منداڵە زۆڵەکان شەڕی تیتانەکان
بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ منداڵە زۆڵەکان، کە لە `کرۆنۆس`ی برا و `ڕێها – Rhea` خوشک لە دایکدەبن. هەردووکیان خوشک و بران و منداڵی ئۆرانۆس و گایا، بە مانای ئاسمان و زەوین. ئەم دوو تیتانە `کرۆنۆس و ڕێها` مانای (زەمەن و هەڵقوڵان) دەگەیەنن، مانای کات وەک ئاو وەهایە بەبێ هەڵقوڵان و ڕێڕەوکردن هیچ مانایەکی نامێنێت. ڕێها Rhea لای یۆنانیەکان خودای ئاسانکاری و ڕژان و ڕێڕەوکردن و پیرۆزیی بووە، کرۆنۆس خوای کات و تەمەن و زەمەنەکان بووە.
دیارە دوای ئەوەی کرۆنۆس گوونی باوکی بە مەڵاغانەکەی دەبڕێت و باوکی دەنێرێت بۆ جەهەنەمەکانی تاتاریۆس، خوشکەکەی خۆی، ڕێها، دەکاتە ژنی خۆی و نەوەی سێهەمی خواوەندەکان لەدایکدەبن، کە شەش خواوەندی زۆڵن (هادێس، زۆیس، پۆسایدۆن) خوادەوەندی نێرینەن و (دیمیتری و هیرا و هێسیتا) خواوەندی مێینەن. بەڵام دەنگێک بە کرۆنۆس – ساتورن دەڵێت؛ کە “منداڵەکانت لەناوتدەبەن، وەک چۆن تۆ باوکت خەساند، ئاوەها هەمان چارەنوس چاوەڕێتە.“ کرۆنۆس یان (ساتورن) بۆئەوەی لەو قەدەرە ڕابکات، دێت و هەموو منداڵەکانی دەخاتە ورگیەوە و قووتیان دەدات. بەپێی ` تیۆگینی هیسۆد` باس لەوە دەکرێت کە کرۆنۆس[1] پێنج منداڵی خۆی قووتدەدات، شەشەمیان `زۆیس`ە هێشتا لە سکی دایکیدا دەبێت.
ڕێها سکی هەبوو بە زۆیس، هەربۆیە `ڕێها` داوای ڕاوێژ لە `گایا` دایکی دەکات، کە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە کە مێرد و لە هەمانکاتیشدا براکەی `کرۆنۆس` دوای لەدایکبوونی، ئەویش قووت نەدات. گایا ڕاوێژی پێدەکات کە بچێت لەسەر دوورگەی `کرێتا` و لە ئەشکەوتێکی شاخی `ئیدا` زیۆسی ببێت. ڕێها وادەکات و زۆیسی دەبێت، بەڵام گرفتی ئەوەی هەیە کرۆنۆس بەمە دەزانێت و دەبێت زۆیس بدات بە کرۆنۆس بۆئەوەی قووتی بدات.

گایا و ڕێها، ئەم دایک و کچە فێڵ لە کوڕ و برا و مێردەکەیان دەکەن، دەچن تاشە بەردێک لە قەبارەی مەلۆتکەیەک لە قومات دەپێچنەوە و دەیدەنە کرۆنۆس بۆئەوەی قووتی بدات. بەمەش کرۆنۆس لەو وەهمەدا دەژی کە هەموو منداڵەکانی قووتداوە…
کرۆنۆس مانای زەمەنە، هەموو منداڵێک قووتدەدات، چونکە لەگەڵ `زەمەن`دا بونەوەرەکان کۆتاییان پێ دێت، بێگومان کە کاتی خۆی دێت، هەموو شتێک تەواو دەبێت. لێرەوە کرۆنۆس وەک خوای زەمەن – کات ، مرۆڤ و بونەوەرەکان قووتدەدات، هەر وەک چۆن دەڵێین؛ زەمەن هەموو شتێکمان لەبیردەباتەوە، ئاوەها زەمەن – کات، هەموو شتێک قووتدەدات و کۆتایی پێ دێنێت. لە کاتێکدا خوشک و براکانی لە ناو قورگی کرۆنۆس (زەمەن – کات)دا قووتدرابوون، زۆیس لەلایەن نیمفەکانەوە، با بۆ ڕوونکردنەوە بڵێین `حۆریەکان` کە بونەوەری خوداین، بەخێودەکرێت.
