بەشی دووهەم
لە نەریتی فەلسەفی ڕۆژئاوادا ، بیرکردنەوە هاوسەنگە لەگەڵ مەعریفە و بابەتەکەشی بوون یان وجوودە .لە دەقی ئەم یەکێتیەی نێوان بیرکردنەوە لە پێگەی مەعریفەدا و بوون لە پێگەی بابەتی مەعریفەدا ، «جیاوازی» لە چوارچێوەی «حەقیقت»دا ، دەبەزێت و وەلاوە دەندرێت[1] و بەم شێوەیە بابەت یان ئۆبژە لە لایەن مەعریفەوە دەستی بە سەردا دەگیرێت[2] (مهرگان، 1383) دەست بە سەردا گیرانی ئۆبژە لە لایەن مەعریفە ، پێویستی بە ئەمئەوێتی کردنێتی[3] ، لەگەڵ ناخێکی یەکانگیرن و لێکچوو . کەوایە میتافیزیکێک کە بە گوێرەی ئەم چەشنە لە بوونناسی و مەعریفەناسیە یە ، بەرگەی «غەیر» ناگرێ و بە مێتۆدی بە تێکرایی کردن[4] ، هەبوونایەتی هەر چەشنە ئەویدیەک دەسرێتەوە
لە نەریتێکی بیرکردنەوی بەم شێوە و شێوازەدا، مرۆڤەکانیش دواجار دەبنە بەئۆبژەگەلێک کە لە تێکڕایەتیەکدا کۆدەکرێنەوە و جیاوازیەکانی ئەوان وەک «ئەویدی» لێیان دەسڕندرێتەوە . هەنگاوەکانی سیستمە سیاسەیە تۆتالیتێرەکان یان تەواوەتی خوازەکانی ڕۆژئاوا شایەدیەکە بۆ ئەم تێگەییشتنە ؛ بە جۆرەیەک کە ناتواندرێ ئەو ئەزموونەی کە لێڤیناس لە سیستمی نازیەکاندا وەک جوولەکەیەک ژیانی پێکردووە، لە ڕەخنەی ڕادیکاڵی ئەو لە نەریتی میتافیزیکی ڕۆژئاوا ، بێ کاریگەر سەیر بکردرێت . لێڤیناس دیمەنی گشتی بیرکردنەوی ڕۆژئاوایی ئاوها وێنا دەکات : «مێژووی [فەلسەفە] دەتواندرێ وەکو هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی تێکهەڵکێش کردن یان سەنتێزی گشتی لێکبدرێتەوە ، هەوڵدان بۆ کوورت کردنەوە و دابەزاندنی سەرلەبەری ئەزموون ، سەرلەبەری ئەمرە مەعقوڵەکان بۆ تەواوەتیەک کە لە ئەودا ئاگامەندی [مرۆڤ] هەموو جیهان لە خۆ دەگرێت وە لە دەرەوەی خۆی هیچ شتێک بە جێ ناهێڵێت ،[وە] بەم شێوەیە دەبێتە بە بیرکردنەوەی ڕەها . لەم ڕوانگەیەوە ئاگامەند بوون لە ناخ یا خود لە هەمان حاڵدا ئاگامەند بوونە لە تێکڕایەتی[5] »(لویناس، 1387، ص 91).
دەتواندرێ بگوترێت کە بناغە و ناوکی ناوەندی فەلسفەی (ئێمانوێل لێڤیناس) لەو هزرەدایە کە ، ڕۆژئاوا هەرگیز، «ئەویدی» یان «غەیر»ی بەو جۆرەی کە بووە و هەیە قەبووڵ نەکردوە و هەرگیز هەڵسووکەوتێکی شیاو و هێژای لەگەڵ نەکردوە . بیرکردنەوی ڕۆژئاوایی لە یۆنانی کەونارانەوە و ئەمرۆشی لەگەڵدا بێ بەرنگاری هەر شتێک بوەتەوە کە لێکچوون و هاوتایەتی لەگەڵ پێوانەکانەکان و بەهاکانی ئەو نەبووە ، وە بە ئامرازەکانی لۆژیک و مەعریفەناسیی خۆی و بە پێوانە کولتوری و شوناسیەکانی خۆیەوە هەستاوە بە کوورت کردنەوە و زاڵ بوون بە سەر «غەیر»دا و ئەمی کردوە بە «هەمان»(جلالی فراهانی، 1388، ص 57). لێڤیناس لەم بارەوە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە «مەعریفە بەردەوام بە هەڵوشین[6] و هاوشێوەسازی[7] لێکدەدرێتەوە . سەر سوورهێنەرترین دۆزراوەکانیش دواجار هەڵدەلوشرێن و تێگەیشتن دەستی بە سەر دادەگرێت ، لە بەر ئەوەیکە “تێگەییشتن” و “لەخۆگرتن[8]” بەردەوام هەڵگری ” دۆزینەوە” و ” وەرگرتن[9]” ە»(لونیاس 1387، ص 78).
