ڕووسیا - سۆڤیه‌تی جاران - سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین - ناسراو به‌ گولاگ - كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ - Ati - magazine

بۆ ئەوەى نەبینە فاشیست، گوتارێک دژ بە ئەقڵیەتى ڕیسواگەرى


Loading

هەزاران ساڵ پێشتر ئایدیاى ڕزگارى لەنێو تیۆلۆژیا و ئاییندا باسکراوە، ئەمە بۆتە بنچینە و بنەمایەک بۆ ئایدیاى ڕزگارى کە هەتا ئێستایش مەسەلەى ڕزگاریى گشتى هەرچەندە ماتریاڵییش بووبێتەوە، دواجار هەر لە سێیبەرى ئەم چیرۆکە تیۆلۆژییە بە تەواوەتى دەربازى نەبووە. لە تیۆلۆژیادا ڕزگارى هەمیشە لەسەردەستى ڕزگارکەرێکەوە دێت. ڕزگارکەر لەشێوەى کەسێک یان سوبێکتێکى ئیلاهیدایە دژ بە هێزێکى تاریک کە کۆنترۆڵى جیهانى کردووە (بەڵام جیهان.. هەمووى لەژێر دەستى دەسەڵاتێکى شەرەنگێزدایە. نامەى یەکەمى یوحەنا: 5. 19)، ئەم نێردراوە نوێنەرى دۆزێکى خوداییە کە زۆربەى کەسانى باوەڕدار دەبنە شوێنکەوتەى و بە سەرکردە و ڕابەرى خۆیان هەڵیدەبژێرن. ڕزگارکەر دەتوانێت ئیماندارانى پەرتوبڵاو کۆبکاتەوە و یەکپارچەیى و یەکدەستى دەخاتە نێو ئیماندارانەوە، عەدالەت بەرپا دەکاتەوە و هەق بۆ هەقخوراو دەگەڕێنێتەوە. ئەم فریادڕەسە باتڵ بەتاڵ دەکاتەوە و حەقیقەتى خودایى سەر دەخات (لەبەرئەمە کوڕى خودا دەرکەوت، تاوەکو کارەکانى ئیبلیس پووچەڵ بکاتەوە. نامەى یەکەمى یوحەنا، 3. 8).

ئیدى هەموو شتێک دەخاتەوە جێگاى دروستى خۆى. بەر لەوەیشى بگات نیشانەى هەیە و هەمیشەیش لە کۆتاییەکانى زەمەن (یان سوڕەکانى زەمەن)دا دەگات. لە تیۆلۆژیادا هەموو شتێک لە سەرەتاوە تا کۆتایى لە حەتمیەتێکى ڕوون و ڕاشکاودا دیاریکراوە. چاوێک پێشتر شتەکانى بینیووە و دەیگێڕێتەوە. گێڕانەوە لە تیۆلۆژیادا گێڕانەوەى ڕابردوو نییە، بەڵکو گێڕانەوەى داهاتوویشە، ئەم نێردراوە خوداییە بەهەمان شێوەى ڕابردووى داهاتوویشى بینیووە و دەزانێت چى ڕوودەدات (چونکە ئەو هزرانە دەزانم کە لاى ئێوە هەن و من بیرلێکەرەوەیانم. ئیرمیا، 29. 11). بە مانایەکیتر، کەسێک هەیە پێش داهاتووى ئێمە کەوتووە و داهاتوو لاى ئەو بۆتە ڕابردوو. لە حەتمیەتگەراییدا هیچ داهاتوویەک بوونى نییە، تەنیا ڕابردوو بوونى هەیە، چونکە تێیدا داهاتوو وەک ڕابردوو بینراوە و وەک ڕابردوویش بڕیارى لێدراوە، نەک تەنیا چاوەڕواننەکراوەکان نکوڵییان لێدەکرێت، بەڵکو ئیمکانەکانیش لە یەک حەتمیەتى گەورەدا کورتکراونەتەوە. تیۆلۆژیا و حەتمیەتگەرایى پێمانناڵن ئێوە هیچ مەکەن شتەکان بەو جۆرە ڕوودەدەن، بەڵکو پێماندەڵێن ئێوە هەرچیى بکەن شتەکان هەر بەو جۆرە ڕوودەدەن؛ بە حوکمێکى ئیلاهى (کە لە هیگڵیزم-مارکسیزمى حەتمیەتگەرادا دەبێتە حوکمى پەرەسەندنى مێژوو) دەچنە ئەو دۆخانەوە کە خۆیشتان و جیهانیش بەو ئاراستەیەدا دەبەن بۆ ئەوەى دژ بەو نەزم و سیستەمە بجەنگن کە جیهانى فاسد کردووە. ئایینى یەهودى ڕوونترین گوزارشتە لەم بونیادە، یان لەم حیکایەتە گەورەیە کە دەربارەى داهاتووى حکومەتى جیهانیى خوداییە (لە ڕۆژانى ئەم پاشایانەدا، خوداى ئاسمان شانشینى خۆى دادەمەزرێنێت و هەرگیزیش لەنێو ناچێت. دانیال، 2. 44).

هێگڵ و نیو هێگڵیانیه‌ك له‌سه‌ر ته‌وقی سه‌ری (ماركس)

ئەم سکێچە ئەو بونیادەیە کە بەردەوام مەسەلەى ڕزگاریى فۆرمولە کردۆتەوە. یەکەم ئەرکى سیاسەتى ڕزگارى ئەوەیە خۆى لەم بونیادە ڕزگار بکات و سکێچێکى لەم جۆرە نەکێشێت، چونکە ئێمە دەزانین داهاتوو پانتاییەکى دیارینەکراوە، نەک سەرزەمینى مومکینات یان تەنانەت مەحاڵەکانە، بەڵکو سەرزەمینى چاوەڕواننەکراوەکانیشە؛ بەم مانایە داهاتووى جیهان مەرج نییە کۆمۆنیزم (یان تەنانەت بەربەریزمیش) بێت، بەڵکو دەشێت لە دەستکاریى جینات و گەشەى ڕۆبۆتەوە جیهانێک بێت کە بەم چەمکانەى ئێستاى ئێمە نەخوێنرێتەوە (ئەمە بابەتێکى ترە). بەهەرحاڵ بۆ ئەوەى داهاتوو زۆریش خەیاڵى نەبێتەوە، ئێمە خۆمان لەو گرەوەى کۆمۆنیزم یان بەربەریزمە دەپارێزین و مانایەکى دیکەى پێدەدەین کە زیاتر پەیوەندیى بە ئێستامان و ئەکتەوە هەیە. بەم جۆرەیە کە جاک دێریدا داهاتوو لە ماناى “ئاییندە” feutureجیا دەکاتەوە و  دەیکات بە دا-هاتووto come. واتە ئەوەى کە دێت، بەڕێوەیە بێت بۆ لامان، ئەوەى کە خۆى دێت بە بێ ئەوەى بە تەواوى بیناسین، یان ئەوەى کە بێ ئیزن و بێ خواستى خۆمان و بگرە بێ ئەوەى بزانین، دێت و خۆى دەکات بە نێوماندا، ڕەنگیشە بکشێتەوە و ڕێگاى خۆى بگۆڕێت. بەشبەحاڵى خۆم پێموایە نابێت دەست لە ئایدیاى ڕزگارى هەڵبگرین، بەڵام پێویستە دەست لە سێکچ و نەخشە ئامادەکانى ڕزگارى هەڵگرین، بە هەمان واتاى ئەوەى سیاسەتى ڕزگارى خۆى لە تیۆلۆژیاى ڕزگارى ڕزگار بکات. سیاسەتى ڕزگارى بە ماناى دۆزینەوەى کەرەستە و ئیمکان و زەمینەسازکردنە بۆ بەرجەستەبوون و دەرکەوتنى ئەم ئایدیایە کە نا-ئیمکانە یان لەچاوەڕوانى-بەدەرە. ئایدیایش لە زەمەن و شوێن و کۆنتێکستە جۆربەجۆرەکاندا بەشێوەى جۆراوجۆر دەردەکەوێت، شێوەى فاکت وەردەگرێت و ئەزموون دەکرێت. ئەم بەرجەستەبوونە ڕەنگە لە خراپترین و دزێوترین شێوەیشدا ڕووبدات، بەڵام لاى بەدیۆ ئەمە ئایدیاکە پووچەڵ ناکاتەوە. بەدیۆ خۆى زۆر ئومێدى لەسەر ئەوە هەڵنەچنیوە “حزب” ئەم ئایدیایە بەرجەستە بکات، پێیوایە حزب کە زۆر گەورەبوو خۆى فۆڕمى دەوڵەت وەردەگرێت، لە ئێستایشدا دەوڵەت ئەو شتەیە کە دەبێت لێى ڕزگاربین. کەوایە گەر بگەینە ئەو باوەڕەى کە چیتر حزب ناتوانێت ئایدیاى ڕزگارى بەرجەستە بکات، ئەوا دەبێت بیر لە ئامرازى دیکە بکەینەوە، ئەمە ئەرکى فیکرە. کەوایە دووەمین شت پێویستە ئایدیاى ڕزگارى لە دەوڵەت-حزب ڕزگار بکرێت. هێشتا شتێکى تر ماوە: سیاسەتى ڕزگارى حزورى فیکرە لەو کەلێن و دەرفەتانەى مێژوودا کە تێیدا مەحاڵ دەبێتە ئیمکان. ئەم کەلێن و دەرفەتانە جارى وا هەیە ساتێکى کورت دەخایەنن، گەر نەقۆزرێنەوە و گەورە نەکرێن دێن و دڕۆن، گەر بقۆزرێنەوە زایەڵە و درێژبوونەوەیان دەبێت (بۆ نموونە 17ى شوبات یەکێک بوو لەو کەلێنانەى دروستبوو، هەتا ئێستایش کاریگەرى لەدواى خۆى بەجێهێشتووە، بەڵام جگە لە چەند قسەیەک هێشتا فیکر هیچى لەسەر نەوتووە).

