نووسینی مێخی
نووسینی مێخی

پێکهاتەی وشەی «ئاڵقە» لە هێما مێخییە سۆمەرییەکاندا


Loading

پێکهاتەی وشەی «ئاڵقە» لە هێما مێخییە سۆمەرییەکاندا

خوێندنەوەیەکی دەنگی-مانایی بۆ 𒀭𒍝𒀊𒌈 (an-za-ab-tum)

یاسین سەباح

سەباح یاسین
سەباح یاسین

١. پێشەکی

ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە شیکردنەوەی وشە مێخییەکەی 𒀭𒍝𒀊𒌈 (an-za-ab-tum)، کە لە فەرهەنگی سۆمەریی ePSD2 بە واتای «ئاڵقە، گوارە» هاتووە، پەیوەندیی نێوان دەنگ و واتا لە کوردیدا بخاتە ڕوو. شیکردنەوەکە لەسەر بەراوردی واتای هێما سۆمەرییەکان و هاوتا کوردییەکانیان دانراوە و لە چوارچێوەی دەنگ-مانایی (Phonosemantics) و وێنەییبوونی زمان (Iconicity) دایە، نەک ڕەچەڵەکناسیی مێژوویی (etymology). پەیوەندیی دەنگ و واتا زۆر جار نیمچە جیهانی و نیمچە کلتوورییە؛ ئامانجی ئەم وتارە کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە بنەما دەنگی-ماناییەکانی زمانی کوردی لە ڕوانگەی میراتی سۆمەری و زاگرۆسەوە.

٢. وشە مێخییەکە و هێماکانی

وشەی an-za-ab-tum لە ePSD2 دا ٣٥ جار تۆمار کراوە، لە سەردەمی ئوری سێیەمەوە تا بابلیی کۆن، بابلیی ناوەڕاست، ئاشووریی نوێ و سەردەمی یۆنانی، و لە هەموویاندا بە یەک واتا هاتووە: «ئاڵقە، گوارە». هاوتا ئەکەدییەکەی anṣabtu یە. بە چەند شێوەیەک نووسراوە، وەک an-za-ab-tum، en₈-za-ab-tum و in-za-ab-tum، و هەندێک جار دیاریکەری کەرەستەی پێوەیە: بەرد (na₄)، زێڕ (kug-sig₁₇)، زیو (kug-babbar) و برۆنز (zabar). لە فەرهەنگە کوردییەکاندا هاوتاکانی «ئاڵقە، ئەڵقە، عەڵقە، هەڵقە و گوارە»ن.

لە نووسینە باوەکەیدا چوار هێما وشەکە پێک دێنن:

هێما

خوێندنەوە

واتا لە ePSD2

ئەکەدی

هاوتای کوردی

𒀭

an

ئاسمان؛ سەرەوە؛ تاجی دار

šamû

ئاسمان، بەهەشت، سەرەوە، تاج

𒍝

za

داخستن (close?)

—

چوارچێوە، نزیک، داخستن، بەستن

𒀊

ab

دەریا؛ پەنجەرە

tâmtu؛ aptu

زەریا، دەریا؛ ئاوەڵە، پەنجەرە

𒌈

tum

کاریتە (cross-beam)

ḫurdatu

کاریتە، ڕایەڵ، شاتیر، پەراسوو، دارەڕا

هێمای za لە ePSD2 دا بە نیشانەی پرسیارەوە بە «داخستن» لێکدراوەتەوە، واتە واتاکەی هێشتا جێگیر نییە. لە بەرامبەر tum یشدا، جگە لە کاریتە، لە کوردیدا تیرەک هەیە — ئەو کۆڵەکەیەی دەدرێتە بەر بنمیچی دیواری شکاو. ئەم چوار هێمایە بە یەکەوە دەنگەکانی an-za-ab-tum پێک دێنن، و ئەم پێکهاتە دەنگییە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا بە «ئاڵقە، هەڵقە، عەڵقە و گوارە» هاوتا کراوە.

٣. بنەماکانی دەنگ-مانایی

پێش شیکردنەوەی «ئاڵقە»، سێ بنەما پێویستیان بە ڕوونکردنەوە هەیە.

