Marcel Duchamp. Bicycle Wheel. New York, 1951 (third version, after lost original of 1913

بۆ ئەوەى نەبینە فاشیست گوتارێک دژ بە ئەقڵیەتى ڕیسواگەرى


Loading

لە کوردستان ماناى چەپبوون، کە هێشتا سەرەتاى گەشەکردنەوەیەتى بە هەڵە چۆتە نێو خەڵک و گەنجانەوە. سەرەتا پاڵپشت بە هەندێ لە تیۆرە نوێیەکانى ڕۆژئاوا، دواتریش بە گەڕانەوە بۆ چەپى ئەرسۆدۆکس و جوانکردنى چەپى ڕۆژهەڵاتى، سۆڤییەتى و ماوی. بە بڕواى من ئەوەى بۆ کوردستان زەرورە پەرەى پێبدرێت، جۆرە چەپێکە کە بە لەبەرچاوگرتنى خەسڵەتە لۆکاڵییەکانى خۆمان و بە کۆمەکى تیۆرە نوێیە جیهانییەکانى فیکرى ڕادیکاڵ، لە یەک کاتدا هەم دابڕان بێت لەگەڵ چەپى پێش خۆیدا و هەمەیش بە شێوازێکى دیکە بیانهێنێتەوە بۆ ئێستا (نەک بە پێچەوانەوە ئێستا ڕابکێشێتەوە بۆ نێو تیۆرەکانى پێشتر). دەکرێت ئەمە بە “چەپى نوێ” ناوببەین. کەواتە “نوێ” بەو مانایە نییە هیچ پەیوەندییەکى بە چەپى پێشترەوە نییە، بە ڕەهایى دابڕاوە و سەرلەبەرى گەنجینەى ڕەخنەیى سەردەمانى پێشتر ڕەتدەکاتەوە، بەڵکو بەو مانایەیە هەرچییەک بهێنێتەوە، بە جۆرێکى نوێ و لە تاقمێکى تیۆری و تەفسیریى نوێدا دەیانخاتەوە ئیش.

فوكۆ – سارته‌ر و دولۆز – ١٩٦٨

تاقمى نوێواتە چى؟ واتە ئەو پەیوەندیى و پێکەوەبەستنانەى کە لەنێو بەشەکانى ماشێنێکدا دروست دەبن. ئەمە یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانى دۆلۆز. ئەوەى لە ماشێنێکدا گرنگە پێکەوەبەستنەکانە، نەک بەش/ گشت یان سوبێکت/ ئوبێکت. پێکەوەبەستنەکان، واتە بەیەکگەیشتنى پارچەکانى شتەکان، یان ئایدیاکان، یان بوارەکان کە هەندێجار هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە و هەریەکەیان لە شوێنێکەوە دێن، لە ناوچە دوورەکانەوە. بۆ نموونە چۆن مالارمێ بە نیچە یان هیگڵ دەگات؟ چۆن قەشە پۆڵس بە مارکسیزم دەگاتەوە؟ دەتوانین ئایدیاى پێکەوەبەستن (یان تاقمى تیۆرى) بە نموونەى پایسکیل ڕوون بکەینەوە. پایسکیل کۆیەک نییە کە لە کۆمەڵێک ڕەگەز پێکهاتبێ و کۆى بەشەکان ببێتە گشتێک کە شوناسى پایسکیلى هەیە. ویل، تایە، بۆلبرین، بەکرە، سوکان، زنجیر، کوشن پێکەوە کۆبکەیتەوە لە خۆیانەوە نابنە پایسکیل. پایسکیل پتر، جۆرێکى تایبەتى یەک پێکەوەبەستنە لە کۆمەڵێک بەش کە وەزیفەى جێگیریان نییە. ویل، تایە، بۆلبرین، سوکان، کوشن، زنجیر بە یەک پێکەوەبەستنى دیاریکراو و لە فۆڕمێکى تایبەتدا دەبنە پایسکیل، دەشێت هەمان ئەو ڕەگەزانە لە پێکەوەبەستێکى دیکەدا ببنە شتێکى دیکەى جیاواز لە پایسکیل، یان لە پێکەوەبەستنیان لەگەڵ شتى دیکەدا ببنە ماشێنى دیکە. بۆ نموونە دەشێت هەر یەکەیان لەگەڵ شتى دیکەدا لە پێشانگایەکدا، بە جۆرى دیکە، ببنە بەرهەمى هونەرى. هەندێ لە کارە هونەرییەکانى مارسێل دوشامپ بەمجۆرەن، بۆ نموونە (Bicycle Wheel).

 

Marcel Duchamp. Bicycle Wheel. New York, 1951 (third version, after lost original of 1913

لەو بەرهەمەدا ویلى پایسکپیل لە پایسکیلدا نییە، بەڵکو لەگەڵ تەپڵەکێکى بەرزدا کۆبۆتەوە و بۆرییە ڕاگرەکانى ویلەکە چەقیوە بە سەر تەختى تەپڵەکەدا، بۆیە ویلى پایسکیلەکە کەوتۆتە بەشى سەرەوە، ئەمەیش کارە هونەرییەکەى دوشامپى پێکهێناوە. ویلى پایسکیل و تەپڵەکەکە لە شوێنێکى دوور لە یەکترییەوە هاتوون و لە شوێنێکى چاوەڕواننەکراودا بەیەکگەیشتوون، واتە لە پێکەوەبەستنێکدا کۆبوونەتەوە کە تاقمى پایسکیل نییە بەڵکو تاقمێکى تایبەتى دوشامپە. کەواتە دۆشامپ سوبێکتە؟ بە هیچ شێوەیەک نەخێر، چونکە خودى کارە هونەرییەکە لە دوشامپیش خۆى پێکهاتووە، بەو مانایەى لەو کارە هونەرییەدا ویل، تەپڵەک، پێکەوەبەستن هەیە، دوشامپ خودى پێکەوەبەستنەکەیە، دەنا هیچ دەرەنجامێکى لۆژیکى ویل و تەپڵەک بە یەک ناگەیەنێت. بۆ فیکریش هەر بەم جۆرەیە. گەڕانەوەى ئەدۆرنۆ و هۆرکاریمەر بۆ نیچە، بەدیۆ بۆ ئەفڵاتوون و قەشە پۆڵس، ئاگامبێن بۆ قەشە پۆڵس و ئەرستۆ، ڕانسێر بۆ ئەفڵاتوون، فۆکۆ بۆ یۆنانى کۆن، دۆلۆز بۆ هیوم و بیرگسۆن و سپینۆزا و نیچە، ئاڵتۆسێر بۆ ڕۆسۆ و سپینۆزا و مۆنتسکیۆ، بالیبار بۆ سپینۆزا و …هتد، گەڕانەوەى هەرهەموویشیان بۆ مارکس و دۆزینەوەى بەیەکگەیشتنى ئەم فەیلەسوفانە لەگەڵ یەکتریدا، بۆ ئەوە نییە هیچکام لەوانە دووبارە بکەنەوە و زەمەن و مێژووى ئێستا بخەنە نێوییانەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە لە نێو پێکەوەبەستنێکى نوێى تیۆریدا کۆیان بکەنەوە. بەم مانایە “نوێ” بە ماناى “نوێ”ـى زمانى کاڵایى سەرمایەدارى نییە. کاڵاى نوێ کاڵاى پێشتر لەکاردەخات و دەیکات بە زبڵ. بۆ چەپ “نوێ” ئەوە نییە تەواوى فیکرى پێش خۆى (یان پێش مارکس و دواى مارکس) ڕەت بکاتەوە و وەک زبڵ سەیری بکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە کۆى میراتى ڕەخنەیى وەک “سندووقى کەرەستەکان” ببینێت تاوەکو لەگەڵ کەرەستەى نوێدا شتێکى نوێیان لێ بەرهەم بهێنێت کە باشتر بتوانێت کار بکات.

ئەم دەربڕینە فۆکۆیى-دۆلۆزییە لە فیکردا دەبێتە کەرەستە تیۆرییەکان: چەمک/کێشە، شیکارى، میتۆد، ئەرگومێنت، ستایل، زمان…هتد. خودى مارکسیش لەم ستراتیژییە فیکرییە بەدەر نییە کاتێک بۆ شکسپیر دەگەڕێتەوە. هەروەها لەسەر خودى دۆلۆزیش پراکتیزە دەبێت؛ ئەنتۆنیۆ نێگرى و ماریکڵ هارت لە هەردوو کتێبە گەورەکەى خۆیاندا تەنیا ئەم بەیەکگەیشتنانەیان کەشف کردووە لەنێوان بیرمەندانێکى زۆردا (بەڵام بە تایبەتى بەیەکگەیشتنى مارکس و دۆلۆز..)، بەمەیش شتێکى نوێیان پێکهێناوە کە نە مارکسە و نە دۆلۆز و نە هیچکام لە بیرمەندەکانى تر، بەڵکو تاقمى نێگرى-هارت خۆیانە. کەواتە “نوێ” ئەوەیە کە دەشێت کۆنیش بهێنێتەوە، بەڵام لە پرۆسێسێکى داهێنانگەریدا بەشێوەیەکى نوێ و لەنێو تاقمبەندییەکى نوێدا دەربارەى دیاردەیەکى نوێ. هەر بەم جۆرەیە گەڕانەوە بۆ مارکس نابێتە جۆرێک ئەرسۆدۆکسیزم و پێغەمبەرایەتى. گەر تا ئێستایش بەشێک لە شیکارییەکانى مارکس دەربارەى سەرمایەداریى ڕاست بن و بەشێک لە هاوکێشەکانى ئەو بۆ ئەم سیستەمە کاربکەن، ئەوا ئەمە تەنیا ئەو کاتە گرنگیى تەواوى خۆى وەردەگرێت و مارکس زیندوو ڕادەگرێت کە لەنێو تاقمبەندیى نوێدا بە خوێندنەوە و ڕەخنەى نوێوە ببەسترێتەوە دەربارەى ئەم سەردەمەى ئێستامان.

بەم مانایە چەپ هەمیشە دەبێت “چەپى نوێ” بێت. بۆ کوردستان، پێویستە ئەم “چەپى نوێ”ـیە چەند شتێک لەبەرچاو بگرێت: لەلایەک کۆى ئەو گۆڕانانە لەبەرچاو بگرێت کە بەسەر سەردەمە مێژووییە جیهانییەکەماندا هاتووە و، هاوکات، دیاردە نوێیەکانى کۆمەڵگەکەمان بە هەند وەربگرێت. لەلایەکى دیکە، بۆ ئەم خوێندنەوە جیهانى و لۆکاڵییە ستایل و چەمکى نوێى هەبێت و بنەماى دیکە دابڕێژێت بۆ ڕێکخستن و پەیوەندیى جەستەجەمعى (بۆ نموونە پەیوەندیى ئاسۆیى هەمەڕەنگ بخاتە برى پەیوەندیى شاقوڵیى حزب). دواجار بەباشى تیۆرە ڕادیکاڵەکانى جیهانى ڕۆژئاوا بخوێنێتەوە تاوەکو لە ڕووى مەعریفى و شیکارییەوە خۆى پێدەوڵەمەند بکات. پێموایە خوێندنەوەى فەلسەفەى فەرەنسى لەنێو ئەو میراتەدا گرنگییەکى یەکجار گەورەى هەیە، ئەو چرکە ساتە گەورەیەى فەلسەفەى فەرەنسى کە بادیۆ بە سێیەم چرکەساتى مەزنى فەلسەفەناوى دەبات. بادیۆ ئەم ماوەیە لە سارتەرەوە دیارى دەکات تا دوایین کتێبى ژیل دۆلۆز. ئەم نەوە فەرەنسییەى وا لەو ماوەیەدا پێگەیشتن، فەیلەسوفانێک بوون کە هەموویان لەسەر یەک هێڵ بە بێ ڕەخنەکردنى یەکترى ڕیز نەبوون، جارى وا هەیە تا ڕادەى مشتومڕى تووند و بگرە دژیەکییش ڕۆیشتوون، بەڵام تیۆرەکانیان هەژموونێکى گەورەیان لەسەر فیکرى جیهان کرد و بە ماناى وشە لە ئاستى بیرکردنەوە و زمان و ستایل و بەکێشەکردنى دیاردەکاندا بێوێنە بوون. سارتەر، باتاى، میرلۆپۆنتى، لاکان، ئاڵتوسێر (و هاوڕێکانى)، فۆکۆ، دێریدا، دۆلۆز؛ بادیۆییش خۆى بە دوایین کەسى ئەم نەوەیە، یان ئەم چرکەساتە مەزنە فەلسەفییە دەزانێت. گرنگى ئەم نەوەیە لە ئاستى جیهانیدا هەرچییەک بێت، بۆ ئێمە لە کوردستان گرنگییەکى دووقاتیان هەیە. بۆچى؟ چونکە گەر فیکرى هەموو ئەمانە لە یەک وشەدا کورت بکەینەوە و پێکەوە لە گوشراوێکدا تێکەڵییان بکەین ئەوا ئەم پەیامەى لێدەردەچێت: ”خەباتگێڕبن، بەڵام فاشیست مەبن”. بێگومان ئێمە دەتوانین هەموو میراتى چەپ بە کەرەستەى بیرکردنەوە و ئەکتى خۆمان دابنێین، هەر لە مارکسەوە، تا فرانکفۆرتییەکان و تا بالیبار و ڕانسێر، هارڤەى و لۆفیڤرە، بەدیۆ و ژیژەک، بەڵام گرنگە لەپاڵ ئەم میراتەدا ئەم نەوە فەرەنسییە بخوێنینەوە بۆ ئەوەى ئەو میراتە بە ئاقارى فاشیزمدا نەبەین (وەک ئەوەى زۆرجار کراوە).

