كچه‌ فیلم گێڕه‌ره‌وه‌كه‌

دەروازەیەك بۆ تیۆرەکانی شانۆ


Loading

دانا ڕه‌ئووف

دەروازەیەك بۆ تیۆرەکانی شانۆ

دانا ڕەئووف

 

هیچ هونەرێك هێندەی هونەری شانۆ لەناو تیۆردا کاری نەکردووە، هیچ ژانرێکی ئەدەبیش هێندەی دراما، لەسەر بنەماکانی تیۆر گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە نەدیووە. هەموو پرۆسە پراکتیکییەکەی شانۆ لەنێو لاپەرەکانی کتێب و تێڕوانینێکی هزری و بۆچوونێکی تیۆرییەوە بنەماکانی داڕشتووە، سەرلەنوێ ئەو ئەزموونەی لەسەر شانۆکان بەرجەستەکراون، بوونەتەوە بە بنەمایەکی هزری و ستراکتورێکی تیۆری و دەرگایەکی تریان بەڕووی شانۆدا کردۆتەوە.
کتێبە شانۆییەکان لە ئەنجامی ئەزموونی کردەییەوە، لە خوێندنەوە جیاوازەکانی دەق و دیدی دەرهێنان و مێتودەکانی هونەری نواندن و پێکهێنەرەکانی تری نمایشە شانۆییەکانەوە، بوونەتە وشە و ڕستە و هزرێکی شیکاری و خوێندنەوەیەکی ئێستاتیکی، هاوکات لەدایکبوونی پرسیاری تریش، کە پرۆسە شانۆییەکەی لە ڕووی کردەییەوە دەوڵەمەندتر کردووە. شانۆ هونەرێکی کراوەیە بە ڕووی دەرەوەدا، بنەما تیۆرییەکانیش ڕۆڵێکی گەورەیان لەم کرانەوەیەدا گێڕاوە. شانۆ چەندە هونەرێکی دێرینە، هێندەیش تا ئێستا لەو فۆرمە دێرینەی خۆیدا ماوەتەوە، هاوکات لە تازەبوونەوە و گۆڕانکاری بەردەوامیشدایە.
ئەوەی شانۆنامەکە دەنووسێت، ئەوەی لەسەر شانۆ بەرجەستە دەبێت، ئەو دیدەی دەرهێنەر دەیبەخشێت بە دەقەکە و ئەو جۆر و ستایلی نواندنەی ئەکتەر وشەکانی پێ دەکاتە وێنە و ژیانی پێدەبەخشێت، لە کتێبە تیۆرییەکاندا ڕەنگ دەدەنەوە و دەبنە دەروازە و بنەمایەکی گرینگ بۆ هەنگاوەکانی دواتر. ئەو ئەزموونەی شانۆکارەکان بە کارێکی هەرەوەزی، بە شەونخونی، بە دروستکردنی ئەو دنیایەی لەسەر شانۆ نەمایش دەکرێت، لە کتێبە تیۆرییەکاندا بنەمایەك بۆ کاری کەسانی تر ڕۆدەنێت و ڕۆڵی دەبێت لە فراوان بوونی دیدی شانۆدا، هەروەها بە مێژووکردنێکی ڕەوتە شانۆییەکەیش دادەنرێت.
شانۆیەکی بێ تیۆر و شیکاری و ڕاڤە، شانۆیەکی ساکار و بێ یاسا و ڕێسا و ڕووکەشە و هیچ قووڵاییەك لە خۆ ناگرێت، نابێتە هۆی هیچ جۆرە پەیوەندییەکی فرە مەودا و فرە ڕەهەند، پرسیار دروست ناکات و شانۆیەکیشە بێ مێژوو و بێ لێکدانەوە. بە پێچەوانیشەوە تیۆر و کتێبە شانۆییەکان، ژیانێکی تر بە پرۆسەی شانۆ و بە گەشەی شانۆ ده‌به‌خشن و لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندی دەکات، قووڵتری دەکاتەوە و مەودایەکی گرینگ و فراوانی پێ دەبەخشێت. ئەمە جگە لەوەی تیۆری شانۆ و کتێبە شانۆییەکان ئامڕازێکی فرە مەودای بەیەکگەیاندنی پرۆسە جیاوازەکانی شانۆیە و ڕەنگە جیاواز و هەمەچەشن و ئەزموونە جوداکان کۆدەکاتەوە، شیکارییان