ئالبیرت لاندۆ؛ پانزه‌ فۆتۆی ڕەش و سپی - کرۆنیکی تۆپی پێ لە١٨٩٠ / تۆپی پێ وەک ئەکتێکی ڕاوچیانەی ماسکلونیزم - نێرگه‌رایی lbert Londe 15 Chronofotografien von Charcot fils / Charcot spielt Fußball um 1890

سلۆتەردایک؛ تیپی نێرەمووکەکان


Loading

تیپی نێرەمووکەکان

گفتوگۆی گۆڤاری دێر شپیگل لەگەڵ فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک لەبارەی تۆپی پێوە

لەئەڵمانییەوە

ـ  ئێمە چیتر پاڵەوانمان نییە. ئێمە ئەوانمان گۆڕیوەتەوە بە ئەستێرەکان…سلۆتەردایک

پرسیار: بەڕێز سلۆتەردایك: ئێوە چۆن تەماشای یارییەکانی پاڵەوانی جیهان دەکەن، ئایا وەکو هاندەر یاخود وەکو فیلۆسۆف؟

سلۆتەردایک: ڕاستتر وەکو ئەو کەسەی کە بایەخ بە ئەرکیۆلۆژیای پیاوێتی دەدات. یاری تۆپی پێ ڕێکخستنێکی ئەنترۆپۆلۆژییانەیە بۆ هەوڵدان. چەند هەزار ساڵێکە مرۆڤی نێر لە سۆراغدایە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیاری: چی لەو ڕاوچییانە بکرێن کەچیتر پێویست نین؟

بەپێی ئەو دیزاینە ئەنترۆپۆلۆژییەی ئێمە هەمانە، پیاوان وا دروستبوون کەبەشداری لە ڕاوکردندا بکەن. بگرە ئێمە تەواوی ٧٠٠٠ ساڵێک دەبێت، واتە لە دەستپێکی کشتوکاڵەوە، پڕۆگرامێکی گەورەی سڕکردنمان داوەتە ڕاوچییەکان. تا ئاینیش باڵاتر بووبێت، ئەوا هەوڵەکە لەوەدا پتەوتر بووە، ڕاوچییە ناوەکیەکە بەوە ڕازی بکات کەوا لەبنەڕەتدا ئەوە شەرمە کە پیاو بیت، وە هەروەها پیاوانیش وەکو پیاوان، هەرگیز شانازی بە ساغێتی خۆیانەوە نەکەن.

پرسیار: کەواتە بەم جۆرەیە، ئەوان یاری تۆپی پێ دەکەن و ڕاوکردنی شتە دڕندەکانیان گۆڕیوە بەڕاوکردنی گۆڵ؟

سلۆتەردایک: وایە، بەو جۆرەیە. هیچ یارییەکی تر نییە بەو جۆرە ئێمە بتوانین لێوەی بەڕوونی لاسایی هەستە کۆنە تۆپخانەیەکەی سەرکەوتنمان لە ڕاوکردندا بکەینەوە. ئەگەر مرۆ ڕاوچییە ناوەکیەکەی خۆی بەتەواوەتی ئیفلیجکرد و، بەتەواوەتی لەناوبرد، ئەوا یەکسەری دەگاتە ئەو بڕوایەی، کەوا لە جیهاندا هیچ شتێک لەو پەرچەکردارەی یاریزانەکان گەمژانەتر نییە کەدوای کردنی گۆڵێک پیشانی دەدەن. بەڕاستی ئەوەی لەوێدا دەیبینین، شتێکی زۆر دزێوو فاحیشانەیە. ئەکتەری فیلمی پۆرنۆ دەبێت شەرم لەخۆی بکات، بەراورد بەم ئۆرگازمە سەیرانەی گۆڵچییەکان، کە لەبەردەمی هەموو ئەو جەماوەرەدا باشترین شتیان دەستدەکەوێت.

بەڵام: هەرکاتێک ئێمە وازمان لە کوشتنی ڕاوچییەکەی ناوەوەمان هێنا و ڕێمان بەهەستە کۆنەکانی ڕاوکردندا، دەستبەجێ هەست بەو شتە دەکەین، کە لەسەر چیمەنی یاریگاکەدا ململانێی بۆ دەکرێت. واتە ئەوسا لەوێدا دێرینتین هەستی سەرکەوتنی مرۆڤ بە پوختی نمایشدەکرێت: واتە، بە ئۆبیەکتێکی هاویشتن و هەڵدان نێچیرێک بپێکیت، کە بەهەموو ئامرازێک هەوڵی خۆپاراستن دەدات. من لەو بڕوایەدام، ئەمە ئەو خاڵەیە کە ئێمە دەتوانین لێوەی دەستەواژەی (( یاری قووڵ deep play )) بخەینە گەڕ. ئەمە جۆری ئەو یارییانە دەستنیشاندەکات کەتەواوی مرۆڤەکان بە جۆش دەکات.