لێرەدا لێڤیناس هەڵدەستێت بە ڕەخنەگرتن لە گرنگترین بنەمای بوونناسی و مەعریفەناسی میتافیزیکی واتە «بنەمای ئەمئەوێتی یان بنەمای نەبوونی پارادۆکس» ، یانی هەر ئەو بنەما بنەڕەتیەی لۆژیکی ئەرستۆ کە لە ئەودا «ئا ئا یە» یان «ئا ب نیە» . بە وتەیەکی تر هەر ئەمرێکی «هەمان» دیاریکەری یەکسان بوونێتی لەگەڵ خۆی و جیاواز بوونی ئەو لەگەڵ «جگە» لە خۆی ، کە لەم ڕێگەوە لە پانتایی مەعریفەدا هەڵدەستێ بە «لەخۆگرتن» یان هەمان دەست بە سەر داگرتنی غەیر و لە پانتایی سیاسیدا هەڵدەستێت بە «هاوشێوەسازی» و «یەکسانسازی» غەیر لە نێو یەک تێکڕایەتیدا ، هەتا ئەو جێگایەی کە تەنانەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ «ئەویدی» لە پانتایی بوون دەسڕدرێتەوە .
لەو زنجیرە بەڵگاندنەدا[10] ئەوە دەکەوێتەوە کە لێڤیناس بڕوای بە ڕەپێش کەوتنی [11] ئەخلاق بە سەر بوونناسییدا بێت ، تەنانەت مەسعوود عۆلیا[12] لە سەر ئەو بۆچوونەیە کە لە ڕوانگەی لێڤیناس ، ئەخلاق لە بنەڕەتدا بە گوێرەی هیچ چەشنە میتافیزیک یان بوونناسیەک نیە و پاساو و بنەمای خۆی لە هیچ شتێکی دیکە وەرناگرێت (علیا، 1386، ص 20). بە پێی خوێندنەوەی لێڤیناس میتافیزیک پشت ئەستوورە بە ، دەست بە سەرداگرتن بە سەر غەیردا ، کە لە ئاکامدا بە ڕای لێڤیناس ئەم جارە دەبێ پەیوەندی هەمان لەگەڵ ئەویدیدا نەک لە سەر بنچینەی سرکووت و هەڵلوشین بەڵکوو لە سەر بنچینەی بەرپرسایەتیەوە ڕێک بخرێت ؛ کە دەتواندرێ بگوترێت ، فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس بە جۆرەیەک وەک فەلسەفەی کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار و بۆخۆشی ڕاشکاوانە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە « مەعریفە هەرگیز جێگای لایەنی کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە ، مەعریفە لە وەتیەوە هەبووە جۆرەیەک لە لاتەریکبوون[13] بووە و هەیە » (لویناس 1387، ص 79).
چونکە شووناسی سووژە بە گوێرەی کاردانەوەی ئەو سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەویدی و لە ئاکامدا لە سەر بنچینەی وەڵام دەربوونەوە و بەرپرسایەتی وەئەستۆگرتن لە بەرامبەر ئەودا ساز دەبێ و ئەمەش یانی پێکەوە بەستنەوەی ئەخلاق و کۆمەڵگا . لێڤیناس لە سەر ئەو باوەڕەیە کە سووژە یان هەمان مرۆڤ ، بوونەوەرێکە کە بنەمای ئەمئەوێتی پێشێل دەکات ، بە جۆرەیەک کە سووژە ناسێنەری ئامادە بوونی ئەویدیە لە ناو خۆیدا و بە زمانێکی سەر ڕاستر هەبوونایەتی سووژە لە سەر بەرپرسایەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا بنیادنندراوە . ناوبانگی لێڤیناسیش هەر لە بەر ئەو تێگەییشتنە نوێیەی ئەو لە ئەخلاقە ، ئەویش ئەو تێگەییشتنەی کە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا توشی تەنگژە دەکات و لە سەر خولگەی «ئەویدی» و «ئەویدی بوونێتی[14]»دا دایدەرێژێتەوە. تەنانەت دەتواندرێ بگوترێ کە بە یەک مانا سەرلەبەری فەلسفەی ئەو دووپات کردنەوەی «ئایدیای غەیر بوونێتی[15]»یە ، کە بە زمانگەلی جیاواز و لە چوارچێوەی ناوەڕۆکگەلێکی وەک ساتەوەخت یان سات[16] ، کات ، مەرگ ، پانتایی ژنانە ، بارگاوی بوون[17] ، سۆزی باوکانە ، هونەر ، زمان ، سیاست ،… باسی کردون.