له‌ 13.03.1968 له‌به‌رلین – خوێندكاران پۆسته‌ری (لیو ترۆسكی ) یان هه‌ڵگرتووه‌ – شۆڕشۆچكه‌ی ١٩٦٨

بەداخەوە، ئەوەندەى سەرنجم دابێت، پێموایە لە کوردستان ماناى چەپ ڕێک وەک ماناى فاشیزم وەرگیراوە، بەشێک لەو گەنجانە پێیانوایە هەتا فاشیستتربن چەپترن، فاشیزم و کۆمۆنیزمیان لێ تێکچووە. وا تێگەیشتوون چەپبوون پەیوەندى بەوەوەیە بە هەموو لایەکدا تۆمەت ببەخشیتەوە، مەوداى خۆ-ڕەخنەکردن بسڕیتەوە، بەهیچ جۆرێک ڕەخنە لە ئایدیاى شۆڕش و بگرە کۆمۆنیزمى سەدەى بیستەمیش نەگریت و بیشپژمیت بڵێیت بژى کۆمۆنیزم. سەدان نموونەى ئەم فاشیزمەم لە فەزاى مەجازیدا بینیووە، بەڵام هەر بۆ نموونە دواى بڵاوبوونەوەى وتارەکەى بەختیار عەلى بینیوومە بە ناوى چەپەوە ئەم قسانە بەو نووسەرە وتراوە: “مەلایەک باشترە لەم نووسەرە”. “نووسەرى بۆرژوازى هەر نائومێدى دروست دەکات و ئەڵتەرناتیڤ ناخاتەڕوو”. “بیست ساڵە بە ڕۆمانەکانى گەنجانى خەڵەتاندووە”. “ئەم نووسەرە بۆ ئەوە باشە شار بەدەر بکرێت”. “بەڕێزم، ئەمە لە ڕۆشنبیرێکى پۆپۆلیستى زیاتر هیچى تر نییە”. “پێویستە بە تۆمەتى خیانەت لەگەڵ سەرکردەکانى پارتى و یەکێتیدا دادگایى بکرێت”.. تەنانەت ئەم کۆمۆێنتەیشم بینیووە: “ئەم پیاوە لە داعشێک خراپترە”! ئەگەرچى نامەوێت لێکدژی ئەم قسانە لەگەڵ ئەو وتەیەدا لێک بدەمەوە کە دەڵێت “بەختیار بێدەنگە”، کەچى ئەوەتا مەلا و پۆپۆلیست لەو سوبێکتانەن کە بێدەنگ نابن. لێکچوواندنیش بەداعش باڵاترین ئاستى فاشیزمە، فاشیزم ئەوەیە کە بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک، زۆر بە ئاسانى و بێ خۆ ئەزێتدان بە تاوانێکى گەورە تاوانبارت بکات. تۆ تاوانباریت تەنیا لەبەرئەوەى چەپ نیت، تاوانباریت تەنیا لەبەرئەوەى سونە نیت، تاوانباریت تەنیا لەبەرئەوەى سەلەفى نیت و هیتر. فاشیزم ئەوەیە بەر لەوەى بتکوژێت ئەنیماڵیزەت دەکات، ئەتکاتە حەشەرەکەى کافکا، دەبێت بە پرۆسەیەکى بەدگۆڕاندا بتبات بۆ ئەوەى بە ئاسانى وەک هۆمۆساکەرێک بتکوژێت. فاشیزم ئەوە نییە کە پێش هەموو شتێک دەتکوژێت، بەڵکو ئەوەیە پێش هەموو شتێک مرۆڤبوونت لێ وەردەگرێتەوە، دەتکات بە مێروو، سیسرک، جرج، مەیمون، شەمشەمەکوێرە. واتە پێش لەوەى بتکوژێت ڕوخسارت دەشێوێنێت.

لە ڕۆمانى تاوان و سزادا ڕاسکۆڵینۆکۆڤ ناتوانێت پیرێژنە خاوەن ماڵەکەى بکوژێت هەتا لە بەدگۆڕاندا نەیکات بە قالۆنچە و ئەسپێ. قەزافى لە سەرەتاى ڕاپەڕینەکانى لیبیادا بە ڕاپەڕیوانى دەگوت “جرجەکان، جرجەکان”. ئەڵمان نەیدەتوانى یەهود قڕ بکات ئەگەر نەیکردنایەتە خوێنى پیس و ڕەگەزى بەد و مۆرانەى ڕەگەزى ئارى. ئەم فاشیزمە یەکەمجار لە شوێنى ترەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە زمانەوە دەست پێدەکات. لە زماندا وشەکان دابتاشە، مرۆڤ و مێرووە زیانبەخشەکان تەماهى پێبکە، ڕێگە بگرە لە سەرهەڵدانى تێرم و زاراوەى نوێ، دامودەزگاى چەمک و یەک شێوازى قسەکردن دابنێ، کۆرس پێکبهێنە، کۆپیکردنەوە دروست بکە، زمان لە جنێودا بسووێنە، بیکە بە کڵێشە و قاڵب، بیکە بە زمانێکى میکانیکى و دەزگایى-حزبى یان ئایدیۆلۆژى؛ ئا بەم مانایە زمان یەکەمین زێد و زەمینى فاشیزمە. یەکەمین زێدى حیکایەتە گەورەکانیشە.