پرسیار: ((پیاوی ـ سەرەتایی لەناو پیاودا)) شتێکی زۆر بێکەڵکە و تەنیا لە یاریدا بەکار دەهێنرێت. ئایا ژنان شتێکی باشتریان هەیە؟

سلۆتەردایک: ژنان بەپێی بنەچەکەیان بوونەوەری کۆکردنەوە و چنینەوەن، کە ئەمڕۆ لەهەرکاتێکی تر زیاتر پێویستیانە، لەبەرئەوەی بە کورتترین ڕێگە لەکۆکەرەوەوە دەبنە بەکاربەر. لەم پنتەدا ژنان زۆر لەپیاوان زیاتر دەست دەدەن بۆ سەرمایەداری. چونکە لەناو بەکاربەری مێینەدا هێشتا جۆرێک لە ڕەزامەندییە خامۆش و سەرکەوتوانەیەی کۆکەرەوەی مێی بەدیدەکرێت، کە ئەو لە سەبەتەکەیدا دەیهێنێتەوە بۆ ماڵەوە. لەمەوەیە ئەو سیفەتە پەنهانئامێزە ئونیڤێرسالەی جانتای دەستی مێینە سەریهەڵداوە. پیاو بەبێ ڕم و بەبێ تۆپ هێشتا هەر دەبێت، بەڵام ژنێک بەبێ جانتای دەست یان شان شتێکی دژە سروشتە.

پرسیار: ئایا ئێوە خۆتان بە تۆپی پێ جۆش دەتانگرێت؟

سلۆتەردایک: لە ڕێگەی دووەمی خوێندنمدا پەیوەندییەکی گونجاوم بە تۆپی پێوە بینییەوە. بۆئەوەشی ببمە کەسێکی ئاسایی، بێگومان من دەبوو لەو لاڕێگەیەوە بەسەر ئەنترۆپۆلۆژیدا بڕۆم. کەواتە بابڵێین من وەکو مرۆڤناسێک دەبمە مرۆڤ. بڕێک لە ئامادەباشی ئەوەی پێکەوە لەگەڵ ئەوانیتردا شێت بیت، ئەمە سەر بەکۆڵەکە سەرەکیەکانی مرۆڤبوونە. منیش لەڕۆژگارەکۆنەکانمدا بەردەوام بۆ خۆم ڕێم بەمە دابوو.

پرسیار: ئایا ئێوە بەختهێن / گۆلیۆ Goleo تان کڕیوە؟ ((گۆلیۆ پێکهاتووە لە دوو وشەی ئینگلیزی گۆ بەمانای بڕۆ، دەرچۆ لەگەڵ لیۆی ئیسپانی بەمانی شێر، واتە شێرە بڕۆ یان دەرچوو.. کە هاندەران لەیارییەکاندا ئەم دەستەواژەیە دەکەنە بووکۆکە یان مەدالیایەک و تریکۆی تیپی پەسەندکراوی خۆیانی لەبەردەکەن، بەهیوای ئەوەی بەختیان بۆ بهێنێت.))

سلۆتەردایك: من کەسێک نیم چاوەڕێ بم شتەکان بەختم بۆ بهێنن.

پرسیار: ئەی ئایا لەگەڵ یاریکەرەکاندا سروودە نیشتمانییەکە دەچڕنەوە؟

سلۆتەردایك: من لەڕووی فیزیۆلۆگییەوە لەمەدا لاوازم. هەندێکجار دەڕوانمە یاریکەرەکان و دەبینم چۆن هەندێکیان بەشێواوی لێویان دەجوڵێننەوە وهەندێکی تریان بەربوونەتەوە ناو خامۆشیە قوڵە ئەڵمانییەکەوە.

لەوانەیە هەر ئەوەش هەمان حاڵی من بێت. وەکوتریش من بۆ گۆرانی شتی زۆرم هەیە، بەڵام تەنیا لەشێوە هونەریەکەیدا. چڕینی سرودی نەتەوەیی سەربەخوێندنی بنەڕەتیانەی من نییە.

پرسیار: تیپی نەتەوەیی، یەکێکە لەو چەمکە کەمانەی، تێیدا ئێمە وشەی نەتەوە بەکاردەهێنین. ئایا تیپی نەتەوەیی( ناسیۆنالمانشافت) بەتایبەتی بۆ ئێمەی ئەڵمان چ واتایەکی هەیە؟

سلۆتەردایک: هەر هەمان ئەو واتایەی هەیە کە لای هەموو نەتەوە مۆدێرنەکانی تردا هەیە، کە خۆی لەڕێی تیپەکانیانەوە وەکو شاندێک ڕەوانە دەکەن. سروتی خۆنوێنەرایەتیکردن لەوێدا بەرپا دەبێت کەبەشێکی گەورەی جەماوەرەکە بەشداری تێدادەکەن.