یەکەم، وێنەییبوون (Iconicity): پەیوەندیی شێوەی دەنگ و واتا تەواو هەڕەمەکی (arbitrary) نییە. سێ جۆری هەیە: دەنگلاسایی (Onomatopoeia)، وەک جیڕەجیڕ، زرم، سرتە و جیز؛ ڕێکخستنی دەنگی (Sound Symbolism)، وەک بەستنەوەی دەنگی «i» بە بچووکی و «a» بە گەورەیی (هینتن و هاوکاران (Hinton et al.)، ٢٠٠٦)؛ و ڕیزبەندیی وێنەیی (Sequential Iconicity)، وەک ڕستەی «هات و بینی و ڕۆیشت» کە ڕیزبەندیی وشەکانی ڕیزبەندیی ڕووداوەکان دەنوێنێت.

دووەم، شوێنی دەرچوونی دەنگ و وێنای دەروونی: لە توێژینەوەکانی فۆنەتیکدا، شوێنی دەرچوونی دەنگ لە دەمدا کار دەکاتە سەر ئەو وێنەیەی لە مێشکی گوێگردا دروست دەبێت. بەم خوێندنەوەیە:

دەنگە لێوییەکان (م، ب، پ) بە نەرمی، نزیکی و دایکایەتییەوە دەبەسترێنەوە؛ دەنگە لوتەییەکان (ت، د، ن) بە نوقتەیی، ڕێکی و ناردنەوە؛ دەنگە پشتی-لوتەییەکان (ش، ژ) و دەنگی مەڵاشوویی «ی» (Palatal) بە مامناوەندی و گواستنەوە؛ و دەنگی قورگیی «ئ» بە بەرزی و دەستپێکی ڕاستەوخۆ.

سێیەم، دەنگی «ئ» (Glottal stop): «ئ» لە قورگدا، لە قووڵترین شوێنی دەرچوونی دەنگدا، بە داخستن و کردنەوەی لەناکاوی نێوان تەلە دەنگییەکان (glottis) دروست دەبێت. ئەم دەنگە دەستپێکێکی شێلگیر و توند بە وشە دەدات، سنووری بڕگەکان دیاری دەکات و پێکهاتەکان لێک جیا دەکاتەوە. لە کوردیدا «ئاسمان» و لە سۆمەریدا an (ئاسمان) هەردووکیان بە «ئا» دەست پێدەکەن؛ ئایا ئەم دەستپێکە لە هەردوو زماندا وێنای بەرزی و سەرەتا هەڵدەگرێت؟

٤. شیکردنەوەی دەنگی-مانایی «ئاڵقە»

«ئاڵقە» لە پێنج فۆنیم پێکهاتووە: ئ، ا، ڵ، ق و ه. بە پێی شوێنی دەرچوون و وێنەییبوون، هەر فۆنیمێک ئەم وێنەیە دەدات:

ئ: دەنگێکی قورگییە (Glottal)؛ بەربەستێکی توند و دەستپێکێکی بەهێز دروست دەکات، وێنای بەرزی و سەرەتا دەدات و بە باڵای ئاڵقەوە — سەر و تاج — دەبەسترێتەوە.

ا: بزوێنێکی کراوەی پشتە (Open back vowel)؛ دەم کراوەیە و بەربەستی نییە، وێنای فراوانی و پانتایی دەدات و بە دەور و بۆشایی ناوەوەی ئاڵقەوە دەبەسترێتەوە.

ڵ: لامی قەڵەوە، دەنگێکی لوتەیی-تەنیشتی (Velarized alveolar lateral)؛ هەوا بە تەنیشتی زماندا تێدەپەڕێت، وێنای دەوران و لیسکە دەدات و بە شێوەی بازنەیی ئاڵقەوە دەبەسترێتەوە.

ق: بەربەستێکی توند لە پشتی دەمدا، لە پشت مەڵاشووی نەرمەوە (Uvular stop)، دروست دەکات؛ وێنای گرتن و بەستن دەدات و بە داخستنی بازنە و پتەویی ئاڵقەوە دەبەسترێتەوە.