نەخێر.. بەلاى هەموومانەوە مەسەلەکە ڕزگاربوونە لە “سیستەم”. لەمڕۆدا هەر باسى سیستەم بکەیت تەنیا و تەنیا وەک سەرمایەدارى دەبینرێت. گەر مەسەلەکە ڕزگاربوون بێت لە سیستەم ئەوا دەبێت سیستەم تەنیا لە سەرمایەداریدا کورت نەکەینەوە. چما ئەو سیستەمەى کە ستالینیزم دروستیکرد کەمتر بوو لە سیستەمى سەرمایەدارى؟

ڕووسیا – سۆڤیه‌تی جاران – سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین – ناسراو به‌ گولاگ – كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ – Ati – magazine

دەتوانین لێرەدا بە تێرمەکانى زیگمۆند باومەن تەنیا یەک جیاوازیى ئەم دوو سیستەمە دیاریى بکەین: ستالینیزم سیستەمێکى ڕەق بوو، سەرمایەدارى سیستەمێکى شلۆک. دواجار سەرمایەدارى بردییەوە و بووە سیستەمى زاڵى دونیا. کەواتە ئەرکى ئێستاى ڕادیکاڵیزم ڕزگاربوونە لە سیستەمە زاڵەکە کە سەرمایەدارییە. کەس لارى لەمە نییە. بەڵام خۆ ئەفڵاتوونیزم و هیگڵێزمیش لەنێو فیکردا سیستەمن. ئەم دوو سیستەمەیش سیستەمى زاڵى نێو فیکرن، زۆر هەوڵ دراوە مارکسیزمیش بکرێتە سیستەمێکى تر. بە بڕواى ئاڵتۆسێر ئەوە تەنیا فەلسەفە ئایدیالیستییەکانن هەوڵدەدەن لەنێو فیکردا نەزمى گشتگیر دابمەزرێنن. بە بڕواى ئاڵتوسێر لە فەلسەفەیشدا مێژوویەک هەیە کە مێژووى ململانێى نەزمەکانە لەپێناو هەژمووندا، هەژموونى چەمک و ئایدیا و زارەوەکان، هەژموونى ڕوانگە گشتگیرەکان بۆ تەفسیرکردنى هەموو دونیا و سەرکوتکردنى هەر ڕوانگەیەکى دیکە کە بە گوێرەى ڕێساى گەمەى نەزمەکان کارناکات. بەم مانایە، فەلسەفەیش پانتایى نەزم و پۆلیسە و هاوکات گۆڕەپانى خەبات و شۆڕشیشە.

دۆلۆز پێیوایە فیکر سیستەمى خۆى لە دەوڵەتەوە دەخوازێت ”فیكر وێنه‌ په‌تییه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆی له‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ وه‌ك ناواخنێكی جه‌وهه‌ریی یان سوبێكتیڤ، ده‌خوازێت. فیكر ده‌وڵه‌تێكی ڕۆحیی په‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌ها كه‌ هه‌رگیز خه‌ون نییه‌ داده‌هێنێت، چونكه‌ له‌ فیكردا پرۆسێسێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بوونی هه‌یه‌”.لاى هیگڵ سیستەم تەنانەت “ئەنتى”ـیەکەیشى لەخۆ گرتووە. ئەو کاتە سیستەم دروست دەبێت کە ئەنتییش بەشێک لە سیستەمەکە و گەمەى نێو سیستەمەکە پێکبهێنێت. “هەرچى عەقڵانى بێت واقیعییە، هەرچییش واقیعى بێت عەقڵانییە”. تەنانەت جەنگیش!! عەقڵ ئەو سیستەمەیە کە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێت، بەو ساتەوەختە هەرە ترسناک و قێزەونانەیشەوە کە وەکو ناعەقڵانى دەردەکەون. ئا ئەمە تۆتالیتاریزمى عەقڵە کە لە ڕۆژئاوا ڕەخنەى زۆرى لێگیراوە. لە فیکردا هیگڵ خۆى سەرۆکى دەوڵەتە، شانشینەکەیشى دیالەکتیکە؛ لەبەرئەمەیە هیگڵ زۆر بە ناپلیۆن سەرسام بووە؛ بە مانایەکیتر، ناپلیۆن لاى هیگڵ بەرجەستەبوونەوەى خۆى بووە لە پانتایى کۆنکریتدا، لە سیاسەت یان لە دەوڵەتدا. ڕوونتر بدوێین، ناپلیۆن هیگڵى نێو سیاسەت بووە و هیگڵیش ناپلیۆنى نێو فیکر بووە. دژ بەم سەرۆکە و دەوڵەتەکەى ڕاپەڕین و یاخیبوون و هەوڵى قڵپکردنەوە هەبووە.

مارکس یەکەمین کەس بووە کە بە قوڵى دژ بە هیگڵ ڕاپەڕیوە، بەڵام نەک دژ بە شانشینەکەى کە دیالەکتیکە، بەڵکو دژ بە خودى سەرۆکى دەوڵەت؛ مارکس ویستوویەتى دیالەکتیک بە بارى ماتریالیزمدا هەڵگەڕێنێتەوە و بەم هەڵگەڕاندنەوەیەش ئینجا بیخاتەوە سەر پێی خۆى. لەدواى مارکس نیچە شۆڕشگێڕێکى دیکەى گەورەیە دژ بە هیگڵ و شانشینەکەى. نیچە نایەوێت دیالەکتیک هەڵگەڕێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت سەرجەمى ئەو بەهایانە هەڵگەڕێنێتەوە کە شانشینەکەشى لەسەر دامەزراوە، واتە دووجار هەڵگەڕاندنەوە. فیکرى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمیش شۆڕشى دیکە بوون دژ بە دەوڵەتەکەى هیگڵ (تەنیا بۆ نموونە: ئاڵتوسێر لە بەرهەمەکانى کۆتایى تەمەنیدا، فۆکۆ، دۆلۆز).  کەواتە لە نێو فیکردا ڕادیکاڵیزم بریتییە لە ڕزگاربوون لەم سیستەمە زاڵانە یان لەم دەوڵەتانەى وەکو ئەفڵاتوونیزم و هیگڵیزم.

با دیسانیش دەستێکیتر لە سیستەم بدەین. زمان سیستەمە و پانتایى ڕەمزییە. لە ئاستى گشتیدا، هەموو شتەکان لەنێو زماندا ڕەمزى دەبنەوە، دەبنە وشە و هێما و چەمک، دەبنە دال و مەدلول، لەسەر هێڵێکى گرامەریى ڕیز دەبن. زمان شتەکان لە هێماکانی خۆیدا دەگرێت. نایەوێت پانتاییەکى نەگیراو, نەگوتراو بمێنێتەوە. زمان بەلاى ڕۆلان بارتەوە پانتایى مومارەسەى دەسەڵات و پۆلێنکردنە، پۆلێنکردنیش جۆرێک لە ڕیزبەندبى سەرکوتکەرانە و ناچارکردنى تێدایە, ناچارکردن بە وتنى قسە. بارت دەڵێت: ”وا پێده‌چێت سیسته‌می زمانی، به‌و پێیه‌ی ده‌ستكه‌وتی هه‌ر زمانێكه‌، نه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ و نه‌ پێشكه‌وتنخواز، به‌ڵكو هه‌ر زۆر به‌ ساده‌یی فاشیستییه”, چونکە فاشیزم تەنیا سڕینەوە نییە بە قسە، بەڵکو ناچارکردنیشە بە وتنى قسە و دووبارەکردنەوەى قسە. ئەگەرچى لاى بارت پێدەچێت دەرەوەى زمان بوونى نەبێت، بەڵام لاى لاکان پانتاییەک هەیە کە نایەتە نێو زمانەوە، ئەمەیش لە برى ئەوەى دەرەوەیەکى تۆبۆلۆژی بێت، پتر درز و کەلێنى نێو سیستەمى زمانە، پانتاییەکى ڕادیکاڵە کە لاکان پێیدەڵێت “ڕیاڵ”. لاى دێرێدایش “مەدلولى خز” هەمان ڕۆڵى ڕادیکاڵى هەیە کە دال پێیى ناگیرێت. لە ئاستى بەرتەسکیشدا، زمان دەیەوێت دوورخستنەوە و هەڵاواردن دروست بکات. سیستەمە سیاسییەکان دەیانەویت سیستەمى زمان تەریب لەگەڵ خۆیاندا بەکاربهێنن، بۆ نموونە زمانى دام و دەزگاکان زمانێکى تەواو کڵێشەییە. زمانى حزب تەواو کڵێشەییە، بەمەیش وشە و چەمکە غەریبەکان فڕێ دەدەنە دەرەوە و لە خراپترین حاڵەتیشدا وتنى وشە سەرکوتکراوەکان قەدەغە دەکەن. لێرەدا هەر سیستەمێکى سیاسى جۆرە سیستەمێکى زمانییش دەسەپێنێت، یان هەوڵدەدات زمان داگیر بکات. دژایەتیکردنى ئەم سیستەمە زمانییە بەوە نابێت لاڵ بین، بەڵکو بەوە دەبێت تووشى زمانگیرانى بکەین؛ ئەکتى ڕادیکاڵ لەنێو زماندا ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بهەژێنین و بشێوێنین، پەراوێزەکانى بەرفراوان بکەین و لەنێویدا زمانێکى دیکە هەڵبکۆڵین.

کەواتە لە ئاستى یەکەمدا، زمان خۆى وەک سیستەمێکى گشتى دەیەوێت هەموو شتێک بگرێت؛ لە ئاستى دووەمیشدا وەک پانتاییەک کە هێزێکى دیاریکراو داگیرى دەکات و لەسەر شێوەى خۆى سیستەماتیزەى دەکات، دەیەوێت خۆى بکاتە سیستەمى زاڵ و بە فەرهەنگى خۆى قسە لەسەر هەموو شتێک بکات. لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا زمان بەوە شێت دەبێت لە شوێنێکدا بەر کەلێن و سنوورى خۆى بکەوێت، بزانێت ناتوانێت هەموو شتێک بگرێت، تێبگات لەوەى ناتوانێت هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات. لەبەرئەمەیە لە ئاستى یەکەمیاندا دێریدا دەڵیت ئەوە زمانى ئەڵمانى بوو لە سەردەمى نازیزمدا شێت بووبوو(شتێک کە لە فاشیزمى زمان دەچێت لاى بارت)؛ زمانى ئەڵمانى بوو دەیویست ببێتە شا-زمان و کۆى وتراوى دنیا کۆنترۆڵ بکات: هەمان فاشیزمى خودى زمانى ئەڵمانى. لە ئاستى دووەمیشدا ئارێنت پێیوایە ئەوە هیتلەر بوو شێت بووبوو، بەو واتایەى ئەوە سیستەمە سیاسییەکەى نازیزم بوو دەیەویست زمان لەگەڵ خۆیدا هاوتەریب بکاتەوە: فاشیزمى نازیزم و فۆرمولەکردنى زمان. لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا ڕەنگە شێتبوون کارەسات بخوڵقێنێت بەڵام سیستەم لە ناوەوەیش تووشى داخوران دەکات.

جەخت لەسەر ئەو هەقیقەتە دەکەینەوە کە سیستەمى زاڵى ئەمڕۆ سیستەمى سەرمایەدارییە. گەر بڕیار بێت لە “سیستەم” ڕزگاربین، بەوە نابێت سیستەمێکى دیکە دروست بکەینەوە، ئەمە دەبێتە دژایەتى سیستەم بە سیستەم. بۆ فیکرى ڕادیکاڵیش گرنگ ڕزگاربوونە لە “سیستەم” بە گشتى، نەک ئەم سیستەم و ئەو سیستەم. ئەوەى خۆى بە دژە سیستەم بزانێت دەبێت دژ بەوەیش بێت مارکسیزم لەنێو فیکر و سیاسەتدا بکرێتە سیستەمێکى گشتگیر. سیاسەتى ڕزگاریبەخش بێ سیستەمە و تەنیا دەتوانێت وەک درزى سیستەمبوونى هەبێت، هەر بەم جۆرەیش دەتوانێت دژایەتى سیستەم بکات. ئەمە شەڕى سیستەم و نا-سیستەمە، شەڕى دەوڵەت و نا-دەوڵەتە، شەڕى دەسەڵات و نا-دەسەڵاتە (نا-دەسەڵات بە ماناى هێز، هێزیش واتە تواناى ئەکت).

سیاسەتى ڕزگارى لە ئاستە هەرە فراوانەکەیدا، بە ماناى گۆڕینى جیهانە. ئەوە تەنها عاشقانى دەسەڵاتن کە پێیانوایە تەنیا و تەنیا بە دەسەڵات دەتوانین جیهان بگۆڕین، لە کاتێکدا مەسەلەکە ئەوەیە چۆن جیهان بگۆڕین بە بێ ئەوەى عاشقى دەسەڵات بین(فۆکۆ). مارکس لە تێزەکانى فیۆرباخدا لەبیریچووە تێزى دوانزەهەمیش زیاد بکات: ”مەسەلەکە گۆڕینى جیهانە بە بێ ئەوەى عاشقى دەسەڵات بین”. بەڵام جۆن هالۆوەى لە وتارێکدا بە ناونیشانى “دوانزە تێز دەربارەى گۆڕینى جیهان بە بێ ئەوەى دەسەڵات بگرینە دەست” و دواتریش لە کتێبێکى فراوانتردا بە هەمان ناونیشان “جیهان بگۆڕێن بە بێ ئەوەى دەسەڵات بگرینە دەست”، ئەمە بۆ مارکس تەواو دەکات. پێموایە ئەم تێزانەى هالۆوەى خۆیان تەنیا یەک تێزن: تێزى دووانزەیەمى تێزەکانى فیۆرباخ، ئەمەیش ناڕاستەوخۆ لە ناونیشانى وتارەکەیدا دیارە، دوانزە تێز کە خۆیان دەبنە “تێزى دوانزە”؛ تێزى دوانزە کە وەک بۆشاییەکى کراوە لە یانزە تێزەکەى مارکسدا بەجێهێڵراوە. پێموایە ماوەى پەنجاساڵە فیکرى چەپ، بە هەموو گەشە و پاشەکشە و قەیران و گۆڕانەکانییەوە، خەریکى مشتومڕە لەسەر ئەم تێزە بەتاڵە.