ئێمەی ئەڵمان لەم مەسەلەیەدا، هەر وەک لەزۆربەی مەسەلەکانیتریشدا، بارێکی تایبەتمان هەیە، لەبەرئەوەی ئێمە لەڕێی مێژووەکەمانەوە لەدوای ١٩١٨ و لە پەیماننامەی ڤێرسایەوە کۆلێکتیڤێکی سەیرین و بەشێکیشمان بووینەتە ئەوانەی پێویستیان بەتۆڵەیە. وە لەدوای ١٩٤٥ یشەوە دیسانەوە دەبینە کۆلەکتیڤێک کە خۆی ترسی لە پاڵهێزەکانی تۆڵەسەندنەوەی خۆی و لە چاودێرەکەی هەیە. ئێمە ئەو گروپە سەیرەین، کە تەنیا لە دۆخی پەشیمانیدا دەتوانێت پەیوەندییەکانی ناوەوەی خۆی بژێنێت.

پرسیار: ئێوە جارێک نوسیوتانە، کەوا نەتەوەکان بریتین لە ((جڤاتی هوروژاندن)). باشە، چی دەتوانێت لەوە پتر نەتەوەیەک بهوروژێنێت کە لەوڵاتەکەیدا یاری پاڵەوانی جیهانی ساز دەکرێت؟ هەمیشە هەندێک کەس هەن، کە بیر لە هوروژاندنەکانی ئەڵمانیا دەکەنەوە، پێیان هەرس ناکرێت.

سلۆتەردایک: بێگومان. کاتێک ئەوە ئەزموندەکەیت، کەوا ووروژاندن و خرۆشە کۆگەلیەکان جۆرێکن لەوەی (تۆماس مان) ناوی دەنێت بە (( هەرێمی جنۆکەیی))، ئەوا لەهەموو لایەکەوە دەیکەن بە هەرا لێت. ئێمە منداڵە سوتاوەکانین، بەتایبەت لەوکاتەوەی ئەزمونی ئەوە دەکەین، کەوا کۆگەل ووروژاندن هەمیشە بریتی بووە لە جۆرێک لەکاری دەرهێنانی سیاسییانە.

ئەو سرووتە ووروژێنەرانە بەپێی چەند ڕێسایەکی دیاریکراو دروستدەکرێن و هەر لەوێشەوە دەکرێنە ئامراز. گفتوگۆی شەممان و ویستی جەنگ خزمی پسایکۆلۆژی یەکترن. لەبەرئەمەیە کە جۆش و خرۆش وەک دیاردەیەکی خراپ بەکارهێنراو دەردەکەوێت.لێرەوەیە ئێمە نابێت ئاگایی و وریایی ئەڵمانی تەنیا وەکو شتێکی دەمارگیری تەماشا بکەین. ڕەنگە هێندە بەس بێت ئاماژە بەوە بدەین، کەوا مرۆ دەتوانێت لەڕووی مۆرالیەوە (ئاگایی خراپ) بەکار بهێنێت. ئەو ئەڵمانەی جارێک ئەوەی بینیبێت کاتێک ئینگلیزەکان چۆن ئاهەنگ دەگێڕن و سروودی نەتەوەیی دەچڕن، بەشێوەیەکی خۆنەویستانە هەست بەوە دەکات کەوا فاشیزم بەرەو دورگە بریتانییەکە هەڵهاتووە. لەناو ئێمەدا پیداگۆگێک هەیە، کە دەیەوێت پێشنیازی پرۆگرامێکی وەئاگاهاتنەوە ی made in Germany بۆ ئەوانیتر لەهەموو دنیادا بکات.

پرسیار: لەئەڵمانیادا بەخێرایی ڕقیان لە خرۆشاندن دەبێتەوە. ئەو شەڕەی بۆ (یورگن کلینزمان) کرا ئەوەی پیشانداین. بۆچی ئێمە ناتوانین متمانەمان بە ڕاهێنەرەکەمان و بە تیپەکەمان هەبێت؟

سلۆتەردایک: متمانە، بژاردە و ئۆپشنێکی ئەڵمانی نییە. ئێمە وتەکەی لێنین دەزانین: (( متمانە باشە، کۆنترۆڵ باشترە.)). ئەڵمانەکان ئەمەیان کردووە بە: (( متمانە باشە، گازندە باشترە.)). لای خەڵکی ئێمە دۆخێکی بەکەمگرتنی توند هەیە. لەبەرئەمەیە فەرمانگەی ڕاهێنانی ئەڵمانی لێرە ناخۆشترە وەک لە وڵاتانی تر. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وا دەبێت کە ڕاهێنەری وڵات هەر وەکو ڕێبەری کۆمەڵێک ڕاوچی وایە و سەرکەوتنەکانی کاریگەرییان لەسەر میزاج و باری دەروونی خەڵکی هەیە.

پرسیار: ئایا ئێمە هۆی خۆمان هەیە کە گازندە و سکاڵا لەدواهەمین پاڵەوانەکانمان دەکەین؟

سلۆتەردایک: ئێمە چیتر پاڵەوانمان نییە. ئێمە ئەوانمان گۆڕیوەتەوە بە ئەستێرەکان.

