-
ماوه‌ی په‌نجا ساڵه كتێبه‌كانتان ڕووبەرێکیان بۆ پێشوازیی میواندۆستانە ڕه‌خساندووه كه خۆ به خۆ ده‌كه‌وێتە نێو كایه‌ی سیاسییه‌وه. به پێی هێڵه دیاره‌كانی كتێبەکان، ئەو کتێبانە له دیوێكه‌وه به‌سه‌ر سیاسه‌تی هاوڕێیه‌تیدا ئاوه‌ڵا دەبن و له دیوێكیشه‌وه به‌سه‌ر سیاسه‌تی یاده‌وەریدا، له دیوێكیشه‌وه به‌سه‌ر سیاسه‌تی میواندارییدا. ئێوه چۆن له‌م چه‌مكه‌ی سیاسه‌ت تێده‌گه‌ن؟
-
دێریدا: به ناچاری، هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ته‌له‌گرافیی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه. بۆماوه‌یه‌كی درێژ كتێبه‌كانی من, له ڕووی سیاسییه‌وه، وه‌ك ده‌قی بێلایه‌ن حسێب كران –ئه‌مه له كاتێكدا كه په‌یوه‌ندی من به چه‌په‌وه ئاشكرا دیار بوو-، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌میشه به سیاسه‌ته‌وه سه‌رقاڵ بووم، بۆیە ده‌رباره‌ی ئه‌و شته‌ی كه ده‌مویست بیری لێ بكه‌مه‌وه ڕه‌مزه سیاسییه باڵاده‌سته‌كانم نه‌ده‌ناسی و نایشیان ناسم. ئه‌مه‌یش بۆماوه‌یه‌كی درێژ وا لێكدرایه‌وه كه من نه دژ بە ماركس و نه لەبەرژەوەندی ماركس یه‌ك وشه‌م نه‌نووسیووه، ئەگەرچی هه‌موو ئه‌و شتانه‌م هه‌ر بۆ گرنگ بوو كه ده‌كه‌وتنه ئه‌م لایه‌نه‌یانەوه. وێڕای ئه‌وه‌یش، ئیمکانی قسه‌ی سیاسی هاتەپێش كه ئه‌و كاره هەڵوەشانەوەگەرییەی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت كه من ده‌ستم پێكردبوو. هه‌وڵمدا كاره هەڵوەشانەوەخوازەکەم ببه‌ستمه‌وه به چه‌مكێكی تازەوە ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت. ئه‌مه‌یش ته‌نیا ئه‌و ساته‌وه‌خته وه‌ك كارێكی مومكین هاته پێشچاوم كه ئه‌و ڕژێمانه‌ی پێیانده‌وترا كۆمۆنیزم، هه‌ره‌سیان هێنا و له هه‌موو شوێنێك مه‌رگی ماركس ڕاگه‌یه‌نرا. هه‌ستم به‌وه كرد كه ئه‌مه دادوه‌رانه نییه، به‌ڵكو ئه‌مه كاره‌ساتێكی سیاسییه و هه‌تا بڵێی مه‌ترسیداریشه. “تارماییه‌كانی ماركس” كتێبێكی ئاڵۆزه، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ست ئاڵۆزكاو و لێكدژه، نه‌ك ته‌نیا “له‌پێناو” ماركسدا، به‌ڵكو به‌شێوازی تایبه‌تی خۆیشی له پێناو ماركسدا. له‌م ده‌سپێكه‌وه، به هه‌موو پۆلی كتێبه‌كان، گوتاره‌كان، فێركاری، تێڕامان له‌وه‌ی كه ده‌شێت ببێته ئه‌نته‌رناسیۆنالێكی نوێوە سه‌رقاڵبووم، ئەمەیش به له‌به‌رچاوگرتنی به‌جیهانیبوون و هه‌موو ئه‌و كێشه نوێیانه‌ی كه سه‌روه‌ری و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه, له سیاسه‌تدا, له قۆناغی دابڕندا بوون له فه‌زای سیاسی, هێنابوویانه كایه‌وه: ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆڵه‌مێشی، كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ست بوو به ڕیشه‌ی نیشتمانییه‌وه. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ست بوو به دووباره بیركردنه‌وه و چاوخشاندنه‌وه، نه‌ك به سیاسه‌تدا، به‌ڵكو به سیاسی له‌خۆیدا، بە یاسای نێو ده‌وڵه‌تی، په‌یوه‌ندیی هێزه‌كان، شیكاریی و تێگه‌یشتنی هه‌ژموونی ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها گاڵته‌جاڕی و پارادۆكسی ڕه‌خنه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرووه‌كانی ئه‌مریكا، پێگه نوێیه‌كان و شێوازه نوێیه‌كانی ڕێكخستنی بزووتنه‌وه سیاسییه‌كان، نا-هاوبه‌ندیی جوڵه‌ی هێزه نه‌یاره‌كانی به‌جیهانیبوون، كه بڕیار له داهاتووی جیهان ده‌ده‌ن و منیش بڕوام به‌مه هه‌یه.