کێشەى چەپى تەقلیدى و خوێندنەوەى دەقپەرستانە ئەوەیە کە ئەم شوێنە بەتاڵەى تێزى دوانزە نابینێت. کەواتە سێیەم شت کە پێویستە سیاسەتى ڕزگارى لێى ڕزگاربکرێت مەسەلەى کورتکردنەوەى ئیمکانى گۆڕانى جیهانە لە “گرتنە دەسەتى دەسەڵات”ـدا. ئەم وتەیە ئەو مانایە نادا کە هیچ کات هێزە گۆڕانخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەسەڵات بەدەستەوە نەگرن یان قەدەغەیە بەدەستەوەى بگرن، بەڵام گرنگە دەسەڵات وەک تاکە کەرەستە و شا-کەرەستەى گۆڕینى دنیا نەبینرێت، چونکە دەسەڵات سیحرى خۆى هەیە و زۆرجار خۆى دەبێتەوە بە ئامانج بۆ ئەوانەى وەک کەرەستە بینیوویانە.  بەمجۆرە تۆڵەى خۆى دەکاتەوە. گۆڕینى جیهان بە بێ دەسەڵات هەر بە سادەیى مامۆستا نەزانەکەى “جاک ڕانسێر”ە، ژاکۆتۆ پێویستى بە گرتنەدەستى دەسەڵات نییە بۆ ئەوەى مۆدێلێکى ترى فێربوون و پەروەردە دژ بە مۆدێلى دەوڵەت دروست بکات، ئەو دەسەڵاتى مامۆستا خاپوور دەکات و تەنیا بەوەیش دەتوانێت شتێکى نوێ دابهێنێت.

ژاکۆتۆ دەتوانێت نەک تەنیا جیهانى قوتابخانەکەى بگۆڕێت، بەڵکو شێوازێکى دیکەى فێربوونى کردەیى دابهێنێت کە بنەماکەى یەکسانیى توانایە و سوبێکتیش خۆى تێێدا بەشدارە. پێگەى دەسەڵات ئەو شوێنە نییە ئەم کارەى لێوە بکرێت، بۆیە ژاکۆتا چاو لە پێگەى مودیر و وەزیر نابڕیت و دژایەتیى ڕاستەوخۆیشیان ناکات تا دەسەڵاتیان لێ بستێنێت بەخاترى ئەوەى پرۆژەکەى خۆى لێوە بسەپێنێت؛ ئەو خەبات بۆ شتێک دەکات کە دەزانێت بە بێ دەسەڵاتیش دەشێت بکەوێتە گەڕ و هەموو کات کاتى دەستپێکردنییەتى، بەم مانایە ئەو لەجێیەکى دیکەوە و لە ئاستێکى قووڵتردا دژایەتی دەسەڵاتى مامۆستا دەکات، ئەم ویستە لە هێزى داهێنەرانەى ژاکۆتۆ دێت بۆ زەقکردنەوەى بنەڕەتێکى سادە (کە یەکسانیى توانایە) بۆ تێکشکاندنى ژێرخانە بە بەردبووەکانى هیرارشییەت و نایەکسانى. بەم جۆرە ئەکت دواناخرێت بۆ دواى گرتنەدەستى دەسەڵات، ئەو بەجۆرێکى دیکە بونیادەکەیان هەڵدەتەکێنێت و ژێرپێى سیستەمى پەروەردەى سەدان ساڵە بۆش دەکات.

 بە هەمان شێوە، لاى جۆن هالۆوەى گۆڕینى جیهان لە گرتنەدەستى دەسەڵاتەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە خاپوورکردنى دەسەڵاتەوە دێت. گەر پەرەدان بە ئیرادەى شۆڕش چاوى لە گرتنەدەستى دەسەڵات (یان دەوڵەت) بڕیبێت ئەوا ماناى وایە دیسانیش باڵادەستى و کۆنترۆڵ (مانایەکى دیکەى سیستەم) بەرهەم دەهێنێتەوە. کۆى ململانێى ڕیفۆرمیستەکان و شۆڕشگێڕەکانى سەدەى بیست بۆ گرتنەدەستى دەسەڵات بوو، یەکەمیان لەڕێگەى هەڵبژاردن و دیموکراسییەتەوە و دووەمیان لە ڕێگەى شۆڕش و ڕاپەڕینى چەکدارییەوە، بەڵام هیچیشیان نەیانتوانى جیهان ڕیشەیى بگۆڕن(هالۆوەى، تێزى 2).

ئەو کاتە دەسەڵات دەیباتەوە کە تواناى هەبێت ئەکت بگۆڕێت بۆ بەدەستەوەگرتن و باڵادەستى. گەر ئەکت بنوێنین ماناى وایە توانا و هێزى ئەکتمان هەیە، توانا و هێزیش لە پێکەوەبوون و کۆبوونەوە لەگەڵ توانا و هێزى ئەوانیتردا گەورە دەبێت. بەم مانایە هێز هەمیشە کۆمەڵایەتییە. لاى هالۆوەى ئەوەى جیهان دەگۆڕێت “هێز”ە نەک دەسەڵات. ئەو کاتەى تواناى کۆمەڵایەتى ئەکت دەشکێت، دەگۆڕێت بۆ باڵادەستى، کەواتە باڵادەستى نەفیکردنەوەى تواناى ئەکتە. ئاوەها ئەوانەى کە زۆر ستایشى ئەکت دەکەن و ئەکتیشیان تەنیا بۆ بەدەستەوەگرتنى دەسەڵات دەوێت لە کۆتاییدا خۆیان دەبنە نەفیکەرەوەى ئەکت. بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتیش هەمیشە بەدەستەوەگرتنى دەوڵەت بووە. بە کورتى دەسەڵات و دەوڵەت لە مارکسیزمى تەقلیدیدا هاومانان. ئەوانەیشى کە دەڵێن دەوڵەت نا بەڵکو حزب، جیاوازییەکى گەورەى نییە. مەبەستیشم لە حزب شێوازە نوێیەکانى حزبى ئاسۆیى و ڕێکخستنى هاوبەشانەى بەرەنگار نییە، بەڵکو حزبى گەورەى دەسەڵاتخوازە کە دەیەوێت هەموو شتێک بگرێتەوە. وەک ئالان بەدیۆ دەڵێت حزب کە هێندە گەورەبوو بۆ خۆى شتێکە وەک دەوڵەت (ئەوەى لە ڕۆژئاواى کوردستان کرا شەڕى نا-دەوڵەت و دەوڵەت بوو، دواجار کانتۆن بردییەوە و دەوڵەت دۆڕا. بەڵام مەترسییەکە نەڕەویوەتەوە، چونکە پەکەکە خۆیشى هێندە گەورە و فراوانخوازە کە تەنیا یەک داوى باریک لە دەوڵەت و ئاکارى دەوڵەتییانە جوداى دەکاتەوە).

