![]()
فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە
سهباح ڕهنجدهر
1
لە پهیوهندی نێوان بوون و هەقیقەت، له پهیوهندی نێوان بوون و چییهتیدا بیری مرۆڤی بەرهەمهێنەر، باروبوار و ئاڕاستەی خۆبوونی دەگرێت، لە ناو دوو كەوانەی هەمیشە ئامادەی سەرسامبووندا، بەرەو ئامانجی تایبەت دەڕوا، خۆی لە ناو چڕكردنەوەی كات و شوێن و پاراو و بێگەردكردنەوەدا دەستنیشان دەكات. خودی پاراو و بێگەرد و گەشاوەی دابەشی سەر هەموو جوانییەكان دەبێت، ختووكەی ڕسكانیان دەدات. جوانی گشتێكە پارچە پارچە ناكرێت، هەموومان پێویستمان پێیەتی، ئاسوودەییی هەمیشەییمانە. بەرهەمهێنی جوانبەخش گیان و هەست و خەون لە ڕێگەی جووڵەی وێنە و وشهی پڕاوپڕ له واتا و دەنگی پیتەوە دەگەیەنێ و ببڕای ببڕیش ئامادە نییە خۆی لە پاڵ دەسەڵات و شانەی هەڵەشە و خۆبژیێن و دیكتاتۆردا ڕابگەیەنی, ڕستەكانی بكاتەوە، نوێبەخشان كەسایەتیی داهێنەرانەی خۆیان هەیە و دەیشزانن، چۆن و لە چ كاتێكدا بە نوێبەخشیی كۆمەڵگەوە پەیوەست دەبنەوە.
سروشتی كەسایەتی و گیانی پڕە لە بەدواداگەڕان بۆ داهێنان و بە گەرمی دادەگیرسێت. شوێنی مرۆڤ لە ژیان دەدۆزێتەوە و دەستنیشانی دەكات، بۆچوون و بیروڕای كەسی باش بیركەرەوە لە لێك حاڵیبوون و خەیاڵی جووڵێنەری دەق دەچێنێت، دهنگ دید و دیدگە و شێوازی، فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە دەگرێت.
نهێنییەكان: وهك هێزی شاراوهی بوون بیركردنەوە دروست دەكەن، دەبنە سەرچاوەی بیركردنەوە. هیچ شتێك بۆ ئەو مرۆڤەی لە ڕێگای بەرهەمهێنانەوە بیر دەكاتەوە، خۆی بە تیشكۆی جوانبەخشییەوە خەریك و پەیوەست دەكات، مەحاڵ نییە. ئەو بەرهەمەی دەیخوڵقێنێت گەردوون و هەموو شتەكانی لێ دەكەوێتەوە. لە ناو ئەو گەردوونەدا هەمیشە شتەكان لە پێناو ئامادەكردنی بوون و هەقیقەت، له ئامادهكردنی بوون و چییهتیدا بۆ مرۆڤ دەبن بە سێبەر و هەتاوی فریا، یارمەتیی یەكتری دەدەن بۆ پێكهێنانی شتەكان. هاوسەنگی پێداویستییەكانی ژیان لەوەوە ڕادەگیرێت.
گەردوون بۆ پێكهێنانی شتەكان، بۆ گشت مرۆڤ و كۆمەڵگایەك ناوەندێكی هاوبەشی هەیە. لە بە كەڵكترین شێوەدا بیری پێ دەكاتەوە، دەیڕسكێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و جیاكاریی خوڵقاندن و بەخششی كولتووری گشتی و كەسی. ڕۆژگار، ڕۆژگاری داهاتوو نییە، بگرە دەچێتە تێكڕای سەردەم و كات و هاودەقی پێك دەهێنێت، شتەكانیش دەكات بە ئاماژە لە هەستیاری بیری مرۆڤی بەرهەمهێندا، بەرانبەر پرسیارە گرنگ و كاریگەرەكانی بوون و هەقیقەت و بوون و چییهتی ئاگادارمان دەكاتەوە. دەیشبێت بەو بڕوایەمان بگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی كارلێك لەگەڵ ئەفسانە و داستان و بەیت و مێژوو و ئەوانی دیكەدا دەكەن، لە كوێوە سەرچاوەیان گرتووە، كەموكوڕییەكان لە چیدا ئاشكرا دەبن، پەیدابوونەكانیش چین.
بوون و دۆزینەوەی سەرەتای شتەكان، پێوەری مرۆڤ و كۆمەڵگە و هەموو شتەكانن، نەك هەقیقەت. جیاكارییەكانی نێوان بوون و هەقیقەت پێویستە بەردەوام بە كاریگەرییەكی زۆر و كراوەوە گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت، كاریگەریی خۆی بسەپێنێت. هەوڵەكانیش بێ ئومێد نەبن. هەقیقەت بینینە، بوون بیركردنەوەیە لە بینین و ئەفسوونی ڕسكان و ژیان. دۆزینەوەی سەرەتای شتەكان، بنەمای ژیانی بە بەرهەم و ئارەزوویەكی بەردەوامە بۆ بەرهەمهێنانی نوێبەخشی و جوانبەخشی. هەنگاوی یەكەم: لەم دۆزینەوەیەوەدا دەبێتە ئەزموونێكی خاوەن كاركردن لە هێڵكاریە هونەرییەكان و ماناداریان دەكات، هەروەها ختووكە و چەشەی ئەوی دیكە دەدات بۆ جیاكاریی خوڵقاندن و ئاشناكردنی جیاكاری.
ئازادكردنی نووسین، جووڵەیەكی هەمیشەیییە، بیركردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و ناوەند پەیدای كردووە. زۆر وێستگە هەن جوانبەخش تێیدا هەڵوەستە دەكات، دەوەستێت و دەكەوێتە باری لێوردبوونەوە و تێڕامانی كارا و دوورودرێژ و قووڵبین، بەڵام هەر یەك وێستگەیان ورووژێنەر و دیاریكراوە، دەتوانین قسەی لە بارەوە بكەین. هیچ شتێك لەم بوونەدا نوێ نییە تا مرۆڤیش دۆناودۆنی گیانێكی بەر لە خۆیەتی. بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەی ژیان منی دووبارە كردووەتەوە، دەبێت قسەی ئەم دووبارەكردنەوەیەی خۆمم هەبێت و بیكەم، بەڵام وەك خۆم و خۆم لەگەڵ خۆمدا، ئەم خۆم لەگەڵ خۆمدایە لە ناو دوو كەوانەی هەمیشە ئامادەی دۆخگۆڕین، ئازادیی تەواو دەڕەخسێنێت، كەرەستەكانی دەربڕینی خۆی دەناسێت. ئەم پێوەندییانەی هەستەكانی كەسی جوانبەخش لەگەڵ پانتاییی فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیادی و فرە ترپەدا، لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمان دروستی دەكات، بانگهەڵدانی نوێبەخشی و چییهتی نییە، بگرە بەدیهێنانی نوێبەخشی و چییهتییه.
نوێبەخشی گەشەكردنێكی سەرتاپاگیرییە، لە ئەفسوونی كراوەی بوون و ژیانی مرۆڤدا، باروبوارێك دەكاتەوە بۆ شكاندنی گەمارۆی دواكەوتوویی كۆمەڵگە. ئەو كەرەستانەیش دەناسێت، كە نوێكردنەوەی بیر و بیركردنەوەی كۆمەڵگە هەڵدەسووڕێنێت، هەستی گۆڕانكاریی كاریگەر دەهێنێتە ناو هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی ژیانمانەوە. ژیانێكیش نوێبەخشی بەرهەم بهێنێت، سەر بە بیرێكی خوڵقێنەرە، بینینێكی تەواوە بۆ گەردوون و پێكهێنانی شتەكان. نوێبەخش هەمیشە هەوڵ دەدا: ژیان لە بینینی ئەوانەی پێش خۆیەوە ژیاوەن دەستكاری بكات، بیروڕاكانی بۆ گۆڕان بخاتە گەڕ. جوانی لە چاوی كۆمەڵگە زیاد و بە پیت بكات، ڕووداوێكیش دروست بكا، پاشخاپەرۆكەكانی داهێنانیش بسڕێتەوە، یان لانی كەم بەلاوەی بنێت، هەروەها نەریتە خراپەكانی كۆمەڵگەیش لا بدا، جوانییەكانیشی بە هۆی بەكارهێنانەوە زیندوو بكاتەوە.
شیعری پاراو وبێگهرد: وهك ترپهی لێدانی دڵ، ڕاستهقینهیه. زمان بە شیعر دەستی پێ كردووە و خۆی ناساندووە، بووەتە دیاردەیەكی تەندروستیی كۆمەڵایەتی و نیشانە و حیكمەتی ئادەمیزاد، ئەم نیشانە و حیكمەتە ئادەمیزادییە بەشێكی دەبێت لە بیر و بیركردنەوەی منیشدا بڕسكێت، لێكدانەوەیەكم هەبێت بۆ ڕسكان و گواستنەوە و كارپێكردنی.
شارستانیەتیبوونیش لە ڕێگەی هۆشێكەوە بۆ هۆشێكی دیكە بەردەوامیی داهێنان بە دەست دەهێنێت. گۆڕانە یەك بە دوای یەكدا هاتووەكانی نێوان كەسایەتیی داهێنەر و كۆمەڵگە دەستنیشان دەكات.
بەبێ مەیل و ئالوودەبوونی نەمری و بەرز فڕینێكی ئێجگار زۆر لە پێناویدا، مرۆڤ ناتوانێت دەربڕین و داهێنان لە جوانییەكانی ژیان بكات و بچێتە ناو بەردەوامییەوە. داهێنان خۆی وزەیەكی شاراوە و دەنگدانەوەی هەستییە، بوون دەدۆزێتەوە و ئاشكرای دەكات. دەچێتە ناو كرۆكی كارتێكارە ڕۆشنبیری و كولتوورییەكان. لە بارەی شتێكەوە قسە دەكات، كە گەردوون و مان و بنەڕەتی تەواوی سەرزەمینە، دەبێتە ناوەند. وەك بنەڕەتێك، بۆ ئەو دامەزراوە ڕۆشنبیرییانەی بوون بە ڕێوە دەبەن و لە سەری دادەمەزرێن، لە ڕێگای جوانییەوە درێژە بە بەخشش دەدەن، وەك پێویستییە هەستییەكان دەڕۆن بە ڕێوە و مەشق دەكەن، مەشقی بەردەوام بیر تیژ دەكاتەوە، لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێویسمان پێی هەیە. ئاماژەی كارا و كارامە و گرنگە، بە دوایدا دەچین بۆ پێوانەكردنی پاشەڕۆژ، لە هەمان باروبواریشدا بوێریی چوونە ناو و قسە لەبارەوەكردنی دەكەین.
بەرهەمهێنی جوانبەخش، بینینی خەونی بۆ ژیان، هەستەكانی ڕازاندووەتەوە. ئارامییەكی تێدا بەدی دەهێنێت، كەشە دەروونی و پێشهاتەكان بە ئاستێكی هونەری و كاریگەرییەكی ئاشكرا دەگوازێتەوە بۆ واقیعی نووسین، كە برینی كاریگەریی شەڕی خۆبەخۆ لە گەڕەكەكاندا دید و دیدگا و قووڵبینیی مرۆڤی كوردیان شێواند، جوانی و توانا و بەهرەیان كوشت و پەیوەستبوون بە ژیاندۆستی و شەیدایییان تا ڕادەی لەناوبردن كز و لە پێش دڵ و چاو خست.
بەرهەمهێنی جوانبەخش ناچار بوو، بەرهەم وەك ئامراز و ئامانجی كاریگەر بۆ ژیاندنەوەی جوانی و توانا و بەهرە بە كار بهێنێت: (ئەندێشەی چاك، گوتاری چاك، كرداری چاك) بناسێت. لەگەڵ ئەمەیش ئەو ڕۆژانەی من تێیدا ژیاوم و شیعرم نووسیوە زۆر ڕوون و ئاشكرا نەبووە. بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەهرە، لە خەونێكدا لە هێلكەی سەمەندەر ترووكا. خوداوەند بە هێزی بەخشندەیی بۆ ناوچەیەكی دیكەی ئاسمان بەرزی كردەوە تا فێری بلیمەتی و پەرجووی بەرزایی و گەیشتن بە شاری دەستەبژێرەكانی بكات. سەرەتاكانی هەست پێكردن بنووسێتەوە. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن. هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە. لەم كردەوە و كردەیەدا شیعری پاراو و بێگەرد دەدۆزێتەوە، شیعری بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەهرە. هیچ بووژێنەرەوەیەكی جوانی و توانا و بەهرەیش لێڵ و ناڕوون نانووسێت. زاڵە بەسەر ئاگاییی نووسین و ئامرازەكانی دەربڕین و كاكڵی مەبەستدا. وەرگر بانگهێشت دەكاتە سەر خوانی: فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە، لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمانی فرە دەنگیی خۆی، بۆ وەرگرتن و چێژ و تێگەیشتنی هاوبەش و دەستدان لە ڕوخساری نوێبەخشیدا.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
2
مرۆڤ یەكەم جار، كە بەهرەی دەربڕینی تێدا ئاشكرا بوو، لە خانەی شیعردا جێی كردووەتەوە، بۆ مانەوەیشی لەم خانە پیرۆزكراوەیدا، هەمیشە قوربانیی لە ئەژمار نەهاتووی داوە, هێڵە ئەفسوونییەكان و چالاكیی درێژ كردووەتەوە. زمانیش وەك یەكەیەكی پڕ جووڵە بوونی خۆی ڕاگەیاندووە. گیانی لێوڕێژ لە شەپۆلدانی، لە ئاراستەكراوە سڕكەرەكاندا ڕاپسكاندووە و پاراستوویەتی، هێز و ئاماژەی خستووەتە وێستگە و سەكۆی داهێنانی. پێوەندیی نێوان مانا و شيعريبوون لە ناو فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەدا بەستووە و شكۆی داوە بە گوتن و زمان.
زمان كەرەستە و بەخششێكی خودایییە، دەسەڵاتی دەربڕین و هێزی گیانی دەدات بە خۆویستی و خوڵقاندنی شیعریبوون و مانا لە ناو زمان و جوانیدا. زمان و جوانی ڕووبەرێكن. خود و خەیاڵ خۆش دەكەن و بیریان تێدا دەكرێتەوە، ئاست و جیاكارییەكان دەردەكەون.
وشه ههرزهكارێكی تووڕهیه. لهو شاعیرانهی شیعری بهرژهوهندداری بۆنه و ساڵۆن و فیستیڤاڵانی پێ دهنووسن.