پرسیار: ئەی چی ئەستێرە لە پاڵەوان جیا دەکاتەوە؟

سلۆتەردایك: پاڵەوان زوو دەمرێت، بەڵام ئەستێرە دەمێنێتەوە. لێرەوە ئێمە ڕوانگەیەکمان بۆ سەر ئەو بوارە دەست دەکەوێت. لەڕاستیدا هەردووکیان بۆ کۆتاییەکی زوو دانراون. پاڵەوان لەسەر مەیدانی کوشتارەگەکە دەکەوێت و، ئەستێرەش لە دووبارە گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسایی و بەئەندامبوونەوەی ژیانی هاوشارێتیەکەی، کە ئەمەش هاوتای مەرگێکی ڕەمزیە و لە مۆدێلخستنێتی.

وەکوتریش مەرگی زوو بۆ زۆرینەی وەرزشوانەکان شتێکی خراپ نییە، چونکە ئەوان دوای هەڵکشانیان ئیتر بێ هیچ ڕیزپەڕیەک بێزراو دەبن. وەرزشکارە گرنگەکان تەنیا لەوێدا خۆیان دەگۆڕن، کاتێک وەکو بەرپرسیارێک لەناو مێشکە ڕزیوەکاندا بەردەوام دەبن. ئەوسا بۆ پاشماوەی ژیانیان هیچ شتێکی تر ناکەن جگەی لەوەی سزای هۆکاری ئەو درۆیانە بدەن کە پێی ناودار بوون. ئەوان دەستپێکێکی پرشنگداریان هەیە، بەڵام کۆتاییەکی وێرانکەر. ئەمەش بۆ ((ئاخیل/ئەسخیلۆس)) گلدراوەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو دامرکانەوەیەکی ڕاستەقینەی نمایشەکەی بینی.

ئەخیلیس لەژێر میهرەبانی تایس و بونەوەرە خوداییەکان! تابلۆی پیمپیۆ بۆتۆنئ ١٧٧٠ /ئیتالیا Author: Pompeo Batoni Painting, Oil on canvas, 226.5x297.5 cm Origin: Italy, 1770 Personage: Achilles
ئەخیلیس لەژێر میهرەبانی تایس و بونەوەرە خوداییەکان! تابلۆی پیمپیۆ بۆتۆنی ١٧٧٠ /ئیتالیا: Pompeo Batoni Painting, Oil on canvas

پرسیار: ناسینەوەی ڕاوچی لە دەیڤید بێکهام دا یان لە ڕۆنالدینۆدا، وەک دوو ئەستێرەی تۆپی پێی مۆدێرن، شتێکی زەحمەتە؟

سلۆتەردایک: ئەستێرە ئەمڕۆ دەبێت بە ڕووناکیەکی لەڕادەبەدەر بژی. چونکە ئەو خەسڵەتێکی پاسیڤی سەرنجڕاکێشانی تیایە: واتە خەڵک ئەو زۆر دەبینێت و کەچی ئەو خودی خۆی هەر نابینێت. وەڵامی ئەمەش بریتیە لە: ببە بەمۆدێل. لەباشترین حاڵەتیشدا یاریکەرەکان لەبەرئەوە ڕۆڵی ئەستێرە بەباشی وازی دەکەن، هۆشیاریان بە جیهانی مۆدێلەکان دەگۆڕن.

بەنمونە دەیڤید بێکهام. بەمجۆرە دەشێت یەکێک ئەوە نیشان دات، کەوا خودی یاریکەرەکە خۆیشی لە کرداری لەپاڵەوانخستنەکە تێگەیشتووە. ئەنجامەکەشی ئەمەیە، لەمڕۆدا باشتر وایە وەک نێرەمووکێک دەر بکەویت نەک وەک پیاوێکی پاڵەوان. مۆدێلی یاریکەرەکانی تۆپی پێ ڕەدووی تەوژمێکی گەشەسەندن کەوتووە کە لەساڵانی شەستەکانەوە لەئارادایە، واتە: بەدوای شەمەنەفەری نێرەمووکبوون کەوتن. ئەمەش بزوتنەوەیەکی درێژخایەنە، کە تێیدا پیاوان دەبێت لەخۆیان داماڵرێن و ئیتر وەکو بەکاربەرێکی ئۆفەرە کۆسماتیکییەکان و نمایشکاری بابەتەکانی ئارایشتکردن دەربکەون.

پرسیار: ئایا تیپی نەتەوەیی ئەڵمانی تیپی نێرەمووکەکانە؟

سلۆتەردایک: لەبنەڕەتدا بەڵێ. ئەگەرچی کلینزمان بەرەنگاری ئەوە دەبێتەوە. من پێموایە ئەو کورانی Kuranyi لەبەر لاوازی یاریکردنی دەرنەکردووە، بەڵکو لەسەر ئەوە لێی تووڕەیە، چونکە ئەو نیوکاتژمێرێکی ئەوێت تاوەکو ڕیشی دەتاشێت و خۆی دەڕازێنێتەوە. ئەمەش دەنگێکی دژە نێرەموکایەتییانەی کلینزمانە، واتە پرۆتێستێکە لەدژی مۆدێل.