 

لاى هالۆوەى سیستەمى سەرمایەدارى لەسەر جوداکردنەوەى بکەر لە کردارەکەىخۆى ڕاگرتووە. لاى نیچە ئەمە خاسییەتى هێزى نا-چالاکە. دۆلۆز ئەمە وەها لێک دەداتەوە هێزى نا-چالاک بەوە لە هێزى چالاکى دەباتەوە کە هێزى چالاک لە تواناى-کردنـەکەى داببڕێت. بەم جۆرە دەستکەوت و بەرهەمى کردارەکانى هێزى چالاک دەکات بە هى خۆى. لاى مارکسیش هەر بەم جۆرەیە، بەو مەرجەى وشەى کردار بگۆڕین بە کار. سەرمایەدار بەرهەمى کرێکار دەکات بە هى خۆى و کرێکار لە تواناى کارەکەى و دەستکەوتى کارەکەى دادەبڕێت. دیسانیش بەوە درێژە بە دۆخى باو دەدات کە لە ڕێگەى ئایین و ئایدیۆلۆژیاوە کرێکار لە ئەکتى شۆڕش دابماڵێت. هێزى ناچالاک ئەوەیە خۆى کار ناکات، بەڵکو بەرهەمى کارى ئەوانیتر دەبات. لێرەدا ئەوەى گرنگە بەدەستهێنانەوەى تواناى-کردار لە چالاکیى داهێنەرانەدا (نیچە)، یان بەدەستهێنانەوەى بەرهەمى کارە لە ئەکتى کۆمەڵایەتیدا (مارکس). وەرگرتنەوەى تواناى ئەکت زەرورەتێکى حاشاهەڵنەگرە بۆ گۆڕینى جیهان. لاى مارکس ئەم وەرگرتنەوەیە لە نامۆبوونەوە سەرچاوە دەگرێت. نامۆبوون بازنەیەکى داخراو نییە بەڵکو پرۆسەیە، واتە شتى ترى بەدوادا دێت، بۆ نموونە هۆشیاربوونەوەى چینى کرێکار، دەرککردن بە چەوسانەوە، هەستکردن بە پێویستبوونى یەکێتیى کرێکاریى بۆ خەبات (بە بڕواى من ئەم بۆچوونەى مارکس لەمڕۆدا جێى گومانە؛ لە ئێستادا نامۆبوون لە باڵاترین ئاستى خۆیدایە و تەنیا لەنێو کاڵایشەوە نایەت، کەچى نەپەڕیوەتەوە بۆ ئەنتییەکەى). هالۆوەییش لەسەر هەمان هێڵى مارکس دەڕوات، پێیوایە جوداکردنەوەى بکەر لە کردارەکەى و بەرهەمى کردارەکەى و ئینجا لەخۆى بە واتاى نامۆبوونە، نامۆبوونیش هەرگیز نابێتە نامۆبوونى سەپاراگیر و ئەبەدى و پاسیڤ. نامۆبوون دەبێتە خەبات دژ بە نامۆبوون. کەواتە لە فۆڕمى نەفییەکەیدا بوونى دەبێت. کاتێک ئازادى دەسڕدرێتەوە، ئازادى دەبێتە خەبات دژ بە سڕینەوەى ئازادى. گەر تۆزێک لەم دیدە دیالەکتیکییە بترازێین (کە بە بڕواى من ئێستا خەریکە لە کار دەکەوێت)، دەتوانین بڵێین مەسەلەکە یەک سوڕى تەواوى پڕۆسه‌یه‌كه (سه‌یروره‌) ‌. هێزى نا-چالاک هێزى چالاک لە کردارەکەى دادەبڕێت، بەمەیش ئەم هێزە چالاکە نا-چالاک دەکات، بەڵام ڕێک بە هۆى ئەم کردەیەوە خۆى دەکات بە هێزى چالاک. هێزى چالاک پشت بە هێزى نا-چالاک نابەستێت، بەڵام هێزى نا-چالاک پشت بە هێزى چالاک دەبەستێت (بۆ ئەوەى ببێت بە هێزى چالاک). کەواتە دواتر، هێزە نا-چالاکە چالاکبووەکەتواناکانى پێشترى هێزە چالاکە نا-چالاکبووەکەوەردەگرێت و تواناکانى پێشترى خۆى پێ دەبەخشێت. لەمەوە صیرورەکە پێچەوانە دەبێتەوە. کاتێک هێزى نا-چالاکى چالاکبوو خۆى لە هێزى چالاکى نا-چالاکبوو ڕزگار دەکات کەواتە هێزە چالاکە نا-چالاکبووەکە هەوڵدەدات نەهێڵیت ئەو ڕزگارى ببێت، دەیەوێت ئەم دۆخە بگەیەنێت بە دوایین ڕادەى خۆى هەتا ئەو کاتەى کە هێزى چالاک چیتر ناتوانێت لە خودى خۆیەوە وزە وەربگرێت، ئەو کات ناچار دەبێت پشت بە هێزى نا-چالاک ببەستێت. کەواتە هێزە چالاکە نا-چالاکبووەکە بەم کردارەى دەبێتەوە بە هێزى چالاکى چالاکبوو و هێزە نا-چالاکە چالاکبووەکەیش دەکاتەوە بە هێزى نا-چالاکى ناچالاکبوو. ئەم ئایدیایە بەم جۆرە زۆر ئەبستراکتە و ڕەنگە نەزانین باسى چى دەکات. کەواتە با دیسانیش بزانین لاى هالۆوەى ئەم بابەتە (وێڕاى هەندێ جیاوازیى لەگەڵ ئەم تێڕوانینە نیچەیى-دۆلۆزییەدا) چۆن بەرجەستە بووە.

جوداکردنەوەى بکەر لە کردارەکەى حەقیقەتێکى چەسپاو نییە، بەڵکو پرۆسەیەکى بەردەوامە. هێزى نەفیکەرەوە (نەفیکەرەوەى ئازادى و ئەکت وهیتر، واتە هێزى نا-چالاک) پشت بە هێزى ئەوە دەبەستێت کە نەفیى دەکاتەوە، واتە پشت بە هێزى چالاک دەبەستێت، هەمیشە بوونەکەى پشت بە کار و کردارى ئەوانیتر دەبەستێت. هالۆوەى پێیوایە مێژووى کۆنترۆڵکردن و باڵادەستى بە پاڵ خەباتى لاوازەکانەوە بۆ ڕزگاربوون لە بەهێزەکان، مێژووى خەباتى بەهێزەکانیشە بۆ ڕزگاربوون لە لاوازەکان. وەک چۆن تێکۆشانى کۆیلەکانە بۆ سەربەستى لە لۆردەکان، تێکۆشانى لۆردەکانیشە بۆ سەربەستى لە کۆیلەکان بەوەى دەسەڵاتیان بگۆڕن بۆ سەرمایە (لاى نیچەیش هێزى چالاک نایەوێت پشت بە هێزى ناچالاک ببەستێت، هێزى ناچالاکیش دەیەوێت خۆى بکات بە هێزى چالاک بۆ ئەوەى لە ناچالاکییەکەى تێپەڕێنێت کە پشت بەستنە بە هێزى چالاک). بەڵام بەهێزەکان یان سەرمایەدارەکان، کە لەم کۆنتێسکتەدا بە هێزى نا-چالاک داماننان چونکە لەسەر کرێکار دەژین و خۆیان دەوڵەمەند دەکەن، دەیانەوێت لە ڕێگەى ئامێر و ڕۆبۆت و بازاڕەوە خۆیان لە کرێکار، کە لێرەدا بە هێزى چالاک داماننان، ڕزگار بکەن و خۆیان بکەن بە هێزى چالاک، ئەمەیش لێکدژى ڕەهاى تێکڕاى دەستکەوت و قازانجەکانە (کرێکار دەستکەوتى نابێت و سەرمایەیەیش کاڵاى زۆروزەبەند بەرهەم دەهێنێت)، بۆیە سەرمایەداران هێشتا ناتوانن ئەم دۆخە درێژە پێ بدەن، چونکە بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکان هەر ناچارن پشت بە کرێکاران، فەرمانبەران، بێکاران، گەنجان، ژنان و خەڵک بە گشتى ببەستن.