 

هەر کە ڕەخنە لە حیکایەتى گەورە بگریت دەستبەجێ بەشێکى زۆرى مارکسیستەکان دەبنە دوژمنت، چونکە ئەوان وا لێکى دەدەنەوە تەنیا مارکسیزم حیکایەتى گەورەیە، لە کاتێکدا سەرجەمى ئایدیۆلۆژیاکان حیکایەتى گەورەبوون و هەن، بۆ نموونە نازیزم و ستالینیزم و ناسیۆنالیزم. بگرە مافەکانى مرۆڤیش حیکایەتى گەورەیە. وێناکردنى ڕەگەزە گەورەکان، ململانێ گەورەکان، ڕزگارییە سەراپاییەکان، نەتەوە ئەبەدییەکان، خوێنە پاکەکان، دەقە پیرۆزەکان و هیتر لە کردەیەکى گێڕانەوەدا مانا وەردەگرن کە مەرجەعییەتەکەى زۆر دوور و دەرەکى نییە، بەڵکو لە نێو زمان خۆیدایە. قسەکردن بە ناوى ستەملێکراوان و چەوسێنراوانەوە هەتا ئێستا هەر دواجار کورتکردنەوەى سەرجەم فۆڕمەکانى چەوساندنەوە بووە لە فۆڕمێکى سەرەکى و باڵادا. بۆ نموونە لەمڕۆدا کە سیستەمى سەرمایەداریى، چ بە پاڵنەرى ئابوورى یان بە پاڵنەرى تر، هەمووان دەچەوسێنێتەوە ئیدى گەمژەییە تەنیا باس لە چەوساندنەوەى کرێکار بکەیت و کۆى شیکارییەکە لە “زێدەبەها”دا کورت بکەیتەوە و پاشانیش پێتوابێ تەنیا کرێکاران دەتوانن جیهان ڕزگاربکەن (ئەوەتا لە سەرەتاوە تا کۆتایى هەموو شتێک دیاریکراوە، ئەمەیش عەینى حیکایەتە). ئێمە دەزانین چەوساندنەوە بە کردەیى لە واقیعدا هەیە و حاشاهەڵنەگرە، بەم حاڵەیش ئەوەى دەبێتە هەڵگرى گوتارى گەورەى چەوسانەوە خۆى لەنێو زماندا ڕەگەزەکان و تێرمەکان و چینە چەوساوەکان و سوبێکتە شۆڕشگێڕەکان و ڕێگاکانى ئەکت و ڕزگارى دیارى دەکاتەوە. هەندێکیان سەرکوت دەکات و هەندێکیتریشیان بەسەر ئەوانیتردا باڵادەست دەکات؛ بە مانایەکیتر لە مەرجەعە دەرەکییەکە دایاندەبڕێت و خۆى لەنێو زماندا دروستى دەکاتەوە. کاتێک دەمانەوێت هێشتایش متمانە بە حیکایەتى گەورە بکەین لایەنیکەم دەبێت ئەو ئەگەر و مەترسییەى سەرەوەمان لەبەرچاو بێت، کە بەکردەییش ئەزموون کراوە. هەر لەبەرئەمەیە بەشێک لە حیکایەتە گەورەکان و ئایدیۆلۆژیا گەورەکان بوون بە کابووسى گەورەیش. ئەم سەردەمەیش هەر لە دوو جەنگە جیهانییەکە و بە تایبەتیش لە سەرەتاى جەنگى ساردەوە پتر بۆتە سەردەمى کابووسە گەورەکان: جەنگى ئەتۆم، کێشەى ژینگە، وێرانبوونى زەوى، ئیمپریالیزمى فەزایى، جەنگى ئەستێران و هێرشى ئالینەکان و هیتر.

لێرەدا بە ڕاشکاوى ئەوە دەڵێم؛  کە بەلەبەرچاوگرتنى ئەو وێنایەى سەرەوە و ئەو ئەگەرە مەترسیدارە، هێشتایش لاى خۆمەوە بڕوام بە هەندێ لە حیکایەتە گەورەکان ماوە، بەڵام نەک وەک حیکایەت بەڵکو وەک ئایدیا، بۆ نموونە ئایدیاى ڕزگارى (کە کەمێکى تر باسى دەکەین). حیکایەتى گەورە ئەو کاتە ماناى هەیە کە حیکایەتە بچووکەکانى تێدا نەتوێتەوە، ئیمکانى ڕادیکاڵى حیکایەتە بچووکەکانیش لەبەرچاو بگرێت، لەوە تێبگات کە دەشێت لە کۆنتێکستێکدا حیکایەتێکى بچووک ڕۆڵى حیکایەتێکى گەورەى هەبێت. فیلمێک هەیە بە ناوى “ڕزگارکردنى جیهان”، بەسەرهاتى خوشک و برایەکى بێ بنەماڵەن، دوو لاوى بێ ماڵ و حاڵ کە لە ژێرزەمینێکى پۆخڵى یەکێک لە بیناکانى شارێکى گەورەدا دەژین. لە ڕاستیدا جیهان بۆ کوڕە لاوەکە، کە لە خوشکەکەى بچووکترە و پەیوەندییەکەیشیان زیاتر هاوڕێیانەیە نەک خوشک و برایانە، ڕزگاکردنى خوشکەکەیەتى لە مادەى هۆشبەر. خوشکەکەى ئالوودەى هۆشبەرەکان بووە و ئەمەیش تەحەدایەکە بۆ مێردمنداڵەکە کە چۆن خوشکەکەى لەو دۆخە بهێنێتە دەرەوە. جەوهەرى ئەم حیکایەتە بچووکە کچۆڵە و براکەى نیە، بەڵکو ئەوەیە چۆن بێ دەربەست نەبین لەئاست ژیانى کەسانى دیکە، چۆن هەرچیمان پێدەکرێت بیکەین تاوەکو نەهێڵین هاوڕێیەک یان کەسێکمان ببێتە پەڕۆکۆن و وێران ببێت، بە بێ ئەوەى ئەم کارە لە هەستێکى باوکانەوە بێت و سەپاندن و زۆرەملێى تێدا بێت: دەربەستهاتنى ئەویتر، ئەمە مەسەلەکەیە. کەواتە حیکایەتە بچووکەکان تاکەکەسى نین، مەرج نییە ئەوەى نەنکى مردبێت، ئەوەى باوکى لەگەڵى خراپ بووبێت حیکایەتێکى گرنگیشى هەبێت، حیکایەتى بچووک ئەو مەسەلە گرنگانەن کە زیاتر پەیوەندییان بە ژیانەوە هەیە نەک بە ئایدیۆلۆژیاوە. ژیان چییە؟ ڤێرچواڵى ئۆنتۆلۆژیى ناکۆتایە کە هەموو جارێک لە دۆخ و زەمینەیەکى دیاریکراودا و لە ئەنجامى بەرکەوتنى هێزێکى دەرەکیەوە، یەکێک لەو ڤێرچواڵانە ڕیاڵیزە دەبێت (سەختە لێرەدا ئەمە ڕوون بکرێتەوە و ڕەنگە نافەمهومیش بمێنێتەوە)، بۆیە ژیان ئەوەیە کە لە یەک دۆز، کێشە، قاڵب، ئایدیۆلۆژیا، ڕێبازى فەلسەفى، لە یەک شێوازى ژیان و یەک ئامانجدا، بە کورتى لە یەک شوناسدا کورتناکرێتەوە؛ خۆ ئەگەر بە زۆرەملێیش ئەم هەوڵە بدرێت ئەوا تەنیا دیسپۆتیزم بەرهەم دەهێنێت. سڕینەوەى پانتایى کەسى، بوارى شادى، مۆسیقا، وەرزش، عەشق، هاوڕێیەتى، داهێنان، شعرییەت (شیعرییەت نەک بە ماناى شیعر، بەڵکو وەک پانتایى ئیمکان دژ بە حەتمییەت و نەخشەى پێشتر دیاریکراو)، سڕینەوەى ئەمانە بە ناوى ئامانجێکى باڵاوە بۆ خۆى مەحکومکردنى ژیانە بە شتێکى ترانسێندنتاڵ کە لە دەرەوەى خۆیەتى، ئەمەیش مانایەکى عەدەمیەتە. چەپ هەتا لە باڵایەتى و تەعالیبوون دانەبەزێت ناتوانێت شتێکى گەورە لە ژیان بگۆڕێت.