هێمای درەوشاوە زۆرن، كە توانا و بوێریی نەخێریان تێدایە، سەرگەردان و دەربەدەر بوونە و بوونەتە قوربانیی شیعری پاراو و بێگەرد. هەموو پەیامێكیان لە شیعرەوە بۆ شیعریبوون هێناوە. پەیامیش جگە لە شیعری پاراو و بێگەرد شتێكی دیكە نییە. دەیانەوێ لە ڕێگەی ئەم پەیامهێنانەیاندا دەربڕین لە بارێكی دەگمەن، ئاوێتە بە جووڵەی وێنە و وشهی پڕاوپڕ له واتا و دەنگی پیتەوە بكەن.
تەنیا شیعری پاراو و بێگەرد، لە سەرچاوەی خود و خەیاڵەوە بنەچەی ڕاستەقینە و بەهای هونەری وەردەگرێت، بۆیشی دەگەڕێتەوە، ئاماژەی یارییە مەحاڵەكان دەدات. ڕایهڵ و تانوپۆی فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە، خۆی تۆكمە و پتەو پێك دەهێنێت. هەموو بوون دەخاتە ناو پرسیاری خود و خەیاڵەوە، تەنیا خود و خەیاڵیش هونەری پاراو و بێگەرد دەخوڵقێنن، بڕوا بە گفتوگۆی هەستیار و بێداری دەهێنن.
كێشەی نێوان شاعیر و ڕەها، هەڵبژاردنی پەڕگیرییە، شیعر دەكات بە پاراو و بێگەرد. هەموو لكەكانی دیكەی ئەدەب: پەخشان، شانۆگەری، چیڕۆك، ڕۆمان… تاد، تەواو ژیری دەیانجووڵێنێت و بزووتنەوەیەكی وریاكردنەوەی خوێنەرین. لە ڕێگای ئەم جووڵانەیشیدا جۆرێك تێكەڵی دێتە ناوەوە. هێزی دەستی، هاوسەنگی تێك دەچێت، ڕەهایی و پاراوی لە ناخ و بیركردنەوەیدا دەبێتە پاشخاپەرۆكێكی بێزراو. جومگەكانی پێوەندی لەگەڵ سەرگەردان و دەربەدەر و قوربانییەكانی شیعری پاراو و بێگەرد لە بەریەكدا هەڵدەوەشێنێتەوە، دەچێتە ناو پێزانینە بە ئاگاكان و دەربڕینی فریودەر لە پێناو دەسەڵاتێكی دیاریكراودا، بینای كلتووریی خۆی پێك دەهێنێ، گفتوگۆ لەگەڵ كلتووری ئەوی دیكەدا دەكات. لە هەموو كارێكی ڕۆشنبیریدا گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەوی دیكەدا لە سوودگەیاندن بەدەر نییە. تەنیا لە شیعردا زەرەرمەند و هەڵەبەرە. بەهۆی ئەم گفتوگۆیەی هێزی كەسێتی ون دەبێت، ونبوونێك، كە دۆزینەوەی دەبێتە جۆرێك لە مەحاڵ.
جوانی شێوازێكە بۆ بیركردنەوە، شێوازێكی سهرهكیشه. گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی بیركردنەوە. هەیە لە كەشوهەوا هەستییەكانیدا جوان بیر دەكاتەوە، كەچی لە هەنگاوێكی نزیكدا ئامادە دەبێت بچێتە ناو خۆهەڵبژاردنی: لیستێك، یان حزبێك، یان شانەیەك، یان ڕێكخراوێك، یان دامەزراوەیەك… تاد، بۆ بەرژەوەندی و كارپێكردنی خۆی ئامادەی كردووە، پڕوپاگەندەیەكی بێ ژمارەیشی لە پەنادا كردووە بە قەڵای هەڵخەڵەتاندن و دابەشی سەر ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانەكانی خۆی دەكات. هەر كەسێك پێودانگێك بۆ كەسایەتیی خۆی دانەنێت، گەورەیی نەخێر، لە دەست بدا، ملكەچ و ئامادەی بەڵێ بێت، بۆ هەمیشەیی بەختیاریی گیانیی دۆڕاندووە. ملكەچكردن بۆ دەسەڵات، ژیان و شێوازی بیركردنەوەت دەكەن بە ڕۆتین و نووسینت نابن بە سەرچاوەی پاراو و بێگەرد.
شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن، هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە. شیعری پاراو و بێگەرد ئەی بەختیاریی بەهرەوەرانی سەر زەمین. مێژووی خۆ دروستكردن لە خاڵێكدا كورت دەكرێتەوە و دەبێتە تیشكۆ، بوێریی ئەوە بكات بڵێت نەخێر، نەخێر، پرۆژەیەكە بۆ جوان بیركردنەوە. جوان بیركەرەوە جووڵەی سروشت هاوتا دەكات بە جووڵەی ئازادیی مێشك و هۆشمەندی. بیركردنەوەیش وەك پرۆژەیەك لە پێناو خۆدۆزینەوە و خۆبوونی و ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر دەسەڵات.
ئەو كەسایەتییە تێكەڵە لە بڕیاری ناوەوەیدا، پێوەندییەكانی هونەری نووسین و جوانی و ڕەهای ڕاگرتووە، كە شیعری پاراو و بێگەردە. لە دەرەوەیش لە ناو تاكتیك و زانیاریدان بە حزب، یان شانە، یان ڕێكخراو، یان دامەزراوەیەك: ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانی دەسەڵاتدایە، كە هەموو دەسەڵاتێك بەشێك لە دیكتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە.
شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاكیزەی دووەم، لەگەڵ یەكەم هەست بە ئارامیكردنی دەروونی بەرانبەر دیمەنی جوانی دەستت پێ كردووە، بە وەشاندنی گورزێك ئاگری بێ ئامان كۆتایییەكان دەستنیشان دەكرێن، كە لە سەر زەوییەكی گڕكاناوی ڕامان گرە، هەموومان بە سووتان و توانەوە و لێك جیاكردنەوەی ئێسك و گۆشت جەزرەبە بدە. تەنیا ئەو سەمەندەرانە بەردەوامی وەردەگرنەوە، كە پەڕگیریی شیعرییان هەڵبژاردووە، پێشەنگیی تێدا بە دەست دەهێنن. لەم گۆشە زۆر هەستیار و بێدارەدا، شێواندن دادەڕێژنەوە، دەیكەن بە بوونی جوان و یادەوەریی داهاتوو، هەروەها مێژووی وشە و داهاتووی وشە، وشەیش دەكەن بە زمان، زمانیش بە جوانییەكانی بوون.
بەهرەوەر: ئەگەر تۆ خەونی داهاتووت لە دەست دابێت. بۆچی دەژیت، چۆن بوون و خۆبوونیت دیاری دەكەیت. پێویستە سەرەكیترین پرسیار دروستكردن لە بیركردنەوەماندا ئەوە بێت، من چ جۆرە بەهرەوەرێكم. ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمان، یان كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە و دڵكەش. پێكهاتەی زەمین چۆنە، شكۆ بەرهەمی كامە قوربانییە. بۆ ئەوەی سییەكان لە ڕزین بپارێزین پێویستمان بە چ جۆرە هەوا وەرگرتنێكە. پێمان لە ناو خۆڵی نەرمونیان، یان خۆڵەمێشی فریودەر پشوو پێ بدەین.
شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاكیزەی دووەم، ئەی تەنیا دایكی شاعیرە كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە و دڵكەشەكان.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
3
بەرهەمهێنەرانی شیعری پاراو و بێگەرد لە پێناو چێژی نادیار، گیانیان وەك دیاریكردنی ناوەندێك لە ناو كردەوە، كردەی نووسین و هونەری جوانبەخش و باڵایان پیشان داوە. هیچ كامێكیشیان شیعریان تایبەت نەكردووە بۆ ڕووبەر و ڕواڵەتی واقیع، بیركردنەوەی داخراویان وەك پێودانگێك بۆ پێوەندیی زەینی و بوونی شتەكان بە كار نەهێناوە. لە سەر بنەڕەتیی بەهرە و جوانبەخشی جووڵاون، تێگەیشتن و تاسەیان بۆ جوانبەخشی كار پێ كردووە، ئاسۆی توانای تەنیایی، كە داهێنەر هەمیشە توانایەكی تەنیایە، بە سەر دیاریكردنی ناوەندی گیانیان كردووەتەوە، لەو ڕەگە دوورودرێژەی شیعردا، لە بەردەوامی و گۆڕان بۆ خۆی ئەزموونی كردووە، لە خولیاماندا دەسووڕێتەوە، هیچ كاتێك نەبووەتە بنەما و بنچینەیەك، یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرۆگرام و پلانی ساڵانەی دامودەزگایەكی لە سەر دابمەزرێنرێت، بگرە بمانەوێت نەزانراوێك بزانین، لە كلتووری ناسراوی زانستەكان بە هەموو بەشەكانیەوە نزیك دەبینەوە، سەرقاڵی سوود لێ بینین و پەیڕەوكردنی دەبین.
شیعر بۆ دۆخی دەروونی و ورووژاندنی گیانی لە نێوان مەوداكاندا دێت و دەچێت، دۆخی دەروونییش بەشێكە لە وزە زیندووەكانی زانیاری، چونكە بینین دەگۆڕێ، بەڵام جیهان ناگۆڕێت، بگرە جیهان بۆ شێوە هەڵسووڕانێكی شیاو و چەشەی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشی ئامادە دەكات. تەنیا دوو شت دەتوانن جیهان بە بارێكدا بگۆڕن، ئەویش ئایین و سیاسەتن، ئایین و سیاسەتیش كاری كۆیە، تاكی كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە، دڵكەش لە ناو كۆدا بزر دەبێت و نامۆیی لە پێوەندییەكاندا دروست دەبێ.
لێرەدا پرسیارێك، كە كاری شاعیری نوێبەخش و جوانبەخش داهێنانی پرسیارە، دەبێتە باروبوار. بە هۆیەوە دەتوانین لە نێوان مەوداكاندا بێین و بچین و چالاكیی بیركردنەوەی ئەوڕۆییمان بە تاو و تینی جوانی دەرببڕین. نوێبەخش، كە مامەڵەی جوانبەخشی لەگەڵ ڕیزبهندی هەستەكانیدا دەكات، شيعريبوونى لە ناو سروشت دەرهێنا و گواستییەوە ناو هەستەكانی مرۆڤ، لە ناوەڕۆكدا ڕسكاندی، ئەفسوونی خود و هێزی تاكی تاقی كردەوە، كە دەتوانێت هەست و گیان و خەون وەك ناوەندێك دیاری بكات. بە وردی لە سروشتی هەست و گیان و خەون ورد بوومەتەوە، هەست و گیان و خەونیش بابەتی بنەڕەتیی شیعری منن. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانییش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن، هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە، ئەو پرسیارەی نوێبەخشی دروستی دەكات، وەڵامێكی یەكگرتوومان لێی دەست ناكەوێت، یان نایدۆزینەوە. من لە شیعردا بە دوای وەڵامدا ناگەڕێم، وشە كەم دەكەمەوە و وەڵام دەدۆزمەوە.
كۆمەڵێك بەهای ئێستێتیكی هەن، سروشت پشتگوێی خستوون. جوانبەخش جموجووڵی هێماكانی دەدۆزێتەوە، دەیانهێنێتە پانتاییی نووسین و دەیانكات بە هونەری پاراو و بێگەرد.
داهێنەری پرسیار، ئاراستەی فۆرم لای پاڵنەری كردارییە، لێیەوە شوێن بۆ پەیژەكانی كاركردن دەستنیشان دەكات. كردەوە و كردەی بەردەوامبوون لە بیركردنەوەیدا كەرەستەیەك نییە بۆ ناسینی جیهان، كەرەستەیەكە بۆ ناسینی خۆی، لە پاشانیشدا بۆ ناساندنی خۆی، شكۆداركردنی جیهان بە داهێنانی پاراو و بێگەرد.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
4
شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەكان: بەرپرسن لە خوڵقاندنی شیعر و ئامادەكردنی كۆمەڵگە بۆ جوانیویستی و جواننواندن و كاركردن و مانەوەی لە ناو كردەوە و كردەی ئێستێتیكیدا، قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: هەندێك جووڵە و پانتایی و ماكیان لە بیر و هونەری قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی وەرگرت، لە برەوپێدان و چارەنووسی داهێنان و دۆخگۆڕینی ناوازەدا فۆرمی جیاكارییان تێدا خوڵقاند.
قۆناغی دووەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: بە هەمان شێوە هەندێك جووڵە و پانتایی و ماكیان لە بیر و هونەری قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی وەرگرت، كاری بەرەو پێشەوە چوونیان لە سەر كرد، ئەنجام كۆمەڵێك دۆخ و كاری جوان و پەنجەمۆریان لە زەمینەیەكی بە پیتدا دامەزراند.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: لە ئاماژەی هەریەك لەم قۆناغانەدا، مەبەستم شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەكانە، نەك پاشخاپەرۆكە بێزراوەكان، هەوڵیان بۆ خوڵقاندن و ئاشكراكردنی بیر و هونەری جیاكاری بوو، دلێرانە داكشانە ناو خود و پاراو و بێگەردیان كرد. لەم پاراو و بێگەردییەدا زەمینەی لەباریان بە پێناسەی دیاریكراو و ڕوونەوە: بۆ كێڵان ئامادە كرد، تۆوی بەهرە و ڕۆشنبیرییان لە ناودا وەشاند، فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەیان دامەزراند.
دەستەیەكی كارا لە ناوەند، بەهرەی دیاردە بزوێنەرەكانن. شیعریان بە ژیان بۆ خۆبوونی خۆیان هەڵبژاردووە، نانی گیانیان لە دەستی ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێردا خواردووە. هەژانێك، لە سروشتی دروستبوونەوە لە بیر و هونەری پێشوودا ڕووی دا، كە لە دەقە نایابەكاندا هەڵقوڵاوە و خۆی نواندووە، زمان تێیاندا زۆر هەستیار و بێدارە، خۆی ئاراستە دەكات، بەڵام زوو خۆی ئاشكرا ناكات و ماناكانی ڕاناگەیەنێ.
شیعری پاراو و بێگەرد: لە كرۆكی خۆیدا پرسێكی بوونی و ژیانی دەروونییە، پێویستی بە هێنانەوەی هیچ پاساو و هۆ و بەهانەیەك نییە بۆ بوونی خۆی. كاركردن لە جیاكاریی بیر و هونەر، دەركەوتن و جوانی و توانا و بەهرە، بە كەسی بیركەرەوە دەدەن، هێزی سووربوون لە سەر بنەمای جیاكارییەكان بنیاد دەنێن، كە جیاكاری سووربوون و بوونی كردەوە و كردەی نووسینە. لەم بنیادنانەدا تێگەیشتن و قبووڵكردنی وەرگر لە جیاكارییەكان ڕادێن، جیاكارییەكان خانەی دیاردە و جووڵە و مانەوە و خۆبوونی وەردەگرن.