ئەمە ماناى نا-جێگیرى هێزەکانە کە لە شێوەى قەیراندا بەرۆکى سەرمایە دەگرێتەوە. کەواتە دیسانیش ناتوانێت تواناى ئەوەى هەبێت بەهیچ جۆرێک پشت بەو هێزە نەبەستێت کە نەفى کردۆتەوە. لە کاتێکدا هێزە نەفیکراوەکە، لەم کاتەدا پشتى بە هێزە نەفیکارەکە نەبەستووە و بێ هیچ ترسێک دەستدەکات بە ناڕەزایەتى (پرۆلیتاریا هیچى نییە بیدۆڕێنێت)، ئاوا پرۆلیتاریا خۆى لە پاشکۆیەتى ڕزگارکردووە. وەها ساتێک هەر ئەوەیە کە هێزى نا-چالاکى چالاکبوودەبێتەوە بە هێزى نا-چالاکى ناچالاکو هێزى چالاکى نا-چالاکبوودەبێتەوە بە هێزى چالاکى چالاک. ئەمە واتاى جۆرێک لە پەیوەندیى دەسەڵاتە کە دەتوانین بە زمانى فۆکۆ بڵێین لە هەر شوێنێک دەسەڵات هەبوو لەوێیش بەرەنگارى و بەرخودان هەیە، ئەمەیش بنەماى خەباتى بێ شومارە، کە هالۆوەى خۆیشى ئاماژە بە هەندێکیان دەدات. سەرجەمى ئەم خەباتانەیش بۆ گرتنەدەستى دەسەڵات نین، بەڵکو بۆ جەختکردنەوەن لەسەر تواناى ئەکت، پاراستنى تواناى کردار، تۆخکردنەوەى تواناى بەرەنگارى بۆ گۆڕین جیهان بەو مانایەى کە باسمان کرد.

بەرەنگاری وشەیەکە لەنێو فیکرى نوێى ڕادیکاڵدا گەشەیسەندووە. بۆیە بە تەواوى هاوماناى شۆڕش نییە. شۆڕش حەتمى نییە و دەشێت ڕوونەدات، بەڵام بەرەنگارى بە ئیمانانسى لەنێو دەسەڵاتدا بوونى هەیە، لە هەر شوێنێک سەرکوتکردنى ژیان هەبێت، لەوێیش ژیان خۆى دەبێتە جۆرێک مقاوەمە. بە زمانى دۆلۆز لە هەر شوێنێک سەنتەر بەهێز بێت پەراوێزەکان دروست دەبن، لە هەر شوێنێک ماشێنى دەوڵەت هەبێت ماشێنى جەنگیش هەیە، لە هەر شوێنێک هێڵە ڕەق و نەرمەکان هەبن هێڵەکانى هەڵهاتنیش بوونى هەیە، لە هەر شوێنێک کەناڵیزەکردنى ئارەزووەکان هەبێت فیچقەکردنى ئارەزووەکانیش هەیە. ئەم بەرەنگارییانە دەکرێت گەورە بکرێن و درزەکانى سیستەمیان پێ بکرێت بە خەرەند. ژیان بوونە لە بەرەنگاریدا. بەڵام ڕزگارى و شۆڕش حەتمى نین؛ ئەوە مارکسیزمى تەقلیدییە کە پێیوایە پەرەسەندنى مێژوویى حەتمەن دەگات بە دامەزراندنى کۆمۆنیزم. ئەمە یەقینێکە کە پێویستە گومانى لێ بکەین، وەکو هالۆوەى دەڵێت ”دەتوانین وەک ڕزگارى پێشوازى لە مردنى یەقینخوازییە کۆنەکان بکەین”. ڕزگارى ئەم مانایەیشى هەیە.

ته‌واو

 

پاشکۆی  كۆی به‌شه‌كانی چه‌پ و فاشیزم  و سه‌رنجه‌كانی به‌ختیار عه‌لی 

هاوار موحه‌مه‌د و به‌ختیار عه‌لی

 

بەشێک لەو گفتوگۆ دووبەدووانەى هەندێجار لەگەڵ کاک بەختیاردا کردوومانە، لەدەورى چەند تەوەرێک دەسوڕێنەوە: سیاسەت، فیکر، فاشیزم، ئەدەب، ئایدیۆلۆژیا.. هیتر. بەلاى منەوە بەختیار نووسەرێکى گرنگى دنیاى ئێمەیە (و خەریکە جیهانییش دەبێتەوە)، بۆیە هەمیشە ئەزموون و تێبینى و سەرنجەکانى لە گفتوگۆکاندا بەهەند وەردەگرم. ئەم نامەیە بەشێکە لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەى کاک “بەختیار عەلى” و من لەسەر هەندێک لەو خاڵانەى لەم وتارەدا باسمکردوون، بەهیوام ڕۆژێک ئەدەبیاتى نامەگۆڕینەوە ببێتە بەشێک لە دنیاى ڕۆشنبیریى ئێمە. هێشتا ئەم ئەدەبیاتە لاى ئێمە گەشەى نەکردووە؛ تۆ بڵێی کە ئێستا لەسەردەمى “چات”ـدا دەژین، تازە درەنگ نەبووبێت؟

 

 

دەقى نامەیەکى بەختیار عەلىبۆ نوسەر

  • من لەو باوەرەدام مەجاز هەندێ جار حەقیقەت زیاتر دەگوازێتەوە،بۆ نمونە ئێمە دەزانین کە بکەری فاشیستی لە مەجازدا زیاتر تەعیبیر لە خۆی دەکات تا واقع. لە واقعدا کەسانێک هەن کە بیرکردنەوەی تەواوی خۆیان ئاشکرا ناکەن، بەڵام لە مەجازدا بە روونی دەیانبینین، دەموچاویان نابینین بەڵام عەقڵ و بیرکردنەوە و رووتبوونەوە ترساناکەکەیان دەبینین، زۆرجار ئەوەیشی پێیدەڵێن واقع پرە لە دەمامک، واقع مەرج نییە راستەقینەتر بێت لە مەجاز، یاخود هەر بە گشتی هەمیشە بتوانێت دیوە راستییەکەی خۆی دەربخات.  بۆ نمونە لە عێراقی دوای سەدام حوسەیندا هەموو لە دەوری یەک درۆ کۆبووبوونەوە (عێراقی دیموکراتی). واقع لەو کاتەدا لەم درۆیە دروستبووبوو، من باوەرم وایە واقع زۆرجار لەوە ترسنۆکترە خۆی دەربخات، واقع شتێکە مەیلی لە خۆجوانکردن وخۆشاردنەوەیە. واقع ناتوانێت خۆی لە مەکیاج دووربخاتەوە.  گەر بروانیت عێراقی فاشیستی لە فەزای مەجازییدا ڕوونتر دەبینرێت. لە وتار و دانیشتنی سیاسییەکانەوە نازانین وڵات چەند لە فاشیزمدا نوقمبووە، بەڵام لە دونیای مەجازیدا توندتر بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین. لەو کۆمەڵگایانەی کە ترس و شەرم و کولتووریی خۆشاردنەوە تێیاندا زاڵە، واقع بە مانا ڕاستەقینەکەی هیچ کات بوونی نەبووە، واقع هەمیشە بوونێکی چەند چینە، پێکهاتێکی فرە توێ و فرە لۆچە، فەزای مەجازیی بوارێکی گەورە دەکاتەوە، واقع ئاڵۆزی و فرە چینییەکەی خۆی دەربخات.