-
له كاتی خوێندنه‌وه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كۆمه‌ڵێك تارمایی دیكه هه‌بن كه به‌نێو ده‌قه‌كانتاندا درێژبوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ندێك چه‌مك هەن كه په‌ره‌تان پێداون، وه‌كو عه‌داله‌ت، لێبوورده‌یی، میواندۆستی: ئه‌مه پرسی ئیتیكایه (l’éthique)؟
-
دێریدا: به جۆرێك له جۆره‌كان پرسیاره ئیتیكییه‌كان هه‌ر پێشتریش لای من خراونه‌ته ڕوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له ئیتیكا سیسته‌می ڕێساكان و پێوه‌ره ئه‌خلاقییه‌كان بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، له‌م باره‌وه من ئیتیكایه‌كم نه‌خستۆته‌ڕوو. ئه‌وه‌ی به كرده‌یی سه‌رقاڵی كردبووم پارادۆكسه‌كانی ئیتیكا، سنووره‌كانی ئیتیكا بوو, به‌تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به پرسیاری به‌خشین، لێبوورده‌یی، نهێنی، شایه‌تیدان، میوانداری، زینده‌وه‌ر- ئاژه‌ڵ و گیانه‌وه‌رانیتر. هه‌موو ئه‌مانه‌یش واته هزری بڕیاردان: بڕیاری به‌رپرسانه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه به‌نێو ئه‌زموونی مه‌حاڵدا ده‌ڕوات یان تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رگه‌ی دڵڕه‌قی ئه‌و تێپه‌ڕینه‌یش بگرێت و حه‌وسه‌ڵه‌ی بكات. خۆ ئه‌گه‌ر بزانم ده‌بێت چی بكه‌م، ئه‌وا بڕیار ناده‌م، به‌ڵكو مه‌عریفه جێبه‌جێ ده‌كه‌م، به‌رنامه‌یه‌ك پێڕه‌و ده‌كه‌م. كه‌واته با بڕیار هه‌بێت، ده‌بێت نه‌زانم چی ده‌كه‌م، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه نییه كه له مه‌عریفه جیاببینه‌وه: چونكه ده‌بێت بە مه‌عریفه‌ی ئه‌وپەڕی ئەو شته‌ی كه ده‌شێت بیزانین، خۆمان دروست بکەین. چركه‌ساتی بڕیاردان چركه‌ساتی ئیتیكایه، ئه‌گه‌ر ڕاستیت دە‌وێ ئه‌مه دابڕاو نییه له مه‌عریفه. له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه “نازانم كامه ڕێسا چاكه” پرسیاری ئیتیكا دێته پێشێ. كه‌واته، ئه‌وه‌ی من ده‌بزوێنێت ئه‌م چركه‌ساته نا-ئیتیكییه (an–éthique)ی ئیتیكایه، ئه‌م چركه‌ساته‌ی كه نازانم چی بكه‌م، له‌و ساته‌دا كه پێوه‌ره ئاماده‌كانم له‌به‌رده‌ستدا نییه، له‌و ساته‌دا كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا نابێت پێوه‌ره ئاماده‌كانم له به‌رده‌ستدا بێت, به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، له‌وێدا ده‌بێت ڕه‌فتار بكه‌م، شتێك بكه‌م، به‌رپرسیارێتییه‌كانم هه‌ڵگرم و پێگه‌ی خۆم بگرم. به په‌له و به بێ چاوه‌ڕوانیكردن. كه‌واته، ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م چه‌نده نا-ئیتیكییه ئه‌وه‌نده‌یش ئیتیكییه. من وەها سەبارەت بە مه‌حاڵێتییه‌ك دەدوێم وه‌ك بڵێی ئیمكانییه‌تی ئیتیكایه: میواندریی بێ مه‌رج و مه‌حاڵ له كایه‌ی یاسا و سیاسه‌تدا، هه‌مان ئیتیكا به واتا گشتگیره‌كه‌ی. به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشە كه پێویسته ئه‌ویتر-مومكین (l’im–possible) بیكات؛ ئه‌گه‌ر لێبوورده‌یی مومكین بێت ئه‌وا ده‌بێت له‌وه ببوورین كه مه‌حاڵه لێیببوورین، واته ئه‌و شته بكه‌ین كه مه‌حاڵه. كرده‌ی مه‌حاڵ ناكرێت ببێته ئیتیكا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، پێشمه‌رجی ئیتیكایه. من هه‌وڵئه‌ده‌م بیر له ئیمكانییه‌تی مه‌حاڵ بكه‌مه‌وه.