گیانی نوێبەخش و جیاكارییەكان، هەستەكانی لە ناو شاكار و ژیانی دەروونی پەرە پێ دەدا و كارا و كارامە و زیرەكانە شێواز هاوتەریب لەگەڵ شێوازدا دەگونجێنێت، هاوتایان دەكات. شكۆ و كەرت كەرتبوونی ناخی مرۆڤ بەجێ دەهێنێ، مانا ڕانەگەیەنراوەكان ڕووبەڕووی مانا ڕاگەیانراوەكان دەكاتەوە. جیاكارییەكان بەپێی جیاكارییان لەگەڵ ئەوانی دیكەدا ئاستدار دەبن. ماك و ئاسۆی هەستیاری و ئاست و ئاستداری لە بیری زمان وەردەگرن، پرشنگیش لە تیشكە بەهێزەكان. یەك ئاستییش بیر و هونەر لە پاشخاپەرۆكی بێزراو وەردەگرێت و گەشەدار نابێت.
من لە ئەزموونی خۆمدا زۆر شەونوێژ و كەلكێشی و ناوچەوان كراوەییم بۆ شیعری پاراو و بێگەرد كردووە. ئەو كاتەیش شەونوێژ و كەلكێشی و ناوچەوان كراوەیی لە شاعیر وەردەگیرێت، كە شیعر بە ژیان بكێشێت، وەك كێشەی مردن و ژیانیش لێی بڕوانێ و كاری بۆ بكات و ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێر فێر بووبێت.
مردن و ژیان پێكهێنەری بوونن، شیعریش، كە ڕەگەزێكی بوونییە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە لە دڵەوە لێی بڕوانرێ، كاری بۆ بكرێت. نووسین لەوپەڕی شادی، یان ئەوپەڕی ناشادی بەرهەم نایەت. كاتی ئەفسووناویی خۆی پەیدا دەبێت، كە خورپەی شاراوەی ناخ دروستی دەكات. تەنیا ئەو خورپەیەی، كە دەچێتە ناو كردەوە و كردەی نووسینەوە ڕوونی دەكاتەوە، ئاماژەی حەسانەوەی گیانیی دەداتێ.
سەرنج ڕاكێشترین ئەزموونی جیاكاری لە ڕووبەڕووبوونەوە و هۆشمەندیی نووسیندا بەرجەستە دەكرێت، جیاكارییەكانی ئارەزوویەكی تەنك پەیدای نەكردووە، بە ڕێگەی ئەزموونەوە دەیگەیتێ، بڕوایەكی بەرزی تێدا بەدی دەكرێت، هێزە سەیر و سەمەرەكانی مرۆڤ دەخاتە گەڕ، مانایەك بۆ بوون لە هەست و گیان و خەوندا دەبووژێنێتەوە، ئەوینداری دەكات بە ژیان. چێژ بەردەوام لە مرۆڤی هەستیار و بێداردا دەگۆڕێت. بە هیچ پێودانگێكیش ژیان دامەزراو و دەوڵەمەند نابێت بەو دیاردانەی لە پێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤدا خۆیان پێشكێش دەكەن، بگرە بەردەوام كۆمەڵێك بۆشاییی پڕ جادووی لێ بەدەر دەكەوێت. پێویستە مرۆڤی نوێبەخش و جوانبەخش بچێتە ناویان، گەوهەرەكانیان بدۆزێتەوە و مشتوماڵیان بكات. ئەم دۆزینەوە و مشتوماڵكردنە چیەتیی جیاكاریی مرۆڤ و كۆششی گیانی و جیهانبینییەتی.
بەرچاوییەك لە ئەزموونی جیاكاریدا، لە بەشی زۆری دەقەكانم دێڕێك وەك ناوەند هاوبەش دەكەم لە نێوان دوو وێنەدا، هەم تەواوكاری وێنەی یەكەمە، هەم تەواوكاری وێنەی دووەم.
دهبێ ئهم دێڕه ناوهندكراوه دووجار بخوێندرێتهوه. جاری یهكهم: لهگهڵ وێنهی یهكهم. جاری دووهم: لهگهڵ وێنهی دووهم.
ئەم ڕووبەر و جووڵە و ڕووداوەیش بۆ سەرسامیی وەرگر بە كار دەهێنم، ئەگەر وەرگر بە تەواوی هێزی هۆشمەندییەوە ئەم ناوەند و هاوبەشییە لەگەڵ هەردوو وێنەدا وەرنەگرێت، جۆرە ڕێكخستنێك لە ئاگادارییەكانی ناو دەق پێك نەهێنێ، هەردوو وێنەكەی بە لێڵی و ناتەواوی دێتە بەرچاو و زەین. یەك لە گیروگرفت و لێك حاڵی نەبوونی ئەدەبی جیاكار لەگەڵ وەرگردا ئەوەیە، ئەم هونەرە وردانە هەست پێ ناكەن، یان خۆیانی لە ئاستدا نەبان دەكەن، یان توانایان نییە لە جیاكارییەكانی جوانبەخشیی جیاكار تێ بگەن. بەوەیشەوە لەوە دەترسن هەستەكانیان لەگەڵ ئەوی دیكەدا بەشداری پێ بكەن. جیاكار پێویستە لە هۆی بوونی خۆی بپرسێت، پرسیارێك وەك دۆخگۆڕین لە پنتی پێكهێنان و بنەمای كراوەدا پێناسەی دیاریكراو و ڕوون وەردەگرێت.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
5
ئەوەی لە نێوان من و شیعردا درێژ دەبێتەوە، خەونە نەك واقیع. لە كردەوە و كردەی نووسیندا، خەون دەكەم بە واقیعی نووسین. بە ویست و داوا و هەستیارییەكی خەونی، بە یادگەی كۆمەڵگەدا چوومەتە خوارێ، خانەیەكی سستبووم لە جەستەی شیعری كوردیدا تەواو زیندوو ڕاگرتووە، خانەی دەقی خەونی. خەون یەكێكە لە هێما هەستیار و بێدارییەكانی مرۆڤ، لە سادەترین ئاستیدا خەسڵەتی كیمیاگەری پەیدا دەكات، دەتوانێت توخمێك بۆ توخمێكی دیكە بگۆڕێت. پێكهاتە و داڕشتن و ڕایەڵ و تانوپۆیەكی توند و تۆكمەی لێیەوە درێژ بكاتەوە. لە چالاكییەكی دیكەیدا بیكات بە دیمەنێكی بە شكۆ. هەوڵێكی خوداڕسكی بەهرەمەندە، پێوەندیی مرۆیی و گەردوونی نزیك دەكاتەوە، پەلە بكەین بە دوای هەستیار و بێدارییەكانی ئەم پێوەندییە لە ناو ژیانی گەشاوەدا بگەڕێین. وێنەكانی بەرپرسیاریەتی بەرانبەر چارەنووسی چێژ و جوانی بەرز دەكاتەوە، خۆی دەناسێنێت و دەبێتە هێما بۆ مانا و كاكڵەی مەبەست.
