئەو باوەڕەم لا دروست بووە، کەوا ئیتر ڕیفراندۆم وەکو گشتپرسییەک بووەتە دۆکومێنتێکی مێژوویی بۆ پاراستنی کۆهەبوونی سیاسییانەی کوردی و جوڵەی ئەم ڕۆحە بۆ ناو جیهان.

وا ساڵێکیش بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت و هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش بە ئێران وتورکیاو سوریاشەوە تەواو گۆڕاون. ئەگەر کورد زیانی بەرکەوت بێت لەدوای ڕیفراندۆمەوە، ئەوا هەموو ئەو وڵاتانەی دژایەتییان دەکردین ئەمڕۆ خۆیان کەوتوونەتە تەڵەزگەیەکی سیاسی و ئابوری و دبلۆماسی کوشندەوە کە هەموو گەلانی خۆیان تووشی ئاکامێکی ترسناک و ناڕوون دەکەنەوە. لێرەدا با ئێمە پرسیاری جەوهەری بکەین: ئایا کورد بۆچی دەیەوێت سەربەخۆ بێت؟ ڕەنگە سادەترین وەڵام و ڕوونترینیشیان بەلامەوە ئەوە بێت کە ئەویتری داگیرکەر کورد وەکو هاوڵاتییەکی نزمتر لەخۆی دەبینێت، بەم جۆرەش شکۆی مرۆڤی کورد پێشێل دەکرێت. دیارە ئەویتر کە بە سوپا دڕندەکەیەوە پەلاماری شارەکانمان دەدەن گەر هێزێکی ڕۆشنگەر و دیموکراتیخواز و یەکسانیخواز بوونایە ئێمەش پشتیوانیمان لێدەکردن لەپێناوی بەدیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەکەی خۆماندا. کاتی خۆی کە لەشکرەکەی ناپۆلیۆن هات بۆ ئەڵمانیا، گویتەی گەورە شاعیری ئەڵمان ئامادە نەبوو کوڕەکەی خۆی بنێرێت بۆ بەرپێگرتنی فەرەنسییەکان، لەبەرئەوەی دەیزانی کە ئەو لەشکرە ڕۆشنگەری و ئازادی دەهێنێتە ئەڵمانیاوە. لێرەوەیە هەر کاتێک هێزی بێگانە لە هێزە نێوخۆییەکانمان دیموکراسیتر بوون ئەوا دەکرێت هەموو ڕۆحێکی ڕۆشنگەر پێشوازییان لێ بکات، بەڵام هێندەی چاو بڕ کات دەبینین ئەوان چەند دوورن لە دەموکراسیەتەوە، بگرە ئەزموونی کوردی بەهەموو کەموکوڕییەکانیشیەوە زۆر دیموکراسیترە لەهەموو ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە، کە دەولەتی وایان تێدایە سەدەها و هەزاران ساڵە دەوڵەت و ئیمپراتۆر بووە.

ئیتر ڕیفراندۆم وەکو ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەی سەروەری لە ژێردەستی و ئازادی لە کۆیلایەتی لەناو ڕۆژژمێری سیاسییەنەی کوردیدا تۆمار دەکرێت. بگرە من پێموایە ڕۆژی ڕیفراندۆم دەچێتە نێو یادەوەری سیاسیمانەوە، لەبەرئەوەی ساتەوەختێکی سیاسەتی پراگماتیزمانەی کوردیی بوو.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – 
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.