پێناسەکردنى هاوڕێیەتى تەنیا لە چوارچێوەى ئۆرگانێکى حزبئاسادا و سەرکوتکردنى فۆڕمەکانى دیکەى هاوڕێیەتى، بایکۆتکردنى مۆزارت بە ناوى ئەوەى مۆسیقاى ئەرستۆکراسى بۆرژوازییەتە، ڕێگرتن لە داهێنانى ستایلەکانى دیکەى ژیان، گاڵتەکردن بە هونەر و ئەدەبیاتێک کە تەنیا بە زمانى باو و ڕاستەوخۆى ئایدیۆلۆژیایەک نەنووسراون و شتى لەم بابەتە، بۆخۆى دژ بە ژیانە. ژیان هەڵقوڵانى ئارەزووەکانە بۆ سنووربەزاندن و تەجاوزکردنى ئەوەى کە هەیە. کەناڵیزکردنى کۆى ئەم ئارەزووانە تەنیا بە یەک ئاراستەدا، بە ماناى سڕینەوە و مەحکومکردنى هەموو ئاراستە شاراوەکان، هەموو ئەگەرەکانى دیکەیە. مەسەلەى گرنگ دۆزینەوەى ئیمکانە ڕادیکاڵەکانى ئەم بوار و ئارەزووانەیە، ئیمکانى ڕادیکاڵى وەرزش و شیعر و ئەدەبە نەک سڕینەوەیان. نابێت چەپ وەرزش و هونەر و عەشق لە خەڵک حەرام بکات، مافى ئەوەى نییە مومارەسەکان و شتەکان بۆ خەڵک دیاریى بکات، بە گەنجان ناڵێت ئەبێت چى لەبەر بکەن و چى بخۆ و چۆن دەربکەون، ناڵێت نابێت سەفەر و سەیران بکەن، بە کچان ناڵێت نابێت ماکیاژ بکەن، بەڵکو شتێکى بنچینەییتر دەڵێت: تۆ تەنیا وەزرشەوان نیت بەڵکو خاوەنى بەهرەکانى خۆتیشیت کەواتە مەبە بە کۆیلەى کۆمپانیاکان؛ تۆ تەنیا مۆسیقار نیت، بەڵکو بەرگریکاریت لە مۆسیقایش لەبەرامبەر ئەو ویستانەدا کە دەیانەوێت حەرامى بکەن، یان بە کاڵاى بکەن، یان بە بازاڕیی بکەنەوە؛ تۆ تەنیا عاشق نیت کە گۆشەیەکى خەڵوەت بۆ خۆت و مەعشوقەکەت بپچڕیت، بەڵکو دەبێت کاریش بکەیت پانتایى عەشق بۆ هاوڕێکانى دیکەت و گەنجانى تریش گەورە بکەیت دژ بە ویستەکانى خێڵ و خێزان یان ئاساییش و پۆلیس (ڕەسمى و ناڕەسمى) یان دین و ئەخلاق. هەروەها چەپ بە پاڵنەرى حەسوودى و کینەبازى ڕێنمایى و یاسا دەرناکات، یان بەغیلى ناوەکى نابات. بنچینەى حەسوودى ئەمەیە: “ئەوەى من نیمە، تۆیش نەتبێ”. چەپ شتێکى دیکە دەڵێت: “ئەوەى من هەمە، کەم بێ و زۆربێ، تا ئەندازەیەک لەگەڵت بەشى دەکەم، ئەگەر تۆیش هەتبوو لێتڕادەبینم لەگەڵم بەشى بکەیت”. دواجار نەختێ ڕادیکاڵتر دەدوێت: “ئەگەر هەبوونەکەت لەسەر حسابى چەوساندنەوەى من بێت، ئەوا ناچارم قبوڵى نەکەم”، ئەمە پەیوەندى شۆڕش و ئابوورییە بە مانا کلاسیکییەکەى، بەڵام هەمیشە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕێگاى هەمەجۆرى ڕادیکاڵ هەیە بۆ ڕەتکردنەوە و قبوڵنەکردن، ئەمەیش مەسەلەى سیاسەتە.

لە کوردستاندا لە دواى ڕاپەڕینەوە سیاسەت لەگەڵ ئابووریدا بە تەواوى یەکیان گرتووە، ئەمە جۆرێک ئابووریى سیاسى تایبەتى پێکهێناوە کە لەم سالانەى دواییدا لە سەرمایەداریى نەوتیدا بەرجەستە بووە. حزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان هەم سیاسەت و هەم ئابوورییان بۆ خۆیان داگیرکردووە، ژۆرنالیزم و زمانیان قۆرخ کردووە، هەر بەو جۆرەى کە قوتى خەڵکیان خستۆتە نێو دەستى خۆیانەوە. بەڵام لە کوردستاندا سەرەتا سیاسەت هەبوو، ئینجا ئابووریى، ئەم سیاسەتە جۆرێک زەواجى لەگەڵ ئابووریدا کرد کە ئێستا ئەوانەى کە لە ئابووریدا پێگەیشتوون (بۆنموونە سەرمایەدارى وەک شاسوار عەبدولواحید) دەیانەوێت زەواجێکى پێچەوانە لەگەڵ سیاسەتدا بکەن. ئەم پەیوەندییەى نێوان سیاسەت و ئابوورى پێویستە لەو سیاقەى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سەرنجى لێ بدرێت. بە کورتى ئەوە سیاسەت بوو ئابووریى داگیرکرد نەک بە پێچەوانەوە. ئەم سیاسەتە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتدا دەیەوێت هەموو شتێک بەخۆى بارگاوى بکات و هەموو شتێک داگیر بکات. ئەرکى سیاسەتێکى نوێ کە بیەوێت دژ بەم مۆدێلە بێت پێش هەموو شتێک تێکدانى گەمەى ئەم سیاسەتەیە، پاشان تێکدانى ئەم هاوپەیمانییەى سیاسەت و ئابوورییە، بەو مانایەى سیاسەت لە دەسەڵات و سیاسەت لە ئابوورى وەربگیرێتەوە. بەڵام سیاسەت لەپێناو چیدا وەربگیرێتەوە؟ لەپێناو گەورەکردنى پەراوێزەکان و فراوانکردنى پانتایى ژیاندا نەک داگیرکردنى بە سیاسەتێکى دیکەى گشتگیر.

 

 گرنگە هەموو شتەکان سیاسى بن، بەڵام سیاسەت هەموو شتێک نەبێت. گەر سیاسەت هەموو شتێک داگیر بکات، زۆر جیاوازى نییە لەگەڵ ئەوەى ئابوورى هەموو شتێک داگیر بکات. هەموو شتێک بخرێتە خزمەتى سیاسەتەوە، هەمان ئەو دۆخەیە کە هەموو شتێک بخرێتە خزمەتى ئابوورییەوە. ئەو کاتە لە برى ئەوەى جیهان لە بازاڕ و کاڵا و بانک و ڕیکلامدا نغرۆ ببێ، لە حزب و سەرکردە و بارەگا و ئاڵادا نغرۆ دەبێ. ئینجا لەبرى فیتشیزمى کاڵایى فیتشیزمى سیاسى دێتە کایەوە. ئەمە فیتیشیزمە دژ بە فیتیشیزم، لە کاتێکدا ئەوەى گرنگە شکاندنى ئەم بازنەیەى فیتیشیزمە. لە ڕاستیدا سیاسەت ئەوە نییە لە کاڵا ڕزگارت ببێ، چونکە کاڵا لە ئاستى پێداویستیدا هەر دەمێنێت، بەڵکو ئەوەیە لە فیشیزمى کاڵا ڕزگارت بکات. شکاندنى ئاوراى فیتشیى کاڵاکان ئەرکێکى سیاسییە، بەڵام شکاندنى فیتشیزمى سیاسییش ئەرکێکى سیاسییە. ئەمە سیاسەتە و بەم مانایەیش سیاسەت ئەوە نییە باڵ بەسەر هەموو شتێکدا بکێشێت، سیاسەت بڕیار لە هەموو بوار و کایەکان بدات، خۆى بەسەر هەموو پانتاییەکانى ژیاندا بسەپێنێت.

 

فۆتۆی چه‌ند خوێندكارێكی ١٩٦٨ له‌ئه‌لمانیا به‌ ڕووتی وه‌ك پرۆتێستێك له‌دژی چه‌پاندنی سێكسوالی – (ده‌سه‌ڵاتی ڕووته‌كان) دروشمیان له‌جیاتی (ده‌سه‌ڵاتی ڕووت) كه‌ دروشمی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت بوو.

 