پرسیار: فیلۆسۆفی بەرلینی گونتەر گێباوەر دەڵێت: یاریکردن بەپێ، تاوەکو ئەمڕۆ وەک پرۆتێستێکی بێدەنگ ماوەتەوە بەرامبەر بە کولتوری زانین.

سلۆتەردایک: منیش هەروای دەبینم. بەلای منەوە یەکێک لە سەیرترین پرسیارەکانی مێژووی کولتوریانەی نوێ، بریتییە لە: بۆچی ئێمە ڕێنیسانسمان لە سەدەی ١٥ وە تاوەکو سەدەی ١٩ هەمیشە تەنیا وەکو دووبارەگەڕانەوەی ئەدەبیاتی ئەنتیک و هونەرەکان ژیاندووە؟

هەموو یەکێکیش ئەوە دەزانێت کەوا ئەنتیک کولتورێکی بەرفراوانی جەماوەریانەی جوانی هەبوو، کەبریتی بوو لەوەرزشی سەرەتایی. بەڵام ڕێنیسانسە کلاسیکیەکەمان تەنیا ئەوەی لێ هێنایەوە کە نەریتچییەکان تەنیا بەدەستەکانییان ڕتووشی ڕووکەشەکانیان کرد. ماوەیەکی زۆر درێژ ئێمە دوودڵ بووین لەوەی کە وەرزشکارەکانیش، لەپاڵ هونەرمەندەکان و فیلۆسۆفەکان و زاناکاندا، وەکو فیگورێکی جوانی ئەنتیک دووبارە بهێنینەوە. وا نزیکەی ١٠٠ ساڵێک دەبێت ئەم فیگورە گەڕاوەتەوە و لەوکاتەشەوە بوونی خۆی سەلماندووە.لەگەڵ دووبارە دەرکەوتنەوەی ئەو دیسانەوە سەرقاڵبوونێکی پڕاوپڕ هەیە بۆ خرۆشە تیمۆتیکیەکانی مرۆڤ. بەپێی زانستە بنەڕەتییە پسایکۆلۆگییەکانی گریک، ئێمە تەنیا ئیرۆس مان نییە، کە وامانلێدەکات حەزمان لەشتەکان بێت، بەڵکو ئێمە تیمۆسیشمان هەیە کەهانی مرۆڤ دەدات ڕەمەکەکانی خۆیشی کارا بکات.

پرسیار: لەم ڕۆژگارەدا ئێمە ڕەمەک و خەسڵەتەکانمان لەڕێی توانای لێسەنین و یاریکردن بەتۆپەکەوە پیشان دەدەین؟

سلۆتەردایک: بێگومان ئەوەشە. دواجار ئێمە وێرامان کولتورە جەماوەریەکەی ئەنتیک بهێنینەوە. واتە یاری نوێی زۆرانبازی نمایش بکەین. لەبەرئەوەیە ئێمە ماوەیەکە یاریگای گریکی و ئارێنای ڕۆمی دروست دەکەینەوە.

پرسیار: کەواتە بۆچی وەرزشکارەکان وەها درەنگ پەیداکرانەوە؟

سلۆتەردایک: لەبەرئەوەی هەست بەوە دەکرا، کەوا شتێکی مەترسییە گەر بەم وزانەوە یاریبکرێت. چونکە گەر ڕێ بە خەڵکی بدرێت خۆیان لە ئارێنا و گۆڕەپانەکاندا کۆبکەنەوە، ئەمە زۆر بەئاسانی دەبووە شتێکی سیاسی. ئەوکاتەشی کە ئیتر زانرا ئەم شێوازە وەرزشیانەی کۆبوونەوەی جەماوەری نابنە مایەی ڕاپەڕین و شۆڕشکردن، ئیتر لەهەموو لایەکەوە ئەم قەفەزە نوێیەی کولتوری جەماوەری یان دانا.

سەردەمی ئەنتیک لەمەدا نمونەیەکی پڕاوپڕی بۆ بەجێهێشتووین، کە بریتییە لەشێوەی پلیکانەیی گۆڕەپان و ئەرێناکان. خۆ گەر تەنانەت تەماشای یاریگا مۆدێرنەکانیش بکەین، وەکو ئارێنای ئالیانز لە میونخ، یەکڕاست ئەوە دەناسینەوە، کەوا ئەمە هەر هەمان کۆلۆسیۆمە.

  • ( کۆلۆسیۆم: بینایەکی بازنەیی گەورەیە و لەشێوەی پلیکانەدا و ناوەڕاستەکەی گۆڕەپانە، ئەم گۆڕەپانە لە ئەرشیتێکتۆری ڕۆمییەکانە. وەرگێڕ.)

پرسیار: بەس لە ئارێنا مۆدێرنەکاندا بەهۆی بوونی لۆچی کەسانی بواری تایبەت و بیزنیس کلاسەوە هاندەرە کلاسیکییەکان وەدوواوە خراون.

