The Old Guitarist, by Pablo Picasso

شکاوە لە ناو مندا شتێک


Loading

کرتەی شکانی چڵی گیا و

هەڵکردنی گێژەڵوکەیەک،

بەقەدەر یەک

بیرم دێننەوە لەناو مندا شکاوە شتێک.

ئەم شکاندنە لە شڵەقاندنی شینایی ئاسمان ئەچێت

بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک ڕەنگ لەسەر توێی ئاو.

The Old Guitarist, by Pablo Picasso

لەرزینی یەکەم هەستانە سەرپێی جوانوویەک و

تەکانی سەر ئەژنۆی منداڵێکی کەوتوو،

بیرم دێننەوە شتێک لە ناو مندا شکاوە.

لە دەم کەوتنەخوارەوەی چڵێک پوش لە مێروولەیەک و

بردنی توتکە سەگێک بەدەم لرفە لرفی لافاوەوە،

بیرم دێننەوە شتێک لە ناو مندا شکاوە.

دواهەمین هەناسەی بەئاستەمی جەنگاوەرێکی پەشیمان و

قیژەی لەپڕی هەپرون بە هەپرونی ژیان بەدەستی مردن،

بیرم دێننەوە شتێک لەناو مندا شکاوە و

بۆ ئەبەد چاک نابێتەوە.

شتێک لەدەستی خۆم،

لە دەستی ئەو،

لەدەستی خودا کەوتۆتە خوارەوە.

ئەو شتە ئەشێت ژیان بێت،

ئەشێت لەتبوونی خۆم بێت،

دەرکردنی ئێوەبێت لە خۆم،

ئەشێت تێنەگەیشتن بێت لە تێگەیشتن

ڕازیبوون بێت بە ڕازینەبوون.

شتێک لە ناو مندا شکاوە و

برینێکی پڕ لە کرمی سپی تێکردووم.

لەوەتەی هەم بە وردە پیت ئەم برینە تیمار ئەکەم و

بە ڕستە ئەیبەستم.

بە مۆسیقا فوو لەو ئاگرەی ئەکەم کە لە ژێر پێستما ئەگڕێ،

بە گالیسکەی خەیاڵ بەناو باخچەی حەرامدا پیاسەی پێ ئەکەم و

دواتر وەک کەروێشکێکی سپی

لەبەردەم ڕەوە تانجییەکی سووردا بەرەڵای ئەکەم و

قاقا ئەگریم.

لەسەر جۆلانەی حیکمەت ڕایئەژەنم و

ئەیدەمە دەم بای گومڕایی و

خۆشنابمەوە.

چ قوڵە زەخمی من …

بینینی برینی ئەوانەی هەست بە برینی خۆیان ناکەن،

برینی من قوڵتر ئەکەنەوە.

کوێری ئەوانی تر چاوی من ئەخەنە ناو تێزابی بینینەوە.

شتێک لە ناو مندا شکاوە

ئەشێت هێندەی قرچەی شکانی موروویەک

یان هێندەی تەقینی بورکانێک بێت،

تێکەڵبوونی باڵی دوو فریشتەبێت بەیەکتر و

تەپەی کەوتنە خوارەوەیان بێت لەسەر زەوی،

ئەشێت کەرتبوونی ژیان بێت

وەک دوو لەتی نایەکسانی سێوێک،

نەناسینەوەی خۆمبێت لەناو ئاوێنەکاندا،

یان لەرینەوەی تاڵە موویەکی گیرساو بێت بە تۆپەڵێک دڕکەوە.

قەدەری من

قەدەری پیاوێکی بریندارە بە ژیان.

شتێک لە ناومدا شکاوە

لە ناو مندا شکاوە شتێک …

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین