شیکارییەکی مارکسیستانە بۆ خوێندن لە کوردستان؛ جیاوازیی و دژیەکەکان
زامۆ عەلی عومەر
“ئەو بیرۆکانەی حوکمی کۆمەڵگە دەکەن، بیرۆکەکانی چینی دەستەڵاتدارن. […] مارکسیستەکان دەبێت خوێندن لەژێر دەستی چینی دەستەڵاتدار و دەوڵەمەند و بۆرجوازەکان دەربهێنن.”
کارل مارکس
کە جیاوازیی چینایەتیی کەوتە کۆمەڵگەوە، چینی دەستەڵاتدار تەنانەت خوێندنیش قۆرخ دەکات بۆ خۆی. خوێندکاری تایبەت و خوێندکاری حکومی؛ ئەمانە ئەو دوو چینەی خوێندکار و سیستەمی خوێندنن کە لە کوردستاندا بە ڕوونی جیابوونەتەوە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی تۆخبوونەوەی هێڵی جیاوازیی چینەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لە جیاوازیی نێوان خوێندنی حکومیی و ئەهلیدا دەبینرێت. ئەوەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا سەرمایەدار و پارەدارە، لە خوێندنگەوە تا زانکۆ منداڵەکەی دەنێرێتە خوێندنگە و زانکۆی تایبەت بە مەبەستی دابینکردنی خوێندنێکی باش و ئاست بەرز. بەڵام، ئەی ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە توانای دابینکردنی خوێندنگەی تایبەتی نییە چی بکات؟ وەڵامەکە، بە داخەوە، هیچ. خوێندنگە و زانکۆی حکومییش لەڕووی ئاست و کوالێتییەوە درێغیی نەکردووە لەوەی وەک ئەو وەڵامە “هیچ” بێت، بە تایبەتیی لەڕووی چۆنییەتی مامۆستایەتیی و وانە وتنەوەوە تەواو دوورە لە شێوازە مۆدێرنەکانی فێرکردن، سەرەڕای ئەوەی کە بەرزترین نمرەکان لە خوێندنگە حکومییەکاندا بەدەستدێن. بەڵام ئەوە خۆی بەشێکە لە دژیەکەکەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا کە دواتر بە وردیی باسی لەسەر دەکەین.
مارکسیزم و پەروەردە
مارکسیزم پێی وایە کە پەروەردە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتیی بێلایەن نییە، بەڵکو میکانیزمێکە کە لە ڕێگەیەوە دووبارە جیاکاریی چینایەتیی بەرهەمدەهێنێتەوە. لە کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکاندا، دامەزراوە پەروەردەییەکان خزمەت بە ئایدۆلۆژییەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکەن. مەنهەج و ڕێبازە فێرکارییەکان هەموویان ئاڕاستەکراون بۆ درێژەپێدان بە جیاوازیی چینایەتیی. چینایەتییەکەش لە خوێندندا لەوەدا دەردەکەوێت کە منداڵێکی قۆناغی بنەڕەتیی لە خوێندنگەیەکی تایبەت، فێرببێت (یان فێرکرابێت) خۆی بە گرنگتر، زیرەکتر، بەهێزتر بزانێت، لە چاو منداڵێکی تردا کە لە خوێندنگەیەکی حکومی دەخوێنێت. یان خوێندکارانی زانکۆیەکی تایبەت، خوێندکارانی زانکۆیەکی حکومی بە کەمتر بزانن لەخۆیان، و شانازیی بە لایەنە مادییە باڵاکەی خۆیانەوە بکەن.
لە کوردستاندا ئەم دیاردەیە لە دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو سەریهەڵداوە و ڕوو لە زیادبوونە. هۆکاری خۆبەزلزانینەکەش ئەوەیە کە خوێندکاری خویندنگەیەکی تایبەت پێیوایە زانستێکی زیاتر و باشتری پێدەگات، نازی زیاتر وەردەگرێت لە مامۆستاکانییەوە و خەڵکانێکی زۆر لە خزمەتی ئەودان. لە بەرامبەریشدا، چینی بەرامبەر جۆرە تێڕوانینێکی نێگەتیڤ وەردەگرن لەسەر چینەکەی تر، گوایە ئەمانە کەسانی لەخۆبایی و پۆزاوی و پارەدارن کە خۆیان جیادەکەنەوە لە خەڵکی تر. جیاوازیی چینایەتیی دوو خوێندکار، لێرەدا دەبێتە جیاوازیی چینایەتیی خوێندنی وڵاتێک.
هەڵبەتە ئەم تێڕوانینانەی دوو چینەکە بەرامبەر بە یەکتر ڕەها و ١٠٠٪ نییە، و نموونەی تاک و تایبەت لە هەردوو لا هەن کە ڕێزی یەکتر و خوێندنەکەشیان دەگرن. بەڵام، ئەوەی کە لە کوردستان وێنە باوەکەیە، بەداخەوە، ئەو سەنگەرگرتنەی ئەم دوو چینەیە لە یەکتر.
پەروەردە لەسەر بنەمای چینایەتیی لە کوردستان
لە کوردستاندا چینبەندکردنی پەروەردە لە دابەشبوونی نێوان دامەزراوە تایبەتەکان و دامەزراوە حکومییەکاندا بە توندی دیارە. قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان کە بە شێوەیەکی گشتیی لەلایەن خێزانە دەوڵەمەندەکان یان کۆمپانیاکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، زۆرجار پەیوەستن بە شێوازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و ئەو پڕۆگرامانەی کە جەخت لەسەر توانای کێبڕکێی جیهانیی دەکاتەوە. ئەمە خۆی شتێکی خراپ نییە، بەڵکو دەبێت لە کۆمەڵگەیەکی یەکسان و تەندروستدا هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بەو شێوەیە بێت. بەڵام، بە پێچەوانەوە دامەزراوە گشتییەکان بەدەست کەمیی بودجە و زاڵبوونی شێوازە فێرکارییە بەسەرچووەکان و سەرچاوە سنووردارەکانەوە دەناڵێنن. لێرەدا و لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم جیاوازییەدا دەبینین کە خراپییەکە لەکوێدایە. ئەم دووبەرەکییە دوو چینی جیاوازی خوێندکاری دروستکردووە: ئەوانەی لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەخوێنن و چێژ لەو تایبەتمەندییانە وەردەگرن کە پەیوەندییان بە پێگەی باڵای ئابووری-کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەرامبەر ئەوانەی کە بەهۆی کێشەی داراییەوە دەبێت پشت بە پەروەردەی گشتیی ببەستن.
داتا و توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ناونووسکردن لە قوتابخانە ئەهلییەکان لە کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2020ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی منداڵانی ناونوسراو لە خوێندنی سەرەتایی ئەهلیدا زیاتر لە 20% زیادی کردووە. (KRG,2020) داتاکانی ئەم دواییەی حکومەت ئاشکرای دەکەن کە ژمارەی وەرگرتنی خوێندکاران لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا لە 33,613 بۆ زیاتر لە 132,000 زیادی کردووە لە کۆتا ٥ ساڵدا. بە نزیکەیی، ڕێژەی زیادبوونەکە 293% دەگەیەنێت! (Gulan Media, 2024). ئەم ڕەوتە تەنیا لە دەوڵەمەندەکاندا سنووردار نییە؛ تەنانەت خێزانەکانی چینی مامناوەندیش، لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەتی پەروەردەیی باشتر بۆ منداڵەکانیان، تا دێت ئامادەن بارگرانییەکی دارایی بەرچاویان لەسەر بێت. ئەم زیادبوونە لە ژمارەی قوتابیانی کەرتی تایبەتدا لە دەکرێت ئەوە بگیەنەێت کە خەڵک بەردەوام متمانەیان بە کەرتی گشتیی نامێنێت، و فشار دەخەنە سەر خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی خوێندنی تایبەت بۆ منداڵەکانیان. ئەو فشارە داراییە لەسەر ئەو خێزانانەی کە سەرچاوەی سنوورداریان هەیە نەک هەر نایەکسانی ئابووریی زیاتر دەکات بەڵکو لە تەمەنێکی بچووکەوە چینبەندی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەکات.
لەم دامەزراوە تایبەتانەدا زۆرجار خوێندکاران هاندەدرێن بۆ وەرگرتنی ناسنامەیەک کە پەیوەندییەکی نزیکی بە سەرکەوتنی ماددی و نوخبەگەرایی کۆمەڵایەتییەوە هەبێت. ئەوان ئەو باوەڕەیان تیادا درووستدەکات کە دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە پەروەردەییە باڵاکان لە بنەڕەتدا وایان لێدەکات لە هاوتەمەنەکانیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا بەتواناتر و شایستەتر بن. ئەم پرۆسەیە کە پیێر بۆردیۆ بە بەرهەمهێنانی “سەرمایەی کولتووریی” وەسفی دەکات، واتە دابەشبوونی چینایەتی قووڵتر دەکاتەوە و دەیکات بە دیاردەیەکی کلتووریی بە چاندنی هەستی باڵادەستیی یان کەمتەرخەمیی لە خوێندکاراندا بە پشتبەستن بەو جۆری قوتابخانەیەی کە دەخوێنن (Bourdieu,1973).
بەڵام دژیەکیەکی سەرنجڕاکێش لە قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی کوردستاندا سەرهەڵدەدات. سەرەڕای دەستڕاگەشتن بە سەرچاوەی باشتر و مەنهەجێکی سەردەمیانە، زۆرێک لە خوێندکارانی ئەم دامەزراوانە پشتگوێخستنی خوێندن و نەمانی گڕ و تینی فێربوونیان تێدا بەدییدەکردێت. زۆرجار ئاسایشی داراییان دەبێتە هۆی لەخۆڕازیبوون، چونکە ئیدی ئەوان ئەکادیمیا بە شتێکی لاوەکی دەزانن بۆ پاراستنی شێوازی ژیانی خۆیان، کە زۆربەی گاڵتەوگەپ و خەرجیاتە؛ یان بە لایەنی کەمەوە ئەو وێنەیەیان لە مێشکی خەڵکدا چەسپاندووە. ئەمە خۆی دژیەکێکە لە هەمان کەرتی پەروەردەدا.
ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی RAND ڕوونی دەکاتەوە کە قوتابخانە حکومییەکانیش لەلای خۆیانەوە هاوتەریب نەبوون لەگەڵ داواکارییە پەروەردەییە سەردەمییەکاندا. بە کورتیی، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پەروەردەی گشتیی لە ناوچەکەدا بەدەست مەنهەجێکی بەسەرچوو و کەمیی ئامێری فێرکاری سەردەمیان و نەبوونی بەرنامەی ڕاهێنانی مامۆستایانەوە دەناڵێنێت. ئەم کەموکوڕیانە بوونەتە ڕێگری لە کوالیتی فێرکردن و سنووردارکردنی بەرکەوتنی خوێندکاران بە شێوازەکانی فێربوونی هاوچەرخ. ئەمەش بەشدارە لە بۆشاییەکی بەرچاو لە نێوان پراکتیکەکانی ئێستا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. (Vernez, Culbertson & Constant, 2014). ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاوکراوەتەوە. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا دەبێت ئێستا چەند خراپتر بێت، دوای چەندین ساڵ لە بایکۆت و فەوتاندنی کات و فێربوونی خوێندکاران؟
لێرەدا دژیەکی کەرتە حکومییەکەش دەبینین. هەرچەندە نمرەی بەرز بەدەستدێت لەنێو خوێندکارانی کەرتی گشتیی، و هەرچەندە دەکرێت دامەزراوە حکومییەکان دەکرێت بە سەرکەوتوو ناوزەندبکرێن و پلەبەندییەکی بەرزیان بدرێتێ، بەڵام فێربوون و کار و ماندووبوونی خوێندکارانی کەرتی گشتیی زیاتر لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە، ئیتر بە لەبەرکردنی چەند مەلزەمەیەک بێت کە خوێندکارەکە دوای تاقیکردنەوەکە هەرگیز ناچێتەوە بەلایدا، یان کڕینی چەند مەلزەیەکی هەڵبژاردن، کە ٢٠٠ – ٣٠٠ هەڵبژاردنی تێدا نووسراوەتەوە و لە تاقیکردنەوەکاندا ٥٠ دانەیان دێنەوە. هەموو ئەمانە، بەرامبەر بەقوربانییدانی چاوکرانەوە و شێوازی فێربوونی سەردەمیانە و چۆنییەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کاردەکەن. ئەم دۆخە دژیەکە سەرەکییەکە درووست دەکات: بوونی پەروەردەی تایبەت ژینگەیەک بەرهەمدەهێنێت کە سامانی ماددی بە هەڵە بە شایستەیی ئەکادیمی دەزانێت، لە هەمان کاتدا ئەو توانا فیکرییە پشتگوێ دەخات کە لە بنەڕەتدا ئەم شوێنە ئەهلییە بۆی درووستکراوە، بەڵام لە کۆتاییدا شێوازی فێکردنەکە پراکتیکیی و سەردەمیانەیە و خوێندکار تیایدا سەنتەرە. لێرەدا من وەک مامۆستایەک ئەم ڕوانگەیەم بۆ پەیدابووە کە لە ساڵێکدا زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکار فێردەکەم. لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتییشدا کارم کردووە. ئەگەر ئەم تێڕوانینە تەنها “وا دەرکەوتن”ێک بوایە، یان لەسەر چەند خوێندکارێکی کەم بووایە، دەکرا بڵێین ئەمە وێنە باوەکە نییە. بەڵام ئەمە دیاردەیەکە کە نەک تەنها لەنێو مامۆستایاندا دەکرێت تێبینیی کرابێت، بەڵکو لەنێو کۆمەڵگەشدا ئەم تێبینییە کراوە. بە دڵنیاییەوە، ئەم دیاردەیە هەموو خوێندکار و خێزانێک ناگرێتەوە، و بە دڵنیاییەوە نموونەی جیاواز و تایبەت هەیە کە ئەو دژیەکەیان تێدا نییە.
بەشێوەیەکی گشتیی ئەم شوێنە تایبەتانە مەبەستی سەرەکیی لە هەبوونیان پێناچێت پێگەیاندنی خوێندکاری سەرکەووتوو و تایبەت بێت بەرامبەر ئەو ئاستە خراپ و نزمەی زۆربەی شوێنە حکومییەکان، گەرچی بە ڕووکەش لە زۆر ڕووەوە سەردەمیانە دەربکەون. هەرچەندە ئەو بیرۆکەیەیان بڵاوکردووەتەوە کە “ئەهلیی” واتە باشتر، بەڵام نەیانتوانیوە (یان نایانەوێت) ڕۆحی خوێندن و فێربوون و خولیای خوێندنەوە لە خوێندکارەکانیاندا بچەسپێنن و پتەوی بکەن.
دەتوانین بڵێین هەبوونی ئەم جیاکارییە لە خوێندندا لەپێش هەموو شتێکەوە چینایەتیی تۆختر دەکاتەوە، پێش ئەوەی هەر سوودێکی تری هەبێت. چونکە وەک تێبینیکراوە، هەبوونی پارە و دابینکردنی خوێندنی تایبەت، گەرەنتیی پێکهێنانی خوێندکاری زۆر زیرەک و جددی و سەرکەوتوو ناکات. پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە.
نەبوونی پارە و توانای دابینکردنی خوێندنی تایبەت، مانای ئەوە نییە کە خوێندکارە حکومییەکان هەموویان خوێندکاری ئاست نزم دەردەچن؛ بەڵامکێشەکە ئەوەیە کە لە شوێنە حکومیەکاندا خراپییەکە خراپییەکی سیستەمییە، و ئەو خوێندکارەی کە باش دەردەچێت نموونەی هەوڵدانی تاکڕەوانەیە، پێچەوانەی سیستەمە گشتییەکە، کە نیوەی کاتی دەوامەکەی بایکۆتە، و نیوەکەی تریشی کوالیتییەکی خراپ و شێوازی فێرکردنێکی بەسەرچووە. کەواتە دژیەکەکە لە ئەقڵییەتی خەڵکدایە، کە هەڵەکە نابینن و چارەسەرێکی هەڵەشیان دۆزیوەتەوە. خوێندنی تایبەتیان کردووە بە پێوەری فێربوون، کەچی لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆریان خوێندنەکە بە باشی ناکەن و گرنگیی پێنادەن. ئەمە دەمانگەیەنێتە پرسیار و بەشی داهاتوو: ئایا کێشەکە لە هەبوونی خویندنگە و زانکۆی تایبەتدایە؟
ئایا کێشەکە خوێندنی تایبەتە؟
لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە، کێشەکە تەنها هەبوونی قوتابخانە و زانکۆ ئەهلیەکان نییە، چونکە ئاشکرایە کە لە چەندین وڵاتی تردا دامەزراوەی ئەهلی هەیە و لەگەڵ حکومییەکاندا هیچ دژیەک و کێشەیەکیان درووست نەکردووە. بەڵکو کێشەکە ئەو سیستەمەیە کە لە چوارچێوەیەکی سەرمایەداریی فراوانتردا هاتووەتە کایەوە، کە جیاوازییە چینایەتییەکان بەهێزتر دەکات.
هەبوونی دامەزراوەی تایبەت کێشە نییە، بەڵکەو شەرعیەت دان بەو تێڕوانینە دەدات کە پەروەردەی چاک و ئاست بەرز تایبەتە بە پارەدارەکان و ئەوانەی کە زۆر لەخۆیان دەکەن بچنە ئەو شوێنانە، ئەوە کێشەکەیە. هەبوونی دامەزراوە تایبەتەکان ڕەنگدانەوەی دیاردەی ترە لە کۆمەڵگەدا، وەک چینایەتیی. بە مانایەکی تر، ئەو ئەقڵییەتە کێشەکەیە. لە کاتێکدا قوتابخانە ئەهلییەکان دابەشبوونی چینایەتی چڕتر دەکەنەوە، ڕەگی کێشەکە لە ڕێکخستنی سەرمایەداریی کۆمەڵگەدایە بە گشتیی. ئاڵنگارییەکە چاکسازییەکی ڕیشەییە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بنەڕەتییانەی کە ڕێگە بە گەشەکردنی ئەم جۆرە نایەکسانییانە دەدەن. بۆیە چارەسەرکردنی نایەکسانی پەروەردەیی پێویستی بە گۆڕینی ئەو تێڕوانین و ئەقڵییەتانە هەیە لە هەردوو لادا.
قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان ڕەنگە پەروەردەی کوالیتی بەرز و پراکتیکی و داهێنەرانە پێشکەش بکەن، بەڵام کاتێک بوونیان دەبێتە پێوەرێک بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەروەردەی گشتیی پەراوێز دەخات و ئەوانەی توانای کڕینی بلیتی تایبەتیان نییە، لەو سەرکەوتنە بەدوور دەخرێن. لە وڵاتێکی وەک کوردستانیشدا کە باری دارایی خەڵک لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێت، ئەو جیاوازییە هێندە پەرە دەسەنێت تا دەگاتە ئاستێک کە ئەوانەی دووردەخرێنەوە لە پەروەردە و فێرکردنی چاک دەبنە زۆرینە. چەقی کێشەکەش لێرەدایە: زۆرینەی فێرخوازانی کۆمەڵگە لەوانە دەبن کە بە سیستەمی چاک و پێشکەوتوو ناخوێنن و فێرنابن و هەموو سەرکەوتنیان کەوتووەتەوە سەر هەوڵ و ماندووبوونی تاکە کەسیی خۆیان. پێویست ناکات بپرسین دوای چەند ساڵێک بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە چی ڕوو دەدات لە کۆمەڵگەدا.