وەك گیان پشت بە خەون دەبەستم، خەون هێز و بڕوابوون بە وریاییی هەست و خەیاڵی نادیار دەبەخشێ. دڵەڕاوكێیەكانی خەیاڵی نادیار بە خەڵكی دیار دەگەیەنێ، دەرەوە و ناوەوەی گیان بە یەكەوە بە ڕێگەی تایبەتیی خۆیدا دەبات، كە ڕێگەی جادوویییە. خەون نوێبەخشیی زۆری داوە بە ئەفسانە و داستان و بەیت، زمان تێیدا گەرموگوڕە و دەستكاریی زۆری هەستی كۆمەڵگەی كوردیی كردووە. شێوە و ماكی ئەفسانە و داستان و بەیتم وەرگرتووە، بە شێوەیەكی جیا لە خۆی، نواندوومەتەوە. بە ئاشكرا ئەم وەرگرتنە درەوشانەوەی لە بیر و بیركردنەوەی مندا پەیدا كردووە و ڕسكاندوویەتی، بۆ ئەوەی بە سەر هەندێك دەربڕیندا زاڵ بم، پێویستیم بەخۆڕاهێنان بووە لە شێوە و ماكی ئەفسانە و داستان و بەیت، خواستی ئەم شێوە و ماكەیشم قبووڵ كردووە، بەڵام خواستی واقیعی ئەفسانە و داستان و بەیتەكەم وەك خۆی، یان نزیك لە خۆی قبووڵ نەكردووە.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
6
دروستكردن و دروستبوونی یەكەم مرۆڤ، یانی هونەری بوون و جوانی، هەست و گیان و خەون لە هەموو چەشنە: شیعر و گۆرانی و مۆسیقا و تابلۆیەك… تاد، هەن و دەدۆزرێنەوە. لە دروستكردنی یەكتریدا بۆ یەك پێویستن. چالاكیی ژیان لە ناو ئەم دۆزینەوەیەدا دەردەهێنن، كاریگەری بە سەر سایكۆلۆژییەتی یەكەم مرۆڤ و دوایین مرۆڤەوە دادەنێن. ئەم ڕەگەزانە دەستنیشانكاری بەهای دروستكردنی یەكەمین مرۆڤن، دەربڕین لە چەمكی جوانی و تاسە و گوڕ و تینی دوایین مرۆڤیش دەكەن.
داهێنەرانی ئەم چەشنە دەقە بەرهەم دەهێنن، هەموویان بەهرەداری بێ پایانن و خولیا بە تین و كاریگەرەكانی خۆیان پێشكێش بە مرۆڤایەتی كردووە، بنەما هەمە جۆرەكانی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشییان كۆ كردووەتەوە. هەست و گیان و خەون، كە سەرچاوەی ئەفسوونی دەقن، بەردەوام ئەمڕۆ بە بیركردنەوەی دوێنێ ناپێون، لە دۆخگۆڕیندان. جوانی لە خۆیاندا پڕ خورپەی بەهێز دەكەن. دەقێكیش ئەم خورپە بەهێزكردنە لەگەڵ بیركردنەوەی هونەری بەڕێوە نەبات، خۆی ئەم كردەوە و كردەیەی قبووڵە لە ژێر پاڵەپەستۆ و چەپۆكی شتە ڕووكەشەكاندا بخنكێت. دەقیش پەیوەستە بە ترپە و ئاوازی دڵی ژیان و باروبوارەكانی جوانی و هونەری بوون، ئەگەر پەیوەست نەكرێت بەو ترپە و ئاوازە، دەقێكی تەكنیكاری مۆمیاكراوە، لە پێكهاتەی مێژووی گیان، دەستخەڕۆ و ڕەنجەڕۆیە. دەقی تەكنیكاری مۆمیاكراو فرەماناییی جیهان دەكوژێ، ژیان وەك جەستەیەكی داماڵراو لە هەستەكان نیشان دەدات. بەشە هەرە گرنگە گەرم و گوڕەكەی مێژووی گیان، ئەفسانە و ئایینەكان پێكیان هێناوە و بەردەوامی گەشەكردنیەتی، بە پیتی دەكەن و بگرە و بەردەی جیاكاری دەورووژێنن. تەنیا وەرگرتن و كارپێكردنی دیمەنی شڵەژاوی دەرەوە و بەهرەی تایبەت، فریای شیعر ناكەوێت، ئەگەر ڕەگی شكۆی خواست، لەناو بوون و خواستەكانی گەشەپێدانی بوون ئاوی نەخواردبێتەوە، كە ئاو هێمای سەرەتا و هێز و بەردەوامییە. تێڕامان دروست نابێت، پڕ مایەترین ئەدەب لە جیهانی نووسیندا ئەو ئەدەبەیە، كە پەیوەست بكرێت بە ئەفسانە و ئایین. ئەو ئەفسانەیەی هاتووەتە ئاراوە دەربڕین بووە لە بلیمەتییەك، كۆمەڵێك ڕووداوم وەك ئەفسانە هێناوەتە ناو نووسین. هەموویان دروستكراوی هێزی بیركردنەوە و خەیاڵمن. ئەفسانە و ئایین بۆ كڵپەپێكردنی مێژووی گیان، گەنجینەن، لە پانتاییی بیركردنەوەدا بە نەرمونیانیی بای سەرپەڵە جووڵە دەكەن. لێكدانەوەی گیانیم بۆ هێز و كاریگەریی كەسانی ناو ئەفسانە و مێژوو، وەك پشتیوانیكارێكیش لە بیركردنەوە و مانا و ئاسۆی جۆراو جۆر و ئایندە بینینییان، مرۆڤ دەخەنە سەر ئەو باوەڕەی جوانییەكانی زەمین حیكمەتێكی پەرتوبڵاوە، پێویستە بە ڕووتەختی ڕاگەیاندنەكانەوە هەڵبواسرێنەوە بۆ حیكمەت و بینینی دیكە، نوختەی سەرسامبوون.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لەبارەی شیعرەوە بنووسێت.
7
داهێنان ڕێخۆشكار و ئاراستەكردنە بۆ یەكگرتنی كلتوورە هەمەجۆرەكان. هەرچی هونەری شێوە و شێوازە لە ڕۆشنبیرییە بە زەبرەكانی بێگانەوە فێری ببین. نەك لاسایی بكەینەوە و بیخوازین. یەكگرتنەوەی مرۆڤایەتییە لە داهێنان و جوانیی خەمڵیو و پێگەیشتوودا. هاودەقی هەر لەم باروبوارەدا دروست دەبێت. ڕەخنەگرانێكی زۆر و هەمەچەشنیش بایەخیان بە چەمكی زمان و هاودەقی داوە، بارودۆخەكەیان لە بەرچاو گرتووە، بەڵام ئاشقبوون بە ئەدەبی بێگانە، بە نیازی دەستبەرداربوون لە ڕەگی زمانی زگماك، وات لێ دەكات بەهرە و بیری زمانت ناتەواو بێت. ئەگەر بەهرە و بیری زمانیشت ناتەواو بوو، هەوڵ دەدەیت خوێنەر لە كرۆكی شیعریبوون دوور بكەیتەوە، سەرقاڵی شتێكی ناكامی بكەیت، چونكە شیعریبوون لە بەهرە و بیری زمانی زگماكدا پەروەردە دەكرێت و دەڕسكێت.
خوێنهر و خوێندنهوه شێوهیهكن له داهێنان، خوێنهری پاراو و بێگهرد دهبێته فۆرمی شیعری بێگهرد.