سلۆتەردایک: ئەم وەرچەرخانە بەدوای تەوژمێکی بنەڕەتیانەی گەشەسەندنی کاپیتالیزمدا هات، واتە گۆڕانی کرێکار بۆ یاریکەر و بۆ بۆرسەکار، بەلای ئەمانەشەوە شتێکی ئاساییە ئامادەی ئەوە بن، کە پەیوەندی نێوان ئیشکردن و پارەپێدان لەیەکتری جیا بکەنەوە.

وەک ئێمە هەمووان دەزانین مووچە شتێکە پەیوەندی بە ئیشکردنەوە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ مووچە بەش ناکات، بەڵکو خەڵکی مووچەی زیادەی دەوێت. کەواتە داواکردنی مووچەی زیادە بریتییە لە فۆرمێکی هەنووکەییانەی قازانج پێشبینیکردن. بێگومان ئەم کۆمەڵەیەش لەیاریگادا خۆیان دەبیننەوە، و لەوێدا لەنێو یەکتریدان. واتە ئەو کەسانەی لەسەر چیمەنەکەدان لەگەڵ ئەوانەی لەسەر کورسی ناو لۆچەکاندان هەمان دڵ و ڕۆحیان هەیە.

هەموو دەزانن، کە مەسەلەکە هەر لەبەر مووچە زیادەکەیە. ئێمە وردە وردەش لەوە تێدەگەین کە ئەمە چەندێک ترسناکە، چونکە تادێت ئێمە ئەنجامە نامۆرالیەکانی سیستەمەکەمان پتر بۆ دەردەکەوێت. وەکو تریش یاریگای پۆستمۆدێرن بریتییە لە ماشینەیەکی ڕەقی هەقیقەت.

جیاواز لە شانۆی مۆدێرن، کە تێیدا هەر لەسەرەتاوە دۆڕاوەکان دێنە سەرشانۆ و لەسەر گێچەڵەکانیان قسە دەکەن و بەردەوام خۆیانی پێوە گرێ دەدەنەوە، کەچی لە ئارێنای مۆدێرن دا مەسەلەکە هەمیشە تەنیا سەبارەت بە زەوقی جیاکردنەوە کۆنەکەی نێوان بردنەوە و دۆڕانە.

پرسیار: تۆپی پێ نمونەیەکی بەهێزە بۆ گلۆبالیزم. هەندێک تیپی ئەڵمانی هەیە زۆر دەگمەن یاریکەرێکی ئەڵمانی تێدا بێت. لەیاری کۆتایی چامپیۆن لیگەدا بۆ ئارسێنال دووانیان ئینگلیزی بوون، وە بۆ بەرشەلۆنەش تەنیا سیانیان ئیسپانی بوون.

سلۆتەردایک: ئەوەی لەو فینالەدا بینیمان، بریتی بوو لە یاری دوو هەڵبژاردەی جیهان کە یانە لۆکالەکان نەخۆش دەخەن. بەڵام ئەمەش مانای ئەوەش دەگەیەنێت، کەوا یانەی تۆپی پێ و شارەکەی بەهەمانشێوە خۆیان دەگۆڕن بۆ شوێنگە، بەهەمانشێوە شارەکانیش بەوجۆرەی هەن خۆیان بۆ شوێنگەکان دەگۆڕن.

چونکە لەچاخی گلۆبالیزاندنەوە، واتە لە ساڵی ١٤٩٢ بەدوواوە نیشتمان گۆڕاوە بۆ شوێنگە.

پرسیار: کەواتە ئەگەر چامپیۆن لیگە( پاڵەوانی یانەکان) ململانێی شوێنگەکان بێت، ئەی پاڵەوانێتی جیهان دەبێت چی بێت؟

سلۆتەردایک: لەڕاستیدا تەنیا کارێکی چاککردنەوە و سازاندنەوەیە. لە بارودۆخێکدا کە نەتەوەکان نوقمی ڕەوتی پۆست نەتەوایەتی دەبن، ئیتر پاڵەوانێتیەک سازدەکەن لەپێناوی ئەوەی نەتەوەکان وەکو نەتەوە هەستنەوە. ئەمەش کەمێک کۆنەگەراییە.

پرسیار: لەبەرچی؟

سلۆتەردایك: لەبەرئەوەی تیپە نەتەوەییەکان لەدەرەوەی ئەو پاڵەوانێتیە چ هەبوونێکی ڕاستی و ڕیالێتیان نییە. ئەوان لەپاڵەوانێتیەکاندا خۆیان وەک جۆرێک لە لاساییکەرەوەی نەتەوە دەردەخەن، بەمەش ئەوە دەهێننەوە بیری جەماوەر، کەوا ئەگەر ئەوان بیانەوێت، ئەوا دەتوانن خۆیان وەک نەتەوەیەک پێناس بکەن.