-
ئێوه ده‌ڵێن “ئیمكانییه‌تی مه‌حاڵ”. ئه‌و شته‌یشه كه به “هه‌ڵوەشانەوەگەرایی” ]دیكۆنستره‌كشن[ پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. له‌م حاڵه‌تیشدا، كه له‌مڕۆدا ئه‌مه ده‌خوێنینه‌وه، ناتوانین بیر له كاریگه‌ریی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییانه نه‌كه‌ینه‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له 11ی سێپتێمبه‌ری 2001دا ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه. له كتێبێكدا كه به‌م نزیكانه ده‌رده‌چێت “لە ڕووداوی 11ی سێپتێمبه‌ردا چی ڕوویدا“(*) نووسیوتانه ئه‌وه‌ی ڕوویدا به یه‌كجار »سیسته‌می ته‌ئویل، به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كان، لۆژیك، ڕه‌وانبێژی، چه‌مك و به‌ها چه‌سپاوه‌كانی مەنزومەی تێگه‌یشتن و ته‌فسیرکردن و دیاریکردنی شتێكی وه‌كو 11ی سێپتێمبه‌ری خسته به‌ر هه‌ڕه‌شه«.. له‌م باره‌یه‌وه ده‌مانه‌وێت به قوڵی یه‌كێك له‌و پرسیارانه بپشكنن كه خۆتان كردووتانه: »داخۆ ده‌توانین هەم په‌رده‌ی گوێی فه‌یله‌سوف كون بكه‌ین و هەمیش به‌رده‌وام گوێی لێ بگرین؟«
-
دێریدا:ڕه‌نگه بمەوێ په‌رده‌ی گوێی فه‌یله‌سوفه‌كان كون بكه‌م، به بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا فه‌لسه‌فه بسمم. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه ئه‌وه‌یه كه بۆت بلوێت له‌لای لایه‌نی فه‌لسه‌فییەوە بیستراو بیت؛ به‌ڵام با واز له‌م لایه‌نه بهێنین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره ورده‌ی كه ئێوه كردتان؛ من هه‌ر بە کردەنی وای ده‌بینم ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ته‌ئویلی “11ی سێپتێمبه‌ر” بره‌ویان پێدرا، ئه‌و چه‌مكانه‌ن كه ئیتر له‌مه‌به‌دوا كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌م هەڵوەشانەوەگەراییەکی ڕیشه‌ییه‌وه. واتە نه‌ك هەڵوەشانەوەیەکی تیۆریی، به‌ڵكو هەڵوەشانەوەیەکی پراكتیكی. ئه‌وه‌یش ئێستا له دۆخی ڕیالیزه‌بووندایه چونكه، وه‌ك هه‌میشه وتوومه، ئه‌مه‌یه: »پاساوه‌كانی جه‌نگ دژی تیرۆر قه‌ناعه‌تپێكه‌ر نین، ئه‌وه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هه‌ردوو چه‌مكی جه‌نگ و تیرۆر خۆیان ڕازیكه‌رنین. كۆفی ئه‌نانی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له یه‌كێك له دانیشتنه‌كاندا خۆی ئه‌مه‌ی تۆمار كردووه: پێناسه‌كی وردمان نییه بۆ تیرۆریزمی جیهانی. چه‌مكی جه‌نگ، له یاسا كۆنه ئه‌وروپییه‌كاندا، واتا شه‌قڵی ده‌وڵه‌تییانه‌ی دوژمنەکان. ده‌وڵه‌تێک دژی ده‌وڵه‌تێكی دیكه جه‌نگ ڕاده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی تیرۆر به‌م جۆره نییه. به جۆرێك كه مه‌سه‌له‌كه نه په‌یوه‌سته به جه‌نگێكی جیهانییه‌وه و نه به جه‌نگێكی لۆكاڵییه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌مكه‌ی جه‌نگیش كه له‌لایه‌ن كارل شمیته‌وه پێیده‌وترێت “جه‌نگی تاقمه‌كان”، لێره‌دا پێویستی به كاراکردنه. چونکە “تیرۆریسته‌كان”ـی وه‌كو قاعیده، نه ده‌وڵه‌تێك (واقیعی و مه‌جازی) به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن و نه ویستی دامه‌زراندن یان دروستكردنی ده‌وڵه‌ت. شتێكی له‌م جۆره له 11ی سێپتێمبه‌ردا نه‌بوو. هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه چه‌مكسازییه‌ی كه هه‌میشه به‌كاری ده‌هێنین چیتر گونجاو نییه و به باشی كار ناكات: نه چه‌مكی جه‌نگ و نه چه‌مكی تیرۆر. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه به‌رده‌وام ده‌یڵێم. هه‌روه‌ها دووالیزمە چه‌مكییه‌كانی وه‌كو نیشتمانی/جیهانی، مه‌ده‌نی/سه‌ربازی، چیتر ڕۆڵ ناگێڕن و وه‌ك جاران هه‌مان چالاكییان نه‌ماوه. بۆیه ده‌بێت دیسان هه‌موو ئه‌م چه‌مكانه هه‌ڵكۆڵینه‌وه. ئه‌مه‌یش كارێكی درێژ و له‌سه‌رخۆ ده‌بێت و منیش خۆشخەیاڵ نیم، به‌تایبه‌تیش, وه‌كو ئه‌وه‌ی له تیۆری ماركسیزم‌دا ده‌گووترێت, ئه‌گه‌ر ئه‌و نایه‌كسانی و ناهاوسه‌نگییه ترسناكه له‌به‌رچاو بگرین كه له گه‌شه‌پێداندا هه‌یه. كۆتایی ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خولیاكانی باڵاده‌ستی ناكه‌وێته سبه‌ینێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له جیهانی ئه‌مڕۆماندا هەر ئیش ده‌كات. ئه‌مه‌یش وەک هەمیشە شتێکی پێشبینینه‌كراو بوو؛ زەمەن, یان باشتر بڵێین, ڕیتمی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه كه ناتوانین خۆمانی لێ ببووێرین.