نمونەیەکی کۆنتر لەمە لای کۆمۆنیستە کۆنەکان دەیبینین، فیکری کۆمۆنیستی لە ژێر ناوی واقعدا وێنەیەکی یۆتۆپی و ئەفسانەیی لەسەر حوکمی خۆی دروستکردبوو، کۆمۆنیستەکان خۆیان زۆر باوەریان بە جوانی ئەو واقعە هەبوو، بەڵام گەر سەیربکەیت لە چڵەپۆپەی دەسەڵاتی کۆمۆنیزمدا شتێک هەیە کە لێیدەترسن ئەویش ئەدەب و هونەرە، دڕندیی سیستمی سۆڤێتی ساڵانێکی زۆر بە پلەی یەکەم ئاڕاستەی هونەر و ئەدەب دەکرا، چونکە تەنیا لەوێدا واقع بە ڕاستی دەردەکەوت. ترسی هەموو دیکتاتۆرەکان لە ئەدەب و هونەر لەوەوە دێت کە مەجاز ڕوونتر واقع وێنادەکات.

  • من لەگەڵتدام کە دەڵێیت مەجاز شوێنی خۆشاردنەوە و خۆزلکردن و وەهم دروستکردنە، بەڵام ئەم وەزیفەیەی زۆر کاتی و تێپەرە، خۆشاردنەوە لە مەجازدا هەوڵێکە تا هەندێک بتوانن باشتر تەعبیر لە حەقیقەتی خۆیان بکەن، واتە لەوێدا ئینسانەکان دەمامکێک دەکەنە سەریان تا بتوانن بە روونتر لەسەر خۆیان بدوێن. خۆشاردنەوەیە بۆ خۆدەرخستنێکی ڕوونتر، لێرە ئەوەی لە واقعدا خۆی وەک چەپ پیشاندەدات لە مەجازدا خۆی وەک فاشی دەردەخات، واتە چەپبوون دەمامکە بۆ دەرخستنی ئەوەی لە مەجازدا وەک فاشییەت دەردەکەوێت. ئەم جۆرە خۆزلکردن و وەهم دروستکردنە بەشێکی گرنگی حەقیقەتی مرۆڤەکانە، بەو مانایە نا کە ئەم خۆزلبینینە وەهم نییە، بەڵکو بەو مانایەی کە ئەم وەهمە قورسایی لە حەقیقەت گەورەترە. وەهم هێزێکی واقعی گەورەیە، ئەوەی وەهم دەتوانێت بیکات هەقیقەت ناتوانێت بیکات.

دونیای مەجاز هەمیشە هەبووە، بەڵام لەمڕۆدا فۆرمەکەی گۆراوە،  گۆڕانکاری زۆر ڕادیکاڵ و ترسناک بەسەر چەمکی مەجازدا هاتووە. لەگەڵ دیجیتالیزەبوونی هەرچی زیاتری دونیادا، مەجاز لە فۆرمی بیرکردنەوەی میتافۆرییـەوە گۆڕدراوە بۆ فۆرمی پەیوەندی میتافۆریی.  لە ئەدەب و هونەردا ئەو بەشانە قسەیاندەکرد کە ئازادی ڕادەبرینیان نەبووە و مەحکومن لە فۆرمی تێکستدا بێنە دەرێ، واتە پەیوەندییەکە لە سنوری پەیوەندیی نێوان (رەمز و واقع) دا دەمایەوە، بەڵام لە سیستمی مەجازیی ئێستادا، پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندایە. گەر دوو ئەکاونتی فەیک لە ئینتەرنێت دەکەونە شەڕە قسە، ئەم شەڕە گەرچی هیچ یەکێک لە بکەرەکانی دیارنین، هیچ یەک لە دەموچاوەکان نابینرێن، هیچ یەک لە دوو نەیارەکە یەک نابینن، بەڵام ئەو هەست و نەستانەی لەو شەڕە قسەیەدا خاڵی دەکرێنەوە، هەست و نەستی ڕاستەقینەن. لێرەدا دونیای مەجاز زەمینەیەکی ترسناکە بۆ ونبوونی تاکەکان، بەڵام دەرکەوتنی هەقیقەتی ترسناکی مرۆڤەکان، بەدرێژایی مێژوو هەقیقەت نەیتوانیوە بێ دەمامک بژی، بەڵام لە ئێستادا و لە دونیای فیرتوئیلدا هەقیقەت دەتوانێت بێ دەمامک خۆی نیشانبدات. بۆیە مەترسی وەرگەڕانی فەزای مەجازیی ئەمڕۆ بۆ فەزایەکی فاشیستی زۆر گەورەترە لە جاران. فەزای مەجازیی جاران فەزای ئازادی بوو، ئازادییەک هەوڵیدەدا سروشتێکی ڕۆمانسی، سەمبولی، شۆڕشگێڕانە بداتە خۆی، بەڵام فەزای مەجازیی ئێستا فەزای شەرانگێزییە، خەڵکی چیتر لە مەجازدا بۆ ئازادی ناگەرێن، بەڵکو بۆ تێکشکاندنی ئەویدی دەگەرێن. بۆیە لە ئاستی مەجازییدا حەقیقەتی فاشیستیانەی کەسێک یان گروپێک ڕوونتر دەردەکەوێت تا لە دەزگا فەرمیی و لە زمانی سیاسی و دیپلۆماتیدا دەیبینین، بۆیە نابێت هەقیقەتی مەجاز بە کەم بگرین. لە مەجازدا زیاتر دەتوانین تێبگەین دونیا لە چ دۆخێکدايە. من باوەرم نییە کە فەزای مەجازیی شتێکمان بداتێ جیاواز لەوەی لە سروشت و ماهییەتماندا هەیە.

  • نغرۆبوون لە میدیادا خاڵێکی زۆر گرنگە، بەڵام بە بڕوای من ئەوەی لە نغرۆبوون لە میدیادا دەمانپارێزێت، دوو شتە، یەکەمیان، دوورکەوتنەوە لە میدیا، دووەم ممارەسەی فیکر و ئەدەب و هونەر بە گشتی، وەک کردەیەک کە میدیا ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات. گەر تەماشابکەیت ئەوانەی باس لە بێدەنگی دەکەن، ئەوانەن کە ناتوانن فیکر و ئەدەب و هونەر وەک دەنگ تێبگەن، دەنگ لای ئەوان ئەو شتەیە کە میدیا دروستیدەکات، ئەمە گەمەیەکە کە نابێت تێبکەوین. خۆ دابڕان لە میدیا، بە مانای جیاکردنەوەی ڕووبەری جیدییەت لە ڕووبەرێکی دیسپلینکراو و ئاڕاستەکراو. میدیا لە دونیای ئێستادا چەند هەوڵبدات خۆی بە بارگەی جیدییەت باربکات، شوێنی جدییەتی تێدا نابێتەوە. میدیاکانی ئەمڕۆی خۆرهەڵات، دەزگای سیاسی و ئابووریی گەورەن و سەرانی ئەم دەزگایانە و کادێرەکانیان دوور و نزیک پەیوەندییەکی پتەو و توندوتۆڵیان لەگەڵ فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیاتدا نییە، یاخود لە بنەڕەتدا توانای تێگەیشتنیان لەم وشانە نییە. لەدونیای ئێمەدا مانگرتن لە میدیا بە مانای ئیشکردن لە ڕووبەرێکدا کە میدیا هەر کات هاتە ناوی پوچی و بەتاڵی خۆی ببینێتەوە. بۆئەوەی میدیا نەمان خنکێنێت، دەبێت دەست بە کتێب و مۆسیقا و هونەر بە مانا رادیکالەکەیەوە بگرین. بە بڕوای من گەر جار جار تێکەڵ بە میدیا بووین، دەبێت بۆئەوە بێت، پێیبڵێین کە ئەو سەرزەمینی گەمژەکردن و لاوازکردنی مرۆڤەکانە.