ه: دەنگێکی قورگیی بێلەرەیە (Voiceless glottal fricative)؛ هەوای بێ لەرە لە قورگەوە دەردەچێت، وێنای ڕەهاندن و نەرمی دەدات و بە کراوەیی و دەم واڵەیی ئاڵقەوە دەبەسترێتەوە.

مانا لە ڕیزبەندیی دەنگەکاندا دروست دەبێت. بەم ڕیزبەندییە (ئ + ا + ڵ + ق + ه) پێنج قۆناغ پێک دێن: دەستپێکی توند و بەرز (ئ)، کرانەوە بۆ پانتاییەکی گەورە (ا)، جوڵەی دەورانیی نەرم (ڵ)، پێچانەوە و پتەوبوون لە خاڵێکدا (ق)، و کۆتایی بە هەوایەکی نەرم و کراوە (ه). ئەم ڕیزبەندییە — دەستپێک، فراوانبوون، دەوران، بەستن و کراوەیی — هەموو تایبەتمەندییەکانی ئاڵقە لە خۆ دەگرێت: بەرزی، دەور، پانتایی، داخستن و کراوەیی.

٥. بەراوردی دەنگی سۆمەری و کوردی

ڕیزبەندیی دەنگیی an-za-ab-tum و «ئاڵقە» وەک یەک نین: تەنها دەنگی سەرەتای «a/ئا» هاوبەشە، و بڕگەکانی تر (za، ab و tum) جیاوازیی فۆنیمییان لەگەڵ «ڵ، ق و ه» دا هەیە. ئەم جیاوازییانە دەکرێت بە گۆڕانی دەنگ لە ماوەی هەزاران ساڵدا لێک بدرێنەوە. ئەوەی لەم بەراوردەدا جێی سەرنجە، ڕیزبەندیی ماناکانە: هێما مێخییەکان بەرزی (an)، داخستن (za)، ئاو و کرانەوە (ab) و دار و کاریتە (tum) دەنوێنن، و دەنگەکانی «ئاڵقە» — بەو خوێندنەوەیەی لە بەشی چوارەمدا هات — بەرزی، فراوانی، دەوران، بەستن و کراوەیی. ئایا ئەم هاوشێوەییە لە ڕێکخستنی واتادا ڕێکەوتە، یان پاشماوەی شێوەیەکی کۆنی بیرکردنەوەیە کە لە هەردوو زماندا ماوەتەوە؟

٦. زمانی کوردی و ڕەگی زاگرۆسی

سۆمەری بۆ «زمان» هێمای 𒅴 (eme) بەکار دێنێت و کوردی وشەی «زمان». جیاوازیی فۆنیمی بە تەنها بەڵگە نییە بۆ ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی دوو زمان، چونکە دەکرێت بە گۆڕانی دەنگی مێژوویی لێک بدرێتەوە. لە ڕوانگەی زاگرۆسەوە، لەوانەیە بزوێنەکانی ئا، ئێ و ئۆ لە سەرەتای وشە کوردییەکاندا پاشماوەی قۆناغێکی زمانیی زاگرۆسی بن کە پێش کۆچی سۆمەرییەکان بۆ دەشتەکانی میزۆپۆتامیا هەبووە؛ یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە کە سۆمەرییەکان خۆیان لە زاگرۆسەوە بەرەو خوار کۆچیان کردووە. ئەوەی ڕوونترە ئەوەیە کە کشتوکاڵی گەنم و جۆ لە داوێنی زاگرۆس و تۆرۆسدا دەستی پێکردووە و لەوێوە بەرەو خوارووی ئاسیا، باکووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپا بڵاو بووەتەوە، و زۆرێک لە زانستە بنەڕەتییەکان لەگەڵیدا ڕۆیشتوون. پێدەچێت زمانی کوردی و سۆمەری هەردووکیان درێژەیان بەو میراتە زمانییەی جووتیارانی دێرین دابێت.