ئاوەها دورگەی `کریتا` دەبێتە شوێنی گەورەبوونی `زۆیس` تاوەکو ئەو ڕۆژەی بیر لە ڕزگارکردنی خوشک و براکانی دەکاتەوە لە زیندانی ورگی کرۆنۆسی باوکیان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵات و ئێرا و سەردەمی ڕەشی تیتانەکان. بێگومان لەمەشدا نەنکی زۆیس، `گایا` ، یارمەتیدەدات بۆئەوەی شێوەی بگۆڕێت و ببێتە ساقی لە دیوانی کرۆنۆسی مەزندا. زۆیس دەرمانێک دەخاتە نێو شەرابەکەی کرۆنۆسەوە تاوەکو هێڵنجدەدات و دەڕشێتەوە و هەر پێنج خوشک و براکانی لەورگییەوە دێنە دەرێ. لەو کاتەوە، شەڕی زۆیس و خوشک و براکانی لە دژی کرۆنۆسی باوکی و تیتانەکان دەستپێدەکات. [2]
زۆیس بۆ لێدان لە باوکی و ڕزگاکردنی خوشک و براکانی پەنا دەباتە بەر سێ برا یەکچاوەکان `سیکلۆپەکان` یان بابێڵین؛ دێوە یەک چاوەکان. ئەوانەی کرۆنۆس کاتی خۆی ناردبوونی بۆ دونیای تاریکی تاتارۆس. ئەو سێ برا یەکچاوە، وەستای دەستڕەنگین و ئاسنگەر و ئاگرباز و دارتاشن، `هەورە بروسکە هاوێژ` بۆ زۆیس دروستدەکەن و شەنێکی تیژیش بۆ `پۆسایدۆن`ی برای، خواوەندی دەریا و ئۆقیانوسەکان، دروستدەکەن. بەمەش زۆیس و براکەی دەبنە خاوەن چەکی بەهێز. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زۆیس پەنا دەباتە بەر سێ برا سەد قۆڵەکان `درنجە سەد قۆڵەکان` یاخود `هێکەتێنچێڵایزەکان` بۆئەوەی یارمەتی بدەن لە شەڕیان لە دژی تیتانەکان. بەمجۆرە بەسەرکردایەتی `ئەتڵەس` ئەو تیتانەی زەوی لەسەر شانەکانی هەڵگرتبوو، شەڕی تینانەکان لەدژی منداڵانی کرۆنۆس و یان بڵێین `خواوەندەکانی ئۆلۆمپ` هەڵدەگیرسێت. تیتانەکان دەکەونە شەڕێکی خوێناویی لەدژی خواکانی ئۆلۆمپ کە زۆیس و خوشک و براکانێتی. خواکانی ئۆلۆمپ درنجە سەد قۆڵەکان دەهێننە مەیدانەوە و ئەوان سەد قۆڵەکانیان بەکاردێنن بۆ تاوێربارانکردنی تیتانەکان.
ئەم جەنگە بەپێی گێڕانەوەکانی هیسۆدی شاعیر، هەرەوەها هۆمیرۆس، دەساڵی ڕەبەق دەخایەنێت و بە `تیتانۆمۆکی Titanomach` ناسراوە… دەرئەنجام خواکانی ئۆلۆمپ دەیبەنەوە و تیتانەکان لە `تاتارۆس` بەند دەکرێن و کرۆنۆس لە دونیای تاریکیدا نەفی دەکرێت.