-
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و ده‌روازه‌یه بووه كه به‌رده‌وام بۆ پێشوازیكردن له ئێوه له‌سه‌ر پشت بووه، ئایا هۆكارێكی تایبه‌ت له‌مه‌دا هه‌یه؟
-
دێریدا: سه‌فه‌رم زۆر كردووه، ڕه‌نگه زۆر زۆریش، نه‌ك ته‌نیا بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. من ده‌مه‌وێت له‌و وێنه “ئه‌مریكییه” ده‌رباز ببم، چونكه له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌ك ناگرێته‌وه؛ به‌ڵكو ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێ كه‌سدا گونجاوه. چونكه ده‌بێت ]سەبارەت بە سەفەری من[ به هه‌مان شێوه ده‌رباره‌ی هه‌موو كیشوه‌ره‌كان و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاییش بدوێین. بەڕێكه‌وت چوومە ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و له ساڵی 1955-1956 یه‌كه‌م ساڵم له‌وێ به‌سه‌ر برد: ئەوە مینحه‌ی چوون بۆ هارڤارد بوو كه به‌هۆی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی باڵاوه وه‌رمگرت. پاشان، دوای ده ساڵ به بانگهێشتی ڕۆنی جیرار چوومه‌وه بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌شداریكردن له كۆڕێكدا و ئه‌و ده‌رسگووتاره‌ی له‌و كاته‌دا پێشكه‌شم كرد ڕه‌خنه بوو له جۆڕێك له بونیادگه‌ری و، له‌وێ وه‌ك بۆمبێك ته‌قییه‌وه. چونكه به هه‌ق و ناهه‌ق ئه‌وه‌یان تێدا بینی كه ئاماژه‌ی یه‌كه‌مه بۆ ئه‌و شته‌ی كه ئه‌مریكییه‌كان ناویان نا پاش-بونیادگه‌ری. پاشان له ماوه‌ی سێ ساڵدا سێ جاری دیكه بانگهێشت كرام. ئینجا دواتر زانكۆكانی “ئه‌لیال، ئێرڤین، كالیفۆرنیا، نیویۆرك” داوایان لێكردم بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک وانه‌یان بۆ بڵێمه‌وه، هه‌ر ساڵی یه‌كجار. من هه‌رگیز له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان زۆر ئارامم نه‌گرتووه و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌ماومه‌ته‌وه؛ باشترین ڕۆژه‌كانمم له‌وێ به‌سه‌ر نه‌بردووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه واتای ئه‌وه بێت كه به‌رهه‌مه‌كانم له‌وێیش، هه‌روه‌ك شوێنه‌كانی تر، به كرده‌یی پێشوازییه‌كی گه‌رم و به بڕشتیان لێكراوه و گرنگییان پێدراوه و له‌وێ كه‌متر ڕووبه‌ڕووی كینه و به‌ربه‌ست و ململانێ بوومه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له فه‌ره‌نسا یه‌خه‌یان گرتووم، ئه‌وا بە ڕاستی وایە. ئه‌گه‌رچی هەڵوەشانەوەگەرایی، پێشتر له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كرابووه ئامانج و تارگێتی هه‌ڵمه‌تێكی پلان بۆ دانراو و به‌رنامه‌داری سه‌رشێتانه، به‌ڵام دیبه‌یت و گفتوگۆ له‌وێ ئاسانتره وه‌ك له فه‌ره‌نسا. بەهەرحاڵ با ئه‌مه‌یش بخه‌ینه ئه‌ولاوه. دواجار، به فه‌زڵ، یان به‌هۆی مێژووی زانكۆیه‌كی ئه‌مریكییه‌وه، له‌وێ به‌شیوه‌یه‌كی باش و خێرا به‌رده‌وام كاری زۆرمان كرد، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا كه بۆ من ئاشناتر بوون.
-
ده‌وڵه‌تێكی دیكه هه‌یه مۆری له بوونی ئێوه داوه: “جه‌زائیر”. له‌وێ له‌دایكبوون و تێیدا گه‌وره‌بوون. هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی كه له ساڵی 1949ه‌وه به‌جێتان هێشتووه ئه‌م وڵاته به چه‌ندین قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی‌دا تێپه‌ڕیووه. له‌مڕۆدا په‌یوه‌ندی ئێوه به‌و یه‌كه‌م زه‌مین و زێده‌تانه‌وه چییه؟
-
دێریدا: یه‌كه‌م، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كم هه‌یه، ئینجا حیكایه‌تێكی قه‌شه‌نگیش. ڕوونكردنه‌وه‌كه: تا گه‌یشتمه نۆزده ساڵان هه‌رگیز ئه‌و گونده‌ی خۆمم جێ نه‌هێشت كه كه‌وتبووه ده‌وربه‌ری شاری ئه‌لبیاری جه‌زائیره‌وه. ئینجا هه‌رگیزیش پایته‌ختم نه‌بینیبوو. حیكایه‌ته‌كه: ساڵی 1996، په‌رله‌مانی جیهانيی نووسه‌ران، كه من ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ده‌زگایه و جێگری سه‌رۆكه‌كه‌ی بووم، له ستراسبۆرگ، یه‌كێك له كۆڕبه‌نده‌كانی ته‌رخان كرد بۆ جه‌زائیر. به‌ر له ده‌ستپێكردنی كۆڕبه‌نده‌كه ئاماده‌بووان له هۆڵه‌كه‌دا كۆبووبوونه‌وه، له‌پاڵ منه‌وه كچێكی گه‌نجی جه‌زائیری دانیشتبوو؛ لێپرسیم: – “زۆر له جه‌زائیر، له شه‌قامی ئۆریلیس دو بالادین نیشته‌جێبوون؟
– به‌ڵێ.
– له 31؟
– به‌ڵێ.
دێریدا: منیش”.