٧. زمان لە نێوان ئاسمان و ئەرزدا

لە خوێندنەوەی کلتووری و زمانەوانیدا، زمان وەک ناوەندێک کار دەکات کە ئاسمان (بەرزی) و ئەرز (نزمی و فراوانی) پێکەوە دەبەستێت. ئەم وێنە سێیانەیە (Triadic Image) سێ بەشی هەیە: ئاسمان لە سەرەوە، زمان لە ناوەند و ئەرز لە خوارەوە. ئاسمان بەرزی، ڕووناکی، خودا، تاج و دەستپێک دەنوێنێت؛ ئەرز نزمی، تاریکی، ماددە، ڕەگ و پانتایی؛ و زمان — ئەو پارچە گۆشتەی ناو دەم — سەرەوە و خوارەوە پێکەوە دەبەستێت و ڕێگەی دەربڕین و تێگەیشتن دەکاتەوە. ئەم سێ چەمکە وێنەیەکی سەرەتایی لە مێشکی مرۆڤدا پێک دێنن کە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی ئەو لە گەردوون، سروشت و کلتوورە. زمان وەک ڕەنگدانەوەی بینین و بیستن ڕێگەی تێگەیشتن لە جیهان دەکاتەوە، و لەوانەیە وێنای ئەم پەیوەندییە لە وشەی «ئاڵقە» دا پارێزرابێت.

٨. «ئاڵقە» لە فەرهەنگی خاڵدا

فەرهەنگی خاڵ «ئاڵقە» ئاوا پێناسە دەکات: «شتێکی بۆشی دەم واڵە لە ئاسن یان زێڕ یان مس دروست کراوە». لەم پێناسەیەدا دوو تایبەتمەندی دیارن: بازنەیی، و دەم واڵەیی — کراوە، نەک داخراوی تەواو. لە بەکارهێنانیشیدا تایبەتمەندییەکی سێیەمی هەیە: دەوردان و داپۆشین. مرۆڤ لە کۆنەوە ئاڵقەی بۆ سێ مەبەست بەکار هێناوە: وەک سەرپۆش و تاج لەسەر سەر بۆ پاراستن و نیشاندانی دەسەڵات؛ وەک پشتێن لە ناوقەد و مەچەکدا بۆ پاراستنی جەستە؛ و وەک خشڵ و نیشانەی کۆمەڵایەتی. ئەم شێوازە — داپۆشینی سەر یان ناوقەد بە شتێکی بازنەیی — لە پەیکەرە دێرینەکان و لە شێوەی سەرپێچی کوردیدا بەردەوام دەبینرێت.

٩. ڕەمزی سێ بازنە لە کلتووری کوردیدا

لە ڕوانگەیەکی ڕەمزی و کلتوورییەوە، دەکرێت ئاڵقە سێ ڕەهەندی گەردوونی و سروشتی بنوێنێت. بازنەی یەکەم «سەر یان تاج»ە: بەرزی، پایە، ئاسمان و دەسەڵات، کە بە باڵای ئاڵقە و دانانی لەسەر سەرەوە دەبەسترێتەوە. بازنەی دووەم «ناوقەد یان پشتێن»ە: بەستنەوە، پاراستن و نزیکبوونەوە، کە بە گرتنی ئاڵقە لە ناوقەددا دەبەسترێتەوە. بازنەی سێیەم «شەپۆلی ئاو یان پانتایی»ە: دەورانی ژیان، نەوە و کلتوور، کە بە شێوەی بازنەیی ئاو لە سروشتدا دەبەسترێتەوە، وەک سوڕانی ئاسمان و ئەرز. ئەم سێ بازنەیە پێکەوە وێنەیەکی تەواوی گەردوون دروست دەکەن: ئاسمان لە سەرەوە (تاج)، ئەرز و ئاو لە خوارەوە (شەپۆل)، و مرۆڤ و زمان لە ناوەنددا (پشتێن). ئەمە لەوانەیە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی دیتنێکی کلتووریی کۆن و نوێ بێت کە ئاڵقە تێیدا ئەرکی هێمایەکی گەردوونی هەبووە.