خواکانی ئۆلۆمپ
وەک گووتمان؛ شەش خواوەندی سەرەکین و لە شاخی ئۆلۆمپ دوای شەڕی دەساڵەی تیتانەکان دەبنە دواهەمین نەوەی خواوەندەکان؛ `زۆیس- `Zeus دەبێتە سەرۆکی خواوەندەکان و خواوەندی ئاسمانە. `هادێس- Hades `برای زۆیس خوای دونیای تاریکی و مردنە.`پۆسایدۆن `Poseidon – خوای دەریا و ڕووبار و ئۆقیانوسەکانە. `هیرا – Hera` خواوەندی مێینەی خێزان و هاوسەرگیریی و لەدایکبوون و خواوەندی پارێزەری منداڵ و ژنانی خاوەن خێزانە. هەروەها `دیمیتری – `Demeter خواوەندی مێینەی پیت و بەرەکەتی زەوی کشتوکاڵە و دروێنەیە. خواوەندی پاکیزە `هیستا – Hestia` خواوەندی ماڵ و ماڵداریی و دەوڵەتە.
زۆیس خوشکەکەی خۆی هیرا دەکاتە ژنی خۆی، بەڵام زۆیس لە ژنبازی ناوەستێت و شەش خواوەندی سەرەکی وەک نەوەی زۆیس لە دایکدەبن. زۆیس لە خواوەندەی تیتانێکی مێیینە `لیتۆ- Lito` خواوەندی ئەقڵ و دیسپلین و هەقیقەت و خۆر و سەما و موزیک و شیعر ` ئاپۆڵۆ – `Apollo لەدایکدەبێت. هەروەها خوشکی ئاپۆڵۆ `ئارتیمیس` Artemis- لەدایکدەبێت کە خواوەندی ڕاوەشکار و پارێزەری ژنان و کچانە. هەروەها زۆیس لەگەڵ خوشکێکی دیکەیدا ` دێمێترا` دەخەوێت، کچێکی لێ دەبێت کە ناوی `پێرسێفۆنا یان کۆری – Persephone/Kore` و دەبێتە خواوەندی جوانی و وەرزی بەهار. زۆیس بە دایکی پێرسێفۆنیا ناوەستێت کە خوشکی خۆیەتی و بەدزی هیرای ژنی کە لەهەمانکاتیشیدا خوشکی خۆیەتی، دەچێت بە فێڵ و تەڵەکە لەگەڵ پێرسیفۆنیای خوشکەزای دەخەوێت و لە ئەویش `دیۆنیسۆس – Dionysus` خواوەندی خوماری و شەراب و موزیک و سێکس و گاڵتەوگەپ و شێتایەتی لە دایکدەبێت، کە لە فەلسەفەی `نیتچە`دا ئەم خوادەوەندە شوێنایەکی تایبەتی هەیە. لەدواجاردا پێرسیفۆنیا ژیانی لەگەڵ هادێسی برای زیۆس لەدونیای مردندا بەسەردەبات و دەبێتە ژنی هادێس کە لە هەمانکاتیشدا برای زۆیسە.
هەروەها چەند خواوەندێکی تری ئۆلۆمپ هەیە بۆ نموونە؛ ئارێس خواوەندی ئازایەتی و جەنگ. `ئافرۆدێتا – Aphrodite` خوای جوانی کە لە گوونی فڕێدراوی ئۆرانۆس لەدایکدەبێت، ئەمە کاتێکە کرۆنۆسی باوکی زۆیس گوونی باوکی خۆی ئۆرانۆس لەسەر ڕاوێژی گایای دایکی لێ دەکاتەوە و فڕێیدەداتە دەریاوە. هەروەها `ئەسینا – Athena` ی خواوەندی مێینەی خواوەندی حیکمەتمان هەیە. هەروەها خودای دەستڕەنگینی و ئەقڵ `هێرماس – Hermes ` خواوەندی نێری بازرگانی و سەفەر و نامەبەرێتیە. هەروەها خواوەندی نێرینە `هێفێستۆس -Hephaestus` کە خواوەندی ئاسنگەری و وەستایی و نەخشەسازییە. [3] کە وەک ئیفلیجێک لەدایکبوو هەربۆیە لەلایەن هیرای دایکیەوە فەرامۆشکراو فڕێدرایە فەرامۆشیەوە، تاوەکو دیۆنیسۆس دەیهێنێتەوە بۆ شاخەکانی ئۆلمپ و وەک وەستایەکی ئاسنگەر دەست بەکاردەبێت.