پرسیار: جا ئەمە وا کار دەکات؟

سلۆتەردایك: بگرە زۆر بەباشیش، چونکە هەستی بەشداریکردن لای مرۆڤ وەکوتر هیچ کار ناکات. ئێمە ئەمڕۆ لەجیهانێکدا ناژین کە پێداویستی بەشداریکردن بدوێنێت. بەپێچەوانەوە: مرۆ تەنیا پەیوەستی خودی خۆیەتی، لە باشترین حاڵەتدا پەیوەستی داهاتووی خۆیەتی. لەسەروو ئەمەوە مرۆ هەندێک پەیوەندی هەیە، یان وەکو دەڵێن لەنێو تۆڕێکدایە. بەڵام ئەو کەسانەی لەتۆڕەکەدان، بەشێوەیەک لەشێوەکان لەدۆخێکی پۆستناسیۆنال دان. واتە بەشێوەیەکی گشتی مرۆ نایەوێت جڤات خولیای بێت و کەسانیتر لەناوەوە داگیری بکەن. لادانی شارستانی بەرەو ئەو ئاراستەیە ڕەوت دەکات، کە جڤاتەکان بڕەوێنێتەوە، ئەمەش لەبەر یەک هۆی تەواو: لەبەرئەوەی تاکەکەسەهۆشیارەکان چیتر ئەو بارە گرانە بەردەوامەی گروپەکانی پەیوەستی کە بەردەوام لەزیادبووندایە پێیان لەئەستۆ هەڵناگیرێت. ئێمە نەدەمانەوێت ببینە نوێنەری هۆزەکانمان و نە پێویستیشە لەدەرەوە نوێنەرایەتی نەتەوەکەمان بکەین. کەچی هەندێک بارودۆخ هەیە، تێیدا مرۆ بۆ چەند کاژێرێکیش بێت خۆی بە نەتەوەیی پێناس دەکات.

پرسیار: ئەگەر نەتەوایەتی خۆی لەناو تیپی نەتەوەییدا/نیشتمانیدا پیشان بدات، ئەوا شتێکی لۆگیکی نابێت لەناو فۆرمولاری پرسیارەکاندا بەنمونە ئەو پرسیارەی تیا نووسرا بێت: کێ لەساڵی ١٩٧٤دا بۆ ئەڵمانیا لە کۆتایاریدا یاری کرد؟ کە وەکو بەڵگەیەک بێت بۆ ئەوکەسە، تا بیسەلمێنێت بایەخ بەم وڵاتە دەدات؟

سلۆتەردایك: بۆچی نا؟ بەدیوەکەی تریشدا گەرەکە دەرفەت و چانسی ئەوە هەبێت، لەڕێی وەڵامی بەرامبەرەکەوە ئەوە بسەلمێنرێت، کە ئەویش سەر بە ئێرەیە. تا ئێستا ئەڵمانە خراپەکان بریتی بوون لە ئەڵمانە باشەکان. ئەوەی بیەوێت کۆچ بۆ وڵاتێک بکات، گەرەکە ئازادی ئەوەی هەبێت بڵێت: (( من نیشتمانپەروەرێکی خراپم، لەبەرئەوەیە من تەواو بۆ ئێرە دەگونجێم. ئەم خانەوادەیە، بێکەنباوەر و هاوەڵەکانی ئاساییە لە کیسیشم بچێت. من وەرزش بە شتێکی گەمژانە دادەنێم و باشتر ئێمە بدۆڕێین. دواجار من مافی ئەوەم هەیە، ببمە ئەندامی ئەم نەتەوەیە.)).

پرسیار: بەڵام گەرەکە کۆچبەر پەرجووەکەی بێرن Das Wunder von Bern بناسێت؟

پیتەر سلۆتەردایک
پیتەر سلۆتەردایک

سلۆتەردایك: ئێمە دەشێت ئەم پرسیارە بکەین: (( چی لەهەموو شت زیاتر ئێوە وەڕس دەکات؟)). ئەگەر ئێمە پەرجووەکەی بێرنمان هەڵبژارد، ئەوا دەبینە حاڵەتێک بۆ پۆلیسی بێگانە. ئەوەشی پەرجووەکەی بێرن بخاتە بەر پرسیار، خۆی لەنزیک ڕێکەوتنێکی تیرۆریستییەوە دەبینێتەوە.

پرسیار: ئایا ئێوە چۆن ئەو تەجەلییە هیستریاییەی لیرە بووە مایەی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی جیهان لە ١٩٥٤ دا ڕوون دەکەنەوە؟

سلۆتەردایک: ئەمە بەر لەهەرشت پەیوەندی بە ڕۆشنبیراندنی تۆپی پێوە هەیە. لەو کاتەوەی لێکۆڵینەوەی کولتوری جەماوەری هەیە، بەشێوەیەکی گشتی کولتوری میللی خۆی دەردەخات و خۆی تەجەلی دەلات. ئەم لێکۆڵینەوەیەش شوێنی پەناگەی ئەوانە بووە و دەشبێت، کە نیومارکسیزمیان گوزەراند و بەپێی لێکجیاکردنەوەکەی ئەو دەگەڕان بەشوێن بواری نوێی ئیشکردندا. واتە لە تۆپی پێدا بەجۆرێک لەجۆرەکان مرۆ دەتوانێت هەر بەدڵسۆزی بۆ بایەخە پرۆلیتارییەکە بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت ئەوسا تەنیا ڕاڤەیەکی زۆر بەنرخ بۆ ڕووداوە پووچەکانیش فۆرمەلە بکات.