١٠. ئەنجام

وشە مێخییەکەی 𒀭𒍝𒀊𒌈 (an-za-ab-tum)، کە بە «ئاڵقە» وەرگێڕدراوە، نموونەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی دەنگ، وێنە و واتا. چوار هێماکەی — ئاسمان (an) بۆ بەرزی، داخستن (za) بۆ پێچانەوە، دەریا و پەنجەرە (ab) بۆ پانتایی و دەورانی ئاو و ژیان، و کاریتە (tum) بۆ بەستن و ڕاگرتن — پێکەوە ئەو شتە بازنەییە پێک دێنن کە پێی دەڵێین «ئاڵقە». ئەنجامە سەرەکییەکانی ئەم خوێندنەوەیە ئەمانەن:

١. پەیوەندیی دەنگ و واتا لە کوردیدا تەواو هەڕەمەکی نییە.

٢. دەنگی «ئ» لە ڕێگەی وێنەییبوونەوە بە بەرزی و دەستپێکەوە دەبەسترێتەوە.

٣. ڕیزبەندیی دەنگەکانی «ئاڵقە» وێنایەکی گەردوونی — سەرەوە، خوارەوە، دەوران و بەستن — دروست دەکات.

٤. ئەم خوێندنەوەیە ڕێگەیەکە بۆ توێژینەوەی زیاتر لە پەیوەندیی زمانی کوردی و میراتی سۆمەری، وەک دوو زمان کە لەوانەیە بەردەوامیی میراتی زمانیی زاگرۆسیان پاراستبێت.

٥. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆی مێژوویی لە نێوان ئەم دوو زمانەدا نییە، لە ڕوانگەی زمانەوانیی پەیکەرییەوە پەیوەندییەکە لە وێنەی وشەکاندا دیارە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە لەو ماناکان دەکات کە بە درێژایی کات لە هەست و هۆشدا گۆڕاون.

١١. سنوورەکانی ئەم خوێندنەوەیە

ئەم وتارە لەسەر شیکردنەوەی زمانەوانیی پەیکەری و کلتووری دانراوە و سێ سنووری هەیە: هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆی مێژوویی نییە کە سۆمەرییەکان پەیوەندیی دەنگی «ئ» و ئاسمانیان زانیبێت؛ بەستنەوەی ڕاستەوخۆی «ئ» و «ا» بە ئاسمان و ئەرز لە ئاستی گریمانەی ئەکادیمیدایە، نەک ڕاستییەکی سەلمێنراو؛ و بابەتەکە پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر لە ڕەچەڵەکناسی، شیکاریی کۆمپیوتەریی دەنگ و بەراوردی زمانەوانیدا هەیە. بۆیە ئەم شیکردنەوەیە ڕێگەیەکە بۆ بیرکردنەوە، نەک وەڵامی کۆتایی بۆ پرسیاری ڕەچەڵەکی زمان، و دەستپێکێکە بۆ گفتوگۆی زیاتر لە کۆمەڵگای ئەکادیمیدا.

سەرچاوەکان

بۆ بەشەکانی ٢، ٥ و ١٠ — وشە و هێما مێخییەکان:

ePSD2: The electronic Pennsylvania Sumerian Dictionary, s.v. anzabtum [RING]; an [SKY]; za [CLOSE?]; ab [SEA]; ab [WINDOW]; tum [CROSS-BEAM]; eme [TONGUE].

CAD: The Assyrian Dictionary of the Oriental Institute of the University of Chicago, vol. A/2, s.v. anṣabtu.

بۆ بەشەکانی ٢، ٤ و ٨ — وشە کوردییەکان:

ڤەژین لێکس (lex.vejin.net)، وشەکانی: ئاڵقە، ئەڵقە، هەڵقە، گوارە، ئاسمان، چوارچێوە، ئاوەڵە، کاریتە، ڕایەڵ، شاتیر، پەراسوو، دارەڕا و تیرەک.

فەرهەنگی خاڵ، وشەی «ئاڵقە».

بۆ بەشەکانی ١ و ٣ — دەنگ-مانایی و وێنەییبوون:

Hinton, L., Nichols, J. & Ohala, J. J. (eds.) (2006). Sound Symbolism. Cambridge: Cambridge University Press.

Evans, V. & Green, M. (2006). Cognitive Linguistics: An Introduction. Edinburgh: Edinburgh University Press.

Sabah1054@yahoo.co.uk

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.