خۆی پێناساندم، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌مه كچی ئه‌و جه‌زائیرییانه‌یه كه باوك و دایكم ئه‌وكاته‌ی بڕیاریاندا له جه‌زائیر بڕۆن، ماڵه‌كه‌یانیان بۆ جێهێشتن. ئه‌ویش خۆی، به‌هۆی دۆخی دوولایه‌نه‌ی ژنی ڕۆشنبیره‌وه، جه‌زائیری جێهێشتبوو. ئه‌و كچه گه‌نجه جه‌زائیرییه له هه‌مان ئه‌و ماڵه‌دا گه‌وره بووبوو كه منیش تێیدا گه‌وره بووبووم. ئه‌و هاتبوو بۆ كۆڕبه‌ندی په‌رله‌مانی نووسه‌ران وه‌ك شایه‌تحالێك له‌سه‌ر تراژیدیای جه‌زائیر، له‌سه‌ر كوشتنی ڕۆشنبیره‌كان، تووندڕه‌ویی ئیسلامی كه وڵاته‌كه ده‌سووتێنێت. من له‌مڕۆدا له هه‌مان ئه‌و ئازاره لێكدژانه‌دا ده‌ژیم: به دڵ جه‌زائیریم –جا هه‌موو ئه‌و ئازار و هاوسۆزی و نۆستالژیایه (ناوی ده‌نێم نۆستالژیا) كه ئه‌م وشه‌یه هه‌ڵیگرتووه-، له وڵاتێك ئه‌ژیم كه نیشتمانمه: فه‌ره‌نسا و له‌وێوه له مێژووی ئازاراوی و پڕ مه‌ینه‌تی جه‌زائیری سه‌ربه‌خۆ ڕاده‌مێنم.
له پاریس، ڕاسته‌وخۆ له كاتی خوێندنتاندا له به‌شی ئاماده‌یی لویسی مه‌زن، سه‌ره‌تا گرنگیتدا به فیكری سارته‌ر و بیرگسۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ڕێڕه‌وه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ت زۆر له‌م دوو فه‌یله‌سووفه دووری خستییه‌وه؟
دێریدا: وایه، بیرگسۆن به‌لای من و هه‌موو نه‌وه هاوچەرخەکانمەوە سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو، سارته‌ریش فیگورێكی دیاری فه‌یله‌سوف و نووسه‌رێكی مولته‌زیم بوو. دواتر چۆن له ڕوانگه‌ی ڕووله‌پشتڕوانی rétrospectivement))ـەوە ته‌ماشای ئه‌وه‌م كرد كه له‌سه‌ره‌تادا گرنگیم پێدابوو؟ من ئه‌وه ڕه‌ت ناكه‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر له ئێستادا كات و ئازادییم هه‌بووایه، ئه‌وا ده‌مه‌ویست دووباره ئه‌م دوو بیرمه‌نده بخوێنمه‌وه و وانه‌یان له‌باره‌وه بڵێمه‌وه. به‌ڵام، نامەوێت به بێ دووباره ئاوێزانكردنه‌وه‌یان له ڕه‌سه‌نایه‌تی و له سنووره‌كانی خۆیاندا به‌مانه‌دا هه‌ڵبڵێم، –ته‌نانه‌ت له ده‌قه هەڵوەشانەوەگەرییەکانیشمدا هه‌وڵده‌ده‌م عه‌شقی خۆم بۆ ئه‌و ده‌قانه تۆمار بكه‌م- ئه‌ویش ڕه‌سه‌نایه‌تی و سنووره‌كانی نەریتی فه‌لسه‌فی و دامه‌زراوه‌یی فه‌ره‌نسییه؛ چونكه لای بیرگسۆن و سارته‌ر ئه‌و ڕێگایانه‌ی پراكتیك و تێڕامان و نووسین هه‌ن كه له ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌را بوونیان نییه, ئەم دوو وڵاتە به ته‌واوی لە “غه‌ریبه” غەریبن.
-
چه‌ند فه‌یله‌سوف و نووسه‌رێكی دیار و گرنگ هاوڕێی تۆن، له‌وانه: ئالتۆسێر، لیڤیناس، بلانشۆو, وێرای ئه‌مانیش ژیل دۆلۆز و فرانسوا لیوتار؛ خۆ ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌تی گفتوگۆ بخوازێت، ئایا ده‌شێت به‌رهه‌مه‌كانی تۆ وه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوڕێیانه‌دا بخوێنینه‌وه؟
-
دێریدا:به‌ڵێ.. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر گفتوگۆیه‌ك هه‌بێت (به‌م وشه‌یه‌وە زۆر خه‌ریك نه‌بووم) واتای ئه‌وه نییه كه كتێبه‌كانم یه‌ك به‌دوای یه‌ك پرسیار و وه‌ڵامی ئه‌م هاوڕێیانه‌یه. ئه‌مانه به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌ربڕی ناونیشانێكن، ئه‌دره‌سن، نه‌ك گفتوگۆ. هه‌ندێك له ده‌قه‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی ئه‌م هاوڕێیانه كراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه مانای وابێت كه كتێبه‌كانم له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی دیكه‌وه نه‌خوێنراونه‌ته‌وه. چ كتێبه‌كانم ده‌رباره‌ی بلانشۆو و لێڤیناس، یان ده‌رباره‌ی تارماییه‌كانی ماركس، كه ناكرێت به بێ زه‌قكردنه‌وه و ده‌رخستنه‌وه‌ی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئالتوسێردا ته‌فسیر بكرێت، مه‌به‌ستم ته‌نیا له ئالتۆسێر نییه وه‌ك كه‌سێك، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ییش كه كاتێك له قوتابخانه‌ی باڵا ده‌مانخوێند، له ساته‌وه‌خته ئالتۆسێرییه‌كه‌ی قۆناغه‌كه‌دا