خەیاڵ و زمان لە سەر ئاستی شیعریبوون و ئاستەكانی دیكەوە دەچنە ناو یەك، ڕێژەی شیعریبوون بەرەو بەرزبوونەوە دەبەن، شیعریبوونیش بە جوانیی خەیاڵ و زمانی خۆڕسك و خودایی پەیوەستە و لە چێژدا دەبێتە خاڵێكی بەهێزی ههستیار و بێدار، شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان. هەیە زانیارییەكی بێشوماری لە ڕێگای خوێندنەوە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە كەڵەكە كردووە، بەڵام نازانێت بە كاری بهێنێت و نەزۆكە، چونكە لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی ڕستەی ناو ناخی خۆ بنیادنەر و خۆبوونی نەبووە. كاریگەری و پەرەسەندنی زمان لەو ئاستەدا دەردەكەوێ و دەستنیشان دەكرێت.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

8
هەموو دیاردەكانی بوون، مرۆڤی داهێنەر بەرهەمیان هێناون، پڕ كاریشن لە بەرەو پێشبردن و كرانەوەی كۆمەڵگە بۆ قبووڵكردنی جیاكارییەكان. كۆششی شێلگیرانە دەكەم، دەقەكانم بابەتی تێڕامان بن بەرانبەر دیاردەكانی بوون، وزەی شاگەشكەییی چێژ و جوانیشیان تێدا پڕ و دووربهند بێت، بەڵام لەوە دڵنیام بە نیازی هۆ و ئامانج و هیچ شتێكی نزیك لەو مانایانە نانووسم. پێوەندییەك لە جەستەی دەقەكاندا نیشتەجێیە، پێوەندیی شیعریبوون و زمان.
سەرچاوەم لە دەروونم دۆزیوەتەوە، لە دۆزینەوەیشیاندا تەنیا هەستی خۆم دەستی گرتووم، وێناكردنەكانی دەرەوەیش تێكەڵاوی خەیاڵ و هێما و ئەفسانە و داستان و بەیت دەكەم. مرۆڤێكم تێكەڵاو لە گشت گۆڕانكارییەكان، گیانم لە قووڵاییمدا دەردەهێنم، بە یارمەتیی كەشوهەوای ڕستەسازیی زمان پێشانی دەرەوەی دەدەم. ئەم خۆپیشاندانەم ختووكەیەكی كورتخایەن نییە. ڕەگەزی مەیل و حەز بەڕێوەی ببات، شێوازی ژیانە، مرۆڤی خاوەن سیمای پاك لە ناویدا نیشتەجێیە. گونجاویشە پێش ساڵانێكی زۆر وەك ئەم چركەیە گیانم هاتبێتە ژان و هەراسان و لەرزەی نووسین، دوای ئەم چركەیەیش بە شێوەیەكی دیكە لە چركەیەكی پڕ پشووی گیانی لە لانكی ژان و هەراسان و لەرزەی نووسیندا بنوومەوە. ئەم نووستنەیش دوا مانا و شێوە وەرناگرێت.
شێواز دەبێتە خاڵێكی بەهێز لە داهێناندا، لەوەیش گرنگتر، وشە دەبێتە خاڵێكی بەهێزتر لە ڕستەدا، دەنگی پیتیش مۆسیقا لە ڕستەدا بڵاو دەكاتەوە و دەیجۆشێنێت. هیچ شێوازێك تا سەر جێگەی سەرسامیی ناوەندی ڕۆشنبیری نییە. جێلەق دەبێت، بەڵام ناكرێت بە كۆتاهاتنی یەكجارەكی ناوی ببەین، وەك سڕاوەیەك دڵخۆش بین پێی. تا ئەو ئاستەی دەسەڵات و هێزی ژیریم گوتوویەتی: ئەوەندەم توانا و بەهرەیە، خۆم كۆ كردووەتەوە، شێوازی شیعریم هێڵی ڕوونی ئاشكرا بێت.
تێ كۆشاوم بە هۆی پەخشان، بە گیانی شیعریی نیشانە و هێما و حیكمەت، لە داڕشتنێكی قووڵبووەوە لە ئاخاوتنی مرۆڤ و ئێستێتیكیدا بهێنمە ناو زەینی ڕۆشنبیریی پاراو و بێگەردەوە. بە دوای ئەو هۆكارانەدا بگەڕێم، منی سەرنجكێش و پەیوەست كردووە. گرفتارییەكانی ناوەوەی كۆمەڵگە بكەم بە بابەتی جوانی. لە ناخی هەر هەموومان دەستەیەك چاودێر خۆی پەنا داوە، هەیە دەكەوێتە ژێر هەڵسوكەوت و هێزی ئەقڵییەوە. هەیشە لێیان لا دەدات. خۆم لە دەستی ئەم دەستە چاودێرە ڕاپسكاندووە. ئاستە قووڵەكانی ئاگایی و هەست پێكردن و دۆخی بوون دەورووژێنم.
دەقی خەونی، لە خەونی ڕاستەقینە نزیك دەكەمەوە، وەك چۆن ڕاشكاوانە قوربانی بۆ ژیان دەدەم. بە هەمان شێوەی ڕاشكاوانەیش شێوازێك لە هەستیارترین ئاست و ئاستداریدا كار پێ بكەم. شێوە و ڕستەیەكیش نییە شێواز لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتە ئاراوە و نەیجووڵێنێ و ئاشنای نەكات.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
9
نوێبەخشی لە داهێناندا دیمەن و هێما و هێزی بوونە، هەڵگیرسانی ڕووناكییەكی نهێنییە لە ئەندێشەی ئەویدیكەدا، بڕواهێنانە بە دەسەڵاتی شیعری پاراو و بێگەرد، دید و دیدگە و هەڵوێست بەهێز دەكات. لەمڕۆی بە چەقەڵ و چەورە و حەربای ئەدەبی و داڵی دووكەلاك و مینچێن و قۆپیەچی و بەرماڵ پێستی ڕێوی… تاد، بەردەوامبوون لە نوێبەخشی و داهێنان، چاوقایمی و گیانی ژیری دەوێت. تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینانەدا ئاسوودەم، كە شیری گیانمن و مایەی سەرسامین، مێژووی وشە و داهاتووی وشەن، وشەیش دەكەن بە زمان، زمانیش بە جوانییەكانی بوون. دەمگەیەنن بەو ڕووناكییە خودایییەی لە هەستیاری و زەینی چالاكدا پەیدا بووە. هەموو وزەیەكی گۆڕان و پێشكەوتن لە گیانی مرۆڤی بە بڕوا و دامەزرێنەر و كەلكێشدا گەشە پێ دەدات، باروبوار بۆ دەربڕین و كرانەوەی بەردەوام دەدۆزێتەوە، تێگەیشتن لە گەشەی هەست و گیان و خەون پەرە پێ دەدا، لێ دەكۆڵێتەوە و دەیكات بە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسین. هزری دەوڵەمەندیش بەرهەم دەهێنێ، خۆشی و ئارامی ویژدانی پەناگەی خەیاڵی پاراو و بێگەردە. سەرچاوەی جوانبەخشی هێڵێكی هاوشێوەی هەست و گیان و خەون بۆ نوێبەخش دروست دەكات. ئەم هێڵە بە جووڵەخستنی نوێبەخشیی خۆیەتی، كۆمەڵگە بانگ دەكات بۆ ناو ژیانی ئاسوودەییی ئەدەب. بەهەشتی شادمانی ژیانی ناو داهێنانە. مرۆڤی جوانبەخش دەخوازێ تەمەنێكی پڕ دانایی و كارا و كارامە لەناو ژیانی ئەدەبدا بژیت، نەك لە ئارامیی ساختە و خۆشدووییی دەسەڵات، كە هەموو دەسەڵاتێك بەشێك لە دیكتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.