پرسیار: ئایا ساڵی ١٩٥٤ تان چۆن دێتەوە بیر؟

سلۆتەردایك: من وەکو منداڵێک ڕۆژانی ڕەخنەگرتنەکەم لە میونخ ژیاند. دایکم کە هیچ شتێکی بۆ تۆپی پێ لەباردا نەبوو، ڕۆژێک دەستی گرتم و بە پەلە بردمی بۆ سەر ئەو شەقامەی کە تیپی نەتەوەیی ئەڵمانی، دوای بردنەوەیان لە بێرن، لێ گردبووبۆوە. بەم شێوەیە من (فریتس ڤالتەر)م بینی جامەکەی هەڵدەبڕی. کاتێکیش دایکم هەر دزەی پێدەکردمە ناو ئاپۆرەکەوە، هەستم بەوە کرد شتێک لای دایکم نائاساییە. ڕەنگە بۆ ئەو ئەوە بریتی بوو بێت لەگرێدانەوەیەک بە سەردەمی خۆی لە تیپی کچانی ئەڵمانیدا، کەئەوان لەلایەن دەوڵەتەوە لەپێناوی هەستی شانازی پەیداکردن هەیانبوو. ئەگەرنا ئەو ناسیاسیترین کەس بوو کە من لەژیانمدا ڕێکەوتم کرد بێت. هەڵبەت من خۆم هیچ شتێک تێنەگەیشتم. ئەوە نەبێت تێبینی ئەوەم کرد، گەورەکان لەبەر هۆکارێک جۆش و خرۆشێکی زۆر گرتبوونی کەبەلای منەوە تەواو پەنهان و ناڕوون مابۆوە.

پرسیار: ئەی لە نازناوی ١٩٧٤دا شتێکی زۆرتر تێگەیشتن؟

سلۆتەردایك: ئەوسا ئەم دروشمە لەکارا بوو: (( من چیم داوە بەسەر جەنگی ڤێتنامەوە، گەر خۆم کێشەی ئۆرگازمۆزم هەبێت.)). ئەمەش زۆر بەباشی بۆ هەموو شتێکی تر دەست دەدات، لەوانەش بۆ درامای تۆپی پێ.

پرسیار: کەواتە ئێوە هاندەر و فانێکی ڕاستەقینە نابن؟

سلۆتەردایك: دەترسم، بڵێم نا. تاکە شتێک لە تۆپی پێدا کە قووڵ سەرنجم ڕادەکێشێت، ئەو توانایەیە کە لاوان دەکەون و خێرا هەڵدەستنەوە. ئەمە زۆر سەرسامم دەکات.

پرسیار: دیارە ئێوە دەتانەوێت فاوڵە توندەکان ببینن؟

سلۆتەردایك: نەخێر، من تەنیا دەمەوێت ئەوە ببینم ئەو لاوانە چۆن هەڵدەستنەوە. من ئەمە بە مانیفێستی دژە هێزی ڕاکێشان دادەنێم. کە مرۆ پیر و قورس دەبێت، ئەوسا دەزانێت ئەوە چۆنە. جاربەجار منیش لەسەر پاسکیلەکەم بەردەبمەوە، بەڵام هەوڵی ئەوەی دووبارە هەستمەوە سەرپێی خۆم بە سەرزەنشتێکی گەورەی دەزانم.

لەبەرئەمەیە من ستایشێکی زۆرم هەیە بۆ ئەم خێرا هەستانەوەیەی ئەو یاریکەرانەی دەکەون. ئەوە ئەو چرکانەن کە من لەناوەوەمدا بەتەواوەتی بەشداریان دەکەم. دیارە کەوتنیش بەشێکە لە یارییەکە، بەڵام تەنیا بە دووبارە هەستانەوەیان ئەوان خۆیان جوان دەکەن. لەبەرئەوەیە من سەرزەنشتی ئەو بەزۆر گواستنەوەیەش دەکەم لە سەر یاریگاکە: یاریکەرێکی پێکراو، کە هێشتا توانای ڕۆشتنی هەیە، کەچی بەتۆپزی ناچار دەکرێت و لەسەر تەختێک هەڵدەگیرێت و دەگوێزرێتەوە. شتێکی ترسناکە.

پرسیار: ئەمەش بۆ ڕاوچی گونجاو نییە، وانییە؟

سلۆتەردایك: جاران یاریکەران خۆیان پاڵەوانانە بە شەلەشەل بەرەو قەراغی یاریگاکە دەچوون. بەڵام ئێستا بە تۆپزی ڕادەکێشرێن، من ئەمە بە لادان دادەنێم.

سەرچاوە:

Peter Sloterdijk: AusgewählteÜbertreibungen. 2013. S. 281-286