سیاسەت دۆزینەوە و زەقکردنەوە و هێنانەپێشەوەى ئیمکانى سیاسى و ڕادیکاڵى نێو شتەکانە. بۆ نموونە ئەدەب چۆن دەتوانێت سیاسى بێت و خۆى وەزیفەى سیاسی هەبێت. زمانى ئەدەبى ڕادیکاڵ چۆن دەتوانێت دژ بە زمانى باوى ئەدەب بێت، بە یەک وشە لە جیاتى ئەوەى ئەدەبێکى سیاسیمان هەبێت، سیاسەتى ئەدەبمان هەبێت.“ئەدەبى سیاسى”واتە پاشکۆیەتى ئەدەبیات بۆ سیاسەت، “سیاسەتى ئەدەب”واتە سیاسەتێک کە لە ئەدەب خۆیەوە دێت. سیاسەتێک کە لە ئەدەبەوە بێت ناهێڵێت ئەدەب ببێتە چوارچێوەیەکى سەربەخۆ و داخراو بەسەر خۆیدا، ناهێڵێت “ئەدەب لەپێناو ئەدەبدا” بێت، بەڵام ناهێڵێت “ئەدەب لەپێناو سیاسەت”ـیشدا بێت. نە مانەوە لەنێو خۆدا و نە داگیرکردن، بەڵکو دراوسێیەتى (وەک دراوسێیەتى هەژارەکان لە هەر کوێى دنیا بن). دراوسێیەتى ئەوەیە ئەم ئیمکانە ڕادیکاڵە دەتوانێت لەگەڵ ئیمکانى ڕادیکاڵى شتەکانى دیکەدا بگەن بە یەک و یەکتر ببڕین، سیاسەتى ئەدەب دەتوانێت بچێتە پاڵ سیاسەتى زمان، سیاسەتى هونەر، سیاسەتى وەرزش، سیاسەتى عەشق، سیاسەتى هاوڕێیەتى و هیتر، ئەوەى ئەمانە بۆلاى یەکتر ڕادەکێشێت دۆز و کێشە هاوبەشەکان، یان ئایدیا هاوبەشەکان و زمانى هاوبەشە. دەتوانین بۆ توێژ و چینەکانى کۆمەڵگەیش هەمان شت بڵێین، سەنگى ئەکتى سیاسى ئەوەیە مامۆستایان، فەرامانبەران، کرێکاران، خوێندکاران، کۆڵبەران، هونەرمەندان، کۆچبەران و هیتر بۆ ناڕەزایەتى لە گۆڕەپانێکدا کۆببنەوە، دراوسێیەتى و نزیکایەتى بەرپا بکەن. سەرجەمى ئەم یەکتربڕینانە سیاسەت پێکدەهێنێت. مۆسیقارێک، وەرزشەوانێک، هاوڕێیانى زانکۆیەک دەتوانن وەک خۆیان، پێکەوە لە ڕێکخستنێکى ناوەکیى نیمچە ئاسۆییدا کۆببنەوە، ناڕەزایەتى دەربڕن بە بێ ئەوەى ئەندام و کادرى حزب بن. شتەکە زیاتر لە سەمفۆنیا دەچێت. سەمفۆنیا لە تاکە ئامێرێکەوە دروست نابێت، لە ئۆرکێستراوە دێت. بە بەشداریى دەیان ئامێرى جیاواز ئینجا دەتوانیت سەمفۆنیات هەبێ، هەر یەکەیان بە گوێرەى هارمۆنیاى ناوەکیى ڕۆڵى خۆى هەیە تاوەکو هەر هەموو پێکەوە کۆڕاڵێک یان “یەک دەنگ” دەردەکەن کە مۆسیقاکە پێکدەهێنێت. ئەم یەک دەنگە خۆى لە یەک پێکنەهاتووە، لە کۆپیکردنەوەى یەکترییەوە پێکنەهاتووە، بەڵکو لەنێوخۆیدا فرە و جیاوازە. جارى وا هەیە لە بڕگەیەکدا ئامێرێک لە ئامێرێکى دیکە دەنگى زاڵتر و بەرزترە، ڕۆڵى زیاتر و کاریزماتیکترى هەیە، بەڵام لە کۆى سەمفۆنیاکەدا بەو جۆرە نییە. لەم کۆنتێکستەدا ئەرکى فیکرى ڕادیکاڵ پەرەپێدانە بەم تێکەڵبوون و نزیکایەتییە، کۆکردنەوەى دەنگە جیاوازەکانە بۆ ئەوەى هەر هەموویان ڕۆڵیان هەبێت و هەر هەموویشیان یەک پارچە مۆسیقا پێکبهێنن کە لەنێو خۆیدا فرەیە. فیکرى ڕەخنەیى تەنیا ڕەت ناکاتەوە، تەنیا نەرێ ناکات، بەڵکو “بەڵێگۆ”یشە، بەڵێ بۆ ئەو شتانە دەکات کە پێویستە ئیسپات بکرێن، پێش هەموو شتێک بەڵێکردن بۆ “فرەیى ئۆنتۆلۆژى”. مایکڵ هارت لە چاوپێکەوتنێکیدا ئامانجى پرۆژەکەى خۆى و ئەنتۆنیۆ نێگرى وەها دیاریى دەکات ویستوویانە “فرەیى” بخەنە نێو سێ پانتاییەوە کە یەکڕەنگ بینراون: “خەڵک”، “چین”، “حزب”. بۆ نموونە تێرمى “خەڵک” peopleماناى کوتلەیەکى یەکڕەنگ و یەکپارچە نییە، بەڵکو وەک ئاگامبێنیش باسى دەکات هەر لە ڕیشەى وشەکەوە لەنێو خۆیدا دابەشبوو و فرەیە. هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوەى ئەم فرەییانە (کە جیاوازە لە پلورالیزمى لیبراڵیستى)، دەبێتە یونیفۆرمى تۆتالیتارى. کەواتە ڕەخنە بریتییە لە ڕەتکردنەوە – ئیسپات. ئا ئەمە نزیکایەتى فیکر و سیاسەتە.

 