  • شتێک زۆر گرنگە پێی لەسەر دابگرین ئەمەیە: زۆریی قسە لە ناوبردنی قسەیە، خۆدووبارەکردنەوەی بەردەوامی هەڵوێست بچوککردنەوە و بە رۆژانەکردن و بە سەتحیکردنی هەڵوێستە، هەڵوێست لە ڕێگای خۆدووبارەکردنەوەوە خۆی ناسەلمێنێت، بەڵکو خۆی لە جیدییەت دەدزێتەوە، لە وڵاتی ئێمەدا ئەو شتەی پێیدەڵێن هەڵوێست، جگە لە دەمامکێک زیاتر هیچی تر نییە کە گەمژەکان دەیپۆشن تا دەستکورتی فیکری و مەعریفی خۆیان بە هەڵوێستی قارەمانانەی سیاسی داپۆشن. هەڵوێست گرنگە، بەڵام لە چ فۆرمێکدا؟ هەڵوێست گەر تەنیا ئەو قسانە بێت کە لە میدیادا لەسەر سیاسەت دەیکەین، گەر وەرنەگەڕێت بۆ تێکستی فەلسەفی و ئەدەبی و کاریی هونەریی و تێڕامانی جیدیی لە مرۆڤ و ژیان، جگە لە گەمەیەکی هەرزان و گەمژانە زیاتر هیچی تر نییە، گەمەیەکە ژۆرنالیستەکان، هەموو ڕۆژێک پێمانی دەفرۆشنەوە. هەڵوێستی ڕاستەقینە خاڵێکە لە ناو رەوتێکی بیرکردنەوەدا، بۆیە هیچ کات گرێدراوی ڕوداوە سیاسییە تێپەرەکان نابێت. هەڵوێست مەوقفێکە لە وجود و مێژوو و کۆمەڵگا، نەوەک لە مەسعود بەرزانی یان کۆسرەت رەسول. هەر هەڵوێستێکی سیاسی بەشێک نەبێت لە روئیایەک کە بەردەوام ئیش لەسەر خۆی دەکات، دەبێتە ئەکتێکی سیاسی و حیزبی بچوک و کورتخایەن و ڕۆژانە. زۆریی هەڵوێستی مانای نەبوونی هەڵوێست. ئەو رۆشنبیرانەی کە فیکریان نییە بەردەوام خەریکی روونکردنەوەی هەڵوێستی خۆیانن، بەڵام هەڵوێست لە روونکردنەوەی فیکرەوە دەرەنجام دەهێنرێت، نەوەک فیکر لە روونکردنەوەی هەڵوێستەوە.

  • خاڵێک کە لەگەڵتدا نیم کاک هاوار ئەوەیە نرخی فیکرێک بە هەڵگرتن و بەدیاریکردنی بەدیلێکە وە ببەستینەوە. من باوەرم بەوە نییە فیکر بتوانێت ئەلتەرناتیڤی بۆ سیاسەت پێ بێت. لێرەدا وشەی ئەلتەرناتیڤ بە مانا گەورەکەی بەکاردەهێنم، بەو مانایەی کە مۆدێلێک بێت و مۆدێلێکی دی بروخێنێت. فیکری مارکسی خۆی فیکرێکە تەواو بێئەلتەرناتیڤە، واتە هیچ ئەلتەرناتیڤێکی کۆنکرێتی بۆ سەرمایەداری پێ نییە، ئەزموونی مێژوویی سەلماندی کە مۆدێلی کۆمۆنیستی پۆڵی پێچەوانەی مۆدێلی کەپیتالیستی نییە. فیکری پۆست مۆدێرن و چەپی نوێش هەمان شێوە. ئەلتەرناتیڤ پرۆژەیەک نییە کامڵ وەک بەدیلێکی تەواو بۆ مۆدێلی سەرمایەداری پێشکەشیبکەین. پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤ دەبێت لە پڕۆژەی ڕەخنەی بەردەوامەوە بێتە دەرێ. دروستکردنی مۆدێلی گەورە یان حیکایەتی نوێی گەورە بەرامبەر مۆدێلی کەپیتالیستی تا ڕادەیەک لە بەردەم ڕێگایەکی داخراودایە. ئەلتەرناتیڤ لە تێگەیشتنی گشتیی دونیای ناو دونیای ئێمە، واتە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی تەواو ئامادەکراو بەرامبەر مۆدێلی کەپیتالیستی، ئەم جۆرە لە ئەلتەرناتیڤ جگە لەوەی جۆرێک لە تۆتالیتاریزمی نوێ بەرهەمدەهێنێتەوە، ڕێگا لە هەموو بیرکردنەوەیەکی ئازادیش دەگرێت. گەر لەو فۆرمەی ئەلتەرناتیڤ بگەڕێین و خۆمانی لێ پاکبکەینەوە، دیمەنەکە ڕونتر دەبینین، فیکر بەردەوام لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەلتەرناتیڤدایە، کێشەکە لەوەدا نییە کە فیکر ناتوانێت بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە بیربکاتەوە، بەڵکو لەوەدایە کە پرۆسەی وەرگەڕانی فیکر بۆ سیاسەت بووە بە پرۆسەیەکی دژوار و تا ڕادەیەک مەحاڵ. سیاسەت بووە بە کایەیەک کە فیکر تیا ئیش ناکات. ژیژیک جارێک نوسیبووی «هێندەی کتێب دژ بە سەرمایەداری دەنوسرێت، نیو هێندە لە قازانجی نانوسرێت». بەبڕوای من هونەر و ئەدەب و فەلسەفە بەردەوام و بە شێوەی جیاواز پێشنیاریی ئەلتەرناتیڤ دەکەن، هەموو تێکستێکی مرۆڤدۆستانە، تێکستێکی ئەلتەرناتیڤە، بەڵام کێشەکە لە خودی سیاسەتدایە، سیاسەت ئەو چالاکییە سەرەکییە یە کە ڕێگای لە هەموو ئەلتەرناتیڤەکان گرتووە.

ئێمە لە هەموو دونیادا لەو قۆناغەدا دەژین کە بەکارهێنانی سیاسیانەی فیکر بۆتە دیاردەیەکی پەراوێزیی لاواز، ئەلتەرناتیڤ لە کارلێکی ڕۆژانەی فیکر بە سیاسەتەوە دروستدەبێت، بە مەرجێک سیاسەت بوار بەو کارلێکە بدات. لە ئێستادا ئەو کارلێکە بۆتە مەحاڵ. هێزی فیکر ئەمڕۆ  تەنیا لەوەدایە بتوانێت بەبێوچان  گومان لە سیاسەت بکات، فیکر وەزیفەی نییە پێش سیاسەت بکەوێت، بەو مانایەی رێگای پیشانبدات، چونکە سیاسەت ئەو وصایەتە قەبووڵ ناکات. ئەلتەرناتفی فیکر ئەوەیە نەهێڵێت وێنە گشتییەکە ونببێت، واتە نەهێڵێت لە ناو دروشم و قیرە قیری سیاسەتدا ئەو راستییە ونببێت کە سیستم چۆن ئیشدەکات و کامەن پارچەکانی و بۆ زۆربەی پارادۆکسە گەورەکانی پارادۆکسی ڕوکەش و فریودەرن و بۆئەوەیە سروشتی قووڵی سیستم نەبینرێت. بە کورتی ئەلتەرناتیڤ تەنیا کاتێک مومکینە کە سیاسەت ڕۆلی شەڕانگیزی فیکر قەبووڵبکات، واتە ڕۆڵە گومانکارەکەی فیکر بخزێنێتە ناو خودی تێڕوانینی خۆی، بوونی ئەلتەرناتیڤ بە توانای سیاسەتەوە وەستاوە لەسەر کارلێک لەگەل فیکردا، کە سیاسەت نەیتوانی ئەو کارلێکە قەبووڵ بکات، ئەلتەرناتیڤی سیاسیش بوونی نییە.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

 

بۆ كۆی ته‌وه‌ره‌ی  چه‌پ و فاشیزم ؛ فه‌رموون له‌گه‌ڵ  كرته‌ بكه‌نه‌ سه‌ر   (چه‌پ و فاشیزم  –  هه‌ر پێنج به‌شه‌كه‌ )

چه‌پ و فاشیزم