10
قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: شاعیرێكی كارامە و گۆڕانكاری وەك: (گۆران)، لە ڕەگ و قووڵایی كلاسیكییەوە هات. جیهانی شیعری كوردیی گۆڕی و پهرهی پێدا. تێگەیشتنی خوێنەریشی گۆڕی و پهرهی پێدا، زانی بواری داهێنانی ئەو چییە، تواناشى لە چی تاقی دەكاتەوە، كە هات وەك نموونەیەكی پێشەنگ و بهدیهێنهر هات، نەك وەك مەیدانخوازێك بیەوێت كلتووری شیعری كلاسیكی لە ناو ببات، سەرەتا فۆرمێكی جیاوازی لە ناو كلتوور و كەلەپووری كوردیدا دۆزییەوە، پڕ بوو لە وزەی ئاخاوتن، لە فۆرمی كلاسیكیشی داماڵی. ئینجا تێگەیشتنی خوێنەری گۆڕی و پهرهی پێدا، ئامادەی كرد بۆ تێگەیشتنێكی جیاوازتر، ئاشنای كردەوە بە كێشی خۆماڵی، شیعری ڕاستەقینەیشی بەم كێشە خوماڵییە نووسی و پێشكێشی كرد. كاكڵەی مەبەستی نوێبەخشییەكەی، كە پرۆژەیەك بوو، دامەزراند: لێرەدا گەشە پێ دا و دەركەوت. هیچ فۆرمێكیش، فۆرمێكی تر لە ناو نابات، بگرە لێی جیا دەبێتەوە.

بەشێكی زۆری قۆناغی دووەمی نوێبەخشی شیعری كوردی: زیاتر وشەیان لە ناو مانادا تواندەوە، لەوەی وشە بارگاوی بكەن بە بزێویی زمان. وشە هەست و هەستیاریی دروست نەكردووە، بگرە مانای گەیاندووە. جۆرە پێوەندییەكی هێمائارا، لە نێوان توانەوەی وشە لە ناو مانا و وشە بارگاویكردندا بە شیعریبوون خۆی ڕوون كردووەتەوە. شیعریبوونیش دەمانكات بە ئەندێشەی خۆی، ڕازی بەهێزی ئەندێشەكردنمان لە بیركردنەوە و دۆخی دەروونیدا دەخوڵقێنێت. ئەمەش تەنیا لە هاڵاوی مەستی دەقدا، مووچڕكە نەرمەكانی خەیاڵ و چێژ، پەی پێ دەبەن. تواناكانی خۆگۆڕین و دۆزینەوەی خود ئاشكرا دەبێت. بە هۆشێكی ڕووناك و شكۆدارەوە ئەم خەسڵەتەیان دەستنیشان دەكەین. لە دید و دیدگە و قووڵبینی دووری خستوونەتەوە، لە دەربڕین نزیك. هەموو هەڵچوونە نەستییەكانی خۆیان تێدا هەڵڕشتووە، هەڵڕشتن لە دۆخێكی دەروونیی كورتخایەندا سرووش وەردەگرێ و زوو دادەمركێتەوە. ئاگری نادیار و نهێنیی نووسین تەواو گەرمیان ناكاتەوە، ناوە ناوە تەزووی بەتینیان لە لەشدا پەیدا دەكاتەوە. لە بێ ئومێدی دەریان دەهێنێت، لە شەقامێكدا بەرەو پیاسە و ونگە دەیانبات. خەیاڵ تێیدا لە قووڵاییی ئەو وردەكارییانە دەكۆڵێتەوە، كە دەبێتە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسین.
نەست كاریگەرییەكانی خۆی كۆ دەكاتەوە، لە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسیندا دێنە ناو ئاگەداری. دەبنەوە بوونێكی وشیاری، بەڵام لە ئاستی هونەری و ئاستەكانی دیكە وتووێژیان لەگەڵ شیعر و ژیاندا نەكردووە، بگرە جەختیان لە مەودا دەرەكییەكان كردووەتەوە، دانەكشاونەتە ناوەوە، كە ناوەوە تایبەتكاریی كەسایەتی بەرهەمی دەهێنێ و زەینی چالاك توانای بەگەڕخستنیەتی.
مانای مەجازییان ڕاو نەكردووە، بە ئەسپایی و دامەزرێنەرانە سەیری هەستیاریی زمانیان نەكردووە، كە لە هەستیاریی زماندا مرۆڤ بە پڕی ژیانی خۆی دەدۆزێتەوە و دەیبینێ، سەرلەنوێ چاوی پێدا دەگێڕێتەوە، پاشان بژاری دەكاتەوە. زیاتر وەك یارییەكی ئایدۆلۆژی كاریان بە شیعر كردووە. لە بنجیشدا ئایدۆلۆژیا ڕەگی جوانیویستی و جوان نواندن و جوانبەخشی دەبەستێ، هەموو هۆیەكانی گەشەسەندنیان لێ دەستێنێتەوە، ههروهها شیعری ئایدۆلۆژی بنیادی كۆمهڵایهتی ڕوكاری ههیه.
سەرەتای پرۆژە و دامەزراندن و كرانەوەی شیعری كوردی ڕۆڵی خۆیان بەرز كردەوە، هەموو ئێمەیان بە خوێندنەوەی خۆیانەوە خەریك و سەرقاڵ كرد، كۆمەڵگەشیان خستە مشتومڕێكی ناتەبا و سەختەوە. كردنەوەی دەرگە و پەنجەرە و پیشاندانی خۆر و مانگێكی بە پیت و ڕۆشن بوون بۆ قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی، خاڵێكیش بوون بۆ جۆشدان و مامەڵەكردن لەگەڵ سروشت و بیركردنەوەی پهیوهستدا.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: بە فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە و جیاكارییەوە، ئاستی هاوچەرخی و داخوازییەكانی خۆیان پیشان دەدەن. بەوەی ئەو وەڵامانەی ئەوان بۆ واقیعی نووسین و واقیعی كۆمەڵگە و ژیانیان دایەوە، ئێمە دەیكەینەوە پرسیار، لە ناو گیانی بووناندنماندا دەیكەین بە بنیاد و پێكهاتەی خۆبوونی و وێناكردنی جیهان و چالاكییە هونەرییەكانی كەشی خۆدەربڕین و خۆدەستنیشانكردن و كردەی بوونی زمان، زمان وهك خود، وهك هێزی بوونی شاراوه. دهتوانێت دهربڕین له ههموو شتێك بكات، بهڵام له دیاردهكان ناكۆڵێتهوه.
پرسیار هاوسهنگی دهدا به پرسیاركار و پرسیار لێكراو. پرسیار نهكردن هاوسهنگبوون لهدهست دهدا.
ترپە و ئاوازی قۆناغی دووەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی زیاتر لە ترپە و ئاوازی مۆسیقای جەنگ دەچوو، كە جەنگاوەریان بۆ جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە لە سەر ڕادەهێنا.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: لەو ترپە و ئاوازە دەریان هێنا، شكاندیانەوە بەرەو ناوەوەی ڕستەی سەربەخۆ و جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە. شاعیری نوێبەخش بڕوای بە بوونی ئەو هەقیقەتە هێناوە، كە ترپە و ئاواز و جووڵەی وێنە و وشهی پڕاوپڕ له واتا و دەنگی پیت، پێوەندیی بە جوانبەخشیی مرۆڤەوە هەیە. وزەیەكی خۆشگوزەرانیی ژیانی كۆمەڵگایە. هەموو كۆمەڵگەیەكیش بنەمای ئازادیخوازی بە ڕستهی سهربهخۆ و جووڵەی وێنە و وشهی پڕاوپڕ له واتا و دەنگی پیتەوە. لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە، بۆ ئەوەی فۆرمێكی نوێی ژیانمان بداتێ.
نووسەر دەبێ له دۆخ و دهرووندا تاسهدارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.