بۆ دەکات و توخمە گرینگەکانییان دیاری دەکات. هەموو شیکارێکی تیۆری، هەموو کتێبێکی شانۆیی، هەموو یادەوەرییەکانی شانۆکارە گەورەکانی دنیا، تۆمارکردنێکی مێژووی شانۆیە، بەڵام مێژوویەکی ڕاڤەکراو لە هەموو ڕووکارە دەرەکی و ناوەکییەکانییەوە. ئەم تۆمارکردنەیش چەندە دیدێکی تیۆری و ئێستاتیکییە، هێندەیش ئەزموونێکی پراکتیکی و کردەییە، کە دەکرێت، چ لە ڕووی پراکتیك و چ لە ڕووی تیۆرییەوە، سەرلەنوێ سوودی لێ وەربگیرێت و هەنگاوی تری بەدوادا بێت.
مێتودەکانی هونەری نواندن، چەندە لە ڕێگای مەشق و ئەزموونێکی چڕی کردەیی و پرۆسەیەکی سەختی کارێکی بەردەوامەوە هاتوونەتە دی، هێندەیش پاڵپشتێکی پتەوی تیۆرییان هەیە؛ ئەگەر ستانیسلاڤسکی مێتودەکەی خۆی نەنووسیایەوە، کەسانی دوای ئەو نەیاندەتوانی شیکاری بۆ بکەن، بەهەمان شێوە مایکڵ چێخەف، مایرهۆڵد، گرۆتۆڤسکی، پیتەر برووک… هتد کاریان لەسەر ئەوەی ستانیسلاڤسکی کردوویەتی کردووە و گەیشتونەتە ئەنجامی تر و جیاواز. ئەوەی ئەوانیش کردوویانە بە یارمەتی خۆیان و ئەوەی خۆیان نووسیویانە، خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ کراوە و لە دید و بنەما ئێستاتیکییەکانەوە شیکردنەوەی تیۆری بۆ کراوە.
بە درێژایی مێژوو، هەمیشە دیدێکی ئێستاتیکی و تیۆری، هاوشانی پرۆسە کردەییەکەی شانۆ بووە؛ ئەریستۆ ٣٢٢-٣٨٤ پ. ز لە سەردەمە دێرینەکەی گرێکەوە ئەو بنەمایە دادەرێژێت. کتێبی شیعر (پۆیەتیکا) چواچێوە تیۆرییە شیکارییە دراماتۆرگییەکە بۆ هونەری شانۆ دادەڕێژێت، هوراس ٦٥-٨ پ. ز بە هەمان شێوە لە کتێبە بچووکەکەی خۆیدا (هونەری شیعر) مێژوویەکی نوێ بۆ پرۆسەی هونەری شانۆ، لە هەردوو ڕووی تیۆر و پراکتیکەوە تۆمار دەکات. هەر بەهۆی ئەم کتێبانەوە بۆچوونێکی چڕ و وردمان سەبارەت بە سەرەتا بەراییەکانی شانۆ لە یۆنان و ڕۆما بۆ دەردەکەوێت، لە خوێندنەوەی ئەم کتێبانەیشەوە هەنگاوەکانی دوای ئەمان هاتوون. هێڵە گشتی و ئەزموونە کردەیی و تەنانەت جۆرێك لە شوناسی ئەو فەرهەنگ و شانۆیەی لە باوەشی ریتواڵەکاندا لە یۆنان و دواتر بەشێوەیەکی تر لە ڕۆما، لە دایك بوون، لە (پۆیەتیکا) و (هونەری شیعر)دا یەکەم هەنگاوە تیۆرییەکانی دەست پێ دەکات. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەیش بکرێت، کە ئەو دیدە ئێستاتیکییەی ئەریستۆ و دواتریش هوراس، شانۆیان پێ شیکردۆتەوە، هەموو نهێنییەکانمان بۆ ئاشکرا ناکەن، هەروەها وێنەیەکی تەواوی ئەو شانۆ دێرینەیشمان پێشکەش ناکەن یان وەڵامی هەموو پرسیارەکانی ئێمەیان لەم سەردەمەدا بۆ نەدراوەتەوە، بەڵام دەروازەیەکیان بۆ قووڵبوونەوە و خوێندنەوە و ڕاڤەی جودا و تێڕوانینێکی گشتییەوە، بۆ کردووینەتەوە. ئەمەیش ئەو ستراکتورەی بۆ دەستەبەرکردووین، کە لە ڕابوردووی شانۆ و گرینگی ڕۆڵی شانۆ تێبگەین، هاوکات لە هەنگاوەکانی خۆشمان بڕوانین و بزانین پرۆسەی گەشەی شانۆ گەیشتۆتە کوێ و بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات. بۆ نموونە، کە ئەریستۆ دەخوێندینەوە باشتر لە برێشت دەگەین، کە برێشتیش دەخوێندینەوە زیاتر لە ئەریستۆ نزیك دەبینەوە و دەزانین ئەم فەیلەسوف و شانۆکارە تیۆریستە چۆن تیۆرەکانیان لەسەر تێروانین و دید و بۆچوونەکانی یەکتر داڕشتووە و شتێکی تری لێ دەرچووە. بەبێ ستانیسلاڤسکیش لە برێشت ناگەین، بۆ ئەوەی لە برێشت-یش بگەین دەبێت بە باشی لە سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی، لە ڕووی تێور و پراکتیکەوە گەیشتبین. کە دیدە تیۆرییە ئێستاتیکییەکەی (گۆردن کرەیگ) دەخوێنینەوە، لە برێشت و ئارتۆ باشتر دەگەین و بنەما مۆدێرنەکەی شانۆمان لەنێو تیۆرەکاندا، لەنێو کتێبەکاندا، لەنێو (تیۆر و پراکتیکدا) بۆ دەردەکەوێت. لە شانۆدا تیۆر و پراکتیك، ئەوەی دەنووسرێت و ئەوەی لەسەر شانۆ بە کردەیی بەرجەستە دەکرێت، یەکتری تەواو دەکەن و لە شێوەی زنجیرەیەکی بێ کۆتایدا، هەژموونیان بەسەر یەکترییەوە هەیە، ئەو نەمایشانەیشی لەسەر شانۆ دەیانبینین، ئەنجامێکی ئەو هزرە تیۆرییە بەردەوامەی شانۆیە.
تیۆرە شانۆییەکان، قۆناخەکانی شانۆیان دیاری کردووە: شانۆی کلاسیکی، کلاسیکی نوێ، ناتورالیزم، ڕیالیزم، سیمبۆلیزم، دەربڕینخوازی، هاوچەرخ و مۆدێرن… هتد بەم دیاریکردنەیش ستراکتور و داراماتۆرگی شانۆ و تیۆری شانۆیان کردووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسە کردەییەکە. ئەو شیکارە تیۆرییانەی بۆ شانۆی کۆنی گرێکی کراوە، دیدی شانۆکارە مۆدێرنەکانی فرەلایەن و دەوڵەمەند کردووە، لەو دەروازەیەوە ئەزموونە شانۆیەکان گورێکی تر ده‌سه‌نن و بەشێك لە ئەزموونکارە گەورەکان پرۆژەکانیان لەسەر بونیاد ناوە. لێکۆڵینەوە قووڵ و هەمەلایەنەکانی کۆمیدیای دیلارتی سەدەی پانزەهەمی ئیتالیا، بنەمایەکی کردەیی و تیۆری بە هەوڵە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی شانۆی جیهانی دەبەخشێت. ئەوەی ڤاگنەر سەبارەت بە هونەرێکی گشتگر باسی دەکات، لەسەردەمی خۆیی و دواتریش دەروازەیەکی بەرین بە ڕووی هونەری شانۆدا دەکاتەوە و بنەمایەکی تیۆریش بۆ ئەم هونەرە، لە دیدێکی ترەوە دادەڕێژێت. لە شەستەکاندا، پیتەر بروک بە داهێنانی زاراوە و چەمکی (شانۆی بۆش) و بڵاو کردنەوەی کتێبەکەی، گۆڕانکارییەکی گەورە لە فەرهەنگی شانۆی جیهانیدا دەکات و تا ئێستایش هەژموونی ئەو چەمکە بەسەر شانۆی جیهانییەوە بەردەوامە. نموونەکان زۆرن و بە کتێبێکیش تەواو نابن.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