لە ڕووی شارستانیەتەوە لێڤیناس لە ناو دوو کولتوردا گیرساوەتەوە ؛ لە لایەک کولتوری جولەکە ، کە لە تافی مناڵیەوە لە نێو ئەودا پەروەردە بووە و لە لایەکی دیکەشەوە کولتوری یۆنانی-مەسیحی کە وەک فەیلەسووف لە نێوە ئەودا هەستاوە بە بیرکردنەوە (جهانبگلو، 1373، ص 2). بە وتەیەکی تر بیرکردنەوەی ئەو لە دوو ئاخێزگەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت ، لە لایەکەوە قەرزباری فەلسەفەی وتووێژیانەی جوولەکەیە واتە فرانتس رۆز نێتسوایک[18] و تا ڕادەیەکی کەمتریش مارتین بووبێر[19] ، وە لە لایەکی دیکەشەوە قەرزباری دیاردەناسییە ، هەم ئێدمۆند هۆسێرڵ[20] کە یەکەمین شرۆڤەکاری بەرهەمەکانی ئەو لە فەرانسەی دەیەی ١٩٣٠ بوو وە هەمیش مارتین هادیگەر[21] کە ماوەیەک قوتابی ئەو بووە (فرهادپور، 1387، ص 11). بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەو فەیلەسووفانەی کە کاریگەریان لە سەر لێڤیناس هەبووە بریتین لە : ئەفلاتوون[22] ، دکارت ، هانری برۆگسۆن[23] ، گابریل مارسێل[24] ، موریس بلانشۆ[25] و ژاک دریدا[26] .
بۆ ڕانانی وێنەیەکی گشتی لە پوختەی فەلسەفەی لێڤیناس دەبێ سرنج بدەین بە باشترزانینی ئیبراهیم لە ئۆلیس[27] لە لایەن لێڤیناسەوە . ئۆلیس پاڵەوانی داستانی ئۆدیسە ی بەرهەمی هۆمێر ، دوای تێپەڕاندنی ئەو هەموو هەڵوەداییە دەگەرێتەوە بۆ دوورگەیەک کە نیشتمانی ئەو بوو واتا «ئیکاتا» . بەڵام لێڤیناس زۆرتر بە سەرهاتی ئیبراهیمی بە دڵە ، ئەو دەمەی کە ئەو نیشتمانەکەی بۆ هەمیشە بە جێ دێڵێت هەتا سەفەربەری وڵاتێک بێ کە هێستا نەناسراوە و تەنانەت ڕێگە نادات بە خزمەتکارەکەی کە سەرەتای ئەم سەفەربەریە وەبیر کوڕەکەی بخاتەوە(دیویس، 1386، ص 69). ئۆلیس یان میتافیزیک ، بە دوای گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئاشنای خۆیەتی ، گەڕانەوە بۆ بوون ، حەقیقەت وە هەمان ! بەڵام ئیبراهیم و لێڤیناس ڕوویان لە وڵاتێکی نائاشنایە ، بەڕێکەوتن بەڕەو «غەریبایەتی» و «غەیرایەتی» .
سەرچاوەکان :
١- مهرگان ، امید. (1383). «چیزی بهتر از بودن؛ درباره فلسفه امانوئل لویناس». روزنامه شرق. 7/2/1383
٢- لویناس ، امانوئل. (1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.
٣- جلالی فراهانی، مسعود.(1388). «لویناس، فیلسوف اخلاق». مجله اطلاعات حکمت و معرفت. ش 6. صفحات 57تا 58.
٤- علیا، مسعود. (1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش 2. صفحات 17تا 27.
٥ – جهانبگلو، رامین. (1373) . « گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2تا9.
٦-فرهاد پور، مراد. (1387). «یادداشت مترجمان». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.
٧-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.
[1] رفع می گردد
[2] بە تملک در می آید
[3] اینهمان ساختن
[4] کلیت بخشیدن
[5] کل
[6] جذب
[7] Assimilation
[8] comprehending
[9] Prehending
[10] استدلال
[11] تقدم
[12] مەسعوود عۆلیا (لە دایکبووی ١٣٥٤) وەڕگێر و تۆژینەوەکاری بواری فەلسەفەیە لە ئێران . لە ساڵی ١٣٨٧ بڕوانامەی دکتۆراکەی ، بە نووسینی نامیلکەیەک لە ژێر ناوی«مەرجی دەستدانی ئەخلاق لە هزری لێڤیناسدا» بە ڕێنوێنی عەبدوولکەریمی ڕەشیدیان وەرگرتوە . ئەو یەکێک لە یەکەمین تۆژەرەکانە کە ئیشی لە سەر فەلسەفەی ئیمانوێل لێڤیناس کردوە و لە ساڵی ١٣٨٨ کتێبی « دۆزینەوەی ئەویدی وێڕای لێڤیناس»ی نووسیوە .
[13] انزوا
[14] دیگربودگی
[15] غیریت
[16] instant
[17] fecundity
[18] Franz Rosenzwig (1886-1929)
[19] Martin Buber (1878-1965)
[20] Edmund Husserl (1859-1938)
[21] Martin Heidegger (1976-1889)
[22] Plat (424 BC -348BC)
[23] Henri Bergson(1859 – 1941)
[24] Gabriel Marcel (1889-1973)
[25] Maurice Blanchot (1907-2003)
[26] Jacques Derrida (1930-2004)
[27] Ulysses