بەمجۆرە بەپێی `تیۆگینی هیسۆد`ی شاعیر و هەروەها داستانەکانی هۆمیرۆس، دوانزە خواوەندی سەرەکی ئۆلۆمپ بوونیان هەبووە، دوو خواوەندی لاوەکیش یەکێکیان لە ئافرۆدیتایە کە خواوەندی جوانییە، لە گوونی بڕاوی ئۆرانۆسەوە لەدایکدەبێت کاتێک فڕێدەدرێتە ناو دەریاوە. ئەویتر `هێفێستۆس` خواوەندی ئاسنگەر و وەستایییە. لەوانەوە خواوەندی دیکە لە دایکدەبن کە پلەکانیان نزمترە، ئەمە جگە لەو بونەوەرە خودایی و حۆرییەکان یان بڵێین `نیمفەکان – ` یاخود ئەو ئاژەڵە خواوەندانەی کە لە ئاسمان و زەویدا بوونیان هەبووە.

ئەم دوانزە خواوەندە سەرەکییە، ئەم دوانزە زۆڵانە، کە لە تیتانە زۆڵەکان لەدایکبوون، بەرهەمی خەوتنی دایک و کوڕ و خوشک بران. دوای دۆڕانی تیتانەکان، دوانەوەی خواوەندەکانی سەرئەم زەویەن. ئەم خواوەندانە، خواوەندانی گەردوون و زەوی و قەدەرەکانی گەردوون و مرۆڤ و بونەوەرانن، هەمووشیان بەجۆرێک لە جۆرەکان باستاردن و بەزۆڵی لەدایکبوون؛ باوکیان خاڵیانە و خوشکیان ژنیانە و لەگەڵ دایک و کچەزاکانیان دەخەون. چیرۆکی بونەوەرەکانی خوداوەندیش هیچیتر نین جگە لەخەوتنی خواکانی ئۆلۆمپ نەبێت، بە نێر و مێینەیانەوە لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ منداڵی یەکتری. لەگەڵ بونەر و دەعبا و حۆرییەکان.
یۆنانیە دێرینەکان پەرستگا بۆ ئەم دوانزە خواوەندە، لە باکووری خۆرئاوای ئاگۆرا Agora لە `پاترتسنۆن – Parthenon` دادەمەزرێنن. هەر پەرستگایەی خواوەندێکی مەزن کردووە و قوربانی کەشیگەرایی و نوێژ و سەمای تایبەت بەخۆی تێدا ئەنجامدراوە. بەمجۆرە پێشئەوەی مرۆڤ لەدایک بێت، خواوەندە زۆڵەکان گەردوون و دەریاکان و دونیای مردن و ژیان و پیت و بەرەکەتی خاک و ئاسنگەری و دەستڕەنگینی و ئاسمان و زەوی داگیر کربوو. پێش لەدایکبوونی مرۆڤ، سەرەتا تیتانەکان و دوایش خواوەندەکانی ئۆلمپ، ئاسمان و زەویەکیان بۆ مرۆڤ ئامادەکردبوو، کە هیچیتر نەبوو جگە لە زەوی و ئاسمانی خواوەندە زۆڵەکان نەبێت.
ماویەتی بۆ بەشی سێهەم
تێبینی: ئەم دووبەشەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دوو بەشن لە چاپتەرێکی کتێبێکی هزریی و کولتورناسییە، لەگەڵ چەندەها تابلۆی جۆراوجۆری کلاسیک، لەداهاتوودا گەر دەرفەت و زەمەن یار بێت، چاپدەبێت.
پەراوێز و سەرچاوەکانی بەشی دووهەم:
[1] ئۆڤید لە میتافۆرسەکانیدا، بە کرۆنۆس بە ساتورن ناودەبا، هەروەها خواوەندە یۆنانیەکان ناوی دیکەیان هەیە، بۆ نموونە؛ پۆسایدۆن بە نیپتۆن ناودەبات.
[2] Karl Kerenyi, Mythologie der Griechen, Klett-Cotta Verlag 1997, S33-26.
[3] Robin Hard, Handbook of Greek Mythology, P66 – 141.