و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا و له ده‌وروپشتی ڕوویده‌دا، له ده‌وری كۆبووبووینه‌وه: خوێندنه‌وه‌ی كارل ماركس، بۆ به‌رگریكردن له ماركس، ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك كاربوون كه من هه‌میشه و له هه‌موو شتێك‌دا ئەو کاتە لەسەریان هاوڕا ده‌بووم کە دژیشیان بم. هه‌مان شت ده‌رهه‌ق به دۆلۆزیش. وا هه‌ستده‌كه‌م من له تێزه‌كانی دۆلۆزه‌وه زۆر نزیكم، به‌ڵام نه‌مدەتوانی به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و بنووسم: هه‌ردووكمان به دووڕێگای ته‌واو جیاواز ئیش ده‌كه‌ین و ده‌نووسین. بۆ نموونه، من زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌ودابووم ده‌رباره‌ی نیچه، به‌ڵام ناتوانم له ئه‌نتی-ئۆدیپدا هاوڕای بم. هه‌روه‌ها له‌وه‌یشدا هاوڕای نیم كه دره‌باره‌ی ئارتۆ وتوویه‌تی، ئه‌گه‌رچی منیش له بایه‌خدان به ئارتۆددا هاوبه‌شی ئه‌و بووم. من ئه‌مه‌م پێگووت، به هه‌رحاڵ، په‌یوه‌ندییه كه‌سییه‌كانمان هه‌میشه زۆر ئاساییه، هه‌روه‌ك په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ لیوتاردا. له‌نێوان ئێمه‌دا هه‌مان شێوازی دراوسێیه‌تی هه‌یه. هه‌موو ئه‌م شتانه زۆر ئاڵۆزن، بۆ شرۆڤه‌كردنیشی ده‌بێت چه‌ندین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی لۆهیومانیتی(**) بۆ ته‌رخان بكه‌ین.
-
“هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نییه”. ئه‌مه یه‌كێكه له په‌نده‌كانتان كه بۆته گوته‌یه‌كی به‌ناوبانگ. ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌ق بێت، هه‌موو شتێك په‌یوه‌ست بێت به میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگه‌رییه‌وه، داخۆ ئه‌مه نامانبات به‌ره‌و ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی فره‌یی سیسته‌مه‌كانی تێگه‌یشتن له جیهاندا، كه په‌ره‌سه‌ندنی زانست ده‌ریخستووه و پاڵپشتیی كردووه؟
-
دێریدا:ده‌وری چل ساڵێك ده‌بێت كه له باره‌ی نووسین و ده‌قه‌وه ده‌ستمكرد به تێڕامان. ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تادا وروژاندمی، له‌سه‌رووی ئه‌وه‌ی كه به حوكمی وه‌زیفه “فه‌یله‌سوف”بم، نووسینی ئه‌ده‌بی بوو. له‌خۆم پرسی، كرده‌ی نووسین واتای چییه؟ كاتێك ده‌نووسین چی ڕووده‌دا؟ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه ده‌بوو سنووری چه‌مكی ده‌ق فراوان بكه‌م و هه‌وڵی پاساودانی ئه‌م به‌فراوانكردنه بده‌م. “هیچ شتێك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نییه”، واتای ئه‌وه نییه كه هه‌موو شتێك كاغه‌زه و به نووسین پڕکراوەتەوە. به‌ڵكو واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌ر ئه‌زموونێك وه‌ك تۆڕێكی كاریگه‌ری و شوێنه‌وار بنیاتنراوه كه ئاماژه به شتێكی جگه له خۆی ده‌كات. به ده‌ربڕینێكی دیكه، ئێستایه‌ك نییه كه به بێ ئاماژه‌دان به زه‌مه‌نێكی دیكه، به ئێستایه‌كی دیكه, دروست ببێت. ئێستا-شوێنه‌وار. ئه‌وه ئه‌و شته‌یه كه نیگار ده‌كات و نیگار ده‌كرێت. كاتیگۆری شوێنه‌وارم به جۆرێك به‌رفراوان كرد تا ئه‌وه‌ی خودی ده‌نگیشی گرته خۆی، لەمەیشدا بیرۆکەی دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه هه‌ر له یۆنانی كۆنه‌وه له فه‌لسه‌فه‌دا فه‌رامۆش كراون، بەهەند وەرگیراوە, هەر له نووسینه‌وه بۆ قسه (سه‌نتراڵیزمی لۆگۆس) و بۆ ئێستای زیندووی ده‌نگ (سه‌نتراڵیزمی ده‌نگ)، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه كه هەڵوەشاندنەوەگەرایی ڕه‌خنه نییه ئەگەرچی ڕه‌خنه زه‌روره‌تیشە. هەڵوەشاندنەوەگەرایی نه حوكمی به‌هاییه و نه پرۆسێسێكی زۆره‌ملێیانه‌یه. له‌وه‌یش زیاتر، با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ قسه‌كه‌ی تۆ، هەڵوەشاندنەوەگەرایی میتۆد نییه. چونكه ئایدیای میتۆد پێویستی به كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی ڕێكخراوی سه‌ره‌تایی هه‌یه بۆ ئه‌زموونی خوێندنه‌وه، لێكدانه‌وه و فێربوون، هه‌روه‌ها جۆرێكیش له جڵه‌وكردن و ته‌حه‌كوم. دەکرێت ئێمه به كرده‌یی، هه‌ندێك پاڵنه‌ری هەڵوەشاندنەوەگەرایی دووباره بكه‌ینه‌وه -ئه‌مه ئه‌و شته‌یه وشه‌ی میتۆد ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وا نییه؟-، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هەڵوەشاندنەوەگەرایی میتۆد نییه. ئه‌مه نه ڕه‌خنه‌یه و نه میتۆد. به تێپه‌ڕین به مێژووی یان به نه‌وه‌ی ئایدیاكانی “ڕه‌خنه” یان “میتۆد”دا، هەڵوەشاندنەوەگەرایی لەو لایەنەوە هه‌ق به لێكدانه‌وه‌كانی خوێندنه‌وه، نووسین، گۆڕینی گشتی ده‌ق ده‌دات كه ڕووداوه‌كان événments بن؛ لەو شتانەدا کە خۆی ئه‌زموونیان ده‌كات خوازیاری كۆمه‌ڵێك شتی نوێیە کە سەرنجڕاکێش بن. له هەڵوەشاندنەوەگەراییدا ده‌سه‌ڵاتی ئیمتیاز بوونی نییه، به‌ڵكو به‌ساده‌یی به‌یه‌كگه‌یشتنی “شتێكه له‌گه‌ڵ شتێكی تردا”، به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو شته، گه‌یشتنی تۆیه به كه‌سێكی تر كه هه‌موو جارێك یاسایەکی ناوازه‌ی خوێندنه‌وه‌ت فێردەکات و داوای سازانت لێده‌كات له‌گه‌ڵ سیسته‌مێكدا كه دەتكاته به‌رپرسیار، داوات لێ دەکات به خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆت وه‌ڵام بده‌یته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌گه‌ر هیچ شتێك نه‌توانێت له ده‌ق ده‌ربچێت و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق بوونی نه‌بێت، ئه‌وا هێشتا ده‌ق ناكرێت به‌گشتی تۆتالیزه بكرێت؛ به‌هۆی بونیادی شوێنه‌واریش خۆیه‌وه كه دەقی لێی پێكهاتووه و به‌سه‌ر شتێكی دیكه‌ی جگه له خۆیدا ده‌كرێته‌وه, گشتگیری ناكرێت دابخرێت. ئه‌مه‌یش تۆتالیتاریزم، داخران، پڕكردنه‌وه‌ی ده‌ق، به هه‌مان شێوه‌یش به‌های سیسته‌م، دوور ده‌خاته‌وه. هەڵوەشاندنەوەگەرایی سیسته‌م نییه، به هه‌مان ڕاده فه‌لسه‌فه‌یش نییه: به‌ڵكو بنه‌مای فه‌لسه‌فی لەخۆدەگرێت. ئه‌وه ڕیسكێكی تایبه‌ته كه تێیدا به‌رده‌وام كرده ]ئەکت[ گرەو لەسەر دۆخ، كۆنتێكست و بەتایبەتی کۆنتێکستی سیاسی، سوبێكت, ڕەگداکوتان له شوێن و مێژوویه‌كدا، دەکات كه ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی دیاریکراو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێده‌دات كرده‌ی هەڵوەشاندنەوەگەرایی واژووی لێ بدات.
-
دواجار، زه‌مان چۆته نێو قوڵایی بیركردنه‌وه‌تانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كتان ده‌رباره‌ی زه‌مان نه‌خستۆته ڕوو. كه‌چی جیاواز له‌مه، ئێمه وا هه‌ستده‌كه‌ین له‌به‌رده‌م فه‌لسه‌فه‌ی ڕووداوداین. له‌مه‌یشدا مه‌رگ ڕۆڵێكی سه‌نتراڵ ده‌گێرێت و دەرفەتی ئه‌وه‌ی پێداون به وردی زه‌مان به ڕووداوه‌وه گرێ بده‌نه‌وه؟
-
دێریدا:ئێوه ڕاست ده‌كه‌ن، له نووسینه‌كانمدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت به زه‌مان بوونی نییه. هه‌ر وه‌ك چۆن فه‌لسه‌فه‌ی ڕووداو، یان مه‌رگیشیان تێدا نییه. بگره به هیچ شیوه‌یه‌ك فه‌لسه‌فه‌یشیان تێدا نییه. ڕاسته من له خۆسه‌رقاڵكردن به میراتێكی فه‌لسه‌فییه‌وه ده‌ستم پێكرد، چ ده‌رباره‌ی زه‌مان –كانت و هۆسره‌ڵ و به‌تایبه‌تیش هایدگه‌ر- چ ده‌رباره‌ی ئەولەویەتی ئێستا له ئایدیای زه‌ماندا. هه‌ستی سه‌لیم پێمانده‌ڵێت هه‌موو شتێك له ئێستادایه: ڕابردوو و داهاتوو به گەلێک شێواز خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن كه هه‌میشه شێوازی ئێستایه، ئێستای ڕانەبردوو. هه‌وڵمدا ئه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه‌مێك ئاڵۆز بكه‌مه‌وه. پرسیاری زه‌مان له هه‌موو كاره‌كانمدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه وتتان بایه‌خی تایبه‌تم به ڕووداو داوه، ئه‌وه‌یش ڕاسته. هه‌تا بێ زیاتریش جه‌ختم لێ كردۆته‌وه. ڕووداو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه دێت، پێشبینینه‌كراو، وه‌ك ڕووداوێكی تاقانه. نه‌ك ته‌نیا “ئه‌وه‌ی” كه دێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یش “كه دێت”، هاتووەکە L’arrivant. پرسیاری ئه‌وه‌ی: “چی بكه‌ین له‌گه‌ڵ “ئه‌وه‌ی” دێت؟ پێویستی به بیركردنه‌وه‌یه له میوانداری، پێدان، به‌خشین، هه‌ڵكردن، نهێنی، شایه‌تی.