وێراى ئەوەى سیاسەت هەمیشە بەرەو دیسپلینى تووند و ڕێکخستنى هیرارشى مل دەنێت، بەڵام مۆدێلى ئاسۆیى سیاسەت ئیمکانى ئەوەى هەیە رێکخستن دروست بکات بە بێ ئەوەى فۆڕمى حزب وەبگرێت. دەشێت لە کۆنتێکستێکى تایبەتدا سەرجەمى فرەییەکان بخرێنە نێو ڕێکخستنى گشتى و هێڵى ستراتیژى گشتییەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو سوبێکت و گروپەکان لە توواوەیەکدا بتوێنەوە؛ فیکر و فەلسەفە دەتوانین ڕۆڵى بەرەنگاربوونەوە بگێڕن دژ بە یونیفۆرم؛ حزب تاکە فۆڕمى ڕێکخستن و کۆبوونەوە نییە، جارى وا هەیە زمانى هاوبەشجۆرێک ڕێکخستن دروست دەکات. لە ئایارى 68 دا ئەوە خەڵک خۆیان بوون کۆبوونەوە و شێوەیەکى ڕیکخستنیان پێکهێنا، بەڵام ئەوە سەرجەمى حزبە ڕاست و چەپەکان بوون (بە حزبى کۆمۆنیستى فەرەنسییشەوە) کە دژیان وەستانەوە. لە داینەمیکییەتێکى ئاوەهادا فیکرى فەرەنسى بەردەوام حزورى هەبوو بە بێ ئەوەى فیکرێکى ئایدیالیستى بێت. فیکرى فەرەنسى بەردەوام لەگەڵ کێشە واقیعییەکانى کۆمەڵگەى فەرەنسیدا ناونشین بووە؛ فیکرێک کە سیاسەت نەیتوانیبوو بە تەواوى داگیرى بکات؛ ئەمە خۆیشى ئەرکێکى سیاسیى فیکرە. فەلسەفە لەم دۆخانەدا لە “هێکاتە” (Hecate)ى خواژنى یۆنانى دەچێت کە هەمیشە بە مەشخەڵەکانییەوە، ڕێگا جیاوازەکان دەبینێتەوە، دەچێتە سێ ڕێیانەکان و چاودێرییان دەکات، ناهێڵێت بازنەکان دابخرێن و ڕێگاکان کوێر بکرێنەوە، ڕازینابێت بەوەى هیچ شتێک هەموو شتێک داگیر بکات. بەم مانایە فیکر ڕۆشنکەرەوەى ڕێگاى سیاسەت نییە، نابێتە ڕێنیشاندەر و خزمەتکارى سیاسەت، بەڵکو ناهێڵێت سیاسەت فرەیى ڕێگاکان کوێر بکاتەوە. گەر بە زمانى دۆلۆز قسە بکەین، ئەم گروپە هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرانە، ئەم ئارەزووە جۆراوجۆرانە، ئەم ئامێرە هەمەجۆرانەى نێو ئۆرکێسترا، دەتوانن جەستەیەکى بزۆز و بێ ئۆرگانپێکبهێنن، بەڵام ئەو کاتەى حزب دەیەوێت ئەم جەستەیە ئۆرگانیزە بکات ئیدى دەبنە بەشێک لە قەوارەى ماشێنێکى بەرهەمهێنان (بۆ نموونە بەرهەمهێنانى یونیفۆرم، ترس، دۆگم) کە پەیکەرێکى کۆنکریت و نەگۆڕ وەردەگرن، دەچنە نێو هیرارشییەتى ئەم لەش و پەیکەرەوە، لە ڕیزبەندیى سەر و سنگ و پەل و قاچدا دادەنرێن. جەستەى بێ ئۆرگان زیاتر جیوەیی و نەوەستاوە، ڕیزۆماتیکییانە گەشە دەکات و دەچێتە نێو صیرورەوە و دەتوانێت شکڵى جۆراو جۆر وەربگرێت، کراوەیە و بە گوێرەى کۆنتێسکتى پێویستییەکان تواناى گەورەبوون، کەرتبوون، جودابوونەوە و وەرگرتنى ڕەگەزى نوێى هەیە. بە کورتى گروپ و چینە چەوساوە و ناڕازى و بەرەنگاریکەرەکان دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە و جەستەیەک پێکبهێنن، بە بێ ئەوەى حزب بەسەر پەیکەرى خۆى و کاردابەشکردنى خۆى و ئۆرگان و بارەگاى خۆیدا دابەشیان بکات. لەم سکێچەدا سیاسەت چیتر سیاسەتێکى سەنتراڵ، گشتگیر، هیرارشى، دەوڵەتخواز, ئەبەدى، خاوەن چوارچێوەى ئاسنین، سیمبولپەرست، دروشمباز نییە. لێرەدا پرسیارێکى ڕەوا هەیە: لەم بەینەدا سیاسەتى ڕزگارى چى لێ دێت؟

یورگن هابه‌رماس و كوڕێكی له‌ له‌كاتی شۆڕۆچكه‌ی ١٩٦٨ – هابه‌رمه‌س ده‌سته‌واژه‌ی (چه‌پی فاشیزم Linksfaschismus) به‌كار هێنا وه‌ك زه‌نگێكی مه‌ترسیداری هه‌ندێك جوڵانه‌وه‌ی چه‌پڕه‌و له‌ئه‌ڵمانیا. به‌تایبه‌ت جوڵانه‌وه‌ی Apo ئاپۆ كورتكراوه‌ی ( ئۆپۆزیسیۆنی دەره‌وەی پەڕلەمان) ..دوایش به‌و ڕایه‌یدا چووه‌ وه‌، له‌و ساته‌وه‌ چه‌مكی(چه‌پی فاشیزم – چه‌پی فاشی) وه‌ك تێرم به‌كاردێت.

کەواتە مەسەلە بنچینەییەکە ڕزگارییە. بەڵام ڕزگارى خۆیشى پێویستى بە سیاسەتێکى نوێیە کە بە بڕواى من دەبێت لایەنی هەرە کەمى ئەو مۆدێلەى لە سەرەوە باسمان کرد ڕەچاو بکات. بەشى هەرە زۆرى بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانى سەدەى بیست بزووتنەوەى ڕزگاریخواز بوون. مارکسیزمیش ڕێبازێکى ڕزگاریخوازە. مەعریفەیش هەیە مەعریفەى ڕزگاریبەخشە (هابرماس). لە سەرووى هەموو ئەمانەیشەوە، یان دروستتر لە بونیادى هەموو ئەمانەدا تیۆلۆژیاى ڕزگاریشمان هەیە. بۆ ئێستاى کوردستانى باکور و ڕۆژئاوایش ئایدیاى ڕزگارى ئایدیایەکى بنچینەییە، لە کوردستانى باشووریش دەوڵەتى سەربەخۆ لە گوتارى پارتى و یەکێتیدا بە ماناى ڕزگارییە لەدەست جەور و ستەمى سەد ساڵەى دەوڵەتى عێراق. بە کورتى ڕزگارى لەسەر یەک ڕێباز تاپۆ نییە و لە شوێن و کاتى جیاوازدا، لە رێبازە فەلسەفى و سیاسییەکانیشدا ماناى جیاوازى هەیە و لە لایەن هێزى جیاوازیشەوە دەکرێت بە دروشم. لێرەدا نامەوێت باس لە تیۆرى جیاوازى ڕزگارى بکەم، بەشێکى ئەم ئەرکەم لە وتارى تردا کردووە. ئەتوانین لە ئاستى بچووک و گەورەدا باسى ڕزگارى بکەین، بۆ نموونە دەتوانین باس لەوە بکەین لە مارکسیزمى کلاسیکدا ڕزگارى لە سوبێکتى پرۆلیتارەوە دێت، یان لاى نێگرى و هارت لە مەڵتیتیودەوە دێت, بەشێکى دیکەى چەپەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ چەمکى “خەڵک”، یان لاى لیڤیناس و دێریدا لە ئاسۆى “ئەویتر”ەوە دێت. سەرجەمى ئەمانە وەلادەنێین، بۆ ئەوەى سەرنجى ئەوە بدەم کە ئایدیاى ڕزگارى خۆى پێویستى بە ڕزگارکردنە، بە بڕواى من ئەمە بۆ سیاسەتى چەپى نوێ مژارێکى بنچینەییە.

(ماویەتى) بۆ به‌شی پێنجه‌م

بۆ به‌شه‌كانی پێشووتر فه‌رموون

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی/سندوق/the-left-and-fashism/

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.