کەواتە، گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە کێشەکە هەبوونی قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان نییە، بەڵکو چۆن لە چوارچێوەیەکی سەرمایەداریدا کاردەکەن بۆ بەردەوامکردنی جیاوازییە چینایەتییەکان و نایەکسانی کۆمەڵایەتی. چاکسازییەکە دەبێت نەک تەنها نایەکسانیی سەرچاوە و کوالیتی نێوان دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان نەهێڵێت، بەڵکوو پێکهاتە ئایدیۆلۆژی و ئابوورییە فراوانەکانیش کە ئەم دابەشبوونانە دەباتە پێشەوە. لە کوردستان، چاکسازیی پەروەردەیی دەبێت چارەسەری ئەو جیاوازییە پەرەسەندووە بکات لە نێوان قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکاندا. لەبری ئەوەی پەروەردەی تایبەت تاوانبار بکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، مامۆستایان و دایکان و باوکان پێویستە سەرنجیان لەسەر بەرزکردنەوەی پەروەردەی گشتیی بێت. ئەو مامۆستایەی لە کەرتی گشتییدا وانە دەڵێتەوە، ڕاستە ڕووبەڕووی بێمووچەیی دەبێتەوە، بەڵام دەتوانێت ئەخلاقیاتی پیشەیی خۆی بپارێزێت و شێوازی سەردەمیان بەکاربهێنێت لە فێرکردندا. سەردەمیانەکردنی مەنهەجەکان و یەکخستنی تەکنەلۆژیا دەتوانێت کەلێنەکە پڕبکاتەوە. مامۆستایەک دەتوانێت لە قوتابخانەیەکی گشتیی شارۆچکەیەکی بچووکدا نوێترین و بەپێزترین شێوازی فێرکردن پراکتیزە بکات. بەرزکردنەوەی ڕێوشوێنی لێپرسینەوە و پەرەپێدانی هاوبەشی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی باشترکردنی پەروەردەی گشتیی. دایکان و باوکان، کە بەداخەوە بەشێکن لەم کێشەیە و هەندێکیان خۆیان کەمتەرخمن لەوەدا کە ئاگاداری پێشکەونتە پەروەردەییاکن لە جیهاندا، دەبێت بەشێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون بۆ فێربوونی منداڵەکانیان بکەن. ئەم ڕێبازە گشتگیرە دڵنیایی دەدات کە هەموو خوێندکاران ب
ەبێ گوێدانە پێشینەی ئابووری کۆمەڵایەتی، پەروەردەیەکی چاکیان هەبێت. لێرەدا کۆمەڵگە، دایکان و باوکان، دەبێت ببنە فشار لەسەر خوێندنگە حکومییەکان کە شێوازی نوێ و جیاوازی فێرکردن بەکاربهێنن. لە کۆتاییدا، هێزی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان لە دەست خەڵک خۆیدایە. خەڵک خۆی ڕێگە دەدات کە چ دیاردەیەک بڵاوببێتەوە لە وڵاتەکەدا، و هەر خۆشی دەتوانێت چاکسازیی تێدابکات. دەبێت ئەو ئەقڵییەتە بگۆڕدرێت کە دەڵێت خوێندنی باش پەیوەندیی بە گەشتن بەو چینەوە هەیە کە لە سەرەوە دایانناوە. ئەمەش یەکەم بنەمای بیری چاکسازییخوازیی مارکسیزمە: گۆڕانکاری لەڕێگەی بەئاگا هاتنەوەی کۆمەڵگەوە.
سەرچاوەکان
- Marx, K. (1867). Capital: A Critique of Political Economy.
- Ball, S. J. (1983). Education and Power. Routledge.
- Bourdieu, P. (1973). Cultural Reproduction and Social Reproduction. In J. Karabel & A.H. Halsey (Eds.), Knowledge, Education, and Cultural Change.
- Gulan Media. (2024, September 5). KRG Announces Start of New Academic Year on September 25, 2024
- Kurdistan Regional Government. (2020). Annual Report on Education Statistics in Kurdistan.
- (2022). Global Education Monitoring Report.
- Vernez, G., Culbertson, S., & Constant, L. (2014). Strategic Priorities for Improving Access to Quality Education in the Kurdistan Region—Iraq. RAND Corporation.