پێشهاتە سیاسییه‌كانی ئه‌م تێڕامانانه‌م ده‌رخستووه و ده‌ربڕیووه. هه‌موو ئه‌مانه بابه‌تی “ئه‌وه”یه كه دێت، ڕووداو وه‌ك ڕووداوێكی پێشبینینه‌كراو. چونکە ئه‌و ڕووداوه‌ی كه پێشبینیی ده‌كه‌ین ڕووداوێكه پێشتر ڕوویداوه، كه‌وایه ڕووداو نییه. ئه‌وه‌ی له ڕووداودا بۆ من گرنگه، ناوازه‌یی و تاقانه‌ییه‌كه‌یه‌تی. ئه‌و شته‌ی كه ته‌نیا یه‌كجار بواری هه‌یه و یه‌كجار ڕووده‌دات، هه‌موو جارێكیش هه‌ر جارێكه. كه‌واته ڕووداو تاقانه‌یه، لەپێشبینی بەدەرە، به واتایه‌ی به بێ ئاسۆیه. به‌ڵام مه‌رگ له ده‌ره‌نجامدا ڕووداوه به پله‌ی ئیمتیاز: مه‌رگ پێشبینینه‌كراوه تا ئه‌و كاته‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؛ دێت و نایه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك دێت پێشبینینه‌كراوه، هه‌رگیزیش بۆ خودی ئه‌و كه‌سه نایه‌ت. لێره‌دا بایه‌خم به ده‌قێكی بلانشۆو داوه له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه وه‌ك مه‌حاڵ. بۆ ئه‌وه‌ی به ساده‌یی قسه بكه‌ین، مه‌رگ تێمایه‌كه له‌نێو هه‌موو نووسینه‌كانمدا به‌رده‌وام ئاماده‌یی هه‌بووه، هه‌ڵبه‌ت هەر لەپێش “زه‌نگه‌كان” (گالیلی 1974)ـه‌وه درێژبۆته‌وه تا دوای “پێدانی مه‌رگ” (گالیلی 1999). هه‌موو شتێك له بیركردنه‌وه له مه‌رگه‌وه ده‌ست پێده‌كات و هه‌موو شتێكیش هه‌ر بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌توانم له‌م باره‌یه‌وه سێ نموونه له‌و تێڕامانه بخه‌مه ڕوو كه په‌یوه‌ندیدارن به‌م بیركردنه‌وه‌یه‌وه له مه‌رگ: مۆركی وه‌سێتییانه‌ی نووسینی “ده‌رباره‌ی گراماتۆلۆژی” (مینوا 1975). من كاتێك ده‌نووسم زۆر باش ده‌زانم چی ده‌نووسم، خۆ ڕه‌نگه لێشی په‌شیمان ببمه‌وه، له ئەسڵی شوێنه‌وار (به‌رهه‌م)دا شتێک نییه كه به بێ پەژمووردەبوونی شوێنه‌وار (به‌رهه‌م)ـەکە بتوانێت پەژمووردە ببێ؛ ئه‌وه بونیاده‌كه‌یه‌تی، ئه‌و بونیاده‌ی كه به وه‌سێتییانه testamentaire ناوم بردووه؛ ئینجا تارمایی كه خۆیشی لای خۆیه‌وه له كاتیگۆری شوێنه‌وار (به‌رهه‌م) جیانابێته‌وه -هه‌ڵبه‌ت تێڕامان له‌مه به‌ر له “تارماییه‌كانی ماركس”ـیش لای من ئاماده‌یی هه‌بوو: شوێنه‌وار (به‌رهه‌م) نه زیندووه و نه مردووه؛ دواجار ئه‌م تێڕامانه -له‌به‌ر هۆكاری سیاسی- ده‌رگای بۆ ئاوه‌ڵاكردم به‌سه‌ر پرسیاری گه‌وره و سه‌ختی تاوانی له‌سێداره‌داندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك کۆرسی وانه‌وتنه‌وه و هه‌ندێك جووڵانه‌وه‌ی خه‌باتگێڕانه‌م بۆ ته‌رخان كرد، به‌تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به حاڵه‌تی “مۆمیای ئه‌بو جه‌مال”، كه کردمە پێشەکی کتێبێک “ڕاسته‌وخۆ بەسەر قەنارەی مەرگەوە” (Mumia abu-Jamal: En direct du couloir de la mort) (لا دیكۆفیرت 1999). پێموایه مێژووی سزای له‌سێداره‌دان له خۆیدا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، هه‌مان كاتیش هێڵی گه‌وره و ئاراسته‌كه‌ری بیركردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، سه‌روه‌ری، ده‌سه‌ڵاته.
ته‌واو
پەراوێزی وەرگێڕی کوردی:
(*) ئەم بەرهەمەی دێریدا لەسەر تیرۆر گفتوگۆیەکی درێژە، لە کتێبێکی سەربەخۆدا بەو ناونیشانەی سەرەوە بڵاوبۆتەوە، جارێکی دیکەیش لەگەڵ گفتوگۆیەکی هابەرماسیشدا بە ناونیشانی (فەلسەفە لە زەمەنی تیرۆریزمدا) بڵاوبوویەوە.
(**) ڕۆژنامەی حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسی.
سەرچاوە:
منارات (ملحق ثقافي اسبوعي يصدر عن جريدة المدى), العدد (2484) السنة التاسعة, الاربعاء (16) ايار 2012.